دایکی پێنچ شەهید لەبەر چاوی دوژمندا بڕیار دەدات، کە نەگری

Wednesday, 13/06/2018, 20:51

3922 بینراوە


ئەم کورتە لێدوانەی ئەم دایکە، کە خاوەنی پێنج منداڵی شەهیدە، پەیامێکی هێندە مرۆڤانەی تێدایە، دەڵێی بەتایبەت ئەم دایکە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و دەیەوێت سەرزەوی لە ئاشوب ڕزگار بکات.چەندە بە دڵ دەڵێت: "من پارچە پارچە دەبم کاتێک لاشەی کوژراوێکی سەربازی دوژمن دەبینم، وەک چۆن پارچە پارچە دەبم کاتێک تەرمی گەریلایەکی شەهید دەبینم" ئەم دایکە دوای لە دەستدانی پێنج منداڵ، هێشتا ئەو بەدوای تۆڵەوە نییە، بەڵکو بەدوای ئەوەیە، کە قوربانیدانی منداڵەکانی بۆ داهاتووی نیشتمان و خەڵک بکاتە هەوێنی ئازادییەکی بێئازار و شادمانی بۆ هەمووان، ئەو دەڵێ: ڕاستە من پێنج منداڵم لەدەست داوە شەهید بوون، لە زینداندا سوکایەتیان پێکراوە، بەڵام خەڵکی تر هەیە شەش، یان حەوت منداڵی لە دەستداوە، بۆیە من سەبر دەگرم، بیەڵێن بژین زمانمان ئازاد بکەن، ئێمە ئازاد بکەن، سەدان زمانی تر و نەتەوەی تر هەیە لەسەر ئەم ئەستێرەیە، کەس وەک ئێمەی کوردی پێناکرێت لەسەر کوردبوونی، دایکی ئەم شەهیدانە دەڵێت : گەر وانەکەن تا دوا دڵۆپی خوێن ئێمە دەجەنگین.
 باکوری نیشتمانە داگیرکراوەکەمان پڕێتی لە نهێنی ئەو کەسە جوامێرانەی لە سەر کوردبوون و ئازادیی بەگیانی خۆیان قوربانی دەدەن، کاتێک لە قسەی ئەم دایکە جوامێرەم ژنەوت، هەستم کرد کوردبوون چ شانازییەکە..! پێچەوانەی ئەو مرۆڤە چەکلانەوە کە کوردبوون بەعروبەی سەدام ئەشوبهێنن و ووتار دەنووسن گوایە سیاسییەکان لە باشوردا کوردایەتی دەکەن و کۆپی سیاسەتی شۆڤێنی عەرەب دووبارە دەکەنەوە، ئەوان نازانن گەلەکەمان لەباکوردا چ باجێک دەدات لەسەر کوردبوون.تورکەکان هێندە بێڕەوشتن پیسایی دەرخواردی کوردە زیندانییەکان دەدەن تا واز لە زمان و نەتەوە بهێنن.
 تورکیا بۆ نەتەوەکەمان ووڵاتێکە بۆتە دۆزەخ بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ناسنامەی خۆیان بپارێزن، ئەم دایکە کاتێک  کوڕەکەی دەڵێت: دایکە چی دەبێت بابێت، تکایە تۆمەگری، با داگیرکەران نەڵێن دایکی جەمالمان خستە گریان.
دایکە ئازاکە ناخی دەسوتێت بەڵام نایەڵێت فرمێسک بەچاویدا بێتە خوارێ، تا کوڕە شەهیدەکەی و ڕۆحی منداڵەکانی ئازار نەدات ئەو جەرگی خۆی پارچە پارچە دەکات، بەڵام پیشانی دوژمنی نادات، کە چ ئازارێک دەچێژێت.داگیرکەران نایەڵن تەرمی کوڕە شەهیدەکەی ببینێت، کوڕ دوای کوڕ لە دەستی دەدات، دەچنە چیا و لەچاوەڕوانی ئەوەدایە هەواڵی مەرگیان بێت، یان جارێکی تر لە دەروازەی ماڵەکیەوە بێنەوە ماڵێ بۆلای دایکی جەرگ سوتاویان.خوشکەکەیان دوای مەرگی دوو برای بڕیار دەدات خۆی بکوژێت تا داگیرکەران بزانن ئەو ناتوانێت دوای مەرگی دوو برا بمێنێتەوە و هەست بە ناسۆربکات. چیرۆکی ئەم خێزانە چیرۆکی باوەڕبوون و تێکۆشانە بۆ دۆزینەوەی شوناس، نووسەرەکانی باشووریش بە بیانووی خیانەتەکانی دەسەڵاتدارانی باشوورەوە هێرش دەکەنە سەر کوردبوونمان، جنێو بە کورد دەدەن کوردایەتی بە دوو گوێی بەکرێگیراوی دەچوێنن، دەڵێن کوردبوون و کوردایەتی لوتکەی بێئەخلاقیی سیاسییە. ئەوەی کوردایەتی بکات ئیستیحمار و حەماقەتە.
سەردەمانێک لە باشوری نیشتمان دەیان شێوەی ئاوا دایک و خوشکی برا شەهید و کوڕ شەهید دەبینرا و دەبووە هەوێنی ئازادیی و شوناسی نەتەوەی ئێمە.
لە بیرمە، کە کاتێک شەهید (د.بەختیار) شەهید بوو، دایکی ئەو شەهیدە بە دەوری تەرمەکەیدا سەمای دەکرد، جارێک لەزیندانی موسڵ دایکی شەهید ئەڵوەند و بەرزانم دی کە لە چاوەڕوانی بەرزاندا بوو شەهید بکرێت، دایکە دەیووت خەم مەخۆ دڵنیابە کراسی سور لەبەر دەکەم، کە لەداریان دای بۆت ناگریم تا ئەوان هەست بە لاوازیی و تێکشکانمان بکەن.
هەرچی سیاسی کورد هەیە ئەمڕۆ لە باشوردا کۆیان بکەرەوە بە سەرکردایەتی و بنکردایەتی و کادێرو پەرلەمانتار و وەزیرو گزیروە، ناتوانن وەک ئەم دایکانە پەیامێک بنێرن کە پڕی بێت لە ڕامان و تا دوژمن بەقسەکانیان تێک بشکێنێنن.ئەمڕۆ لە دایکانەمان کەم بوونەتەوە، چونکە مانای شەهیدبوون و قوربانی زۆری ناشرین بووە.
ئێستا کەس و کاری شەهیدەکانی باشور سەرتاپا ئازاری قوربانییەکانی خۆیان دەدەن، جگە لەوەی نازانن دوو ووشە لەسەر گیانیان بڵێن، زۆربەیان دەکڕوزێنەوە داوای زەوی و موچە دەکەن، دەڵێن غەدرمان لێکراوە، بای شەهیدەکانمان سودمەند نەبووین، بۆیە ئەو هەموو قوربانییە دژی چەتەکانی داعش درا، کەس سۆزێکی بۆیان نەبوو، کەس شەهیدەکانی بەموڵکی خۆی نەدەزانی، جاران کە پێشمەرگەیەک شەهید دەبوو، لەهەر جێگەیەک بوایە، خەڵکی هەر شوێنێک بوایە، گوند، ناوچە، شار، پرسەیان بۆ دادەناو ڕێزیان پیشان دەدا، خۆیان دەکردە خاوەنی شەهیدەکە.
 ئەم دایکە پەیامێک بۆ باخچەلی زۆڵە کورد دەنێرێت، کە بەڕەگەز کوردە.من لە جێگەی باخچەلی بوومایە ڕاست خۆم دەکوشت تا لەهەموو گوناحەکان پاک ببوومایەتەوە، قسەکانی ئەم دایکە زللەیەکە لەداگیرکەرە تورکەکان، بۆیە قوڵ بیرکردنەوە پێویستی زیرەکی و بڕوابوون بەخوێندن نییە، بەڵکو پێویستی بەوەیە یەکەم ڕاستگۆبیت، دووەم هزرت غایب نەبێت لە ئازارەکانت، سێهەم بڕوات بەوە بێت کە دەیکەیت.
جارێک لە جێگەیەک بووم مرۆڤێکی تێکشکاوم دی، کاتێک خۆی پێناساندم ووتی: من کوڕی "فڵان شەهیدم " من لەجێگەی باوکی کە سەردەمێک ئێمە وەک فیگورێکی ئەفسانە سەیرمان دەکرد تەریق بوومەوە.لە دڵی خۆمدا ووتم :" ئەی پیاوە شەهیدەکە خۆزگە وەجاخت کوێر بوایە ".
 بەڵامەوە زۆر گرنگە و ئاوات دەخوازم هەموومان بتوانین لەم کورتە پەیامە بڕوانین کە دایکی پێنج شەهید داوێتی، بۆئەوەی بزانین کەرامەت بە کڕوزانەوەش لەکەدار دەبێت و دەشکێت.
ئەمە پەیامێکیشە بۆ قوربانییەکانی باشور، تکایە بەناوی شەهیدەکانەوە مەکڕوزێنەوە، خۆتان کاندید مەکەن، چونکە ئازاری رۆڵە شەهیدەکانتان دەدەن، دواجار ئەم دایکە کوردبوونی جارێکی تر لاخۆشەویست کردم، چونکە هێشتا مرۆڤایەتی لەگرێژنە نەچووە.
تکایە جنێو بە کوردبوونمان مەدەن.
کوردبوون زۆر لەوە گەورەترە کە کەسە بچوکەکان سوکایەتی پیدەکەن.
ڕابیندرانات تاگور دەڵێت :
" مۆری مەرگ 
بەها دەدات بەسکەی ژیان و
ڕێخۆش دەکات 
ئەوەی بەڕاستی گرانبەهایە
بەو بیکڕین".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە