پڕۆژەی ئاپۆیی و چەلەحانەی بێکارەکان.

Tuesday, 17/07/2018, 23:49

4159 بینراوە


لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢دا خۆپیشاندانە جەماوەریەکان سەرتاسەری وڵاتی سوریای گرتبوویەوە و منیش وەک ڕاگەیەندکارێک هاوکاری "ستێرک'تیڤی"م دەکرد، لەو کاتەدا بەڕێز ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵیەوە پەیامێکی بەڕێ کرد کە پڕۆژەیەکی چارەسەری بوو بۆ وڵاتی سوریا و ئێمەش پەیامەکەمان لە تەلەفزیۆن بڵاوکردەوە.
ئەوەی دێتەوە یادم، دەقی پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان بەم شێوەیە بوو:
{من لە نزیکەوە بنەماڵەی ئەسەد دەناسم و زۆر خانەوادەیەکی زیرەکن، هیوادارم بەشار ئەسەدیش لەو زیرەکییە بێ بەش نەبووبێت. ئەمڕۆ لە سوریادا ڕەوشێک هاتۆتە پێشەوە، زۆر لایەن چاویان لە سوریا بڕیوە و لە درێژەکێشانی ئەو ڕەوشەشدا دەستێوەردانی دەرەکی دێتە ئاراوە. بۆئەوەی ئەوەش ڕوونەدات، پێویستە بەشار ئەسەد بە ئاقڵی هەڵسوکەوت بکات و ڕەوشەکە هێور بکاتەوە. هێورکردنەوەی ڕەوشەکەش بە چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد دەبێت، ئەگەر بەشار ئەسەد لەگەڵ لایەنی کورد بکەوێتە دانوستاندن و مافەکانی گەلی کورد بسەلمێنێت، ئەوکات هەم ڕەوشەکە کۆنترۆڵ دەکات و هەم ڕێگری لە دەستێوەردانی دەرەکیش دەکات}.
دوا بە دوای ئەم پەیامە، ئەنەکەسەکانی ڕۆژاوا کە هەموو ژیانیان بەبێ دەنگی دەربازکردبوو و خاوەنی هیچ پڕۆژەیەکی چارەسەریش نەبوون، بوونە کاسەی لە ئاگر گەرمتر و کەوتنە هێرشێکی ڕاگەیاندنی دوور لە هەموو پێوانەیەکی ئەخلاقی بۆسەر پەیەدە و پەکەکە و خودی بەڕێز ئۆجالان و بە بەردەوامی دەیانگوت (پەیەدە بۆتە بەشێک لە ڕژێمی ئەسەد، پەکەکە کوردی سوریا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار دەهێنێت، ئۆجالان ڕۆژاوای کوردستانی فرۆشتووە و زۆر تۆمەتی دیکەش).
کات هات و چوو، ئەوەی ئۆجالان پێشبینی کردبوو هەمووی هاتەدی، بەهۆی گوێ نەگرتنی ئەسەدیشەوە سوریا وێران کرا، میلەت سەرگەردان بوو، دوژمنایەتی و بیری تۆڵەکردنەوە هەموو وڵاتی گرتەوە و جۆرەها دەستێوەردانی دەرەکیش هاتە ئاراوە، بەڵام خۆشبەختانە بەهۆی ئەو پەیامەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لایەنی کوردی زیاتر لە چارەسەری نزیک دەبێتەوە و براوەی یەکەمیش لە ڕووداوەکانی سوریادا گەلی کوردە.
خۆ ئەگەر ئێستا پەیامەکەی ئۆجالان بخرێتە پێش چاوی ئەنەکەسەکانی ڕۆژاوا، ئەوا یان چاوی خۆیان لە ئاست ڕاستی و دروستی پەیامەکە شۆڕ دەکەن یان نکۆڵی لێ دەکەن.
لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، کۆمەڵگای دیموکراتی و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کۆدار" و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" پڕۆژەیەکی چارەسەرییان پێشکەش کرد و زۆر بە ڕاشکاوی تیشکیان خستە سەر هەموو ئەو ئەگەرانەی کە چاوەڕوانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
ئەنەکەسەکانی ڕۆژهەڵاتیش کە لە هەموو ژیانیاندا خاوەنی پڕۆژەیەکی چارەسەری نەبوون و سەرتاپای ژیانییان لە بێ دەنگی و ئۆردوگانشینیدا بەسەر بردووە، کەچی لە دژایەتی کردنی پژاک و پەکەکەدا ڕووی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان سپی کردەوە و بێ حورمەتی و تۆمەت نەما کە ئاڕاستەی پەکەکە و پژاک و بەڕێز ئۆجالان و تەنانەت شەهیدانیشی نەکەن.
لە ئێستادا هەم پڕۆژەکەی پژاک لە ئارادایە و هەم ئۆردوگانشینان لە دەم هەراشی بەردەوامن و هەم هیچ ڕووداوێکی ئەوتۆش لە ئێران ڕووینەداوە، گومانم لەوەدا نییە کە بەهۆی لاساری و گوێ نەگرتنی ڕژێمی مەلاکانی ئێرانەوە ڕەوشێکی هاوشێوەی سوریا و بگرە خراپتریش ڕوو لە ئێران دەکات. ئەوکات ئەگەر پڕۆژەکەی پژاک بخرێتە پێش چاوی هەر یەکێک لەو ئەنەکەسە ڕۆژهەڵاتیانەی کە لە ئۆردوگاکانەوە بەرامبەر پژاک و کۆدار دەڕشێنەوە، ئەوا یان چاوی خۆیان لە ئاست ڕاستی و دروستی پڕۆژەکە شۆڕ دەکەن یان نکۆڵی لێدەکەن.
بۆ خوێندنەوەی پڕۆژەکەی کۆدار و پژاک کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە