کەنیسە و مزگەوت و کچی هەژدە ساڵ

Sunday, 10.14.2018, 1:16

7501 بینراوە


هەموو فەرەنسیەک کاتێک بە شارێکدا تێدەپەڕیت، دەبێت بچیتە مۆزەخانەیەک، کەنیسەیەک، مۆنیمۆنتێکی مێژوویی یان هەر شتێکی تر بدۆزیتەوە و زیارەتی بکات.ئێمەش ئەو ڕۆژە کە بە شاری شارتری فەرەنسادا تێپەڕین ڕۆژێکی هاوین بوو، دنیا گەرم بوو، لەو شارەش کەنیسەیەکی گەورە و بەناوبانگی لێیە، هەر خێرا پاڵمان نا بەدەرگای کەنیسەکەوە، ژوورەوە تاریک و فێنک بوو، تیشکی خوایی بە پەنجەرەی ڕەنگاورەنگی کەنیسەکەوە تێدەپەڕی و ناوگەڵی پەیکەری عیسای رۆشن دەکردەوە کە بە پارچەیەک قوماشی سپی داپۆشرابوو.
کە نیسەکە جمەی دەهات، لە دوورەوە کابرای قەشەمان بینی بە تەنورە درێژە ڕەشەکەیەوە لە ناوەڕاستی کۆمەڵە کەسێکدا.هەر کە ئێمەی بینی، سەری بەرزکردەوە و رووی تێکردین و بەرەو رومان هات، کاتێک گەیشتە بەردەممان، لەبەردەم ئەو کچە هەژدەساڵەی کە بەتەیشتمەوە بوو، وەستا و سەری دانەواند هەتاوەکو تیشکی جوانی سمت و مەمکی لە دین و خوای وەرنەگێڕێت، داوای لێ کرد کە بچێتە دەرەوە لەبەر ئەوەی کە جلوبەرگەکەی شایەنی ئەو شوێنە نەبوون.دانی پێدا دەنێم کە ئەو کچە مینی ژوپێکی زۆر کورت و تەنکی لەبەردابوو، کە رانە ئەستورەکانی بە ئاستەم داپۆشیبون، تەنورەکەی وەک باڵی پەپولەیەک کورت و تەنک بوو بە ئەندازەیەک، کە هەناسەی ساردی پڕ لەئارەزوی مرۆڤێک ئەیتوانی هەڵبداتەوە و بازاڕەکەی واڵا بکات، نەک قەشەیەک بەڵکو بوداشی لەژێر دەرختەکەدا خەبەر دەکردەوە، عیسای لەسەر خاچ دەهێنایە خوارەوە و لە دینی وەردەگێرا.
چەند ساڵێک دوای ئەو روداوە لەشاری ئەفەز لە مەغریب لەگەڵ کوڕ و کچیکی مەغریبی، ویستمان زیارەتی مزگەوتێک بکەین، لەگەڵ هەمان خانمی هەژدە ساڵدا کە لە کەنیسەکە کردیانە دەرەوە، بەڵام ئەمجارە بە لەچک دامان پۆشی لە تەوقی سەریەوە هەتا بنی پێی، وتمان مزگەوت کەنیسە نییە و ئەبێت زیاتر ئاگاداری خۆمان بین.مزگەوتێکی بەناوبانگ بوو لە ئەفەز، بەناوی مزگەوتی دریسی، کاتێک گەیشتینە ناو مزگەتەکە پاش چەند ساتێک بینیمان، کە چەند گەنجێک لە دوورەوە چپە چپیان بوو لەگەڵ یەکتری و بە لاچاو سەیری ئێمەیان دەکرد، پاشان بوون بە دەکەس، ئینجا بیست، لە کۆتایدا بوون بە پەنجا، نەمان زانی ئەم هەموو کەسە لە کوێوە کتوپڕ پەیدا بوون، بێ شک خەڵکی بێکارن لەو وڵاتە بۆیە کاتیان هەیە خۆیان لەکاروباری خەڵکی هەڵقورتێنن.
 هەرچەندە مەغریب ئەفغانسیان نییە، بەڵام هەستمان بە مەترسی کرد و وتمان کە دەبێت رێگە چارەیەک بدۆزینەوە و خۆمان دەرباز بکەین.بەڵام بینیمان کە هەرخێرا چەند گەنجێکی منداڵکار هاتن بەرەو ڕومان، بەبێ ئەوەی رووبەکەنە کچەکە، رویان کردە ئێمە و وەک کەسانێک کە ئامادەبن رووبەروومان ببنەوە بە نێرڤزی و ڕق و هەڕەشەوە سەیریان کردین و ئامادەبوون لە ئانوساتێکدا هەڵکوتنە سەرمان، پرسیاریان لە ئێمە کرد، کە ئایا ئەو کچەی کە لەگەڵمانە موسڵمانە، ئێمەش زۆر بە دڵنیایەوە پێمان وتن، کە بەڵی موسڵمانە، پاشان داوایان لێکردین، کە ئایا ئەتوانێت شایەتومان بهێنێت.هەرچەندە فێری شایەتومانمان نەکردبوو بەڵام پێمان وتن، کە بەڵی ئەزانێت شایەتومانیش بهێنێت.
 کتوپڕ کابرایەکی ڕیشداری بەساڵا چوو، کە رووکەشی زیاتر لە سۆفیەک دەچوو لە دوورەوە هات بەرەوە ڕومان، هەر خێرا گەنجەکان ڕیگایان بۆ کردەوە و کابرای نورانیش هاتە بەردەممان، منیش وازم لە برادەرە مەغریبیەکەم هێنا هەتاوەکو ئەو بەزمانی خۆیان لەگەڵیانا بدوێت.کابرای نورانی رووی کردە برادەرە مەغریبیەکەم و پرسیاری لێکرد کە ئایا ئەو کچە ئەوروپییە چی دەکات لەو مزگەتەدا، برادەرە مەغریبیەکەشم لە وەڵامدا وتی، کە ئەو خۆی لە خێزانی دریسیە و ئەو مزگەوتەش بەناوی خێزانی دریسیەوەیە و ئەو کچەش خێزانی ئەوە.
هەر خێرا منداڵانی دەوروبەرمان دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردەوە، کابرای نورانی بە بێ ئەوەی بۆی روون بکەینەوە، زانی کە ئەو کچە ئەوروپیە و موسڵمان نییە و خێزانی ئەویش نییە و هاتووە زیارەتی ئەو مزگەوتە بکات، کە چەند ڕۆژێک لەوە و بەر سەرۆکی فەرەنساش زیارەتی کردبوو، بەر پەرچی قسەکانی برادەرەکەمی نەدایەوە و داوای لێکردین، کە بە زوویی دەورەیەک بە مزگەوتەکدا بکەین و خێرا بڕۆینە دەرەوە هەتاوەکو منداڵانمان لێ نەهروژێت، ئێمەش بە گوێمان کرد و چوینە دەرەوە بە پێکەنینەوە وەک چۆن لە کەنیسەکە هاتینە دەرەوە.
ئەم دوو ڕووداوە هەردووکیان ئەگەر جیواز بن ؛ قەشە و مەلاکە بۆ مەبەستی جیاواز ئەو کچەیان کردە دەرەوە، بەڵام هەردوو باسەکە لەوەدا یەکتری دەگرنەوە کە هەردووکیان ؛ مەلاکە و قەشەکە تێیان گەیاندین کە ئەو کچە لە کۆمەڵگەی ئەوان نییە لەبەر ئەوەی کە قانون و ریتوێلی ئەوان جێبەجێ ناکات، بۆیە جێگەمان لای ئەوان نابێتەوە.لە کەنیسەکەدا ئێمە وەک پیاو موشکیلەمان نەئەنایەوە بە جلوبەرگەکانمانەوە و کەنیسەش بە پێی ڕینمایی عیسا کراوەیە بۆ هەموو مرۆڤێک، بەڵام موشکیلە کچەکە بوو کە بە لەش و لاریەوە هەوەسی پیاوی دەهروژاند و لەو کەنیسەییدا خەڵکی روویان لە عیسا وەردەگیرا، کە ئەمەش ناڕەوایە.لەبەر ئەوەی کە ئێرۆتیزم و دین دوو شتی دژ بەیەکن.
لە مزگەوتەکەشدا ئێمەی پیاو ئەگەریش بێ ئیمان بووین ئەوا روکەشمان ڕۆژهەڵاتی بوو، بۆیە بۆ ئەوان بەڵگە نەویست بوو، کە ئێمە موسڵمانین بە سەرو چاوماندا، بەڵام هەرچەندە کچەکە خۆشی داپۆشی بوو بۆ ڕێزگرتن لەوان، لەبەرئەوەی کە مزگەوت کراوە نییە بۆ غەیرە موسڵمان ئەگەریش هەموو ڕۆژێک هاوار دەکەن کە گوایە ئیسلام دینی ئاشتی و تۆلێرەنسە بۆ ئەوان بەس نەبوو.
دێینەوە سەر باسەکەمان، بەڵام با بگەرێینەوە بۆ مێژوو بزانین بۆچی ئێمە لە کۆمەڵەی ئەواندا نین و کۆمەڵەی ئەوان چین و چۆن دروستبوە و بۆچی و بە چ مەبەستێک؟!
کاتێک کۆمەڵێک مەیمونی شامپانزیا کە پێکهاتوون لە دوانزە کەسێک، ئەوەی هەموویانی پێکەوە گرێداوە چەند هەڵسوکەوتێکی کۆمەڵایەتیە لە نێوانیاندا ئەویش بوونی سەرۆکێکە کە ئاگاداری هەموویان دەکات و بڕیار ئەدات چ نێرینەیەک لەگەڵ چ مێینەیەکدا جوت ببێت، یان کاتێک بە تەنیشت بێچویەکدا دەروات دەست بەسەریا دەهێنێت، مەیمونەکان لە نێوان خۆیاندا یەکتری دەخورێنن یان ئەسپێ ئەدۆزن لە پێستی یەکتریدا و کاتێکیش مێینەکان بە بەردەمیا دەڕۆن چەند مرخە مرخێک دەکەن وەک ئەوەی کە پێی بڵین کە لە ژێر فەرمان ڕەوایی ئەودان، ئەمانە و چەند ماچ و موچ و دەست پیاهێنانێک دەبێتە پەیوەندیەکی پتە و لە نێوانیاندا، بەڵام ئەگەر ئەم کۆمەلە شامپانزیایە بخەیتە تەنیش کۆمەلە شەمپانزیایەکی تر کە لەهەمان ڕەگەزن، بەڵام یەکتری ناناسن پێ دەچیت کە یەکتری بکوژن.ئەم ناتورە لەلای ئۆمۆ ساپیانیش هەیە، هەتا ئەمڕۆش کەسێکی موسڵمانی سونە ئەوی تر دەکوژێت لە بەر ئەوەی شێعەیە، یان ئیسلام نییە، لە ئەوروپاش هەندێک لە ڕەگەزپەرستەکان لەبەر ئەوەی ئەو قژی لولە و پێستی ڕەشە بە جۆرێکی تر سەیری دەکەن.
 ئۆمۆ ساپیان بەهۆی ئەو زمانە ئاڵۆزەی کە هەیانە دەتوانن بە ژمارەیەکی زۆرتر پێکەوە بژین لەوەی شەمپانزیا، لەبەر ئەوەی زمانەکەیان زیاتر پیش کەوتووە لە زمانی شەمپانزیا، بۆ نمونە شەمپانزیایەک دەتوانێت بە هاوەڵەکانی بلیت، ئاگادار بن شێر، واتە شێرێک لەو ناوەدایە و لەوانەیە بیان خوات بەڵام زمانی ئۆمۆساپیان زانیاری زۆر لەوە زیاتر ئەدات، ئەتوانێت بلیت ؛ ئاگادار بن شیرێکم بینی ئەم بەیانییە لەگەڵ کۆمەلە شیرێکی تردا لە دارستانێکی تەنیشتمانەوە پێ دەچیت بەم ناوەدا تێپەڕن، یان دەتوانن وشەی شیر بۆ شتێکی گەورەتر بەکار بهێن و بلێن شێر رەمزی خێلەکەیانە.
هۆکاری سەرەکی پێشکەوتن و ئاڵۆزکردنی ئەم زمانەش ئەوەیە کە زۆرترین زانیاری بدات لەسەر رووداوەکان ئەمەش لە پێناوی بەستنەوەی کۆمەڵە کەسێکی زۆرتر لەوەی شەمپانزایا، کە پێکهاتون لە دە تا دوانزە کەس، زمانی ئۆمۆساپیانز لە رابوردودا توانای ئەوەی هەبووە کە نزیکەی پەنجا کەس پێکەوە گرێبدات، ئەمڕۆ ئەو زمانەی کە ئۆمۆسپیانز دروستی کردووە دەتوانێت هەتا 150 کەس پێکەوە گرێ بدا ت، دوای تێپەڕبوونی ئەم ژمارەیە، ئەو زمانە بەس نییە بۆ پێکەوە گرێدانی ئەو کۆمەڵە کەسە، بۆایە لەگەڵ دروست بوونی شار و گەورەبوونی ئەو کۆمەڵگەیە ئۆمۆساپیان شتی نەبینراو و خەیاڵیان داهێنا، کە پێکهاتبوو لە ڕەمز یان تۆتێم، میتۆلۆژی، خوا، پاشان قانون، پارە.بۆیە هەر لە کۆنەوە ؛ 70 هەزار سال لەمەوبەر پیش داهێنانی میتۆلۆژی و خوا، ئۆمۆساپیانز بە کۆمەڵی بچوک بچوک دەژیان، ئەمڕۆ کە ژمارەمان زیادی کردوە، دین، میتۆلۆژی، قانون وەک پێویستیەکی کۆمۆنیکاسیۆن بۆ پێکەوە بەستنەوەی کۆمەڵگەوە بەکاری دەهێنین.
هەفتەیەک پێش ئەوەی کە ئێمە سەردانی ئەو مزگەوتە بکەین ئەو گەنجانەی مزگەوتەکە هەموویان بینیان لە تەلەفزوێندا کە جاک شیراکیش سەردانی کردبوو، بەڵام کەس داوای لە جاک شیراک نەکردبوو کە دەبێت شایەتومان بهێنێت، کەچی لەو کچەیان داواکرد، وەک ئەوەی کەس بۆی نییە بچێتە مزگەوتەکەیانەوە ئەگەر موسڵمان نەبێت، ئەمەش درۆیەکە و خۆشیان باش دەیزانن.
 درۆکردنیش خاسیەتێکی ئۆمۆساپیانزە و شامپانزیاش درۆ دەکات؛ سەرنج دراوە کە هەندێک شەمپانزیا بەهاوەڵەکانیان وتوە، شێر هات، هەتاوەکو ئەوان رابکەن و ئەو مۆزەکە بخوات.بێ شک ئەوگەنجانەی مزگەوتەکە باش دەیانزانی کە جاک شیراک ئیسلام نییە و شایەتمانی نەهێناوە، بەڵام مۆزی بۆ هێنابوون بە پێچەوانەی ئێمەوە کە مۆزمان پێ نەبوو.
بێگومان کە کچە هەژدە ساڵەکە هەندێک کۆدی بە رووکەشی بۆ ئەوان قبوڵ کردبوو، بە خۆداپۆشینی بە پێچەوانەی کەنیسەکەوە دەنا هەر لەویدا سەریان دەبڕی، ئێمەش هەرچەندە بێ دین بوین و باشیش دەیان زانی، کە ئێمە باوەڕدار نین بەڵام لەبەر ئەوەی، کە سەروچاومان ڕۆژهەڵاتی بوو، کەواتە بۆ ئەوان ئێمە موسڵمانین هەرچەندە دەشیان زانی کە ئێمەش موسڵمان نین کەواتە ئەمەش درۆیەکی تر لە پێناوی بەرژەوەندییدا.کەواتە ئەوەی پال بە ئۆمۆساپیانزەوە دەنێت بۆ درۆکردن بەژەوەندییە ئەمەش پێغەمبەری موسوڵمان بەبێ پێچ و پەنا دانی بەم جۆرە درۆیەدا هێناوە وەک چۆن شەمپانزیا درۆ دەکەن ئێمەی مرۆڤیش بۆمان هەیە، درۆ بکەین بۆ بەرژەوەندی خۆمان، بۆیە پێویست بەوە ناکات کە پێمان بڵێن گوایە ئەوان وەک گیانەوەران هەڵسوکەوت ناکەن لەبەر ئەوەی، کە خوا پەیامێکی بۆ ناردون بە پێغەمبەرەکیانا.
ئەگەر بێینەوە سەر قەشەکە کە پەیڕەوی دینی مەسیحی دەکات و خۆی لە هەموو جوتبونێک لەگەڵ میینەدا بێ بەش دەکات هەتاوەکو بگەڕێتەوە بۆ حالەتی فریشتەیی خۆی وەک ئادەم و حەوا پێش گوناحەکەیان.
بە گوێرەی تێۆری دکتۆرەکانی ڕۆحی مەسیحی، لەوانە سانتۆگیوستان، یەکەم کەپڵ؛ ئادەم و حەوا کە خوا لە بەهەشتا دروستی کردن، هەرگیز لەوەو بەر جوت نەبوون، واتە وەک ئێمەی مرۆڤ جووت نەبون، بەپێی ئەوان ئێمەی مرۆڤ ئێستاکە وەک ئاژەلان جوت دەبین لەکاتێکدا دەبوایە وەک حۆریەکانی بەهەشت جوت بوینایە، وەک مریەم لەگەڵ ڕۆحی پیرۆزدا بەبێ چوونەژورەوە جوت ببونایە، لە وەڵامی ئەو پردسیارەدا کە بۆچی خوا ئەندامی نێرینە و مێینەی بۆ ئادەم و حەوا دروستکردوە و بە چ مەبەستێک؟ لەبەر ئەوەی کە خوا دەیزانی کە ئادەم و حەوا بەڵینی خوا چیبەجێ ناکەن و شکست دەهێنن، بۆیە لەوە و بەر ئەوەی پێداون کە بتوانن وەک ئاژەلان جوت ببن.
 کەواتە ئەم جوتبوونەی ئێمە لە پێناوی نانەوەی نەوەیەکی نوێ، جوتبونێکی ئاژەڵییە و لە سەرەتاوە وا بڕیار نەبووە، بەڵام دوای شکستی ئادەم و حەوا بەرامبەر بەوەی کە دەمرین و نەمریمان لەکیس دا توانای جوتبونیان داینێ بۆ بەردەوامیمان وەک ئاژەڵان، کەواتە هەر لەسەرەتاوە هەوەس پالی بە مرۆڤەوە ناوە بیگەیەنێتە کەوتن و شکست.کەواتە سێکسکردن بەستراوەتەوە بە هەوەس، شکست، مردن و نانەوەی نەوەیەکی نوی بەهیوای بردەوام بوون.
بۆیە هەتا سەدەی چوارو پێنج پێش ئەوەی دینی مەسیحی ببێتە دینی دەوڵەت هەرگیز ژیانی خێزانی و مارەکردن وەک مۆدێلێک نەبینراوە بۆ ئەوان، هەمیشە پیاوانی دینی هەوڵی گەرانەوەیان داوە بۆ ئەو ڕۆحە بە خۆپاراستنیان لە ژیانی هاوسەری، بۆیەش وتراوە باشتر وایە کە مرۆڤ نەچێت بەلای ژندا ئەگەر بیەوێت لە خوا نزیک بێتەوە، زیاتر هانی خەڵکیان ئەدا بۆ پاکژیی و تۆبەکردن، بەڵام کاتێک مەسیحیەت بووە دینی دەوڵەت ئەوسا ناچار قانون و ڕێنمایەکانیان بۆ خێزان و ژن و پیاو دانرا و ڕێپیشاندەریان بوون لە چۆنییەتی هەڵسوکەوتیانا بەرامبەر بەیەکتری، بەتایبەتی لە کاتی جوتبون و چۆنییەتی جوتبونیان هەتاوەکو هەوەس و ئێرۆتیزم ئەو پەیوەندیە تێک نەدات.
هەندێک لە دکتۆرەکانی ڕۆحی مەسیحی زیاتر هێلی ناوەڕاست وەردەگرن و دەڵێن رۆژوگرتن و زۆر خواردن هەردووکیان وەک یەک وان دوو کاری سەر پەڕین و یەکتری دەگرنەوە.
بۆیە کابرای قەشە دژی جوتبوونە لەگەڵ میینەدا لەگەڵ ئەوەشدا کە جوانی کچێکی هەژدەسال ئارەزوەکانی دەهروژێنێت، کەواتە ناتوانێت ودژی خۆی هەڵسوکەوت دەکات.هەرچەندە ئەم جۆرە هەلسوکەوتە واتە رەفزکردنی جوتبوون لەگەڵ مێینەدا بەستراوەتەوە بە دینی مەسیحییەوە، بەڵام پێش دینی مەسیحی، فەیلەسوف و پیاوانی ڕۆحانی وەک ڕیگەچارەیەک بۆ ژیانێکی ئارام و ڕۆحێکی خامۆش، دوورکەوتنەوەیان لە مێینە و جوتبونیان لە گەڵیدا وەک چارەسەرێک بینیوە.

هەندێک لە زانیارییەکان لەم سەرچاوانەوە وەرگیراون 




(دەنگدراوە: 10 . زۆرباشە: 5/5)