دەربارەی (--) ملیۆنەکە!

Sunday, 04/11/2018, 13:09

2575 بینراوە


کێشەکە ئەوە نییە وەریدەگرن یان (نا)، باسەکە ئەوەیە هەر لە بنەڕەتەوە پێدانی مووچەی مانگانەی وەها قەبە (کە خۆیان دەڵێن "هەقمانە" و بە یاسا ڕێکخراوە - بێگومان یاسای دزەکان) بە پەرلەمانتار، بێئەخلاقیکردنە بەرامبەر بە کۆمەڵگا و سیاسەتکردن. پەرلەمانتار کە مووچەکەی دە قات و بیست قاتی فەرمانبەرانە، بە چ ڕوویەکەوە دێتە سەر شاشە و باس لە بەرگریکردن لە هەژاران دەکا و پێمان دەڵێت ئەو شمشێری دژی گەندەڵی و تاڵان وەشاندووە!!! تۆیەک کە لەو نیعمەتی پیسخۆرییە دەخۆی... مەگەر هەر کۆمەڵگایەکەی داماو و حزبیکراو و هیوا بە ئێوە هەڵچنێ بۆ باشترکردنی ژیانی!
قسەکە زیاتر لەسەر پەرلەمانتارە (ئەگینا هەموو ئەوانی تریش دەمیان وا لە قەرسیلەکەدا و خوێنی خەڵک و داهاتی ئەم خاکە دەمژن)، بەڵام پەرلەمانتار " بە بەڵێن و سوێند و تەڵاقخواردن و پاڕانەوە" دەچێتە پەرلەمان (لەوەڕگای تاڵان) بۆیە تاوانی ئێوە سەد جار بەسوێیە... کە بە بەڵێنی گۆڕانکاریی و باشکردنی دۆخی خەڵک، دەچنە ناو کانگای فەسادەوە و ڕەوایی بە دەسەڵاتە و تاڵان و تاوانەکانی دەدەن! ئەو پەرلەمانە دڕعی پاراستنی دەسەڵاتی چەتەکانە... کە ڕەوایی لێوە بەدەستدەهێنێ!
سەدجار وتوومە، مووچەی زەوەندە و مفت یانی واڵاکردنی دەرگا بۆ تاڵان و بێئەخلاقی، ئەمە ئەو سیستەمەیە کە لە عێراق و هەرێمدا وەک دۆزەخێکی بە جۆش بۆ کۆمەڵگا و بەرپرسیارێتی و سەیاسەتکردن جۆشدراوە! ئەوەی دەچێتە ئەم سیستەمەوە و دەشیەوێ چاکی بکا، یان خۆی گەمژەیە یان خەڵک گەمژە دەکا. سیاسەتکردن لەم جۆرە دۆخ و سیستەمەدا مردووە و هێندەی موویەک لە دۆخی مرۆڤ و کۆمەڵگاکەی ناگۆڕێ!
پێویستمان بە هەڵوەشاندنەوەیە نەک چاکسازیی و بەشداریی لەم زەلکاوی خیانەتەدا، هەرچی بە نییەتی باشکردنەوە خۆی تێفڕێدا (گواویی) بوو و بوو بە بەشێک لە سێڵاوەکە و بۆنی هەمان گڵاوی لێ دێ! لەسەر ئەم پایەی تاڵان بەختەوەری بۆ خەڵک نایەتەدی... بۆیە دەبێت کۆی سیستەمەکە تەختی زەمین بکرێ و بە دیگایەکی نوێ و بەرپرسیاریی و هۆشیاریی و ئەخلاقەوە... دەرفەتی بونیادنانەوەیەکی باش برەسخێ!
گەر ئەم هەڵوەشانەوەیە نابێتە بژاردە و کۆمەڵگا پێی هەڵ ناسێت، ئەوا با چاوەڕوانی تاڵانی هەمیشەیی خاک و داهاتەکەیان بن... لەو سیستەمەی لەبری خزمەت ژەهر دەکا بەقوڕگیاندا و لەبری بەرهەمهێنان کۆیلەی مفتەخۆرییان دەکا، لەبری سیاسەتکردنیش پارە بەسەر پۆستتدا زاڵدەکا و سیاسەتکردن دەکاتە بەکارترین ئامڕازی چەوسانەوە! 
جا هەندێکیان لێمان دەبنە (ڕۆبن هود) پارەی تاڵانەکە کە لە بنەڕەتدا هی خەڵکە، وەریدەگرن و وەک نەجابەت نواندن و خێرەمەندی بەناوی خۆیانەوە (سەدەقە)ی پێوە دەکەن... مرۆڤدۆستی ئەوەیە لە ماڵی خۆت ببەخشی نەک، بەشداریی بکەیت لە تاڵان و ڕواییپێدان بە سیستەمەکە و وەرگرتنی تاڵان و کردنی ماڵی خۆت و بەخشینەوەی لەژێر سیمای (بەخشندەییدا). کەسیان نایەن لە ڕەگەوە ئەم تاڵانە ڕەتبکەنەوە و سیستەم پەکبخەن و لێی دەخۆن... بۆیە هەڵوەشانەوە بەم (ڕۆبن هود)ە ساختانە ناکرێت. 
ئیتر یان هەڵوەشاندەنەوە... یان دەنگ بدەن تا تاڵاننکردنتان بەردەوام بێ!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە