لە ڕاپەڕین و شۆڕش گرنگتر بوونى (بدیل)ە.

Monday, 28/01/2019, 23:53

3793 بینراوە


بەرپابونى ڕاپەرین و شۆڕشەکان لە دژى دەسەڵاتە گشتگیر و پاوانخواز و نادیموکراسیەکانە، ئەو ڕژێمانەى کە ئامادەنین بە شێوەیەکى یاسایی و ئاشتیانە ئاڵوگۆڕى دەسەڵات بکەن، ئەو دەسەڵاتانەى کە پەنا بۆ هەموشتێکى نایاسایى و نادەستورى دەبەن لە پێناو مانەوەى خۆیاندا، جا لە بەرامبەردا بۆ ئەوەى هەر شۆڕشێکى نوێ هەڵەکانى شۆڕشەکانى پێشوو دووبارە نەکاتەوە، ئەوا دەبێت بەرنامەى کارى تۆکمە و بەهێز و کارا بۆ (بدیل) ى ئەو دەسەڵاتەى کەوەلا دەنرێت ئامادەبکرێت، بە پێچەوانەوە گەر ئەو (بدیل)ەى کە باسمانکرد ساز و ئامادە نەبێت ئەوا شۆڕشەکان بێجگە لە ماڵ وێرانى و بەهەدەردانى سامانى وڵات و ڕژانى خوێنى بە ناحەق و هەروەها دەبێتە هۆى کوشتنى ڕۆحى بەرگرى و بەرەنگار بونەوەش لە نێو هاونیشتمانیاندا، بۆ هەڵگیرساندنى شۆڕشێکى نوێ پێویستى بەچەند دەیەیەک دەبێت تا جارێکیتر ڕۆحى بەرەنگار بونەوە لە نێو هاونیشتمانیاندا دروست دەبێتەوە.
گەر ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی سەد ساڵی ڕابردوی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نمونە وەربگرین، لە بەر ئەو هۆکارەی سەرەوە، ئەویش نەبونی( بەدیل) ێکی گونجاو بۆ پاش ڕوخانی ڕژێمەکان ئەوا هەمو ڕاپەڕین و شۆڕشەکان بونەتە بارگرانی و ماڵ وێرانی زیاتر بە سەر هاونیشتمانیانەوە، ئەمەش ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێت هەمو ئەوانەی کە لە ڕێگەی نادەستوری یان هەڵبژاردنی ساختەوە و دەستى دەرەکیەوە دەسەڵات دەگرنەدەست لەوانەی پێش خۆیان پاشتریان پێشکەش نەکردووە.
هەروەها ئەو حەماسەت و توڕە بونەی کە شۆڕش و ڕاپەڕینەکان دروستی دەکەن پاش سەرکەوتنی شۆڕشەکان ئەو بێ بەرنامە و بشێویەی دێتە ئاراوە هەمو جوانیەکان دەشێوێنێت، پاشان گەر شۆڕش بو ئەوا لەلاین کەمینەیەکەوە دەدزرێت، گەر ڕاپەڕینیش بو ئەوا دیسان کەمینەیەک سواری شەپۆلی توڕەیی خەڵکی دەبن خۆیان دەکەنە خاوەنی، بە تایبەت لە نێو گەلانى ناهۆشیاردا.
کەواتە گرنگتر لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکان بونی(بەدیل) ێکی یاسایی و دەستوری و گونجاو و کارایە، نەک شەرعیەتی شۆڕشگێڕی، بۆ ئەوەی ڕوی ڕژێمەکانی پێشو سپی نەبێتەوە و پەشیمان بونەوە لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکان نەبێتە خواستی زۆرینە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە