شاسوار عەبدولواحید نەیتوانی لەوە زیاتر دان بەخۆیدا بگرێت

Thursday, 14/02/2019, 11:39

14766 بینراوە


ئاوا وەڵامی نووسینەکانی بەندەی دایەوە!
----------------------
بەندە؛ ئەوە سێیەمین ساڵە، کە بەردەوامم لەبڵاوکردنەوەی چەندین وتارو نووسین، لەناو ڕۆژنامەو ماڵپەڕو سۆشیال میدیادا، بەناوی ئاشکرای خۆمەوە؛ لەسەر  کاک شاسوار عەبدولواحید و پرۆژەکانی و چۆنیەتی )کردنی(!! و هاتنی بەرێزی بۆ نێو بواری بزنس و میدیاو کاری سیاسیی، ئەمە بێجگە لەنووسینی دەیان کۆمێنت بۆ بەرێزی؛ لەپەیجەکەیدا بەناوی خۆمەوە، کەچی ئەو بەرێزە نەک جورئەتی نەکردوە وەڵامی کۆمێنتەکان بداتەوە، بەڵکو بلۆکی کردم و تاکو ئێستاش وەڵامی تەنها وتارێکیشی نەداومەتەوە، ئەمە لەکاتێکدا کۆی وتارو کۆمێنتەکانی بەندە بۆ ناوبراو؛ بەزمانی گوڵ و بەنەرمیی ودوور لەسووکایەتیی و زمانی زبر نووسراوە.
   شاسوار عەبدولواحید کە هەمیشە فێری کاری نهێنیی و پشتی پەردەو دروستکردنی سیناریۆیە، بۆ چەند جارێک لەرێگەی ئەکاونتی بن دیوارو نهێنییەوە؛ داوای ڕاگرتنی نووسینی لێ کردووم لەدژی خۆی و هەڕەشەی ئەوەشی کردوە کە ئەگەر من بێ دەنگ نەبم، ئەوا چاوەڕێی کاردانەوەو وەڵامی توندو چاوەڕێنەکراو بم لەمیدیاو سۆشیال میدیادا، بەڵام بەندە هیچ گرنگییەکم بەو هەڕەشەیە نەداوەو لەڕۆژی (٢٦/١/٢٠١٩)؛ دوایین وتارم لەماڵپەڕی ڕۆژنامەی (ئاوێنە)و واڵی بەندەدا لەفەیسبووک لەسەری بڵاوکردەوە، بەناوونیشانی؛(لێی گەڕێن لەکەناڵی ئێن ئارتی، لەخاوەنەکەی لێ مەگەڕێن).
    شاسوار عەبدولواحید کە خاوەنی چەندین ماڵپەڕ و پەیجی بن دیوارە لەفەیسبووکدا، لەلایەن خودی خۆی و چەند هاوکارێکییەوە ئەبرێن بەڕێوە؛ لەم دواییانەدا دەستیان کردووە بەهەڵمەتێکی ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستن بۆ ئەو کەسانەی کەئەچنە خانەی ناکۆک و نەیاری    شاسوار عەبدولواحیدو پرۆژەکانی و رێکخراوە سیاسییەکەیەوە!.
    شاسوار عەبدولواحید گووشارێکی دەروونی زۆری لە سەر بوو بۆ وەڵامدانەوەی کۆمێنتەکانی بەندە و وتارەکان، دەیان کەس بەکۆمێنت بۆیان ئەنووسی بۆ وەڵامی (نیازسەعید) نادەیتەوە، ئەمە بەدەر لەوەی کە چەندین کەسی تریش بەدەمی پێیانووتوە، دیارە بۆ بەتاڵکردنەوەی ناخ و دەروونی نائارام و شڵەژاوی خۆی؛ هەستاوە بەبڵاوکردنەوەی بووختانێک، بێ بەڵگە و بێ ناوەرۆک؛ لەماڵپەڕ و پەیجی (ڕۆژنامە) و (فایلی نهێنی)، گوایە بەندە کار بۆ پاراستنی پارتی ئەکەم و ناوی ئەو نووسەرانە بۆ پاراستن کۆ ئەکەمەوە کە ڕەخنەگر و ناڕازین، لەکاتێکدا خۆشم یەکێکم لەوانەی کە لە چەندین وتاردا؛ ڕەخنەم لە پارتی و سەرۆکەکەی گرتووە؛ ئەم بووختانە زۆر بە ساویلکەیی داتاشراوە، وەک ئەوەی کە نووسەرە ڕەخنەگرەکانی دژی پارتی؛ کەسانی نەناسراو بن و لەشوێنی نادیارو تاریکدا؛ نووسینەکانیان بڵاوبکەنەوەو من بۆیان بدۆزمەوە.
 ئەم تۆمەتە بێ بنەمایە؛ هیچ ئازایەتییەکی تیا نییە، هەموو کەسێک ئەتوانێت؛ بەئاسانیی ئەکاونتێک، یان پەیجێک لە فەیسبووکدا بکاتەوەو بەئارەزووی خۆی؛ تۆمەت و بووختان بۆ نەیارەکانی دروست بکات.
    شاسوار عەبدولواحید ئەو کاتە ئەیتوانی ئازایەتی خۆی پیشان بدات کە بەکۆمێنت داوام لێکرد؛ بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی دووقۆڵیی لەسەر پرۆژەکانی لەکەناڵەکەی خۆیەوە بکەین و وەڵامی نەدامەوە.
 ناوبراو ئەو کاتە ئەتوانێت ئازایەتیی پیشان بدات؛ کەوەڵامی کۆمێنت و وتارەکانی بەندەی بدایەتەوە، ناوبراو ئەو کاتە ئەبێتە  شاسوار عەبدولواحیدی ڕاستەقینە کە بەبەڵگە بیسەلمێنێت؛ بەندە کار بۆ پاراستنی پارتی ئەکەم، بەئێستاشەوە داوا لەئەوو هەر کەس و لایەنێکی تر ئەکەم بێ منەت بن، هەرچی بەڵگەیەکیان لایە، ئەگەر زۆر بچووکیش بێت؛ با بیخەنەڕوو، لێرەوە بۆ بەرێزیشی دووپات ئەکەمەوە؛ کە کۆڵ نادەم و درێژە بە و ئاراستەیە ئەدەم بۆ هەڵدانەوەی دەمامکەکانی سەری و ناساندنی وەکو رووە ڕاستەقینەکەی خۆی، ئەگەر سەد هێندەی تریش بووختان و تۆمەت بۆ بەندە هەڵببەستێت. لەوە سەیرتریش ئەوەیە؛ لەبڕگەی سەرەتای بووختان داتاشینەکەیدا، بەناراستەوخۆ ئەوەی درکاندوە کە بەندە کاری ئەوەیە، لە خەڵکە ئازا و هێزە نەیارەکان ئەدەم، دیارە مەبەستی خۆیەتی و خۆی بەکەسێکی ئازاو نەیار ئەزانێت؛ کەچەندین وتارم لەسەر نووسیوە.
 بەندە و بەرێزی جیاوازین؛ من بە ناوی ئاشکرای خۆم و بەزمانی نەرم و دوور لە سووکایەتیی و تۆمەت هەڵبەستن؛ ڕووبەڕووی ئەبمەوە، بۆ لەمەودواش؛ چەندین دۆکیۆمێنت ئەخەمەروو!!، 
شاسوار عەبدولواحیدیش لەبن دیواردا و بەناوی نهێنیی و بەزمانی تۆمەت و بووختان داتاشین؛ ڕووبەڕووی بەندە و نەیارانی ئەبێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە