هەڕەشەی میلیشیا و شەڕی بە وەکالەت لە کوردستاندا

Tuesday, 27/08/2019, 19:32

10179 بینراوە


شەڕی بە وەکالەت، واتە شەڕی ناڕاستەوخۆی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەیی و وڵاتان لە ڕێگەی بەکرێگیراو و دارودەستەیان. ئەم دیاردەیە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیدا لە وڵاتانی ناسراو بە دنیای سێیەم زیاتر گەشەی کرد و بوو بە ئەمری واقیع، بەبێدەنگی، خشکەیی و بەبێ ئاگای بەسەر گەلانی ئەو وڵاتانەدا سەپێنرا. زۆربەی مێژوونووسانی دنیا کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەو دیاردەیە لە دوای ساڵی ١٩٤٥ وە تا ئەمڕۆ لە پەڕەسەندنە.
دوای تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهانی و گۆڕانی پارسەنگی هێز لە دنیادا، شکانی ئیستعماری ئینگلیز، پورتوغال، ئەڵمانیا و بەلجیکا و چەند وڵاتێکی دی کۆلۆنیال. بەرپابوونی جوڵانەوە و بزوتنەوەی سیاسی و ڕاپەرینی گەلانی ژێر دەستی ئیستعمار و ئازاد بوونیان. قوڵبوونەوەی گرفتی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا و بەهێزبوونی شەڕی ساردی نێوانیان، بۆشایەکی سیاسی دروست کرد.
چین و ئەمریکا و ڕوسیا دوای جەنگ کە توانیان پارێزگاری لە پێگەی بەهێزی خۆیان بکەن هەوڵیاندا ئەم بۆشایە بە ڕێگەی پارە و چەک پڕبکەنەوە، پەلوپۆ بۆ وڵاتان بهاوێن چی لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی بازاری جیهانی، عەقارات یان لە ڕێگەی بەکارهێنانی سوپا و دروستکردنی هێز و گروپی چەکداری نافەرمی بەکرێگیراو و ئاڵاندنیان لە شەڕی بە وەکالەت لەژێر ئەجێنداو پلانی خۆیاندا. لە ساڵی ١٩٦٦دا ئەمریکا بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە فرەوان بوونی دەسەڵاتی ڕوسیا لە ڤیەتنام بوو بەسەرچاوەی سەرەکیی بۆ دابین کردنی پارە، چەک و تەقەمەنی و ڕاوێژکاری سەربازی بۆ ئەو گروپە چەکدارانەی کە لە باشووری ڤیەتنام دژ بە باکوور و ڤێت کۆنگ لە جەنگدا بوون. بە هەمان شێوە ڕوسیا لە ساڵی ١٩٦٣دا یارمەتیەکانی بۆ سۆماڵ چڕ کردوە بە مەبەستی ئەوەی بتوانێت کەنداوی ئەدەن و دەریای سور بەکاربهێنێت بۆ بازرگانی نەوت لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و نەهێڵێت ئەمریکا کۆنتڕۆڵی بکات.
لە هەندێک لە وڵاتانی دنیای سێیەمدا دوای ڕزگاربوونیان لە دەستی ئیمپریالیزم، قۆناغێکی دی هاتە پێشێ، کە گەلانی چەوساوە پێیان وابوو، بە هەوڵ و تەقەلا، کۆشش و شۆڕش و قوربانی بە ئامانج گەیشتون. سەربەخۆی وڵاتەکانیان دەبێتە هۆی فەراهەم کردنی ژیانێکی ئاسودە، بیناکردن و سەقامگیربوونی دۆخی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی.
لە سەرەتادا زۆرینەی سادەی ڕەشوڕوت بێ ئاگابوون لەوەی کە قۆناغی تازە بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵێک دەسەڵاتدار و سەڕۆکی دیکتاتۆری فاشی و بەکرێگیراوی بەرهەم هێناوە کە بە خوێنی ئەوان پێگەی ئابووریی خۆیان پتەو دەکەن. بە شێوەیەکی گشتی ئەم قۆناغە بۆ ئەوان لە نەهامتی بەولاوە هیجی دی لێ شین نەبوو. ئەنجامەکەی بۆ میللەتانی دنیای سێیەم برسیەتی و کوشتنی بە کۆمەڵ بوو. لەم جۆرە کەشوهەوا سیاسیەدا دەنگی ناڕەزای میللەتان گەیشتە لووتکە. لەژێر دروشمی بەدەستهێنانی سیستەمی دیموکراتی، دەستکەوتی نیشتمانی، نەتەوەیی، ئاینیی، مەزهەبی، چەپ و ڕاستدا گەلێک پارت و گروپی چەکداری نافەرمی دروستبوون کە هەندێکیان لە گروپ و قەوارەی سیاسیدا خۆیان ڕێکخست.
لەم کەینوبەینەدا ئەمریکا و ڕوسیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لەم وڵاتانەدا ستراتیژیەت و تاکتیکی تازەی گونجاویان بەگوێرەی دۆخەکە داڕشت. هەر دوو زلهێز پارە و چەک دوو ئامرازی سەرەکیی بوون بەکاریان هێنا و بە سەدان گروپی نافەرمی چەکداریی سەربەخۆیان دروست کرد و بۆ جەنگی ناڕاستەوخۆی نێوانیان بەگڕیانخستن، هەروها سەڕۆکی پارتەکان، جوڵانەوە و بزوتنەوەکانی گەلانی دنیای سێیەم لە ڕێگەی دەزگەی هەواڵگری خۆیانەوە بکڕن. لە ئاکامدا جوڵانەوە سیاسیەکان بە لاڕێدا ببەن. لەهەمان کاتدا هەوڵیان دا یەکگرتووی گەلانی وڵاتانی دنیای سێیەم تێکبشکێنن، ئاگری دووبەرەکیی نێوان هێزە لۆکەڵیەکان خۆشتر بکەن، ببن بە هەوێنی هەڵگیرساندنی جەنگی مەدەنی. ئەم جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ دۆخەکە لەلایەن زلهێزەکانەوە بوو بە ئەزموونێکی تاڵ و بەسەر گەلاندا سەپێنرا.
هەمان تاکتیک و ستراتیژ وەک لاسایکردنەوە لەلایەن زلهێزە ناوچەیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە پەیڕەو کرا. ئیران و تورکیا لە لوبنان، ئەفغانسات، سوریا، عیراق، کوردستان و یەمەن و کەنداو میلیشیای چەکداری سەربەخۆیان پێکهێنا. لە ئاکامدا شەڕی بەوەکالەت بوو بە دیاردەیەکی زەق کە بە بێشەرمی و سڵمینەوە لە یاسا و عورفی ئەخلاقی تا ئەو ساتە وڵاتانی دەسەڵاتداری دنیا و ناوچەکە پەیڕەوی دەکەن. ئەوان بەبێ گوێدانە ماڵوێرانی بۆ گەلانی ئەو دەڤەرە، فیتنەی دوبەرەکیی و پەڕەسەندنی شەڕی مەدەنی دەیانەوێت دەسەڵاتەکانیان لەسەر ئەو زەمینەیە فرەوان بکەن و جگە لە سوپای فەرمی خاوەن سەدان گروپی چەکداری نافەرمی و میلیشیان لە ناوچەکەدا.
ئیران و تورکیا، تەنیا گروپی چەکداری نافەرمیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە کوردستان دانەمەزراندوە، ئەڵبەتە لە ڕێگەی دەزگەی هەواڵگری ئیتیلاعاتی ئیرانی و میتی تورکییدا توانیویانە هێز و پارتە سیاسیە کوردەکانی باشووریش بکەن بە جاش و بەکرێگیراوی خۆیان. زۆربەی سەڕۆکەکانی حزبەکانیان کڕیوە، باشووری کوردستان بووە بە کاراترین بازار بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە ئیکسپایەر و خراپەکانی ئەو دوو وڵاتە. نەوتی باشوور سێبەشی دەچێتە خەزێنەی تورکیا و ئیران. لە ڕێگەی سەرانی باشوورەوە چەند پارتێکی کارتۆنی سەر بە میتی تورکی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دامەزراون.
گروپ و میلیشیای بەکرێگیراوی سەر بە ئیران و تورکیا لە هێزی سوپای فەرمیدا خۆیان نانوێنن. پێکهاتەیەکی فرە ڕەگەزن و لەژێر هیچ یاسا و عورفێکی سەربازیی جیهانی و ناوچەکەدا نین. خاوەن موچە و پاسپۆرتن فڕۆکەخانەی تاران و ئەنقەرە لە خزمەتیانە، کەس ناتوانێ پرسینەوەیان لێبکات. لە گۆڕەپانی جەنگدا بە ئارەزووی خۆیان دەستدرێژی دەکەنە سەر خەڵکی سیڤل نمونە، دەستدرێژیەکانی داعش بۆ سەر شەنگاڵ و کوردی یەزیدی. شەڕی بە وەکالەت لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی واژۆکراوی نێوان میلیشیای چەکدار و زلهێزەکان نییە. میلیشیای چەکدار خاوەن ئەجێندای تایبەتی نین تەنیا بۆ ئەجێندای ئەو لایەنە کار دەکەن کە سەرچاوەی دارایی و چەکیان بۆ دابین دەکەن و سەڕۆکەکانیان دەوڵەمەند دەکەن.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا بە تایبەتی لە لبنان، ئەفغانستان، سوریا، عیراق، کوردستان و یەمەن و هیتر زەمینەی گەشەکردنی ئەو دیاردەیە لە پەڕەسەندنە. ئیران و تورکیا لە ڕێگەی ئەو جۆرە هێزانەوە دەسەڵاتی جیوگرافی سیاسیان فەرەوان کردوە، وەک چەکێکی هەڕەشە دژ بە نەیارەکانیان بەکاریان هێناوە. نمونە سوریا بەتایبەتی ئیدلیب بووە بە بنکەی سەرەکیی ئەو جۆرە هێز و گروپە نافەرمیانەی سەر بە تورکیا، ڕوسیا و ئیرانن هەنووکە لەوێ شەڕی بەوەکالەتی ئەو وڵاتانە دەکەن، بەڵام ئەوان دەیانەوێت بەناوی بوونی شەڕی مەدەنی پێناسەیان بکەن و خۆیان لە هەڵگرتنی ئەو لێپرسراوەتیە بدزنەوە کە لە ڕاستییدا ئەوەی لە ئیدلیب دەگوزەرێت شەڕی بە وەکالەتی ئیران، ڕوسیا و تورکیایە.
عیراقی ئەمڕۆ کە بووە بە بنکەی سەرەکیی گەلێک لە میلیشیا چەکدارەکانی ئیران بەتایبەتی بۆ حەشدی شەعبی کە هیزێکی چەکداری سەر بە ئیرانە، ئیسرائیل دژ بە ئیران بنەکەیانی کردوە بە ئامانجی موشکەکانی. تارانیش لەسەر خاکی عیراقدا لە ڕێگەی ئەو هێزەوە چەند جارەک کەمپی ئەشرەفی کردوە بە ئامانجی موشکەکانی.
جەنگی نیمچە گەرمی نێوان ئیسرائیل و ئیران گەیشتۆتە خاڵێکی هەستیار. لە سەرەتای دوو هەزار و دەیەکاندا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە گۆڕەپانی جەنگی زلهێزەکان و ناوچەیەکان و دارودەستەیان. لە دوای تێکچوونی دۆخی سوریا واتە لە ساڵی ٢٠١١وە ئیسرائیل بە ئاشکرا نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە فرەوانبوونی دەسەڵاتەکانی ئیران لە ڕێگەی دارودەستەکانی و شەڕی بە وەکالەت لە ناوچەکدا دەربڕیوە، هەوڵە دیبلوماسی و سەربازییەکانی بۆ ئەو مەسەلەیە چڕ کردوە، ناتانیاهۆی سەڕۆک وەزیرانی ئیسرائیل پار لە گەشتێکی بۆ ئەوروپا بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیەتی دژ بە ئیران بە ئاشکرا گوتی لەو گەشتەمدا دوو بابەتی گرنگ هەیە کە تاوتوێ دەکەم لەگەڵ سێ وڵاتی بەهێزی ئەوروپا کە "یەکەم ئیرانە. دووەمیشی هەر ئیرانە". گرژی نێوان هەردوو وڵات گەیشتۆتە ئاستێک کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەفەرمیی ئیسرائیل بۆردومانکردنی بنەکەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئیرانی لە خاکی عیراقدا لە میدیاکاندا ڕاگەیاند.
هەنووکە شەڕ لەنێو عیراقدا شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیرانە، لەلایەکی دی شەڕی ئێوان ئیسرائیل و ئیرانە، کە بۆ بەرژەوەندیەکانیان خاکی عیراقیان کردوە بە گۆڕەپانی ساغکردنەوەی ململانێکانیان لە ڕێگەی گروپ و میلیشیای نافەرمی کە بە وەکالەت شەڕی ئەوان دەکەن. کیانی سیاسی عیراق لە سەڕۆک کۆمارەوە تا سەڕۆک وەزیران و پەرلەمان پێکهاتەیەکی نایەکگرتوون هەر گروپ و تاکێک لە کایەی سیاسی و دامودەزگاکانی حکومەتی عیراقدا جاشی لایەنێکە و بەشدارن لە گەشەکردنی دیاردەی شەڕی بەوەکالەت بەرامبەر بە دابینکردنی پۆست و موچەی چەور و خۆ دەوڵەمەند کردن.
لە ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستاندا شۆڕشی چەکداری خاوەن دروشمی نیشتمانی و نەتەوەیی و مڕۆڤایەتی هەیە کە خاوەن بەرنامەی داڕێژراو و پەیڕەوی ناوخۆن، هەوڵدەدەن بۆ پێکانی ئامانجی سیاسی. بۆ زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە پارت و گروپە چەکدارانە ئاسان نییە، ئەوانە خاوەن پێگەی جەماوەرین و گفت و مەرجی تایبەتیان هەیە، ناکەونە ژێر ڕکێفی پلان و ستراتیژیەتی دارێژراوی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، بە ڕێزەوە لە دۆخەکە سوودمەند دەبن و دەچنە نێو هاوپەیمانیەتی سیاسی لەسەر بیناغەی بەرژەوەندیی گشتی. گەشەسەندنی میلیشیای نافەرمی و شەڕی بە وەکالەت مەترسی لەسەر سروشتی جوڵانەوەی بزاڤێ ڕزگاری لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا دروست کردوە بە بەکارهێنانی هەمان ئامراز کە پارە و چەکە زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە هەوڵدەدەن ئەوانیش لە خشتەبەرن و بەرەو هەڵدێریان ببەن لە ئەنجامدا وەک میلیشیای دارودەستەی خۆیانیان لێبکەن.
لە ڕابردوودا بوونی میلیشیا و شەڕی بە وەکالەت لە ناوچەکەدا هەر هەبووە، بەڵام وەک ئەمڕۆ لەنێو دنیای میدیا و خەڵکدا بە ئاشکرا و بەبێشەرمی نەناسرابوون. لە زانکۆ و سەنتەرە ئەکادمیەکاندا نەبوو بوون بە بابەتی لێکۆڵینەوە و نیگەرانی خەڵکانی مرۆڤدۆست. نووسەر و شڕۆڤەکاران لە ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکاندا نەدەکەوتنە باسی. وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە و دنیا بەو جۆرە لە گۆڕەپانی پڕ کێشمەکێشمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ئاشکرا پشتیوانی خۆیانیان بۆ دەرنەدەبڕین.

لە دەرئەنجامدا ڕوونە کە ئەم دیاردەیە مەترسیەکی مەزنی لەسەر ئاسایش و بەرژەوەندیی گشتی گەلانی ناوچەکە دروستکردوە. کەرامەت و ناموسی خەڵکی خستۆتە ژێر هەڕەشە و ئەگەری ڕوودانی کارەسات لەسەر دەستی ئەو میلیشیانە لە هەموو ساتێکدا پێشبینی کراوە. کارەساتی گەورەش لەوەدایە کە زۆرینەی سادەی نێو کۆمەڵگە سەرقاڵی بژێوی ژیانە و بێ ئاگایە لەم دۆخە کە ئەوان تەنیا لەژێر هەرەشەی سوپای فەرمی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە نین بەڵکو لەژێر ڕەحمەتی ئەو جۆرە میلیشیانەشن. ئەو دیاردەیە بۆ دەسەڵاتدارانی عیراق و هەرێم نامۆ نییە، وەک چۆن لە ڕابردوودا زانیارییان لەسەرهەڵدان و گەشەسەندنی گروپی توندڕوەی داعش هەبوو، لە سەرتادا خۆیان لێ مات کرد و دواتریش نەیانتوانی پارێزگاری لە کەرامەت و ناموسی خەڵک بکەن. ئەگەر بەوجۆرە دۆخەکە بەردەوام بێت ئەزموونی شەنگاڵ و کچانی کوردی یەزیدی لە هەر ناوچەیەکی کوردستاندا ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەیە. میلیشیای چەکداری پێکهاتوو لە فرە ڕەگەزی بێ مۆڕاڵ و شەڕی بە وەکالەت لەنێو کۆمەڵگەی کوردییدا هۆی سەرەکیی گەشەکردنی گروپی چەکداری بچووکی پێکهاتوو لە هۆز و سەڕۆک هۆز، عەشیرەت و دروستبوونی مافیا و گروپی ڕێگری چەکدار و دز و قاچاغچی مادەی هۆشبەر و پیاوکوژە. مەترسیەکی ئێجگار مەزنە کە هەڕەشە لە کەرامەتی تاک و خەڵکی سیڤلی ئەو ناوچانە دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە