ڕۆژئاوا قیبلەی مۆڕاڵ و بەرخوردانە!

Wednesday, 10.09.2019, 21:28

1958 بینراوە


لە دنیای ئەمڕۆی بەرژەوەندیی و ملشکاندن و دەستکەوتی پارە و سەرمایەدا، ئەگەر کەمیش بێت، مۆڕاڵ و خوڕەوشت هێشتا دوو بابەتی گرنگن کە لە ویژدانی گەلێک مرۆڤدا ماون و بە پراکتیز دەکرێن، ئەگەر ڕۆشنایەکەی بە ئەندازەی ئەوە نەبێت کە بتوانێت هەموو جیهان ڕووناک بکات، ئەوا بێ گومان تروسکاییەکە کە هیوا بەخشە و دەروازەیەکە کە ئایندەی دنیایەکی ڕووناکی لێوە بەدیدەکرێت.
خەباتی ڕۆژئاوایەکان، گەلێک دیاردەی تازە و دەستکەوتی بەنرخی بۆ میللەتی کورد بەدەستهێنا وەک، بەجەماوەرکردنی جوڵانەوەکە، پێشڕەوەی و ئامادەیی ژنان لە بزوتنەوەکەدا. بوونی ئەجێندا و ستراتیژیەتی تایبەت، ملکەچنەکردن بۆ داوا و خواستی زلهێزە ناوچەیەکان و دنیا نمونە، زۆربوون ئەوانەی کە پێیان وابوو بۆ ڕاگرتنی دڵی تورکیا لە کۆبونەوە، گرتبوونەوە و خۆپیشاندانە جەماوەریەکاندا وێنەی ئۆجەلان بەرز نەکەنەوە، بەڵام ئەوان پێداگریان کرد لەسەر ئەوەی کە ئەمە سەڕۆکێکە ئەو بەشەی کوردستانیش بە سەڕۆکی خۆیانیان قبوڵە و بەناڕەوا لە زیندانی تەنیای تورکیایە. بە سووربوون لەسەر دروشم، ئاڵا و وێنەی ئۆجەلان توانیان پارێزگاری لە پێگەی جەماوەری خۆیان بکەن و هەژماریش بۆ ئەردوغانی کەچە نەکەن. لە ئاکامدا دەردەکەوێت کە ئەوانەی پلان و ستراتیژیەتی ئەو هێزە دادەڕێژن، چاویان لە پۆست بەرژەوەندیی تایبەتی و پارە نییە، دڵنیابوون لەوەی هەتا ئەگەر لەژێر ناوی تاکتیک و دیبلوماسی بووندا هەڵوێستی سیاسی و سەربازیی لاوازیش بنوێنن، هیچ گۆڕانکاری لە هەڵوێستی زلهێزەکانی ناوچەکە و دنیا ناکات، لە تێڕوانیان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ پرسی کورد. لە ئەنجامدا نواندنی هەڵوێستی لاواز دەبێتە هۆی شەرمەزاری بوونیان، گەڵاڕێزانی پارتەکەیان هاتنی خەزانی سیاسی تەمەنیان، نەمانی متمانەی خەڵک و دووبارە بوونەوەی ئەزموونی ئەمڕۆی باشوور.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە کوردستاندا، گروپ و میلیشیای نافەرمی و بەکرێگیراوی سەر بە زلهێزەکانی ناوچەکە و دنیا زۆرن، کە بۆ گەلانی دنیا ئاسان نەبوو و نییە لەنێو ئەو ئاڵۆزیەدا جیاوازی لە نێوانیاندا بکەن، بەڵام بەرخوردانی کوردانی ڕۆژئاوا و یەپەگە سەلماندیان کە ئەوان گروپ و میلیشیای بەکرێگیراو نین، شەڕی بەوەکالەت بۆ کەس ناکەن، هەڵگری نامە و ناسنامەی جوڵانەوەیەکی ڕەوا و ئاشتیخوازن، هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی مافی چەوساوەکانی ئەو دەڤەرە و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی. لە ئاکامدا تا هەنووکە هیچ پارتێکی کوردی نەیتوانیوە بە ئەندازەی ئەوان سەرنجی دنیا بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، لە هەموو ممیبەرێکی نێونەتەوەیدا، چی لەسەر ئاستی سیاسەتمەداران، شرۆڤەکاران، نووسەر، هونەردۆست تا دەگات بە دەنگی شەقامی نێونەتەوەیی بە تایبەتی لە ئەمریکا و ئەوروپا ڕەوای بە پرسی کورد بدەن، خەڵک لەسەریان دەنگ هەڵبڕێت و سەرزەنشتی بڕیاری سەڕۆکی ئەمریکا بکەن، لە ڕێگە دان بە تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ ئەو ناوچانە، ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ مرۆڤایەتی، ڕۆژئاوا و پرس و جوڵانەوەی میللەتی کورد.
بە درێژای مێژووی شەست ساڵی ڕابردووی بەرخوردانی نوخبەی بەشداربووی شۆڕشەکانی باشوور، چەند جارێک بەم ئەزموونەی ئەمڕۆی هێزی یەپەگە و کوردانی ڕۆژئاوا تێپەڕبوون، بەڵام ئەوان وەک شۆڕشگێرە ڕۆژئاوایەکانی ئەمڕۆ خۆشبەخت نەبوون، سەڕۆکەکانیان لە یەکەم تەنگەژەی سیاسیدا، لە یەکەم هەنگاوی پشتکردنی شا، کۆماری ئیسلامی، سەدام، ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا و ڕوسیا ئاشبەتاڵیان جاڕدا، سنووریان بڕی، بەرەو ئەمریکا و ئەوروپا ڕایانکرد، چۆکیان بە سەدان هەزار، دواتر بە دەیان هەزار شۆڕشگێر دا و چەکیان پێ فڕێدان، خەبات و ماندووبوونیان بەهەدەر دان و لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووشدا شەڕی بەوەکالەتی ئیرانیان کرد.
هێز و توانای ڕۆژئاوایەکان لەسەر دەستی هیچ زلهێزێک دروست نەبووە، ئەڵبەتە بە شێوەیەکی سروشتی لە منداڵدانی چەوسانەوە و نەهامەتی، لەسەر دەستی کەسانێکی بەویژدان، دڵسۆز و خەباتگێر لە دایک بووە. پێش ئەوەی ئەمریکا یان هیچ زلهێزێکی دیکە لەو ناوچانەدا هەبن، بەبوونی سەڕۆکی دڕندەی وەک ئەسەد و ئەردوغان و سوپاکانیان ئەوجا ڕۆژئاوایەکان و یەپەگە لە کۆبانی بڕیاری بەرگریان دا، سەلماندیان کە مردن لە پێناو ئازادیدا ژیانە، بۆیە بە کشانەوەی ئەمریکا ئەو هێزە دڵی لە لێدان ناکەوێت، ئەڵبەتە سەرەتایەکی دیە، کە بارودۆخێکی تایبەتی هەیە، کە هەرگیز بە بەراوردکردن لەگەڵ قۆناغەکانی ڕابردوودا بە درێژای مێژووی کورد لەو دەڤەرەدا سەختر نابێت و نییە.



(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 5/5)