مەلا بەختیار لاسایی نەوشیروان مستەفا دەکاتەوە!

Tuesday, 01/10/2019, 16:06

13902 بینراوە


لە باشووری وڵاتدا، لە دوو دەیەی ڕابردوودا جگە لە دیاردەی گەندەڵی و قۆڕغکردنی سامانی گشتی، بە خێزان و بنەماڵە کردنی حزب و دامودەزگە حکومیەکان، هەل ڕەخساندن بۆ دروستبوونی لەشکرێک لە ماستاوچی و بەرژەوەندیپەرست کۆمەڵێک دیاردەی دی سەریان هەڵدا بۆ قۆڕغکردنی دەنگی ناڕەزا و توڕەیی شەقام، ڕێکخستنیان لەنێو قەوارە و چوارچێوەی بزوتنەوەی سیاسی و ڕۆشەنبیری، بەمەبەستی هێورکردنەوەی شەقام بۆ بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران، بەردەوامیی دان بە هەمان سیستەم و پشتیوانی کردن لە هەمان کەس و دەسەڵات بەرامبەر ژێربەژێر وەرگرتنی دۆلار، خۆ دەوڵەمەند کردن، دابینکردنی سامان بۆ ئایندەی بەچەکان و ڕێککەوتن لەگەڵ دامودەزگە جاسوسی و هەواڵگری ناوچەکە بۆ پاراستن و دابینکردنی شەقامێکی ئارام بۆ سەرکەوتنی ئەجێندای دەرەکی.
ئەمڕۆ لە باشوور واقعێکی تاڵ هاتۆتە پێشێ، زۆربەی سەرانی پارتەکانی باشوور بە تایبەتی سەرانی یەکێتی و گۆڕان، بۆ وەرگرتنی پۆستی حکومی ژێربەژێر یان بە ئاشکرا لەلایەن پارتیەوە کڕاون، هەنووکە وەرزی وەرینی گەڵای حزبەکانە جگە لە پارتی. لە ئەنجامدا ئەندام و لایەنگری ئەو حزبانە تووشی پەرتەوازەیی و سەرگەردانی سیاسی هاتوون. بۆشایەکی سیاسی لە بوونی حزبێکی ئۆپۆزسیۆن لە گۆڕەپانی سیاسیدا دروستبووە. دەنگی ناڕەزا لەنێو میللەتدا گەیشتۆتە لووتکە. بۆ ڕیگریگرتن لە تەشەنەکردنی دەنگی ناڕەزا و کۆکردنەوەیان لە ڕێکخراوێکی ڕۆشەنبیری یان حزبی بۆ غافڵکردن و دابینکردنی شەقامێکی ئارام بۆ دەسەڵاتدارانی هەولێر و سلێمانی زەرورەتە کە ئەم کارە تەنیا بەو کەسانە دەسپێردرێن کە پیاو و ماستاوچی خۆیانن و لە پەرێزی ئەواندا دەلەوەرێن و قەڵەو بوون.
ئەزموونی قۆستنەوەی دەنگی ناڕەزا و کۆکردنەوەیان لە قەواریەکی ڕۆشەنبیری لە باشووری کوردستاندا تازە نییە، هەر چەند ساڵێک لەمەوبەر لەژێر ناوی "کۆمپانیای وشە" دەزگەیەک دروستبوو کە سەرکەوتوانە توانی دەنگی ناڕەزای شەقام و نێو یەکێتی هەڵمژێت و ببێت بە "بزوتنەوەی گۆڕان" ئینجا لە خزمەت دەسەڵاتدارانی هەرێم بەکاریان بهێنێت. دواتر ببێت بە میراتی سیاسی و کۆمەڵێک لەسەرانی ئەو بزوتنەوەیە بۆ گیرفان پڕکردن ئەمڕۆ بیکەن بە پێبلکە و پۆستی کارتۆنی پێ وەربگرن.
بزوتنەوەی ڕۆشەنگری مەلا بەختیار، کتومت لاسایی کردنەوەی ئەزموونی کۆمپانیای وشە و بزوتنەوەی گۆڕانە. هەوڵدانە بۆ وەرگرتنی بودجە، کۆکردنەوەی قەڵەمی یاخی، کۆکردنەوەی ئەندام و لایەنگری پارتەکانی دیکەی پەرتەوازە بوو و دەنگی شەقام و هێورکردنەوەی دۆخی باشوور بە جۆر و دڵی دەسەڵاتدارانی هەرێم. لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێت کە ئایندە و ڕۆژگاریش با سەنگی مەحەکی ئەو بۆچوونە بێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە