ڕۆژئاوا و باشوور، دیمەشق و بەغداد دوای ڕۆیشتنی ئەمریکا!

Tuesday, 15/10/2019, 21:35

7208 بینراوە


ڕۆژئاوا، بەخەبات و ماندووبوونیان مێژوویەکی جوانیان تۆمارکرد. شۆڕشگێری، خۆڕاگری، سووربوون لەسەر پرنسیپ و خوڕەوشت و مۆڕاڵ تێکەڵاوەیەک بوو، کە بوو بە سروشتی ئەو هێزە و بەو جۆرە بە دنیا ناسێندرا. لەبەرئەوە لەم تەنگەژە سیاسیەی کە هەنووکە پێیدا تێدەپەڕن لایەنگریەکی بێ هاوتایان لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، شەقام و زۆرینەی سادەی میللەتان هەیە، کە لە ئاکامدا بوون بە نمونەی هەرە جوان بۆ ناساندنی کورد بە دنیا کە بەدرێژایی مێژووی پڕ نەهامەتی میللەتەکەمان هیچ شۆڕش و هێز و پارتێکی کوردی نەیتوانیوە ئەوە بکات، وێرای ئەوەش، ئەمڕۆ ئەم ئەزموونە پێمان دەڵێت کە مەحاڵە ئاوەدانکرنەوە، بیانکردنی کۆشک و باڵاخانە و ئیدارەی سەربەخۆ لەسەر خاکی گەماڕۆدرا و داگیرکراودا.
کوردستان وڵات و خاکێکی گەماڕۆدراوی داگیرکراوە، نەتەوەیەکە یەکگرتوو نییە، بێ سوپا و بێ ئیمکاناتی ئابووری و چاولەدەستانە. وڵاتەکەمان لەم پێناسەیە زیاتر هیچی دیکە هەڵناگرێت. هەر نەتەوەیەک، لەم قۆناغەدا بێت، پێویستی بە شۆڕشی بەرەنگاری هەیە لە فۆرمێکی گونجاودا، جا چی خەباتی ژێرزەمینی و شەڕی پارتیزانی بێت، یان هەر خەباتێکی دی. واتە ناتوانێت وەک وڵاتێکی ددانپێنراوی خاوەن ئاڵا و سوپا شەڕی ڕووبەڕوو لەگەڵ سوپای زەبەلاحی وڵاتان بکات یان ئیدارەی خۆجێی دابمەزرێنێت. ئەگەر بشتوانێت ئەوە بکات ئەوا تەنیا بۆ کاتێکی مێژووی دیارکراو دەبێت، هەمیشە لەژێر هەرەشەی مەترسی و گۆڕانکاری دۆخی سیاسی و سەربازیی دەرەکیی دەبێت. لەو دیدەوە ئەوەی لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستاندا بیناکراوە سەرەڕای بوونی جیاوازی لە سروشتی پارتەکان، سەڕۆکەکانیان، دروشم و خۆڕاگریان، پێگەی جەماوەریی و نێونەتەوەییان بەڵام لەیەک شتدا هاوشێوەن کە ئەویش بیانکردنێک بووە لەسەر خاکێکی داگیرکراودا.
ڕۆژئاوا، جگە لە حکومەتی ئەسەد، ڕوسیا و ئیرانیش خۆیان بە خاوەنی دەزانن کە هەردووکیان سوپا و میلیشیاکانیان بۆ کورد هەر وەک سوپا و میلشیاکانی تورکیایە. واتە ئەگەر هەسەدە لە توانایدا هەبووایە لەشکرکێشی تورکیاش بشکێنێت، ئەوا سەدا سەد جەنگی ئیران و ڕوسیاشی لە چاوەڕوان بوو. لە ئەنجامدا ڕۆژئاوا لەلایەن ئەوانەوە داگیردەکرا کە بۆ کورد لە داگیرکردنی تورکیا چبڕ کەمتر نەدەبوو. لەبەر ئەوە هەڵبژاردەی ڕێککەوتنی یەپەگە لەگەڵ حکومەتی ناوەند واتە ئەسەد، دوای کشانەوەی ئەمریکا و پشتکردنی لەکورد و لەشکرکێشی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا، بە ناچاری هەڵبژاردەیەکی تاڵە، بەڵام لەم دۆخەدا بۆ پارێزگاری کردن لە گیان و ماڵی میللەت، نەکردنی کورد بە قەڵغانی مڕۆی بەرامبەر بە سوپا و هێز و میلیشیای بەکرێگیراوی سەر بە ئەردوغان، هەڵبژاردەیەکی گونجاوە و شەفافانە پەیڕەو کرا.
دەسەڵاتی سیستەمی دیموکراتی لەلایەن ئەسەد و حزبی بەعس لە داهاتوودا گەرەنتی نییە، بەدەستهێنانی مافی نەتەویی کوردیش مسۆگەر نییە. ئەزموونی گوزەرانی کورد بەدرێژایی مێژووی سەد ساڵ لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بە تایبەتی لەژێر دەسەڵاتی حزبی بەعسی سوریدا، پێمان دەڵێت، کە ڕژێمی ئەسەد جێگەی متمانە نییە، لە داهاتوودا سەرکردەکانی یەپەگە دەکەونە ژێر مەترسی تیڕۆڕکردن چی لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە یان چی بە هەڵکردنی چرای سەوز بۆ تورکیا بۆ لەناوبردنیان، وەک تیڕۆڕکردنی ٣٠٠ کادیری پێشکەوتووی حزبی دیموکراتی ئیران لە سلێمانی و هەولێر لەلایەن ئیرانەوە.
سوپای سوریا لە یەکەم هەنگاویاندا بۆ ڕۆژئاوا، دەستیانکردوە بە دڕاندن و لابردنی ئاڵا و لۆگۆ و دروشمی یەپەگە، کە ئەمە ئاماژەیەکی باش نییە و نیەت سافی ڕژێمی ئەسەدی پێوە دیار نییە. بوونی هێزی شەرەڤانان بە فەیلەقێک لە سوپای سوریا بۆ ئەو دۆخە ڕەنگە مەرجی دیمەشق بێت، بەڵام لە داهاتوودا ئەسەد ڕێگر دەبێت کە شەرەڤانان وەک جاران ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت و لەژێر داوای پەیەدە یان هەسەدە ئارستە بکرێن. کەواتە یەپەگە دەبێت وریا بێت لە پارێزگاری کردن لە سروشتی ئەو هێزە و مانەوەی وەک ئەمڕۆ. ئەزموونی گەلان بە درێژایی مێژوو ئەوەی سەلماندوە کە بۆ میللەتانی ژێردەستی خاک داگیرکراوی بێ ژێرخان و سەرخانێکی پتەوەی وەک میللەتی کورد، تەنیا خەباتی ژێرزەمینی و شەڕی پارتیزانی ئولتەرنەتیڤی بەهێزە بۆ پاراستنی ناوبانگی هێزی چەکدار و لەکەدار نەکردنی.
لە باشووری وڵاتیش پەیکەرێکی سیاسی بە ناوی هەرێمێکی بچووک هەیە، کە سێ بەشی خاکی باشووری لە سنووری جوگرافیا و چوارچێوەی ئەو هەرێمەدا نییە و لەسەر خاکێکی داگیرکراودا بە پشتیوانی ئەمریکا دامەزراوە. عیراق لە باشوورەوە تا باکووری، لەگەڵ بوونی پارت، ڕێکخراو، سەڕۆک، وەزیر، پەرلەمان و دامودەزگەی دی، بەڵام هێشتا لەژێر دەسەڵاتی ئەمریکا و ئیرانە، دەستنیشانکردن و دەرچواندنی کەسەکان لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ پۆستە باڵاکانی عیراق و هەرێم تا هەنووکە بە هەوڵ و هیمەتی دەسەڵاتدارانی ئیران بووە. کەواتە باشووری کوردستان جگە لەوەی کە لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی وەک وڵات نەناسێنراوە، ئاڵاکەی قبوڵنەکراوە، خاوەن سوپا نییە، مافی کڕینی چەک و تەقەمەنی و فڕۆکە و زریپۆشی نییە. هەرێم خاوەن بنەمایەکی ئابووریی نییە، ئەو دەرامەتەی کە هەیە قازانجەکەی لە ژمارە حیسابی سەرانی پارتەکان و سەڕۆکەکان دەکرێت. لەچەند شارێکی کوردستاندا کۆشک و باڵاخانە لەسەر ئەرزێکی داگیرکراودا دروستکراون. بە واتەیەکی دیی ئەو پەیکەرە کارتۆنییە لەسەر بیناغەیەکی فشەڵ وەستاوە. پاراستنی ئەو پەیکەرە بەوە نابێت لەژێر ناوی دیبلوماسیدا ببێت بە جاشی تورکیا، ئیران یان هەر لایەنکی دی و گرێبەستی نەوت و بازرگانی بکەیت.
عیراق لە نێوان ئەمریکا و ئیران هێشتا ساغ نەبۆتەوە، هەروها لە ساڵی ٢٠١٤وە ئیران عیراق بەرەو ئەوە دەبات لە ڕوسیا نزیک بێتەوە کە هەمیشە هەر سێ لا جەختیان لەپاراستنی یەکپارچەیی عیراقیش کردۆتەوە، وێرای ئەوەش ڕوسیا بە سەرپەرشتی تاران، ژێربەژێر لە هەوڵی پڕچەککردنی سوپای عیراقە. ناوی عیراقی فیدڕاڵی و سیستەمی تەوافق و پشک، دروستکردنی هەرێم لەسەر داوا و پێداگری ئەمریکا بوو. واتە ئەمریکا هەر کاتێک یان ئەگەر بڕیاری کشانەوە بدات، ئەوا سوریا ئاسا وڵاتەکە بۆ تورکیا، ئیران و ڕوسیا بەجێدەهێڵێت، ئەو کات لەژێر فشاری گەلەکۆمەکێ، لەشکرکێشی و بەکارهێنانی هێز وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوویدا، عیراقی فیدراڵ، سیستەمی پشک و تەوافق نامێنێت کە بڕوای بە دابەشکردنی عیراق هەبێت و هەرێمی کوردستان خاوەن خودموختاری یان هەرێمی سەربەخۆی بێت، ئەوجا بە شێنەیی سوپای عیراق بۆ سەر سنوورەکان دەگەڕێتەوە، هێزی پێشمەرگەش دەکەن بە فەیەلەقێک لە سوپای عیراقی و لە کۆتاییدا دەبێت بڵێین، ئاو بێنە دەستان بشۆ!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە