با واتەرلۆ لەبیربەرین

Thursday, 05/12/2019, 17:40

8854 بینراوە


پێنجی نۆڤەمبەر خۆپیشاندان و مانگرتنی گشتیە دژی ڕیفۆرمی ماکرۆن، خوێندکار و مامۆستا و کرێکارو فەرمانبەرانی خەستەخانە و هێلەکە زەردەکان و ...تاد ، هەمویان دێنە سەر جادە. هەندێک لە ئەنتەلەکتوێلی ئەمەریکی و ئەوروپی ئەم هەڵسوکەوتەی فەرەنسی کە نایانەوێت ژیانیان بگۆڕن بەو بارەی کە کاپیتالیسم گەرەکیەتی بە هەڵسوکەوتێکی ئەریستۆکراسای دەبینن.
دنیا تەواو گۆراوە، وەک ئەوەی کە خەڵکی ئیتر تێگەیشتبن لەوەی کە هیچ ئەلتێرناتیڤێکی تر نەمابێت و چارەسەر تەنها ئەوەبێت وەک قەدەرێک هەمو شتێک قبول بکرێت. جاران دەیان وت ؛ فەرەنسیەکان شۆڕشگێڕن.
راستە دیاردەیەکی ئەریستۆکاسی هەیە لە جۆری ژیانی فەرەنسیدا، وەک پیکاسۆ دەیوت ؛ فەرەنسا ئەو ولاتەیە کە هۆشمەندە بە لەزەت، کچێکی توریستی ئەمەریکی وتی:
faking hell you live in the castlel.
واتە ؛ ئێوە لە کۆشکا دەژین. زۆر لەو ئەوروپیانەشی کە دێنە فەرەنسا و بە جۆری ژیانی فەرەنسی ئاشنا دەبن؛ سویدی و ئەمەریکی و هەندێک جار ئینگلیزیش، دەبنە کەسانێکی ناسیۆنالیستی فەرەنسی و بەرگری لە جۆری ژیانی فەرەنسی دەکەن، وەک مۆدێلێکی گونجاو بۆ ژیان.
لەسەفەرێکمدا بۆ سانفرانسیسکۆ، مامۆستایەکی دانشگای بێرکلەی، وتی ئەگەر راستت ئەوێت لەم ئەمەریکایەدا، کتێبێکی ئەدەبی فەرەنسی بگرە بەدەستەوە، وەک فەرەنسی هەڵسوکەوت بکە و وەک ئەوان خۆت ببپۆشە، ئەوا خەڵکی ڕێزت لێدەگرێت. بۆیە فەرەنسنیەکان وای دەبینن کەوا خەریکە ئەو مۆدێلەیان پێ دەگۆڕن لەژێر زەبری جیهانگەرایدا و قبوڵی ناکەن.


ئەگەر ناپۆلیۆن لە جەنگی واتەرلۆدا سەرکەوتوو بوایە، ئەوا ئەمڕۆ هەمو جیهان بە فەرەنسنی ئەدوان و وەک فەرەنسی هەڵسوکەوتیان دەکرد و وەک فەرەنسیش ئاموغییان دەکرد، شکستی واتەرلۆ بەهۆی ئازاری گەدەی ناپۆلیۆنەوە هەموو شتەکانی گۆڕی و جیهان بووە مۆدێلی ئینگلیزی، بەلام مۆدێلی فەرەنسی لای ئەریستۆکراتەکانی جیهان پەیڕەوی دەکرا. بۆیە میتران بە پرۆژەی هێڵی ئۆرۆستار ئەنگلتەرای بەسەتەوە بە ئەوروپاوە هەتاوەکو وەک جەزیرەیەکی دابڕاو نەمێنیتەوە، ئەمەش وەک پرۆژەی ئەوروپایەکی یەکگرتو کە خەونی ناپۆلیۆن بوو بەجەنگ، پاشان لەسەردەمی مۆدێرندا بووە خەونی هەموو پیاوانی سیاسی فەرەنسا.
هێڵی ئۆرۆستاریش گەیشتە ستەیشنی واتەرلۆ، وەک بینیمان لە ڕۆژی گەیشتنی شەمەنەدەفەرەکە، شاژنی ئینگلتەرا لەگەڵ میتراندا وتارێکی بەفەرەسنی خوێندەوە، کە فەرەنسیەکەی لە من خاستر بوو. هەموویان فەرەنسی دەزانن بەلام پێی نادوێن. ئەوەبوو لەم چەند ساڵەی دواییدا ستەیشنی واتەرلۆیان گۆڕی بۆ سانت سەنتراس، بۆ ڕێکلامی گوێزانەوەکەشی نووسیبویان ؛ با واتەرلۆ لە بیربکەین. هەرچەندە ئەم وتەیە ڕێکلامێکی بازرگانی بوو، بەلام کاریگەری سیاسەتی لەپشتەوە بوو وەک هاندانێک بۆ چونە ناو ئەوروپا و لەبیربردنەوەی شەڕ و ناکۆکیەکانی مێژووی نێوان ئینگلتەرا و فەرەنسا، لە پێناوی ئەوروپایەکی یەکگرتوو. پاشان میتران کە کاراترین ئەکتەری ئەوروپایەکی یەکگرتوو بوو لەدوای ژەنەراڵ دگۆل، ئاوڕی دایەوە بەرەو ئەڵمانایا.


فرانسوا میتران، لە یادی شۆڕشی فەرەنسیدا کە هەموو ساڵێک پارادی ئەسکەری دەکرێت، لەسەر جادەی شانزێلیزێ دەستی ئێلموتکۆلی گرتبوو، لە پشتیانەوە تانکی ئەڵمان لەگەڵ لەشکری فەرەنسیدا تێکەڵ بووبوون، فەرەنسیەکان بەبینی ئەو دیمەنە توشی شۆک بوون، وتیان چۆن؟ لەدوای شەڕی دوەمی جیهانی و نازیەکان، جارێکی تر دەبابەی ئەڵمان بۆی هەیە بەجادەکانی پاریسدا بێت و بڕوات ؟ بەلام فرانسوا میتران وتی ؛ ئەگەر ئەتانەوێت ئەوروپایەک دروست بکەین، دەبێت هەنگاوی گەورە بنێین. بۆیە لەو کاتەوە زاراوەی کەپڵی فرانکۆ ئەڵامان بۆتە مۆد لە وتار و دیبەتیەکاندا، ئەڵمانیا و فەرەنسا دوو وڵاتی پێشەنگن لە دامەزراندنی ئەوروپا. وەک بینیمان، ئەمەریکا، ئینگلتەرای برد بۆ خۆی و ئەوەش گورزێکی کوشندەبوو، هەرچەندە ئینگلتەرا هەر لە مێژەوە دەیویست بە قانونی خۆی و وەک ئەوەی کە خۆی ئەیەوێت بێتە ناو ئەوروپاوە، وەک تورکیا.
ئا لەو کاتەدا کە فەرەنسای میتران ببووە ئەکتەرێکی کارا، ئۆرگانیزاسیۆنی گرینییس کە ئۆرگانیزاسیۆنێکی ئیۆکۆلۆژیست و پاسیفیکە، دژی بەرژەوەندیەکانی فەرەنسا لەهەموو جیهاندا ئەجەنگان، بەجۆرێک یەکێک لەئەندامە سەرەکیەکانی وازی هێنا و لە بەرنامەیەکدا باسی ئەوەی دەکرد، کە لە هەموو کۆبونەوەیەکدا تەنها باس باسی فەرەنسا بووە، کە چۆن دژی بەرژەوەندەیەکانی فەرنسا ئۆپەراسیۆن بکەن، ئەویش دژی ئەوە وەستابوە و وتبوی کە ئەوان ئۆرگانیزاسیۆنێکی ئیۆکۆلۆژیستن دژی هەموو ولاتێک دەوەستنەوە کە ژینگە پیس دەکەن، نەک تەنها فەرەنسا. بۆیە بە داخوازی میتران لە ئۆپەراسیۆنێکدا دوو کەسایەتی گرینپیسیان کوشت لە ولاتێکی باکوری ئەوروپادا و بوو بە هەڵا، هەر ئەو سەردەمەش، کۆبونەوەیەکی سەرکردەکانی گرینپیسیان پیشاندا، بە چاویلکەی ڕەشەوە لە کۆبوونەوەیەکدا بەشەو، زیاتر لە سێکتێک دەچوون هەتا ئۆرگانیزاسۆنێکی ئیکۆلۆژیست. ئەم دژایەتیکردنەی فەرەنسا لەلایەن هەندێک لە ئۆرگانیزاسیۆن و ولاتانی ترەوە لەڕاستیدا دژی ئەو پرۆژەیە بوو کە فەرەنسا هەوڵی بۆ ئەدا هەر لە مێژەوە، هەتاوەکو فەرەنسا و ئەوروپا نەبنەوە بە هێزێکی باڵا لەچیهاندا وەک چۆن لە ڕابوردودا.

شەڕی دووەمی جیهانی گەورەترین زیانی بە ئەوروپا گەیاند، نیو سەدە پرۆژەی ئەوروپای دواخست، هەموو هونەرمەند و ئەنتەلەکتوێلەکانی ئەوروپا روویان لە ئەمەریکا کرد، بەوە ئەمەریکا مێژویەکی بۆ خۆی دروستکرد، راستە ئەمەریکیەکان زیانێکی مرۆیی زۆریان دا و هەتا ئێستاکە خاکی فەرەنسا پڕن لە گۆڕستانەکانی سەربازی ئەمەریکی، بەڵام ئەمەریکا قازانجێکی ئێجگار گەورەی کرد، لە بواری ئابوری ستراتیژیدا، بووە سەنتەری جیهان.

ئەم سێ ولاتەی ئەورپا؛ ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، کە ئەمەریکیەکان بۆ گاڵتە پێکردن پێیان، دەڵێن ؛ ئەوروپای پیر، هەر یەکەیان هەوەسێکی مێژویی لە پشتی ستراتیژی بڕیارەکانیانەوەن، ئەڵمانیا لەدوای شەری یەکەمی جیهانی لەبەر ئەوەی کە ناهەقیەکی زۆری لەگەڵ کرا، بۆ تۆلەسەندنەوە، بەتایبەتی لەفەرەنسا، هیتلەرهەر لە هەمان ڤارگۆنی شەمەندەفەری فەرەنسیدا کە ئیمزای کۆتایی شەڕی جیهانی یەکەمی تێداکرا لەگەڵ ئەڵمانیادا، ئیمزای بە مارێشال پێتانی فەرەنسا کرد وەک تۆڵە سەندنەنوە، بەلام دوای شکستی نازیەکان، ئەڵمانیا هەمیشە وەک مەترسیەک بینراوە، کە جارێکی تر بە فکرەی نازیسم بێتەوە کایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە نەتوانێت ببێتە پێشەنگ لە ئەوروپا، بۆیە ئەو هەوەسەی خستە بواری هیزی ئابوری، ئێستاکەش بە تەنیشت فەرەنساوەیە لەو پرۆژەیەدا بەهەندێک جیاوازی کەم، پەیوەندیەکانیان لەبواری پیشەسازی و ئابوریدا گەیشتۆتە ئاستێک کە پێیان دەڵێن: (کەپڵی فرانکۆ فرەنس). ئەوەی تەنگژی دەنێتەوە ئینگلتەرایە، لەبەر ئەوەی کە ئینگلتەرا ئەوخەونی داگیرکردن و فراوان کردنی دەسەلاتەی نییە، لەبەر ئەوەی کە ئەو خۆی بە مێژوو ئەو دەسەلاتەی هەبووە و نەیدەویست بتوێتەوە لە ئەوروپادا، زمانەکەی جیهانیە و هەموو خەڵکی سەرزەوی پێی ئەدوێت، هەرچەندە کاتێک ویستیان بچنە دەرەوە لە ئەوروپا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپی پێی وتن ؛ ئاگاداربن، ئەگەر بچنە دەرەوە لە ئەوروپا ئەوا زمانی ئنگلیزی نابێتە زمانی رەسمی ئەوروپی، بەلام وادیارە زەحمەتە کە زمانێکی تر جێی زمانی ئینگلیزی بگرێتەوە. بۆیە ئەوروپا هەرگیز خەونی ئینگلیز نەبووە. ئەوەی دەمێنێتەوە ئێستاکە خەونی فەرەنسایە، کە وەک خەونێکی کۆنی مێژویی ناپۆلیۆن، پاشان ژەنەرال دگۆل و میتران، ئەمڕۆ ماکرۆن. ئەبێت بوترێت کە هەمو سەرەک کۆمارێکی فەرەنسی کاتێک دەسەلات وەردەگرێت، پرۆگرامی ئەوروپا ڕێنمایەکە و هەریەکەیان دەبێت هەنگاوێک بچێتە پێشەوە لە پرۆژەکەدا، ئەمڕۆ پرۆژەی ماکرۆن دوای دروستبونی ئەوروپای ئابوری، هەوڵی سوپایەکی یەکگرتوو بۆ ئەوروپا ئەدات. بۆیە پرۆژەی ئەوروپا وەک پرۆژەیەکی فەرەنسی دەبینرێت وەک خەونێکی کۆنی ناپۆلیۆن. ئەو دژایەتیەی کە ئۆردوگانیش دژی فەرەنسا، هەر تۆلە سەندنەوەی ئەوەیە کە فەرەنسا نەیدەویست تورکیا بێتە ناو ئەوروپاوە، بۆیە ترەمپ باوەشی بۆ کردۆتەوە، بەڵام ئۆردوگان باش دەزانێت کە قازانجی ئەو لەبازاڕی ئەوروپایە نەک ئەمەریکا.

ئەگەر فەرەنسا ئەکتەرێکی کارایە لە دروسکردنی ئەورپا لەبەر ئەوەی، کە لە بواری سەربازی و ئەتۆمی و هەندێک پیشەسازیدا پێشکەتوە و دەیەوێت ئەو پرۆژانەی بەهەماهەنگی ئەوروپایەکی یەکگرتو فراوان بکات بۆ بەدەست هێنانی دەسەلاتێکی فراوانتری ئەوروپا لە جیهاندا وەک چۆن لە ڕابوردودا، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ ولاتیکی ئەوروپی بەتەنها ناتوانێت ڕکابەری روسیا و چین و ئەمەریکا و ئاسیا بەتەنها بکات، هەروەها فەرەنسا رووبەڕوی نەگژیەکی زۆربۆتەوە لە ناوخۆدا بەبۆنەی ئیسلامیەکان و دابەزینی باری ئابوریەوە، بۆیە ئەم پرۆژەیە وەک دەرگایەک بۆ رووبەروبونەوەی ئەم تەنگژیانەیە هەتاوەکو ببێتەوە بە ئەکتەرێکی گرنگی ئابوری لە جیهاندا وەک لە رابوردودا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە