کاپیتالیسم لە پاریس دەمرێت ..

Tuesday, 10/12/2019, 23:40

8421 بینراوە


هۆنراوەیەکی پیرەمێردە، دێرەکانیم بیرچۆتەوە ، بەڵام باس لەوە دەکات کە شەوەزەنگە و کەسێک لە بەفردا چەقیوە، ئەوەی هیوای ئەداتێ کە خۆی ڕزگار بکات لەو بەفرەدا، تروسکایی ئاوەدانیەکە لە دورەوە کە دەدرەوشیتەوە. بۆیە هیلاکبونو ماندوبون دەگەڕینەوە بۆ بێ هیوایی. ئەگەر عەشیرەتی مەسعودبارزانی ملیارەها دۆلاریان خڕکردۆتەوە لە بانکەکاندا لەبەر ئەوەی کە هیچ ئایدیۆلژیەکیان نیەو دەیانەوێت بە دۆلار بەختەوەری خۆیان بەدی بێنن، خۆیان لەو بەفرەدا ڕزگار بکەن، بەلام ئاپۆ و دەمیرتاش پێوستیان بە دۆلار نیە لەبەر ئەوەی کە ئەوان خاوەنی ئایدیۆلۆژیەکن کە وایان باوەڕە مرۆڤ تێیدا بەختەوەر دەبێت نەک خڕکردنەوەی دۆلار.
بەڕیوەبەرەکانی بانک دەڵێن، گوایە بۆیە کریز ( شکست یان تەنگژی) ی ئابوری دروست دەبێت لەبەر ئەوەی کە سەرمایەدارەکان پارەکانیان ناخەنەگەڕەوە و باوەڕیان بە بازاڕ نیە، سەندیکالیستەکانیش دەڵین کە سەرمایەدارەکان دەترسن کە خەڵکی نەتوانێت قەرزەکانیان بدەنەوە بۆیە پارەکانیان ناخەنە گەڕەوە، بەمەش دەڵێن کریزی ئابوری کە ئەمڕۆ هەمو جیهانی گرتۆتەوە و بەم هۆیەشەوە هەژار هەژار تر دەبێتو دەولەمەند دەوڵەمەند تر دەبێت، چینی ناوەڕاستیش نامێنێت. سەرنجیش دراوە کە لەمێژوردا هەرکاتێک جیهان کەوتبێتە ئەم ئەزمونەوە ئەوا بە تەقینەوە، شۆرش یان جەنگی جیهانی کۆتایی دێت، بەڵام هەتا ئێستاکە هیچیان نەبون، ئەوەی دەیبینین تەقینەوەیەی بچوک بچوکەو ناگەن بەهیچ لەبەر ئەوەی کە هیچ ئایدیۆلۆژیەکمان بەدەستەوە نیە وەک چەکێک بەرامبەر بە کاپیتالیسم.
ئێراقیەکان هاتونەتە سەرجادەو هەمو شتێک رەت دەکەنەوە بەڵام پرۆگرامێکی تۆکمەیان پێ نیە دژی سەرمایەداران، مۆدێلێکی تریان پێ نیە بۆ بەڕیوەبردنی ولات، ساڵێکە فەرەنسیەکان دێنە سەرجادە، نزیکەی حەوت سەد بلاک بلۆکی ئەنارشیستو چەند هەزا کەسێکی ژیلێی ژۆن، هەمو شەمەیەک دەیکەن بە فەرتەنە لەگەڵ پۆلیسدا، لەسەدا پەنجاو پێنجی فەرەنسیەکان پشتیوانیان لێدەکەن بەڵام فەرەنسیەکانی تر لەبەر کارکردن ناتوانن بێنە سەرجادە. خۆپیشاندانەکان داوای هەندێک ڕێفۆرمو بەرزکردنەوەی موچەو و کەم کردنەوەی تاکس دەکەن، لەناچاریدا هەر ئاژاوە دەنێنەوە و لە پۆلیس ئەدەنو دوکانو بازاڕ دەسوتێنن، هیچ مۆدێلێکی تریان پێ نیە بۆ ژیانێکی تر.
لەدوای مردنی خوا و کۆمۆنیسم لەئەوروپا، ئەمڕ مرۆڤ هیچی تری پێ نیەو لەو بەفرەدا چەقیوە و تروسکای نابینێت، ئەوەی هەیە لە ئەوروپا نوزە نوزی شەرمنی ئێکۆلۆژیستەکانە بە بێ پرۆگرامێکی تۆکمە کە توانای هەبێت کۆمەڵگە ڕاپەڕێنێت. لە ڕۆژهەڵاتیش بەرپرسەکان نەمام دەنێژن، وادەزانن بنن بە ئێکۆلۆژیست نەمان چاندنە، ئیسلامیەکانیش کە هێزێکی کاران، هەمو پرۆگرامەکەیان لە شەریعەتی ئیسلامیدا کۆدەبێتەوە.
ئەگەر لە رابوردودا ڕژێمی شا ڕوخا، بەیارمەتی هێزەکانی بەرەی چەپ بو کە خۆیان هەڵواسی بو بە خومەینیدا، بەو هیوایەی بەتەنیشت خومەینیەوە بتوانن سیستەمێکی دیموکراسی و سۆسیالیستی پێک بێنن، ئەوەبو خومەینی گسکی لەهەمویان داو خۆی بەتەنیا مایەوە . ئەم ئەزمونە خەریکە لەئەوروپا دوبارە دەبێتەوە و چەپە ساویلکەکانی ئەروپا خۆیان بە ئیسلامیەکاندا هەڵدەواسن، لەبەر ئەوەی کە ئیسلامیەکان ئەمڕۆ لەئەوروپا بەتایبەتی لەفەرنسا چینی خوارەوەی کۆمەڵگە پێک دەهێنن کە جاران لەهەمو شۆڕشیکدا بۆرژوازی بچوک هانی ئەدان بۆ ڕاپەڕین، بەڵام چەپەکان نازانن کە ئیسلامیەکان هیچ چارەسەرێکیان پێ نیە و هیچ مۆدێلێکیان پێ نیە جگە لەبورکەو نوێژو مزگەوت وەک بەختەوەری ق چارەسەر بۆ کۆمەڵگە .
کە خوا نەماو هیوابون بە کۆمۆنیست کۆتایی هات، خەڵکی تەنها بەری لوتی خۆیان دەبینن، بەدوای بەختەوەریدا دەگەڕێن، بۆ ئەمەش سود لەو چارەسەرە کاتیانە وەردەگرن کە سەرمایەدارەکان بۆیان دەخەنە بازاڕەوە، وەک ماساژو کوپەنتورو تەمرینی مێدیتەیشنو خۆ گەنجکردنەوە و نەشتەرگەری بۆ دەموچاو...تاد، بەتایبەتی مەسرەفگەرایی لە کڕینی کەلوپەلی جۆراو جۆر کەهەمو ئەو پارەیەی کە دەستیان دەکەوێت لێیان دەسێننەوە. لەداهاتویەکی نزیکدا پێدەچیت کە مولتی ناسیۆنال پارەیان بداتێ هەتاوەکو کەلوپەلیان لێبکڕن...
من کاتێک لە کوردوستان بوم باسی کاپیتالیستیان بۆ دەکردم مێشکم تەقەی دەهات تێنەدەگەشتم کاپیتالیسم چیەو چی گەرەکە، ئێستاکە پێوستیشم بەوە نیە مارکس بخوێنمەوە، شتەکان پاش رون ( شەفاف)ن لەفەرەنسا، ماکرۆن بۆتە هیپەر لیبراڵ، واخەریکە ئەمەریکاش تێدەپەڕێنێت لەبەر ئەوەی کە دەیەوێت ببێتە هێزێکی جیهانی و ڕکابەری ولاتانی تر بکات بۆیە پاریس بۆتە جێگای شەڕی مولتی ناسیۆنالەکان، شەریکەی ئەڵمانی ئەمەریکی فەرەنسی چینی...تاد، بە بۆنوس رات دەکێشن بەلای خۆیاندا و تۆش سەرت گێژ دەخوات نازانیت کامیان هەڵبژێریت، شەریکە بچوکەکان هەر بەناو ماون، بۆ نمونە شەیکەیەکی وەک ئێربوس هیچ قازانجی نیە، دەستکەوتەکەیان تەنها بەشی تاکسو موچەی فەرمانبەران دەکاتو بەناو ماون، بونەتە کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری. ئەوانەی کە توانیان هەیە تەنها مولتی ناسیۆنالیستەکانن.
ئەگەر خەڵکی نارازینو ژیان بۆتە کولەمەرگی و کەسیش ناتوانێت ئەم سیستەمە بگۆرێت کە تەواو قوفڵ دراوە، کەواتە ئەم ئەزمونە بەرەو کوێ دەمان بات ؟ پێدەچێت کە کاپیتالیسم هەر خۆیان یەکتری لەناو بەرنو داڕمێن، هەرچەندە هەندێک لە بیرمەندەکان وای بۆدەچن کە کاپیتالیسم ناجار دەبێت جۆرێک لە سیستەمی سۆسیالیستی پەیڕەوی بکات، بەلام پێدەچیت کە لە کۆتاییدا داڕمێنو خۆیان بکوژن ، پاشان ئێمەش دەچین لە گۆڕستانی پێغلاشێز دەیانێژین وەک زۆر لە کەسایەتیە ناودارەکانی جیهان کە دێن لە پاریس دەمرن یان کۆتایی بە ژیانینا دەهێنن، بە تەنیشت گۆڕی جۆن مۆریسۆنەوە دەی نێژین، گۆڕی جۆن مۆریسۆن، کە گەنجان حەشیشەی لەسەر دەکێشنو دەخۆنەوە لەسەر گۆڕەکەی ، لەو گۆڕستانەدا کە بۆتە جێگای پیاسە لە ڕۆژانی هەتاودا، ئەوسا منداڵێک لەگەڵ باوکیدا بەتەنیشت گۆڕی مسیۆ کاپیتالیستا تێدەپەڕێت، لە باوکی دەپرسێت کە ئایا ئەو مۆسیۆ کاپیتالیستە کێییە، باوکیشی وەڵامی دەداتەوە کە ئەوە پیاوێکبو بەدوای بەختەوەریدا دەگەرا بەلام هەر نەیدەدۆزیەوە ناچار فیشەکێکی نا بە کەلەی خۆیەوە، مندالەکەشی لێی دەپرسێت؛ بەختەوەری چیە پاپا ؟ باوکیشی دەڵیت ئەوەیە کە من دەستی تۆم گرتوە و پێکەوە بەو گۆڕستانانەدا پیاسە دەکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە