ئەمریکا و هەژموونی چین لە دنیادا (بەشی سێیەم)

Sunday, 05.10.2020, 12:07

3144 بینراوە


چین لە ئەوروپا

 چین چۆن نەخشەی ئابووریی و سیاسی بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لە کێشوەرەکانی دی دنیادا داڕشتوە، بەهەمان شێوە بۆ  ئەوروپاش هەمان ستراتیژ و پلانی هەبووە. دەبێت ئەوە بگوترێت کە کۆمەڵگەی دواکەوتو و هەژار، بۆ وڵاتێکی خاوەن ئەزمونی وەک چین، کۆنتڕۆڵ کردنی ئاسانترە لەچاو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی خاوەن ئەزمون لە هەموو بوارەکاندا، کە لەژێر چەتری سیستەمی دیموکراتییدا گوزەر دەکەن، میدیا، سیاسەتمەدار، ئابووریناس و چاودێران و ڕۆشەنبیرەکانی، ئازادانە پەنجە بۆ هەموو بابەتێک و خاڵێکی بڤە درێژ دەکەن، ڕەخنە لە دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەکە دەگرن، بە ڕاشکاوانە هۆشداری دەدەن، کاتێک کە گرێبەستە ئابووریەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا، مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت، کە بەرژەوەندیی نیشتمانیی، نەتەوەیی، سنووری جوگرافیا، دیموگرافی و جیوگرافیایسیاسیی وڵاتەکەیان بخاتە مەترسیوە.
دیمۆگرافیای کۆمەڵگەی ئەوروپی پێشبینی دەکرێت کە بە سروشتی خۆی بەرەو گۆڕان بچێت، یەکەم: لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا ڕێژەی زاوزێ کەمە، زۆربەی خێزانی ئەوروپی لە دوو منداڵ زێتر ناهێنن. دووەم: پەنابەرێکی زۆر لە دنیادا بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئەوروپا کۆچ دەکەن. سێیەم: ئەوروپیەکانیش گەلێکیان بۆ وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئوسترالیا کۆچ دەکەن.
 
 بێ گومان ئەو جۆرە پێشبینیە بۆ وڵاتێکی وەک چین نامۆ نییە، بۆیە لە ئێستاوە بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ورد لەو ئەگەرە  دەڕوانێت و بەرنامەی دڕێژراوی هەیە بۆ ئەو مەسەلەیە، هەوڵدەدات چینیەکان بۆ ئەوروپا کۆچ بکەن. چین پەنابەرێکی زۆری لە ئەوروپا هەیە، لە بریتانیا لە %٧ دانیشتوانەکەی چینین. لە ساڵی ٢٠١٣دا بە ڕێژەی لە %٣٥ی پەنابەرانی چینی بۆ ئەڵمانیا زیادی کرد. بەگوێرەی سەرژمێری ساڵ ٢٠١٦،  ١٣٦،٤٦٠ چینی هاووڵاتی ئەڵمانین. لە سی ساڵی ڕابردوودا مینای هامبورگ و شەنگەهای پەیوەندییەکی توند بە یەکتریان دەبەستێتەوە. بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠، ٦٠٠ تا ٧٠٠ هەزار چینی لە فرەنسا هەبوون، بێ گومان ئەو ڕێژەیە لەو دە ساڵەی ڕابردوودا زێتریش بووە. هەنووکە ٢،١٥میلیۆن چینی لە کیشوەری ئەوروپادا هەن. لە ئەنجامدا زۆر بوونی ڕێژەی چینی لە بریتانیا تەنیا نیگەرانی بۆ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دروست نەکردوە، ئەڵبەتە لەسەر ئاستی شەقامی بریتانیش ئەو دیاردەیە بۆتە مایەی بێزاری.
پەیوەندیی ئابووریی لەنێوان ئەوروپا و چین مێژوویەکی درێژی هەیە بەڵام لە دوو دەیەی ڕابردوودا چین بەرهەم هێنانی لە ئەوروپ لەچاو جاران زێتر بووە، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتە هەرە دەوڵەمەندەکانی ئەو کیشوەرە وەک بریتانیا، ئەڵمانیا، فرەنسا و ئیتالیا. لە ساڵی ٢٠١٩دا لە گاردیەن جولێت فێرگەسۆن دەنووسێت:  
" بە گشتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا واتە لە ساڵی ٢٠٠٨-٢٠١٨  لە هەموو بوارەکانی ئابووریدا لە ئەوروپا چین بەرهەمهێنەری زێتر لە پێویست زیاد بووە".
زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابووریناسان هۆی ئەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو قەیرانە ئابووریەی کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا ئەوروپا پێیدا تێپەڕی و لەو ساڵەوە تا ٢٠١٦ دابەزینی نرخی یۆرۆ، لەو دۆخەدا چین توانی سوودمەند بێت لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٦دا پەیوەندییە ئابووریەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە پتەو بکات و سەرمایەکی زۆر بخاتە نێو پڕۆژە و بازاری ئەو وڵاتانە بە مەبەستی بەرهەمهێنان و قازانج.  تا ساڵی ٢٠١٨ وەرزی بەهاری تەمەنی ئابووریی چین بوو لە ئەوروپا. 
 
لەم قۆناغە مێژوویە دیاریکراوەدا لەساڵانی نێوان ٢٠٠٠ تا ٢٠١٦ چین لە بواری، وزە، کشتوکاڵ، عەقارات، ئامرازی پیشەسازی و ئۆتۆمۆبیل ئیتیسالات سەرمایە و تواناکانی خۆی لە ئەوروپا خستە بواری کار پێ کردن.  لە ئەنجامدا سەرمایەدارانی چینی  توانیان ئامانجە ئابوورییەکانی بپێکن و قازانجێکی بێ هاوتا بکەن. لە بریتانیا بە بەهای ٧٠بیلیۆن دۆلار، لە ئیتالیا ٣١ بیلیۆن دۆلار و لە ئەڵمانیا بیست بیلیۆن دۆلار و لە فرەنسا ١٣ بیلیۆن دۆلاریان لە پڕۆژەکاندا کار پێ کرد کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بە ڕێژەی لە ٧٥% ی بەرهەمهێنەری چین لە ئەوروپا بوو. بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک لە ساڵی ٢٠١٧دا بەرهەمهێنانی چینی لە سەرتانسەری ئەوروپادا لە ساڵی ٢٠١٦دا ٣٦،٥ بیلیۆن دۆلار بووە، بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٥ ڕێژەکەی لە ٧٧% زیادی کردوە کە تەنیا ٢٣ بیلیۆن دۆلار بووە. 
سەنپاوەر لە ڕێگەی هوف براندە چینیەکان بە ئەوروپا دەناسێنێت
چین گرنگی تایبەتی بە ژێرخانی فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا دا، لە فرەنسا لە ساڵی ٢٠١٤ بە ڕێژەی%٤٩،٩ بوو بە بەرهەمهێنەری فڕۆکەخانەی تولوز لە هەمان ساڵدا بە ڕێژەی %٨٢،٥ بوو بە بەرهمهێنەر لە فڕۆکەخانەی هانی ئەڵمانی لە نزیک فرانکفۆرت. لە ساڵی ٢٠١٣دا بە ڕێژەی %٩،٥ بوو بەرهەمهێنەری فڕۆکەخانەی هیترۆ. بی.بی.سی نیوز لە ساڵی ٢٠١٢دا دەنووسێت:

"چین لە %١٠ نرخی فڕۆکەخانەی هیترۆ دەکڕێت"

ئەم جۆرە مامەڵە ئابووریەی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ چین، هاوپەیمانە هەمیشەیەکەی ئەوروپا کە ئەمریکایە نیگەران کردوە، ئیدارەی ترامپ هەمیشە هەوڵدەدەن لە ئەوروپا بگەیەنن کە ئەو جۆرە مامەڵە ئابووریە لەگەڵ چین لە داهاتووی دووردا کاردانەوەی خراپی دەبێت، بەهێزبوونی چین لە دنیادا مەترسی لەسەر دەسەڵاتی ئەوروپا و ئەمریکا دروست دەکات. لەسەر ئاستی شەقام و کۆمەڵگەی ئەوروپیش ڕەنگدانەوەی خراپی هەبووە و نیگەرانی کردون، کە ئەو جۆرە پەیوەندییە ئەگەری ئەوەی هەیە، کە کاردانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر کۆمەڵگە و کەرتی تایبەتی وڵاتەکەیان و بەرژەوەندییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانیان هەبێت. 
ئەوروپا لە ساڵی ١٩٧٨دا سیاسەتی کردنەوەی دەرگا بە ڕووی دنیادا پەیڕەو کرد و چین لەو سیاسەتە سوودمەند بوو. پێش ئەوە چین وڵاتێکی پێشەسازی بوو، دەستی کرێکار تێیدا هەرزان بوو، ئەمە بووە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی سەرمایەدارانی ئەوروپا کە چین بکەن بە ماڵ، بۆ دامەزراندنی کارگە و هەموو جۆرە بزنیسێک، بێ گومان ئەمە قازانجێکی زۆری بۆ چین هەبوو، لەبەرئەوەی جگە لەوەی هەموو کێلگە و کارگەیەکی بەکرێ دا بۆ بەرهەمهێنان و قازانجێکی ئێجگار زۆری کرد، لە هەمان کاتدا هەلی کاری زێتری بۆ چینیەکان ڕەخساند، بەڵام ئیتر چینیش لە جاران زێتر پێویستی بە وزە، بەروبومی سروشتی خاو هەبوو، کە ئەمە وای کرد هەوڵبدات لە دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ هەلی دیکە بگەڕێت بۆ مسۆگەرکردنی زێتری ئەو بەرهەمانە بۆ دابین کردنی زەمینەیەکی لەباری بەرهەمهێنان بۆ سەرمایەدارانی دنیا لە وڵاتەکەی. لە ئاکامدا چین کۆمپانیایەکی زۆری ڕووی لە وڵاتان کرد و ڕۆژ دوای ڕۆژ لە گەشەسەندنی ئابووری بوون و زێتر دەوڵەمەند دەبوون نمونە لە ئیتالیا کۆمپانیای زۆملیۆن سیفە. گیلی ڤۆلڤۆ لە سوید. دۆنگفانگۆ پی.ئێس.ئە لە فرەنسا.  ‌هێچ.ئێن.ئەی، لە ئیرلەندا و سەدان کۆمپانیای دی لەسەرتان سەری ئەوروپا وەک لە ئیسپانیا، فینلەندا و پورتوغال و هیتر. 
پەلوپۆ هاویشتنی چین لە ئەوروپا جێگە نیگەرانی ئەمریکا بوو، چەند جارێک ئەمریکا بە تایبەتی ترامپ داوای لە یەکێتی ئەوروپا و نەیتۆ کرد کە بواری ئابووری لە ڕادەبەدەر بۆ چین لە وڵاتەکەیان هەڵنەخەن، بەڵام بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەوروپا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٨دا هۆی گرنگ بوو کە زۆر گوێیان بە داواکەی ئەمریکا نەدا. لە ئەتلەنتیک لە ساڵی ٢٠١٩دا نۆ بارکین دەنووسێت: 
"لە کۆبونەوەی دی.سی لە واشینگتۆن، ئەمریکا  داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد بە نووسراوێکی فەرمی هەموویان واژۆ لەسەر سەرکۆنەی پلانەکانی چین بکەن، بەڵام دواتر دەرکەوت کە هیچ یەک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا، ئاسیا و ئەمریکای لاتین نەهاتەنە سەر هێڵی ئەوەی دژایەتی چین بکەن".
دواتر ئەوروپا لەژێر فشاری میدیا، ئابووریناسان، سیاسەتمەداران، کەسایەتی نیشتمانیی وڵاتەکەیان کە تێکرا پەنجەیان بۆ ئەوە ڕادەکێشا کە چین لە داهاتوودا لەسەر ئاستی دنیا و ناوچەکە دەبێت بە گەورەترین مەترسی بۆ دەسەڵاتی سیاسیی، لە دەستدانی ئەرز و خاکیان هەروها گۆڕانی سەرمایەی چینی و فشارەکانی ئەمریکا، لە دوو سێ ساڵی ڕابردوودا بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن، کە بوار هەڵخستن بۆ چین لە ئەوروپا کز بووە و بەرهەمهێنانی چینی لە ئەوروپا لەچاو جاران لاواز بووە. 
 
ڕێکخراوی ئار.هێچ. جی ئەمریکی و مێرسسی ئەڵمانی، لێکۆڵینەوە ئابووریەکانیان دەریدەخا کە ڕیژەی بەرهەمهێنانی چینی ١٧،٣ بیلیۆن یۆرۆ بووە لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەمە دەریدەخا کە بە ڕێژەی لە سەدا پەنجا بەرهەمهێنانی چینی کەمی کردوە کە لە ساڵی ٢٠١٦دا ٣٧ بیلیۆن یۆرۆ بووە. لە ئاکامدا ئەو ئەنجامە بۆ ئەمریکا دڵخۆشکەرە و هەنووکە لەنیوەی ساڵی ٢٠٢٠دا بۆ لێدانی زێتری ئابووری و ناوبانگی چین، هەوڵدەدات هاوپەیمانەکانی لەگەڵیدا یەکدەنگ بن، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی زانستی بۆ لێکۆڵینەوە لە جۆری سەرهەڵدانی کڕۆنە ڤایرۆس ، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پەیدابوونی ئەو ڤایرسە بۆچی چین بێدەنگ بووە؟

تێبینی:

 بۆ ئەو بەڕێزانەی کە پرسیاری چارەنووسی "لە سێبەری شاخ" دەکەن. دوای سوپاس و پێزانێن:
لەسەر داوای خۆم، زنجیرەکانی "لە سێبەری شاخ" لە "کوردستانپۆستدا" ڕاگیراون، لەبەرئەوەی هەنووکە ئەو زنجیرانەم لە توی پەرتوکێکدا کۆکردۆتەوە و لەژێر چاپە. بمێنم و بەختیاوەرم  بێت، لەو زوانە ئەو پەڕتوکە دەکەویتە بەردەست خوێنەر و هەر لە ماڵەکەی خۆیدا کە "کوردستانپۆست"ە ڕادەگەینرێت.




(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 5/5)