مستەفای حەسەنە گەورە، بە ئازادی ژیا و بە ئازادی مرد!

Friday, 08/05/2020, 10:59

6238 بینراوە


لە کۆتایی ساڵانی هەفتاکان و سەرەتای هەشتاکاندا، لە کاتێکدا کە زوڵم و ستەمی سەدام و ڕژێمی بەعس لە ئەوپەڕی بەهێزیدا بوو. باشوور زیندانێکی مەزنی تەلبەند کرا بوو، بە سوپای زەبەلاح، هێزی جاشی خۆفڕۆش، بە هەزاران هەزار لە ڕەگەزی نێر و مێ سیخوری بەعس ئابڵوقە درابوو. بۆ تاکەکان هەڵبژاردە نەبوو، یان دەبوایە ملکەچی بەعس بیت، یان یاخی بیت، ڕوو لە شاخ و کێوان بکەیت و باجی ئازادی بوون بدەی، کە بێ گومان ژیانێکی پڕ لەنەهامەتی و سەختی ژیان بوو.
لەو کەینوبەینەدا، مستەفای حەسەنە گەورە دەرکی بە بەرپرسیارەتی پرسی نەتەوەکەی کرد، لە تەمەنێکی بچووکدا عەوداڵی گەڕان بەدوای ژیانێکی بێ کۆتوزنجیری ئازاد بوو. بۆیە چەکی کردە شانی و لە سەنگەری میللەتەکەی دژ بە دەسەڵاتدارانی بەعس تێکۆشا. ئەمە سەرەتای نواتی پاکی نێو کەسایەتیی مەستەفای حەسەنە گەورەی دەرخست، کە لە یەکەم هەنگاو و لەسەرەتای لە دەرگە لێدانی ژیاندا، ئامادە بوو لە هەموو خۆشیەکی خۆی بگوزەرێت، ڕێگەی پڕ لە ناهەمەتی بگرێتەبەر، وەک مەلێکی ئازاد، بەنێو باغ و ڕەز و شاخ و کێوەکانی کوردستاندا، لە شەقەی باڵدا و هەڵفرێت، ئینجا لە بەرزترین لووتەکی هەڵوێستدا هەڵبنێشێتەوە و جوانترین قۆناغی تەمەنی لاویی بکات بە قوربانی ئازادی و پرسی نەتەوەیەکی چل میلیۆنی.
لە ساڵانی نەوەتەکانەوە و دوای کۆڕەو، لەم قۆناغەدا مستەفای حەسەنە گەورە هەلی بۆ ڕەخسا بوو بۆ ئەوەی چاو بنوقێنێت، خۆی گێل بکات، لە دیوەخانی لێپرسراوان، وەک هەزاران هەزار کەسی هاوتەمەن و هاوخەباتی خۆی، سازش لە خوێنی هاورێکانی بکات، بچێتە مەجلسی فایلدار، جاش، خۆفڕۆش و ئەنفالچیان، بە هێمنی زەردەخەنە دابەش بکات، هەقیقەتی بۆگەنی سەرانی پارتە کوردییەکان قبوڵ بکات و مێژووی پڕ لە خەیانەتیان حەشار بدات، ڕێچکەی نامەردی بگرێتە بەر، بۆ بەرژەوەندیی و پارە دەست پان بکات، کڕۆنۆش بەرێت و ملکەچ بکات، بەڵام ئەو ئەوەی نەکرد، دووبارە وەک مەلێکی ئازاد لە شەقەی باڵی دا، لە هەمان خاڵی کە لە بەرزترین لووتکەی هەڵوێستی سەرەتای تەمەنی گەنجیدا لێ هەڵنیشتبوو هێلانەی داکوتا. ئینجا ئەو بە هەمان نەغمەی جاران، لە ئازاری میللەتەکەی دوا.
لە ساڵانی دوو هەزارەکاندا، دیوەخانی لێپرسراوان گەرمتر بوو، پارەی دزراوی نەوت، پەخش دەکرا. دز، گەندەڵ و نەفسنزم و ماستاوچی و لەشفڕۆش کەڵاشەیان بوو، باشوور بازاڕی گەرمی ئەوان بوو. بە سەدان ماڵپەڕ و میدیای زەبەلاح و نووسەری خۆفڕۆش سەریانهەڵدا، مودیلی قاتوڕێبات و پێڵاوی نووک درێژ و زمان لووسی لە ئەوپەڕیدا بوو، شۆڕشگێرەکانی شاخ ئەوانەی لافوگەزافی شۆڕشگێری و مارکسیەتیان لێدەدا و خاوەن تڕە قەڵەمێک بوون، بەکاریان هێنا، میدیا و ڕۆژنامەکان بوون بە گۆرەپانی پیاهەڵگوتنی سەرانی پارتەکان و دەوڵەمەند و نەوتفڕۆشەکان، ئەوانە لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەتی خۆیاندا وێنەی سەرانی پارتەکانیان دادەنا، بۆ پاروویێ نان سەریانشۆر دەکرد. مودێلی دۆلار وەربگرەو سەرشۆڕ بکە لە پەڕەسەندن بوو، لەم کەشوهەوایەدا، هەل بۆ مستەفای حەسەنە گەورە ڕەخسابوو، کە ئەویش چاوشۆر بکات، سازش لە بەهابەرزەکان بکات و بچێتە ڕیز ئەو حەشاماتە، بەڵام ئەو ئەوەی نەکرد، دووبارە وەک مەلێکی ئازاد لە شەقەی باڵی دا، لە هەمان خاڵی کە لە بەرزترین لووتکەی هەڵوێستی سەرەتای تەمەنی گەنجیدا لێ هەڵنیشتبوو هێلانەی داکوتا. ئینجا ئەو بە هەمان نەغمەی جاران هاتە دەنگ و بوو بە بڵندگۆی میللەتەکەی و هیج میمبەرێک نەما مستەفای حەسەنە گەورە دەنگی خۆی لێ هەڵنەبڕێت و پەنجە بۆ ناهەقیەکان دڕێژ نەکات.
بۆیە دووبارە دەڵێم: مستەفای حەسەنە گەورە بە ئازادی ژیا و بە ئازادیش ماڵئاوای کرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە