کوردستانپۆست قوتابخانەیەک بۆ فێربوون، پەروەردەیەک بۆ یاخیبوون


ئەمریکا و هەژموونی چین لە دنیادا (بەشی چوارەم)

Thursday, 05.14.2020, 10:13

2239 بینراوە


چین لە ئەمریکا

ئەمریکا فشار دەخاتە سەر هاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی چالاکیی ئابووریی و سیاسیی چین لە وڵاتەکانیان سنووردار بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە لەم بوارانەدا چین قسوری بە ئەمریکاش نەکردوە. هەر دەسەڵاتدارانی ئەمریکاش بوون کە دەستکاری یاسای سیاسەتی پەنابەرانی ئەمریکایان کرد. لە ساڵی ١٨٨٢دا یاسایەک ناسێندرا، بەگوێرەی ئەو یاسایە هیچ کرێکارێکی چینی مافی ئەوەی نەبوو بۆ ئەمریکا کۆچ بکات، ئەو چینیانەی کە لە ئەمریکاش بوون مافی ئەوەیان نەبوو ببن بە هاووڵاتی ئەمریکی.
لە ساڵی ١٩٨٠ تا ساڵی ٢٠١٨ شەپۆڵی پەنابەرانی چینی لە ئەمریکا ڕێژەی لە هەڵکشان بوو. هەنووکە ٣،٨ میلیۆن چینی هاووڵاتی ئەمریکیین، واتە سێیەم گەورەترین گروپی پەنابەرانن لە ئەمریکا. خیایۆ هیونگ یان لە ساڵی ١٩٩٧دا لە
دەنووسێت:The jurnal of American- east Asian Relation, vol.6 No.1(spring 1997 (
"لە ساڵی ١٩٨٠وە پەیوەندیی نێوان چین و ئەمریکا چۆتە قۆناغێکی نادیار. لە کاتێکدا دەسەڵاتی چین و گەشەی ئابووری لە لایەن ئەمریکاوە وەک هەڕەشەیەک دەبیندرێت".

چینیە ئەمریکییەکان، لە هەموو بوارەکاندا کار دەکەن، واتە کاردانەوەیان هەیە لەسەر ئابووری ئەمریکا و سیاسەت و هەڵبژاردنەکانی سەڕۆکەکانی ئەمریکا. جگە لەوەش هەر لەنێو چینی ئەمریکییەکان خاوەن بزنسی گەورەن و گوتەیان هەیە لە چارەنووسی ئابووریی و ئەمریکا. دەسڵاتدارانی چین و دەزگە هەواڵگریەکەی بێوچان لەنێو ئەو جالیە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کار دەکەن. ساڵانە ژمارەیەکی زۆری قوتابیانی چین بە ڤیزەی کاتی بۆ خوێندنی باڵا لە چینەوە ڕوو لە زانکۆکانی ئەمریکا دەکەن، واتە لە ئەزمون و زانست و تەکنەلۆژیای ئەمریکی سوودمەند دەبن. هەندێک لە نووسەرانی ئەمریکی هۆشداری دەدەنە وڵاتەکەیان لە زیاد بوونی ڕێژەی پەنابەرانی چینی لە ئەمریکا.
کۆمەڵگەی چینی سروشتی پێکهاتەکەی لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەمریکی جیاوازی هەیە، بە واتەیەکی دی، کۆمەڵگەی چینی تەنیا لە چینیەکان پێکهاتووە، ژمارەیان ئەوەندە زۆرە پێویستیان بە پەنابەری بیانی نییە، خۆیان هەوڵدەدەن چینیەکان بنێرن بۆ وڵاتانی دی، بەڵام ئەمریکا پێکهاتەیەکی تێکەڵاوە کە هەندێکیان ڕەگیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا و ئەفریقا جگە لە وڵاتەکان و نەتەوەکانی دی دنیا کە هاووڵاتی ئەمریکین، ئەم ڕاستییە ئەوە دەگەیەنێت کە چینیەکان زێتر لە ئەمریکییەکان گیانی نیشتمانیی و نەتەوەیان هەیە و هەستیان زێتر بە خاكی چینەوە بەندە. پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ئەگەر هاتوو لە ئایندەدا ئەمریکا لەگەڵ چین هەر گرفتێکی هەبێت ئەوا ئەو لۆبیە چینیەی کە لە ئەمریکا هەن پشتیوانی وڵاتی دایک بکەن.
چین لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠- ٢٠١٥. ٦٤ بیلیۆن دۆلاری خستە کار لە ئەمریکا. چین لە ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا زۆرترین بەرهەمهێنانی هەبووە، لە ساڵی ٢٠١٥ تا سەرەتای ٢٠١٨ ساڵ دوای ساڵ قازانجی زێتر بووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ڕاهدیۆم لە ساڵی ٢٠١٦ دا بە ڕێژەی ٤٥،٦ بیلیۆن دۆلار چین سەرمایەی خستۆتە کار لە ئەمریکا کە سێ بەقەدەر ساڵی ٢٠١٥یە. چین زێتر لە چەند بوارێکدا ئەو سەرمایەی بەگڕ خستووە وەک بواری ڕابواردن، تەکنەلۆژیا، عەقاڕات، کشتوکاڵ و هیتر، بەڵام لەوەتەی ترامپ بۆتە سەڕۆکی ئەمریکا بواری ئابووری چینی لە ئەمریکا لە پاشەکشەیە.

ترامپ لە وتارەکانیدا بە ئاشکراو بەبێ سڵمینەوە دژ بە چین دەدوێت، لە بواری ئابووریشدا زۆر هەوڵیداوە سیاسەت و یاسای ئابووریی ئەمریکا بەجۆرێک دەستکاری بکات، کە ڕێگر بێت لەبەردەم چین، کە وەک جاران قازانج لە ئەمریکا نەکا. یەکێک لەو هەنگاوانەی ترامپ بڕیاری لێدا ئەوەبوو کە باج لەسەر کاڵا و کەلوپەلی چینی زیاد بکات. چاودێرانی ئابووری لەسەر ئاستی جیهاندا و بە گوێرەی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی ڕاهدیۆم لە دوای ساڵی ٢٠١٦دا دەیسەلمێنێت کە سەرمایەی کاری چینی لە دابەزینە.
چین دەستی گەیشتوە بە باکووری ئەمریکاش لەوێش گەلێک سەرمایەی بەگڕ خستوە و چینیەکی زۆریش بۆ ئەوێ کۆچ دەکەن. لە ئاکامدا دەردەکەوێت کە ئەمریکاش یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە بواری ئابووری بۆ چین ڕەخساندوە، چینیش توانیویەتی سوودمەند بێت، ببێت بەو چینەی ئەمڕۆ کە ئەمریکا بە مەترسیەکی مەزنی دەزانێت لەسەر بەرژەوەندییەکانی لە ئاست دنیادا.
چاودیرانی سیاسی و ئابووری پێیان وایە لەهەر شوێنێک بەرژەوەندیی ئەمریکا هەبێت چین لەوێیە و بووە بە ڕوسیای دووەم بۆ ئەمریکا.

ئەمریکا ئاگادارە و نیگەرانە، کە چین دەیەوێت هەژموونی خۆی بەسەر ئۆقیانووسی هیندی بسەپێنێت، لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا ئاڵای چینی لە دورگەکان و سەر کەشتیاکانی ئەو ناوچەیە بە ڕێژەیەکی زۆر دەبینرێت. بیزنسئینسایدەر لە ساڵی ٢٠١٥دا دەنووسێت:
"لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاپتن زهوهە یی لە سوپای دەریایی چین گوتی: "ئۆقیانوسی هیندی حەوشەی پشتەوەی هیند نییە".
بۆ ئەمریکا ئەو ناوچەیە گرنگی تایبەتی هەیە بۆ پەیوەندیی بازرگانی و گواستنەوەی دەریایی لە ئوسترالیا بۆ هیند، بۆ ئەمریکای لاتینی و باشووری ئەفریاقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەک دەبەستێتەوە. پێداگرتنی چین لە سەپاندنی هەژموونی خۆی لەو ناوچەیە چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت لەگەڵ ئەمریکا ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە. بیزنسئینسایدەر لە ساڵی ٢٠١٥دا دەنووسێت:
"لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاپتن زهوهە یی لە سوپای دەریایی لە پرسیاری ئەوەی کە ئەگەر بوونی ئەوان لە ئوقیانوسی هیندی ببێتە هۆی نیگەرانی هیند. لە وەڵامدا گوتی: ئەگەر هیند پێ وایە ئوقیانوسی هیندی حەوشی پشتەوەیەتی، ئەی چۆن ڕازییە کە هێزی دەریای ئەمریکا، ڕوسیا و ئوسترالیا بە ئازادی لەو ئوقیانوسە دەخولێنەوە".
چین بۆ ئەمریکا وەک پەیژە و ماری لێهاتووە لە هەموو شوێنێک بەرژەوەندیی ئەمریکا هەبێت چین بە خشکەیێ لەوی خۆی مات کردوە. چین لە هیندیش پارەیەکی زۆری خستۆتە کار و بە دەیان کۆمپانیای بەرهەمهێنانی لەو وڵاتەدا دامەزراندوە. بە گوێرەی سەرژمێری ٢٠١٥ بێت تا ٧٠٠ هەزار چینی لە هیند هەن لەو چەند ساڵەی ڕابردووشدا ئەو ژمارەیە سێ قات بووە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بەهێزبوونی ئابووری چین، دۆخێکی سیاسی بۆ ئەو وڵاتە دروست کردوە، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەلی ئەوەی بۆ بڕەخسێت کە هێزی نەرم بە شێوەیەکی مۆدرن بەکاربهێنێت، بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی وەک، ناردنی کۆمپانیای ئاوەدانکردنەوە و تەکنەلۆژی و بازرگانی بەستنی پەیوەندیی عیلمی و ڕۆشەنبیری لەگەڵ میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگەر سەرنج بدەین هەنووکە لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چین بواری بۆ قوتابیانی ئەو وڵاتانە هەڵخستووە کە بۆ خوێندن ڕوو لە چین بکەن، زمانی ئەو وڵاتە فێربن و شارەزای کلتووری چین ببن.
چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدابەرنامەی بی. ئار. ئای، کە پشتێنی بەستنەوەی ڕێگەی ئابوورییە بە دنیادا و نەخشەی ئابووریی چینی دەکێشێت. بەگوێرەی پرۆگرامی بی.ئار.ئای بێت چین مافی ئەوەی هەیە لە ١٥٢ وڵاتدا سەرمایەی خۆی بخاتە کار و پڕۆژەی وەک دروستکردنی هێلی ئاسنی و فڕۆکەخانە، یەکەی نیشتەجێبوون، پرد لە وڵاتانەدا ئەنجام بدات. پەیوەندیی ئابووریی چین لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زێتر بۆ بەدەستهێنانی وزە و کڕینی نەوتی خاوە، سێبەشی نەوتی ئەو ناوچەیە چین دەیکرێت. بەرنامەی بی. ئار. ئای، چین لە ئۆقیانووسەکان، لە کیشوەری ئەوروپا، ئەفریقا، باکوری ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاری پێ دەکات.

چین هەوڵدەدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە ئابووریان داڕماوە و خاوەن دەسڵاتێکی سیاسیی لاوازن پەیوەندیی ئابووری ببەستێت، لەو جۆرە وڵاتانەدا لەبەرئەوەی ژێرخانی ئابووریی داڕماوە و سەرخانیش سەقامگیر نییە، بۆ چین ئاسانترە لە گرێبەستە ئابوورییەکاندا مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت و ئامانجەکانی لە سەداسەدا بپێکێت. لەو ساڵانەی ڕابردوودا لەگەڵ بوونی دوو زلهێزی جیهانی وەک ڕوسیا، ئەمریکا، زلهێزی ناوچەیی وەک ئیران و تورکیا لە سوریا، ئینجاش چین هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەی پشکەشێری هەبێت لە پڕۆژە ئابوورییەکانی سوریا بە تایبەتی پڕۆژەی وزە. بۆ ئەو مەبەستە چین پەیوەندییان بە ئەسەدەوە کردوە. چین وەک مادەیەکی خاو لەو ناوچانە دەڕوانێت، چاوەڕێیە هەموو ئەو پڕۆژانەی کە لەبەر جەنگ و گرفتە سیاسیەکان تەواو نەکراون، یان بەهۆی جەنگەوە لەنێوچوون، ئەو پڕۆژانە وەربگرێت و قازانجیان لێ بکات.
لەگەڵ ئەوەی سوپای ئەمریکا لەو ناوچانەدا هەن، بەڵام چین بەبێ گوێدانە ئەوە هەوڵدەدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ مەبەستی سیاسی، بچێتە هاڤرکێی ئابووری بۆ ئەوەی لە ئاکامدا وەک ئەمریکا و کۆمپانیاکانی ئەویش لەو ناوچانەدا هەبێت. سەرمایەکانی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بە بەهای ٧٥ بیلیۆن دۆلارە لە پڕۆژەی نەوت و گازدا. ئەو سەرمایەی کە چین لەو ناوچەیە خستیە کار لە ساڵی ٢٠١٤دا، ١٣،٨ بیلیۆن دۆلار بوو، لە ساڵی ٢٠١٨دا گەیشت بە ٢٤،٩ بیلیۆن دۆلار لە پڕۆژەکانی نەوت و گازدا. چین یارمەتی ژێرخانی چەند پرۆژەیەکی لەو دەڤەرە دا وەک، پڕۆژەی ئەلیکترۆنی "دوبەی زیرەک". پڕۆگرامی "گۆینی نیشتمانی" تا ٢٠٣٠ لە سعودیە. پڕۆژەی شەشەم محەمەد لە مەغرب. گەشەپێدانی ناوچەی ئابووریی و بازرگانی نێوان میسر و چین.
چین پڕۆژەی هاوکاری تەکنەلۆژی لە وڵاتانی سعودیە، کوێت،ئیمارات، قەتەر، بحرێن، عەمان و ئیسرائیل هەیە. هەنووکە توانای ئەوی هەیە ئەو پڕۆژەیە لە سەرتانسەری ناوچەکەدا فرەوان بکات.

چین، کۆمپانیا تەکنەلۆژیەکانی وەک هیوی و زتی، بۆ ئەو وڵاتانە دەهێنێت کە لەژێر بەرنامەی بی.ئار.ئای چینین وەک، برۆدباند نێتۆرک، ئیکۆمێرس، هابس و سمارت ستیس. سیستەمی بیدۆیۆ، سێتەلایت و نڤەگەیشتنی چینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکار دەهێنرێن. ئەو کۆمپانیای تێلیکۆمیونیکەیشن لە میسر، کوێت و سعودیەی هەیە.

ئیران

چین بەبێ گوێدانە گرژیەکانی نێوان ئیران و ئەمریکا، لە دوو دەیەی ڕابردوودا پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئیران قوڵتر کردەوە. هەر دوو وڵات پار بۆ کارپێکردنی زێتر ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٦ کە گەورەترین سەفەقاتی ئابووریی نێوانیانە بە ڕێژەی ٤٠٠ بیلیۆن دۆلار بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ، بۆ کڕینی وزە و نەوتی ئیران واژۆ کرد. ١٢٠ بیلیۆنی بۆ بەرەوپێشەوە بردنی گواستنەوە بەکاردێت. ئیران هەوڵدەدات پەیوەندیی ئابووریی و سیاسیی لەگەڵ چین پتەو بکات، گاز، ئەو نەوت و وزەیەی کە ئەمریکا وەک سزا ناهێڵێت بیانفڕۆشێت، ئەوا چین ئامادەیە لە ئیرانی بکڕێت.
چین شارەزایە، دەزانێت کە پێگەی ئابووریی و سیاسیی بەرامبەر بە یەکە بە یەکەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزترە، هەروها شارەزای بارودۆخی سیاسی هەر وڵاتێکە، بۆیە لە هەموو گرێبەستێکی ئابووریی و ڕێککەوتنێکدا هەموو مەرجەکانی خۆی دەسەپێنێت. ئیرانێکی داڕماوی تەپیو پڕ لە قەیرانی ئابووریی، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕێکەوتنەکاندا دەبێت چی پێگەیەکی هەبێت، لە ملکەچکردن بەولاوە. لەبەرئەوە بەگوێرەی ڕێککەوتنی ٢٠١٦، چین هەڵبژاردەی زۆری هەیە وەک: مافی بڕیار دانی لە وەرگرتن یان ڕەتکردنەوەی هەر پڕۆژەیەک پێش دەستپێکردنی هەیە. پەکین مافی ئەوەشی هەیە نەوت و گاز بە نرخێکی هەرزان لە ئیران بکرێت، لەچاو نرخی ئەو نەوت و گازەی کە دەیفڕۆشێتە لایەنی دی. چین مافی ئەوەی هەیە کە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەقی کاڵای ئیرانی تاخیر بکات. هەروها چین مافی ئەوەی هەیە کە کام دراو بەکاربهێنێت بۆ دانەوەی هەقی کاڵای ئیرانی واتە هەر پارەیەک کە نرخەکەی لە بازار نزم بوو ئەوا ئەو پارەیە دەدا بە ئیران. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە، کە چین مافی ئەوەی هەیە ٥٠٠٠ کەس لە پاسەوانی شۆڕشی چین بێنێت بۆ نێو ئیران بۆ پارێزگاری کردن لە پڕۆژە و بەرژەوەندییەکانی چین لەو وڵاتەدا.


تورکیا

چین لە یاسای پەنابەرانی تورکیا سوودمەند بووە بۆ بوونی چینیەکان بە هاووڵاتی لە تورکیا. چین بۆ ئەو مەبەستە چینیەکان بە لێشاو دەنێرێت بۆ ئەوەی خانوبەرە لە تورکیا بکڕن. هەنووکە چین لە تورکیا پڕۆژەی بنیاکردنی "شاری چینی" لەبەردەستە، کە ڕێستورانت و ئوتێل، بازاڕی چینی لێ بینا دەکەن. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی ساڵی ٢٠١٩ بێت هەنووکە ٨٠٠٠ کرێکاری چینی لە تورکیا هەن. بە کڕینی خانویەک بە بەهای ٢٥٠ دۆلار لە تورکیا، چینیەکان دەتوانن ببن بە هاووڵاتی تورکیی و پاسپۆرتی تورکیش وەربگرن. ئێستا بە تایبەتی لە ئستەنبول چینیەکی زۆر خانویان کڕیوە بە تایبەتی خانووە گران بەهاکان.
کۆی سەرمایەی چین کە خراوەتە کار لە تورکیا ٢،٨ بیلیۆن دۆلار بووە. ١٥ بیلیۆنی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٨خراونەتە کار. چین قەرزێکی ئێجگار زۆری داوە بە تورکیا لە یەک ساڵدا ١٤٠ میلیۆن، هەروها بانکی پیشەسازیی تورکیی ٢٠٠ میلیۆن دۆلاری بە قەرز لە چین وەرگرتوە. لە ساڵی ٢٠١٨دا بازرگانی نێوان ئەنقەرە و پەکین گەیشت بە ٢،١ ترلیۆن دۆلار. زێتر لە ١٠٠٠ کۆمپانیای چینی لە تورکیا هەن، چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەدا ژمارەی کۆمپانیاکان زێتر بێت لە ساڵی ٢٠٢١ دا ٦بیلیۆن دۆلار چین دەخاتە پڕۆژەکانی لە تورکیا. لە ٩/٢٠١٩دا چین ١،٧ بیلیۆن دۆلار بۆ بیناکردنی وێستگەی بەرهەم هێنانی وزەی گەرمای خستە کار، هەروها بازاری تورکیا گەرمترین بازاڕە بۆ ساغ کردنەوەی مۆبایلی چینی.

عیراق

ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا کە هاتە عیراق، ١ترلیۆن دۆلاری خەرجی بوو، ٤.٥٠٠ سەربازی ئەمریکی کوژران، ٣٠٠٠٠دیش بریندار بوون. ئەو کات چین لە نووسراوێکی فەرمی ڕەخنەی لە ئەمریکا گرت، ڕای وابوو کە دەبێت گرفتەکان بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێن. دوای ئەو هەموو هەوڵەی ئەمریکا و شازدە ساڵ پشتیوان کردنی ئەمریکا لە دەسەڵاتدارانی گەندەڵی عیراق و جاشی ئیران، مەشق پێ کردنی سوپای عیراقی، ئەوجا چین بە حازری هات، لە ڕێگەی هاورێیەتی ئیرانەوە خۆی لە دەسەڵاتدارانی عیراق نزیک کردەوە، لەژێر ئاڵای ئەمریکا و بوونی سوپای ئەمریکی لە عیراقدا دەستی بە گرێبەستە ئابووریەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە کرد. هەنووکە عیراق دەیەوێت ببێت بە یەکێک لەو وڵاتانەی کە پرۆگرامی بی.ئار.ئای چینی تێیدا بخرێتە بواری کارپێکردن.


وەزیری داریی عیراق پار ڕایگەیاند کە ڕۆژانە ١٠٠٠٠٠ بەرمیل نەوتی خاو دەفڕۆشنە چین. بڕیارە بازرگانی نیوان ئەو دوو وڵاتە گەشە بکات و چین بە بەهای ٢٠بیلیۆن دۆلار سەرمایە لە عیراق بخاتە نێو پڕۆژەکان. ساڵانەی بە بەهای ٣٠بیلیۆن دۆلار بازرگانی لە نێوانیادا دەست پێ بکەن.

دەرئەنجام

چین بە تەنیا خاوەن ئابووریەکی پتەو نییە ئەڵبەتە خاوەن سوپایەکی بەهێز و زەبەلاحە، لە ڕوودانی هەر ئەگەرێکی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا دەتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات،. بڕیار دان لە جەنگ دژ بە چین ئاسان نییە، لەبەرئەوەی چین لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا بەرژەوەندیی ئابوورییان لە نێواندا هەیە کە بۆ هەردک لا زەرەرمەندە.
بەهێزبوونی پێگەی ئابووری چین مانای بەهێزبوونی پێگەی سیاسیە. ئەو هەوڵانەی چینیش دەیدا تەنیا بۆ دەستکەوتی ئابووری نییە، ئەڵبەتە بۆ ئەوەیە کە هەژموونی سیاسیی خۆی بسەپێنێت و لە شێوەیکی دی ببێت بە ئیمپریالیزم.
چین لە وڵاتە پێشکەوتوەکان تا دەگات بە وڵاتانی دنیای سێیەم خۆی سەلماندوە. چین لەگەڵ هەر وڵاتێک بەگوێرەی سروشتی سیاسی و ئابووری ئەو وڵاتە مامەڵە دەکات. لەو وڵاتانەی کە خاوەن دەسەڵاتێکی سیاسیی سەقامگیر و خاوەن ژێرخانێکی پتەو نین، وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و دورگەی دورە دەستەکانی نێو زەریاکان، بۆ ئەوەی سوودمەند بێت لە سامانە سروشتیەکانیان، بە کۆمەڵێک گرێبەستی ئابووریی و یاسایی دەیانبەستێتەوە کە تا زەمانێکی زۆر نەتوانن لە هەموو بوارەکاندا سەربەخۆ بن و لە ئاکامدا ملکەچی هەموو مەرجە ئابووریی و سیاسییەکانی ئەو بن، هەروها گرژیەکانی چین لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرژەوەندییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی دنیایە. 
 


کۆتایی

تێبینی:
بۆ ئەو بەڕێزانەی کە پرسیاری چارەنووسی "لە سێبەری شاخ" دەکەن. دوای سوپاس و پێزانێن:لەسەر داوای خۆم، زنجیرەکانی "لە سێبەری شاخ" لە "کوردستانپۆستدا" ڕاگیراون، لەبەرئەوەی هەنووکە ئەو زنجیرانەم لە توی پەرتوکێکدا کۆکردۆتەوە و لەژێر چاپە. بمێنم و بەختیاوەرم بێت، لەو زوانە ئەو پەڕتوکە دەکەویتە بەردەست خوێنەر و هەر لە ماڵەکەی خۆیدا کە "کوردستانپۆست"ە ڕادەگەینرێت.

  



(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 5/5)