بنەمای ئەنترۆپی چییە؟ ئایا گەردوون لەپێناو مرۆڤدا دروست بووە؟

Tuesday, 12/05/2020, 22:10

7807 بینراوە


(بەشی یەکەم: گونجانی گەردوون بەرەو ئاراستەی پەیدابوونی ژیان)

  بنەمای ئەنترۆپی، یان بنەمای مرۆیی (Anthropic principle)، ئەو بۆچوونەیە کە پێی وایە، گەردوون بە هەموو یاسا و ڕێساکانی بە جۆرێکی تایبەتی هاتۆتە کایەوە، بەشێوەیەکیش بەڕێوە چووە تا ڕێخۆشکەر و گونجاو بێت بۆ پەیدابوونی ژیانێکی ژیر. بەگوێرەی ئەم بنەمایە دیاردەکانی وەک، نەگۆڕی هێزی بەکێشکردن، بارگەی کارەبایی پرۆتۆن، بارستایی ئەلکترۆن و نیترۆن و ئەو جیهانە سروشتییەی کە تێیدا دەژین، شتگەلەکن زۆر بەوردیی نەخشەکێش کراون، ئەگەر بڕی هەر یەکێکیان بە ڕێژەیەکی یەکجار کەمیش بگوڕدرێ، ئەوا ژیانی مرۆڤایەتی ئەستەمە بمێنێت.
لەبەر بوونی واتایە جۆراوجۆرەکانی ئەم بنەمایە، هەندێک لە بواری زانست و فەلسەفەدا گفتوگۆی لەسەر دەکەن، کەچی زۆریش هەن بۆ بابەتی نالۆژیکیی، یان ئەوەی پێی دەگوترێت (زانستی ساختە) بەکاری دەهێنن. بنەمای ئەنترۆپی گەلەگ جاریش یەک دەگرێتەوە لەگەڵ تێزێکی دیکە کە پێی دەگوترێت، نەخشەسازی ژیر (Intelligent design)، ئەوەی پێی وایە نەک تەنیا ژیان، بگرە سەرلەبەری گەردوون دەستکردی نەخشەساز و داهێنەرێکی ژیرە. ئەمانە دەبێژن، گەردوون و زیندەوەرەکان لەلایەن هێزێکی لە ئاسابەدەرەوە، بەبوونی چەند مەبەست و ئامانجێکەوە دروست کراون، چونکە ئەو ئاڵۆزی و ڕێکوپێکییەی لە یاسا و ڕێساکانی سروشت و پێکهاتەی ئەندامەکانی لەشی زیندەوەراندا هەن، دەبێت هێزێکی ژیر و بەتوانای لە پشتەوە هەبێت.
تا ئەمڕۆکەش گەلەک کەس پێی وایە کە مرۆڤ باشترین و چاکترین بوونەوەرە، سەرلەبەری گەردوونیش لەپێناو مرۆڤدا دروست کراوە. ئەم تێگەیشتنە لە کۆنەوە لە کۆمەڵگەکاندا پارێزراوە، کاتێکیش ئاینەکان پاڵپشتی ئەم بیرۆکەیەیان کردووە، ئەوا بەپیرۆز کراوە و پتر چەسپاوە.
لەم چەند دێڕەدا هەوڵ دەدەین ڕوونی بکەینەوە، ئەگەر ئاین لایەنگری ئەم بنەمایە بێت، ئایە زانستیش پاڵپشتی لێ دەکات؟ هەروەها دەمانەوێ بزانین، بنەمای ئەنترۆپی چۆن دەستنیشان دەکرێت؟ کێ پێی وتین کە پێویستە گەردوون هەموو ئارەزووەکانمان بەجێ بگەینێت و خۆشگوزەرانیمان بۆ دابین بکات؟
بهێنە بەرچاوت لە گەشتێکدا لە هۆتێلێک دابەزیت، پەلەت بوو شێوە و کەرستەی ژوورەکەت ببینیت، پاشان چوویتە بەلەکۆنەکە تا سەیرێکی دیمەنی دەرەوە بکەیت لە نهۆمی هەشتەمەوە. لە بەدبەختی، هەرکە دەستت خستەسەر ئاسنی بەلەکۆنەکە، شکا و خۆت بینییەوە کە بەخێراییەکی زۆر بەرەو شەقامەکەی خوارەوە بەردەبیتەوە. هاوار دەکەیت، بەڵام لەبەر شتێک کە نازانی چییە؟ هەست بە کەوتن و شکانی ئێسکەکانت ناکەیت، نەخێر، بگرە لەبری ئەوە خۆت لەناو نوێنێکی گەورە و نەرم دەبینیتەوە! لەو هەموو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەی کە ئەگەری ئەوەیان هەبووە بکەویتە سەریان، تەنیا کەوتیتە سەر بارهەڵگرێکی کراوەی پڕ لە دۆشەکی کۆن کە لە کارگەیەکی نێزیک لەو شوێنەوە هاتبووە دەرەوە. لێرەدا دەشێ بپرسین، بۆچی گشت مەرجەکان پێکەوە هاتنەدی بۆ ڕزگاربوونت؟
گەلەک جار زاناکانی گەردوونناسیش هەمان پرسیار دەکەن دەربارەی بوونی ژیان لە هەسارەی زەویدا، بە پێڕەویکردنی بنەمای گۆڵدیلۆکس (Goldilocks principle)، ئەوەی کە دەڵێت: بۆچی هەموو هەلومەرجی پەیدابوونی ژیان لە زەویدا هەن؟ هاوشێوەی ئەمە لە بنەمای ئەنترۆپیدا ڕوو دەدات بە پرسیارێکی گەورەتر: بۆ گەردوون تەواو گونجاوە بۆ سەرهەڵدانی ژیان؟
هەرچەندە بنەمای ئەنترۆپی لەمێژە چەندان کەس ئاماژەیان پێی داوە، بەڵام بۆ یەکەم جار وەک تێزێکی زانستی لە ساڵی 1973 لەلایەن زانای گەردوونناسی براندۆن کارتەر بە بۆنەی 500 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕۆژی لەدایکبوونی کۆپەرنیکۆس پێناسە کرا. کارتەر پێی وایە کە ڕێکەوتە ئەنترۆپییەکان بەشێکن لە پێکهاتەی گەردوون، هیچ پێوەندییەکیشیان بە بوونی بەخت نییە.
کارتەر دوو شێوازی ئەم بنەمایەمان دەخاتە بەردەست؛
بنەمای ئەنترۆپی لاواز: ڕاڤەی ڕێکەوتی ئەنترۆپی، شتێکی سادە و بەڵگەنەویستە، واتە ئەگەر گەردوونەکەمان نەگونجاو بووایە بۆ ژیان، ئێمەش بوونمان نەدەبوو بێین و لێرەدا لەو پرسە بدوێین، بۆیە خودی پرسیارکردنەکەمان شتێکی نالۆژیکییە.
بنەمای ئەنترۆپی بەهێز: لەمەیەندا کارتەر پەنا دەباتەبەر بیرۆکەی بنەمای کۆپەرنیکۆس (Copernican Principle)، ئەوەی کە دەڵێت، زەوی و مرۆڤ خاوەنی هیچ شتێکی ناوازە و نائاسایی نین. لەبەرئەوەی ئێمە لە گەردوونێکی گونجاوین بۆ ژیان، کەواتە تەنیا ئەو گەردوونانەش بوونیان هەیە کە بشێن ژیان لەخۆ بگرن. خۆ ئەگەر ئێمەش خاوەنی هۆشمەندی و ژیریی نەبوونایە، لە تواناماندا نەبوو بوونی ئەو ئاڵۆزییە و ڕێکخستن و گونجانەی جیهان بۆ ژیانمان هەست پێ بکەین.
زاناکانی گەردوونناسی گەیشتوونەتە دەیان بیروڕا و بۆچوونی جۆراوجۆر کە لەسەر بنەمای ئەنترۆپی دامەزراون. وەک بنەمای ئەنترۆپی هاوبەشایەتی کە لە فیزیای تەنۆلکەییەوە (کوانتەم میکانیکس) سەرچاوەی گرتووە، ئەوەی دەبێژێت، گەردوون ئەو دەمە گەردوونێکی ڕاستەقینەیە کە بکارین لێی بڕوانین. کوانتەم میکانیکس کە تازە ببووە بیردۆزێکی ناسراو، هەندێک لە فیزیازانان وایان دەزانی ئەمەیان دیسانەوە مرۆڤ دەهێنتەوە ناو دیمەنەکان. ئەو زانستە نیشانی داین کە فۆتۆن بە شێوازێکی گەلەک ناوازە ڕەفتار دەکات، چونکە ئەو دەمەی کەسێک هەبێ بڕوانێتە فۆتۆن، ئەوا ڕەفتارەکەی تەواو جیاواز دەبێ لەوەی کە کەس نەبێ سەیری بکات. ئەمەش یەکێک بوو لەو مەتەڵانەی کە زاناکانی سەرسام کردبوو، هەرچەندە تا ئێستەش بەتەواوی یەکلایی نەبۆتەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەو چاودێرە با مرۆڤیش نەبێ، هەر کاریگەری دەبێ لەسەر ڕەفتاری فۆتۆن، بۆ نموونە ئەگەر تاکە ئەلیکترۆنێکیش بێت کە لەو ناوەدا تێپەڕێت.
دۆگڵاس ئادمزیش لە کتێبەکەیدا (The Salmon of Doubt)، باس لە گۆمێکی (ئەستێڵ) بچووک دەکات، کاتێک بەئاگا دێت و بیر دەکاتەوە: "ئای چەندە جیهانێکی جوان و ناوازەیە کە من تێیدام، گەلەک گونجاوە بۆم، تەواو وەک ئەوەیە کە تایبەت بۆمن دروست کرابێ."
ئەم بیرۆکەیە هەرچەندە سادە و گاڵتەئامێزیش بێت، بەڵام لەناخیدا هەڵگری تێڕوانینێکی قووڵە بۆ جیهان. گۆمۆکەیەک لەخەو هەڵدەستێت و جیهانێکی نموونەیی دەبینێت کە تەواو گونجاوە لەگەڵ ژیانی ئەو، وەک گۆمێکی بچووک. لەبەرئەوەی ئەو گۆمە لە چیرۆکەکەدا هۆشمەندە، بۆیە دەتوانێت دەوروبەری خۆی ببینێت و شوێنی خۆی دیار بکات، پاشان وای لێ دێت بیرۆکەکەی دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە و دەڵێت، ئەم جیهانە هەمووی لەپێناوی مندا دروست بووە. هاوشێوەی ئەمە بەڵام لە دیمەنێکی گەورەتردا ئێمەی مرۆڤیش دەپرسین: بۆچی هەسارەی زەوی گشت شتێکمان پێ دەدات کە ڕزگار ببین و لە ژیاندا بمێنینەوە؟ یان لەبەرچی گەردوون هەموو پێداویستێکی تێدایە (بە نموونە: پێکهاتنی کاربۆن) کە بوونی ئێمە دەیخوازێت؟
بەڵام دەکرێ بپرسین، ئەم بنەمایە لەسەر چی بنچینەیەک دامەزراوە کە وای دابنێت، نەگۆڕە فیزیکییەکانی گەردوون بەتایبەتی داڕێژراون بۆ هاتن و بوونی مرۆڤ؟ ئایە ناشێ گەردوون هیچ پێوەندییەکی بە بنەمای ئەنترۆپی نەبێ، پەیدابوونی مرۆڤی ژیریش (هۆمۆساپیەن)، تەنیا ڕووداوێکی پێشبینی نەکراو بێت؟
زانای ناوداری کۆچکردوو ستیڤن هۆکینگ، لە کتێبەکەی (کورتەیەک لە مێژووی کات – ساڵی 1988)دا ئاماژە بە کۆمەڵێک نەگۆڕی فیزیکی دەدات کە لەگەڵ بنەمای ئەنترۆپی یەک دەگرێتەوە. هۆکینگ وای دەبینێت، ئەگەر وزەی فرەوانبوونی گەردوون، ئەوەی کە رێژەی خێرایی فرەوانبوونی گەردوون دیار دەکات، پاش یەک چرکە لە تەقینەوەی مەزن، بە بڕی بەشێک لە سەد هەزار ملیۆن ملیۆن بەش کەمتر بووایە، ئەوا گەردوون دادەتەپییە ناو خۆی پێش ئەوەی بگاتە ئەو قەبارەیەی کە ئێستە هەیەتی. بەگوێرەی ئەم گوتەیە، بە گۆڕینێکی زۆر بچووک ئەو تەقینەوەیە مەزنە دەبووە هەرەسهێنانێکی تووند و بەهێز.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم گوتەیەی هۆکینگ پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە پەرەسەندنی گەردوون بە هاوکێشەکانی زانای فیزیکی ئەلێکساندەر فریدمان (Alexander Friedmann)، ئەوەی لە ساڵێ 1922 دای ڕشت، پێناسە دەکرێت. فریدمان بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئەینیشتاینی لە هاوکێشەکانی بەکار هێنا بۆ پێشبینی فرەوانبوونی گەردوون. لەو کاتەدا ئەمەیان بیرۆکەیەکی شۆڕشگێڕانە بوو، بە جۆرێک کە ئەینیشتاینیش وای بۆ دەچوو، ئەم هاوکێشانە لەڕووی ماتماتیکییەوە کێشەدارن، کەچی ئێستە بووەتە بەشێکی بنەڕەتی لە گەردوونناسی. ئەو هاوکێشانە چۆنەتی بەرەو پێشەوەچوونی گەردوونمان بۆ بەدەر دەخەن، لە چرکە یەکەمکانی تەقینەوەی مەزن و قۆناغە هەرە سەرەتاییەکانی هەڵئاوسانی گەردوون (inflation). گەلەک ئەگەری جۆراو هەن بۆ هاوکێشەکانی فریدمان، هەریەکەیان دەکرێ جۆرە گەردوونێک بهێننە بەرهەم، هەندێک لەوانەش هاوشێوەی گەردوونی ئێمە بێت، ئەوانەی دیکەش جیاواز بن، بەشێکیان تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت بمێننەوە، چەندانێکیش لەو گەردوونانە هەرگیز گەلەستێرە و ئەستێرەکان تێیاندا دروست نەبن.
زانای فیزیای ئەمریکاییش ڕۆبەرت دیکی لە ساڵی 1961دا، بابەتێکی پێشکێش کرد وەک لایەنگیرییەک بۆ بنەمای ئەنترۆپی. ئەو دەمە ئاماژەی بەوە کرد کە تەمەنی گەردوون نێزیکەی 14 ملیار ساڵە، ئەمەش تەمەنێکی نموونەییە، نە زۆر گەورەیە و نە زۆر بچووک، بگرە بەتەواوی گونجاوە. ئەگەر تەمەنی گەردوون بچووکتر بووایە، واتە تەقینەوەی مەزن لە کاتێکی نێزیکتر بووایە، ماوەی پێویست بۆ بەیەکداچوونە ناوەکییەکان و بەبەرهەمهێنانی توخمی قورستر لە هایدرۆجن و هیلیۆم لەئارادا نەدەبوو، کەواتە کاربۆن، ئۆکسیجن، نایترۆجن، ئاسن و ئەوانەی دیکە بوونیان نەدەبوو، بەمەش هیچ هەسارەیەکی بەردینی بە قەبارەی زەوی نەدەهاتە چێبوون. کاتێکیش تەمەنی گەردوون گەورەتر بووایە، زۆربەی ئەستێرەکان ببوونە قەزەمە ئەستێرە سپی و سوورەکان، هەموو سووتەمەنییەکانیان لەدەست دابوو، ڕووناکییەکەشیان کوژابووەوە، ئەمەش لەسەر بنچینەی پۆلێنکردنی ئەستێرەکانە بەگوێرەی تایبەتمەندییە شەبەنگییەکانیانەوە. کەواتە گشت کارلێکە بنەڕەتییەکانی کە بارستایی، وزە، هێزی بەکێشکردن، دوورکەوتن و ڕاکێشانە کارۆموگناتیسییەکان، هێزە ناوەکییە بەهێز و لاوازەکان لەخۆ دەگرێت، هاوسەنگ دەبوون و نەدەکرا ماددە، پاشانیش ژیان بەبەرهەم بێت.
بێگومان چەندانێک لە زاناکان کۆک و هاوڕا هاوڕا نین، لەو گریمانەیەی هەلومەرجە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی کە پشتەوانی لە بوونی ژیان دەکەن، هەموویان تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر هەستیار و ورد بن. لێرەدا زانای فیزیای ئەستێرەناسی فرێد ئادمز بەرپەرچی ئەم بۆچوونانە دەداتەوە و دەڵێت، نیشانەکانی ئەو گەردوونەی ئێمە تێیدا دەژین، دەشێ لەبەر گەلەک هۆکار جیاواز بێت، هاوکات بتوانێ ئەستێرە بهێنێتە کایەوە و ژیان پەیدا ببێت.
ئەم بنەمایە لە دوو شێوازەکەی لاواز و بەهێزیدا وەک پێشتر لێی دواین، وامان لێ دەکات کە شێوازە لاوازەکەی تا ڕادەیەک بە پرسێکی لۆژیکی دابنێین. چونکە پێی وایە ئەو دیاردانەی کە لە گەردووندا دەیان بینین، ئەوانەن کە بوونی ئێمەیان لەسەر بەندە. واتە ئەگەر ئەو نەگۆڕانە بەو شێوەیە نەبووانە کە هەن، ئێمەش لێرە نەدەبووین تا ببنە کێشە بۆمان. بەڵام بەهێزەکەیان شتێکی دیکە، لەبەرئەوەی لە ناخیدا هەڵگری هێمایەکی ئاینییە بۆ بوونی خواوەندێک، ئەمەش جێی باوەڕی هەمووان نییە.
ئایە ئەو بنەمایە بەشێوازە بەهێزەکەی کردارێکی هەرەمەکییە؟ ئەم بابەتە گەلەک زانا بایەخیان پێی داوە وەک ئەینیشتاین، کاتێک دەپرسێت، دەبێ هەڵبژاردەیەکی دی هەبێ بۆ ئەوەی گەردوون بەشێوەیەکی دیکە بووایە لەوەی ئێستە؟ ئایە ئەو تایبەتمەندییە جۆراوجۆرە فیزیکییەی گەردوون وەک، خێرایی تیشک، بارگەگری ئەلیکترۆن و پرۆتۆن، بەتەواوی جێگیر و نەگۆڕن، یان جێگرەوەیان هەیە؟ ئێمە تا ئێستە نازانین، بەڕێوەچوونی گەردوون بەمەی کە هەیە تاکە شێوازە، یان نا، چونکە هی گەردوونی دیکەمان تاقی نەکردۆتەوە؟
شتێکی سەیر و نامۆ دێتە بەرچاومان ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە، ئێمە دەرنجامی کردارێکی هەڕەمەکی ڕووت بین. خۆمان لە هەسارەی سێیەمی دوور لە خۆر بینییەوە، ئەوەی خاوەنی بڕێکی گونجاوە لە ئۆکسیجن، ئاو، پلەی گەرمی و چەندان هەلومەرجی دیکە. پتریش جێ سەرسڕمانە کە خۆشبەختانە زەوی زەبەلاحێکی گازی نییە، درێژی و کورتی باڵای مرۆڤەکانیش نابنە کێشە، چونکە هەمیشە پێیەکان هێندە درێژیان هەر دەبێ، تا بچەسپێن لەسەر ڕووی زەوی.
فەیلەسووفی ئینگلیزی نیال شانکس پێمان دەڵێت، ئەو بابەتە وەک کاغەزی یاری پۆکەرە، کاتێک بێین و بە ئارەزووی خۆمان و بە هەڕەمەکی تێکیان بدەین. ئەگەری ڕیزبوونی گشت کاغەزەکان بەدوای یەکدا بەڕاستی چەندە؟ هاتنی کاغەزی یەکەم یەکسانە بە 1 دابەشی بکەیتە سەر ژمارەی کاغەزەکان (52). بۆ دوو ژمارە بەڕاستی 1/52 * 1/52 = 1/ 2652، تەنیا بۆ شەش ژمارەی یەکەم دەکاتە نێزیکەی ١٥ ملیار! ئەی باشە ئەگەری هاتنی هەر هەموو 52 کاغەزەکە بەتەواوی یەک بەدوای یەک چەندە؟ ئەوەی زۆر گرینگە بیزانین، هەرچەندە ئەو ئەگەرە ژمارەیەکی لەڕادەبەر و بێکۆتاش نێزیک بێت، بەڵام دیسانەوە دەشێ ڕوو بدات. هاوشێوەی ئەگەری پێش و پاشی ڕووداوێکی گەلەک سادەیە، وەک پێشبینی کردنی شوێنی کەوتنی تۆپی یاری گۆڵفە، پێش ئەوەی یاریکەرەکە لێی بدات. پێویستمان بە دەرئاسایەکە بۆ زانینی ئەوەی لە کوێدا تۆپەکە دواجار جێگیر دەبێت، بەڵام دەرەنجام لە کوێ بێ، بۆمان نابێتە شتێکی ناوازە و دەرئاسا، لەبەرئەوەی یاریگەی گۆڵف گونجاوە بۆ جووڵەی تۆپەکە، هەر دەشبێت لە دواییدا لە شوێنێک جێگیر بێت. ئەمەش تەواو وەک سەرسامبوونمانە لەوەی کە لە گەردوونێکین ڕێ دەدات بە بوونمان. بە ڕای نیال شانکس، هەر دەبووایە لە کۆتاییدا لە شوێنێک جێگیر ببین کە زیاتر گونجاو بێت بۆمان، چونکە گەر لە شوێنکی دیکە بووینایە، ئەوا لە سەرەتاوە بوونمان نەدەبوو تا سەرسام بین.
فیزیازانی چەندان ڕاڤەی دیکە دەخاتە بەردەستمان، وەک ئەوەی بە گریمانەی (فرەگەردوونی) ناسراوە، لەمەیاندا پێداچوونەوەیەک لە ئارادایە بۆ ئەگەرەکانی پێش و پاشی ڕووداوەکان. زانای فیزیای گەردوونناسی مارتن ڕییس دەڵێت:" گەردوون و فرۆشگەی جلوبەرگ خاڵێکی هاوبەشیان هەیە، تۆ کاتێک دەچیتە ناو فرۆشگەیەکی گەورە کە ژمارەیەکی زۆر جلوبەرگی جۆراوجۆری تێدا بێت، پێت سەیر نابێ ئەگەر جلێکی گونجاو و پڕبەبەرت بدۆزیتەوە. هاوشێوەی ئەمە، بوونمان لە گەردوونێک کە بەتەواوی گونجاو بێت بۆمان لەنێو ئەو هەموو گەردوونانە، پێویستی بە سەرسامبوونمان نییە."
بەرانبەر بەمەش شانکس پێی وایە، ئەوەی گریمانەی فرەگەردوونەکان بە بنەمای ئەنترۆپی دەیکات، هەمان ئەو کاریگەرییەی گریمانەی کۆپەرنیکۆسە لە ڕوانینی زەوی وەک چەقێکی نەگۆڕی گەردوون. پاش کۆپەرنیکۆسیش، کیپلەر و گالیلێیۆ و هی دی، زانیمان کە زەوی تەنیا هەسارەیە لەناو چەندان هەسارەی دیکە، لە گەلەستێرەیەکیش لەناو چەندان گەلەستێرەدا. کاتی خۆی کۆپەرنیکۆس وای بۆ دەچوو کە خوولگەی هەسارەکان شێوە بازنەیەکی نموونەیین، لەلای گالیلیۆش وابوو، تا ئەو دەمەی زانای ماتماتیک و ئەستێرەناسی کیپلەر دەری خست کە شێوەکەی هێلکەییە، نەک بازنەیی. بەکورتی گەردوونیش بەهیچ شێوەیەک بەتەواوی ڕێکوپێک نییە، بەڵام وەک لەشی مرۆڤە، تا ئەو ڕادەیە گونجاوە کە بوونمان مسۆگەر بکات.
کوانتەم میکانیکس جارێکی دی ڕاڤەیەک بۆ یەک لە مەتەڵەکانی بنەمای ئەنترۆپی دەخاتە ڕوو کە زۆر لە گریمانەی فرەگەردوونی ناوازە و سەرنجڕاکێشترە. ئەمەیان دەڵێت، چی ڕوو دەدات ئەگەر هەڵبژاردنێکی سروشتی وەک ئەوەی لە تیۆری پەرەسەندنی دارویندا هەیە بۆ گەلەستێرەکان، یانیش گەردوونەکان پێڕەو بکرێن؟ بەوەی کامە گەردوون ئەگەر سەرهەڵدانی ژیانی تێدا پتر بێت، ئەویان زیاتر شیاوی چەندجارەبوونەوە هەبێ. هەر کاتێک ئەمە ڕاست بێت، وا دەکات بە بەراورد بەو گەلەستێرانەی کە ژیانیان تێدا پەیدا نابێت، ژمارەیەکی زۆریش گەلەستێرە هەبن کە ژیان لەخۆیان دەگرن، هەلومەرجی پتر بەدەستەوە دەدەن بۆ بوونی ژیانەکانی وەک ژیانی ئێمە.
زانای فیزیازانی لی سمۆلن، لەسەر بنچینەی ئەم بیرۆکەیەی هەڵبژاردنی سروشتی گەردوونی، بۆچوونێکی نوێ دێنێتە کایەیە و دەڵێت: گەردوونیش پابەندە بە بنەمای هەڵبژاردن، سروشت ئەو گەردوونانە هەڵدەبژێرێ کە ئەگەری مانەوەیان پترە لەوانی دیکە. هەروەها دەبێژێت، ئەمڕۆکە چەندان بیروڕای زانستی هەن، پێمان ڕادەگەینن کە گەردوون لە چاڵە ڕەشەکانەوە (Black hole) پەیدا بووە، هەڵبژاردنی سروشتیش ئەو گەردوونانە پەسند دەکات کە زیاترین چاڵی ڕەشیان تێدایە، ئەمانەش ئەگەری بەبەرهەم هێنانی گەردوونەکانیان لەوانەی دی پترە. گەردوونی ئێمە پڕە لە چاڵە ڕەشەکان، بۆیە هەڵبژاردنی سروشتی ئەمەیانی پێ باشتر بووە، لەبەرئەوەشە ئەو گەردوونەی ئێمە بوونی هەیە. ئەم زانایە بە پشتبەستن بە دواترین زانیاری گەردوونناسی پێمان ڕادەگەینێت کە دەشێت ئەو گەردوونەی ئێمە تاکە گەردوون نەبێ، تەقینەوەی مەزنیش ڕووداوێکی تاک و ناوازە نییە، بگرە دیاردەیەکی چەندجارەی بێسەرەتا و بێکۆتای یەک لە دوای یەکە، هەرجارەی لە ماوی نێوان ئەوەندە ملیار و ملیار ساڵەدا ڕوو بدا، پاشان ببێتە هۆی هاتنەکایەی ژمارەیەکی بێسنوور لە گەردوونەکان، گەردوونی ئێمەش یەکێکیان بێت.
گشت ئەو ئەگەر و ڕاڤانەی بنەمای ئەنترۆپی دەیان وروژێنێت، ئەگەرچی هیچ دانەیەکیش لەو وەڵامانە هەڵنەبژێرین، بەڵام ئەم بنەمایە گەلەک یارمەتی ئێمەی داوە بە بیر و هۆشێکی فرەوانەوە بڕوانینە شتگەلێکی زۆر لەخۆمان دوورتر و مەزنتر. لەگەڵ ئەوەش هەستکردنمان بەوەی کە چەقی گەردوون نین، نابێ وامان لێبکات بێهیوا ببین و هەست بەبچووکی بکەین، چونکە هەسارەکەمان و گەلەستێرەکەمان و گەردوونەکەمان ژیانیان لەخۆ گرتووە، پاشانیش هەبوونایەتییەکەمان، ئێمەش ئەمەمان دەوێت و لە هەمووی گرینگترە بۆمان.
..........................

ئەمەی سەرەوە بەشی یەکەمی بابەتێکە لە نووسینێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینی)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە