ئایا دڵ سەرچاوەی بیر و هۆشە، یان مێشک؟

Tuesday, 09.08.2020, 23:38

1161 بینراوە


ئادەم سمیس: «زانست تاکە چارەسەرە کە بتوانێت خوڕافە و شتگەلە پڕوپووچەکان لەناو ببات»

-----------------------------
لە زۆربەی شارستانییەتەکانی مێژوودا ئەو بۆچوونە هەبووە کە دڵ شوێن و سەرچاوەی هەست و هۆش و گشت بیرکردنەوەیەکە. ئەو جۆرە بیروڕایە بۆ وشەی دڵ، هەتا ئەمڕۆکەش لە گەلەک زمانەکانی جیهان وەک دەربڕینێک بۆ خۆشەویستی و هەست و هۆش و هی دیکە ڕەنگی داوەتەوە. میسرییە کۆنەکان یەکەمین شارستانییەتن لە دڵیان ڕوانیووە بە شێوەی هێمایەک بۆ سۆز و ژیریی و چاکە و خراپە، تا ڕادەیەک وای بۆ دەچوون کە مرۆڤەکان پاش مردن بەگوێرەی کێشی دڵیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت بۆ پاداشت، یان سزا وەرگرتن. هەر بۆیەش لە کاتی بەمۆمیاکردندا دڵیان دەهێشتەوە و مێشکیشیان وەک ئەندامێکی بێبایەخ فڕێ دەدا. بەهەمان شێوە لەلای چینییە کۆنەکان دڵ جێی گیان و بەرپرسی یەکەمی بیرکردنەوە و هزر و هۆش بووە. گریکییەکانیش دڵیان بە سەرچاوەی هەست و بیرکردنەوە داناوە، ژمارەیەک لە زانا و فەیلەسووفەکانیان هەموو ڕۆڵێکیان بۆ دڵ گەڕاندۆتەوە.
لە ئاینە ناسراوەکانیش دڵ نرخ و بەهایەکی مەزنی هەبووە، واتای ڕاستی و ئازایەتی و ڕەوشتبەرزی بەدەستەوە داوە. دڵ نێوەندی خوای ئاواتمان و چاوی سێیەمی ژیریی پایەبەرز و پیرۆزی هیندۆسییەکانە، ناخی تێگەیشتن و زانینی تاوییەکان و گەوهەری ڕوونی و پاکییە لای بوداییەکان. شوێنی ناسینی خواوەند بووە لە سێ ئاینە (ئاسمانییەکان)ی جوو و کرستیان و ئیسلام. دڵ لە تەوڕاتدا زێدی هەست و بیرکردنەوەکانە، کرستییانەکانیش ڕێزێکی گەورەی دڵ دەگرن، وەک زام و خوێنی عیسای خواوەند و پەرستنی دڵی مریەمی پاک و پیرۆز لێی دەڕوانن.
بەر لە ئیسلام، ئەوەی موسڵمانان پێی دەڵێن سەردەمی نەزانین، تێیدا ئەوە باو بووە کە دڵ شوێنی خۆشەویستی و شیکردنەوەی لۆژیکی و گشت کردارێکە لە، هەستکردن بە جوانی، نێوەندی ڕک و هەست و نەستەکان، چەقی بیرکردنەوە و بیرەوەرییەکان، شاردەنەوەی نهێنییەکان، ئاین و گەیشتن بەخواوەندەکان. کاتێکیش موحەمەدی دامەزرێنەری ئیسلام هات، هەمان ڕێچکەی گرتەبەر و درێژەی بەم تێڕوانینە دا بۆ دڵ، بەوەی مەڵبەندی هەموو ئەو شتگەلانەیە کە ناومان بردن، بۆ تاکە یەک جاریش لەئیسلامدا ئاماژە بە مێشک نەدراوە کە سەرچاوەی بیر و هۆش بێت.
ئەوانەی پێدا دەگرن لەوەی دڵ ئامرازی هۆشمەندی و بیرکردنەوەیە، بێگومان دووچاری هەڵەیەکی زەق دەبن لە زانستدا، سووربوونیشیان لەسەر ئەم هەڵەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زانیارییەکی وایان دەربارەی چیەتی ئەندامی بیرکردنەوە و چۆنەتی ڕوودانی کار و فەرمانەکانی نییە. بۆیە لێرەدا پێمان باشە پێش وەڵامدانەوەی هەڵەکان و ڕوونکردنەوەی بابەتەکەمان، زۆر بەکورتی پێناسەیەکی زانستی دڵ و مێشک بکەین.

دڵ

کاتێک لە ڕوانگەیەکی زانستی ڕووتەوە لە دڵ دەدوێین ئەوا دەکارین بڵێین، ئەو ئەندامە ماسوولکەییەیە لە مرۆڤدا (لە زۆربەی ئاژەڵەکاندا) خوێن بۆ گشت بەشەکانی لەش دەگوازێتەوە، لەڕێی کۆمەڵێک لە لوولە خوێنبەرەکان کە کۆتاییان بە موولوولەکان دێت. خوێنبەرەکان خوێنی پاکی هەڵگری ئۆکسیجن و خۆراک دەگیێننە خانەکان، پاشان دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ماددە بەکاربراوەکان، واتە خوێنی پیس بەهۆی خوێنهێنەرە وردەکانەوە کۆدەکرێنەوە و دەبن بە لوولەی سەرەکیی پەلەکان و ئەندامەکان، دەرەنجام بە دوو لوولەی مەزن کە یەکێکیان لەبەشی خوارەوەی لەش، ئەوەی دیکەش لە سەرووی لەشەوە هاتوون، دەگەڕێنەوە بۆ لای ڕاستی دڵ، ئەمەش بە سووڕی گەورەی خوێن دەناسرێت. ئەو دەمەشی دڵ خوێنی لای ڕاستی دەنێرێتە سییەکان، بە هەناسەدان دووەم ئۆکسیدی کاربۆن فڕێ دەدرێتە دەرەوە و ئۆکسیجن هەڵدەمژرێت و خوێنی پاک دێتەوە لای چەپی دڵ، ئەمەشیان بە سووڕی بچووکی خوێن ناو دەبرێت.
لەمێژە مرۆڤ زانیاری هەبووە لەسەر دڵ، هەرچەندە بەتەواوی لە فەرمانەکانیشی تێنەگیشتبێت. گریکییە کۆنەکان یەکەمین شارستانییەتن بە چەند بۆچوونێکی تا ڕادەیەک زانستی پێناسەی دڵیان کردووە. بۆ نموونە ئەرستۆ پێی وا بووە، دڵ ئەندامی بەرهەمهێنەری خوێنە، ئەفلاتون دەیگوت دڵ سەرچاوەی سووڕی خوێنە، هیپۆکراتیش تێبینی سووڕانەوەی خوێنی کرد قۆناغ بە قۆناغ لە لەشەوە بۆ دڵ و سییەکان. بەڵام پزیشکی گریکی ناودار گالینۆس بەوردی فەرمانی خوێنبەر و خوێنهێنەرەکان و چۆنەتی دابەشبوونیان لە لەشدا دەستنیشان کرد. هەموو ئەو بیروڕایانەی گالینۆس بەفەرمی لەلایەن کلێسای ئەو کاتە وەرگیرا، ئەمەش تا نێزیکەی هەزار ساڵ هەر وا مایەوە. دوای ئەوە لە سەدەکانی ناوەڕاست پێناسەکانی ئیبن نەفیس ناسرا، پاشان چەندان زانای گەورەی دیکە بەدەر کەوتن و ئەم زانستەیان بەرەو پێشەوە برد، بە نموونە پزیشکی بەناوبانگ ولیەم هارفی. دەرەنجام بواری پزیشکی هەنگاوی زۆر مەزنی هاویشت، گەیشتە دۆزەوەی ئامێری هێلکاری کارەبایی دڵ، ئەوەی کە ویلیام ئەیندهۆڤن دایهێنا و خەڵاتی نۆبڵی پێ وەرگرت (١٩٢٤)، ئەو پێشکەوتنانە لەڕێی زانا و پزیشکان لە گەلەک دامەزراوە و ڕێکخراوی جیهانی، تا ئەمڕۆکەش هەر بەردەوامن.

مێشک

مێشک پێکهاتەیە لەناو کەلـلەسەردایە، لەڕێی دەمارەکانی کەلـلە و کڕۆکی بڕبڕە بەرپرسە لە گشت کار و فەرمانێکی کۆئەندامی دەمارەکی لەشی مرۆڤ. کردارە مرۆییە خۆنەویستەکانی وەک خێرایی لێدانی دڵ و هەناسەدان و هەرسکردن، لەلایەن مێشکەوە بەهۆی ئەندامی دەمارەکی خۆکارەوە بەڕێوە دەچێت. بەڵام ئەوانەی هۆشەکی و ئاڵۆزی لە شێوەی بیرکردنەوە و دەرنجامگیری لۆژیکی کە خۆویستن، بە هۆشێکی ئاگاوە ئەنجام دەدرێن.
بەبەردەوامی زانست توانای نوێ مێشک دەدۆزێتەوە، ئەو پێناسەیەی ئەمڕۆکە دەربارەی مێشک دەیزانین ئەوەیە کە کۆئەندامێکە وای لە ئێمە کردووە پێمان بگوترێت مرۆڤ. بە مێشکەوە هەستەکانمان هەن وەک، بینین، بیستن، بۆنکردن، تامکردن، بیرکردنەوە، هەر ئەویشە مرۆڤ دەکاتە خاوەن داهێنانە هونەرییەکان، زمان، گوتە و داڕشتنی ڕستەکان، ڕەفتارە ڕەوشتەکییەکان، ژیری و هۆشمەندی، هاوکات بەرپرسە لە کەسایەتی هەر تاکێک لە بیرەوەرییەکان، هەڵسوکەوتەکان، هەستکردن بە جیهانی دەوروبەر. هەموو ئەمەش لە بارستاییەک پێک دێت لە ڕۆن و پڕۆتینەکان بەکێشێکی نێزیکەی ١،٤ کیلۆگرام. مێشک یەکێکە لە گەورەترین ئەندامەکانی لەش، پتر لە ١٠٠ ملیار خانەی دەمارەکی لەخۆ دەگرێت، هەندێک لەو خانانە کاریان تەنیا ئەوە نییە کە زانیاری وەرگیراو شی بکەنەوە، بگرە لە توانایاندا هەیە هاوشێوەی کۆگەیەک، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە زانیاری گل بدەنەوە.
هەموومان بەبەردەوامی، یاخۆ بەناچاری وشەی هۆش، یان عەقڵ بەکار دەهێنین، بەڵام زۆربەمان نازانین وشەی هۆش بەو پێناسە گشتییە لە زانستدا هیچ واتایەکی نییە. لە کۆندا بۆچوونێکی وا هەبوو کە توانای تێگەیشتن، بڕیاردان، هەستکردن، گلدانەوەی زانیارییەکان و کار و کردەوەیەکی هۆشەکییەکان لەلایەن شتێکەوە، یان هێزێکەوە بەڕێوە دەچێت و ناویان نا بە هۆش. ئەو دەمەشی مرۆڤ ئەو توانا و چالاکیە لەدەست دەدات، ناوی شێتیان پێ داوە، لەو باوەڕەدا بوون هۆش بەشێکە لە گیان و شوێنەکەشی دڵە.
هەرچەندە لەمەشدا میسرییە کۆنەکان، یەکەمین ئەو شارستانییەتە بوون بەوردیی باسی مێشک و پێکهاتە و توێک و شلەمەنییەکانی ناوی و درێژبوونەی بەرەو کڕۆکی بڕبڕە کردووە، بەڵام ئەوانەی زانیوویانە مێشک شوێنی بیرکردنەوەیە، گریکییەکان بوونە لە دەوروبەری ٥٨٠ ساڵ بەر لە زاین. لە ئیسلامیشدا لە سەردەمی عەباسییەکان، هەندێ زانا لە گەلەک ڕووەوە ئاماژەیان بە کار و کردەوەکانی مێشک داوە، وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ بیر و هۆش. بە بڵاوبوونەوەی پتری توێکاری لەش لە سەدەی هەژدەیەمەوە، چییەتی مێشک و بەش و لکەکانی کە لێیەوە دەردەچن، چۆنەتی هەستکردن و بینین و بیستن و هی دیکە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەدۆزرانەوە. لە سەدەی نۆزدەیەمیش پزیشکی نەشتەرگەری فەڕەنسی ناودار پاول بڕۆکا، ڕووبەری بەرپرسیار لە ئاخافتن و داڕشتنی لە مێشکدا دەستنیشان کرد، پاش ئەمە پێشکەوتنە پزیشکییەکان هەتا ئەمڕۆکەش زۆر بەخێرایی هەنگاو دەنێن. بۆیە لەم چەرخەی کە زانست لە لوتکەدایە دەکارین بەدڵنیاییەوە ببێژین، مێشک شوێنی گشت کار و فەرمانێکی هزریی لە بیرکردنەوە و هۆشمەندی و ئەوانەی دیکەیە، بۆ سەلماندنی ئەمەش بە سەدان هەزار تۆژینەوەی زانستی لەبەردەستماندا هەن.


بەچی بەڵگەیەک دڵ شوێنی بیر و هۆشە! 

چەند تۆژەرێکی ئایندار لەبەر پاشخانی ئاینییان، بۆچوونیان ئەوەیە کە دڵ چەق و کانگای سۆز و بیرکردنەوە و هۆشە، پێیان وایە زانستیش پاڵپشتی بیروڕاکانیان دەکات. موسڵمانانیش هەمیشە دەبێژن کە هەرچییەک لە قورئاندا هاتووە، لەگەڵ زانستدا یەک دەگرێتەوە، لەم بابەتەی دڵیشدا هیچ دژایەتییەک نایێتە ئاراوە. بەڵام کەسانی بێلایەن و دوور لە کاریگەری ئاینەکان، بەچاکی دەزانن کە هۆکاری بوونی ئەو بیروڕایە نازانستییانە لە باوەڕدارییانەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە هیچ کەسێک ناتوانێ بەئاسانی دەستبەرداری ئاینی پێشینانی ببێتەوە کە هەر لە منداڵێیەوە لەسەری ڕاهاتووە. زۆر سەختە ئەمانە باوەڕ بەوە بکەن ئاینەکەیان هەڵەیە و کتێبە پیرۆزەکەشیان دەستکردی مرۆڤە و نێردراوی خوا نییە، بۆیە تا متمانەیان بەرانبەر بە ئاینەکەیان لەق نەبێ، ئامادەن هەموو ڕاستییەکان بەلاوە بنێن و باوەڕ بە هەر شتێک بکەن لە ئاینەکەیاندا هاتووە بەبێ گوێدان بە لۆژیک و زانیاری ڕاستەقینە.
دانەری قورئان لە ژمارەیەکی زۆری ئایەتەکاندا، دڵی (نەک مێشک) بە شوێنی کۆمەڵێک شت داناوە هەندێک لەوانە، باوەڕداری و گومان، هۆش و بیرکردنەوە و پاراستنی نهێنییەکان. وەک لەو نموونانەوە بەدەر دەکەوێت؛
قَالُوا آمَنَّا بِأَفْوَاهِهِمْ وَلَمْ تُؤْمِنْ قُلُوبُهُمْ (المائدة ٤١): دڵی باوەڕهێنان.
وَارْتَابَتْ قُلُوبُهُمْ فَهُمْ فِي رَيْبِهِمْ يَتَرَدَّدُونَ (التوبة ٤٥): دڵی گوماندار.
لَهُمْ قُلُوبٌ لَا يَفْقَهُونَ بِهَا (الأعراف ١٧٩): دڵ بۆ تێگەیشتن.
لهمْ قلوبٌ يَعْقِلُونَ بِهَا (الحج ٤٦): دڵی هۆشمەند.
وَاللَّهُ يَعْلَمُ مَا فِي قُلُوبِكُمْ (الأحزاب ٥١): دڵی خاون نهێنی.
موسڵمانان بۆ چارەسەری ئەم کێشە مەزنانەی قورئان، یان ئەوەتا دەبێ دەرەنجامی تۆژینەوە و ئەزموونە زانستییەکان وەربگرن و دان بەهەڵەبوونی قورئان بهێنن، یاخۆ بەدوای لێکدانەوە و پینەکردنی جۆراجۆردا بگەڕێن.
لێرەدا لە پێناو پشتگیری کردنی بۆچوونەکانی قورئان و سەلماندنی ئەوەی دڵ سەرچاوەی هۆش و بیرکردنەوەیە، زۆربەی ئاینداران و بەتایبەتی موسڵمانان بە پلەی یەکەم پەنا دەبەنە بەر کتێبی پاوڵ پیرساڵ بەناوی نهێنی دڵ (The heart's code). هەرچەندە ڕاستە ئەم نووسەرە ئاماژەی بە ڕۆڵی دڵ کردووە لە هەندێ ڕەفتار و بیرەوەری لەلای مرۆڤدا، بەڵام لە هیچ شوێنێکدا نەی گوتووە کە دڵ نێوەند و چەقی هۆش و تێگەیشتنە. کتێبەکەی پیرساڵ کتێبی کەسێکی شارەزایە لە چارەسەری دەروونی، نەک پزیشکێکی پسپۆڕ لە دڵ، یان کارئەندامزانی (فسیۆلۆژی). ئەمەش خۆی دانی پێدا هێناوە کە گەلەک بیروڕای تایبەتی خۆی نووسیوەتەوە و کتێبەکەی بۆ خوێنەرانە بەگشتی و نابێ بە سەرچاوەیەکی زانستی باوەڕپێکراو لێی بڕواندرێت. پیرساڵ پشت دەبەستێت بە چەند چیرۆککێکی کەم، کەچی سەدانی دیکەی فەرامۆش کردووە کە لەگەڵ بۆچوونەکەی ئەودا ناگونجێن. نووسەر بەسەرهاتی گێڕدراوەی نەخۆشەکانی وەک بەڵگە دەستنیشان کردووە (anecdotal evidence)، بێگومان ئەم دەرەنجامانەش لە کۆمەڵگە زانستییەکاندا هەرگیز بە زانستی ڕاستەقینە هەژمار ناکرێت. بەڵام لەبەرئەوەی ئەو ئاینانەی دڵیان بە کانگای بیر و هۆش داناوە، بۆیە کتێبێکی ئاوا هەر دەبێ لای لایەنگرانیان بایەخێکی تەواوی پێبدرێت.
کورتەی کتێبەکە ئەوەیە، هەندێک لەوانەی دڵی کەسانی دییان بۆ گوێزراوەتەوە، ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خاوەن دڵەکان وەردەگرن. ئەوەی جێی سەرنجە پیرساڵ دەڵێت، ئەوەی هەیە خودی نەخۆشەکان باسیان کردووە، بەڵام خۆی هەوڵی نەداوە لە ڕاستییەتی ئەو بەسەرهاتانە بکۆڵێتەوە. لە هەمووی گرینگتر لەم کتێبەدا چەند جار ئەوە دووپات کراوەتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لەوانەی دڵیان پێدراوە، هیچ گۆڕانکارییەک لێیاندا ڕووی نەداوە! لە لایەکی دیکەوە ئەوانەی پیرساڵ ناوی بردوون، گشتیان لەوانە بوون دڵێ کەسانی دییان بۆ گوێزرابۆوە، ئەمەش لە نۆهەتەکانی سەدەی ڕابردوو بووە، واتە پێش داهێنانەکانی دڵی دەستکردی پێشکەوتوو. لەبەرئەوەش کتێبەکە زانستی نەبووە، بۆیە دەبینین تا ئێستە بە پشتبەستن بە زانیارییە نوێیەکان، جارێکی دیکە چاپ نەکراوەتەوە.
لێرەدا پێمان باشە هەندێ لە ڕووداو و بەسەرهاتی دیارکراو کە دەکرێنە بەڵگە، لەوانەی پیرساڵ و هی دی کە لە کەسانی جیاجیا بیستراوە ڕیز بکەین؛
- کلیر ژنێکە نێزیک بووەوە لە مردن لەبەر بەرزبوونەوەیەکی زۆری فشاری خوێنی سییەکی، بەمەش پزیشکان توانییان بەسەرکەوتوویی دڵ و سییەکانی کوڕێکی گەنجی بۆ بڕوێنن کە ڕووداوی هاتوچۆ ببووە هۆی مردنی مێشکی. پاش نەشتەرگەری ئەو ژنە بووە خاوەن گەلەک ڕەفتاری پیاوانە، خۆراک و خواردنەوەی بووە شتانێک پێشتر حەزی لێیان نەبووە، واشی لێهات چەندان جار خەون بە کەسی خۆبەخش ببینێت.
- ژنێکی هاوڕەگەزخوازی تەمەن ٢٩ ساڵ، خواردەمەنی ژەمە خێراکانی (وەک هەمبەرگەر) زۆر پێخۆش بوو، دوای گوێزانەوەی دڵی کچێکی ڕوەکی، بووە کەسێکی ڕوەکخۆر و هاوڕەگەزخوازییەکەشی نەما.
- کچێک دڵێ کچێکی دی بۆ داندرا کە ڕووداوی هاتوچۆ ببووە هۆکاری مردنی، دەڵێن ئەو کچەی دڵەکەی وەرگرتبوو، بەردەوام باسی ژانی سنگی دەکرد و هەستی دەکرد شتێکی بەهێز خۆی بە سنگییەوە دەکێشێت، پاشان دەرکەوت کە خاوەن دڵ دوای ڕووداوەکە ماوەیەک ژیا، بەڵام هەتا مرد دەیگوت سنگم ئازاری هەیە.
- لە ڕاپۆرتێکدا هاتووە کچێکی تەمەن ٨ ساڵ، دڵی کچێکی کوژراوی تەمەن ١٠ ساڵی بۆ دەگوێزنەوە، پاش ماوەیەک شەوانە خەونی ترسناک بە پیاوێکی تاوانکار دەبینێت، پزیشکانی دەروونی پێیان نەکرا چارەسەری بکەن، دوای ئەوە دایکی پۆلیسی لەم بابەتە ئاگادار کردەوە، کچەکە لەڕێی خەونەکانییەوە توانی زانیاری تەواو لەسەر تاوانبارەکە و چۆنەتی ئەنجامدانی تاوانەکە بە پۆلیس بدات.


ڕاستکردنەوەی تێگەیشتنە هەڵەکان

ئەگەر لە پزیشکێک بپرسیت کاتێک نەخۆشێک دەهێننە لات و پێت دەڵێن هۆشی (لەدەستداوە)، بیرت بۆ کێشەی مێشک، یان دڵ دەچێت؟ وەڵامەکەی بێگومان مێشکە، بەتایبەتیش لۆی پێشەوەی مێشک کە پێی دەگوترێت، سیستەمی میسۆلیمبیک (mesolimbic system)، چارەسەرکەشی بە دەرمانەکانی مێشکە نەک دڵ، ئەوانەی کار لەسەر وەرگرەکانی دۆپامین و سیرۆتۆنین دەکەن لە خانەکانی مێشک. بە هەمان شێوە ئەو کەسەی گرفتی بێهێزی هەیە لە بیرەوەردا، ڕاستەوخۆ پزیشکان دەزانن ئەمەیان نەخۆشییەکی مێشکە. بەرانبەر بەمەش ئەوانەی دووچاری نەخۆشییە جیاجیاکانی دڵ بوونەتەوە، هیچ پزیشکێک پێمان ناڵێت کە تووشی کەموکووڕی بوونە لە توانای مێشکیان و هۆشمەندی و تێگەیشتنیان. کەچی تووشبووان بە گرفت و خوێنبەربوونی مێشک، کۆمەڵێک کێشەی مەترسیدار لە لایاندا سەرهەڵ دەدات لە پەشێوی هزر و بیر و فەرمانە هۆشەکییەکان.
لە زانستدا ئەوەی هەیە تەنیا کۆمەڵە کار و پیشەیەکی مێشکە و ناونراون بە فەرمانە زانینەکییەکان (Cognitive functions)، بەوەی هەر کارێک چەند خانەیەک لێی بەرپرسیارن، خانە هەیە تایبەت بە بیرەوەر، بۆ شیکار و بیرکردنەوەی لۆژیکی، هی دیکەش پەیوەستە بە تێگەیشتن، زانین و بڕیاردان و هەڵوێست وەرگرتن لە هەندێ بواردا. ئەم خانانە هەر هەموویان تا ڕادەیەک سەربەخۆن و لەڕێی دەمارگەلەکانەوە پێک بەندن، هەر کێشە و شێوانێک هەبێ لە کۆمەڵە خانەیەک لەمانەی ئاماژەمان پێیان کرد، کاریگەری لەسەر ئەو فەرمان و تایبەتمەندییە هەیە کە لێیەوە بەرپرسن. بۆ نموونە کاتێک خانەکانی کاری بیرەوەر و گلدانەوەی زانیاری کەمخایەن لەناو دەچن، ئەوانەی دەکەونە بەشی پێشەوەی سەر و دوو تەنیشتەکانی هیپۆکامپس (Hippocampus)، وا لە کەسەکە دەکات توانای هەڵگرتنی زانیاری بەرەبەرە کز ببێت و سەرەتای نەخۆشی ئاڵزهایمەری لێ بەدەر بکەوێت، بێگومان ئەمەش فەرمانێکە و بەستراوەتەوە بە خانەکانی مێشک و بە هیچ شێوەیەک پێوەندی بە دڵەوە نییە. هاوشێوەی ئەوە نەخۆشی پەشێوی و شڵەژانی دەروونی (شیزۆفرێنیا)، کار لە خانەکانی توێکی مێشک و ئەو بەشەی بەرپرسە لە زانین و شیکردنەوەی زانیارییەکان و چەند بابەتێکی دیکە دەکات، ئەمەش لە کۆندا دەگوترا کە کەسەکە مێشکی خۆی لەدەست داوە و (شێت) بووە. بەڵام ئەمڕۆکە بە چارەسەری و دەرمانی گونجاوی کارکردوو لەسەر وەرگرەکان، دەتوانن ئەو خانانەی بەر زیان کەوتوون تا ئاستێکی باش، یانیش هەر بەتەواوی چاکیان بکاتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ باس لە توانای دڵ دەکات بۆ هۆش و هەستەکان، کەسێکی دوورە لە زانست، چونکە زانستەکانی بواری پزیشکی دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە دڵ جگە لە ترومپایەک زیاتر هیچی دی نییە، هەرگیز پێوەندیشی بە زانین و بیرکردنەوەوە نییە. بێگومان دڵ تووشی پەشێوی و شێوان دەبێ لە دەرنجامی هەڵچوونی دەروونی و کێشەی ئەندامەکانی دیکەوە، ئەوەشە نهێنی پێکبەندبوونی دڵ و هەستەکان کە وا دەکات گۆڕانکاری لە لێدانی دڵ ڕوو بدات، بەهۆی ئەو شتانەی کاریگەریان هەیە لەسەر هەست و نەستەکانی مرۆڤ. دوو ئەندام بەرپرسن لە کارلێکی مرۆڤ بە سروشتی دەوروبەرەکەی و بەبەرهەمهێنانی هەست و سۆزەکان، ئەوانیش مێشک و کڕۆکی بڕبڕەن (کۆئەندامی هەستەکی)، ئەوانەی دەمارە هەستەکییەکان دەیان گوێزنەوە و پێهاتوون لە ماددە کیمیاییەکان و هۆڕمۆنەکان کە دەست بەسەر گشت کردارێکی سۆز و هەستەکان دادەگرن، بەوەی کاتێک دەڕژێنە ناو خوێن کار لە هەموو بەشێکی لەش دەکەن. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بۆچی کاتێک هەست بە سۆز و خۆشەویستی دەکەین دووچاری پەشێوی و خێرایی لێدانی دڵ دەبین؟ پسپۆڕ و شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن، چونکە دڵ لە چوار ئارستەوە بە مێشکەوە بەندە ئەوانیش، پێکبەندی دەمارەکی، پێکبەندی زیندەکیمیایی (هۆڕمۆنەکان)، پێکبەندی کاڕۆموگناتیسی، پێکبەندی فیزیۆزیندەکی، ئەوانە هەموویان وا دەکەن دڵ بکەوێتە بە کاریگەریی ئەو شتانەی هەستیان پێ دەکەین.
لە ڕووانگەیەکی دییەوە لایەنگرانی ئەوانەی دڵ بە چەقی بیر و هۆش دەزانن، بیانوویان ئەوەیە دڵ خاوەنی ٤٠ هەزار کۆتا دەمارەکییەکانە، پێیان وایە ئەمەش ژمارەیەکی گەلەک زۆرە، بۆیە دەبێ دڵ چەندان فەرمان بگرێتە ئەستۆ. پێویستە بەوانە بگوترێت، بوونی کۆتای دەمارەکی لە دڵدا سەلمێنەری ئەوەیە، مێشک بە دڵەوە بەندە و دەست دەگرێت بەو فەرمانانەی دڵ بەڕێوەیان دەبات. ئەی ئەمانە دەبێ چی بڵێن دەربارەی کۆئەندامی زایەندی، ئەوەی بە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کۆتا دەمارەکییەکان بە مێشکەوە بەستراوە، ئایا ئەمەشیان شوێنی بیرکردنەوەیە؟ دڵ بەندە بە مێشک هاوشێوەی هەموو ئەندامەکانی دیکەی لەش وەک گەدە، کەواتە ئەوانەی ئەم پێکبەندییەی نێوان مێشک و دڵ دەکەنە هۆکاری ئەوەی دڵ دەتوانێت بیربکاتەوە، دەبێ دان بەوەشدا بهێنن کە گەدەش دەتوانێت خاوەنی بیرکردنەوە بێت.
ئەوانەشی پێیان وایە دڵ سەرچاوەی بیرکردنەوە و هۆشە لەبەر مەزنی و چییەتی کارەکانی، دەبێ بزانن ئەگەر ئەمە ڕاست بووایە، دەبووایە فیل و زەڕافە ژیرتر بن لە مرۆڤ، چونکە ئەم ئاژەڵانە دڵی گەورەتریان هەیە لە لایەنی قەبارە و فەرمانەوە. بەڵام زانستی پزیشکی پێمان دەڵێت، مرۆڤ لەم ئاژەڵانە هۆشمەندترە، لەبەرئەوەی هەم لە ڕێژەی مەزنی قەبارەی مێشکیان بەرانبەر بە کێشی لەش، هەمیش خاوەنی سێ هێندە پتر خانەی دەمارەکییە لەوەی فیل و ئاژەڵە زلەکان.
خاڵێکی دیکەی کە چەندان جار پەنای بۆ دەبردرێت ئەوەیە، گوێزانەوەی دڵ وا لە کەسی وەرگر دەکات، تووشی شڵەژان و خەمۆکی ببن و حەز و ئارەزوویان بگۆڕێت. بێگومان ئەمە ڕاستە و پزیشکەکانیش دەبێژن، ئەم کێشە و گرفتانە لە گشت نەشتەرگەرییەکی لابردن، یاخۆ ڕوواندنی ئەندامی گەورەی لەش ڕوو دەدات لە شێوەی، بڕینەوەی پەلێک، چاندنی جگەر و گورچیلە، نەشتەرگەری دڵ، هەتا ئەگەر دڵیش نەگۆڕدرێت. هۆکارەکەی ئەوەیە فشارێکی یەکجار بەهێز دەکەوێتە سەر لەش، بەتایبەتی لەسەر مێشک پاش نەشتەرگەرییەکی مەزن و نێزیک بوونەوە لە مردن، یاخۆ هەستکردن بە نەمانی پەلێک، یان ئەندامێکی لەش. هاوکات سڕکردنی درێژخایەن و نیشانەی لابەلایی نەخوازراوی ئەو دەرمانانەی بەکار دەهێندرێن لەدوای چاندنی دڵ، بۆ دامرکاندنەوەی بەرگریکردنی لەش بۆ ئەندامێکی نامۆ و نوێ کاریگەرییان زۆرە. بەداخەوە لەم بابەتانەدا هەندێ لە پزیشکانیش لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان و بیروباوەڕەکەیان، دێن و ڕاڤەی نالۆژیکی و هەڵەی پێ دەدەن و هۆکاری ڕاستەقینەی زانستیش فەرامۆش دەکەن.
بۆ ڕوونکردنەوە و تێگەیشتنی پتری کاریگەری ڕوواندنی دڵ، دەمانەوێ ئاماژە بدەین بە ناسراوترین چیرۆک لەم ڕووەوە دەربارەی ئەو دڵە دەستکردەی کە درێژترین ماوەی بەخشییە هەڵگرەکەی بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنێتەوە. بابەتەکەش ئەوەیە لە لەندەنی وڵاتی ئینگلستان لە ساڵی ٢٠٠٠دا نەشتەرگەرییەک کرا بۆ چاندنی دڵێکی دەستکرد بۆ هاوڵاتی پیتەر هۆوتن Peter Houghton کە قەبارەکەی هێندەی پەنجەی گەورەی مرۆڤ دەبوو. ئەم دڵە توانی نێزیکەی ٧ ساڵ درێژە بەژیانی نەخۆشەکە بدات، دڵەکەش جۆری (جارفیک) بوو کە لەلایەن کۆمپانیای جارفیکی ئەمریکییەوە دروست کرابوو، بە پیل کاری دەکرد و بە ئامێرێک ڕێک دەخرا و بە پشتێنەی نەخۆشەکەوە دەبەسترا. پێویستە هەر لە سەرەتاوە ئەوەش بڵێین، ئەوەی بۆ پیتەر چاندرا پێی ناگوترێت دڵ، بگرە تەنیا ترومپایەک بوو لەپاڵ دڵی سروشتی خۆی.
دراوسێ و هاوڕێکەی دەیگوت، پیتەر کەسێکی مەزن بوو، پاش نەشتەرگەرییەکە لەو حەفت ساڵەدا هەموو ژیانی بۆ کاری چاکە وەک ئەندامێکی هەرە چالاک لە نێوەندی خێرخوازی بۆ تۆژینەوەی نەخۆشییەکانی دڵ تەرخان کرد. هەمیشە لە گەشت و گەڕانیش بوو و لە ڕێی چەندان ڕێکخراوەی جیهانی خەڵکی دیکەی هان دەدا بۆ یارمەتیدانی نەخۆشانی دڵ. بێگومان ئەمانەش تەواو ماندووی کردن، بەتایبەتیش کاتێک بووە سەرۆکی دامەزراوەی کێشە و گرفتی دڵ، بەمەش لە ساڵی ٢٠٠٧ کۆچی دوایی کرد.
کەسانێکی زۆر چاوپێکەوتنیان لەگەڵ پیتەر دەکرد و دەربارەی تەندروستییەکەی پرسیاریان لێ دەکرد. ئەو هەردەم سوپاسگوزار بوو بۆ ئەو دڵە دەستکردەی لە مردن ڕزگاری کرد، بەڵام گلەیی لەخۆی دەکرد کە بۆچی ساردییەک لە هەستیدا بەدی دەکات، لەبەرچیش لە پێوەندی بە نەوەکانییەوە وەک پێشان گەرموگوڕ نییە؟ یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی گفتوگۆی لەگەڵدا کرد دەبێژێت، پیتەر وای لێهات گۆڕان بەسەر بیروباوەڕیدا بێت و هیچ گرینگی بە پارە نەدات، نەشزانێت هیوا و ئامانجی لەم ژیانەدا چین؟ ئەوەی جێی سەرنجە کاتێک لە سەرۆکی بەشی پزیشکی زانکۆی پێنسیلڤانیایان پرسی بۆ ئەمە و ئایا دڵ بەندە بە هەست و بیرکردنەوە؟ گوتی، ئەم بابەتە هیچ گرینگییەکی نییە، زاناکان هیچ بایەخێک بەوە نادەن، کەسیشمان لە پێوەندی نێوان هۆش و سۆز لەگەڵ ئەندامەکانی لەش لێکۆڵینەوە ناکات!
ئەوانەی هەوڵ دەدەن بە هەر شێوەیەک بێت دڵ ببەستنەوە بە هۆشمەندی، بە دوو خاڵی ئاشکرا و ڕوون دیسانەوە وەڵامیان دەدەینەوە، یەکەمیان گوتومانە کە ئەوەی بۆ پیتەر ئەنجام درا گواستنەوەی دڵ نەبوو، بگرە دانانی ترومپایەکی بچووک بوو بۆ یارمەتیدانی ئەو دڵەکەی کە هەر لە شووێن خۆیدا مایەوە. ئەمە خودی پیتەر بەدرێژی باسی لێوە کردووە لە کتێبەکەیدا (ساڵی ٢٠٠١) بەناوی: مەرگ، دەمریت و نامریت (Death, Dying and Not Dying). دووەمیشیان، ئەم کتێبە هەندێ بەشی پێش نەشتەرگەرییەکە ئامادە کرابوو، بەشەکانی دیکەی دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە نووسرایەوە و بە دوو ساڵ ئینجا تەواو کرا. هەموو ئەمانەش پاش ئەوەی لەگەڵ سێ هاوڕێیەکەی، یەکیان موسڵمانی سوونە و یەکێکی شیعە و ئەوەی دیکەی ئاینێکی دی، دەربارەی چەندان بابەتی جۆراوجۆری ئاینی گفتوگۆی کرد وەک، خوا و گیان، ژیان و مردن، هەست و هۆشەکان، بێگومان ئەمانە گشتیان بە هۆکار و کاریگەری نەشتەرگەرییەکە خرانە چوارچێوەی کۆمەڵە بیرۆکەیەکی جیاواز و تایبەتی. بەوانەوە دەگەینە ئەو دەرنجامەی کە بە دانانی دڵێکی تەوایش هیچ گۆرانکارییەکی بنەڕەتی نایێتە کایەوە و نەخۆشەکان هەرگیز کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست نادەن. بەڵام وەک چەندان جار جەختی لەسەر کرایەوە کە ڕووداوێکی گەورەی لەم شێوەیە، بێگومان ڕۆڵی هەر دەبێت بۆ شێوازی ژیان و ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکان.
ئەوەی لێرەدا شایەنی ئاماژەپێکردنە، شانشینی عەرەبی سعودی لەبواری نەشتەرگەری ڕواندنی دڵ، لە پێشەوەی زۆربەی وڵاتانی ئیسلامییە، ژمارەیەکی یەکجار زۆر چاندنی دڵی تێدا ئەنجام دراوە. دەربارەی ئەو بابەتە دکتۆر موحەمەد عەبدول بار لە وتاریکدا دەڵێت، گەلەک لە شارستانییەتەکان لە مێژوودا وای بۆ دەچوون دڵ شوێنی هەست و بیر و هۆشە، کەچی دەبینین هەموو ئەوانەی دڵیان بۆ گوێزراوەتەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە هەست و سۆز و کەسایەتییان ڕووی نەداوە. ئەو موسڵمانە سعودییەی دڵی کرستیانێکی فلیپینی وەرگرتبوو، ئەو نەخشە جوگرافیاییەی کە هەی بوو پێش نەشتەرگری، دەربارەی وڵات و شار و ماڵەکەی گۆڕانی بەسەردا نەهات، هاوکات لە باوەڕداری و ئاین و هەستی بەرانبەر بە منداڵ و ژنەکەی وەک خۆی مابوونەوە، دڵیشی بۆ ئەو کچە فلیپینییە نەدەچوو کە خۆشەویستی کەسی خاوەن دڵ بوو. هۆکاری ئەمانە لەوەدایە کە نێوەندی گلدانەوەی ئەو زانیارییانە مێشکە، دڵ نییە، چونکە مێشک تەنیا ئەوەی لە دڵ دەخوازێت کە خوێنی هەڵگری خۆراکی پێ ببەخشێت، نەک زانیارییەکان.
لەبارەی ئەمەوە پزیشک و پڕۆفیسۆر (کاری شوارتز) لە زانکۆی ئەریزۆنا دەڵێ، ژمارەیەکی زۆر لە لێکۆڵینەوەکان دەی سەلمێنن کە پاش نەشتەرگەری مەزن، گۆڕانکاری لە ڕەفتار و هەڵسوکەوت ڕوو دەدات، ئەمەش نەک تەنیا دوای نەشتەرگەری دڵ، بگرە زۆربەی ئەندامەکانی دیکەی لەش. بۆ نموونە ژنێک بەناوی لیندا کامور گورچیلەیەکی خۆی دەبەخشێتە پیاوەکەی، لێرەشدا پاش نەشتەرگەری، پیاوەکە بەردەوام یاریدەی ژنەکەی دەدا لە کاری پاککردنەوەی ناوماڵ و چێشتلێنان و بازاڕکردن، ئەمانەش چەند کردارێک بوون کە پیاوەکە بەر لە وەرگرتنی گورچیلەکە ڕقی لێیان دەبووەوە. بەڵام زۆریش ڕێی تێدەچێت ئەو پیاوە لەبەر سوپاسگوزاری و زێدەبوونی خۆشەویستی بۆ ژنەکەی، ئەم گۆڕانکارییانەی بەسەردا هاتبێت؟
ئەوەی ئاشکرایە کە دڵی دەستکرد، بابەتی دانەپاڵی هۆش و بیرکردنەوەی بۆ دڵ بەتەواوی بەلاوە نا، چونکە ساڵانە نێزەکەی دە هەزار کەس دڵێ دەستکردیان بۆ دادەنرێت، کەسیش نەی بیستووە یەکێکیان، بیر و هۆش، یان نهێنییەکانی ژیان، یاخۆ بیرەوەری و زانیاری کۆنینەی لەبیر چووبێتەوە. نوێترین ئەو دڵە دەستکردانە تا پێنج ساڵ و پتریش کار دەکەن و پاشان جارێکی دی دەگۆڕدرێنەوە، لە پڕۆژەکانی داهاتوو هەوڵ دەدرێ لەم بوارانەدا، چاکسازی پتر ئەنجام بدرێن و ژمارەیەکی گەلەک زۆر دڵی هەمیشەیی بەبەرهەم بهێندرێت.
سەرباری ئەمانە، تۆژینەوە نوێیەکان پێمان ڕادەگەێنن کە دەشێ ئەندامەکانی ئاژەڵان بگوێزرێنەوە بۆ مرۆڤ. لەبارەی ئەمەوە شارەزایانی پزیشکی بۆ گواستنەوەی دڵ لە بەریتانیدا، پاش کۆمەڵێک لە ئەزموونی یەک بەدوای یەک، گەیشتوونەتە ئەو دەرنجامەی کە لەم دوو یان سێ ساڵەی داهاتوو دەتواندرێت دڵی بەراز دابندرێت بۆ ئەو مرۆڤانەی کێشەی دڵیان هەیە، یان دڵیان لەکار کەوتووە. بە ئەنجامدان و سەرکەوتنی ئەم هەوڵانەی زاناکانی هاوچەرخ، دەبێ ئەوانەی دڵ بە سەرچاوەی هزر و هۆش و بیرکردنەوە دادەنێن، دەربارەی ئەمە چی بڵێن؟
...............................

سەرچاوەکان؛





(دەنگدراوە: 4 . زۆرباشە: 5/5)