بیرۆکەی تەقاندنەوەی بەنداوەکەی دەربەندیخان

Saturday, 19/09/2020, 13:01

6276 بینراوە


هەرکە بەعس ١٦ ئازاری ١٩٨٨ هەڵەبجەی کیمیاباران کرد، وەک هەرکوردێک پاشان وەک مرۆڤێک هەستم بەئازارێکی قوڵکرد، لە ناخدا، یەکسەر توڕییم گەیشتە لووتکە، ئەو توڕيبوونەش والێکردم کە بیر لە تۆڵە بکەمەوە، ئاگاداربووم کە جووەکان یەکە بەیەکە بەدوای نازییە تاوانبارەکانی کۆمەڵکوژی و سووتاندنی قوربانییەکانی خۆیاندا دەگەڕان و دەیانگەیاندنەوە ئیسرائیل بۆ دادگایی.

ئێمەی بێکەس چی بکەین؟ چارەمان چییە؟ چۆن تۆڵە بکەینەوە؟!

  منێکی ئاوارەی ئەوروپا و پەرتەوازی خەڵکەکەمان چیمان لەدەست؟ با لە دەستمان دێت، لە پڕ منیش بیری تەقاندنەوەی بەنداوەکەی دەربەندیخانم کردەوە، کە بەئاسانم دەزانی، ئاگاداریش بووم کە بەنداوەکەی دەربەندیخان بە بەهاران خۆڕسکانە دەگاتە ئاستی دەقینەوە، هەروەها ئاگاداری هێزی پاڵەپەستۆی ئاوی بەنداوەکەشم کە هێزی پاڵەپەستۆی ئاوە پەنگخواردووە سەراپای بەنداوەکەی بە ٣م پاڵناوە بۆ پێشەوە، واتا ئەگەر لە سلێمانیەوە بەرەو دەربەندیخان بڕۆیت پێش تونێلەکە نزیک گووندی "قاشتی" قیرەکە ڕۆچووە بە نزیکەی ٣مەتر، پاشانیش ئاگاداری هاتنی " کلاوس" ناوێک بووم، کە پسپۆڕبوو لەبواری دروستکردنی بەنداودا، لە ئوتێلەکەی ئێمە دەنووست، زۆرجار پرسیارم لێدەکرد، کە ئایا بەڕاست ئەگەریی تەقینەوەی ئەو بەنداوە هەیە؟
کلاوس کە پسپۆڕێک و شارەزاییەکی فەڕەنسیی بوو،  لە وەڵامدا ووتی: ئەوانەی بەنداوەکەیان دروست کرد، پێشبینی ئەوەیان نەکردبوو، کە ئاو بەسەر سەری بەنداوەکدا بڕوات، واتا زۆرجار ئاو تەنانەت بەسەر دوا خاڵی بەرزی بەنداوەکەدا دەڕوات، ئەمەش لەکاتێکدا کە هەرسێ تاڤگە دەستکردەکە لەگەڵ هەرسێ تونێلی ئاوەکان بەرەڵاکراوە.
ئەوسا بە ئاسانترین بیرۆکەم بینی بۆ تۆڵە سەندنەوە، بەڵام ئێستا ئەم بیرۆکەیە بە کارێکی تیرۆریستی و فاشیانەی دەبینم و لێی ژێوانم.
ئەو کاتە یەکسەر پەیوەندیم بە هاوڕێ نزیکەکانمەوە کرد، ئەوانەی کە ئاگاداربووم،  کەسانی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرن، لەوانەش برادەیکی دووکانیم هەبوو، بە کورتی بووین بەشەش کەس کە خۆم دلێیابووم وەک قۆریەکەی عەلادین لەهەر کاتێکی مەترسیدا ئامادەن بێنە دەرەوە و قوربانی بدەن بۆ خاک و خەڵک.
سەرەتا کەوتینە لێکۆڵینە و خوێندنەوەی لەسەر ئەو بەنداوانەی، کە لە جیهاندا ڕووخاوون بە ڕووداویی سروشتی یان تەقێندراونەتەوە، لەکۆتایدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە نەک بەنداوەکەی دەربەندیخان بەڵکوو بەنداوەکەی دووکانیش بتەقێنینەوە، هاوڕێکانم پێیان وابوو، تەقاندنەوەی بەنداوەکەی دوکان ئاسان ترە، چوونکە چیمەنتۆیە، نەک ئەوەی دەربەندیخان کە گابەردە و بۆتە شاخ، بۆیە بیرمان لە پەیداکردنی بەهێزترین بارووت کردەوە، ئەمەش وایکرد، پێویستیمان بە هاوکاری هەبێت و ناچاربین بۆ دابین کردنی بارووتی "سی فۆڕ" پەیوەندی بکەین بەکەسانی ناو حزبیەکانەوە، ئەمەش (هەڵە گەورەکەمان بوو) ، کە سەرکردایەتی حیزبەکان بە پیلانەکەمان بزانن.
بۆ پەیدا کردنی کەرەستەی ژێر ئێو "غطس"، لەوە دڵنیابوون کە لە ئێران بە ئاسانی دەست دەکەوێت، مایەوە تەنها باروتی "سی٤"
من لەلای خۆمەوە پەیوەندیم کرد بە "مامۆستا جەلال شێخ تۆفیق"، کە هاوکاریمان بکەن، بۆیە مامۆستا جەلالم هەڵبژراد چونکە کادیرێک و پێشمەرگەیەکی سەرەتای شۆڕشی نوێ و کۆمەلە بوو، هەروەها مامۆستای سەرەتایم بوو، جگە لەوەش کەسێکی دلسۆز و هاوشاریشم بوو، دێتەوە یادم کە مامۆستا جەلال "هاوڕامان نەبوو"، هەروەها یەک دوو کەسایەتی دیکەش نەک هەر هاوڕامان نەبوون بەڵکوو بە توندی دژمان وەستان و پێیان وابوو ئەمە کارێکی دڕندانیەوە، نامەوێت ناویان بهێنم، چونکە لە ژیاندا نەماوون، یەکێک لەو دوو شەهیدەی کە پەیوەندیمان پێگرتن، بە شیعرەکەی خەیام وەڵامی داینەوە

شووشەی شەرابت شکانم خودا
داتخست دەروازەی ژیانم خودا
من لێمدا کەچی وا تۆی گرتووە
قڵپ قڵپ شەرابت ڕژانم خودا

هەروەها ئەو دوو کەسایەتیەی کە شەهید بوون، پێێان ووتم مرۆڤی چەپ دەبێت بیر لە کاری شۆڤێنی و فاشیانە نەکاتەوە!
پاشانیش پێیان ڕاگەیاندنین کە سەرانی خوودی یەکێتیی قۆڵبەستمان دەکەن و دەمان دەنە دەست بەعس.
ئەمانە و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە وای کرد، کە بەرنامەکەمان دوابخەین، لە کۆتایشدا وازمان لێهێنا.
خۆم پێم وایە کە لێدوانەکانی مەلا بەختیار هەر لێرەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوەش لەو کاتەوەیە، کە مەلا دەبیستێت کۆمەڵێک لەهەندەران بە نیازبوون بەنداوەکەی دەربەندیخان بتەقێننەوە، ئیتر بە کەیفی خۆی دەیهۆنێتەوە، چونکە مەلا بە ختیار وەستایەکی بێهاوتایە لە بارەوە، خۆم بەلایەنگیری هیچکامیان نابینم، نەک هەر ئەوەش ئەوکاتەی کە مەلا بەختیار دەسگیرکرا، کۆمەڵیک هەستاین بەکۆکردنەوە واژۆ کە مەلا بەختیار ئازاد بکرێت بەناونیشانی "مەلا بەختیار و هاوڕێکانی ئازاد بکەن"، لەوانە هاوڕێی بەڕیزم کاک "کارلۆ، کاروان عیرفان" هەر ئەمڕۆش پەیوەدنیم بە کاک کاروانەوە کرد، بەڵام بەداخەوە ئەویش مێژوەکەی بیر نەبوو، بەڵام بەمەزنە بۆی نوسیم کە ١٩٧٨ یان ١٩٨٨بوو.
بۆ ئەوەی  زیاتر کەسایەتی مەلا بەختیار شەن و کەو بکەین و لە ئاستی ڕاستگۆیی مەلا تێبگەین پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو کاتەی مەلا بەختیار ئەڵێ ٢٢ کۆپتەرم بەداوەوە بووە، لێرەوە تێدەگەین ئەم مرۆڤە کەسێکی ڕاستگۆ نییە، (وەک کاتی خۆی چۆن قەڵەمفرۆشێک ویستی کۆسرەت ڕەسوڵی دەبابەخۆرمان لێبکات بە جیڤارا، ئەوەبوو سوارەکانی کوردستان پۆست لێی هاتنە دەست)،  مەلا بەختیاریش ئاوا خۆی دەکات بە ئازا و جەنگاوەر، کە هەرگیز ٢٢ کۆپەتەر بە ئاسمانی کوردستانەوە بەو ژمارە زۆرە نەبیندراوە، لە دەیان و سەدان شەڕیش ئاگادارین کە هەمیشە دوو کۆپتەر زیاتر نەبووە، بەشداری شەڕیان کردبێت، کەسانی ئازا و قارەمان باسی خۆیان ناکەن هەرگیز.
وەک گووتمان بەنداوەکەی دەربەندیخان خۆی لە خۆیدا ئامادەیە بۆ تەقاندنەوە، خۆدی ئاوە پەنگخواردووەکە نزیکە ٣ مەتر ئەو بەنداوە بۆ پێشەوە پاڵیناوە، هەروەها هەموو ساڵێک بەتایبەتی بەهاران هاوار بەرز دەبێتەوە کە سەدەکە لە تەقیندایە، کەواتە ڕاست نییە بە ٤ تەن تیئنێنتی هەوڵی تەقاندنەوەی بدرێت، لە ڕاستیدا چوونکە ژێر تۆربینەکان ئەو جێگایەیە کەبەرزترین هێزی ئەو هەموو ئاوە پەنگخواردووەی لەسەرە. بە سانایی ئامادەی تەقینەوەیە، مەلا ئەشڵێ بڕۆن تەماشای ژێر "تۆربین"نەکان بکەن، ئەمەش دەکرێت بە چەند نارنجۆکێک ژێر تۆربینەکان بریندار بکرێت، وەکوو بەڵگە نیشان بدرێت.
مەلا بەختیار لەوێشدا ڕاستگۆ نییە کە ئەڵێ: من شیوعی ناکوژم، شیوعییەکان مرۆڤە جوان و پاکەکانن، کەسانی دڵسۆزن، چونکە مەلا یەکە بەیەکە هاوڕێ هەرە نزیکەکانی خۆی بۆ دوژمنەکانیان ئاشکراکرد، هیوادارم کە هاوڕێ شیوعیەکانم بەم جوانکارییە هەڵنەخەڵەتێن، هەندێک ئەڵین و پاساو بۆ مەلا دروست دەکەن کە لەژێر فشاری ترساندن ئەشکەنجەدا بووە!
کاتی خۆی کە خۆم گیرام لەلایەن بەعسەوە گەنجێکی بێ ئەزموون بووم، ئەو کاتە سەرۆک شانە حزبیەکەمان شەهید مەحمود حەسەن، خوالێخۆشبوو مامۆستا جومعە شەمە بوو، ئەندامەکانیش کە ئێستا زۆریان لەژیاندا ماوون، لەوانە "یاسین عەلی، شەونم شێخ محەمەد، ئەگەر هەڵە نەبم هەردووکیان لە ستۆکهۆڵم دەژین، هەروەها هیوا حەمە سادق، حەمەی عەلی، شەهید سۆران"حەمەی عەبە گورگە"، شەهید عەبە سیارەی دۆستی من بوون واتا جار جار لەگەڵ خۆم بەشداری کۆبوونەوەی حیزب دەبوون، بەداخەوە ناوی هەموویانم بیرنەماوە، بەڵی کە گیرام یەکسەر مام قادر فەڕاش خۆی شاردەوە (ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی حزبی دەهێنا بۆ دەربەندیخان، منیش دابەشم دەکرد).
لە کەس شاروە نیە کە بەعس چ دڕندەیەک بوو، منیش چرکە لە دوای چرکە ڕق ئەستوورتر دەبووم، هەرچی بەڵگەیان هێنایەوە کە شاهیدیان لەسەرداوم، بەڵام ناوی کەسم نەدەهێنا، هەروەکوو ووتم هێشتا زۆرێک لە هاوڕێکانم کە لەیەک شانەی نهێنی حزبی شیوعیدا بووین زیندوون. لێرەدا ئەڵێم هەرگیز پیاوەکانی جەلال تاڵەبانی هێندەی بەعس دڕندە نەبوون، ئەگەریش بوون بۆ مەلا بەختیار بەرگەی نەگرت، کەچی بە پەلە ناوی هەموانی درکاند؟
شەهید "مەلا محێدین" کەرکوکی کە بەرپرسی ئیغتیالاتی کۆمەڵە بوو لە کەرکووک"کۆمیتەی ئاگرین"، لەگەڵ هاوڕێیەکەم لە یەک ژووردا زیندانیی بوو، هەموویان دەیان زانی ئەگەر دان نەنێت بەوەی کە کەسی نەکوشتووە ئەوا ئعدام نەدەکرا، کەچی مەلا محێدین چونکە باوەڕی تەواوی بە قورئان و مارکسیش هەبوو دانی بە کوشتنی کۆمەڵێک پیاوخراپی بەعسدا ناو لە کۆتایشدا بەداخەوە لە سێدارەدرا، شەهید مەلا محێدین دەیتوانی بڵێ بەڵێ ئێوە دوژمنن بەڵام کەسم نەکوشتووە، ئەوا ئیعدام نەدەکرا، چونکە ئەوانەی کە دانیان بە کوشتندا نەنا بەر لێخۆشبوون کەووتن.
لەکۆتایشدا ئەڵیم ئەوا ٣٢ ساڵ بەسەر ئەم بیرۆکەیدا تێدەپەڕێت، هەرگیز لەلای هیچ کەسێک باسی ئەم بیرۆکەم نەکردوە، ئەمە تەنها وەڵامێکە بۆ درۆ شاخدارەکانی مەلا بەختیار.
لێرەشدا جێگەی باسە، کە بڵێین ئەو جۆرە کەسایەتیە ساختەچیانەن کە بوونە هۆکاری ئەوەی وەک گەمەی مارو پەیژە هەمیشە لە لووتکەوە دەمان هێننەوە بۆ خاڵی دەستپێک، ئەمەش بەتەنها مەلا بەختیاری ساختەچی و درۆزن نییە، بەڵکو بۆ نموونە ئەگەر شیوعیەکان و چەپەکانی ئێران نەبوونایە لەکوێوە بمانزانیایە کە "سامی عەبدوڕەحمان" لەیەک کاتدا سیخوڕی بۆ ٣ ووڵاتی دوژمنەکانمان کردووە، ئەگەر شیوعیە ئێرانیەکان نەبونایە چۆن بمازانیایە  سامی عەبدولڕەحمان لە ١٩٧٦ دوو ملێۆن مارکی لە "موساد" وەرگرتووە، ئەم بەڵگانە ساڵی ١٩٧٦ بڵاوکرانەوە، ئەی چۆن دوای ئەوەش حیزبی نوێ دروست دەکات؟ خۆ بەڵگەکان ساڵی ١٩٧٦ بڵاوکرایەوە!
ئەی چۆن خێڵی بارزانیەکان دوای ئەوەش لە جیاتی سزا پلەیان بەرز کردەوە و بوو بە کارئەکتەری باڵای خێڵی بارزانیەکان؟
"خالید الڕشید، لەبەرنامەی رحلة فی الذاکرە" چاوپێکەوتن لەگەڵ "خۆشەوی نوێنەری خێڵی بارزانی" لە مۆسکۆ دەکات، دەربارەی مستەفا بارزانی و ڕاکردنەکەی بۆ سۆڤێت، لە کۆتایدا خالید بە خۆشەوی ئەڵێ ئەمەی ئێستا باسی دەکەم لە ئەرشیفەوەیە کە مەلا مستەفا سیخوڕی بۆ سۆڤێت کردووە، بێگومان خۆشەوی ناچارە بڵی شتی وا نییە!


هەروەها کەمالی سەید قادر ئەویش لە ئەرشیفی "میترۆخین" دەریهێناوە، کە مەلا مستەفا سیخوڕی بۆ "KGB" کردووە بە ٥٠ دۆلار!
قارەمانێکی دیکەی شۆڕشی گوڵان سیخوڕی سێ سەرە دەرچوو

قارەمانێکی دیکەی شۆڕشی گوڵان سیخوڕی سێ سەرە دەرچوو

بەشبەحاڵی خۆم نەوشیروان، جەلال تالەبانی هەردوکیشیان هاوڕیی نزیکمیان شەهید کردووە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک لایەنگیری هیچ لایەکیان نیم، بۆیە دەپرسم کە کاتێک نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی جیابوویەوە و ئەو کاتەش نەوشیروان کەسی دووەم بوو لەناو یەکێتی، هەروەها نەوشیروان مستەفا بووە دوژمن و هەڕەشە لە سەر تەواوی ی ن ک ، ئەی بۆ ئەوکاتە مەلا هیچ باسێکی لەم باورەوە نەکرد؟
خۆئەگەر ئەوکاتە باسی بکردایە زۆر زۆر ساناتربوو، ئەم باسە ترسناکە ڕێچکەکان ئەوە بورهان دەکەن و ئاماژە بۆ سینارێۆ دەکەن، چوونکە ئەمڕۆ مەلا پشگوێ خراوە، ئاشکرایەو لەکەس شاراوە نیە، زۆربەش باوەڕیان وایە کە ئەمڕۆ مەلا لەبنەماڵەی بارزانی نزیک بۆتەوە، پێموایە کەبەم نزیکانە مەلا حزبێکی نوێ دادەمەزرێنێت.
بە پشت بەستن بە هاوار و دانبێدانانی "ساواک" کە فەرەح لە بیرەوەریەکاندا ئاشکرای دەکات کە ترسی زۆریان لێنیشتووە شیوعی و چەپەکانی ئێران بوونەتە هەڕەشە، هەربۆیە پەنا بۆ" ئێم ٥" دەزگای سیخوڕی بەریتانی دەبەن، ئەوانیش حزبی مارکسی و ماویستی ساختەیان بۆ دروست دەکەن، تا ووردە ووردە چەپ شیوعی لاواز دەکەن، لەهەمان سەرچاوە فەرەحی هاوسەری شا ئەڵێ دووجار شا بریندار کرد، یەکێکیان ماوی بوو ئەویتریان مارکسی.
ئێستا دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بەهاتنی کازمی بۆ کوردستان لەهەموو کاتێک زیاتر ڕێسوایان بە خۆیانەوە دیووە، چونکە ئەو پێشوازیەی لە کازمی کرا، پێشوازی قارەمانانە بوو، هەموو دیتمان دایکی ئەنفالکراوێک بە کازمی ووت کوردستان دەدەمە دەستی تۆ، هەروەها کازمی دایکی ئەنفالکراوێکی ماچ بەپەلە مەسعودی کوڕی مەلا مستەفا ڕایکرد دەستی هەمان دایکە ئەنفال کراوی ماچکرد، لە مەسعودی مستەفا بارزانی خۆفرۆش دەپرسم بۆ پێشتر دەستی هەمان دایکە ئەنفالکراوت ماچ نەکرد؟
هەروەها ڕۆژانە دەیان کەس لە بەغداد تیرۆر دەکرێت، بەکوردستانیشەوە، بکوژیش بەدەگمەن دەدۆزرێتەوە، ئەوە خێرە لە ١٢ کاتژمێردا بکوژی دەرمانسازەکەی بەغدایان دۆزیەوە، کەچی وا ١٠ساڵ بەسەر تیرۆری "سۆرانی مامە حەمە، عبدوستار، زەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی و دەیانی دیکە تێدەپەڕێت، کەچی هیچ هەواڵێک لەبکوژەکانیان نیە!؟
بکوژەکەی خێزانە دەرمان سازکە لە دانپایانانەکەیدا ئەڵێ ناسیاوم بوون و چووم بۆ داوای قەرز، ڕوخسار و تەمەن و ئاستی کۆمەڵایەتیان بەهیچ شیوەیەک لەیەکەوە نزیک نیە و ئاسمان و ڕێسمان نێوانیانە، لەمەشدا سینارێۆکەیان بە ئاشکرا دیارە.
فازڵ میرانی ئەڵێ هاتنی کازمی زیاتر بۆ خۆدەرخستن هاتووە، هەروەها فازڵ میرانی ئەڵی ٥ مانگە مووچەم وەرنەگرتووە.
ڕوداویش واپییشان دەدات کە بەغداد بۆتە تەکساس گیانی هیچکەس پاراێزراو نیە.
لە ئەنجامی بێمێشکی سەدامدا، سەدام ڕوخێندرا وسوپای عێراقێش لە ڕێشەوە هەڵکێشرا، کوردستان بووە ناوەندی دەسەڵاتی عێڕاق، جووت خێل خاوەن ئەزموونی٧٠ ساڵ جموجۆڵی سیاسی و سەربازی بوون، جەلال تاڵەبانی لە ٥٠کانەوە پارێزەربوو، ئەی بۆ بەم ڕۆژەیان گەیاند، کە مێرمنداڵێکی وەک کازمی کەلە٨٠کاندا لەدایک بووە،ببێتە مەحبوبەی هەموو کوردستان؟
گڕوگاڵەکەی مەلا بەختیار و کوشتنی دەرمان سازەکەی بەغداد بۆ خۆڵکردن چاوی گەلە، بۆ بەلاڕێبردنی ڕیسوایەکەی خێڵی بارزانی بەتایبەت هەروەها خێڵی تالەبانیش، کە هەرهەموو هەوڵەکان لەبەرژەوەندی خێڵی بارزانیەکاندایە، بە دڵنیای بەم نزیکانەش مەلا حزبی نوێ دروست دەکات، ئەگەر پلەو پۆستی بەدڵێ خۆی پێنەدرێت، ڕێک وەک حزبە کارتۆنیەکانی کە "ئێم٥" بەریتانی دروستیان کردبۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵکشانی هەوادارانی چەپ و کۆمەنیست لە ئێران.
لە کۆتایدا ئەڵێم کە بیرۆکەکەمان بیرۆکەیەکی دڕندانەو فاشیانەبوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە