ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕأن به‌شداره‌ له‌ حكومه‌تدا یان گرێگرته‌ى پارتیه‌؟

Saturday, 11.07.2020, 20:36

1514 بینراوە


بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ هه‌ ل و مه‌رجێكدا دروستبوو كه‌ نه‌ڕه‌زاییه‌كى ئێجگار زۆرى جه‌ماوه‌ر هه‌بوو له‌ ده‌سه‌ڵاتى  یه‌كێتى و پارتى . هه‌ر له‌به‌ر  ئه‌وه‌بوو كاتێك بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى په‌ڕله‌مانى كرد له‌ 25/7/2009  به‌ هۆى ئه‌و پشتیوانیه‌ زۆره‌ى جه‌ماوه‌ره‌وه‌  ، بوو به‌ خاوه‌نى  25 كورسى په‌ڕله‌مان و  حیزبى دووه‌مى هه‌رێمى كوردستان .  بزوتنه‌وى گۆڕان بوو به‌ جێگه‌ى گرینگى پێدانى هاوڵاتیانى  هه‌رێم و  وڵاتانى ناوچه‌كه‌و وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ . زوربه‌ى سیاسه‌تمه‌دارانى ناوچه‌كه‌و جیهان، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیان به‌ جێگره‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتیان ده‌زانى . 
به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌  له‌ بنه‌ڕه‌تدا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ پێی به‌رنامه‌یه‌كى  نه‌خشه‌ داڕێژراو دانه‌مه‌زراو زیاتر كاردانه‌وه‌ بوو ، نه‌یتوانى  ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ زۆره‌ى پشتیوانییان لێكرد ، باش ڕێكیان بخات و ئاماده‌یان بكات بۆ گۆڕانكارى ، بۆیه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار به‌شدارى حكومه‌تى كرد تا ئێستا له‌ پاشه‌كشه‌ى به‌رده‌وامدایه‌و ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌  بۆ بزواتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌ر ناوه‌كه‌یه‌تى و  تازه‌ بوو به‌ ڕابوردو و هیچ ئاینده‌یه‌كى  نه‌ماوه‌ له‌ گۆڕه‌پانى سیاسیدا . 
جییى خۆیه‌تى پرسیار بكه‌ین  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ كوێوه‌ ده‌ستى پێكر دو بۆكوێ ڕویشت ؟.  یان چى چاندو چى دروه‌وه‌ ؟.  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان جێگه‌ى هیواو موتمانه‌ى خه‌ڵك بوو ، به‌ڵام دواجار پشتى كرده‌ جه‌ماوه‌ر . بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دژى به‌ بنه‌ماڵه‌كردنى  حیزب بوو ، به‌ڵام دواجار خۆشى بوو به‌ حیزبى بنه‌ماڵه‌ . 
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان داواى عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌كرد ، به‌ڵام خۆشى نه‌یتوانى عه‌داله‌ت  له‌ ناو خۆیدا جێ به‌جێ بكات و هه‌موان به‌یه‌ك چاو سه‌یر بكات . بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان داواى موچه‌ى ده‌كرد بۆ كابانى ماڵ. به‌ڵام ئیستا نوێنه‌ره‌كانى له‌ حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان  ئێمزا له‌سه‌ر بڕێنى موچه‌ى خه‌ڵك ده‌كه‌ن . بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دژى ته‌كه‌تل و كیتله‌و كیله‌ بازى بوو . به‌ڵام ئێستا ئه‌مه‌ بۆته‌ نه‌ریتى خۆى .
بزوتنه‌وى گۆڕان دروشمى چاكسازى به‌رز ده‌كرده‌وه‌ .  به‌ڵام ئێستا پشتیوانى له‌ گه‌نده‌ڵى ده‌كات . . بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دروشمى گۆڕینى سیسته‌مى حوكمڕانى به‌رزده‌كرده‌وه‌ ، به‌ڵام ئێستا  بۆته‌ كرێگرته‌ى پارتى  .  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ حساب  حیزبێكى ئۆپۆزسیۆن بوو . پشتیوانى له‌ به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن ده‌كرد . به‌ڵام  له‌ ئێستادا  نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌و نه‌ پشتیوانى به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆنیشه‌ و گه‌وره‌ترین زیانى به‌ به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن گه‌یاند. بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  له‌ئێستادا دژى به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆنه‌ .   ئێستا كاتى ئه‌وه‌یه‌ بپرسین  ئایا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ، شه‌ریكى ده‌سه‌ڵاته‌ ، به‌شدارى ده‌سه‌ڵاته‌ یان كرێگرته‌ى پارتییه‌ ؟؟.  به‌پێی بۆچونى خۆم بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  نه‌ شه‌ریكى ده‌سه‌ڵاته‌ و نه‌ به‌ه‌شدارى ده‌سه‌ڵاته‌ ، به‌ڵكو كرێگرته‌ى پارتیه‌و  پارتیش چۆنى بوێت  ئاوا مامه‌له‌یان له‌ گه‌ڵ ده‌كان  به‌م ده‌لیلانه‌ى خواره‌وه‌ :
یه‌كه‌م :  كاتێك بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بریارى به‌شداریكردنیان له‌ حكومه‌ت دا شانازیان به‌ ئه‌وه‌وه‌ ده‌كرد گوایه‌ به‌ 12 كورسى په‌ڕله‌مان  به‌قه‌ده‌ر 24 كورسى په‌ڕله‌مان پۆستیان وه‌رگرتوه‌ . هه‌ر لێره‌وه‌  ده‌رده‌كه‌وێت  كه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ته‌نها بۆ مه‌به‌ستى وه‌ر گرتنى پۆست به‌شدارى حكومه‌تى كردوه‌ . ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ ئه‌وانه‌ى بڕیارى به‌شدارى كردنیان له‌ حكومه‌تدا، ته‌نها له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان بوو . ئه‌و پۆستانه‌شى كه‌ بڕیاره‌ وه‌ریان گرن  بۆ ئه‌وه‌یه‌ ناڕه‌زایه‌تى  كادیره‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌  و هیچیتر .
دووه‌م: كاتێك بڕیارى چونه‌  ناو حكومه‌تیان  دا وایان بڵاو كرده‌وه‌  كه‌ به‌ مه‌به‌ستى چاكسازى به‌شدارى حكومه‌تیان كردوه‌ و به‌ مه‌رجێكیش له‌گه‌ڵ پارتى ڕێككه‌وتون   ئه‌گه‌ر تا 6 مانگ هیچ چاكسازى  نه‌كرا ، هه‌ڵوێستیان ده‌بێت  تا ئاستى كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت . ئه‌وه‌ نزیكه‌ى ساڵ و نیوێكه‌ ئه‌م كابینه‌ دروست بوه‌ و نه‌ك هیچ چاكسازیه‌ك نه‌كراوه‌ ، به‌ڵكو ته‌نهاو ته‌نها موچه‌ى موچه‌خۆران كه‌م كراوه‌ته‌وه‌و مانگانه‌ش دوا ده‌خرێت و له‌ كاتى خۆیدا نادرێت . ئاستى گه‌نده‌ڵى و تاڵانیش له‌ زیاد بوندایه‌ . 
سێیه‌م :  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  له‌ په‌ڕله‌مان  له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانى پارتى و یه‌كێتى و كه‌مایه‌تیه‌كان ، موتمانه‌یان به‌ حكومه‌ت دایه‌وه‌و ڕه‌زامه‌ندیش بون له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى موچه‌ى فه‌رمان به‌ران كه‌م بكه‌نه‌وه‌ . ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ مه‌به‌ستى چاكسازى و به‌رگرى له‌ مافى هاولاِتیان به‌شدارى حكوه‌تیان كردوه‌ ، ده‌بوو له‌گه‌ڵ فراكسۆنه‌كانى ئۆپۆزسیۆن ئیمزایان له‌سه‌ر لێ سه‌ندنه‌وه‌ى موتمانه‌ له‌ حكومه‌ت بكردایه‌ . 
چواره‌م : له‌ كاتێكدا به‌ دوو مانگ موچه‌ به‌ لێبڕینه‌وه‌ ده‌درێت ، به‌ڵام به‌ ئاشكرا داهاتى گومرگه‌كان  تاڵان ده‌كرێت . ئه‌وه‌تا  ئاشكرا بوه‌ له‌ مه‌رزى په‌روێزخان بایی ده‌یان ملیۆن دۆلار هه‌ر وه‌سڵ ته‌زویر كراوه‌ .  ناوى تۆمه‌تباره‌كانیش  بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ . به‌ڵام  له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌رپرسى گه‌وره‌ى تێدایه‌  دڵنیام دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ ده‌كرێت  : له‌ كاتێكدا وه‌زیرى دارایی گۆڕانه‌ ، بۆچى هه‌ڵویستیان نییه‌ داواى دادگایی كردنى ئه‌وتۆمه‌تبارانه‌ ناكه‌ن ؟.  گه‌وره‌ترین دزى و تاڵانى و گه‌نده‌ڵى له‌ كه‌رتى نه‌وتدا هه‌یه‌ ، ئه‌ى كوا هه‌ڵویستى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ؟. ئه‌گه‌ر قسه‌یان هیچ بڕناكات ، ئه‌ى بۆچى له‌ حكومه‌ت ناكشێنه‌وه‌ ؟.  
پێنجه‌م : دوا موچه‌ كه‌ دراوه‌  640 ملیارى عێراق هاتوه‌ بۆ كوردستان . واته‌ كه‌مێك پاره‌ى ده‌وێت  بۆ ته‌واوكردنى موچه‌ . ئه‌ى بۆچى ناپرسن  داهاتى ئه‌و دوو مانگه‌ى هه‌رێمى كوردستان چى  لێهاتوه‌، یان هه‌ر نه‌بوه‌ ؟ئه‌وه‌  بۆ مانگى سێه‌م ده‌ڕوات  كه‌س نازانێت  داهاتى هه‌رێم چه‌ند بوه‌و چى لێكراوه‌؟؟. 
شه‌شه‌م :  هه‌ر له‌ ئێستاوه‌  باسى ئه‌وه‌ ده‌كرێت  كه‌ به‌م نزیكانه‌ موچه‌ نادرێت  چونكه‌ بۆرى نه‌وتى هه‌رێم ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌و بڕى 250 ملیۆن دۆلار زیان به‌ داهاتى هه‌رێم گه‌یشتوه‌ . هاولاِتیانى ئازیز سه‌یرى ئه‌م سیناریۆیه‌ بكه‌ن  چۆن ڕێكیان خستوه‌و ده‌یانه‌وێت به‌م به‌هانه‌ بێ مانایه‌ موچه‌ى خه‌ڵك نه‌ده‌ن و دواى بخه‌ن:
پێشتر كه‌ باسى داهاتى نه‌وتیان ده‌كرد به‌ شێوه‌یه‌ك حسابیان بۆ ده‌كردین كه‌ له‌ كۆى داهاتى یه‌ك مانگى نه‌وت  ئه‌گه‌ر 500 ملیۆن دۆلار بوایه‌ ، ده‌یان گوت پشكى هه‌رێم ته‌نها 200 ملیۆن دۆلار بوه‌ . ئه‌وى تر دراوه‌ به‌ حه‌قى بۆرى و قه‌رزى كۆمپانیاكان .  به‌ڵام ئێستا كه‌ بۆ ماوه‌ى  ته‌نها 3 ڕۆژه‌ بۆرى نه‌وتى هه‌رێم ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌  جه‌نابى جوتیار عادل وته‌ بێژى حكومه‌ته‌ دزه‌كه‌ى هه‌رێم بی ئه‌وه‌ى هیچى پی عه‌یب بێـت و شه‌رم بكات  ده‌ڵێت :  بڕى 250 ملیۆن دۆلار زیان به‌ داهاتى هه‌رێم گه‌یشتوه‌ .
ئه‌گه‌ر به‌ 3 ڕۆژ بڕى 250 ملیۆن دۆلار زیان به‌ هه‌رێم گه‌یشتبێ ،  ده‌بێ داهاتى هه‌رێم مانگانه‌ 2500  ملیۆن دۆلار بوبێت . واته‌ دوو ملیار و نیو دۆلار . پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ چى لێهاتوه‌ ؟؟. باشه‌ وتمان درۆكردن  هه‌ر هه‌یه‌و هه‌بوه‌ ، به‌ڵام درۆى ئاوا گه‌وره‌و شاخدار وێنه‌ى كه‌مه‌ و له‌ كۆێدا جێی ده‌كه‌نه‌وه‌  . جارى ئه‌مه‌ به‌ هانه‌و پاساوێكه‌  بۆ  دواخستن و پێنه‌دانى موچه‌ ، له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ ده‌ڵێن : موچه‌ دوا ده‌كه‌وێت چونكه‌ به‌غدا پاره‌ى نه‌ناردوه‌ .
 به‌ڕێزان   هه‌رێمى كوردستان هیچ حه‌قێكى له‌سه‌ر به‌غدا نییه‌ و به‌غدا مولزه‌م نییه‌ به‌ پێدانى هیچ بڕه‌پاره‌یه‌ك به‌ هه‌رێمى كوردستان ، چونكه‌ هه‌رێمى كوردستان  پیشتر ئیعلانى سه‌ربه‌خۆیی دارایی خۆى كردوه‌ . نه‌ هیچ بڕه‌ نه‌وتێك و نه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كیشى به‌ به‌غدا نه‌داوه‌ . به‌ڵام ئێستا كه‌مانگانه‌ به‌غدا بڕى 320 ملیار دینار ده‌نێرن كۆمه‌ڵێك فاكته‌رى ناو خۆیی  و ده‌ره‌كى له‌ پشت پێدانى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ . به‌ڵام به‌غدا كه‌ى ویستى هیچ پاره‌ نادات و كه‌سیش ناتوانێت قسه‌یه‌ك بكات و به‌غدا تۆمه‌تبار بكات . ئه‌ى ئه‌گه‌ر به‌غدا پاره‌ نه‌نێرێـت و بۆرى نه‌وتیش ته‌قێنرابێته‌وه‌و به‌ درۆى خۆیان بێت مانگانه‌  بڕى 2500 ملیۆن دۆلار زیان بكه‌ن ، ئه‌ى  موچه‌ خۆران ده‌بی چى بكه‌ن ؟؟. ئایا یه‌كێتى و پارتى پاره‌ دزراوه‌كان ده‌هێننه‌وه‌ ؟؟. 
كه‌واته‌  ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ مه‌به‌ستى چاكسازى به‌شدارى حكومه‌تى كردبێت و وه‌كو خۆشیان له‌ سه‌ره‌تاوه‌  فه‌رمویانه‌  ئه‌گه‌ر چاكسازى نه‌كرێت هه‌ڵوێستمان ده‌بێت  تا  ئاستى كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت ، باشه‌ قه‌یران له‌مه‌ى ئێستا گه‌وره‌تر هه‌یه‌ ، باشه‌ تاڵانى نه‌وت و داهاتى گومرگه‌كان و ناوخۆ ، هه‌ر به‌رده‌وام نییه‌ ؟. ئه‌ى كه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕقیان هه‌ڵده‌ستێ و له‌ حكومه‌ت ده‌كشێنه‌وه‌؟؟.  هیچ گومانێك نییه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ حكومه‌ت ناكشێنه‌وه‌ . هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌  له‌به‌ر خاترى ئه‌و پاروه‌ چه‌وره‌ى  ئێستا له‌به‌ر ده‌میانه‌ به‌شدارى حكومه‌تیانكردوه‌ و هه‌رگیز ئاماده‌نین ده‌ست به‌ردارى ئه‌و پاروه‌ چه‌وره‌ ببن  كه‌ زۆر ده‌مێكه‌  هه‌وڵى ئه‌وه‌یانه‌ پێی بگه‌ن .
كه‌واته‌ : كورت و كرمانجى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ ئێستادا  له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ به‌كرێ گیراوه‌ . واته‌ كرێ گرته‌یه‌ . سه‌یركه‌ن چۆن پۆستى  به‌ناو گه‌وره‌و  به‌ ناوه‌رۆك بۆشیان پی َده‌ده‌ن  ئه‌ویش به‌ گرێبه‌ست  و ته‌نها بۆ ڕازیكردنیان و به‌ڕێكردنى ڕۆژگار . ئه‌ىباشه‌ بۆچى به‌ یه‌ك جار پارتى ئه‌و پۆستانه‌ به‌ گۆڕان نادات  كه‌ له‌سه‌رى ڕێك كه‌وتون و وه‌كو چۆن ده‌رزى به‌ جورعه‌ لێده‌درێـت ، به‌ هه‌مان شێوه‌ش پۆسته‌كان به‌ گۆڕان ده‌ده‌ن ؟؟.  پارتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانى به‌كرى گرتوه‌  به‌ مه‌به‌ستى پشتیوانى كردنیان له‌م قه‌یرانه‌دا . بۆیه‌ پارتى چی بوێت ، گۆڕان ئه‌وه‌ ده‌كات . ئه‌گه‌ر  گۆڕان له‌ قسه‌ى پارتى ده‌رچێت ، به‌ یه‌ك سه‌عات شڕو شیتاڵیان  پی َده‌پێچنه‌وه‌و ئه‌م دیو دیگه‌ڵه‌یان ده‌كه‌ن . خاوه‌ن ماڵ كه‌ى  له‌ كرێچى ڕازى نه‌بوو ، بۆى هه‌یه‌ ده‌رى بكات . 
په‌یامێك بۆ هه‌موو گۆڕان خوازانى ئازیز:
له‌ بیرتانه‌ كه‌ پارتى هێزى برده‌ زینوى وه‌رتى بۆ بنده‌ستى  په‌كه‌كه‌ . ئه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ بوه‌و له‌ خۆوه‌ نه‌بوه‌و بۆئه‌م ڕۆژه‌ى ئێستابوه‌  . له‌ ماوه‌ى پێشوشدا به‌رپرسى  ئاسایشى سه‌ریزێرى  شه‌هید كراو خستیانه‌ ملى په‌كه‌كه‌وه‌ . ئه‌وه‌ش به‌ به‌ر نامه‌ بوه‌و هه‌ر خۆشیان ئه‌و تاوانه‌یان ئه‌نجامداوه‌  بۆئه‌وه‌ى بیكه‌نه‌ به‌هانه‌ بۆ ده‌ست پێكردنى شه‌ڕ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ . چه‌ند  ڕۆژێكیش  له‌مه‌و به‌ر زۆر به‌گه‌رمى و حه‌ماسه‌وه‌  بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ 3 كرده‌وه‌ى تیرۆریستییان پوچه‌ڵ كردۆته‌وه‌ ، كه‌ ویستویانه‌ پارێزگارێك  و  به‌رپرسێكى تر و قونسوڵێك  تیرۆر بكه‌ن .  گوایه‌ ئه‌وانه‌یان گرتوه‌و هه‌مویان تیرۆریستن و سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ن . 
هه‌ر دواى ده‌ركردنى ئه‌و به‌یانه‌ له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ یه‌كێتیش به‌یانێكى ده‌ركرد و ده‌ڵێت: له‌ كۆى 5  ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش 3 ئه‌ندامیان یه‌كێتین . باشه‌ چۆن كرده‌وه‌یه‌كى تیرۆریستى ئاوا گه‌وره‌ له‌ ئارادابێت و یه‌كێتى نه‌زانێت . ئه‌مه‌ش به‌ ماناى ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌وه‌ى پارتى  ده‌یڵێت ، سه‌رتاپاى درۆیه‌ . له‌ ڕاستیشدا  هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ درۆیه‌و سیناریۆیه‌ و ڕێكخراوه‌و  ئه‌مانه‌ زه‌مینه‌ خۆشكه‌رن بۆ ده‌ست پێكردنى شه‌ڕ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ . بۆ پارتى زۆر ئاسانه‌  هه‌رچى داواى مافى خۆیی و ئازادى و موچه‌ بكات ، بیگرێت وبیخاته‌ زیندانه‌وه‌و به‌وه‌ تۆمه‌تباریان بكه‌ن كه‌ئه‌ندامى په‌كه‌كه‌ن . 
شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ دوو هۆكارى گرینگى له‌ پشته‌وه‌یه‌ . یه‌كه‌م : بۆ ئه‌وه‌ى  نه‌بونى موچه‌ له‌ بیر خه‌ڵك به‌رنه‌وه‌و مێشكى خه‌ڵك به‌شه‌ڕه‌كه‌وه‌ مه‌شغوڵ بكه‌ن و ئه‌گه‌ر كه‌سێك قسه‌ى كرد ، پێی بڵێن : ئێستا كه‌ى وه‌ختى ئه‌وه‌یه‌  باسى موچه‌ بكه‌ن  و ئێو ه‌ ده‌زانن ئێمه‌ له‌شه‌ڕداین . دووه‌م : داواكارى و ئه‌جینداى تورك جێ به‌جێ ده‌كه‌ن بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان . ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ى تورك نه‌كه‌ن ، هه‌رچى پاره‌و به‌رژوه‌وندى له‌ توركیا هه‌یانه‌ له‌ لایه‌ن توكیاوه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گیرێت .
 كاتى خۆشى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى پاره‌یه‌كى زۆریان له‌ توركیا دانابوو . كاتێك پارتى و توركیا په‌یوه‌ندیه‌كانیان تێك چوو ،  توركیا ده‌ستى به‌سه‌ردا گرت ، پارتى هه‌ر نه‌وێرا باسیشى بكات  بۆ ئه‌وه‌ى دزیه‌كانیان ئاشكرانه‌بێت . هه‌ر وه‌ها نزیكى  یك ملیار دۆلاریشیان  له‌بانكێكى لوبنانى دانابوو ،حیزبوڵڵاى لوبنانى ده‌ستى به‌سه‌ر دا گرت و ئه‌ویش خورا . ئێستا پارتى پاره‌و به‌رژه‌وه‌ندى زۆرى له‌ توركیایه‌ ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ نه‌كات ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گرن .  له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌نه‌ماڵه‌ى بارزانى به‌ وه‌كاله‌تى توركیا شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن .
ئه‌گه‌ر پارتى شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ى ده‌ست پێ بكات و  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌ڵوێستى نه‌بوو له‌حكومه‌ت نه‌كشایه‌وه‌  ئه‌وا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش  ڕاسته‌و خۆ ده‌بێته‌ شه‌رێكى ئه‌وخیانه‌ته‌ چونكه‌ به‌شداره‌ له‌ حكومه‌تدا . هێوادارم شه‌ڕ ڕونه‌دات و خوێن له‌ لوتى كه‌س نه‌یه‌ت . به‌ڵام ئه‌گه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ كراو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ حكومه‌ت نه‌كشایه‌وه‌ ، باشترین بژارده‌  بۆ هه‌ڵسوڕاوه‌ دڵسۆزه‌كانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  ئه‌وه‌یه‌ واز له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بهێنن .
 به‌وكاره‌یان سه‌روه‌رییه‌كى  مێژویی گه‌وره‌ بۆخۆیان تۆمار ده‌كه‌ن . هیوادارم هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌كانى تریش هه‌ڵوێستیان هه‌بێت ، ئه‌گه‌ر پارتى شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ى كرد . ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك وریابن و ئه‌م جاره‌ش نه‌كه‌ونه‌ داوى پارتیه‌وه‌ ، چۆن  كڵاوى كرده‌ سه‌رى چه‌ند لایه‌نێك و به‌شدارى پێكردن بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم و ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر كوردا هێنا .




(دەنگدراوە: 4 . زۆرباشە: 4/5)