پزیشکێکی کورد و دەستدرێژی سیکسی لە ئیتالیا (بەشی دووەم)

Monday, 16/11/2020, 1:01

12918 بینراوە


بەشی دووەم:

سەرنج: کوردستانپۆست لە 18 تەموزی 2018 بەشی یەکەمی بە ناونیشانی (پزیشکێکی کورد و دۆستی مەلا بەختیار، لە ئیتالیا، بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی دەستگیرکرا) ئەم بلاوکردۆیتەوە و لینکەکە لە کۆتایی ئەم نووسینە دادەنێین.

-------------------------
لە کۆتایی مارسی 2018 میدیاکانی ئیتالی، بە شیوەیەکی بەربلاو، هەوالی دەستگیرکردنی پزیشکێکی عێراقی، کورد، بە ناوی عەبدلستار عبدالرحمن ئابڵاخی، بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژمارەیەک ئافرەت، بلاوکردەوە. ئەوە لە کاتێک بوو کە سوپای تورکیا عەفرینی داگیرکرد و هەموو رای گشتی جیهانی، بە تایبەت لە ئەوروپا، بۆ هاوکاری کورد و رۆژئاوای کوردستان هەموو رۆژێک دەهاتنە سەر شەقامەکان و نارەزایی خۆیان دەردەبڕی .
دکتۆر عەبدولسەتار لە ئیتالیا ناوی لە خۆی نابوو "دکتۆر هیوا" و بە قسەی خۆی لە سالی 1979 هاتۆتە ئیتالیا، لەسەر فەیسبوکە کۆنەکەی نووسیبوو "ناوم عەبدولسەتار رەحمان حەمە ئاغای ئابلاغی گەردیەو لە 1961 لە سلێمانی لە دایک بووم".
بە قسەی خۆی لە 1992 لە شاری میلانۆ کۆلێژی پزیشکی. دوای 12 سال، تەواو کردووە، پاشان لە شاری ترێڤیزۆ، لە سالی 1999، ماستەری وەرگرتووە بەلام تاکو ئێستا لە شاری ترێڤیزۆ نە زانکۆ و نە کۆلێژی پزیشکی هەیە، کەچی لە شارۆچکەیەکی بچوکی نزیک ڤینیسیا، لە نەخۆشخانەیەکی بچوک کۆرسێکی راهێانی کردووە و ناوی لێناوە "ماستەر" و هیچ بەهایەکی ئەکادیمی نیە و ناوی هیچ زانکۆ و بەرێوەبەری نەخۆشخانەکەی لەسەر نیە.
هەر بە قسەی خۆی دکتۆرای لە نەخۆشیە دەرونیەکان لە شاری رۆما وەرگرتووە بەلام لێرەش گومانێکی زۆر گەورە هەیە لەبەر ئەم هۆیانە:
ئێمە و رۆژنامەکانی ئیتالیا و سەندیکای دەروناسان بە دواداچوونیان بۆ کردوەو، بە راگەیاندنی فەرمی، بلاویانکردۆتەوە کە نە ماستەرو نە دۆکتۆرای هەیە، لەبەر ئەوە لە سەندیکا دەرکراوە.
1. لە ئیتالیا خوێندنی دکتۆرا بە پێشبڕكێیە،
2. دکتۆرای پزیشک، بەلای کەمی، سێ سالە.
3. دکتۆرا لە لایەن 2-3 پڕۆفیسۆر سەرپەرشتی دەکرێت،
4. نامەی دکتۆرا لە لایەن لیژنەیەک، بەلای کەمی 3 پرۆفیسۆر لە 3 زانکۆی جیا ، بە نووسین هەلسەنگاندنی بۆ دەکریت، پێویستە لە 4 پەرتوکخانەی نیشتمانی لە ئیتالیا بخرێتە ئەرشیڤ. تاکو ئێستا بە ناوی ئەم دکتۆرە نە ناوی لێکۆلینەوەکەی و نە ئەتروحەکە لە زانکۆ و پەرتوکخانەکان دەست ناکەون.
5. دکتۆر هیوا – عەبدولسەتار، بە پێی زانیاریەکانی بەردەستی ئێمە، تاکو ئێستا هیچ وتار و لێکۆلینەوەیەکی زانستی، بە زمانی ئیتالی و کوردی بلاو نەکردۆتەوە.
لە ئیتالیا زۆر بە دەگمەن، ئەگەر نەلێین هەر نیە، پزیشک دکتۆرا بخوێنێ بەلکو دوای تەواوکردنی کۆلێژی پزیشكی کە ماوەکەی 6 سالە پسپۆڕی دەخوێندرێت، ئەمەش بە پێشبڕکێیە و ماوەکەی 5 – 6 سالە، بە بێ پسپۆڕی مەحالە بتوانی لە نەخۆشخانە کار بکەیت.
لە ئیتالیا تەنها ئەوانەی کۆلێژی دەروناسی – پسیکۆلۆژیان خوێندووە دەتوانن دکتۆرا لەم بوارە بهێنن، هەرچی دەرجووی پزیشکیە دەتوانێ دکتۆرا لە پزیشکی دەرونی – پسیکایەتری، طب نفسی بخوێنێ، ئەمەش 2 بەشی زانستی لەیەکتر جیان.
دکتۆر عەبدولسەتار لە پەیجی خۆی نووسیوویەتی دکتۆرام لە "نەخۆشیە دەمارگیری و دەرونیەکان" لە زانکۆی، یو پی ئێس وەرگرتووە، تەنها بە پیت ئاماژەی پێکردووە.
Università Pontificia Salesiana – UPS
ئەوە زانکۆیەکی نا حکومیە لە رۆمایە، لە ڤاتیکان نزیکە، لە 4 – 5 کۆلێژ پێکهاتووە، زیاتر تایبەتە بە سێكتەری پەروەردەی "ئاینی"، لەسەر پرنسیپی کاتۆلیک، خوێندن بە "پارە"یە، بڕوانامەکانی لە رووی ئەکادیمی لە زانکۆ حکومیەکان بە هەند وەرناگیرێن و لە زۆر وولات، لەوانە عێراق، ئیعترافیان پێناکرێ.
پاش گەڕان و پرسیارکردن بۆمان دەرکەوت کە کاکی دکتۆر لە سالی 2001 بەشداری کۆرسێکی دەروناسی - پسیکۆلۆژی کردووە، ئەو سالە 44 خوێندکار بەشداریان تیا کردووە، لە 22/01/2002 دیبلۆمی وەرگرتووە. دیبلۆمەکە تایبەتە بەو رەفتار و هەلسوکەوتانەی کە هەموو کارمەندانی تەندروستی، بە پێی پرنسیپەکان ئاینی مەسیح، پێویستە بە ویژدان، بەڕێز و بە میهرەبانی، لە بەرامبەر نەخۆش، پەیڕەوی بکەن تاکو ئازارەکانیان کەم بکەنەوە یان بەرەو دونیای قیامەت بەڕێیان بکەن.
دەکرێ بلێین ئەم دیبلۆمە پەیوەندی بە نەخۆشیە دەرونیەکان نیە، لە راستی زانستی دەروناسی دژایەتی ئایین، هەموو ئایینەکان، دەکات و بە یەکێک لە سەرچاوەی نەخۆشیە دەرونیەکانی حیساب دەکات.
لە ئیتالیا، دکتۆرا و پسپۆریە پزیشکیەکان بە پێشبڕکێە، ئەوانەی دکتۆرا مانگێ 1500 یۆڕۆ، ئەوانەی پسپۆڕی 1800 یوڕۆ وەردەگرن و لە دوای سالی 2005 ئەو ماوەیەش بۆیان بە خزمەت، بۆ خانەنشینی، لە قەلەم ئەدرێ.
وەک ئاماژەمان پێدا کۆلێژی پزیشکی 6 سالە، ئەگەر لەم ماوەیە، بە نمرەیەک باش، تەواوی نەکەی زۆر زەحمەتە لە دکتۆرا و بەشی پسپۆڕی ەربگیرێیت، دکتۆری ناوبراویش بە 12 سال کۆلێژی پزیشکی تەواو کردووە، لەم حالەتە موستەحیلە لە دکتۆرا و پسپۆڕی وەربگیرێت.
لە ئیتالیا بڕوانامە زانستیەکان 2 جۆرن، یەکیان بڕوانامەی دیوارە بۆ هەلواسین، باکالۆریا و ماستەر با ئیمزای سەرۆکی ئەو زانکۆیەیە کە لێی دەخوێنی، دکتۆرا بە ئیمزای وەزیری خوێندنی بالا و توێژینەوەی زانستی، ئەویتریان بڕوانەمەیەکە کە ناوی هەموو مادەکانی خوێندن و رۆژی تاقیکردنەوە و نمرەکانی تیایە، بە زمانی ئیتالی و ئینگلیزی، لە سکرتاریەتی زانکۆ وەریدەگری.
بە پێی زانیاریەکان دکتۆر عەبدولسەتار هەرگیز لە ئیتالیا لە نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی - حکومی کاری نەکردووە، بەلام لێرەو لەوێ لە بنکەکانی تەندروستی وەک، پزیشکی ئێشکگر کە تەنها شەوانە، لە جیاتی پزیشکی خێزان، رەچەتەی دەرمان دەنووسن، خانەی بە سالاچوان و دکتۆری خێزان بە شیوەی گرێبەستی کاتی کاری کردووە. کەچی زۆر بێشەرمانە لەسەر پرۆفایلەکەی خۆی نووسیوویەتی "بەرێوەبەری نەخۆشخانەی ڤینیسیا، جێگری سەرۆکی سەندیکای پزیشکان و ..... هتد".
لە بەلگە و بڕیارێک کە لەسەر پڕۆفایلەکەی خۆی بلاویکردۆتەوە، لە 16/06/2020 لە وەزارەتی خوێندنی بالا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان "ماستەر"ەکەی بە " دکتۆرا" یەکسان کراوە. لە بنەوە ئیمزای د. پ. ی. جوان جلال محمد شریف لەسەرە.
ئێمە دڵنیایین کە هەرگیز ماستەر و دکتۆرای نەبووەو نیە بەلام دەپرسین "ئاخۆ وەزارەتی خوێندنی بالا بۆ ئەو یەکسانکردنە، ماستەر = دکتۆرا پشتی بە چ بەلگە و ماددەیەکی یاسایی بەستووە؟ 

پەیوەندیمان بە مەکتەبی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم، لە رۆما، کرد و پرسیاری ئەوەمانکرد ئاخۆ ئەوان دەسەلاتی هاوتاکردن و هەلسەنگاندنی بڕوانەمەیان هەیە؟ لە وەلام ووتیان "ئەوە لە دەسەلاتی سەفارەتی عێراقە، ئێمە وەک مەکتەبی حکومەتی کوردستان هیچ پەیوەندیەکی رەسمیمان لەگەل وەزارەتی خوێندنی بالای ئیتالیا و زانکۆکان نیە". پەیوەندیمان بە بالوێزخانەی عێراق کرد، ووتیان ئێمە "راستی و دروستی بڕوانەمەکان (بەکەلۆریا، ماستەر و دکتۆرا)، بە زمانی عەرەب و ماددەو نمرەکان و زانکۆ ئیتالیەکان پشتراستدەکەینەوە. بەلام پەسەندکردن و هاوتاکردنیان لە لایەن وەزارەتی خوێندنی بالا و توێژینەوەی زانستی لە بەغدا دەکرێت و، ئەم پرۆسەیەش کاتێکی درێژی دەوێت، تەنانەت ئێستا لە سەفارەتی عێراق لە ئیتالیا بەڕێوەبەرایەتی کولتوری، ملحق الثقافي، نیە.
لەگەل بلاوبوونەوەی هەوالی قێزەوەنی دەستدرێژی سێکسی و دەستگیرکردنی یەکسەر، دکتۆر عەبدولستار بە فەرمی، لە کارەکەی دوررکرایەوە کە بە گرێبەستی کاتی بۆ پەناهەندەو کۆچبەرەکانی شاری ڤینیسیا پۆستی پزیشکی خێزانی پێ سپێردرابوو، نەقابەی پزیشکانی گشتی، بە بەیانامە، دەریانکرد. رۆژنامەکان بە سەدان وتاریان لەسەر نووسیووە و، ئێستا هەمووی بە ئاسانی لە گوگل دەستدەکەون. گوایە ئەوە یەکەمجار نیە ئەم دکتۆرە کاری ئەوها قێزەوەنی کردووە، قوربانیەکان زۆرن. کەنالێکی تەلەفزیۆنی سەرتاساری ئیتالیا، لە پرۆگرامیکی پڕ بینەر، بە کامیرای شاراوە لە عیادەی دکتۆر عەبدولستار فیلمی دەستدرێژیکردنەکەی پەخشکرد. کار گەیشتە ئەو رادەیەی دکتۆر عەبدولستار، لە بەرنامەیەکی تەلفزیۆنی، خۆی دانی بەوەدانا کە لە عیادەکەی سێکسی لەگەل کچەکە کردووە بەلام گوایە بە رەزامەندی بووە.
رۆژنامە و کەنالەکانی ئیتالیا باسی چەند بەسەرهاتیتر دەکەن کە دوکتۆری ناوبراو ئەم کارە قێزەوەنانەی ئەنجامداوە، ئەوەتە پارێزەری کەیسەکەی ئێستای دکتۆر، بەناوی دیرک کەمپەیۆلە، باسی 2 کەیسی پێشوو دەکات، سالی 1998 و 2002 و دەلێ "موشتەریەکەم باجی ئەو کەیسانەی داوەو گیراوە و ئێستا کەسێکە تەنها گومانی لەسەر هەیە و هەتا دوا بڕیاری دادگا بێ تاوانە... هتد".
رەوەندی کورد بەم هەوالە زۆر پەرێشان و توڕە بوو، هەستی بەشەرمەزاریەکی گەورە کرد، بە هەزار دەردەسەری و ماندیبوون هەول دەدرێت رای گشتی ئیتالیا بۆ پرسی رەوای گەلەکەمان راکێشی کەچی لەملاوە کوردێک رەفتاری ئەوها قێزەوەن دەکات.
بە قسەو زانیاری کوردە کۆنەکانی ئەم وولاتە، دکتۆر عەبدولسەتارهەرگیز تێکەلاوی لەگەل رەوەندی کورد، لە بۆنە کۆمەلایەتی و نیشتمانیەکان نەکردووە جا باسی چالاکی خۆ پێشاندان لە دژی رژێمی سەدام حوسێن لە کاتی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و کۆمەلکوژی هەلەبجە و ئەنفالەکان هەر مەکە، دەنگۆ و گومانی زۆر هەیە کە سیخوڕی بۆ سەفارەتی عێراق کردبێت. واتە لە ژیانی قسەیەکی خێری بۆ کورد نەکردووە
بە پێی رۆژنامەکانی ئیتالیا دکتۆر عەبدولستار، لە هاوینی 2018، لە دەست قانون رایکردووە، کەیسەکەی بە کراوەیی ماوەتەوە.
ڵە سەر فەیسبوکە کۆن و نوێیەکەی ئێستای هەمووی بە وێنەی سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە پێشەوەی هەمووان هی فەخامەتی مام جەلال و، کەسایەتیەکانی شاری سلێمانی، وەک مەلا بەختیار، حاکم قادر، مەحمود سەنگاوی، حاکم رزگار ئەمین (ئەو حاکمەی سەدام حسینی دادگاییکرد)، لاهوری شێخ جەنگی و زۆریتر رازاندۆتەوەو لە لایفەکان ناویان دەبات. لە عیادەکەی چەندەها وێنەی مام جەلالی رەحمەتی و ئالای یەکێتی و فلان و فیساری، بۆ پەردەپۆشی تاوانەکانی، داناوە. دەپرسین و ئەلێین هەلوێستی یەکێتی و کۆمەلانی خەلکی کەلار چی ئەبێت ئەگەر پزیشکێکی سەر بە پارتی عیادەکەی بکاتە "لیژنەی پارتی" و بە وێنەی مەسعود بارزانی و ئالای زەردی پارتی بڕازێنێتەوە؟
ئێستا دکتۆر عەبدولستار عیادە – دوکانێکی لە شاری کەلار کردۆتەوە و پڕۆپاگەندەی ئەوە دەکات کە گوایە دوای 38 سال لە ئیتالیا بۆ خزمەتی هێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش، زێڕەڤانی، زانیاری و دژ تیڕۆڕ، کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالەکان گەڕاوەتەوە. نالێت لە دەستی قانون و بە تۆمەتی قێزەوەن رامکردووە و ناوی ئەو کەسایەتی و لایەنانەش دەخاتە ژێر پرسیار.
لە پۆستێکی 13 نۆڤەمبەر نووسیوویەتی "راستە خوێنمان، گیانمان، ژیانمان، بە نرخە، بەلام لەمانە زۆر بەنرختر و شیرینتر نیشتمانە.. گەورەترین و نەمرتین بەرخودانیش، خۆبەختکردنە لە پیناوی دایە – بە دەق وەرگیراوە". ئێ باشە ئەگەر ئەوەندە نیشتمانت خۆش دەوێت بۆ دوای راپەڕین یان کەوتنی رژێمی سەدام نەگەڕایتەوە؟ خۆ رێگات لێ نەگیرا بوو؟ بۆچی لە دوای ئاشکرابوونی تاونەکانت راتکرد؟ بەم قسە هەلق و بەلەقانە کەس باوەڕت پێ ناکات و تا ماوەیەکی کەم دەتوانی یەکێتی و بەرپرسەکان لە خشتە بەری، پەتی درۆ زۆر کورتە،
هەفتانە 2 – 3 جار لایفی 2 – 4 سەعاتی دەکات و خۆی کردووە بە دکتۆری بەڕ و بەحر "هەمووشت" و عەتاری هەموو دەرمانێك، هەر کەسێک تەماشا و گوێ لە لایفەکانی بگرێت یەکسەر بۆی دەردەکەوێت کە کەسێکی ساقیت و نەخۆشە چونکە مەعقول نیە خۆت بکەی بە دکتۆر و شارەزای منالان، هەرزەکاران، ژنان، پیاوان، نەزۆکی، پێستە، فشاری خوێن و شەکرە، شێرپەنجە و ..... هتد. تەنها جادوگەر و فالچیەکان ئیدیعای چاکبوونەوەو چارەسەی هەموو نەخۆشی و دەردو عیلەتێک دەکەن، لە رووی پیشەیی نەک رێگەپێدراو نیە بەلکو تاوانیشە پڕایڤەسی و وێنە و ڤیدیۆی و نەخۆشی هاولاتیان لە سۆسیال میدیا بلاوبکەیتەوە. ئەم دکتۆرە لە دوکانەکەی خۆی هەندێ نەشتەرگەری (تیمارکردن و تەداوی و..)، لە بارودۆخێکی نا تەندروست، پیس پۆخل و بەبێ لەبەرچاوگرتنی رێنماییەکان، دەکات و بلاودەکاتەوە، بە خۆی نووسیوویەتی عیادەکەم 3 م بە 2 م و پەنجەرەشی تیا نیە، نە بە خۆی و نە نەخۆشەکان دەمامک - ماسک نا بەستن. ئەمە رەفتاری دکتۆرێکە کە 28 سال لە ئیتالیا خزمەتی کردووە....!!!. فەرموو تەماشای ئەم وێنەیە بکەن کە هی 19 ئۆکتۆبەرە، گوایە مەمەڕی عیدادەکەیەتی، هەر ئەلێی رۆژی حەشرەو قیامەت هەڵساوە.

بەڕاستی تاوانە کەسێک بە خۆی بلێ پزیشک و خاوەن ئەو هەموو بڕوانەمە ساختانە بێت، ئەوەندە سالە لە ئەوروپا کاری کردبێت ئەوە رەفتاری بێت. سیستەمی تەندروستی ئیتالیا یەکێکە لە هەرە باش و پێشکەوتووەکانی جیهان، بە 40 سال لە ئیتالیا و 28 سال کارکردن لە نەخۆشخانەکان هیچ فێر نەبووە ئەگەرنا لە سەردەمی ئینتەرنێت و دیجیتال ئەو هەموو خەلکە بەسەزمانە بۆ لەم شوێنە تەسک و نا تەندروستە، لەم قۆناغە هەستیارەی کۆڕۆنا و کۆڤید، کۆ ئەکەیتەوە؟

چی دەقەومێت ئەگەر ژمارەیەک پزیشک، هیوادارین روونەدات، دەرد و نەخۆشی هاولاتیان بخەنە سەر فەیسبوک یان پارێزەران کەیس و قسەی نیوان خۆیان و تۆمەتباران بلاو بکەنەوە ؟
لە نووسین و لایفەکان، بە تایبەتی هی 17 ئۆکتۆبەری 2020 دەلێ "40 ساڵ لە تەڕاوگە بۆشایەکی عەتفی گەورە لە هەست و دڵمدا دروست بووە "، بۆیە پڕدەداتە کۆمەلگا و سیستەمی سیاسی و کۆمەلایەتی ئەوروپا، گوایە فەشەلیان هێناوە، رەوشت و ئەخلاق وجودیان نیە، مرۆڤ هیچ نرخ و بەهای نیە، پاشان پڕ دەداتە کوردانی تەڕاوگەو سوکایەتیان پێ دەکات و بە فاشیل و ساقیت ناویان دەبات.
لە شوێنێک دەلێ من یارمەتی هەزاران کوردم داوە تاکو لاجیئی وەربگرن ئەوەش لە رێگەی نووسینی راپۆرتی پزیشکی ساختە. ئەگەر ئەم قسەیە راست بێت واتە درۆی لەگەل پیشەکەی خۆی کردووە، قاچاخی کردووە، بە پارە کردوویەتی و بۆ قۆڵبڕین بووە. بەلام ئێمە دڵنیاین ئەوە تەنها درۆ و دەلەسەیە، تەنها کەسانی دەرون نەخۆش ئەم قەوانە لێدەدەن، ئێمە زۆر چاک یاسای پەناهەندەیی و رێورەسمەکانی وەرگرتنی دەناسین، هەندێک لە ئێمە موتەرجیمیان کردووەو، شتی ئەوها مەحالە روو بدات لەبەر هۆیەکی زۆر سادە، داواکاری پەناهەندەیی تا کەیسەکەی بە پۆزەتیڤ نەگەڕێتەوە مافی پزیشکی خێزانی نیە، لیژنەکانی هەلسەنگاندن تەنها نامە و راپۆرتی پزیشکی پسپۆری نەخۆشخانەکانی حکومی، زۆر بە دەگمەن روو دەدات، دەخوێننەوە و بە هەند وەردەگرن.
ئەوەتە لە پەیجەکەی خۆی بە دەیان بڕوانەمەی ساختەی بلاوکردۆتەوە، ئەوەندە بێ عەقلە هەستاوە هەندێ لەم دۆکمێنتانەی لە شارۆچکەیەکەی سەر بە ڤێنیسیا، شارەوانی دۆڵۆ، تەرجەمەی زمانی عەرەبی کردووە و وەک بلێی ئەمە سەندو تاپۆی رەشە! ئەمە نە سەفارەتی عێراقە و نە وەزارەتی دەرەوەی ئیتالییە و ئەم جۆرە تەرجەمانە هیچ بەهایەکی فەرمیان نیە. لە هەر شارێکی ئیتالیا دەکرێت تۆ بچی داوای ئەوە بکەیت مۆرێک لەسەر دۆکۆمێنتەک بدەن و بە ئاسانی بۆت ئەکەن پارەی پولەکە ئەدەیت. ئێمە دەیانجار نووسین و دۆکمێنتمان لە زمانی کوردی و عەرەبی کردۆتە ئیتالی و چووینە دادگا یان ئوفیسی شارەوانیەکان و لە بەردەم فەرمانبارێک و فۆڕمولەی "سوێند دەخۆم بە راستی و دروستی ئەم دۆکومێنتەم تەرجەمەی زمانی ئیتالی کردووە" دەخوێنیەوە. هیچ پرسیارێکت، لەسەر ناوەڕۆک و راستی و دروستی دۆکۆمێنتەکە، لێناکرێ و، ئەم فەرمانبەرە نە زمانی کوردی و عەربی یان هەر زمانێکیتر نازانی و ناناسێ، تەماشای ناوەڕۆکی بابەتەکە ناکات، بەلایەوە گرنگ نیە نامەی شەخسی دڵداریە یان دۆکمێنتەکی فەڕمی و لە لایەن دامەزراوەیەکی حکومی یان ئەهلی دەرچووە. بەلام هەرگیزاو هەرگیز، بۆ نموونە، بڕونامەی قوتابخانە، زانکۆ، سورەت قەید، گرێبەستی هاوسەرگیری، راپۆرتی پزیشکی، بەلگەی دادگا و پۆلیسی بیانی بەبێ تەرجەمە و پشتڕاستکردنەوەو مۆری سەفارەت و کونسلخانەکانی ئیتالیا بە هەند وەرناگیرێن و کاریان پێناکرێ.
ئەم بڕوانامە و دۆکومێنتانەی ئەم دکتۆرە لە پەیجەکەی خۆی بلاویکردونەتەوە لە کونسولخانەی ئیتالیا لە هەولێر نرخی یەک فلسی قەڵپی نیە، ئەگەر راستدەکات با بڕوات لە کونسولخانەی ئیتالیا یان وەزارەتی دەرەوی عێراق پشتڕاستیان بکاتەوە یان داوای بەلگەیەک بکات کە بە کەیسی دەستدێژی سیکسی تاوانبار نەکراوەو لە دەست یاسا رای نەکردووە.
لە لایفی 17 ئۆکتۆبەر رۆلی ئەکتەرێکی دەرون نەخۆشی پەلاماردەر دەگێڕێت، رەخنە و گلەیی لە کۆمەلگای کوردی دەگرێت کە رێزیان لێ نەگرتووە، قەدری ئەو هەموو زانست و مەعریفە پزیشکیەی ئەویان نەگرتووە، دەلێ دڵتان شکاندوم، خیانەتان لێکردوم، چیتر جێگەی متمانە و سیقەی من نین، دەڕۆم و ناگەڕێمەوە، کۆمەلە مەلزمەوە و کۆپی وتارەکانی کە لە گوگل وەریگرتوون پیشان ئەدات و بە چاوی پڕ لە گریان دەلێ "ئێستا چی لەو هەموو عیلم و مەعریفەیە بکەم، بۆ نرختان نەزانی، ئاخر ئێستا چی بکەم...هتد". لە کۆتایی هەموو نووسینەکان فڕێدەداتە ژێر پێی خۆی و بە شێوەیەکی تڕاجی - کۆمیدی ڤیدیۆی مەڕاسیمی بە خاک سپاردنی جەنازەی فەخامەتی مام جەلال دادەنێ و ... خۆی بە مام جەلال لە قەلەم دەدات. رۆژی دوایی 18 ئۆکتۆبەر دەنووسێ " من رۆیشتم، بەس ماوم بە زیندووی، قەلەمی شەڕەفی زانستم نەفرۆشت.... بەندەی دڵشکاو.... لە دوا رۆژ بە سەربەرزی دێمەوە ناوتان"، پاشان گۆرانی حەمە جەزا "مەڕۆ مەڕۆ بابە مەڕۆ"ی داناوە. ئەم هەموو قسە و رەفتارە هەلەق و بەلق و قۆڕانە چ پەیوەندیەکیان بە پیشەی پزیشکی و تەندروستی هەیە؟ ئەمە رەفتاری دکتۆرێکی نەفسانی بێت ئەبێ حالی نەخۆش چۆن بێ؟
لایفی 17 ئۆکتۆبەری 2020
https://www.facebook.com/100042492364004/videos/357270989032644/
لە سەرەتای ئەمسال دەستی بە لایف کردووە، ماوەیەک داوای کۆکردنەوەی پارەی کرد بۆ هەژاران، بە قسەو نووسیەنکانی توانیوویەتی تانکیەکی ئاوی سەر بان بۆ مالێک و عەرەبانەیەکی دەستی بۆ سەوزە فرۆشێک، بە هەزار نالی عەلی، بکڕیت، بەلام بێ هیوا بووە لە خەلک کە یارمەتیان نەداوە و وازی لە کاری خێرخوازی هێناوە. لە لایف و پەیجەکەی خۆی زۆر بە شان و باڵی پێشمەرگەی دێڕین، هێزەکانی ئاسایش، زێڕەڤان و دژە تیڕۆر و بنەمالەی ئەنفالکراوکان هەڵدەلێت. لە لایفەکانی تەلیفۆنەکەی بەرزدەکاتەوەو دەلێ "ژمارەی شەخسی کاک لاهوری شێخ جەنگی لە ناو ئەم تەلیفۆنەیە... هتد". حەق وایە ئەم لایەنانە بێنە وەلام و بێبەری و حاشا لەم دکتۆرە بکەن.
ئێمە لە کاتێک بە تووندی دژی دزین و ساختەکاری بڕوانامەی زانستی عەلوجین کە یەکجار زۆرە لە هەرێم بەلام زۆرتر پەرۆشی ئەوەین کەسێک تۆمەتی ئەوها قێزەوەنی بخرێتە پاڵ و بە کەمال و ئیسراحەت بێتەوە کوردستان و نە بای دی بێ و نە باران. ئەم کەسە مایەی مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی کۆمەلگا، بە تایبەتی بۆ سەر ژنان و کچان. ئێمە دەزانین هەرێمی کوردستان نوقمی پەتای گەندەلی، دزی و جەردەیی، نادادی و خیانەت، جاشایەتی و..... هتد بووە و کەس بە کەس نیە، لەگەل ئەوەشدا وەک ئەرکێکی ئەخلاقی بە باشمان زانی بەسەرهاتی ئەم دکتۆرە، بە ویژدانەوە، بە رای گشتی بناسێنین بەو هیوایەی رێگریەکی بچووک لە تەشەنەی زیاتری گەندەلی بکرێت.
ئێمە داوا لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمەلگای مەدەنی، سەندیکای پزیشکان و رێکخراوەکانی ژنان – ئافرەتان دەکەین ئەم دکتۆرە ریسوا بکەن و پەیوەندی بە کونسولخانەی ئیتالیا بکەن لەسەر راستی و دروستی ئەم کەیسەو هەلوێستی جدی وەربگرن. پێویستە دکتۆر عەبدولستار بە زووترین کات بگەڕیتەوە ئیتالیا، بە خۆشی یان تۆپزی، بچێتە بەردەم دادگا و کەیسەکانی یەکلایی بکاتەوە.
بە پێی زانیاری رۆژنامەکان ئێستا 2 کەیسی تاوان روو بەرووی دکتۆر عەبدلستار کراوە، یەکیان هی ئەو ئافرەتەیە کە لە عەیادەکەی دەستدرێژی سێکسی کردۆتە سەر، ئەویتریش هی کچێکە کە لە سالی 2014 دەستدرێژی کردۆتەسەر، ئەو کات تەمەنی لە 18 سال کەمتر بووەو دەلێ "کچێتی"م لە دەستداوە.
لە 03/06/2020 و 21/10/2020 رۆژی دانیشتنی دادگایەکەی بووە لە شاری ڤینیسیا بەلام جاری یەکەم بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا دواخرا، لە جاری دووەمیش لە بەر ئەوەی تۆمەتبار ئامادە نەبووەو پارێزەرەکەشی هیچ زانیاریەکی لەسەر شوینەکەی لا نەبووە دادگاییەکە دواخراوە. لە راستی پارێزەری قوربانیەکان، شوینی دکتۆری ناوبراوی ئاشکرا کردووە و هەندێ بەلگەی ڤیدیۆی، لایفەکانیانی دکتۆری، خستوتە بەردەم دادگا، لەبەر ئەوە رۆژی دادگایکردنەکی، ئەگەر کۆڕۆنا رێگە بدات، بۆ 25/11/2020 دیاریکراوە، ئەگەری زۆر هەیە فەرمانی دەستگیرکردنی، لە رێگەی ئینتەرپۆل، بۆ دەربکرێت.
داواکاری گشتی کەیسەکە ناوی جۆرجۆ گاڤەیە و دادوەری لێکۆلینەوەش ناوی داڤید کەلابریایە، پارێزەرەکەی دکتۆر عەبدولستار ناوی دیرک کەمپەیۆلەیە.
Giorgio Gava, David Calabria, Dirk Campajola

هەرچەندە ئەم دکتۆرە ساختەچییە وا پرۆپاگەندە دەکات کە گوایا ئەوەی لەسەر نووسراوە لە کوردستانپۆست درۆیە و دوورە لە راستییەوە.
ناوی فەیسبوکەکەی، بە پیتی کوردی: دکتۆر عبدالستار عبدالرحمن ئابڵاخی
ژمارەی تەلیفۆن و عیادەکەی لە کەلار: 07732689627
لە ڤایبەر: 07709072469
لە ئیتالیا: وەک بە خۆی و رۆژنامەکان بلاویان کردۆتەوە ناوی فەرمی عبدالستار محەمەدە.
Abdulstar Muhammad
تێبینی:
1- هەر کەسێک بە ئیتالی ناوەکەی یان بە ئیتالی بنووسێت "ڤینیسیا: پزیشکی دەستدرێژکەری سیکسێ"
Venezia, medico violentatore
بە دەیان و سەدان وتار و ڤیدیۆی دەست دەکەوێت.
کە ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو هەموو دامەزراوە و رۆژنامە و کەنالی تەلڤزیۆنی بوختان بەم دکتۆرە ساختەچیە بکەن؟
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی وتارەکەی کوردستانپۆست کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە:

پزیشکێکی کورد و دۆستی مەلا بەختیار، لە ئیتالیا، بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی دەستگیرکرا


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە