بێدەنگ نابین: خۆپیشاندان لە شاری مالمۆی سوید دژی ماڵی مەلا مستەفا


کۆپیکردن تەنها لای چینیەکان هونەرە

Friday, 02.19.2021, 20:20

1570 بینراوە


کاتێک سەیری کارێکی هونەری دەکەین، سێ پرسیار لە خۆمان دەکەین: ئایا ئەم کارە هونەرمەندێک کردویەتی؟ بازرگانێک ؟ یان نەزانێک؟
ئەم کارە کاری نەزانێکە کە کۆپی کارێکی بازرگانی کردۆتەوە

ئەم جۆرە کارانە کە لە کوردستان پێی دەڵێن: تابلۆ، لەئ ەوروپا لەجادەکانی پاریسدا تەنانەت پاکستانیەکانیش خۆیان فێری ئەم کارە کردوە بۆ بژێوی ژیانیان لەسەر جادە بە رەسمکردنی دەم و چاوێکی ساف و لوسی تورسیت کە تەواو لە مۆدێلەکە دەچێت، هەمو پۆرترێکانیش وەک ئەوەی لەلایەن یەک کەسەوە کرابن وەهایە، لەبەر ئەوەی نەک تەنها رەسمەکە کۆپی دەموچاوێکی ساف و لوسە، تەنانەت ستایلەکەش لەه ەمو جیهاندا هەمان ستایلە کە بۆتە جۆرێک لە ستایلی دڵگیری شکڵێک بە مەبەستی بازرگانی بۆ کەسانی بێ ئاگا لە هونەر.
هەموومان گریانی ئەو کچەمان بینی لەسەر شاشەی تەلەفزوێن بۆ باوکی، هونەرمەندیش هاتووە بە دەست و خەتێکی بێهونەر، کۆپی دەم و چاوی ئەو کچەی بۆ کردوین گوایە ئەم تابلۆیە و باسی کارەساتێکی گرنگی مێژوو دەکات، باسی ناعەدالەتی و تاوانی سیستەمێک دەکات.

ئەگەر گەلێک نەتوانێت بە هونەر گوزارشت لەهەستی خۆی بکات، ئەوا هەرگیز ناتوانێت ئەو سیستەمە بگۆڕێت

ئەگەر هونەرمەند بیەوێت خۆی بدات لە قەرەی سیاسەت و باسی رووداوەکانی ڕۆژانەمان بۆ بکات، دەتوانێت خزمەتی زۆر گرنگ بە کۆمەڵگە بکات، دەتوانێت ببێتە چەکێکی کاریگەر، بەدەربڕینی هەستی خۆی بۆ ڕووداوێک کە بتوانێت گوزارشت لە باسەکە بکات، بەجۆرێک کە بتوانێت ببێتە شایەتیەک بۆ مێژوو، بەڵام بەمەرجێک تابلۆکە گوزارشت لە باسەکە بکات، باسی دەوری ئەکتەرەکان و رووداوەکە بکات:
دادیارەکە. بەرپرسەکان، تاوانبارەکان، سیستەمەکە...تاد، ئەوانە بخاتە ناو چوارچێوەی تابلۆیەکەوە تا بتوانێت بینەر بخاتە بیرکردنەوەوە، ئەگەریش بینەر ئاگاداری ڕووداوەکە نەبێت ئەوا بە جۆری پەیوەندی لە نێوان فیگورەکاندا لە ناو تابلۆیەکدا پەیوەندیەکی وەها دروست بکات لەنێوان کەسایەتیەکاندا کە ببێتە باسێکی ئونیڤێرسێل بۆ ناعەدالەتی و زۆرداری و حوکمی دیکتاتۆری. بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها منداڵێک دەبینین خەمبارە و مندالەکەش بە مەبەستی هونەرێكی بازرگانی کراوە، واتە دەست و خەتی هونەرمەندێک نابینین لە پشتیەوە، هەرهەمان ئەو پۆرترێیانەن کە بە حەزەرەوە دەکرێن لە لایەن پاکستانیەکانەوە بۆ توریست هەتاوەکو شکڵەکە تەواو لە کەسەکە بچێت.
بینینی منداڵێک بە فرمێسکەوە بۆ گوزارشتکردن لە باسێکی وەها و لەقەڵەمدانی ئەم کارە وەک تابلۆ، هەژاری ئاستی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەیەکمان پیشان ئەدات، وەک ئەوەی شاعیرێک باسی گریانی منداڵێکمان بۆ بکات بە دوو دێڕ و بڵێت :
 کیژۆڵەیەکم بینی دەگریا .
ئەم دێڕە هۆنراوەیە بەهیچ جۆرێک گوزارشت لە باسێکی تراژیدی ناکات وەک ئەوەی ڕوویدا لە کوردستان، هیچمان بۆ نادرکێنێت، هونەری وشە و هۆنراوە و ئەدەب و هەڵماڵینی راستی رووداوەکە ونە.
 خۆ ئەگەر گەلێک نەتوانێت گوزارشت لەهەستی خۆی بکات بە هونەر ئەوا هەرگیز ناتوانێت ئەو سیستەمە بگۆڕێت.

ئەوانەی لەلایەن داداگاوە حوکمدراون ئەو کەسانەی خوارەوەن :

ئەکتەرەکان، ئەوانەی تاوانیان کردوە و حوکمیانداوە، ئەمانەن :

ئەو مندالەی کە فرمێسک دەڕێژێت ئەم کیژەیە.
هونەرمەند ئەگەر نەتوانێت ئەم کەسایەتیانە بەجۆرێکی هونەری بخاتە ناو چوارچێوەی تابلۆیەکەوە باشتر وایە هیچمان بۆنەکات هەتاوەکو نەبێتە نمونەیەکی قێزەونی هونەر بۆ نەوەکانی داهاتو. بۆ نمونە سەیری ئەو تابلۆیەی گۆیا بکەن :
Tres de Mayo (1814)
ئەم تابلۆیە دووسەد ساڵ لەمەوبەر کراوە لەلایەن هونەرمەندی ئیسپانی؛ Francisco de Goya، باسی گوللەباران کردنی مەدریدیەکان دەکات لە ئیسپانیا لەلایەن سەربازەکانی ناپۆلیۆنەوە، ئەم تابلۆیە بۆتە تابلۆیەکی مێژویی وەک شایەتیەک بۆ ئەو ڕوداوە گرنگە مێژویە. ئەوەی سەرنجمان ڕادەکێشێت ئەو گەنجەیە بە کراسێکی سپیەوە لە ناوەڕاستی تابلۆکەدا دەستی بەرزکردۆتەوە بە بێ ترس بەرامبەر بە سەربازەکان وەساتوە، هەمو روناکی تابلۆکە خراوەتە سەر ئەو هەتاوەکو بینەر یەکەم تێروانینی لەسەر ئەو بگیرسێتەوە، پاشان کەسێک لە خوێندا گەوزاوە بەتەنیشتیەوە، کەسێکی تر لەولاوە دەستی خستۆتە سەردەموچاوی هەتاوەکو ئەو کارەساتە نەبینێت، ئەوانی تر هەرکەسەیان بەجۆرێک بەرامبەر بە سەربازەکان وەستاون ....تاد، خۆ ئەگەر ئاشنایی تەواومان بەکارەساتە مێژویەکەش نەبێت کە ئەوەبو ؛ (ناپۆلیۆن کاتێک ئیسپانیای داگیرکرد، ئیسپانیەکان پێخۆشحاڵبون بەوەی کە فەرەنسا بەهاکانی شۆڕشی فەرەنسایان بۆ دەهێنێتو ڕزگاریان دەکات لە ژێر چەپۆکی ڕژێمی پاشایەتی ئەوسەردەمە، بەڵام ناپۆلیۆن، براکەی دەکاتە بەرپرس لە ئیسپانیا و مەملوکەکانی لە میسرەوە دەهێنێت بۆ سەرکوتکردنی دانیشتوان، کاتێک ئیسپانیەکان تێدەگەن رادەپڕن و مەملوکەکان دەکوژن، لە دژی ئەو کارەساتە، سەربازەکانی ناپلیۆن گوللەبارانی تاوانباران دەکەن) . بەڵام تابلۆکە خۆی ئەدوێت وەک تابلۆ، گوزارشت لە ڕاپەرین و چاونەترسی کۆمەڵەکەسێک دەکات بە بێ چەک بەرامبەر بە کەسانێک بە بێ هەستی بەزەیی گوللەباران دەکرێن، ئەمانەش تەنها بە ڕێکخستنی شکڵ و ڕوناکیە کە بنەچەی هونەری شێوەکاریە، بەلام رەسمکردنی کیژێک بە فرمێسکەوە لەسەر ستایلی پاکستانی و بازرگانی هێچمان پێ ناڵێت. نەدەبێتە شایەتی رووداوێک، نە گوزارشت لەهەستی هونەرمەند دەکات بۆ ڕوداوەکە. 
ئەگەر هونەرمەندێک دوای دووسەد ساڵ بەسەر ئەو تابلۆیەدا، نەتوانێت گوزارشت لە باسێکی تراژیدی وەک ئەوەی کوردستان بکات، ئەگەر هونەرمەندێک نەتوانێت دوو شکڵ بەرامبەر بەیەک لەتابلۆیەکدا بخاتە پەیوەندیەکی هونەریەوە بە روناکی و بە شکڵ، ئەوا ناتوانین ئەو کارە ناوبنێین هونەر و بکەریش بڵێێن هونەرمەند. ئەو ئەقڵەی ئەو پۆرترێیەی کردوە، ئەقڵێکی سادەیە و نازانێت هونەر چیە و ناشزانێت بۆچی ئەو کارەساتە ڕوویداوە، بۆیە ئەو دەسەڵات و حکومەتە ناڕوخێت لەبەر ئەوەی کە هونەرمەند ناتوانێت گوزارشت لەهەستی خۆی بکات بەرامبەر بە ڕوداوێک، هەربۆیەش جینۆساید دووبارە دەبێتەوە لەبەر ئەوەی هەتاوەکو ئێستاکە نەمانتوانیوە وەک پیویست باسی جینۆسایدی ئەنفال و هەڵەبجە بکەین، خۆ ئەگەر چەند هونەرمەندێک بتوانن بە چەند تابلۆیەکی وەک ئەوەی گۆیا گوزارشت لە سەردەمەکەیان بکەن ئەوا ئەو سیستەمە بەئاسانی هەرەس دەهێنێت.
خۆ کاتێک سەیری ئەو فۆتۆگرافیەی شیروان شیروانی دەکەین لەگەڵ پۆلیسەکاندا دەستی بەرزکردۆتەوە، ئەگەر کوێرنە بین ئیلهامی تابلۆیەکمان پێ ئەدات، بۆ نمونە هونەرمەند دەیتوانی تابلۆیەکمان بۆ بکات لە شکڵی دادگایەکدا، مەسرور بارزانی لە پشتی دادگایەکەوە و بەرامبەر بەوان تاوانباران و شیروان شیروانی دەستی بەرزکردبێتەوە، ئەمانەش هەمووی بە هونەری روناکی و ڕەنگ و شکڵ، ستایلەکەنیش بێ شوومارن و بەستراونەتەوە بە ئەزمونی هونەرمەندەوە .
 بەڵام تەنگژیەکە ئەوەیە ئەو کەسانەی کە ئەم کارانە دەکەن مەبەستیان لە هەڵواسینی تابلۆکانە لە ساڵۆنەکاندا کە بتوانێت لەگەڵ ڕەنگ و شکڵی قەنەفە و دیواری ژوورەکاندا بگونجێت، لەگەڵ ئەقڵی ئەو خەڵکەدا بگونجێت کە هیچ زانیاریان لەسەر هونەر نییە. لەکاتێکدا تابلۆ بەمانای تابلۆ، بۆ ڕازاندنەوەی ساڵۆن نەکراوە، کاری هونەرمەندیش روونکردنەوەی رووداوەکانە بە شکڵی و ستایلی هونەری. هونەرمەند بۆی هەیە کارێکی بازرگانی بکات، بۆ مەبەستی بژێوی ژیانی، بەڵام ناتوانێت ئەوەمان وەک هونەر پێ بفرۆشێتەوە و بۆ نەوەی داهاتوو خۆی بکاتە نمونەیەکی ناشرینی هونەر .