سەردار حەمەڕەش

https://www.facebook.com/sardar.hamarash.1


لە خەڵوەت هاتینە دەرێ

Wednesday, 03.03.2021, 22:01

2841 بینراوە


دوای بزوتنەوەی ئەمپرێسیۆنیست، کە هونەرمەندان لە چۆنیەتی شکڵەکانو ڕوناکی وردبونەوە، دوای بزوتنەوەی فۆڤ، دوای  بزوتنەوەی دادا کە جۆرێک بو لە ئەنارشیستی، دوای کوبویست کە توانرا ئازادی بدرێت بە شکڵ، دوای سوریالیست کە توانرا ئازادی بدرێت بەباس، دوای هونەری هەڵەشە کە جۆرێکبو لە دەربڕینی راستەوخۆی هەست بەبێ بیرکردنەوە، دوای هونەری ئەپستراکت کەبریتی بو لە دەربڕینی هەستو سۆز بە بێ ئەوەی پەنا ببەینە بەر شکڵێلی فیگوراتیڤ، دوای مینیمالیست، دوای هەمو شتێک، دوای ئەوەی هەمو شکڵو باسەکانمان دایە بەرپرسیار بە ئامانجی دەربڕینی ئەوەی لە ناخی مرۆڤدایە، ئیتر هیچی ترمان بۆ نەمایەوە بەڵام دەستەو ئەژنۆ دانەنیشتین چوبکە ئەوە سروشتی مرۆڤی ساپیان نیە. ئەوەبو ساڵی 1969 دواهەمین بزوتنەوەی هونەری لەفەرەنسا وەدەرکەوت بەناوی: (  support/ surface )ەوە،  واتە : تەختو هەڵگر، بەمانای ئەو قوماشەی کە رەسمی لەسەر دەکەینو ئەو چوارچێوەیەی کە قوماشەکەی لەسەر دائەنێین بۆ رەسم کردن، کە پێی دەڵێن : تابلۆ.
 مەبەست لەم بزوتنەوەیە ئەوەبو کە تەنها ئەو دۆگمە، ئەو باسە ماوە بیدەینە بەر پرسیارو ئەو سنورە بپەڕێنین. ئەوەبو لەهەمو جیهاندا هونەرمەندان لەسەر هەڵگری جیاواز رەسمیان دەکرد، ئەو شکڵە کلاسیکیەی تابلۆیان تەواو تێکشکاند کە لە ساڵۆنەکاندا بە چوارچێوەیی هەلدەواسران .
بۆیە زۆر  پێش ئەوەی باسی مردنی مرۆڤ بکرێت لەفەلسەفەدا، لەهونەردا باسی مردنی هونەرکرا، مردنی هونەریش بەمانی مردنی مرۆڤ دێت، بەڵام مردن بەمانای کۆتایی نایەت، مردن بەمانای لەدایک بونەوەی ژیانێکی تر دێت، نوێبونەوەی ژیان دێت، بۆیە ئەمڕۆ لەهەمو جیهاندا هونەمەدان دەگەڕێنەوە بۆ سەرزەوی و باسی تەنگژیە کۆمەڵیەتیەکان دەکەن، خۆیان لەقەرەی سیاسەتو ژینگەو تەنگژیە کۆمەڵایەتیەکانو هانی مرۆڤدۆستی ئەدەن دژی دکتاتۆر و فکرەی فاشیست.
جاران هونەرمەندان لە خەڵوەتابون، بۆیە ڕۆژێک کچێک لە هونەرەجوانەکانی فەرەنسا هاتە ژورەوە و وتی : بۆ خاتری خوا ئێوە باسی چی دەکەنو خەڵکی لەسەر جادەدا باسی چ دەکەن، تەواو دورین لەیەکتری، باشتر وایە تۆزێ خۆتان نزیکبکەنەوە لەو خەڵکە.
لەدوای بزوتنەوەی سەپۆرتو سورفاس، هیچ بزوتنەوەیەکی تر بونی نیە، ئەوانی تر، ئەو هونەرانەی تر کە باسیان دەکرێت، جۆرێکن لە دوبارەبونەوەی ئەو شکڵو باسانەی لەوە و بەر کراون، بەوەش دەڵێن : هونەری کاراۆکێ Karaoké )  ) کاراۆکێ، یاریەکی ژاپۆنیە، لەقاوەخانەکاندا دەکرێت، خەڵکی هەوڵ ئەدەن گۆرانی بڵێنەوە وەک گۆرانی بێژەکە خۆی، بۆیە ئەم هونەرانە کەدوبارەکردنەوەی ئەوانەی رابوردو بو لە کێر شکڵێلی تردا، ناونرا هونەری کاراۆکێ، لەبەر ئەوەی شتی نوێمان پێ نەما پێشنیاری بکەین .
ئەو چەند چرکە ڤیدیۆیەی کراوە لەسەر ترەمپ، هونەرمەندێکی ئەمریکی کردویەتی دژی ترەمپ، دەبینین ترەمپ مردوە لە باخچەیکدا و خەڵکی بەبێ خەم دێنو دەچن، بولبولێک دەخوێنێت، ژیان ئاسودەیە بە بێ ترمپ. نرخی گەشتە 6.6 ملوێن دۆلار.
ئەگەر کوردان دەیانەوێت خەبات بکەن بە هونەر، دژی ئەو سیستەمە، ئەوا دەتوانن خەبات بکەن بە هونەرەکەیان بو جۆڕە،  نەک وێنەی منداڵێک بەشکڵێکی بازرگانی دەگری، گوایە ئەمە باسی ناعەدالەتی دەکاتو دژی ئەو سیتەمە فاشێستەیە، جونکێ هەمو ڕۆژێک لە جیهاندا ملوێنەها مندال دەگرین، دەبێت ئێمە هۆکارەکەی بۆ بینەر و بۆ تاوانبار دەستنیشان بکەین بۆ مێژو، خۆ دەتوانین دەرئەنجامیش پیشان بدەین بەڵام دەبێت پەیامەکە مۆدێرن بێتم بەزمانی سەردەمەکەمان بێت، پەیامێکی راستەو خۆ بێت گوزارشت لە باسەکە بکات، ببێتە باسێکی ئونیڤێرسێل.

وەک ڕامبۆ دەڵێت ؛ کۆتایی، من هاتمەوە سەر زەوی، بەدوای ئەرکیێکدا وێڵم.