زیندانی ئاکرێ قوتابخانەکەی بارزانی نەمر

Wednesday, 31/03/2021, 21:21

6137 بینراوە


کتێبی: ئازادبوون لە دەریا، نوقومبوون لە زیندان

شەڕی ناوخۆ، کە بۆ دەربازکردنی تاوانباران و جوانکردنی شەڕەکە ناومان لێناوە شەڕی براکوژی، کە دیارە شەڕەکە لە پێش مێژووەکەیەوە دەستی پێکردوە، بەڵام هیچ کاتێک وەک سەردەمی دوای ڕاپەڕین کاردانەوەی لەسەر کۆمەڵگاکەمان دانەنابوو.
ساڵی ١٩٨٧ جارێک لە کوێستانەکانی گوێزێ بووم دوو باڵێ حیزبی دیموکرات لەگەڵ یەکدا شەڕیان دەکرد، لە چیایەک بەرامبەر یەک دامەزرابوون سەدان گوللەیان بەڕووی یەکدا تەقاند، وەک فیلمێکی دزێو دەهاتە بەرچاو کە نمایش دەکرا لەناو ئەو سروشتە جوانەی نیشتماندا، پاسدارەکانیش بە دووربین سەیریان دەکردن و شادمانی بەسیمایانەوە دیاربوو، گاڵتەیان بەو هزرە دەهات کە لە پشتی ئەم شەڕەوە بوو.
با بگەڕێنەوە لای کتێبە نایەبەکەی "چیا هاوار" کە باس لە مێژوویەک دەکات دەبوو سەدان کتێب و باس و مێزگرد لەسەری بنووسرایەو بکرایە.
نووسینی ئەو کتێبە "چیا هاوار" گەنجێکە کە بڕیاردەدات نەبێتە بەشێک لە شەڕ و ڕێگەی دەرچوون لە نیشتمان هەڵدەبژێرێت، یاخی بوونێکیش لە خێزان و ئایدیای باوک و مام و باپیر، وەک زۆربەی هاونیشتمانێکانمان لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا، کە دووبەش بوون بەسەر دووبەرەدا، بەڵام دواجار "چیا هاوار" بەخت یاوەری نابێت بەلەمەکەیان لە دەریای "ئیجە" ژێر ئاودەکەوێت، هەشت کەس ڕزگاریان دەبێت، کە ژمارەی سەرنشینەکانی ناو بەلەمەکە ٣٦ کەس بوون، بەڵام نەمان زانی داخۆ کاپتنی بەلەمەکە لەناو سەر ژمێڕەکاندایە، یان نا، چارەنووسی ئەو بە کوێ گەیشتووە؟. "چیا هاوار" ناوی پەساپۆرتە قولابییەکەی "سەدام" بووە لە ڕێگە یەکێک لە بازگەکان جەندرمەیەکە پێێ دەڵێت: بەخێربێت سەدام ئابێ.
جوانی نووسین ئەوەیە کە خوێنەر ئامادەکەیت بۆ ڕووداو، "چیا هاوار" و هاوەڵەکانی لە گەشتەکەیاندا بەنیشتماندا ڕوو لە ڕۆژهەڵات دەکەن و دوایش باکور، حیکایەتوانەکانی ژیانی خێزان و گوندە بەردەڵانەکانمان پێئاشنا دەکات، وردەکاری ماڵەکان و گوند و جاشەکانی باکور و کێشەی ئابوریی و قاچاخچێتی سەرسنورمان بۆ دەگێڕێتەوە، پاشان لە گەشتی یەکەمدا بەرەو ووڵاتی یۆنان قاچاخچییەکە و دوو کۆچکردوو گیان دەسپێرن بە بۆمبێک، کە ٦٠ساڵ پێشتر لە جەنگی دووهەمی جیهانیدا دانراوە، چیا بیرمان دەخاتەوە کە مردن لە سێبەرمان نزیکترە، گرنگ نییە بۆ کوێ دەڕۆین ؟ مردن هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵماندا ڕێدەکات.
لە دەفتەری یاداشتی قاچاخچییەکەشدا ڕستەیەکی عەرەبی پەیامی مردن تۆمارکراوە. کە هەموو کەسێک سەرئەنجام دەمرێت. 
چیرۆکی نقومبوونی بەلەمەکە ووتەیەکی عەلی شەریعەتی بیرهێناوە کە دەڵێت:

" کافرێک و موسڵمانێک کەوتنە ناو دەریاوە، ئەوەیان ڕزگاری بوو کە مەلەی زانی"

کاتێک سەنشینەکان دەگەنە ئەو ڕاستیەی کە بەلەمەکەیان نقوم دەبێت و شەپۆلە سەرکێشەکان جۆلانێ بە بەلەمە تەختە دارەکەیان دەکات و دەیانهێنێت و دەیانبات! یەکێک لە سەرنشنینەکان " ئەبوو عەلی" دەست دەکات بە خوێندی قورئان، بەڵام عەلی شەریعەتی بە پێی ئەو قسەیەی کە لە سەرەوە، شتێکی ترمان پێ دەڵێت کە ئەوانەی دەکەونە دەریاوە، مەلەوانەکە رزگاری دەبێت، نەک دیندارەکە، کە دەیەوێت بە خوێندنی سورەتێک بۆڕی مەلەوانەکە بداتەوە.
تراژیدیای کۆچبەران و نقومبوونیان لە دەریای ئیجەدا سەر دێڕی هەواڵەکانی سەردەمێکمان بوون، کە بووبوو بە هەواڵێکی ترسناک و پڕ ئازار، تا ئەم دوایانەش نقومبونی بەلەمی کۆچبەران بەردەوامی هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە کەسوکارەکەیان بەو ڕێگەیەوە وێڵ ببوون خەمی زیاترو چاوەڕوانی ئازارتر دەوریان دەدات. مەرگی ناو دەریا لە بیرەوەری دەرچوویەکەوە چیرۆکێکە پڕ ئازار " ساڤۆ" کیژۆڵەیەکی پێنج ساڵان، کە هاوڕێی ئەو گەشتەیانە، چیرۆکێکە فرمێسکت پێدەڕژێنێت، ڕاستی من گەلێک ئازارم چەشت کە ساڤۆ و منداڵەکانی تر لەگەڵ خێزانەکانیاندا چارەنوسیان داوەتە دەست دەریا و قاچاخچی، نووسەر باسی جودایی ئەو کیژۆڵەیەمان بۆ دەکات کە خەونێکی پەمەیی هەبووە و کچەکە ئەو شەوە دەبێتە خۆراکی ماسییەکان.
 کۆکردنەوەی تەرمە سەر ئاوکەوتوەکان و هێنانی بۆ شارۆچکەکە و دوایش پیشاندانی دەرچوان، بۆخۆی ئازارێکی ترە و دەکرێت بیرچونەوەی بۆ دەرچوان لەدەریادا ئاسان نەبێت و ساڵانێکی زۆر خەونی ناخۆش سەرگەردانیان بکات. دواجار کورد لە لێقەومانەکاندا دەبنە هەڵگری یەک ئازار. باسی کچێکی "ماردین"مان بۆ دەکات کە چۆن یارمەتی داون و هاوخەم و فرمێسک ڕژێنی ئەو تراژیدیایە بووە لەگەڵیاندا. مافیاکان دەستیان هەبووە لە بەڕێکردنی ئەم کۆچبەرانە و ئاسایش پێیانی ڕاگەیاندوە کە ژیانیان لە مەترسیدایە، چونکە مافیاکان دەستێکی تێکەڵن لەگەڵ دەسەڵاتداراندا لە زۆربەی ووڵاتاندا و ئەوە ڕاستییەکە بۆیە لە تورکیاش بەهەمان شێوەیە مافیاکان هەڕەشە دەکەن تا نەتوانن هیچ لەسەر ناونیشان و شوێنپێیەکی قاچاخچییەکان هەڵنەگرن.
 دەسەڵاتدارانی تورک چۆن زانیان مافیاکان هەڕەشە دەکەن، خۆ لەگەڵیان ڕۆنەنیشتوون، یان ئەوەتا خۆیان بەشێکن لە یاریەکە؟ 
ئیتر گەڕانەوە بەرەو نیشتمان و وەرگرتنی پەیمان لە دوو بەرپرس کە مامەڵەی کەسی سیاسییان بۆنەکرێت و قبوڵکردنیان کە "دیپۆرتیان" بکەنەوە بۆ نیشتمان، ئەوانیش بەڵێنیان داو مژدەی ئەوەیان پێدان، ئەمانە هاونیشتمانی نیشتمانی خۆیانن.
 لە نیشتمان بەڵێنەکان بوونە بڵقی سەرئاو، نووسەر ووتەنی وەک تاوانباری جەنگ بە قۆڵبەسراوی لە"برایم خەلیل"ەوە بۆ ئاسایشی زاخۆ، ئیتر لەو شەوەوە هەرچی سوکایەتی هەیە بە "چیا هاوار" کراوە جیاواز لە هاوڕێکانی کە لەگەڵیدا دیپۆرت کراونەتەوە. ئەو شەوە دەبێتە هاوژووی دووکەس "دیندار و شێخ شڤان " یەکێکیان لەسەر هاوکاری پەکەکە و ئەوی تریشیان وەک هەواڵگری میت. چیرۆکی هەواڵگری میتەکە لە ئاکرێ دەبێتە دۆستی پەکەکە و لەبەر ئەوەی چەند نەشتەرگەرییەکی دڵی بۆ کرابوو گیان دەسپێرێت و ئەو دنیا پۆخڵە جێدەهێڵێت، کە جەهەندەمێک بووە بۆی. سەرەتا داوای لێدەکەن کە کەسێک بێت ئازادی دەکەن لە ئاسایشی هەولێر، دوای ئازادکردنی و چونی بۆ ماڵی خزمەکەی بەئازادکراوی.
 دوای دوو دەمژمێر دەچن دەیهێنەوە لێرەوە ژیانی ئیتر دەکەوێتە بەردەم نەشتەرگەریی و شکاندنی شکۆ و ئازار و ئەشکەنجە دەبێتە بەشێکی نەبڕاوەی ساڵێک و هەشت ڕۆژ لە ژیانی. "چیا هاوار" باجی مامێکی دەدات کە لە بەرەکەی تردا شەڕدەکات. سەرەتا هێندە ئەشکەنجەیان داوە، ڕۆژ و شەوی لێتێک دەچێت، تا دوای 19 ڕۆژ کە ئاسایشەکان پێی دەڵێن، ئەوسا دەزانێت کە ئەو ماوەیە لەوێ ماوەتەوە.
لە ئاسایشی مەسیف سەلاحەدین هاوڕیەکی خۆی دەبینێت، تراژیدیا لەوەدایە کە ناتوانێت لەگەڵیدا قسەبکات. نووسەر وێنەیەکی ڕوونی ژمارە و شێوەی ئەو زیندانەشمان بۆ باس دەکات. ئەم زیندانیانە بە فرمانی حیزب نەک دادوەر گیرابوون، بۆیە لاتان سەیر نەبێت کە چارەنووسیان نادیاربووە. پاشان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەزانن کە لەوێ زیندانییە بۆیە جل و بەرگەکەی دەگۆڕن و ڕەوانەی" زیندانی ئاکرێ"ی دەکەن. لەخوێندنەوەی کتێبەکەدا وێنەیەکی بەرچاو ڕوونی ئەو زیندانەت بۆ دەر دەکەوێت. ڕۆیشتنیان بۆ ئەوێ و گەیشتنیان بە لێدان دەست پێدەکات بۆ شکاندنی شکۆ و چاویان و لەبەرچاوی زیندانییرکان لەحەوشەکەدا ئەشکەنجەیان دەدەن و شەڵاڵی خوێنیان دەکەن، هیچ زیندانیەکیش نابێت ٤٨ کاتژمێر قسەیان لەگەڵدا بکەن. 
ساڵێک لەناو" زیندانی ئاکرێ"دا دەیان چیرۆکی تراژیدای بەرهەم هێناوە، جگە لە ژیان و سەرئاوکردن و خۆنەشتن و سوکایەتیی و ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان و ترس و تۆقین و جاسوسی کردن بەسەریانەوە، لێدان و ئەشکەنجەش سەربای هەموو نەهامەتییەکانی ئەم زیندانیانە بووە، چیرۆکەکان زۆر بە ئازارن، کە لەخوێندنەوەی کتێبەکە بوومەوە وەکو تاکێکی کورد هەستم بەشەرمەزاری کرد، وەرە ئەم بەرپرس و سەرکردانە هێندە دڕندە و ترسنۆکن، لەئاستی تاکی گەلەکەیدا وەکو دوژمن مامەڵەیان بکەن. مردنی پیاوێکی پیر کە بە زۆر نوێژی پێدەکەن ژانی گەیاندە دڵم. بە زۆر ڕۆژو گرتن و گوێگرتن لە بانگ و خۆنواندنی ئەم جەلادانە مایەی نیگەرانییە، ئایا مەلاکان و مزگەوتەکان ئەم چیرۆکانە دەزانن!؟ ئایا ئەگەر بزانن دێنە دەنگ کە چۆن ئاوا بەرخورد بە ئاین دەکەن؟

 زیندانی ئاکرێ قوتابخانەکەی بارزانی نەمر

 چیرۆکی دروستکردنی جزدانێک بۆ دایکی و نووسینی یادگاری "زیندانی ئاکرێ " بەڕێوبەری زیندانی ئاکرێ، شێتگیر و دەهری دەکات، پێی دەڵێت: ئێرە زیندان نییە، ئێرە قوتابخانەی:"بارزانی نەمرە " دووجار بە کەللە لوتی دەشکێنن. باس کردنی دکتۆرێکی بە تەمەن و فریادڕەسی زیندانییەکان دکتۆر محسین چیرۆکی هیوای ناو زیندانە، ئێوارەیەکیش سەرۆکی پارتی لە تەلەفیزۆنەوە دەردەکەوێت و دەڵێت "پێشێلکاری هەیە لە زیندانەکان، ئێمە هەوڵ دەدەین ڕێزی مرۆڤ بگرین، کە لە قسەکانی تەواو دەبێت لەهەر قاعەیە و چەند زیندانی دەهێنەدەرەوە ئەشکەنجەیان دەدەن، دەڵێن: "ئەو بڕیارەی سەرۆک ئێرە ناگرێتەوە. زیندانییەکان ڕۆژانە لە هەوڵی خۆ کوشتن و خۆ سوتاندندا بوون تا لەو دۆزەخە ڕزگاریان بێت، مانگرتن هەبووە و چیرۆکی سەیر و پڕئازار خوێنەر دەهەژێنێت. چیرۆکی دیلێکی عەرەب کە سەربازێکی سوپای عێراق بووە و گوللەیەک لەسەری داوە، مەزەی جەلادەکانی زیندان بووە. دیداری دایک و خوشک و مەرگی باپیری ئازاری گێڕانەوەیەکی ترە. دواجار بە گۆڕینەوە هەردوو بەرە بەردەبێت و دەگەڕێتەوە ناوخێزانەکەی. 20 ساڵ گنگڵ دەدات تا دەبێتە ئەم شاکارە نایەبە کە چەند تەوەرێک دەگرێتەخۆی. 
شەڕی ناوخۆ کە کەمترین قسەی جدیی لەسەرکراوە، کۆچ کە پڕێتی لە تراژیدیا و هەڵوەشانی خێزان و بەرخوردی قاچاخچی و مافیاکان، زیندانی خەڵکی لە سەر قسە، یان دووزمانی، یاخود لەبەر باوک برا مام، لەسەرو هەمووشیانەوە ئەندامان و لایەنگرانی پارتی کرێکاران کە لە یەکێک لەقاعەکاندا بەتایبەت ڕاگیراون و چیرۆکی یەکێک لەوان کە جوێن بەسەرۆک ئاپۆ نادات و ناڵێت تیرۆریستە، کە داوای لێدەکەن وابڵێت. من چیرۆکی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ی سلێمانیم بیرکەوتەوە کە زیندانییەکان یەکە یەکە کوژراون لەسەر ئەوەی ئامادەنەبوون جنێو بە"مەلامستەفا" بدەن. دوای ئەو هەمووساڵە بەرخورد لەگەڵ تاکی نەتەوەکەتدا بکەیت وەک ئەوەی بەعسییەکان کردبوویان، چ شەرمەزارییەکە ؟ 
 بەلای منەوە لاوازی ئەم کتێبە ئەوەیە کە بە یەک نەفەس نوسراوە، کە خوێنەر ماندوو دەکات، دەکرا ژمارە، یان چیرۆکەکان نەفەسێک لەبەینیاندا بوایە، ئەودەم باشتر خوێنەر لەگەڵیدا دەڕۆی، ناو نەهێنانی جەلادەکانی زیندانی ئاکرێ کەمایەسیەکی تری ئەم کتێبەیە، چونکە لەسەرەتاوە نووسەر زۆر ئاگایانە ناوی زۆری هاوسەفەرەکەی لەبەرکردوە و ناویان دەهێنێت، تەنانەت ژن و ماڵی خانەخوێکانیش کە لایان ماونەتەوە، ئەی حکمەت لە چیدایە ساڵێک و هەشت ڕۆژ ناوی تاکە سەرجان و جەلادێک نەڵێیت؟ 
ئێستا ئەوانە لەناوماندا دەژین، داخۆ شایەنی ئەوەن کە لە ناوماندا ژیان بکەن و نەیان ناسین؟
بەلای منەوە دوای یەکەمین ژەم کە "چیا هاوار" خواردوویەتی یاپراخ بووە و لەگەڵ نەکیدا خواردوویەتی، وەکو تەکنیکی نووسینەوەی ئەو جۆرە یادەوەریانە دەبوو خاڵێکی دابنایە و هیچی تری نەنوسیایە، یان ئەوەی کە پێشەکییەکی بۆ نووسیوە لایەنی کەم ئەو سەرنجانەی بدایە. دوای ئەوە چیرۆکەکە لاواز بوو کە دێتە سلێمانی و گوێ لە پەیمانی سکرتێری یەکێتی دەگرێت و بەڵێنی زەوی و موچەو دامەزراندن دەدات بەقوربانیانی زیندانی شەڕی ناوخۆ ئەم چوونە بۆسلێمانی، چیرۆکی ئەو ئازارە زۆرو زەبەندەی خستە ژێر پرسیارەوە؟ دەکرا ئەو بەشەی ببوایە بە پێشەکی کتێبەکە یان پاشخانی کتێبەکە و مافی خۆشی بوو کە گازندەبکات بەڵام لەگەڵ ئەو گێڕانەوەی ئازارانە داناوە. 
پیشەکییە شەرمنانەکەی "شێرزاد حەسەن "یش کە هیچ پەیوەندی بەناوەڕۆکی کتێبەکەوە نەبوو، هێندەی تر ئەم نوسین و چیرۆکە پڕ ئازارەی تەماوی کردووە، چونکە شێرزاد حەسەن زۆر بە پارێزەوە قسەی لەسەر ئەم کتێبەکردوە، شتێکی تازەی لەسەر کتێبەکە نەووتوە، چونکە هەست دەکەی هەر حەزی کردوە قسەیەک بکات، پاشان لەلای خۆیەوە ڕۆژهەڵاتی کردوە بە"ڕەشهەڵات" کە ڕەنگە ئەمە ووتەیەکی ڕاسیستانە بێت، بێئاگا شێرزاد حەسەن ئەم ناوەی داتاشیوە. 
باوەڕم وایە ئەفەریقیەک ئەمە ببیستێت زۆر نیگەران بێت، بۆنمونە ڕۆبێرت موگابی سەرۆک وەزیرانی پێشووی زیمبابۆی کە ووتی": تا جلی سپی بۆ شایی و بەرگی ڕەش بۆ پرسە بەکاربێت " یان " جلی سپی پێش جلی ڕەش بشۆرێت " ڕەگەزپەرستی کۆتایی نایەت. ئەمەش بەسەر ئەو پێناسەیەی شێرزاد حەسەندا دێتەوە، چونکە ڕۆژهەڵات، نابێتە ڕەشهەڵات مەگەر لە خۆرگیراندا بێت؟
دواجار دەستخۆشی لە "چیا هاوار" دەکەم بە ڕاستی کارێکی جوامێرانەی ئەنجام داوە، ئێمە تاکە گەلی ئەم سەر ئەستێرەیەین ڕووداوەکانمان نەنوسراونەتەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە