سەردار حەمەڕەش

https://www.facebook.com/sardar.hamarash.1


شاژنی سوێد و پەراسوی سانت لوی (Saint Loui 1214-1270) و میشێل فوکۆ

Thursday, 04.01.2021, 10:42

1803 بینراوە


تابلۆکە، تابلۆی ( ماکس ئێرنست) ە، ساڵی 1956، بەناوی: عیسای منداڵ لەبەردەم سێ شایەتا.
لەکاتێکدا خەریکبوم بە خوێندنەوەی کتێبی میشێل فووکۆ؛ (سەرپەرشتیکردنو سزادان)، لەسەر سفرەی نانخواردن، کوڕەکەم پرسیاری لێکردم کە ئایا دەزانم دەستەواژەی: ( هێنانە دەرەوەی کرم لە لوتا: 
Tirer le ver du nez 
بە مانای چی دێت. پاشان بۆی ڕونکردمەوە: 
بە مانای ؛ زۆرکردن لەکەسێک بە وتنی ڕاستیەک دێت.  ئەم دەستەواژەیە لە کاری ئەشکەنجەدانی سەدەکانی ناوەڕاستەوە هاتوە، ئەشکەنجەدانی تاوانباران لەلایەن دادگای کەنیسەوە؛ کاتێک شیشێکی گەرمیان دەکرد بە لوتی تاوانباردا، هەتا مێشک دەیانبردە ژورەوە، پاشان چەند جارێک دەیان سوڕاندەوە، کاتێک دەریان دەهێنایەوە، ڕەگو دەماری مێشک لە شێوەی کرمێکدا بەسەر شیشەکەوە دەبینران. ئەم ئەشکەنجەیەش بەمەبەستی ئەوەی کە تاوانبار دان بنێت بە ڕاستیەکاندا.
***
سێ کەسایەتی ناوداری فەرەنسی بەبێ سەر نێژراون، نازانین بۆ چی کەلەسەری ئەو کەسانە دزراونو هەرگیز نەدۆزراونەتەوە. 
فەیلەسوفی فەرەنسی ؛ دیکارت، ئەو کەسەی کە وتی : من بیر دەکەمەوە کەواتە هەم.  لە ستۆکهۆلم کۆچی دوایی کرد، کاتێک فەرەنسا تەرمەکەی هێنایەوە، بینیان کە سەری دزراوە، بەهەمان شیوە ڤۆلتێر و مارکی دوسادیش سەریان دزراونو هەتا ئەم ساتە نەدۆزراونەتەوە.
 هەمو باسێک لەسەردا سەرهەڵئەدا؛ شوێنی بیرکردنەوە و لێکدانەوە و ئاگایی. بۆیە هەرکاتێک هەڵەیەک دەکەین، یان توشی کارەساتێکی نەخوازراو دەبین، بەخۆڕسکانە دەکێشین بەسەرمانا. ئەگەر سەری ئەم کەسایەتیانە دزراون، ئەگەر ئەوکەسەی دزیویەتی بەمەبەستی پارچەیەکی دانسقە، کەبەشێکی گرنگی ئەو کەسایتیانەیە، ئەوا کەلەسەر شوێنی هەڵقوڵاوی بەرهەمی ئەو کەسایەتیانەن، بەمەبستی سزادانیان دزراون، بێبەشکردنیانە لەو بەشەی وەک تەنێکی بەرپرس لەو تاوانەی کە کردویانە، تۆڵەسەندنەوەی مێشکە لە مێشکێکی تر. ئەگەر لای دیکارت ڕاستەو خۆ شوێنی بیرکردنەوە و لێکدانەوە بوبێت ئەوا لای مارکی دوساد بەهەمان شێوە؛ ئەگەریش لەزەتی جەسەدی بۆ لەبیبردنەوەی  ئەشکەنجە کردبوە ئامانجی سەرەکی، هەر هەمان ئەو کەلە سەرەیە کە بەرپرسە. بۆیە بۆ هەتا هەتایە بێبەشیان کردون لەو بەشە سەرەکیەی ژیانیان بەمەبەستی سزادانیان، بەمەبستی تۆڵەسەندنەوە لێیان، چونکە هەردەم لە مێژودا لەشی مرۆڤ شوێنی ئەشکەنجەو سزادان بوە، ئەو جێگایەبوە کە ڕۆح تیایدا بەندبوە، زانیاریو زانستو هەقیقەتیش، بۆیە هەمیشە ئەشکەنجەدراوە و بۆتە لەشێکی سیاسیو سیستەمو حوکمڕانەکان هەوڵیان داوە لەهەمو سەردەمێکدا دەستەمۆی بکەنو بیکەن بەکەرەسەو دەستکەلای خۆیان.ئەگەر ئەو لەشانە، سزادراون، حوکمدراون، بەشێوەیەکی بەڕبەڕی لەهەمو سەردەمێکدا ئەشکەنجەدراون، لەبەر ئەوەی  پەیڕەوی سیستەمێکی بیرکردنەوەی جیاوازیان کردوە، لەگەڵ سیستەمی سەردەمەکەیاندا ناکۆک بون. بەڵام کاتێک لەشێک دەبێتە خەونو ئامانجی هەڵخەڵەتێنراوی کۆمەڵگەیەک، ئەوسا دەبێتە موفەرکو پیرۆزی. وەک ئێسکی سانت لوی؛  پاشای فەرەنسا.
ئێسکی لویسی نۆهەم، کە پێێ دەڵێن : سانت لوی ( پیر لوی ) لەبەر ئەوەی کەنیسە ئەو نازناوەی پێبەخشی،  بەهەمو جیهاندا بڵاو بویەوە. بەو بۆنەیەوە فەرەسا بە لەشی سانت لوی جیهانی کۆلۆنیزە کرد.
سانت لوی پاشای فەرەنسا بو، چەندجارێک بەشداری کردوە لەشەڕی خاچەکاندا. لە میسر لەلایەن مەملوکەنەوە بەنددەکرێتو لەبەردەمیا تورانشا  سەردەبڕن. پاش گەڕانەوەی جارێکی تر بە خۆیی لەشکرێکەوە ڕێگای دەریای سپی ناوەڕاست دەگرێتەبەر بە نیازی شەڕێکی تری خاچ. بەڵام نازانرێت بەهۆکاری چی و بۆچی کوتوپڕ لە نێوەی ڕێاگادا ئاراستەی دەگۆڕێتو دەچیت بۆ کارتاژ لە تونس، بەگوێرەی مێژونوسان، وادیارە سانت لوی هەستی بەلاوازی تەندروستی کردوە و هەروەها توانای سەربازی بۆ ئەو شەڕە نەبوە. لەوێ  بەهۆی پەتایەکەوە خۆییو زۆر لەدارودەستەکەی دەمرن.
مردنی پاشایەک لەدەروەی فەرەنسا کارێکی ناڕەوایەو دەبێت بەهەرچۆنێک بێت لاشەکەی بهێنرێتەوە بۆ فەرەنسا. بەڵام لەبەر ئەوەی لەو سەردەمەدا نەتوانراوە تەرم لە بۆگەنبون بپارێزرێت. سانت لوی دەخەنە مەنجەڵەوە و دەیکوڵێنن، گۆشتەکەی لە ئێسکەکەی جیادەکەنەوە. وەک کورد دەڵێت ؛ گۆشتەکەی بۆ تۆو ئێسکەکەی بۆمن. ئێسکەکەی دەنێرنەوە بۆ فەرەنساو لە کارتاژ گۆشتەکەی دەنێژنو هەر لەویادا کەنیسەیەک دروستدەکەن، دەبێتە خاکی فەرەنسا.
 لە جیهانی مەسیحیدا، سانت لوی هێندە بەکەسێکی پیرۆز ناوی بڵاو دەبێتەوە، بەجۆرێک کە لەهەمو جیهاندا؛ کەنیسە و پیاوانی ناودار، شەڕیانە لەسەر پارچەیەک لە ئێسکی سانت لوی وەک موفەرک کردوە، ئێسکی سانت لوی هەتا ئەمەریکای لاتین دەڕوات. شاژنی سوێدیش داوای پەراسویەکی سانت لوی کردوە لەو سەردەمەدا، بەڵام فەرەنسا تەنها نیوەی پەراسویەکی بۆ ناردوە لەبەر زۆری داوای مەسیحیەکان لە جیهاندا، ئەویش ڕتیکردۆتەوە و ناڕازی بوە. نازانین بۆچی نیو پەراسو بەکەڵکی موفەرک نەهاتوە !  خۆ ئەگەر چوکی سانت لوی ئێسقانبوایە ! کێ داوای دەکرد ؟ بێ شک لە جێگایەکدا دادەنرا، لەکەنیسەیەکدا، هەتاوەکو ئەو ئافرەتانەی منداڵیان نابێت بیسون لەناوگەڵیان.
 ئەم باسانە؛ ئێسکی سانتلوی و سەری دزراوی ئەو سێ کەسایەتیە، بە ڕێکەوت لەهەمان کاتا بەرچاوم کەوتن کاتێک کتێبی؛ میشێل فوکۆ ؛ (سەرپەرشتیکردنو سزادان )م دەخوێندەوە. هەمو ئەم باسانە لای میشێل فۆکۆ مانایەکی قوڵیان هەیە. چەند دێڕێک لە کتێبەکە فوکۆ :
نابێت بوترێت کە ڕۆح بونێکی خەیاڵیە، یان کاردانەوەیەکی ئایدیۆلۆژیە. بەڵکو بونی هەیە، هەقیقەتێکی هەیە، بە بەردەوامی بەرهەمهێنراوە، بەدەوریدا، بە روکەشیدا، لەناو بەدەندا، بە بەکاربونی هێزێک کە کاری سزادانی بەسەر سزادراودا ئەکات. بەشێوەیەکی گشتیتر بەسەر ئەوەی کە سەرپرشتی دەکرێت، کە دەستەمۆی دەکەین، دەیخەینەوە سەر رێگەی ڕاست، بەسەر شێتاندا، بەسەر منداڵاندا، بەسەر خوێندکاراندا، بەسەر کۆلێنیزە کراواندا، بەسەر ئەوانەی ماشینێکی بەرهەمهێنەر بەسەریانەوە دەچەسپێنن بەدرێژایی ژیانیان. هەقیقەتی مێژویی ئەو ڕۆحە، کە جیاوازە لەو ڕۆحەی باسی لێوەکراوە  لە دینی مەسیحیدا، لەدایک نابێت وەک ڕۆحێکی سزادراو نەبینراو، بەسەرپەرشتیکراو، بەحوکمدراو، بەڵکو بە دۆزی ئەشکەنجەدان، سزادان، سەرپەرشتیکردن، ڕێگریکردن. ئەو ڕۆحە حەقیقیە. بێ جەسەدە، بەهیچ جۆرێک مادی نیە، ............... لەسەر ئەو هەقیقەتە کۆنسیپتی جیاوازمان بنیاتنا، شەخسیەت، ئاگایی، ..تاد. ؛ لەسەر ئەو ڕۆحە تەنکنیکو وتاری جیاوازی زانستیمان دروستکرد؛ لەسەر بنەمای ئەو، داواکاریی مۆراڵی مرۆڤدۆستیمان چەسپاند،.............
بەڵام نابێت هڵخەلەتێین: ئەو مرۆڤەی باسی دەکەین، جێگۆڕکێمان بەڕۆح نەکردوە، خەونی تەکنەلۆژی، مرۆڤێکی ڕاستەقینە، جێگای زانست، کاردانەوەی فەلسەفی یان دەستێوەردانی تەکنیک. ئەو مرۆڤەی کەباسی دەکەینو بانگهیشتی دەکەین بە ڕزگاربون، لەناو خۆیدا هەردەم بەرهەمی سەردانەواندنێکی زۆر لەخۆی قوڵترە. رۆحێک تیایدا دەژیو دەیبات بەرەو بون، کەخۆی پارچەیەکە کە کۆنترۆلی لەلایەن  هێزی حوکمڕانەوەیە بەسەر جەسەدی. ڕۆح، کەریگەری و دەستکەلای لەشێکی سیاسیە. ڕۆح بەندیخانەی لەش.
***
دەبێت ئەوە بڵێم، دەمێکە کتێبێک وەها سەرنجی ڕانەکێشاوم، پێدەچیت من کەسێکبم زۆر بە دوای مانای ئەشکەنجەدا ویڵبم. بۆیە بەهەمان شیوە بەدوای پێچەوانەکەشیدا؛ لەزەت ). لەم نێوەدا لە نێوان ستۆیسیزمو ئێپیکوریسمدا دێمو دەچم.