دوێنێ دانەوێڵە، ئەمڕۆش دار

Tuesday, 01/06/2021, 3:56

16660 بینراوە


باپیرم باسی ئەوەی بۆ ئەکردم کاتێ عوسمانیەکان کوردستانیان داگیر کردبوو ، وە ئەوکاتەی برسێتی و قات وقڕی سەراپای ناوچەکەی داگیر کردبوو بەتایبەتی لەشەڕی جیهانی یەکەمدا،عوسمانیەکان بە شێشێکی درێژ ئەگەڕان بەدوای دانەوێڵەی عەمبار کراو، شیشەکەیان ئەکرد بە زەویدا و گەر بچوایەتە نێو زەویەکە بە ئاسانی ئەوا ئەیان زانی شوێنی گرد کردنەوەی دانەوێڵەیە، وەیان زۆر جار بە سمی  ووڵاخەکەیان ئەیان زانی ئەو شوێنە چاڵە و وەك سایلۆ بەکار هاتوە. ئێدی نەك هەر گەنم و جۆکەیان ئەدزی و تاڵانیان ئەکرد، بەڵکە زۆربەری جاران جگە لەسەرانە سەندن، خاوەن ماڵ خۆی ئەبوە قوربانی دەستی ئەو دز و چەتانە.. جا لەهەمووی ناخۆشتر ئەوەبوە ئەم دزانە هیچ کاتێ بەدەستی بەتاڵ نەڕۆیشتونەتەوە و باجی دزیەکەشیان نەداوە. بەواتایەکی تر؛ باپیرانمان ئەو دزەییەی لێیان کراوە و ‌قووتی دەمی مناڵەکانیان نەتوانراوە پارێزگاری لێبکەن و دەرهەق بەو زوڵمە،تۆڵە لە تورك بکەنەوە. هەربۆیە ئەوەی ئەمڕۆ ئەگوزەرێ لە بادینان کە بە بەرچاوی گوندنیشنەکان تورك و جەندرمە دێن وە دار و دەوەن ئەبڕنەوە و دواتر بە گەڵابە و لۆری ئاودیوی تورکیای ئەکەن تووشی هیچ پەرچە کردارێك نابنەوە و کەس نیە بتوانێ پارێزگاری لە رەزو پەرژین و زەوی و زار و دار و بەردی ئەو خاکە بکا کە پێی ئەووترێ،کوردستان.
باپیرانمان یەخەی خۆیان ئارەقاوی نەکرد و ئەو شەڕەیان بۆ ئێمە بەدیاری جێهشێت.. وا ئەمڕۆش ئێمە هەمان دیاری بۆ نەوەکانی تر جێئەهڵێن..بۆیە ڕۆژ دوای ڕۆژ داهاتوومان زیاتر لێڵتر ئەبێ و هیچ ترووسکاییەك لەئاسۆوە دیار نیە. گەر باپیرانمان نەختێ غیرەتیان هەبوایە و خۆیان بە خاوەنی دانەوێڵەکەیان زانیبایە، ئەوا ئەوڕۆ تورك زاتی ئەوەی نەئەبوو بەبێ پەروا دزی و دار بڕین بەردەوامی هەبوایە. ئەمە ئەو شەڕەیە کە ئەبوایە باپیرانمان بیان کردایە.. جا بۆیە گەر بمانەوێ نەوەکانی داهاتوو لەژێر سایەی ئەو دارانەدا سەیران بکەن و گەرمای هاوین لێیان نەدا، وەیان نەوەکانی داهاتوو بتوانن خۆیان بەرهەمی دارەکە بخۆن و زیادەکەی بسووتێنن وەیان شتی پێوستی ڕۆژانەی لێ دروست بکەن.ئەبێ خۆیان ئەم شەڕە بکەن و خۆیان بەرەنگاری ئەو تورکە دزانە ببنەوە. 
پێوستە گەلەکەمان زۆر ڕێز لە تورك بگرێ لەبەرئەوەی ئەوان تاکە میلەتن درۆیان لەگەڵدا نەکردووین.. ئەوان زۆر بەڕاشکاوانە و لەڕیگای پیاوە ئایینی و سیاسی و بازرگانەکانیانەوە دژایەتی کورد ئەکەن و ئەڵێن کورد نابێ ببێ بە دەوڵەوت ولەهەر شوێنێك کورد هەبێ ئەوا ئێمە لەناویان ئەبەین. ئەم ڕاستگۆییە لەلایەن عەرەب و فارسەکانەوە ناووترێن و ئەگەر چی ئەوانیش وەك تورکان وان دژ بە کورد و کوردستان. کەواتە گەلی ئێمە ئەبێ لەسەر ئەو ڕاستگۆییەی تورك مامەڵەیان لەتەکدا بکەین، مادام ئەزانین ئەوانە بە ئاشکرا دوژمنمانن ئێدی چ پێوست ئەکا پێچەوانەکەی بکەین. واتە ئەبێ کوردیش بەهەمان میتۆدی تورك و بەهەمان چەکی دەستی دژایەتیان بکا تا ئەو کاتەی گۆڕانکاریان تیا دروست ئەبێ. لەوانەیە چەندەها مرۆڤی باش هەبن پێچەوانەی ئەوەن ، لێ ئەوانە کەمینەن و ناتوانن کاریگەری لەسەر زۆرینە دروست بکەن. کورد ئەبێ بەتەواوی سەنگەر لە تورك هەڵبدا و جەنگەکەی ئەمڕۆی نەسپێرێ بە نەوەکانی داهاتوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە