بافڵ و لاهور، پارتی و تورکیا و ئیران

Sunday, 25/07/2021, 0:15

8525 بینراوە


دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١جەلال تاڵەبانی، بافڵ، قوباد، لاهور، مەسعود بارزانی، نێچیرەوان و مەسرور بارزانی دامەزرێنەری سەرەکیی دەزگەی هەواڵگریی و زانیاریی و دژە تیرۆر و ئاسایشی هەرێمی کوردستانن.


 دامەزراندنی دەزگەی پاراستن، دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، واتە بەسەرپەرشتی و ڕێگە پێدانی مەلا مستەفا دامەزراوە. کەواتە خێزانی تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی، دامەزرێنەری سەرەکیی ئەو جۆرە دەزگایانەن لە باشووری کوردستان. ئەوەی کراوە بە سەڕۆکی ئەو دەزگایانە یان ئەوانەی لە ئاست خوارەوەدا کاریان لەو دەزگایانە کردوە، دامەزرینەری نەبوون، بەڵکو ئەو کەسانەیان دیاریکردوە و بە ئەمری ئەوان چاک و خراپیان ئەنجام داوە.  
بەدرێژایی تەمەنی ئەو دەزگا هەواڵگرییانە، میللەتی کورد خاوەن دەوڵەت نەبووە و نییە، بۆیە لە قۆناغە جیاوازەکاندا دامەزراندنی ئەو دەزگایانە بە ئازادی نەبووە، بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی نیشتمانییش نەبووە، بەڵکو لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی دەزگای هەواڵگریی ساواک، ئیتیلاعات، میتی تورکیی، موساد و دەزگای هەواڵگریی زلهێزەکانی دنیادا بووە، بەتایبەتی دوای کۆڕەوی  ساڵی ١٩٩١ و ساڵی ٢٠٠٣ کە سەدام لەلایەن ئەمریکاوە لە دەسەڵات لابرا، ئینجا ڕێگە درا  پەیکەرێکی هەواڵگریی خاوەن بودجەیەکی بەهێز لە باشووری کوردستان دروست بکرێت و لەژێر کۆنتڕۆڵی ماڵی تاڵەبانی و بارزانییدا بێت، لەهەموو قۆناغەکاندا هەرکەسێک کە بەرپرسیارەتی ئەو دەزگایەی هەڵگرتبێت پارەیەکی زۆری بۆ خەرج کراوە و لەبەرامبەردا دوو ئەرکی سەرەکیی پێ سپێردراوە:

 یەکەم: هەمیشە بۆ ئەجێندای دەرەکیی کاری کردووە.
دووەم: لەسەر ئاستی ناوەوە هەموویان بۆ مانەوەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە دەسەڵاتدا کاریان کردوە و هەمیشە هەوڵیانداوە ئۆپۆزسیۆن لە باشووری کوردستاندا سەرهەڵنەدات.

بۆیە جێگەی سەرنجە، کە ئەمڕۆ، لە کێشەی نێوان بافڵ و لاهوردا هەندێک نووسەر و ماڵپەر و  تا دەگات بە یوتیوب و ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنیش دەزانن، لە گێژاوەیەکدا دەخولێنەوە و پروپاگەندەی ئەوە دەکەن، کە گوایە لاهور لەبەر هەڵوێستە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی لەلایەن ئیران و تورکیاوە بە ڕێگەی سەرانی پارتی و بافڵ فشار خراوەتە سەری و دوورخراوەتەوە. بێگومان ئەمە بوچونێکی ڕاست نییە، لەبەرئەوەی دەزگای میتی تورکی و ئیتیلاعات، زۆر بەهێزترن لەوەی لە کەسێکی وەک لاهور بترسن، یان نیگەران بن، دواتر ئەوەی بافڵ و کوڕەکانی مەلا مستەفا بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیتیلاعات و میتی تورکیی و دەزگا هەواڵگرییەکانی دی زلهیزەکان دەیکەن و کردوویانە، بەهەمان شێوە لاهور کاتێک کە سەڕۆکی هەر یەکێک لەو دەزگەایانە بوو تا دەگات بەو کاتانەی کە لێپرسراوی ئەو دەزگایانە نەمابوو، هەمان شتی ئەنجام داوە، بەسەدان جار ئاغای قاسمی سلێمانی و دارودەستەی میتی تورکیی و دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکی لەسەر خوانی تێروپری ماڵی لاهور کۆبوونەوتەوە هەر وەک چۆن کە بۆ خوانی ماڵی کوڕەکانی تاڵەبانی و بارزانی بەسەدان جار بانگێشت کراون. ئێران بەسەدان کادیری حزبەکانی کوردستانی ئیرانی لەنێو جەرگەی شاری سلێمانی تیرۆڕ کرد کە هەموو لایەک دەزانن بەهاوکاری دەزگای زانیاریی و هەواڵگریی یەکێتی بوو بەتایبەتی ئەو کاتانەی کە لاهور ئەو دەزگایانەی بەڕێوەدەبرد، کەچی ڕۆژێک متق لە دەمی نەهاتە دەرەوە. 
مەسەلەی یارمەتیدانی ڕۆژئاوا بەدڵنیاییەوە لاهور نەبوو، ئەڵبەتە ئەمریکا بوو فشاری خستە سەر یەکێتی کە هاوکاربن لەگەڵ ڕۆژئاوا، لاهوریش بۆ خۆنزیکردنەوەی زێتر لێیان خۆی سەرپەرشتی ئەو کارەی کرد و بەهیوای ئەوەی لە ئایندەدا ئەمریکا وەک کەسی یەکەمی نێو یەکێتی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، هەروەها مسۆگەرکردنی ئەو پشتیوانیەی ئەمریکا، دەبووە هۆی بەهێزبوونی پێگەی لاهور و لاوازبوونی پێگەی کوڕەکانی تاڵەبانی، کە دوای مردنی جەلال تاڵەبانی هەرسێکیان هەوڵی شوینەکەی تاڵەبانیان دەدا، ئەوەش پۆستی سکرتێری گشتی یەکێتی بوو، کە بەدرێژایی مێژووی یەکێتی هەمیشە بەبێ چوونە هەڵبژاردن، جەلال تاڵەبانی دەبوو بە سکرتێری گشتی. ئەمڕۆش بافڵ دەیەوێت بەهەمان ڕێچکەی باوکی ڕەتبێت و ئیتر لەمەودوا بەبێ چوونە هەڵبژاردن هەر خۆی سکرتێری گشتی یەکیتی بێت.
بیرۆکەی هاوسەڕۆکی یەکێتی، بۆ ڕازیکردنی بافڵ و لاهور و هێورکردنەوەی گرفتی نێوانیان بوو. ئەوانەی بەشداریی کۆنگرەی ٩ی یەکێتی بوون، هەموویان دەستیان بە کڵاویان گرتبوو با نەیبات، بۆیان گرنگ نەبوو و نییە کە کێ دەبێت بە سەڕۆکی یەکێتی، گرنگ ئەوەیە ئەوان بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو بێت، بۆیە هەندێکیان سوودمەند بوون لە گرفتی نێوان ئەو دووانە و بوون بە ئامراز و مەسەلەی هاوسەرۆکییان تێپەڕاند.
تا گەیشتە ئەو ئاستەی کە لاهور بەشێنەیی خەریک بوو پێگەی لەنێو یەکەتییدا لە بافڵ بەهێزتر دەبوو، ئەمە لە بەرژەوەندیی کوڕەکانی تاڵەبانی نەبوو، بۆیە ئەوان دەرکییان بەوە کرد کە هەڵبژاردن و مەسەلەی هاوسەڕۆکی، تەڵەیەکە و لاهور و خزمەکانی دەیانەوێت بافڵ و قوباد لە پەڕوپۆ بخەن، لەبەرئەوە گرفتەکە هیچ پەیوەندیی بە مەسەلەی مەبدەئی و جیاوازی فیکری و هەڵوێستی نیشتمانیی و نەتەوەیی و دژایەتیکردنی پارتی نییە.     
 زڕبرازاکانی جەلال تاڵەبانی لە قۆناغێکدا بوو بەگەلی کەوتن، کاتێک جەلال تاڵەبانی دەینەراند و دەیگوت: "منیش کوڕی بارزانییم"، ئەی لەو سات و کاتەنەدا، بۆ کەسیان یاخی نەدەبوون؟ لە کاتێکدا ئەو هەڵوێستەی جەلال تاڵەبانی بەرامبەر بە کوڕەکانی بارزانی، بووە هۆی زویر بوونی گەلێک لە لایەنگر و دۆستانی یەکێتی و بووە هەوێنی قوڵبوونەوەی گرفتەکانی نێو ئەو هێزە، لەبەرئەوە دروشمی هەڵگرتنی دژایەتی کردنی پارتی بە دڕۆ،  هەمیشە کارتێکی بەهێزبووە بەدەست خێزانی تاڵەبانی و بۆ پتەوکردنی پێگەی جەماوەرەیی و مانەوەیان لە دەسەڵات، ئەمڕۆ لاهوریش دەیەوێت هەمان دەهۆڵ لێ بدات. بەدڵنیاییەوە وەک بەشێک لە ئەجێندای دەزگای هەواڵگریی میت و  ئیتیلاعات بوو ئەوەی تاڵەبانی و کوڕەکانی بۆ پارتی ئەنجامیان دا و سەریان بۆ شۆڕکردن، لاهوریش ئەگەر بچێتە جێگەی ئەوان هەنگاوەکانی وەک جاران بەدڵی دەزگای میت و ئیتیلاعات دەبێت و دەینێرن بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ بنەماڵەی بارزانی ببات. 
کێشەی نێوان بافڵ و لاهور، گرفتی کۆنتڕۆڵکردنی هێزی یەکەتییە بەهەموو جومگە سەرەکییەکانییەوە بەتایبەتی مەسەلەی دارایی و هێزی چەکدار. یەکێتی ئەمڕۆ پارویەکی چەورە، لە دەستدانی ئەو هێزە بۆ هەردووکیان لەدەستدانی پلە و پایە و پارە و ژیانی شاهانە و پشتیوانی دەزگەی هەواڵگریی ئیران و تورکیا و ئەمریکایە، ئەو هێزانە تا ئەو کاتە لە گەڵیانن و پشتیوانی لەمانەوەیان دەکەن کە ئەوان بتوانن کۆنتڕۆڵی ئەو هێزە بکەن و بۆ ئەجێندای ئەوان بەکاری بهێنن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە