ڕاسیزم چییە؟ ئایا نەتەوەی داگیرکراو دەتوانێ ڕاسیست بێت؟!

Tuesday, 03/08/2021, 17:58

4809 بینراوە


مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: " کورد وەک کاروانێکە ڕێگر دەستی بەسەردا گرتبێت، بۆ دەرباز بوون، هەرچی بیڵێ و بیکا لە چاک و بەد و ڕەوا و نا ڕەوا، نەک هەر دروستە بەڵکوو واجیبە و نەکردنی دەبێتە ڕوو ڕەشی".
 کاک ئازاد مستەفا دەڵێت: " لەوە نەترسین کێ چمان پێ دەڵێ و کێ لێمان زیز دەبێ و کێ پێمان خۆش دەبێ، دەبێ لە ناخ و ویژدانمانەوە و بە ئەو پەڕی باوەڕ بە عەدالەتی مەسەلەکەمان و خۆمان، چی لە سوود و بەرژەوەندی نێزیک و دووری نەتەوەکەمان بوو ئەوە بکەین....هەموو دنیا وای کردووە و ئیمڕۆ ئەوە سوننەت و جەبری مامەڵە و هەڵس و کەوتە، ئەوەی وا نەکات خۆی بۆ بۆرە پیاو بە کوشت دەدا و پێشی دەڵێن بە دەردی خوا مرد"!!.
لەم چەند ڕۆژانەی ڕابووردوودا (ڕۆشنبیرانی) ی ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد لە باشووری داگیرکراودا و هەندێکیشیان کە لە ئەوروپا دەژین و مەلا پاشکەووتەکانی سەر بە قوتابخانە فاشییەکەی ئۆردوگان، بێ وردبینیەکی لێزانانە، ئەوانەی خۆ بەڕۆشنبیر دەزانن، کورد بە راسیزم و راسیزمی شاراوە تاوانبار دەکەن و مەلا ئۆردوگانییەکانیش، هەناسەی سارد بۆ زیانەکانی لە تورکان کەوتوون، هەڵدەکێشن و بەهۆی ئەوەش کە لە دەڤەری سلێمانی ڕوویدا، هیوایەکیان بۆ پەیدا بووە، کە لەشکری جەندرمە بە چاوساغی ماڵباتی بارزانی، لە سلێمانی نزیک ببنەوە، بۆیە سەلاحەدین بەهادینەکان و مەلا عەلی قەرەداخییەکان، کە خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی ( ئۆزدەمیریی) ئامادەکردووە، هاوشانی ئەو ڕوناکبیرە!! سەرلێشێواوانە، کەوتونەتە خۆیان و لێکدا لێکدا پەیامی سەرەخۆشی و دڵتەنگی بۆ ئۆردوگان دەنێرن.
بەرانبەر بە مانیش، چەند مامۆستای ئاینی کە لە پەیامی ئینسانی یەزدان تێگەیشتوون، بە نزاکانیان، هاوسۆزیی نەتەوەیی بۆ گەلەکەی خۆیان دەردەبڕن و داوا لە خوا دەکەن، کە نەتەوەکەیان لە شەڕەنگێزیی ئۆردوگان بپارێزێ و لەمە دونیا لێپرسینەوە لەو فاشیستە بکات. 
بۆئەوەی لە ڕاسیزم تێبگەین: دەبێت مانا و سەرچاوەکەیی و تۆمەتەکانی دەدرێنە پاڵ کورد، بە کورتی باس بکەین.
- راسیزم چییە؟
- مێژووی سەرهەڵدانی.
- ئایا کورد وەک نەتەوە دەتوانێت راسیست بێت؟
- یاسا سەبارەت بە بەکارهێنان و پراکتیزەکردنی ئەم- ئایدیۆلۆجیایە- چی دەڵێت؟
- راسیزم چییە؟
راسیزم Racism : بریتیە لە سیستەمێک لە ( باوەڕ) و ( کردار) لەسەر بناغەی جیهانبینی و مرۆڤبینی و ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت بنیات نراوە، کە پێی وایە مرۆڤەکان، بەپێی رەنگی پێست و جیاوازی دیاردە کلتورییەکانیان وەک داب و نەرێت، زمان، ئایین و مێژوو جیاوازییان هەیە و رەگەزێک لە رەگەزێکی تر لەبان ترە. ئەم تیۆرییە، باس لە پەیوەندی (رەگەز) دەکات لەگەڵ ئەو دیاردە کلتوریانە و هەر لەسەر ئەم بنەمایە مرۆڤایەتی دابەش دەکات، بە چاکتر و خراپتر، سەرووتر و خوارتر، بۆ نموونە، ئەوان دەڵێن: دەستی قەدەر سپی پێستی خاستر خوڵقاندووە لە رەش پێست، لەبەر ئەوە سپی پێستەکان دەبێت سەروەر بن و رەشپیستەکانیش کۆیلەیان.
- مێژووی سەرهەڵدانی.
مێژووی راسیزم لە سەردەمی نوێدا دەگێڕنەوە بۆ تیۆرییەکانی ژوزێف ئارثەر دی گۆبینۆ- فرانسایی * Joseph Arthur de Gobineau 1816-1882
بەڵام یەکەم لێکۆڵینەوەی جدی لەسەر (باشتربوونی رەگەزێک لە رەگەزێکی تر)، لەلایەن هێرمان لیوند** Herman Lund کە پرۆفیسۆر بوو لە زانکۆی ئیوپسلای سوید، ئەنجام دراوە. ئەو لێکۆڵینەوەی لەسەر (نەتەوەی سام – سامەکان و ئەوبەشە لە فینلەندییەکان کە لە تورنێ داڵ دەژین) و خەڵکی ڕەسەنی ئەم وڵاتەن، کردووە و لە ئاکامدا، گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە دژایەتی زۆری تێکەڵکردنی رەگەزەکانی کردووە. 
لە رێگای پێوانەکردن، وێنەگرتن و بەراوردکردنی روخساری ئەو خەڵکانەوە، مێتۆدێکی نوێی داهێنا، کە بە راس بایۆلۆجی ناسراوە. لە سەرەتادا بە نهێنی ولەکۆتایشدا بە ئاشکرا ستایشی ‌هێتلەر و کردەوەکانی دەکات. 
لێکۆڵینەوەکانی هێرمان لیوندی سویدی، لەلایەن گرووپی (ئێس ئێس)(SS-Schutzstaffel) شویتزستافڵ – گروپی پاراستن – سەر بە حیزبی نازییەوە زۆر ستایش کراوە و وەک بەرنامەی پەروەردەیی نازیزم ، سوودیان لێوەرگرتووە. 
شایانی باسە دەرکەوتووە، هێتلەر ماوەیەک لەم زانکۆیە دەرسی خوێندووە، بەر لەوەی ببێتە ئەوەی کە بوو.
کەواتە بەپێی ئەو کورتە باسانەی سەرەوەدا، بۆمان دەردەکەوێت، کە راسیزم، سیستەمە، بەرنامە و بنەمای خۆی هەیە و دەخرێتە بواری پراکتیکیەوە، هەروەک خوێندوومانەتەوە و لە فیلمەکاندا دەیبینین، بۆ نموونە چۆن لە ئەڵمانیا حیزبی نازی سوودی لەم تیۆریی و 
مرۆڤ بینیە*** وەرگرت و لەسەر نەتەوەی جوولەکە، جێبەجێی کردن.
لەبەر ئەوەی کە راسیزم (رەگەزپەرستی)، بەوشێوەیە مرۆڤەکان پۆلێن دەکات، کەواتە دەبێت بۆ پراکیزەکردنی بیروڕاکانی، دەسەڵات و هێز بەکار بێنیت، دەبێت خاوەن دەزگای سەربازی و تفاقی شەڕ بێت، چوونکە ئەو رەگەزانەی کە ئەمان بە ( کەمتر) تەماشایان دەکەن وا بە سانایی مل بۆ خواستەکانی ئەوان نادەن و لە ئاکامی رەفتاری راسیستانەی ئەواندا پێک هەڵپژان و سەرپێچی روودەدات.
ئایا کورد لەم بار و دۆخەدا وەک نەتەوەیەک دەتوانێ راسیست بێت؟
- نەتەوەی کورد، لە مێژووی دووریدا، پاش شەهید کردنی دوا پاشاکەی کە – ئەژدەهاک – ی دانا و دادپەروەر و ئاشتیخواز بوو بە دەستی فەرەیدوونی کوڕی لە ژنە فارسەکەی، بە دنەدانی خاڵاوانی کە فارس بوون و ساڵانێکی زۆر بوو، لە خوارووی مەملەکەتەکەیەوە، هەوڵی لە ناوبردنی دەسەڵاتەکەیان دەدا و هێرشی بە دوای یەکیان دەکردە سەری و هەموو جارێکیش تێک دەشکان، پاش نەمانی ئەو پاشایە نەتەوەی کورد تووشی یەکەمین تێکشکان بوو، ئیتر پاش لە ناوچوونی دەسەڵاتی ئەو پاشایە نەتەوەی کورد سەرگەردان بوو، لەو کاتەوە چی دی نەی توانی خۆی کۆبکاتەوە.
- سەرکردەیەتییەکی نەتەوەیی نەبوو، کەسایەتییەکی بە توانا و دڵسۆزی نەتەوەیی تێدا هەڵنەکەوت، بیان کاتەوە بەیەک، ڕەنگە زۆرفرسەت خوڵقابێ، بەڵام ئیتر ئەم نەتەوەیە، لە ناخەوە، هەروەک چۆن بە رواڵەت و لە واقیعدا دابەشکرابوو، هەروا بە دابەشکراوی مایەوە و لێرە و لەوێ یاخی بوون و نیمچە شۆڕش، روویانداوە و هەمیشە بە تێکشکان و سەرگەردانی زیاتر بۆ نەتەوەکە، خامۆش کراون .
- نا دروستی و نادڵسۆزی و خۆپەرستی و خیانەتکردن لە نەتەوەکە، بۆتە سیمای دیاریی سەرکردەیەتی و ئەو ڕابەرانەی، کە لە پێشەوەی قافڵەکە بوون، گا لە نیوەی ڕێگا نەتەوەکەیان، بەسەرگەردانییەکی نوێ سپاردووە و جێیان هێشتووە، گا هێزەکانی خۆیان بەکارهێناوە بۆ لێدان و خواردنی یەکتر، ئەوەی کورد بە کوردی کردوە و دەیکەن، لە مێژووی جەنگ و پشێوییەکانی میللەتاندا، پلەی ممتازی پێدەدرێ...
- مێژووی تازەشی ئەوەیە کە هەموومان (ئەگەر ئاگرەکەی نەی سووتانبین، کە نەسووتاوەکان فرە کەمن، ئەوا پڕیشکمان بەرکەوتووە)، خوێندوومانەتەوە و بینیومانە و لەناو کارەسات و خەمەکانیدا ژیاوین و تا ئێستا تێیدا بەدەم زامەکانییەوە گێنگڵ دەدەین. 
- کورد لەبەر ناکۆکیە ناوخۆییەکانی، ئەوەی بەبیرو هۆشیدا نەهاتبێ، دژایەتی بێگانە بووە، ئەو دابەشکردنە ڕۆحی و جوگرافیاییە، دوایش ئەودەستەگەریە و ناکۆکی نێوان دەستەکان لەناویەکدیدا کە دەریایە خوێنی رۆڵەکانی بەبادا، گرێی دەروونی خۆ بەکەمزانینی وا ئاڵۆزی لە دەروونیاندا هەڵکۆڵیوە کە سارێژبوونی، شۆڕشێکی رۆحی دەوێ، تۆ بڕاونە، ئەگەر کوڕمان ژن لە نەتەوەی سەردەست دێنێ زمان دەبێتە زمانی دایک، کە کچمان شوویان پێدەکات، زمان دەبێتە زمانی باوک و سەدان نموونەی بە ژان و سوێی تر.
نەتەوەیەک ئەمە حاڵی ئیستا و رابووردووی بووبێت، کەی پەرژاویەتییە سەر ئەوە، ئایدیۆلۆجیا و بیروڕای راسیستانە دابڕێژی و بەبەرنامە بیانکاتە پراکتیک؟!!.
تاوانبارکردنی کورد بە ڕەگەزپەرست و ئەم ناوناتۆرانە، بەتایبەت لەلایەن تاکی کورد خۆیەوە، سەرلێشیواوییە و دوورکەوتنەوەیە لە واقعی زۆر سەختی نەتەوەیەک، کە ڕۆژانە، دەکوژرێت و خاکەکەی بە سووتماک دەکرێت، میللەتانی سەردەست لە کوردستاندا، بێ دەنگن و بە بێدەنگیان، مۆری تەئیدکردن، لە تاوانەکانی دەسەڵاتەکانیان دەدەن، چونکە:
- ھەم ناسیونالیزم، ھەم فاشیزم، لەھێز و تواناوە دێت و ئابووری بەھێز و لەشکر و جبەخانە و لابراتۆر و سەدان نووسەر و زانکۆ و ناوەندی لێکۆڵینەوە دەوێ.
- دەسەڵاتی میللەتانی سەردەست، کە داگیرکەری نیشتمانی نەتەوەیەکی ترن، ڕەگەزی ڕۆشتن بە ئاقاری ناسیونالستی کوێرانە و بەرەو فاشیزمیان تێدایە، نەک میللەتێکی دابەشکراوی تەنیای وەک کورد.
- کاردانەوەکان کاردانەوەی ئاسایین، بەرانبەریی کردنن لەگەڵ ئەو تاوانە گەورانەی ڕژێمی تورک ڕۆژانە دەرھەق بە کورد ئەنجامی دەدەن، دەڕبڕینی ئاواتی ڕزگاربوونە لە داگیرکەر بەهەرجۆرێکی بووە.
- نەک فکرێکی خەمڵاوی کاربۆکراو بێت، کە ڕەنگە ئەمش یەکێک لەهۆ گرنگەکانی نەگەیشتنی کورد بێت بە ئامانجەکەی، بۆیە هەمیشە شەڕ بەردەرگای خۆی پێدەگرێت و ئەم هەوڵی نەداوە شەڕ بەرێتەوە بۆ ناو ماڵی دوژمنانی، وەک ئەوان بە درێژایی مێژوو ئەم کارەیان بەرانبەر بەو کردووە.
- ھیچ یەک لەو میللەتە سەردەستانەی کە حوکومەتێکی دڕ نوێنەرایەتییان دەکات، لەھیچ بارودۆخێکدا بە ئەندازەی کورد، مرۆڤ دۆست و ژینگە دۆست نەبوون، ھەر بندەستێکەیان، ئەو گوناھانەی بە ( زم) تەواو دەبن، لەملی کورد دەکاتەوە و لەملی حوکوماتی نوێنەری میللەتانی سەردەستی دەخات کە بەشێک لە کوردستانیان داگیرکردووە و گەلەکەی قڕ دەکەن و خاکەکەی دەکەن بە سووتماک و تورک و فارس بێدەنگن.
- کورد نەدەزگایەکی ئەکادیمی هەبووە، کە لە مێژووە دزراو و ئاوەژوو نووسراوەکەی بکٶڵێتەوە و نە زانکۆیەک تا کارەساتەکانی راڤە بکا و دوور لە خواستی تاکەکەسی و تەماعی دنییایی خەم و داخوازیی نەتەوەکەی کردبێت بە خەم و حەسرەتی رۆژانەی خۆی، لێ توێژینەوەی زانستی و ئازارە جەستەیی و برینە دەروونیەکانی بە ناوەندە زانستییەکان جیهان ناساندبێت و هەزار بارەی کردبنەوە!! 
- نەتەوەیەک ئەمە باری دەروونی بێت، وێڵ و سەرگەردان، بە هۆی کەڵەکە بوونی، ناکۆی و خواستی کەسایەتییەکانییەوە کە لەهەر قۆناغێکدا بەجۆرێک خۆیان نیشان دابێت (خوێناوی لە نێوان تاکەکانی نەتەوەکەدا یا هەوڵدان بۆ رێک کەوتن لەگەڵ دوژمنانی،کە دیسان هەمیشە بە شکستخواردنی نەتەوەکە کۆتایی هاتووە) و نەهامەتی گەورەیان بەسەر نەتەوە یان بەشێک لە نەتەوەکەدا هێنابێ، بە تایبەتی لە باشووردا، کەی هۆشی ئەوەی هەیە، بیر لەوە بکاتەوە کە رەگەزی خۆی بانتر لە رەگەزی نەتەوەیەکی تر دابنێ؟! مەگەر بە خەو و خەیاڵ.
- تەواو پێچەوانەیە، بەوهۆیانەی لە سەرەوە باسم کردن، تاکی هیچ نەتەوەیەک نادۆزییەوە، ئەوەندەی تاکەکانی کورد، هەست بە کەمایەسی و بچووکی خۆی بکات، کاتێک ڕووبەڕووی بەرانبەرەکەی دەبێتەوە.
- تەنیا پەروەردەیەک کە بەهۆی سیاسەتی پەیڕوکراوی نزیکەی یەک سەدەی سەرکردەیەتییە خێڵەکییەکەیەوە لە باشوور، تاکی کورد فێری بووبێت، ئەوەیە کە هیچ رەحمێکی نەبێت بەرانبەر بە تاکەکانی کورد خۆی...
- یاسا سەبارەت بە بەکارهێنان و پراکتیزەکردنی ئەم- ئایدیۆلۆجیایە- چی دەڵێت؟
لێرەدا من دەمەوێت ئاماژە بە یاسای سوید بکەم، سەبارەت بە بەکارهێنانی وشەی، راسیست، بەرانبەر کەسێک یان گروپێکی دیاری کراو.
لە سایتی فەرمی – داواکاری گشتی سوید– دا****، هاتووە کە :
داواکاری گشتی دەبێت، بەدوادا چوونی دادگایی بکات بەرانبەر بە – پێش داوەری –حوکم دانی پێشینە، واتە تاوان بارکردنی کەسێک یان گرووپێکی دیاریکراو بە ناو یا رەفتارێکی تایبەت، بۆ نموونە تۆ کەسێک یان گرووپێک، بەوە تاوانبار بکەیت کە راسیستن، لەم حاڵەتەدا بە پێی یاسا دەبێت داواکاری گشتی، بەدواداچوونی دادگایی بۆ ئەم پێش داوەرییە بکات و بڕیاری دادگایی بۆ دەربکات.
 ............................................

سەرنجەکان:

 *ژوزێف ئارثەر دی گۆبینۆ – فرانسایی، نووسەر، رۆژهەڵاتناس، شاعیر، مێژوونووس، لێکۆڵەر و دیبلۆمات.
 **هێرمان لیوند: پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئیوپسالای سوید، راس بیۆلۆج – و خاوەنی تیۆری راس بایۆلۆجی.
 ***مرۆڤ بینیی: ئەوندەی بزانم وشەکە هی خۆمە، بە مانای ڕامان، لێکدانەوە، پەیجۆریی، لە بیروڕا و بۆ چوون و ڕەفتاری مرۆڤ و جا حوکمدان بەسەر مرۆڤەکەدا، گشتاندنی مرۆڤ بینی، خاوەنەکەی دەخاتە هەڵەوە، هەڵەی بچووک، گەورە جا کوشندە. 
 ****بۆیە یاسای سویدم بە نموونە هێنایەوە وەک وەڵامێک، بۆ ئەو (سیاسی و رۆشنبیر و ئابووری ناسانەی!) لە بەرنامەی تێڤێکانیانەوە، سێ شار و لەتێکی باشووری کوردستانی دابەشکراو بەراورد دەکەن لەگەڵ وڵاتێکی وەک سوید، کە تەنها لە ماوەی شەڕی عێراق ئەمریکادا سێ جار سیستەمی ئەلەکترۆنی زۆر پێشکەوتووی ئار بی جی سەرشانی سەربازە ئەمێریکاییەکانی ( کە پیشەسازی چەکسازیی سویدە) ئەپدەیت کردەوە، ئەوان باشووری کوردستان بەراوورد دەکەن لەگەڵ سوید، کە بە دەیان زمانی دایکی نەتەوە جیاوازەکانی ئێستای سوید دەرس بە منداڵانی بێگانە دەڵێنەوە و ترسیشیان نییە لەوەی کە زمانەکەیان هەرەشەی لە ناوچووی لەسەر بێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، زمانەکەیانی پێ دەوڵەمەند دەکەن چونکە سیستەمێکی دامەزراوی سیاسیان هەیە، مەسەلەکە پەیوەندی بە بەڕێوەبردنە سیاسییەکەوەهەیە.

بۆ زانیاری زیاتر دەتوانیت بگەرێیتەوە بۆ سایتی داواکاری گشتی – سوید بەم لینکەی خوارەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە