خۆشەویستی چی یە؟

Monday, 16/08/2021, 7:19

15083 بینراوە


بۆ ئەوەی لە واتای خۆشەویستی تێ بگەین دەبێت بزانین چەند جۆر خۆشەویستی بونی هەیە.
·خۆشەویستی خێزانی ، واتە خۆشەویستی دایک یان باوک بۆ منداڵەکان یان منداڵ بۆ باوک بۆ دایکی یان خوشک و برا.
·خۆشەویستی هاوڕێ.
·خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو.
·خۆشەویستی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ.
·خۆشەویستی بۆ سروشت.
·خۆشەویستی بۆ خودا یان پەیامبەر.

ئێستا شەش جۆر خۆشەویستیمان دیاری کرد دەتوانین یەک یەک ڕونی بکەینەوە.
 بە بۆچونی من پێناسەی خۆشەویستی  " بریتیە لە حەز پاشان  کردارەکانت" لە دواییدا دێمەوە سەر ئەم پێناسە کورتە، ئایا خۆشەویستی پەیوەندی هەیە بە هۆرمۆنەوە یان بە حەزەوە؟

خۆشەویستی خێزانی:

وەک هەموو دەزانین خۆشەویستی خێزانی لە سەرەتای بونی مرۆڤەوە بونی هەبوە هەر دەشمێنێت لەبەر ئەوەی پەیوەندیەکی ڕۆحی و جەستەیی هەیە لە نێوان تاکەکانی خێزاندا.. نمونە باوک و کوڕ، یان دایک  وکچ یان خوشک و برا..ئەم پەیوەندیە خۆشەویستیە هیچ هێزێک نیە ڕێگری تێدا بکات جگە لە کردارەکانی تاکەکە نەبێت.. واتە هیچ هێزێک نیە وا لە باوک بکات کوڕەکەی خۆش نەوت جگە لە کردارەکانی کوڕەکە خۆی نەبێت..

خۆشەویستی هاوڕێ:

هەمو یەکێک لە ئێمە هاوڕێی هەیە و هەبوە، ئەم خۆشەویستیە تەنها وابەستەیە بە کرداری تاکەکانەوە، واتە تۆ دەتوانیت هاوڕێکەت لە براکەت خۆشتر بوێت ، ئەم خۆشەویستیەش تەنها وابەستەیە بە کردارەکانی هاوڕێکەت ئەو چۆن مامەلەی تۆ دەکات ئەو مامەڵەیە وا دەکات ئەو کەسەت بە کام ڕێژە خۆش بوێت.

خۆشەویستی ژن و پیاو:

ئەم خۆشەویستیە وەک خۆشەویستی بەرژەوەندی دەست پێ دەکات و زۆر جار درێژ دەبێتەوە تا کۆتایی ژیان زۆرجاریش لە ناکاو پەیوەندیەکە دەپسێت.
کاتێک پیاو کچێکی جوان دەبینێت پێش ئەوەی بزانێت ناوی چیە حەزی لێ دەکات واتە حەز دەبێتە خاڵی سەرەتا بۆ ئەم پەیوەندیە، پاشان ناوی دەنێن خۆشەویستی.. پاش ئەوەی حەزی لێ دەکات ئینجا پەیوەندی خێزانی دروست دەکەن.. ئەم جۆرە خۆشەویستیە یەکێکە  لەو جۆرە خۆشەویستیانەی کە بناغەی خۆشەویستی لە مرۆڤدا دەڕوخێنێت بە هەمو پایەکانیەوە..
کاتێک پیاو تەنها عاشقی جەستەی ژنێک دەبێت ئامادەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئەو حەزەی خۆی زۆرێک لە تەنازولات بکات.. بەڵام کاتێک ژن و پیاو دەچنە لای یەک و حەزەکان کاڵ دەبنەوە یان لە یەکتر تێر دەبن ئینجا دەوری سەرەکی لای کردارو ڕەفتارەکانە بەرامبەر بە یەکتری..
واتە ئەگەر ژنەکە یان پیاوەکە کردارەکانی جوان بێت بەرامبەر بە بەرامبەرەکەی یان کەسە نزیکەکانی، ئەوا ژنەکە یان پیاوەکە خۆشەویست تر دەبێت و بناغەی هاوڕێیەتیش دروست دەبێت لە نێونایاندا..
زۆرجاریش لەسەر بنەمای بەکارهێنان پەیوەندیەک دروست دەبێت ناوی دەنێن خۆشەویستی ، نمونە پیاو حەزی لە جنسە لەگەڵ ژنێک پێی دەڵێت خۆشم دەوێیت بەڵام ئەمە خۆشەویستی نیە و تەنها حەزە..یان ژن بە پیاو دەڵێت خۆشم دەوێیت ئەویش لەسەر بنەمای بەکار هێنانە یان بۆ پارە  یان بۆ ماڵ یان بۆ ڕزگار بون لە ماڵی باوک ، ئەمەش  تەنها بەکار هێنانە و ئەگەر لایەنی بەرامبەر ڕێگا نەدات بەکاری بهێنن ئەوا ئەم پەیوەندیە زوو دێتە کۆتایی، واتە ئەمەش خۆشەویستی نیە..
کەواتە ئێستا دێمەوە سەر ئەو دێڕەی کە لەسەرەوە وەک پێناسەیەکی کورتی خۆشەویستی نوسیم: " بریتیە لە" حەز لەگەڵ کردارەکانت" ئێستا ڕون بۆوە کە خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو تەنها برییە لە حەز پاشان کردارەکان بڕیار دەدەن ئەو خۆشەویستیە تا چی ڕادەیەک قوڵ ببێتەوە لە ناو ناخی هەردولادا. پاشان سنوری ئەم خۆشەویستیە لە لەگەڵ سنوی ڕقدا هێندە باریکە وەک تاڵە مویەک وایە، واتە دەتوانێت لە یەک چرکەدا لە قوڵترین خۆشەویستیەوە بیگۆڕێت بۆ ڕق و کینەو دوژمنایەتی...

خۆشەویستی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ:

خۆشەوستی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ بێ سنورە، زۆر ئاژەڵ هەیە لە مرۆڤ بەوەفا ترە ، زۆر ئاژەڵ هەیە لە مرۆڤ زیاتر نزیک دەبێتەوە لە ناخی خاوەنەکەی..
بۆچی ئەم خۆشەویستیە بێ سنورە؟
لەبەر ئەوەی خاڵی دەستپێکردنی ئەم خۆشەویستیە حەز نیە واتە بەرژەوەندی نیە لە نێوان ئاژەڵەکەو خاوەنەکەیدا.
نمونەی بەهێز ترین پەیوەندی خۆشەویستی نێوان سەگ و خاوەنەکەیەتی  سەگ ئامادەیە خاوەنەکەی خۆش بوێت بە بێ مەرج ئامادەیە بۆ پاراستنی خاوەنەکی گیانی خۆی فیدا بکات، پاشان پشیلە یان ئەسپ ..ئینجا شۆڕ دەبێتەوە بۆ ئاژەڵەکانی تر و باڵندەکان  و ئاژەڵە خشۆکەکان...

خۆشەویستی بۆ سروشت:

ئەم خۆشەویستیەش پەیوندەی هەیە بە ناخی مرۆڤەکانەوە  هەیە حەزی لە شاخە و هەیە حەزی لە دەریایە، هەیە حەزی لە پایزەو هەیە حەزی لە بەهارە، هەیە حەزی بە سەوزاییە و هەیە حەزی بە بیابانە.. ئەم حەزە یان ئەم خۆشەویستیە لە مرۆڤێکەوە دەگۆڕێت بۆ مرۆڤیکی تر.. واتە ئەمیش لە ڕاستیدا خۆشەویستی نیە  و تەنها حەزە..

خۆشەویستی بۆ خودا یان پەیامبەر.

ئەم خۆشەویستیەش زۆر جار کوێرانەیەو لە باو باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە. زۆر جار کەسێکی دینی خۆشەویستەکی بێ ڕادەی هەیە بۆ خوداکەی یان پەیامبەرەکەی بێ ئەوە کە خودا یان پەیامبەرەکەی بینیبێت لە ڕاستیدا.. ئایا ئەمە ناو دەنێیت خۆشەویستی؟ ئایا مەرامی ئەو کەسە چیە کە ئەم هەموو خۆشەویستیەی بۆ خوداکەی هەیە ترسە یان ویستی پاشە ڕۆژێکی باش لە دوای ئەم ژیانە..ئەمەیان بە جێ دێڵم بۆ خوێنەر خۆی بڕیاری لێ بدات.


ئەمە تەنها بۆچونی خۆمە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی نیە پشتگیری ئەم نوسینە بکات، هیوام وایە ئێوەی خوێنەریش ڕاو بۆچونی خۆتان بنوسن تا باسەکە ڕوونتر ببێتەوە یان بتوانین باشتر لێی تێبگەین یان سودمەندبین لە ئەزمونی یەکتری..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە