بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە مەچنە دەرەوە.


خاڵە لەیەکچووەکانی نێوان عیراق، ئەفغانستان و کوردستان (بەشی یەکەم)

Monday, 08.16.2021, 9:57

2762 بینراوە


ئەگەر چاوێک بە مێژووی کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردووی لایەنەکانی ئەزموونی سیاسیی تا ئەمڕۆی ئەفغانستاندا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێت کە، لە هەندێک ڕووەوە، لەسەر هەرسێ ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆدا، بە ئەزموونی عیراق و کوردستانی هەمان قۆناغدا دەچێت. بەتایبەتی لە مامەڵەی  ڕوسیا و ئەمریکا لەگەڵ گرفتی ئەو وڵاتەدا، کە لە قۆناغی جیاوازدا بۆ دەیەک یان دوو دەیە کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانیان کردوە، وەک ئەوەی لە عیراق و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا لەو ساڵانەی دوایی پەیڕەویان کرد و کۆنتڕۆڵیان کرد.  
لە ئەفغانستان، ئەمریکا و ڕوسیا بەدرێژایی مانەوەیان لەو وڵاتە ڕووبەڕووی جوڵانەوەی ئیسلامیی سیاسیی توندڕەو، میانڕەو، یان نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی، یان حزبی عیلمانی هەڵگری دروشمی دی نێو کۆمەڵگەی ئەفغانیی بوونە. لەهەر قۆناغێکدا ئۆپۆزسیۆنی ئەفغانی بە تایبەتی ئیسلامی میانڕەو و توندڕەو، بەگوێرەی سروشتی کۆمەڵگەکەیان گەشەیان کردوە، بە چەک دژی هەردوو زلهێز لە فۆرمێکی جیاوازدا خۆیان ڕێکخستووە، وەک ئەو میلیشیا عەرەبانەی کە لە عیراق و ئیران و سوریادا، پروپاگەندەی ئەوە دەکەن، کە ئەوان دژی داگیرکردنی وڵاتەکەیانن لەلایەن هێزی دەرەکییەوە، بەتایبەتی دژی ئەو هێزانەی کە بیروباوەڕی ئاینی ئیسلامیان نییە کە بێگومان ئەو هێزانە لەلایەن زلهێزە ناوچەییەکان پشتیوانی دەکرێن. لەهەمان کاتدا سوودمەند بوون لە گرفت و جیاوازیەکانی نێوان هێزە ئیقلیمیەکان. 
ساڵی ١٩٨٠ سوپای ئەفغانی بەخێرهاتنی سوپای ڕوسیا دەکات
ئەفغانستان عیراق و کوردستان ئاسا، گۆڕەپانێک بووە بۆ ساغکردنەوەی گرفتی نێوان زلهێزەکانی دنیا. ڕوسیا و ئەمریکا بۆ سەپاندنی شکۆی زێتری خۆیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووریی و سەربازییان، بە بەر چاوی دنیادا هێزی سەربازییان ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردوە. ئەوان لەهەر قۆناغێکی مێژووی دیاریکراودا پشتیوانییان لە دامەزراندنی حکومەتێک کردوە لە ئەفغانستان، کە خۆیان تێیدا باڵادەست بوونە، ئەو لایەن و کەسانەیان لە حکومەتەکە سەرخستووە کە ئەوانیان قبوڵ بووە، وەک حکومەتی عیراق، سوریا و هەرێمی ئەمڕۆی باشووری کوردستان. ڕوسیا لە ساڵی ١٩٧٨ تا ساڵی ١٩٨٩ ڕکێفی حوکمڕانی سیاسیی ئەفغانستانی بە دەستەوە بوو. ئەمریکاش لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٨/٢٠٢١دا جڵەوی حوکمڕانی سیاسی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ کرد بوو.  
  لە ساڵی ١٩٧٨دا کاتێک کە حزبی کۆمۆنیستی ئەفغانی بە پشتیوانی ڕوسیا دەسەڵاتی گرتە دەست. هەر لە سەرەتاوە دەسەڵات، کێشەی هەبوو لە بەپراکتیک کردنی سیستەمی دیموکراتی. سەرانی ئەو حزبە لەگەڵ ئەوەی دروشمی کۆمۆنیستی و مارکسیان بەرز کردبووەوە، بەڵام لە هەقیقەتدا وەک زۆرینەی سادەی نێو کۆمەڵگە، هێشتا نەیانتوانی بوو خۆیان لەژێر هەژموونی جۆری پەروەردەی کۆمەڵگەی دواکەوتووی ئەفغانی ڕزگار بکەن، ببن بەڕێبەری هەڵگری بیروبۆچوونی تازە و پێشکەوتوو، خوڵقاندنی شۆڕشێکی ڕۆشەنبیری و کلتووری بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگەی ئەفغانی بۆیە کۆمەڵگە لەڕووی کلتووری و ڕۆشەنبیری هەر وەک جاران مایەوە.  
دڕندەیی بوو بە سیمایەکی دیار لە ڕووخساری حزبی کۆمۆنیستی دەسەڵاتدار لە ئەفغانستان، کە  بە هەزاران هەزار کەسی لە سێدارە دا. کپکردنی دەنگی ناڕەزا بەزەبری هێز و لێدان، گەیشتبووە ئاستێک کە زیندانەکانی ئەفغانستان جەمەیان دەهات. گەندەڵی حکومەت کە ئەو کات هەموو جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانی گرتبووەوە، بوو بە دەردێکی دی کوشندە بۆ میللەتانی ئەفغانستان. ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لەنێو خودی حزبەکەدا هەبوو، بۆیە هەر دوای ساڵێک، سکرتێری ئەو حزبە لەلایەن یاریدەرەکەی کوژرا.
 ڕوسیا بۆ ئەوەی جڵەوەکەی لەدەست دەرنەچێت، لە ١٢/١٩٧٩دا ڕاستەوخۆ هێزی سەربازیی ڕوسی بۆ کابول نارد، وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ پشتیوانی حکومەتەکی بەشار ئەسەدی کرد.  گرنگترین خاڵ ئەوەبوو کە بۆ زۆرینەی سادە و شەقامی ئەفغانستان، کە کۆمەڵگایەکە سیخناخ بە فیکر و فەلسەفەی ئاینیی ئیسلام، قبوڵ کردنی حزبێکی کۆمۆنیستی ئاسان نەبوو، بەتایبەتی لەو ناوچانەدا کە هێزە ناکۆکەکان، ئەو خاڵەیان لەنێو خەڵکی بڵاو دەکردەوە، کە گوایە حزبی کۆمۆنیستی نەک تەنیا بڕوایان بە ئاینیی ئیسلام نییە، بەڵکو بڕوایان بە بوونی خواش نییە. ئەمە زەمینەیەکی لەباری دروستکرد، بۆ گەشەکردنی زێتری بزوتنەوە و ڕێکخراوی توندڕەوی ئیسلامیی لەنێو ئەفغانییەکاندا،  خۆ نزیککردنەوەی دەزگەی هەواڵگری ئەمریکا لە سەرانی ئەو ڕێکخراوانە، بۆ دژایەتی کردنی ڕوسیا، پشتیوانی ماڵی و لۆجیستیی ئەو هێزانەیان کرد. بۆ دەیەێک لە دەسەڵاتی حزبی عیلمانی و کۆمۆنیستی سەر بە ڕوسیا، میللەتانی ئەفغانستان لە نەهامەتی بەولاوە هیچی دیان نەدوریەوە. لەئەنجامدا بزوتنەوەی موجاهیدینی ئەفغانی گەشەیان کرد، ڕوسیایان بەهێزی چەک لە ساڵی ١٩٨٩دا وەدەرنا. دوای ئەوان، حکومەتەکەی نەجیبوڵا هێندە لاواز بوو توانای بەرگری نەما،  لە ساڵی ١٩٩٢دا لەلایەن تالیبانیەکان کە خۆیان بە موجاهید پێناسە دەکرد و دەکەن ڕووخا. ئەمڕۆ ئاسا کە حکومەتی  "ئەشرەف غانی" سەر بە ئەمریکا تالیبان ڕووخاندی. 
ئەمیری موجاهیدەکان، لەسەر دەسەڵات لەنێو خۆیاندا ناکۆک بوون و نێوانیان درزی تێکەوت. دوای ڕوخانی حکومەت، جەنگی مەدەنی لەنێو ئەفغانیەکان سەریهەڵدا، وەک شەڕی براکوژی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دەسەڵات لە ساڵی ١٩٩٦دا. هەر یەک لە ئەمیری موجاهیدەکان، دەستی بەسەر ناوچەیەکدا گرت و دایبڕاند لە ئەوانی دی، خاڵی پشکنینی دامەزراند، گومرگ و باجیان لە خەڵک وەردەگرت، بەبێ تاوان خەڵکیان شوونبزر دەکرد و دەکوشت بەناوی ئەوەی کە گوایە سەر بە ئەمیری دین. هەر ئەمیرێک دەرامەتی گشتی لە گیرفانی خۆی دەنا، هەر یەک بوو بە خاوەن میلیشیای خۆی وەک ئەوەی ئەمڕۆ سەرانی پارتی و یەکێتی لە باشووری کوردستان ئەنجامی دەدەن. ئیتر هەر ئەمیرێک بۆ فرەوانکردنی دەسەڵات پەلاماری ئەوی دی دەدا و لە ئاکامدا دووبارە شەڕی براکوژی لەنێوانیاندا سەریهەڵدا. بەمجۆرە ناسەقامگیری باڵی کێشا بەسەر دۆخی ژیانی خەڵک، کە لە ئەنجامدا سەرانی ئەو موجاهیدینانە دەوڵەمەند بوون، خەڵکەکەش هەر بە هەژاری مایەوە.  لەبری دامەزراندنی حکومەتی موئەسەسات، ئەمیرەکان هەر یەکە و لە ناوچەیەکدا بوون بە دەسەڵاتدار، وەک مەسەلەی پارتی و یەکێتی و زۆنی سەوز و زەردی ئەمڕۆ. ئەم دۆخە بووە هۆی بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزا لەنێو ئەفغانیەکان، کە ئەو کات لەلایەن زلهێزە جیهانی و ناوچەیەکانەوە بەکارهات وەک دەنگی ناڕەزای ئەمڕۆی شەقامی عیراقی.
مەلا محەمەد ئەمیرئەلموئنیمی ئەفغانستان ١٩٩٦
 مەلا عەبدول سەلام عەبد ئەلزایف، کە پێشوتر لە جەنگی دژ بە ڕوسیا موجاهید بوو، هەوڵی کۆکردنەوەی خەڵکی دا، بۆ پێکهێنانی هێزێک دژی ئەو زوڵم و زۆرەی کە ئەو ئەمیرانە بەرامبەر بە خەڵک ئەنجامیان دەدا. لە ساڵی ١٩٩٤دا لە کۆبۆنەوەیەکدا لە مزگەوتی سەنگیسەر، جوڵانەوەیەکیان دامەزراند بە ڕێبەرایەتی مەلا موحەمەد عومەر، مەولەوی ئەبدوڵا سەمەد، کرا بە ئەمیری بزوتنەوەکەیان و ناویانا بزوتنەوەی "تالیبان".
تالیبان، لەژیر دروشمی هەوڵدان بۆ چەسپاندنی یاسا، گەشەپێدانی خوێندن و پەروەردە، ئازادکردنی ئەفغانیەکان، کەوتنە کارکردن و خەڵکێکی زۆریان ڕێکخست. یەکەم هێڕشیان کردە سەر ئەمیری قەندەهار و هەموویان کوشتن، دەستیان بەسەر ئەو شارەدا گرت، کردیان بە بنەکەی سەرەکیی بۆ تەکاندان بە جوڵانەوەکەیان، پەلوپۆ هاویشتن بۆ ناوچەکانی دی کە ئەو کات لەژێر دەستی ئەمیری دیدا بوون. لە ساڵی ٩/١٩٩٦دا گەیشتنە کابول و حکومەتی خەلیفە و ئەمیرموئمنین و ئەمیریان پێکهێنا، مەلا محەمەد کە پوشتوو بوو، لەژیر هەژموون و سەقافەتی پاکستان بوو، کرا بە ئەمیرئەلموئمنین.
 دوای چەند مانگێک حکومەتی پاکستان، سعودیە، ئیمارات ددانیان بە حکومەتی تالیبان هێنا، وەک دەسەڵاتێکی شەرعی ئەفغانیەکان پێناسەیان کرد. دەبێت ئەوە بگوترێت کە ئەم وڵاتانە هێشتا تالیبان نەهاتبووە دەسەڵات، لەگەڵیاندا نێوانیان باش بوو، هەرسێ وڵات بەتایبەتی سعودیە، یارمەتیەکی ئێجگار زۆری تالیبانیەکانیان دەدا، بەنهێنی هێزەکانیان لەلایەن ئەو وڵاتانەوە مەشق پێ دەکرا، چەک و تەقەمەنیان بۆ دابین دەکرا، ژێربەژێر سنووریان بۆ ئاوەڵا کرابوو، بۆیە لە هەشتاکان ئەو هێزانە لەگەڵ ئەوەی لە دەسەڵاتدا نەبوون بەڵام پۆشتە، تێروپڕ و گیرفان پڕ بوون، بە تایبەتی ئەوانەی ڕێبەرایەتی ئەو جوڵانەوەیان دەکرد.
ماویەتی:  بەشی دووەم  لە داهاتوودا