بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە مەچنە دەرەوە.


خاڵە لەیەکچووەکانی نێوان عیراق، ئەفغانستان و کوردستان (بەشی دووەم)

Tuesday, 08.17.2021, 13:08

1884 بینراوە


ئەو باڵەی تالیبان بەناوی رێفۆرم کردن لە دۆخی ئەفغانستاندا هاتنە دەسەڵات و کاریان دەکرد. ئەوەندە گرنگیان بە جوڵانەوەی ئیسلامی لە وڵاتەکانی دی عەرەبی و ئیسلامی نەدەدا. ئەوان زێتر گرنگیان بە جوڵانەوەی ئیسلامی لە چوارچێوەی سنووری ئەفغانستان دەدا. زۆرێک لە شرۆڤەکاران و نووسەری بیانی و ئەفغانی ئاماژە بەوە دەدەن کە هەر لە سەرەتایی دەستبەکار بوونی تالیبان هەوڵیاندەدا  پەیوەندیی ئابووریی لەگەڵ ئەمریکادا ببەستن و سەریان کزکەن. جەماوەریی ئەفغانستان ئەم ڕاستیەیان نەدەزانی و هەروها چاویان لەوە بوو کە بزوتنەوەی تالیبان، ببێت بە هەڵگری ئاڵای ئیسلامیی و پشتوپەنای بزوتنەوە ئیسلامییەکان لە ناوچەکەدا، وەک ئەوەی دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ خەڵک چاوەڕوان بوو کە سەرانی پارتی و یەکێتی ببن بە پشتوپەنا بۆ ئۆپۆزسیۆنی کورد لە تورکیا، سوریا و ئیراندا، بەڵام بە پێچەوانەوە سەرانی ینک و پدک نەک هەر نەبوونە پشتوپەنا بۆیان بەڵکو کەوتنە دژایەتی و سەنگەر گرتن لێیان.
 لە مێژوودا ڕوویداوە کە جەماوەر بەهۆی بێ ئاگای و نەبوونی زانیاریی و نەناسینی ڕێبەرەکانیان لە نزیکەوە، چاوەڕوانی شتێک دەکەن کە هەرگیز  لە ماهیەتی سەرانی بزوتنەوەکاندا نییە. کاتێکیش کە ڕێبەرەکانیان دەچنە دەسەڵات، ئۆتۆماتیکی لە گەل دادەبڕێن و بۆشایەک لەنێوانیاندا دروست دەبێت، کە لە ئاکامدا دەسەڵاتداران دەنگی جەماوەری ناڕازی شەقام فەرامۆش دەکەن، وەک ئەوەی لە عیراق و هەرێمی ئەمڕۆدا بەدی دەکرێت. ئەم دیاردەیە لە سروشتی دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەزەقی دەرکی پێ دەکرێت، بۆیە ئاسان نییە ناسینی کەسایەتی ڕێبەرەکان و ئامانجی تایبەتی و مەرامیان کاتێک کە خۆیان بە دروشمی بریقەدار دادەپۆشن، بەتایبەتی لەنێو ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە ئەوپەڕی دواکەوتن و نەخوێندەواری دەناڵێنن وەک کۆمەڵگەی کورد و ئەفغانی و عەرەبی عیراقی. 
دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەفغانستاندا لەگەڵ دەسەڵاتی کۆمۆنیست هاوشێوە بوون، ئەو گۆرانکاریە سیاسیە هیچ گۆڕانێکی ئەرێنی بۆ دۆخی ئەفغانیەکان فەراهەم نەکرد. ڕێکخراوی عیلمانی و ئیسلامیی لە نەهامەتی بەولاوە و ئازاردانی ڕەشوڕوتی ئەفغانەکان درێغیان نەکرد. دەسەڵاتی تالیبان زیندانەکانیان ئاخنی بە خەڵکی بێتاوان، سیاسی و ڕۆشەنبیر. کەوتنە دژایەتی ئەوانەی شیعە مەزهەب بوون، گوندەکانیان ئاگر تێپەردەدا و کۆمەڵکوژیان ئەنجام دەدا. بۆ تۆقاندنی میللەت، خەڵکیان لەسەر شەقامەکان دەکوشت. بوون بەهۆی خنکاندنی ئازادی تاک و ڕێگری کردن لە هونەرمەند و هونەردۆست، دژی ژنان کۆمەڵێک مەرجیان دانا، ڕێگریان کرد لە بەخوێندەوارکردنی ژنان و کارکردنیان.  سەرەڕای هەموو ئەوانە گەندەڵی سەرتانسەری جومەگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی حوکمی ئیسلامی گرتەوە، سامانی گشتی بەهەدەر دەدرا، ساڵ لە دوای ساڵدا خەڵک لێیان بێزار دەبوو، دەنگی ناڕەزا لەنێو گەلدا بەزەبری هێز کپ دەکرا و لەگەڵ کاتدا ئەو پێگە جەماوەریەی کە هەیانبوو لەنێو ئەفغانیەکاندا لە دەستیان دا، وەک ئەمڕۆ چۆن سەرانی پارتی و یەکێتی و حزبە عەرەبیە عیراقیەکان پێگەی جەماوەریان لەدەستداوە ئەگەر  تەزویر نەکەن لە هەڵبژاردنەکان دەنگ ناهێنن.
تالیبان لە کاتی کە دژی ڕوسیا لە جەنگدا بوو، ئەمریکا یارمەتیانی دەدا، واتە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و تالیبان هەرگیز گرژی تێنەکەوتبوو، ئەمیرئەلموئمنینی ئەفغانستان کاتێک کە دەسەڵاتی گرتە دەست، هەر زوو نامەیەکی بۆ ئەمریکا نارد، دووپاتی کردەوە کە ئەوان لەگەڵ ئەمریکا کێشەیان نییە، تالیبان ئەوە لە یاد ناکات کە کاتێک دژی ڕوسیا لە جەنگ بوون، ئەمریکا یارمەتیدەر و هاوکاریان بووە، بۆ لەمەودواش ئەوان چاوەڕوانی ئەوەن کە لەگەڵ ئەمریکا درێژە بە پەیوەندییەکی باش بدەن، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا و ئامادەن هاوکاری کۆمپانیا ئەمریکییەکان بن لە وڵاتەکەیان.
ئەیمەن ئەلزەهوەری، ئەوسامە بنلادن، محەمە عاتف
کێشەی نێوان ئەمریکا و تالیبان لەسەر مەسەلەی ئوسامە بنلادن قوڵبۆیەوە. هەندێک لە ڕێبەرانی تالیبان پەیوەندیی هاورێیەتی پتەویان لەگەڵ بنلادن هەبوو، تا ئەو ڕادەیەی کە باڵەخانەی عومەر قەندەهاری کە یەکێک بوو لە ڕێبەرانی بزوتنەوەی تالیبان تەقیەوە، ئوسامە بنلادن بەخەرجی خۆی هەڵسا بە دروست کردنەوەی. شایەنی باسە ئوسامە بنلادن ئەو کات یارمەتی لە هەندێک وڵاتی عەرەبی وەردەگرت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆی لە خێزانێکی میلیۆنێری سعودی بوو، پێش دامەزراندنی ڕێکخراوی ئەلقاعیدەش ئەو هەمیشە یارمەتی بزوتنەوەی موجاهیدین و  تالیبانی دابوو.
 ئوسامە بنلادن لە تەمەنی گەنجیدا لەگەڵ ڕێکخراوی موجاهیدنی پاکستان بەشداری جەنگی دژی ڕوسیای کرد بوو،  یارمەتی تالیبان و موجاهیدینی ئەفغانی دەدا، کۆمەکی لە وڵاتە عەرەبیەکان بۆ کۆدەکردنەوە، ئەو عەرەبانەی کە لە وڵاتە عەرەبیەکان دەیانویست بچنە ریز موجاهیدین ئوسامە کارئاسانی بۆ دەکردن و دەبوو بە چاوساغیان. ئوسامە تەنیا موسڵمان و عەرەبی وڵاتێکی کۆنەدەکردەوە بەڵکو هەوڵی دەدا هەر تاکێکی موسڵمان لەهەر کوێیەکی دنیادا بێت کۆیان بکاتەوە بەڵام تالیبان زێتر فۆکەیسی خستبووە سەر ئەفغانستان، لەبەرئەوە بنلادن وەکو کەسایەتیەک ناسراو و خۆشەویستی بوو لەنێو هەردوو بزوتنەوەداکەدا و لەنێو ئەو خەڵکانەی کە بڕوایان بەو ڕێبازە هەبوو، ئیتر ئوسامە ئەو بنەکە جەماوەریەی بەکارهێنا لە ساڵی ١٩٨٨دا ڕێکخراوی ئەلقاعیدەی دامەزراند.  لە ١٩٩٢دا لە سعودیە نەفی کرا و ڕووی لە سودان کرد. دوای فشارەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٦دا چوو بۆ ئەفغانستان جەنگی دژی ئەمریکا ڕاگەیاند.
هەدنێک لە موجاهیدینی تالیبان لە شاخی تۆرەبۆرە لە دوای شکانیان ١٢/ ٢٠٢١
بنلادن بە چوونی بۆ ئەفغانستان کێشەی بۆ حکومەتی تالیبان نایەوە. ئەمریکا بەهۆی ئەوەی لە کاتی جەنگی ئەفغان دژی ڕوسیا یارمەتی تالیبانی دابوو، پەیوەندیی نێوانیان ڕەگێکی مێژووی هەبوو، بۆیە کە داوای کرد حکومەتی تالیبان بنلادن ڕادەستیان بکات، پێی وا نەبوو کە تالیبان داواکەی ڕەت دەکەنەوە، لەبەرئەوە ئەمە یەکێک بوو لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکیی نێوان تالیبان و ئەمریکا بوو.
لە ساڵی ٢٠٢١ کاتێک کە ئەمریکا بیانووی بنلادنی بەکارهێنا بۆ هەڵکوتانە سەر ئەفغانستان، بێگومان هۆی دی گەلە زۆر هەبوون کە زێتر دەگەڕایەوە بۆ مەسەلەی ئابووری. زۆربەی خوێنەری کورد مەسەلەی سوود وەرگرتن لە ئابووری دەگەڕێننەوە بۆ دەرامەتی نەوت و گاز، بەڵام داگیرکردنی ئەفغانستان تەنیا ئەوە نەبوو، بەڵکو ئەفغانستان لە دێر زەمانەوە ناسراوە بەوەی کە دەوڵەمەندە بە مادەی هۆشبەر، بەتایبەتی ئۆپیۆم و ئەفیون کە کۆمپانیای گەورە دەیکڕن بەناوی ئەوەی کەوا دەرمانی لێ دروست دەکەن کە بۆ حکومەت و ئەو کۆمپانیایانە سوودەکەی بێ هەژمارە. لە سەرەتادا حکومەتی تالیبان ئەو ڕێککەوتنە ئابووریەی لەسەر ئۆپیۆم لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەست بە تایبەتی لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٧دا حکومەتی تالیبان یاسای قەدەغەکردنی دەرهێنا بۆ ئۆپیۆم.  لە ساڵی ٢٠٠٠دا مەلا محەمەد بە یەکجاری قەدەغەی چاندنی کرد، کە ئەمە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆپیۆم بە ڕێژەی ١٤جار بە بەراورد لە نرخی جارانی لە بازاری جیهانیدا. بە واتەیەکی دی ئەفغانستان خاک و ئەرزێکی پڕ لە خێروبەرەکەتی هەیە، ئەوەی کۆنتڕۆڵی بکات تەنیا کۆنتڕۆڵی بازاری کانزاکانی ناکات، ئەڵبەتە کۆنتڕۆڵی بازاری ئەو مادانەش دەکات.  
لە ساڵ ١٩٩٩دا، لیژنەی ئاسایشی نێونەتەوەیی بڕیاری ژمارە ١٢٦٧ی دژی ئەلقاعیدە و تالیبان دەرکرد، هەر دووکیانی بە دوو ڕێکخراوی تیرۆریستی ناساند و ئابڵوقەی ئابووریی خستە سەریان، گەشتکردنی لێ قەدەغە کردن و داوای کرد لەهەر شوێنێک بێت دەست بەسەر چەک و تەقەمەنیان بگیرێت. بەم جۆرە لەو کاتەوە دوژمنایەتی ئەمریکا دژی تالیبان پێی نایە قۆناغێکی دژوار.
مەلا عومەر سەرەڕای ئەوەی لە یەک ڕێکخراودا نەبوو لەگەڵ بنلادن و دڵنیاش بوو حکومەتەکەی خۆی دەکەوێتە مەترسی و دەڕوخێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا، ڕازی نەبوو بنلادن ڕادەستی ئەمریکا بکات. ئەم خاڵە گرنگە کە لەگەڵ هەڵسوکەوتی سەرانی پارتی و یەکێتی هیچ لەیکچوونێک لەنێوانیاندا نییە، لەبەرئەوەی سەرانی پارتی و یەکێتی لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکار بوونیان، بۆ ڕازی کردنی تورکیا و ئیران هەموو سنوورێکیان بەزاند و  بوون بە ڕاوکەری دەنگی ناڕەزا و ئۆپۆزسیۆنی کورد لە ڕۆژهەڵات و باکوور و باشووری وڵات.
ڕووداوی سیپتێمبەر ئیلێڤن ١١/٩/٢٠٠١ دا وەچەرخانێک بوو لە سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  بەتایبەتی بەرامبەر بە هێزە ئیسلامییە تونڕەکانی ئەلقاعیدە ئوسامە بنلادن و تالیبان. لەدوای ئەو ڕووداوە حکومەتی تالیبان بەفەرمی سەرکۆنەی ئەو ڕووداوەی کرد، بەڵام بۆشی سەڕۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە  ئەلقاعید ئەو کارە تیرۆریستیەی ئەنجام داوە و حکومەتی تالیبانیش لە ئەفغانستان داڵدەی ئەو گروپە ئیسلامییە تیرۆریستانە دەدات. 
بەمجۆرە گڵۆلەی حکومەتی تالیبان کەوتە لێژی، لەسەر هەردوو ئاستدا ناوەوە، کە دەنگی ناڕەزا لە لووتکەدا بوو، هەروها لەسەر ئاستی دەرەوەدا ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە دژی ڕاوەستان. لە ٧/١٠/٢٠٠١ دا ئەمریکا و هاوپەیمانانی هەڵیانکوتایە سەر ئەفغانستان، بە سێ هەفتە حکومەتیان ڕووخاند و لە مانگی ١١ هەمان ساڵدا حکومەت کابولی بەجێهێشت، ڕووی لە شاری قەندەهار کرد. ئەمڕۆ چۆن ئەفغانیەکان هەندێکیان لای ڕاکردنیان گرتووە و هەندێکیشیان گۆڕانی دەڵێن و هەڵدەپەڕن، ئەو کاتیش ئەو وێنەیە هەر بەهەمان شێوە بوو! 

ماویەتی: بەشی سێەم لە داهاتوودا