سەردار حەمەڕەش

https://www.facebook.com/sardar.hamarash.1


دەوڵەتی شارستانی و شارستانیەتی پۆستاڵ و ڕۆبەکەی ئیشتار

Wednesday, 08.18.2021, 15:32

2217 بینراوە


ئەگەر شارستانیەتی سۆمەری کۆتایی پێ هات، لە بەر ئەوەی دەسەڵات نەی دەتوانی هەتا سەر، ژیانی کۆمەڵگە ؛ بەختیاری و وشەکە ساڵی و باران و کەش و هەوا و زاو و زێی ئاژەڵان و ناهەمواری تاکەکانی و...تاد، بچوێنن بە سەفەرەکەی ئیناناوە بۆ جیهانی خوارەوە ( جەهەنم ).  بۆ وەڵامدانەوەی هزر و ئاگایی سەردەم، کۆمەڵگە پێویستی بە سیستەمێکی نوێی بەڕێوەبردنە هەتا بتوانێت وەڵامی ئاستی ئاگاییان بداتەوە، پێویستی بە زانستێکی نوێیە. بە هەمان شێوە ؛ سیستەمی چەقبەستو و شارستانیەتی پۆستاڵ، بۆیە ناتوانن بەردەوامی بە خۆیان بدەن، لەبەر ئەوەی ناتوانن وەڵامی ئاگایی سەردەم بدەنەوە، بۆیە بەسەر دەچن.  ئەگەر دوای سۆمەریەکان؛ ئەکەدی و بابلیەکان، ڕۆبێکیان کرد بە بەری ئیناناد، ئەوا ئەوەش بەس نەبوو بۆ نوێکردنەوە، ئەوە شاردنەوەی لەشی نازداری ئینانا بوو، جۆرێک بو لە پەردەپۆشی بۆ هەقیقەت. لە بەر ئەوەی هەوەسی هەژێنی مرۆڤ هەمیشە ئارەزوی دادڕینی ڕۆبەکەی ئیشتاری گەرەکە و بۆ نوێکردنەوەی هەوەسی دیۆنیزۆسیش جارێکی تر ڕۆبەکەی دەکاتەوە بە بەردا، لەم ئەزمونەوەیە کە سیستەمی دیموکراسی باوەشینی ڕۆبەکەی ئیشتار دەکات. شارستانیەتی ئەوروپی لە سەرئەزمونی مێژو و زانستی دەرونی و کۆمەڵناسی و دیالکتیکی هیگل بنیات نراوە، حوکمی سانتۆگوستینی مەسیحی جارێکی تر لە شکڵێکی نوێدا سەرهەڵناداتەوە.  پرۆسەی پەرەسەندنی هزر، پێمان  دەڵێت ؛ هەرگیز جارێکی تر ناتوانین بە پۆستاڵ هەوەسی هەژێنی مرۆڤ کۆنترۆڵ بکەین و بەو بۆنەیەوە خەونی ژیانێکی بەختیاری و ئاسودە، یان ئەوەیە جیهان کاول دەبێت، یان ئەوەیە ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوەی پرۆسەی دیموکراسی ئەوروپی، تەنها مۆدێلێکە کە توانای هەیە ئارەزوەکانی مرۆڤ وەدەست بخات بەبێ چەپاندنی هەوەس، بۆیە دەبێیت دیاردەی سەرهەڵدانی چین وەک بەشێک لەو پرۆسەیە ببینین لەناو یاریەکەدا، لەناو پرۆسەی گلۆبالدا، وەک بەشێک لەو پرۆسەیە نەک مۆدێلێکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی ؛ چین وەک شارستانیەتی پۆستاڵ دەبێتە ئەزمونێکی تر، دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن بەرامەبەر بە شاستارنیەتی ئەوروپی، وەک چۆن نازیسم و ستالینیزم لە ڕابوردودا. چین دەبێتە دژ، دەێتە ناکۆکی هەتاوەکو شارستانیەتی ئەوروپی بتوانێت باز بدات بەسەریا ، بێ شك ئەوروپا بە تێ پەڕینی بەم ئەزمونەدا بە بێ گۆڕانکاری خۆی دەرباز ناکات.
وەک هەموو جارێکی تر لە مێژودا، ئەمڕۆش لە چین، پیاوێکی کەلە ڕەق دەیەوێت بە پۆستاڵ شارستانیەتێكی نوێ بسەپێنێت وەک چارەسەر، مۆدێلێكکی نوێ بۆ بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە، سەرۆکێک گەرەکیەتی کۆپی هزری خۆی بکات بە بەری هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەدا وەک چارەسەر، گوایە بیرر و بۆچونی ئەو راستی ڕەهان، دەیەوێت ڕۆبێكی ئاسنین بە بەری ئیشتاردا بکات. چین، کە دەیەوێت بە سیستەمی پێنج ئەستێرە، قەرزی سۆشیال بسەپێنێت و کۆنفیکوسیش بکاتە شوناسی هێزی شارستانیەتەکەی، بیکاتە ڕابەر. خۆ کەس دژی کونفوکیوس نیە، بەڵام کۆنفوکیوس بەشێکە لەهەقیقەت، هەیقەت هەمووی نیە. بۆیە شارستانیەتی پۆستاڵی چین، پێش ئەوەی لە دایک بێت مردووە، تەنها هێندەی تەمەنی سەرۆکەکەی بڕ دەکات.
 چین دەڵێت ؛ زەنگینی بۆ هەموان بە مەرجی داگیرکردنی دەرونتان، هزرتان.  ئەوانەشی کە پەیڕەوی ئەو سیستەمە ناکەن، بە هەزارەها هونەمەند و منداڵ و ئەنەتەلەکتوێل، وەک لە سەردەمی ستالیندا، بە نەخۆش لە قەڵەم دەدرێن و دەبرێنە بەندیخانەی پەروەردە، جین دژی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی تاک و دیموکراسی و بەها ئونتڤێرسێلەکان دەوەستێتەوە، بۆیە کچێکی چینی، دوای ئەوەی پیسایی ڕشت بە سەر پۆرترێی سەرۆکی شارستانیەتی پۆستاڵدا، ووتی؛ من نامەوێت ئەو کەسە دەرونم داگیر بکات، پاشان بە بێ ترس لە سەر سایتە کۆمەڵایتەیەکان ڤیدیۆی خۆی بڵاو کردەوە، بۆ ڕۆژی داوایش فۆتۆگارافی پۆلیسەکانی شارستانیەتی پۆستاڵی بڵاو کردەوە،  چۆن دێن بە شوێنیدا بۆ خەسەتخانەی پەروەردە.  دەبێت ئەم سیستەمە  ناو بنێین چی، کە خۆی بە قەڵایەکی مەزن دەزانێت و کاری هونەرمەندێک دیواری دەلەرزێنێت و دەیخاتە مەترسیەوە ؟ 
دەبێت ئەم شارستانیەتە ناو بنێین چی ؟ ئەگەر هزری هونەرمەند Ay way way بتوانێت دیواری پۆڵایینی بلەرزێنێت و ناچار کۆچ بکات بۆ پاریس و لە مەیدانی ڕێپوبلیکەوە پەنجەی جنێودانی بەرزبکاتەوە بەرامبەر بە دیواری چین  ؟ مەیدانی ڕێپوبلیک، ئەو مەیدانەی کە لە سوچێکیدا کۆمەڵە پیرەژنێکی ئەفریقی وەک وڵاتی خۆیان پێکەوە دانیشتون بە جل و بەرگی خۆیانەوە، لەو لاوە چەند گەنجێک یاری ڕۆڵەر دەکەن، لەولاترەوە کوڕان و کچان دانسی تانگۆ دەکەن و لەولاتریشەوە بێ لانەیەک لەناو بەتانیەکدا لێی خەتووە، بەتەنیشتیەوە باپیرەیەکی پێست سپی منداڵێکی پێست ڕەشی لە باوەشدایە و کۆمەڵێک پیاوی بەساڵاچوی موسڵمان دەست بە ریشیاندا دێنن و دەڵێن ؛ ئەلحەمدولیلا. هەموو ڕۆژێکی شەمان و یەکشيمانیش قەبیلەکانی جەزائیر یان فەلەستینەیەکان، پەکەکە و ئەناریشستەکان خۆ پیشاندان دەکەن و بیرمەند و فەیلەسوفەکان دیبەیتی تێدا دەکەن، بە بێ ئەوە کەس ئەوی تر بێزار بکات و ببێتە نۆتێکی نەشاز و مەترسی بۆ سەر شارستانیەت،  لە کاتێکدا کۆبونەوەیەکی وەها تەنگژی دەنێتەوە بۆ شارستانیەتی پۆستاڵ و لە چین هەموو دەمو چاوەکان یەک ڕەنگن بە وێنەی ئەو سیستەمەی حوکمیان دەکات. 
ئێمە ناتوانین لە سیستەمێکی ئابوری تایبەتا، لە سیستەمی شارستانیەتی پۆستاڵیشدا، رێژەی کریمینالیتێ کەم بکەینەوە، هەر بۆیەش چین دەڵێت ؛ قەرزی سۆشیال بەرامبەر بە سێکوریتێ و زەنگینی بۆ هەموان، بەڵام  ئەگەر لە چین ئەم ڕێژەیە بە ڕوکەش کەم دەکەنەوە و ژیانێکی بەختیاری کۆمەڵگە وەک لە وێنەکانی ڕیالیسمی سۆسیالیستی ستالیندا پیشان ئەدەن، ئەوا خۆڵ دەکەن بە سەر هەقیقەتا، چونکە هەموو ئەو تاوانانە بە هەمان ڕێژە لە ناو بەندیخانەکاندا ڕوو ئەدەن بە شاراوەیی، لە کاتێکدا لە ئەوروپا لە بەر چاوماندان، پاشڕوونن.
کاتێک بە سەفەرێک لە تایوان بووم، دەم بینی هەموو شتێک لە شوێنی خۆیاندان، دنیا ئارام، بە بێ تەنگژی، وەک سەردەمی سەدام حسەین، یان وەک تونس لەسەردەمی بن عەلی. ماتۆڕەکەم لە سەر جادە جێ دەهێشت بە کلیلەوە، بێ خەم بووم، جزدانەکەم لێ دەکەوت، خەمم نەبوو لەبەر ئەوەی دەمزانی بۆ ڕۆژی دوایی دەیدۆزمەوە و کەس نای دزێت. کاتێک میترۆ جەنجاڵ دەبوو، خەڵکی سەرەیان دەگرت بەبێ دەنگی بۆ چونە ژورەوە، بە بێ ئەوەی پۆلیسێک ببینم، بەڵام هەموو ئەمانە لە بەردەم پەیکەرێکی هەرە زەبەلاحی دیکتاتۆرێکدا ڕوویان ئەدا. بە بیبینی ئەو پەیکەرە، سامت لێ دەنیشێت ؛ چۆن ئەو پۆلیسانە لە بەردەمیا دێن و دەچن، هەموو ئەو هەڵس و کەوتانە لە لایەن ئەو ڕۆحەوە بەڕێ دەبرێن و دەرونیانی داگیر کردوون، بۆیە کچەکەم بە زەردەخەنەوە پێی ووتم؛ حەزدەکەم ژیانی ئەنارشیستی پاریس بدۆزمەوە.
بێ شک شارستانیەتی پۆستاڵ، دەوڵەتی شارستانی ئەوروپا دەداتە بەر پرسیار، وەک ناکۆکیەک ڕوبەروی دەبێتەوە و دەبێت باز بدات بە سەریا و سودمەندیشە بۆی، بە تایبەتی ئابوریەکەی، چونکە سایەسەتێک بوونی نیە جگە لە  ئابوری، بۆیە ئەمڕۆ سیتەمی نێۆ لیبراڵی ئەوروپا دەردێتە بەر پرسیار، لە بەر ئەوەی لە ساڵانی هەشتاوە لەسەر تێزی Milton Friedman، پاشان بە سایسەتی ڕیگان لە ئەمەریکا و تاچەر لە ئنگلتەرا، کەوتینە ناو لیبرالیسمێکی دڕندە و بێ سنور، لە ترسی ئەوەی نەوەکا  سیستەم بکەوێتە ناو هەمان تەنگژی روسیای کۆمۆنیست، واتە ؛  ئابوریەکی مردوو  و  دینامیکێکی لاواز، بۆیە حکومەتەکان مولتی ناسیۆنالەکانیان لە هەموو تاکسێک بێ بەشی کردن، لە پێناوی هەمیشە هەڵئاوسانی ئابوری بە بێ وچان، بۆ تێرکردنی ئەکسیۆنەرەکانی کە هێزی بنەڕەتی ئەوانن، بەو بۆنەیەوە هەڵئاوسانی ئابوری و خولقاندنی دینمایک بە هەر نرخێک بێت،  لە هەمەن کاتا ئازادی دان بە شەریەکەکان بۆ گواستنەوەی بەرهەم هێنان لە وڵاتانی چین و هندستان و ئەفریقا بە نرخی هەرزان.  ئەمڕۆ لە سەدا چل هەتا شەستی پیشەسازیە بچوکەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا لە چین و هندستان و وڵاتانی ئەفریقا بەرهەم دێت، دەرئەمجامی ئەم سیاسەتە، هەلی کار لە ئەوروپا داکشا، داکشانی موچەی فەرمنبەران و چینی کرێکار هەژارتر و چینی ناوەڕاست بە ڕوکەش ماو، لە هەمان کاتا  لاوزی توانای دارایی حکومەتاکانیش بووە هۆی بەزکردنەوەی تاکس لە سەر چینەکانی کۆمەڵگە  و قەرزێکی زۆری پریڤات و حکومی، بۆ دانەوەی ئەم قەرزانە، حکومەتەکان بە ناچاری پارە بە لێشاو چاپ دەکەن، ئەمەش بووە هۆی داکشانی نرخی پارەی تاک لە کۆمەڵگەدا، ئەوەی پێی دەڵێن ؛ توانای کڕین. لەهەمان کاتا حکومەتەکان بە ناچاری بودجەی پەروەردە و تەندروستی و خزمەت گوزاریان کەم کردەوە. بەڵام  لە گەڵ کریزی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی بەرەی پۆپولەر لە ئەمەریکای ترەمپ و هێلەکە زەدەکان لە فەرەنسا، خەڵکی مەترسی هاتنەوەی سیستەمی دیکتاتۆریان لێ نیشت، بۆیە ئێستا بە یارمەتی وڵاتانی ئەوروپا، بە ڕێک کەوتن لەگەڵ بایدن بە ناچاری لە سەدا 15 ی تاکسیان خستە سەر مولتی ناسیۆنال، جگە لە ئیرلەندا و هەنگاریا نە بێت ئەو ڕێکەوتنەیان  واژۆ نەکرد. 
خۆ مەبەستم ئەوە نیە بە شان و باڵی ئەوروپادا هەڵ بدەم،  بلێم ؛ خەڵکی ئەوروپا لە ژیانێکی بەختیاریدا دەژین، نەخێڕ. بەڵام ئێمە ناتوانین ڕێگری لەو چارەنوسە بکەین کە مرۆڤ بەرەو رووی دەڕوات، ڕیگری کردن خۆ تڕاندن و خۆ هەڵخەڵەتاندنە، کوتانی ئاسنی ساردە، دەبێ هەقیقەت قبوڵ بکەین، ناتوانین بڵیین ؛ دوو و دوو دەکاتە پێنج، باشتر وایە بڵیین دەکاتە چوار، لە بەر ئەوەی ئاسودە دەبین بەو هەقیقەتە، بۆیە ناتوانین بە چەپاندنی ئارەزوی تاک، بە داگیرکردنی دەرونی تاک، شارستانیەت دروست بکەین. ناڵێم ئێمە لە  ئەوروپا ژیانێکی بەختیاری دەژین، بەلام سیستەمێکە، ڕێگای دیبەتی تێدایە، هزری هونەمەرمەندێک نای لەزێنێت، وەک هونەرمەندی رووسی , Piotr Pavlenski ڕۆژێک لە شەقامێکی پاریسدا بانقێکی سوتاند و لە بەردەمیا وەستا و ووتی ئەوە ئەو سوتاندویەتی، بەڵام هونەرمەندەکەیان نەبرد بۆ نەخۆشخانەی دەرونی، نەخێر، بردیانە  بەردەم داداگا و بەرگری لە کارەکەی خۆی کرد. دادیار وتی ؛ ئەم کۆبونەوەیە تۆزێک شازە لەبەر ئەوەی بە لۆژیک، حاکم و هونەرمەند ناتوانن بەرامبەر بەیەک بوەستنەوە.
 بێ گومان حوکمدرا لەبەر ئەوەی زیانی گەیاندووە بە موڵکی پریڤات، بەڵام ئەم ئەکسیۆنانەن کە ئەو سیستەمە ئەدەنە بەر پرسیار، ئاڵ و گۆڕ و دیبەیت بە بێ سنور دانان، پاساودانی بوون دەمان گەیەنێت بە هەقیقەت. هەقیقەت نا سەپێرێت، شەڕناکات، خۆی ئەدات بەدەستەوە. خۆ ئەگەر خۆپیشاندانی هێلەکە زەردەکان لە شارستانیەتی پۆستاڵدا ڕوی بدایە ڕۆژی هەزارەها لاو دەکوژران.
ئێمە مرۆڤی ساپیانین، وەک بەردێک هاوێژراوین لەلایەن هێزێکی دەرەکیەوە بە ئاراستەیەک، توانای هەڵبژاردنمان بەستراوەتەوە بە ئاستی ئاگاییمانەوە، .شارستانیەتی دیموکراسی ڕێگە بە تاکەکانی ئەدات لە ئەزمونی خۆیاندا بژین و بگەن بەو ئاگامەندیە، لە بەر ئەوەی بە داگیرکردنی دەرونی تاکی کۆمەڵگە، هزر  لە ئەزومونی خۆیدا ناژی، هەموو هێزی هزر و بیرکردنەوەی دەخاتە گەڕ دژی ئەو سیستەمەی کە ناکۆکیەکە لەوە و بەر تیایدا ژیاوە و نایگەیەنێت بە ئاگایی، جگە لە کێشانی کەلەی نەبێت بە دیوارێکدا، لە چاوەڕوانیدا تاکەکانی کۆمەڵگە خەو بە ژیانێکی ئیتپۆیستەوە دەبین کە دوورە لە هەقەیقەتەوە و ئاگایی دەخرێتە  قەفەزەوە. 
لەم دواییانەدا فەیلەسوفی فەرەنسی ؛ میشێل ئۆنفرێ (michel onfray ) بە ڕاشکاویەوە دەی ووت ؛ من نەم ویست منداڵ بکەم لەم شارستانیەتەدا، لە بەر ئەوەی سیستەمەکەی کاتم پێ نادات بۆ بەخێو کردنی منداڵەکانم، بەساڵا چووەکانمان، لە بری ئەوەی لە گەڵمانادا بژین، دەیانخەینە خەستەخانەکان هەتا مردن، دەبێت شەست و حەوت ساڵ کار بکەیت بۆ خانەنشینیت....تاد،  ئەو وەهای باوەڕە کە ئەمە کۆتایی شارستانیەتی ئەروپایە وەک زۆر لە بیرمەندەکانی ئەوروپا، بەڵام لەبەر ئەوەی میشێل ئۆنفرێ لە شارستانیەتێکدایە کە ڕێگری لە بۆچونەکانی ناکات، بە بێچەوانەشەوە گوێ گریەتی، ناشترسێت لە بەئاگایی هێنانەوەی تاکەکانی لە کۆلێژەکاندا ئەگەریش سبەی ئەو ئاگاییە دژی خۆی بوەستێتەوە، بۆیە هەرگیز ئەم شارستانیەتە داناڕمێت، لە بەر ئەوەی مۆدێڵێکە لە گەڵ ئاگایی مرۆڤدا خۆی نوێ دەکاتەوە، هەرگیز نیازی نیە ڕۆبێکی ئاسنین بکات بە بەری ئیشتاردا. خۆ ئەگەر ئەم مۆدێلە لەناو بچێت ئەوا هەموو مرۆڤایەتی لە ناو دەچێت. ئەگەر زۆر لە ئەنتەلەکتوێلەکانی ڕۆژهەڵات، دەرکەوتنی چین وەک هێزێکی نوێی ئابوری و سەرهەڵدانی شارستانیەتێکی نوێ ڕەچاوی لێ دەکەن، ئەوا هەڵەن، چین پێش ئەوەی لە دایک بێت دەمرێت وەک نازیسم، پێ دەچێت کات زۆرتر بخایەنێت لە نازیسم و ستالینیزم.
وەک سەرنج ئەدەین، هەزارەها خەڵکی لە دەریا و ڕێگا و باندا خۆیان ئەدەن بە کوشت بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، کەس خۆی نادات بە کوشت بۆ گەیشتن بە شارستانیەتی پۆستاڵ، ئەگەریش لەسەر جادەکانی ئەوروپا بە سواڵ بژین، لەبەر ئەوەی بە ئەنستات ئەوان بەدوای ئەو سیستەمەدا دەگەڕێن کە ڕێگری لە بیرکردنەوەیان ناکات، ئەو سیستەمەی کە هزریان داگیر ناکات. 
گەڕان بە دوای عیرفاندا غەریزەیەکە لای مرۆڤ، بێ کۆتاییە و هیچ هێزێک ناتوانێت ڕێگری لێ بکات،  پێدانی عیرفانیش بە هەمان شیوە. سیستەمی دیموکراسی هاندەری سەرەکیە بۆ گەیشتن بە عیرفان، بۆ خۆ ناسنادن، (خۆ ت بناسە )  دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە مرۆڤ بتونێت لە ژێر سایەی پاشڕونی سیستەمێک ( هەتا ئاستێک شەفاف )دا کە ڕێگە بە تاکەکانی ئەدات هەوەس و ئارەزوەکانی خۆیان بژین، بتوانن ڕووبەڕوی تەنگژیە دەرونیەکانیان ببنەوە کە دەبێتە هۆی ناساندنی خود، لە بری ئەوەی هەموو تەنگژیە دەرونیەکانی رووبەروی سیتەمێک بکاتەوە، لە چاوەڕوانیدا خۆی لە بیر دەباتەوە، ئەو سیستەمە هەموو هزر و هەڵس و کەوتی دیاری دەکات، ئازادی بیرکردنەوە و تێ پەڕبوونی بە ناکۆکیدا کە هۆکاری بنەڕيتین بۆ گەیشتن بە هەقیقەت، ڕوبەروی ناکۆکیەک دەبێتەوە کە تێیدا ژیاوە و عێرفانی پەرە ناسێنێت، ڕێگرە لە تێگەیشتن لە خود کە بنەمای عیرفانە و هەر بەو هۆیەوە مرۆڤ دەگاتە ئازادی؛ کاتێک پاساودانی بوون (  Raison )  دەوری سەرەکی دەبینێت لە بەئاگایی هاتنەوەی تاکدا. ڕوبەروبونەوە بەرامبەر بە سیستەمێکی داپڵۆسێنەر، هەموو ئەم هەوڵدان دانە دەخاتە لاوە، تاکەکانی لە کەفتی درونیدا دەژین، لە کەفتی عیرفاندا دەژین، لێرەوە فکرەی ئیتۆپیستی رەگی خۆی دائەکوتێت، فکرەی ئایدیۆلژیەکی خەیاڵی کە بنیات نراوە لەسەر بازدان بەسەر سیتەمێکی دووبارەبوەوەدا  کە لەوەو بەر تێیدا ژیاوە و نەزۆکە و مێژو سەلماندویەتی .
سیستەمی سەرپەرشتی کردن و کۆنترۆلکردنی دانیشتوانیش لەگەڵ پەرەسەندنی ژمارەی دانیشتوان و پەرەسەندنی تەکنەلۆژی، گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا دێت، وەک چۆن لە ڕابوردودا تەکنەلۆژی هەمیشە بەشدار بووە لە هەموو بوارێکدا، بەڵام ئەم سیستەمە ناتوانێت ببێتە دەزگایەکی داپڵۆسێنەر وەک لە چین بە سیستەمی پێنخ ئەستێرە، بە جۆرێک کە هەموو کەسێک بتوانێت ئاگاداری ژیانی تاک بێت هەر کاتێک بیەوێت، بەو جۆڕەش ئازادی تاک و دەرونی مرۆڤ بخرێتە چوارچێوەوە، لە بەر ئەوەی کەس ناتوانێت ڕێگری لەو غەریزەیەی مرۆڤ بگرێت کە بریتیە لە ئازادی بریکردنەوە، ئەوانەی لە مێژودا ئەو هەوڵەیان داوە شکستیان هێناوە.
بۆیە ئەمڕۆ چین دەبێتە هۆکاری سەرەکی بەخەبەربوونەوەی دیموکراسی، بە تایبەتی سیستەمی لیبراڵی دیموکراسی کە ئەوروپا و ئەمەریکا پەیڕەوی دەکەن.
ئەوەی چین گەرەکیەتی بەختەوەری ماتریاڵە بەرامبەر بە قەرزی سۆشیال، واتە سەردانەواندنی تاکە بەرامبەر بە ڕێنمایەکانی سیتەمێک بۆ بژێوی ماتریاڵ نەک دروونی، لە چاوەڕوانیدا دەبێت هەوەس و ئارەزوی تاک بخرێنە قەفەزەوە. بەڵام ئەوە عێرفانە کە تاک دەگەیەنێتە ئەو بەرپرسیاریەتیە، ڕاستە عیرفان لە دی ئای ئێندا نیە، واتە دەبێت لە هەموو سەردەمێکدا سیستەم تاکەکانی پەروەردە بکاتەوە لە سفرەوە، ئەمەش خۆی بە ئۆتۆماتیکی تاک پێی دەگات لە سیستەمێکی شەفافی بەڕیوەبردندا، نەک بە کەفتکردنی، چونکە هەموو چەپاندنێکی ئارەز و ئەگەر لە خودەوە بە عیرفان بڕیاری لەسەر نەدرابێت، ئەگەر تاک ئاگایی پێی نەبێت، ئەوا سەر هەڵئەداتەوە لە شکلێکی دژوارتردا.