ئایا یادکردنەوەی کوژرانی قاسم سلێمانی سووکایەتییە بە ھەستی ڕۆژھەڵاتییان؟!

Wednesday, 12/01/2022, 1:13

2975 بینراوە


ھەر کوردێک لەبەر ھەر ھۆیەک، ھەتا ئێستا (٢٠٢٢) چاوەڕوانیی چاکبوون یا گەڕانەوە و خزمەتکردنی نەتەوەکەی لەسەرکردەیەتی پارتەکانی باشوور و ڕۆژھەڵات، ھەبێت، ئەگەر لەبەر دەستکەوتی دنیایی بێت، شوورەییە و بۆژیانێکی زەبوونیی، ھاوبەشی تاوانە نەتەوەییەکانی ئەوانە و چارەنووسی بە چارەنووسی ئەوانەوە گرێداوە و ھەم بەرانبەر بە ویژدانی خۆی ھەست بە شەرمەزاریی دەکات، ھەم لە داھاتوودا، دادگای گەل لێپرسینەوەی لێدەکات.
ئەگەر کەسیکیش لەبەر ھەستێکی نیشتمانپەروەری پێی وا بێت، دەبێت ئێستا ئاوا بکات و بەھانە بۆھەستەکانی خۆی دێنێتەوە، بێگوومان ھەستەکانی گومڕاکراون و لە ناو گێژاوی کوردایەتییەکی ساخەتەدایە، کە تەمەنی بۆحەفتاساڵ دەگەڕێتەوە. سەرکردەیەتی حزبەکانی بەتایبەت باشوور، مێژوویەکی دوورودرێژی پڕ لە تاوانیان ھەیە  بەرانبەر بە نەتەوەکە، بەهۆی بە پەیوەندی فراوانیان بە  ڕژێمەکانی ئێرانەو و ئێستایش ڕژێمی تورکیاوە.
نموونە زۆرە بۆ بیرھێنانەوە، چوونکە ئێمە بە گشتی، زوو شتمان لە بیردەچێتەوە:
سەردەمی شاھەنشایی: بزوتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژھەڵات ( کە ڕۆژھەڵات ) ناوەندی سەرھەڵدانی بزووتنەوەی کوردایەتی بووە، ئەمەم بەبەڵگەوە و بە ھێنانەوەی قسەکانی بیرمەندی گەورە مامۆستا مەسعوود محەمەد، چەندجار باسکردووە. 
ھۆی سەرەکی تێکچوونی و پەرتەوازە بوونی و شێواندنی ئەو بزووتنەوەیە، کارکردی سەرکردەیەتی حیزبەکانی باشوور بوون، کە کەسایەتییە دیارەکانیان بریتی بوون لە: برایم ئەحمەد، مەلا مستەفا و جەلال تاڵەبانی.
لەسەردەمی شادا: شەھید سلێمانی موعینی و ھاوڕێکانیان دەسگیرکرد، یا تیرۆرکرد و تەسلیم بە ساواکیان کردنەوە.
ئەمە سووکایەتی نەبوو؟! بێگوومان تاوان بوو.
لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا: بوونە پێشەنگی تیرۆرکردن و ڕاونانی ئازادیخوازەکانی ڕۆژھەڵات  وجێبەجێکاری فەرمانەکانی خوومەینی. ئەمە سووکایەتی کردن نەبوو؟! بێگوومان تاوان بوو.
تا ئێستا چەند ئازادیخوازیی ڕۆژھەڵاتیان لە شار و گوندەکانی باشوور، تیرۆرکرد و تەسلیم بە دوژمنانی کوردکردەوە؟!.
ئەمانە سووکایەتی نەبوون؟! بێگوومان تاوان بوون.
پرسیار: لە ئاشبەتاڵدا، لە شەڕی براکاندا لە باشوور، لە شەڕی براکاندا دژ بە خوشک و براکانیان لە باکوور،ئەم سەرکردەیەتییانە پرسیان بە گەلی باشوورکرد، کاتێ ئەم تاوانانەیان دژ بەتەوەکە ئەنجام دا؟!
ئەمانە سووکایەتی نەبوون؟! بێگوومان تاوان بوون.
ئێستا، پاش ئەو ھەموو تاوانە نەتەوەییانە، ئایا یادکردنەوەی سەرکردەیەتی باشوور، بۆ بەرز ڕاگرتنی کوژرانی قاسم سڵێمانی، بۆچی بە سووکایەتی بژمێردرێت بەرانبەر ھەستی گەلەکەمان لە ڕۆژھەڵات، لە کاتێکدا ھەر ئەم سەرکردەیەتییە: 
١-  ئاشبەتاڵیان بە گەلی باشوورکرد.
٢-  زەمینەی ئەنفال و ھەڵەبجەیان سازان و ھاوبەشی ئەنجامدانی بوون.
٣-  بەسەدان تێکۆشەری وەک ناسری سەلیمی و کاک فوئاد و عەلی شیعەیان تیرۆرکرد!!.
٤-  بێدەرەتانی و بێپەنایی و نەبوونی گەلی ڕۆژھەڵاتیان قۆستەوە و وەک گورگی برسی شەھوەت، پەلاماری جەستەی کچان و ژنانی ڕۆژھەڵاتیان دا و ھەزاران نموونەی تاوانی دیار و شاراوەیان بەرانبەر بە گەلەکەمان لەڕۆژھەڵات ئەنجامدا. ئەمانە سووکایەتی نەبوون؟! بێگوومان تاوانی نەتەوەیی بوون.
ھەموو ئاماژەکان باس لەوە دەکەن، کە کۆمەڵگای کوردیی لە باشووردا، لە دوو چینی زۆر لێک دوور، پێک دێت:
١-  ئەو بەشە لە گەلەکەمان لە باشووری نیشتمان کە زۆرینەیە.
٢-  سەرکردەیەتی حیزبەکانی و کەسوکاریان کە کەمینەن.
سەرکردەیەتی حیزبەکانی، کە کەمینەیەکی داسەپێنراوون،  ئەو خەسڵەت و ڕەفتارانەیان دژ بە نەتەوەکە ھەبووە/ ھەیانە و/ دەیانبێت.
گەلەکەش لە باشووری نیشتماندا کە زۆرینەیە، خەسڵەتی کورد بوونی خۆی پاراستووە، ھەیبووە/ ھەیەتی و / دەیمێنێ.
سەرکردەیەتی حیزبەکانی، ئەم مێژووەی خۆیان و ئەو جیاوازییە و ئەو چینانە و ئەم حەقیقەتانە باش دەناسن ودەرکی دەکەن. 
کە باسی کوردایەتی دەکەن، دەزانن درۆ دەکەن.
کە باسی کوردستان دەکەن، دەزانن درۆ دەکەن.
کە باسی ئاڵا دەکەن، دەزانن  درۆ دەکەن.
کە ئاخ بۆ ڕووداوێک ھەڵدەکێشن، دەزانن درۆ دەکەن.
چوونکە ئەو حەقیقەتە دەزانن، کە نەتەوەکە ئیترباوەڕی پێیان نەماوە.
ھەموو دەسەڵاتەکان تا دوا ھەناسەیان، وای پیشان دەدەن کە خۆشەویستی گەلن، باسی نیشتمان و نەتەوە و ئایندەکەن و ئەمانەی باشوور باسی کوردایەتیشیان بۆ زیادکردووە، کە ئەو کوردایەتییەی ئەوان، بۆتە کاڵایەکی بۆنکردووی قێزەوون، کە جگە لە خۆیان کەس بۆنی پێوە ناکات. ئیتر یادکردنەوەی فڵانە تیرۆریست و فیسارە شۆڕش، بۆ سووکایەتی بێت، بە ھەستی بەشێک لە نەتەوەکە؟!.
نێچیرڤان بارزانی کە جێگریی پارتێکی دەسەڵات یەکەمە لە باشووردا، وتی: ئێمە بەشێکین لە شۆڕشی کۆماری ئیسلامی! دروستی وت، ڕاست دەکات، ئیدی دوای ئەم ڕوونکردنەوە ڕاستگۆیانەیە، بۆ یادکردنەوەی کوژراوێکی ئەوشۆڕشە ئیسلامییە، سووکایەتی بێت بە ھەستی ڕۆژھەڵاتییەکان؟!.
زۆرینەی ئەندامانی پارتی و یەکێتی، بڕیاریان داوە، کە گوێ لەمستی، داواکارییەکانی سەرکردەیەتییەکەیان بن، واتە بەرەی گەلیان جێھێشتووە و بەرەی دژ بە گەلیان ھەڵبژاردووە. خۆشیان بەرانبەر داھاتووی خۆیان بەرپرسیارن.
لە حاڵی کوردستان و لە ناو بزووتنەوە ئازادیخوازەکەیدا، بۆ گەل بەگشتی و بۆ ئەندامانی ئەو حیزبانە بە تایبەتی ڕێگای درووست ئەوەیە: 
ھەر بڕیارێکی سەرکردەیەتی حیزبێک، دژ بە بەشێک لە نەتەوەکە بوو، لە ڕووی: سیاسی، دبلۆماسی، بازرگانی و سەربازییەوە، جێبەجێکردنی: دەبێتە: 
ئەنجامدانی (تاوانی نەتەوەیی) و بەرەنگاریی و جێبەجێ نەکردنیشی دەبێتە (ئەرکی نەتەوەیی).
ھەموو تاکێکیش ئازادە کام بەرەیە ھەڵدەبژێرێ ( بنەماڵە و سەرکردەیەتی حیزب یا بەرەی گەل)، کام ئەرکەیش جێبەجێ دەکات( تاوانی نەتەوەیی) یا (ئەرکی نەتەوەیی).
خۆی ھەڵی دەبژێرێ و لە پای ھەڵبژاردن و لێکەوتەکانیشیدا، خۆی بەرپرسیارە.
لە کۆتایدا ئەم دەستوور و ئامۆژگارییە چارەنووس سازە، لە بیرمەندی گەورەمان، مامۆستا (مەسعوود محەمەد)وە بۆ دەیەمین جار، دەخەمەوە بەر زەینی، کوردانی شەرافەتمەند و بەتایبەت کوردانی گومڕا بوو بەھەر ھۆیەک بێت:
" ئەگەر کەوتمە سەر دووڕێیانێک و نەمزانی کام ڕێگایەیان ھەڵبژێرم، پرسێک بەم حیزبە شێت و وێتانەی کوردستان دەکەم، ئەوان کام ڕێگایەیان پیشان دام، من ملی ڕێگاکەی تریان دەگرم و دڵنیام کە ڕاستم ھەڵبژاردووە".
سەرکەوتوو بێت، تێکۆشانی کوردستانی، کوردانی شەرافەتمەند و قەڵەمی ئازادیخواز و ھونەریی بەرھەمھێنی ئازادی بۆ نەتەوەکەمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە