رزگار رانگور

https://www.facebook.com/profile.php?id=100073491703111


گەشتکردن بە ژیاندا (بەشی دووەم)

Friday, 02.18.2022, 23:20

2144 بینراوە


گەشتکردن بەژیاندا پڕۆژەی کتێبێکە لەگەڵ کاک "کەمال جەمال موختار"دا و لەڕێگەی پرسیار و وەڵامەوە دەمانەوێت باس لەمێژووی ٦٠ساڵی باشوری نیشتمان بکەین, باسەکان تەنها سیاسەت نییە, بەڵکو هەوڵ دەدەین لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەدەبیی و هەڵچون و داچون و بیرکردنەوەی خەڵک، هەروەها شاعیرو نووسەر و پیاو و ژنە ناسراوەکانی ناو کۆمەڵگاکەمان قسە بکەین، لەسەر ئاین و ڕووداوەکان لەنگەر بگرین. ئیستا لەگەڵ بەشی دووەمی ئەم گەشتە لەگەڵماندا بن، هیوادارم کاتتان هەبێت چێژ لەو گەشتە ببین (رزگار)

-------------------------

پرسیار: دەگەڕێینەوە بۆ لای خۆ کوشتنی باوکی باوکت (باپیرەت)، کە لە باکورەوە کۆچ دەکات بۆ باشور و لە سلێمانی نیشتەجێ دەبێت، وەکو بە وەڵامەکەتدا دەردەکەوێت، هێندە پیاوێکی بەئاگاو خوێندەوار بووە ئەی لات وانییە خۆ کوژییەکەی لەبەر هۆکارێکی تر بێت، بۆ نموونە جارێک د.عێزەدین مستەفا ڕەسوڵ لەوەڵامی نوسینێکدا پێی ووتی:کە باپیری تۆ تورکە، تۆ بڵێیت هەمان قسە باپیرتی بەرەو خۆکوژی نەبردبێت؟ چونکە تا ئێستا ئەو هزرە داماوە لامان هەیە، بە تایبەتی لە باشوور بە کوردی بەشەکانی تر دەڵێن ئێرانی .. یان تورک یان سوری!؟ 

وەڵام: لەسەر مەسەلەی خۆکوشتن، من نامەوێت لە خۆمەوە وەڵامێک بدەمەوە، یان قسەیەک فڕێ بدەم، بیکەمەراستییەک، کە خۆم منداڵ بووم و ئاگاداری نەبووم، هەرچەندە پرسیارەکەتان دەخوازێت بەرەو ئەو ئاڕاستەیەم بڕۆم، ناچارم قسەیەکی تێدا بکەم، بۆ هۆکارێک بگەڕێم، کە لەنێو هزری خۆمدا وەڵامێکی گونجاو بدۆزمەوە، بۆیە بە گشتگیریی قسە لەسەر کاری خۆکوشتن دەکەم، دەچمەوە سەر لایەنە فەلسەفییەکەی و دەپرسین:
بۆچی مرۆڤێک بڕیار دەدات خۆی بکوژێت؟
ئێمە واز لە باری ئاڵۆزیی و دەروونی ئەو مرۆڤانە دەهێنین، کە خۆیان دەکوژن، چونکە بۆ هەریەکێکیان چیرۆکێکی تایبەتی هەیە، خۆکوشتنەکەش پەیوەستە بەشوێن و بیرکردنەوە جیاوازەکانی نێو کەسایەتییەکانی نێو (کۆمەڵگا فرە کەلتورەکان)یش، ئەگەر ئێمە ئەوە بە هەند وەربگرین و بیخەینە پێش چاومان، ئەوا لە بیرکردنەوەی ئەوانەوە تێگەین، کە دەیانەوێت ئەوە بڵێن، ژیان هیچ بەهایەکی نییە، بۆیە ئەم بڕیارەم داوە. لەو بارەیەوە زۆربەی فەیلەسوفەکان نەیانتوانیوە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و یەقین بەو پرسیارانە بدەنەوە، کە لایان دروست بووە.
ئەلبێر کامۆ خۆکوشتن وا لێک دەداتەوە، ژیان بە لای ئەوانەوە بەردەوامی دانە بەوەی کە رۆژانە دەیکەیتەوە، هەروەک سیزیف بەردەکە بۆ لوتکە دەبەیت، دوایی تل دەبێتەوە، ناچار سەرلەنوێ دەچیتەوە خوارێ و جارێکی دیکە پاڵی پێوە دەنێیت بۆ سەرەوە. ژیان بەردەوامیدانە بە هیچ، کە مرۆڤ ناگاتە هیچ ئەنجامێک و بێ مانابە.
ئەفلاتون کاری خۆکوژی بە کارێکی ناشرین ناو هێناوە، پێشنیاری ئەوە دەکات، ئەوەی خۆی دەکوژێت پێویستە لە گۆڕستانە گشتییەکان دووربخرێتەوە، ئەرستۆش رای هەر وایە، کە ئەوەی خۆی دەکوژێت هەڵەیەکە بەرامبەر بە دەوڵەت و کۆمەڵگا و دابو نەرێتەکانی دەیکات. ئەگەر بشگەڕێینەوە بۆ لای کامۆ کە خۆکوشتن بە گرفتێکی سەرەکی فەلسەفە لێک دەداتەوە، لە رێگای ئەم پرسیارەوە بە دوای وەڵامێکدا دەگەڕێت:
ئایا ژیان شایەنی ئەوەیە بەردەوامیی پێبدرێت؟!
بۆیە هەر وەڵامێک لەناو خودی ئەو پرسیارەدا بێ ئومێدی لێدەکەوێتەوە.
فەیلەسوفی ئەڵمانیش (کانت) دەڵێت: خۆکوشتن بۆ مەبەستێک لەگەڵ بیروباوەڕی مرۆڤایەتییدا یەک ناگرێتەوە.
نووسینی میشیل ئارتسیباشیف لە رۆمانی (سانین)، هاوڕێیەکی سانین خۆی دەکوژێت،  داوای لێدەکەن لەسەر گۆڕەکەی ماڵئاوایی لێبکات، هیچ قسەیەکی بۆ نایەت کە بیڵێت، تەنیا ئەوە نەبێت، کە دەڵێت: (جیهان بێ عەقڵێکی تری لێ کەمبووەوە)- اصول الدافع - ص٦٣.
تۆماز هۆبز و جۆن لۆکی ئینگلیزی رایان وایە، خۆکوژی مافی تاکە کەسە، ئەو کەسە خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی دەدات، ئایا بەردەوام بێت، یان کۆتایی پێ بهێنێت.
خۆکۆشتن هۆکاری زۆرە و بەپێی ئاستی روناکبیریی، وشیاریی و ئەو کۆمەڵگایەش دەگۆڕێت، کە مرۆڤەکان تێێدا پەروەردە دەبن. موڕاڵ لەهزری خۆکۆشتندا رۆڵی سەرەکی دەبینێت، موڕاڵ لە سەرو هەستی مرۆڤەوە گەشە دەکات، کە بەردەوام هۆشمەندیی مرۆڤ، لەگەڵ سۆز و هەستی بە یەکدا دەدەن، کەسی وریا و بەئاگا لە کۆتایی بڕیارەکەدا، کە هەستی مرۆڤبوونە دووری دەخاتەوە و رێگری لێدەکات، ناهێڵێت بڕیارەکە جێبەجێ ببێت. بە پێچەوانەشەوە رەنگە عەقڵی مرۆڤ بگاتە ئەو ئەنجامەی بڕیاری خۆکۆشتن بدات و جێبەجێی بکات. بۆیە کاتێک مرۆڤێک خۆی دەکوژێت، لای خەڵکی پرسیاری زۆر بە دوای هۆکارەکەدا جێ دەهێڵێت، کەس ناتوانێت بگاتە ئەو ئەنجامەی بۆچی ئەو کەسە خۆی کوشتووە؟.
خۆکوژیی لەناو کۆمەڵگایەکدا کە کۆمەڵێک یاسا و رێسای خستبێتە نێو کەلتور و عادەتی خۆیەوە، کە هەستی باوکسالاریی تێیدا لە لوتکەدایە، بۆیە لەرزاندنی هەستی ئەو باوکە لە سالاری خۆی، هەستی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە، هەست بە سوکایەتیی و بچوکبوونەوە دەکات، تەنیا بڕیاری خۆکوشتن نەبێت، هیچ رێگایەکی دیکە نابینێتەوە، تا پاریزگاری لە کەسایەتی خۆی بکات، بۆ نمونە کاتێک ژنێک، سوکایەتیی، یان جنێوێکی بە پیاوەکە دابێت، لە هەیبەت و کەسێتی کەمکردبێتەوە بەتایبەتی لەبەر چاوی خەڵک ئەو سوکایەتییەی پێکرابێت، ئیتر لە ترۆپکەوە خۆی فڕێداوەتە خوارێ و بڕیاری خۆکوشتنی خۆی داوە. یان کەسێک سوکایەتی پێکرابێت و ناوناتۆرەی ناشرینی پێگوترابێت، ئەوا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. من لەوێدا هۆکاری خۆکوشتنی باییری خۆم دەدۆزمەوە ، کە رەنگە لەبەر ئەوە خۆی کوشتووە. من لەسەر ئەمە لە کاتی ئامادەکردنی تەواوی گەشتەکەدا زیاتر قسەی لەسەر دەکەم، چونکە باسەکە قوڵ و دوور درێژە، بەمەی باسم کردووە، جارێکی دیکە پێیدا دەچمەوە، لە ئیستادا نامەوێت درێژەی پێ بدەم.

پرسیار: لە کوێی ئەم باسەدا سامۆراییەکان دەدۆزیتەوە؟

سامۆڕاییەکان لەو بارەیەوە مێژوویەکی دوور و درێژیان بە دوای خۆیاندا جێهێشتووە ، پڕە لە کارەسات و خۆکۆژیی، کە تا ئەمڕۆش زۆربەی ژاپۆنەکان ئەو یاسایە پیادە دەکەن، بۆتە کەلتورێک بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی خۆیان.
سامۆڕا پێناسە و ناوێکە بۆ ئەو جەنگاوەرانەی سەردەمی کۆنی ژاپۆنەکان، بە زمانی ژاپۆنی سامۆرای واتا ئەو کەسەی ژیانی خۆی بۆخزمەتکردن پێشکەش دەکات و لە پێناو مەسەلەیەکدا خۆی بە کوشت دەدات. هەر بۆیە کاتێک کارێکی پێدەسپێردرێت و ناتوانێت جێبەجێی بکات، یان کێشەیەکی دێتە رێ، ئیتر بڕیاری خۆکوشتن دەدات، یان بە لێکردنەوەی بەشێک لە جەستەی خۆی، وەک قرتانی پەنچەی دەستی، سزای خۆی دەدات. ئا لێرەدا موڕاڵ بۆ جێبەجێکردنی پەیمانی ئەو کارە، بۆتە بەشێک لە کەسایەتیی ژاپۆنییەکان، سامۆرا مانایەک بە خۆکوژی دەدات، فەلسەفە و پەیامی ئەو بڕیارە لەوەدایە، کە مرۆڤی راستگۆ، بە وەفا، خۆنەویست، ئازا بەرهەم دەهێنێت، جوانیی بەو بڕیارە دەدات، کە نایەوێت تێێدا پاشگەز بێتەوە. مرۆڤ لە درۆکردن و ساختەچیتیی و خۆپەرستی دوور دەخاتەوە، کۆمەڵگا پەروەردە و یەکدەخات، تەژیی دەبێت لە رەوشتی جوان، ئەمەش ئەوەی هێنایەوە بیرم، بڵێم: ئەمە ئەو موڕاڵەش بوو، کە جاران پێشمەرگەشی لەسەر دروست بوو، هەر هەمان موڕاڵی سامۆراییەکان بوو. بەڵام خائینەکانی کورد و بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی، ئەو هەستەیان لە پێشمەرگەدا کوشت، تێکەڵ بە خیانەت و جاشایەتیی کرد. هەروەک سامۆرای چۆن بیروباوەڕ و ئایدیا بووە، پێشمەرگایەتیش بە هەمان فەلسەفە رێچکەی خۆی وەرگرتبوو، پێشمەرگایەتیی ئەرکێکی ئەخلاقیی بوو، بنەمایەکی فەلسەفی هەبوو. کەسێکی سامۆرای ژیانی خۆی تا کۆتایی خستۆتە خزمەتەوە، پێشمەرگەش پێشی لە مەرگ دەگرت و قوربانی بە ژیانی خۆی دەدا. ئەگەر پێشمەرگەیەک شەهید بووبێت، یان سامۆراییەک پەنجەیەکی خۆی قرتاندبێت، ورگی خۆی هەڵدڕیبێت، جیاوازیی زۆرە لەگەڵ ئەو کەسەی، کە خۆی دەکوژێت. 
بۆ کۆتایی وەڵامی ئەم پرسیارەتان پێشمەرگە و سامۆراییەک، وەک ئەوانە نیین، کە خۆیان دەکوژن، پێشمەرگە و سامۆرایەک بڕیاری کوشتنی خۆیان نادەن، بەڵکو لە پێناو مەسەلەیەکدا کە بڕوایان پێیەتی خۆیان دەکەنە قوربانی و کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن. کەسی خۆکوژ، خۆپەرستە، پێشمەرگە و سامۆرای پێچەوانەکەیەتی، خۆپەرست نیین. لێرەوە جیاوازییەکە هەست پێدەکرێت.
لە کۆتایی وەڵامی ئەم بەشەدا و لەسەر قسەکانی (د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ)، لە بەشێکی دیکەدا دێمەوە سەری و قسەی زیاتر دەکەم.

پرسیار: با جارێ لەسەردەمی منداڵیدا بمێنینەوە زۆرجاران باسی قوتابخانەی خالیدیە دەکرێت ، هەروەها باسی قەلەندەرخانەکەی "نەجمەدینی مەلا "ت کرد ، کە ماوەیەک لەلات خوێندووتە، لەو بارەیەوە وتارێکت لەسەری نووسیبوو، ئێستا چیت بیرماوە لەو پیاوە دانایەی کورد؟

وەڵام: نازانم چۆن باس قەلەندەرخانەکەی نەجمەدین مەلا بکەم لە گەڕەکی سابونکەرانی سلێمانی، ئەو بەهەشتە بچوکەی بۆ خۆی دروست کردبو، تێیدا ژیانی بەسەر دەبرد، کە ناوی کەشتی نوحی لێنابوو، چونکە ئەو شوێنە (قوتابخانە، حوجرە، شوێنی نووستن و خواردن و خواردنەوە، پشیلەبەخێوکردن، هەروەها بۆ خوێندنەوە کتێب دانابوو، هەندێکیشی لێدەفرۆشرا.).
من زۆر شتم لە بیر نەماوە، بەڵام دیمەنی ئەو شوێنەم لە یادە و لەبیرمدا نەسڕاونەتەوە. ئەو کاتەش وەکو لە نووسینەکەدا باسم کردووە. بەم شێوەیەی خوارەوە ئاوام نووسیوە:
کە ماڵمان لە سلێمانی گواستەوە بۆ سەروی سابونکەران (سەدەکە). ئەو ناوە تازە خەریک بوو ئاوەدان دەکرایەوە، من هەر لە قوتابخانەی خالیدیە مابوومەوە، بە پێ ئەو رێگا دوورەم دەبڕی دەچوومەوە بۆ قوتابخانەکەی خۆم لە بەرخانەقا. بۆ ماوەیەک لە کاتی پشووی سەری ساڵی قوتابخانەکاندا باوکم بردمی و لە قوتابخانەی کەشتی نوح، لای مامۆستا نەجمەدین مەلا داینام، نازانم چەند لەوێ بووم. 
 ئەمڕۆ پاش تێپەڕبوونی کەمێک لە ٦٠ ساڵ، بیرەوەرییەکان تەنگم پێهەڵدەچنن، بیرکردنەوەکان دەمهەژێنن، کەوتوومەتە شەن و کەوکردنیان، تا بزانم کامەیان بە کەڵکی ئەوە دێت باسی بکەم، یان بینووسمەوە و نازانم چییە لێمناگەڕێت دەیەوێت ئەوەی لە یادم ماوە و بەکەڵکی باسکردن و نووسینەوە دێن فریا بکەوم بینووسمەوە، لێ مەخابن ناتوانم دەستبەردانی هیچیان بم و هەر یەکەیان تەواوکەری ئەوەی دیکەیە، رەنگە کات و شوێنەکان جیاوازییان هەبێت، ئەمیان بۆ ئیستا و ئەویان بۆ کاتێکی دیکە هەڵبگرم.
 ئەوەی هانی دام بۆ درێژەدان بە گێڕانەوەی ئەم یادەورییانە، مەبەستێکم تێیدا هەبوو، ئەویش ناساندنی مەلا نەجمەدین مەلایە، یان ئەو هەموو مامۆستا و مەلا و کەسە ئاینیانەی سەردەمی پێشووە، کە ئیستا بەراوردیان لەگەڵ ئەمانەی ئەمڕۆدا دەکەم زۆر لە یەکتر جیاوازن و لە یەکتر ناچن.
 مەلا نەجمەدین مەلا وەکو لە وێنەدا دەیبینن، کەسێک بوو، ئەو پاروە نانەی خۆی کە دەیبرد بۆ دەمی بۆ ئەو رۆژەی بوو، نەک بۆ سبەی، تا خۆی دەوڵەمەند بکات بۆ پارووی سبەینێ، وەکو زۆربەی مەلاکانی ئەمڕۆ درۆزن و ساختەچیی نەبوو، لە حوجرەکەی خۆیدا کە ناوی (کەشتی نوح) بوو تێکەڵە بوو لە قوتابخانە و حوجرە، تامی هەردووکیانی دەدا، نیشتیمان و ئاین و بیروباوەرەکەی خۆی خۆش دەویست، هیچیانی لە یەکتر دوور نەدەخستەوە، بە ناوی ئاینەوە کاری سیخوڕی نەدەکرد، نیشتیمانی نەدەکرد بە قوربانی داگیرکەران، وەکو ئەم مەلا کەڵەکچیی و ساختەچیانەی نمونەی مەلا سەید ئەحمەد پێنجوینی نەبوو. قورعانی بە جوانی خەتم کردبوو، نەک وەکو مەلا کرێکار بە زمانە لوسەکەی کەسانی ساویلکەی پێ لە خشتە بەرێت و فەتوانی کوشتن و بڕین و توندوتیژی دەربکات، وەکو مەلا و پێشنوێژ و خەتیبەکانی ئەمرۆ نەیدەگوت بڕۆن میزی حوشتر بخۆنەوە بۆ ئەوەی لە دەردوبەڵا لاتان بدات، جادوگەر و نوشتەگرەوە نەبوو، دەستی خەڵکی نەدەبڕی و لە ژێرەوە بەنگەخوێنی حەرامی لە ئافرەتی سادە و ساویلکە نەدەکردەوە. قین و ترسی لە دڵی کەسدا نەدەچاند و لە خۆشەویستی نەدەتۆراندن، ئاینی دەگوتەوە لە خزمەتی خاک و خەڵکدا بوو، نەک لە خزمەتی هەوەس و ئارەزویی شەخسیی و خزمەتی بێگانە، هەمیشە سەری زمانی و بنی زمانی خۆشەویستی نیشتیمان و کورد و کوردستان بوو، جلکی کوردی بە پیرۆز دەزانی، نەک ئەو بەرگەی مەلا و ئیمامی مزگەوتەکانی ئەمڕۆ، کە لەبەری دەکەن، هەر کەسێک منداڵەکەی ناوی کوردی بوایە دەستخۆشی لێدەکرد، نەیدەگوت حەرام و گوناحە، لەگەڵ ئەوەشدا مەلا نەجمەدین زۆر زیرەک و لێهاتوو بوو، وەکو ئەمانەی ئەمڕۆ لە خۆیانەوە تەفسیری قورعانی نەدەکرد، هانی خەڵکی نەدەدا لە بری دەرمان میز و پشقڵی وشتر بخۆن، ئاژەڵ دۆست بوو، هەمیشە پشیلە لە نێو کەشتی نوحدا هاتوچۆ و تەراتێنیان دەکرد، باسی پاک و خاوێنی دەکرد، هانی قوتابییەکانی دەدا، بخوێنن و زانست فێربن. لە رێگای عەقڵەوە زادە و تێگەیشتنی مێشکیان فراوانر بکەن، نەک عەقڵ دابخەن و روخساریان لەژێر ریشێکدا بشارنەوە. مەلا نەجمەدین مەلا خاوەنی کەسایەتییەکی دەرون تەندروست و خۆشەویست و سادە بوو، نووسەر بوو بە مانای روناکبیر و زانای ئەو سەردەمە، خۆی دەرنەدەخست. لە کۆتاییدا لە بیرم ماوە، کە بە منداڵی لە (رۆژی نوێ)دا باسێکی نووسیبوو کە چۆن دەتوانیت شوتییەک بهێنی و درزێکی تێبکەیت، کڵۆیەک شەکر بئاخنیتە ناوێوە، دوایی بە پارچە هەویرێک سەرەکەی بنێیتەوە، لە ماوەی چل رۆژدا دەبێت بە شەراب، باسێکی زانستیانە بوو، نەک دوورکەوتنەوە لەو ئاینەی کە بڕوای پێی بوو.