کورتەی وەڵامی زانست بۆ پرسیارە سەخت و ئاڵۆزەکان

Monday, 03.28.2022, 1:30

4647 بینراوە


ستیفن هۆکینگ: من منداڵێکم هەرگیز گەورە نابم، هەردەم بەردەوامم لە پرسیارکردن "چۆن" و "بۆچی" بەمەش هەندێ جار دەگەمە وەڵام.


گەشتێکی خێرا بەرەو ڕابردوو، لە مرۆڤەوە بۆ وزەی بۆشایی؛

- مرۆڤ چۆن پەیدابووە؟
- ژیان، یان یەکەمین خانە چۆن سەری هەڵداوە؟
- گەردوون چۆن هاتۆتە بوون؟
- پێش گەردوون چی هەبووە، یاخۆ هۆکارەکانی تەقینەوەی مەزن چین؟
- ماددەی تەقینەوەکە لەکوێوە هاتووە، یان وزەیەی بۆشایی چییە؟

مرۆڤ چۆن پەیدابووە؟

بەگوێرەی تیۆری پەرەسەندن (Theory of Evolution)، پە‌رە‌سە‌ندن لە‌ زیندە‌وە‌رزانیدا بریتییە لە، گۆڕانێک لە ئاستی جینەکی کۆمەڵەی جۆرێکی دیارکراو کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵە نیشانە و تایبەتمەندییەکی نوێ، پاشان لەڕێی یەکە بۆماوەیییەکانەوە نەوە لە دوای نەوە دەگوێزرێنەوە، دەرەنجام بە ‌بە‌ردە‌وامبوون و کە‌ڵە‌کە‌بوونی ئەو گۆڕانانە بە‌ ماوە‌یە‌کی دوورودرێژ،‌‌ جۆرێک دێتە کایەوە کە لە‌ جۆرە‌کە‌ی پێشووی جیاواز بێت. ئەمە ئەو واتایە دەگەیێنێت کە هە‌موو جۆرێکی نوێ لە‌ جۆرێکی پێش خۆی هاتووە، هە‌ر جۆرێکیان پێشینە‌یەکی هە‌یە جیاوازە‌ لە‌گە‌ڵ جۆرەکانی دی، ‌پێشینە‌ی هاوبە‌شی جۆرێک لە‌گە‌ڵ جۆرێکی نێزیک خۆی، لە‌ ماوە‌ و ڕابردووێکی دوورتردا ‌هە‌بووە.
بە ڕای زاناکان کیشوەری ئەفریکا زێدی دەرکەوتنی مرۆڤە، دۆزینەوەی پێشینەکان و جێماو و هە‌ڵکۆڵدراوە تایبە‌تییەکانی مرۆڤی کۆن، وایان کردووە بەڵگەکانی پەرەسەندن و گۆڕانی پلە‌پلە‌یی ئەو پێشینانە بەرەو مرۆڤ، لە زۆربە‌ی لایە‌نە‌کانیاندا جێگیر و چەسپاو بن. 
ئاکامەکانی گەلەک لێکۆڵینەوە ئەوە دەردەخەن کە شێوە مرۆیییەکان، یان مەیموونە باڵاکان، خاوەن پێشینەیەکی هاوبەشن. ئەو مەیموونە باڵایانە لکێکن لە سەرەکییەکان کە مرۆڤ و مەیموونەکانی وەک، گۆرێلا، شیمپانزی، ئۆرانگوتان، بۆنۆبۆ و چەندان جۆری دیکەی بنەبڕبوو دەگرێتەوە.
مرۆڤی ژیر، یان هۆشدار (Homo sapiens)، ئەوەی مرۆڤی ئەمڕۆکە بەشێکە لێی، پێش نێزیکەی 200 هەزار ساڵ، لە خۆرهەڵاتی ئەفریکا دەرکەوتووە، پێش نێزیکەی 50 هەزار ساڵێکیش بە هەموو لایەکی جیهانەدا بڵاو بووەتەوە. کۆمەڵەکانی دی لەبەر نزمیی ئاستی هۆشدارییان و چەند هۆکارێکی دیکە، نەیان توانیووە کێبەرکێ بکەن لەگەڵ کۆمەڵەی ئەم ڕەگەزە نوێیەی کە هاتوونەتە دەڤەرەکانیان، بۆیە دەبینین ئەمانە یان بەرەبەرە بنەبڕ بوونە، یاخۆ لەناو کۆمەڵە نوێیەکەدا تواونەتەوە.
گەلەک بەکورتی ڕەوتی پەرەسەندنی مرۆڤ لەیەکەمین خانەوە بەم ڕیزبەندییەی پێشینە سەرەکییە ئاژەڵییەکانی تێپەڕیووە؛
یەکەی کات 1 = ملیۆنێک ساڵ
0.2: هۆمۆ ساپیەنس (Homo sapiens)، مرۆڤی هۆشدار (ژیر)، یاخۆ مرۆڤی هاوچەرخ. 
0.3: مرۆڤی نیاندە‌رتاڵ (Homo neanderthalensis)، کۆمەڵەیەکی دیکەی مرۆڤ کە هاوسەردەمی مرۆڤی هاوچەرخ بووە، نێزیکەی 30 هەزار ساڵ لەمەوبەر بنەبڕ بوون. 
0.6: مرۆڤی هایدلبێرگ‌ (Homo heidelbergensis)، پێشینە‌ی ڕاستەوخۆی نیاندە‌رتاڵ و هۆمۆ ساپیەنس. 
1.8: هۆمۆ ئیڕەکتس (Homo erectus)، یە‌کێکە لە‌ سەرەکیترین و نێزیکترین پێشینە‌کانی مرۆڤی نوێدەم.
1.9: هۆمۆ ڕودۆلفینسیس (Homo rudolfensis)، یەکێک لە کۆمەڵەی جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ.
2: هۆمۆ هابیلس (Homo habilis)، مرۆڤی کارامە، یەکێکی دیکە لە کۆمەڵەی مرۆڤ. 
2.5: هۆمۆ (Homo)، پێشینە‌ی مرۆیییەکان.
3.5: ئە‌سترە‌لۆپیتکس (Australopithecus)، نیوچەمرۆڤەکان، جۆرێک لە پێشینەکانمان.
4.4: ئاردیپیتیکس ڕامیدس (Ardipithecus ramidus)، یەکێک لە نیوچەمرۆڤەکانی پێشینەی مرۆڤ.
6: ئۆرۆرین توگنێنسیس (Orrorin tugenensis)، جۆرێک لە نیوچەمرۆڤەکان، پێشینەیەکی کۆنترمان.
7: ساهیلە‌نتڕۆپس چادنسیس (Sahelanthropus tchadensis)، دوا پێشینە‌ی شیمپانزی و مرۆڤ.
17: پێشینە‌ی مە‌یموونە‌ باڵاکانن (Hominidae) (ئۆرانگوتان، گۆریلا، شیمپانزی،‌ بۆنۆبۆ، مرۆڤ).
25: کاتارهینی بووە‌ دوو بە‌ش: مە‌یموونی جیهانی کۆن و مە‌یموونە‌ نوێباوە‌کان.
30: شێوە مەیموونییەکان بوونە‌ دوو بەش:‌ پلاتیرهینی (Platyrrhini) مە‌یموونە‌کانی جیهانی نوێ، کاتارهینی (Catarrhini) مەیموونەکانی ئە‌فریکا.‌
35: ‌هاپلۆرهینی بووە دوو لک: تارسیفۆڕمەکان (Tarsiiformes) شێوە نیوچەمەیموونییەکان، سیمییفۆڕمەکان (Simiiformes) شێوە مەیموونییەکان.
40: سە‌رە‌کییە‌کان بوون بە دوو بە‌ش: ستریپسیرهینی‌‌ (Strepsirrhini) پێشینە‌ی لیمورییەکان، هاپلۆرهینی (Haplorhini) پێشینە‌ی شێوە مە‌یموونییەکان.
57: سەرەکییەکان (Primates)، پێشینەی نیوچەمەیموونەکان و مەیموونەکان.
125: ئیۆمایا سکانسۆریا (Eomaia scansoria)، پێشینە‌ی شیردە‌رە‌ وێڵداشدارە‌کان.
200: دەرکەوتنی شیردە‌رە‌کان.
210: سینۆدۆنتس (Cynodonts)، پێشینە‌ی شیردە‌رە‌کانی ئە‌مڕۆ. 
256: خشۆکە‌کان بوون بە‌‌ دوو بە‌ش: پێشینە‌ی خشۆکاکانی ئێستە و نیوچە‌شیردە‌رەکان‌.
300: پە‌رە‌سە‌ندنی وشکاوە‌کییە‌کان بەرەو خشۆکەکان. 
340: ئە‌کانتۆستیگا (Acanthostega)، ئاژەڵە چوارپە‌لەکان.
600: زیندە‌وە‌رە (ئاژەڵ) فرە‌خانە سە‌رە‌تایییە‌کان.
2100: زیندەوەرە یەکخانەیییەکانی خاوە‌ن ناوکۆکە‌یە‌کی ڕاستە‌قینە (ئاڵۆزاو).
3500: دوا پێشینە‌ی گشتی بووە دوو بەش، زیندەوەرە یە‌کخانە‌یییەکانی خاوە‌ن ناوکۆکە‌یە‌کی سە‌رە‌تایی‌ و بەکتریا.
3800: پەیدابوونی ژیان، پاشان دەرکەوتنی پێکهاتە‌ سە‌رە‌تایییە‌کان.

ژیان، یان یەکەمین خانە چۆن سەری هەڵداوە؟

بە پشت بەستن بە تیۆر‌ی پە‌یدابوونی ژیان (Abiogenesis)، زانست دەکارێت بە تۆژینەوە و تێگەیشتن لە کۆمەڵێک کرداری سروشتی ئەو مێژووە دێرینەی زەوی، ڕاڤەیەک پێشکێش بکات دەربارەی سەرهەڵدانی یە‌کە‌مین خانە، یان یەکەمین جۆرە بوونە‌وە‌ری زیندوو لە‌ کە‌رەستە‌ نازیندووە‌کان.
زۆرینە‌ی زاناکان لە‌و باوە‌ڕە‌ن کە پاش گەلەک گۆڕانکاری مەزن لە کەشوهەوا، بوونی گڕکانەکان، بەرەڵابوونی چەندان گاز و پێکهاتنی ئاوێتە کیمیایییەکان، ژیان لە‌ پێکە‌وە‌بوون و ڕیزبوونی کە‌رەستە‌ نازیندووە‌کان پە‌یدا بووە (پێش 3.8 تا 4 ملیار ساڵ).‌ پاشان جێگیربوون و مانە‌وە‌ی ئە‌و پێکە‌وە‌بوونە‌ی گە‌ردیلە‌ کیمیایییە زیندە‌کییەکان و کاریگە‌ری کۆمەڵێک هۆکاری سروشتی دیکە، بووەتە‌ هۆی داڕشتن و ڕۆنانی جۆرە‌ ئاوێتە‌یە‌کی کاربۆنی ئاڵۆزی وا کە بشێ خانە‌ی زیندووی گەلەک سادە و ساکاری لێ بێتە کایەوە.
هەندێ لە زاناکان پێان وایە کە یەکە بنچینەیییەکانی پێکهێنەی ژیان، لەڕێی خۆپێدادانی تەنە ئاسمانییەکانی وەک، ئەستێرە کشاوەکان، یاخۆ کلکدارەکانەوە هاتبن، چونکە گەلەک لێکۆڵینەوەی زانستی ئەوەیان ڕوون کردووەتەوە کە ئەم تەنە ئاسمانییانە هەڵگری چەندان جۆرە زیندەتوخمی کیمیایین. بەشێکیش سە‌رە‌تای ژیان بە‌و ناوەندە‌ قوڕاویییانە‌ی دەبەستنەوە کە بە ‌بوونی بارگە‌داری کارە‌بایی، توانیوویانە گە‌ردیلە‌ زیندە‌کییەکان بۆ خۆیان ڕابکێشن. هەندێکیشیان‌ بەتایبەتی زاناکانی هاوچەرخ، ئەو سەرەتایە دەگەڕێننەوە بۆ بنە‌بانی دە‌ریاکانی پڕ لە ئاوێتە کیمیایییەکان، ئەوانەی لەژێر پەستانی توند و دوور لە تیشکە زیاندەرەکانی خۆرن.
ژمارەیەک ئەزموون ئەنجام دروان بۆ شارەزابوون لە چۆنەتی هاتنەکایەی ژیان لە ماددەی نازیندوو، وەک ئەوەی بە‌ (ئە‌زموونی میلە‌ر - یوری) بەناوبانگە. ئە‌مانە‌ لە‌ ئە‌زموونگەکەیاندا‌ ناوەندێکی تا ڕادەیەک هاوشێوە‌ لە‌گە‌ڵ‌ ژینگە‌ی ئە‌و ساتە‌ی زە‌وی دروست کرد. ئە‌و ناوەندە‌ لەگەڵ بوونی چەند پێکهاتەیەک، ئۆکسیجنی لێ نە‌بوو، بەڵام ڕێژە‌یە‌کی زۆر لە‌ هایدرۆجنی تێدا بوو، پلە‌ی گە‌رمیشی دە‌گە‌یشتە‌ ئاستی کوڵان، هەروەها بارگە‌ی کارە‌بایی تێدا هەبوو، بەو شێوەیەی کە لە‌ هەور و بروسکە‌دا هە‌یە.‌ وێڕای ئەوەی کە ‌تا ئە‌مڕۆ بە‌تە‌واوی نازانرێت، ژینگە‌ی ئە‌و کاتە‌ چۆن بووە‌ و هە‌لومە‌رجە‌کانی پە‌یدابوونی ژیان چی بوون، کەچی بەرەنجامە‌کانی ئە‌و ئە‌زموونە‌ گەلەک بایە‌خدار و سە‌رنجڕاکێش بوون. بە‌ تێپە‌ڕبوونی یە‌ک هە‌فتە‌ گازی میتان و پێکهاتە‌ کاربۆنییە‌ سادە‌کان، بوونە‌ چە‌ند پێکهاتە‌یە‌کی گە‌ورە‌تری وەک، فۆرماڵدیهاید، هایدرۆجن سیانید، پاشان بۆ پێکهاتە‌ی ئاڵۆز‌تری وەک، ترشی فۆڕمیک و یوریا، لە دواییشدا‌ بوونە ترشە‌ ئە‌مینییە‌کانی وەک، گلایسین و ئالانین. زانراوەیشە کە ئەو‌ ترشە‌ ئە‌مینییانە، یە‌کە‌ بنەڕەتییە‌کانی ڕۆنانی پڕۆتین و خانە‌کانن لە لەشی گشت زیندەوەراندا.
لەگەڵ ئەوەی ئەزموونی (میلە‌ر – یوری) و هاوشێوەکانی چەند هەوڵێکی گرینگ و پڕبایەخن، کەچی ئێستە زاناکان ئەمانە بە شێوازێکی کۆن دادەنێن. ئەمڕۆکە زانست گەیشتووەتە ئاستێکی یەکجار بەرز لەم لایەنەدا، بە جۆرێک زۆر کەمی ماوە لەوەی بە شێوەیەکی دەستکرد زیندەوەرێکی ناوازە بهێنێتە کایەوە، بەو هیوایەشە لە ئایندەیەکی نێزیک یەکەمین پێکهاتەی زیندوو دروست بکات.
لە سەرەتادا ژیان لە شێوەی زیندەوەرێکی یەکخانەیی ئەوپەڕی سادە هاتووەتە کایەوە، پاشان زۆر بووە، لە دوای ماوەیەکی یەکجار درێژ، وەک ئەوانەی لێ هاتووە کە ئێستە بە بەکتریاکان دەناسرێن. ئەم زیندەوەرانە بەدرێژایی چەند ملیار ساڵێک بە یەکخانەیی مانەوە کە دەکرا هەر بەو شێوەیەش بمێننەوە، ئەگەر زەوی دووچاری گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی کەشوهەوا و زۆری دیکەی سروشتی نەبوایە کە بوونە هۆی پەرەسەندن و گۆڕینی ڕێچکەی ژیانی بوونەوەرە زیندووەکان.
پێش نێزیکەی یەک ملیار ساڵ، لە دوای چەندان ڕووداوی سروشتیی مەزن، ڕوە‌کە‌ ئاویییە‌ فرە‌خانە‌کانی لە شێوەی قە‌وزە‌کان بەدەر کەوتن. پاش نەمانی چاخە سەهۆڵینە دورودرێژ و سەختەکەی زەوی (پێش 600 ملیۆن ساڵ)، تەشەنەکردنی زیندەوەرانی ئەو دەمە گوڕوتینی تێ کەوت، بە ئاڵۆزانی پتری زیندەوەرە یەکخانەیییەکان، زیندەوەرە فرەخانەکان سەریان هەڵدا. زاناکان دەڵێن، دەکرێ گۆڕانکارییەکی ناوەکی ڕووی دابێت، لە یەکێک لەو زیندەوەرە یەکخانەیییانە کە پاش ئەوەی دەستی بە دابەشبوون کردووە و بووەتە دوو خانە، نەیتوانیوە جیا ببێتەوە لە خانەکەی دیکە، ئەمەش وای کردبێ زیندەوەری دووخانەیی، پاشانیش بە کەڵەکەبوون و چەندجارەبوونەوەی ئەو ڕووداوانە فرەخانەیی بێتە بەرهەم. بەدوای ئەمانەوە بەیەکەوەبوون و پێکەوەنانی فرەخانەکان، بووەتە هۆی پەیدابوونی شانە ئاڵۆزەکانی لەشی زیندەوەران و هاتنەکایەی کۆئەندامەکانی وەک: هەرسکردن، هەناسەدان، زاوزێکردن و چەندانێکی دی. ئیدی بەرەبەرە و یەک لە دوای یەک، ئەندامی وا چێ بووە کە بتوانێ ئەو کۆئەندامانە بەیەکەوە، پاشانیش هەموویان بەدەرەوە گرێ بدات. لە ئاکامی هەوڵدان بۆ پێوەندی و ئاڵوگۆڕکردنەکان بە جیهانی دەرەوەدا، کۆئەندامی هەستەکی سەری هەڵدا، دوای کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەرەو ئاڵۆزی و چڕبوونەوەی زێدەتر، لەلای چەند جۆرە ئاژەڵێک مێشک پەیدا بوو، بە گەشەکردنی هەستەکان و پەرەسەندنی مێشک، سەربەخۆیی و ژیریی بۆ ئەنجامدانی هەڵسوکەوت و چالاکییە جۆراوجۆرەکان پتر بوون. بەر لە 65 ملیۆن ساڵ کاتێک بە کارەساتێکی سروشتی دیانسۆرەکان لەناو چوون، هەندێک جۆری دیکە ڕزگاریان بوو، لە ڕیزی ئەمانەشدا شیردەرە بچووکەکان بوون کە توانیان خۆیان لە کون و کەلەبەرەکانی ناو زەویدا بشێرنەوە. پاشان بە پەرەسەندنە چەندجارە و ئاڵۆزەکانی ئەمانە، شیردەرە مەزنەکان و ئاژەڵە سەرەکییەکان سەریان هەڵدا، لە دوای ئەمانەوەش مرۆڤ پەیدا بوو.

گەردوون چۆن هاتۆتە بوون؟

بنەما سەرەکییەکەی تیۆری تەقینەوەی مەزن (Big Bang Theory) پێمان دەڵێت، گەردوون پێش نێزیکەی 13.8 ملیار ساڵ لە خاڵێکی یەکجار بچووکی (تاکایەتیی - Singularity) لەڕادەبەدەر چڕ و گەرم پەیدابووە.
ئەو دەمەی گەردوون تازە سەری هەڵدا و تەمەنەکەی بەشێک بوو لە سەد ملیار ترلیۆن ترلیۆنی چرکەیەک، دووچاری بازدانێک لە فرەوانبوونی ناوازە بووەوە. گەردوون تا دەهات فرەوانتر دەبوو، بەمەش چڕی کەمتر و پلەی گەرمی نزمتر دەبووەوە. پاش ئەو بازدانە گەورەیە لە هەڵئاوسان، گەردوون بەردەوام بوو لە فرەوانبوون بەڵام بەڕێژەیەکی خاوتر، بە ساردبوونەوەی پتر ماددە هاتە چێبوون. توخمە کیمیاییە سووکەکان هەر لە یەکەمین سێ خولەکی پێکهاتنی گەردوون سەریان هەڵدا، بە فرەوانبوونی زیاتر و کەمبوونەوەی پلە گەرمی و بەبەریەک کەوتنی پرۆتۆنەکان و نیۆترۆنەکان دیوتیریوم پەیدا دەبێ، پاش یەکگرتنی ژمارەیەکی زۆری دیوتیریوم توخمی هیلیۆم بەبەرهەم دێت.
لەدوای تێپەڕبوونی نێزیکەی 380 هەزار ساڵ بەسەر تەقینەوەی مەزن، تا ئەو دەمە گەردوون گەلەک گەرم بوو ڕێی نەدەدا تیشک بدرەوشێتەوە و ڕۆشنایی بدات، بەڵام هێزی بەریەک کەوتن و خۆپێکێشانی گەردیلەکان هێندە تووند بوون، بکارن ببنە پلازمایەکی چڕی لێڵ لە پرۆتۆن و نیۆترۆن و ئەلیکترۆنەکان. پاشان بە پێکبەندی ناوکە و ئەلیکترۆنەکان گەردیلەی هاوبارگەی کارەبایی چێ بوو. بە تێپەڕبوونی نێزیکەی 400 ملیۆن ساڵ بەسەر تەقینەوەی مەزن، گەردوون چاخە تاریکەکانی خۆی بەجێ هێشت. بەدرێژایی ئەو کاتە، کۆبوونەوەی بڕی ئەو گازەی هەبووە گەیشتە ئاستێک ببێتە بنچینەی پێکهاتنی ئەستێرە و گەلەستێرە هەرە یەکەمەکان. پاش بڵاوبوونەوەی هایدرۆجین و هیلیۆم بە گەردووندا، هێزی کێشکردن بووە هۆی کۆبوونەوەی هەورە زەبەلاحەکانی تۆز و گەرد و گازەکان (Nebula)، دەرەنجام ئەستێرەی لێ دروست بوو، دوای ئەوە بە نێزیکبوونەوە و پێکەوەبوونی کۆمەڵێک ئەستێرە، گەلەستێرەکان هاتنە چێبوون.
کۆمەڵە خۆرەکەی ئێمە، لەدوای نێزیکەی 9 ملیار ساڵ لە تەقینەوەی مەزن لەدایک بووە، ئەمەش تەمەنەکەی یەکسان دەکات بە 4.6 ملیار ساڵ. کۆمەڵەی خۆرەکەمان پاشماوەی تەقینەوە و مردنی ئەستێرەی مەزنی دیکەی ناو گەلەستێرەکەمان بووە. لەتەک پێکهاتنی خۆر وەک ئەستێرەیەک، بڕێک لە گاز و گەردی هەورەکە دیسانەوە بووە دوو بەش، یەکێکیان چوار هەسارە بچووکە ناوەکییەکانی نێزیک لە خۆری لێهاتە بەرهەم کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کانزاکان و بەردەکان پێک دێن، زەویش یەکێکە لەوانە. هەسارە دەرەکییەکانیش بە شێوەیەکی سەرەکی لە گازەکان پێک دێن، ئەوانەن کە قەبارەیان گەورەیە و دوورن لە خۆر.
ئەمانە چەند بەڵگەیەکن لە ژمارەیەکی زۆری دی، بۆ پشتەوانی زاناکان لەم بیردۆزە پڕبایەخە: - دۆزینەوەی جێماو و پاشخانی مایکرۆوێیڤی تروسکەی تەقینەوەکە.
- فرەوانبوونی بەردەوامی گەردوون و دوورکەوتنەوەی گەلەستێرەکان لەیەکدی.
- دەستنیشان کردنی درێژیی شەبەنگی ڕووناکییان بەرەو ڕەنگی سوور.
- بوونی بڕێکی گەلەک زۆر لە پاشماوەی گازی توخمە سووکەکانی هایدرۆجن و هیلیۆم و هاوتاکانی کە بەهاوسەنگی بە هەموو لایەکانی گەردووندا بڵاوبوونەتەوە.

پێش گەردوون چی هەبووە، یاخۆ هۆکارەکانی تەقینەوەی مەزن چین؟

زاناکان چەندین تۆژینەوەیان بەئەنجام گەیاندووە بۆ دەستنیشان کردنی سەرچاوە و هۆکاری تەقینەوەی مەزن، لەمانەش زۆر بەکورتی؛
- تیۆری داتەپینی مەزن (The Big Bounce theory)، بەگوێرەی ئەم تیۆرە، پاش ئەوەی گەردوون لە فرەوانبوونەوە وەستا، لەبەر کەمبوونی هێزی هەڵاوسان بەرانبەر بە هێزی بەکێشکردن، گەردوون داتەپییە ناو خۆی، پێش ئەوەی بتەقێتەوە بۆ تەقینەوەیەکی مەزنی دیکە. واتە هیچ سەرەتایەک و هۆکارێک بوونی نییە، سەرچاوەی گەردوونی ئێمە یەکێکە لە هەڵاوسان و داتەپینە یەک لەدوای یەکە بێسنوورەکان.
- تیۆری هەڵئاوسانی پشێویی (The chaotic inflation theory)، لەمەدا گەردوونی ئێمە یەکێکە لە ژمارەیەکی بێکۆتا لە گەردوونەکان، بەوەی گەردوون هەڵاوسانێکە لە هەڵاوسانەکانی وزە پشێوەکان کە دەبێتە هۆی بەریەککەوتنی گەردوونەکان و تەقینەوەیەکی مەزن، بۆ بەبەرهەمهێنانی هەڵاوسانی زێدەتر.
- تەقینەوەی گەردوون لە چاڵێکی ڕەشەوە (Black hole): بەگوێرەی ئەم تیۆرە (نیکۆدیم پۆپلاوسکی)، گشت چاڵێکی ڕەش، ماددە هەڵ دەلووشێت و بەرانبەرە بە چاڵێکی سپی لە ڕووێکی دیکەی بوونایەتییەوە کە ماددە دەردەهاوێژێت، ئەمەش دەبێتە سەرچاوە و هۆکار بۆ سەرهەڵدانی گەردوون. 
- کاشوێن (Spacetime)، کات و شوێن بەندن بەیەکدی و لەگەڵ تەقینەوەکە پەیدا بوونە. زانای ناودار ستیڤن هۆکینگ دەڵێت، گەردوون لە نەبوونەوە هاتووە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە لە هیچ شتێکی وا نەهاتووە بتوانین پێناسەیەکی پێ بدەین، کردارەکەش نە دروستبوون نە لەناوبردن بووە، تەنیا بوونێک بووە و هیچی دی. کات پێش تەقینەوەکە بوونی نەبوو، بۆیە پرسیارێکی بەجێ نییە، گەر بڵێین پێش تەقینەوەکە چی هەبووە، بەهەمان شێوە شوێن لەگەڵ هەڵاوسانەکە پەیدا بووە، چونکە بەو جۆرە نەبووە بڵێین، تەنۆلکەکان لەناو شوێنێک، یان لە بۆشاییەکدا بکشێن، بگرە کشان و فرەوانبوونی خودی شوێن بووە. واتە گەردوون بە بوونی هێزێکی نێو خۆی (کێشکردن) خۆکار هاتۆتە کایەوە. 
ئەمانە هەموویان سەربە فیزیای تیۆریین و هەر یەکەیان پاڵپشت دەکرێن بە چەند تێڕوانین و دەرەنجامێک زانستی، تا بکارن بێنە ڕیزی تیۆری زانستیی، کامەیانیش بووە خاوەنی زیاترین بەڵگە، ئەوا وەک ڕاڤەک دەناسرێ و لای زاناکان و ڕێکخراوە زانستییەکان متمانەی پێ دەدرێت.

ماددەی تەقینەوەکە لەکوێوە هاتووە، یان وزەیەی بۆشایی چییە؟

پێشتر زانیمان کە گەردوون لە سەرەتادا قەبارەکەی ملیاران ملیار جار لە گەردیلەش بچووکتر بووە، کەواتە هاتنی گەردوون ڕووداوێکی کوانتەمی بووە، بۆیە دەچێتە چوارچێوەی فیزیای کوانتەم (Quantum mechanics).
بۆشایی لە بواری کوانتەمیدا خاوەنی بڕێکی ناجێگیرە لە گۆڕانی وزە کە ناو دەنرێت بە لەرینەوە، یان هەژانی کوانتەمی (Quantum fluctuation). ئەمەش دۆخێکە تێیدا دەکرێ بڕێکی زۆری وزە لە کاتێکی یەکجار کورت بێتە بەرهەم، تەنانەت لەو شوێنانەش کە بەتەواوی بەتاڵن و هیچیان لێ نییە. چونکە لە خاڵێکی دیارکراوی ئەو بۆشاییانە، وزە بەهاکەی دەبزوێت و بەردەوام لە گۆڕاندایە لەنێوان بڕە زۆر نزم و بەرزەکان، بەمەرجێ ئەو هەژانە و سەرهەڵدانەی وزە گەلەک بەخێرایی نەمێنێ، تا هەمیشە پابەند بێت بە بنەمای پارێزرانی وزە. هەندێ جار لە یەکێک لەو چرکەساتانە وزەیەکی مەزن دێتە کایەوە، دەبێتە هۆی بەبەرهەمهێنانی تەنۆلکە و دژەتەنۆلکەکان. ئەگەری ئەوە هەیە بڕە وزەیەک بەشێوەی تەنۆلکەیەک لەم نەبوونایەتییە دەرباز ببێ و بە بوونی هۆکارێک (هاوشێوەی فرەوانبوونێکی مەزن و خێرای شوێن) نەگاتە دژەکەی تا لەناو بچێت، بەمەش هەلێکی بۆ بڕەخسێت و ببێتە بوونێکی ڕاستەقینە. 
ئەگەر بچینە ڕووبەرە هەرەوردەکانی جیهانی کوانتەمی، دەبینین بنەمای هۆیەتی بەرەبەرە بەهاکەی نامێنێ، ڕوودانی هەموو دیاردەیەک ئەگەرەکییە و هۆکار و دەرەنجامی تێدا نابیندرێت، بۆیە گەڕان بەدوای بکەری تەقینەوە و فرەوانبوون لەو ڕەهەندەدا مانایەکی ئەوتۆی نییە. گەردوونناسی هاوچەرخ پێمان دەڵێت، خودی گەردوون سەرەتای هەیە و هەرهەبوو (ئەزەلی) نییە، بەڵام هەژانە کوانتەمییەکان هەرهەبوون و هەردەم ئەگەری ئەوەیان هەیە گەردوونەکان بە بەرهەم بهێنن.
نەبوونایەتی ڕەها (العدم المطلق)، زاراوەیەکی فەلسەفییە و هەڵبەستراوی ئایندارانە و لە زانستدا جێی نابێتەوە. هەتا ئێستە هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ هاتنی گەردوون لە نەبوونایەتییەکی ڕەهاوە، بەڵام بۆ هاتنی وزە و ماددە (دەگۆڕێن بۆ یەکدی و دوو ڕووی یەک بوونن) لە نەبوونایەتی فیزیکییەوە، زانست خاوەنی بەڵگەی ئەزموونەکییە. ئەمەیان ماوەیەک پێش ئێستە بە ئەزموونی یەکلاییکەرەوە سەلمێندرا لەو دیاردەیەی پێی دەگوترێت، کاریگەری کازمیریی (Casimir effect)، کاتێک چەند زانایەک توانییان لە بۆشاییەوە تەنۆلکەی ڕاستەقینە بهێننە کایەوە. بێگومان ئەمەش بەڵگەیەکی ئاشکرای بەهێزە کە گەردوونی ئێمە بەشێکە لە بوونێکی کراوەی بێ سەرەتا و بێکۆتا.
دواجار دەکارین ببێژین، ئەگەر گەردوون دەرەنجامی داتەپینی گەردوونێکی دیکەی پێش خۆی بێت، یان بەرهەمی چاڵێکی سپی لەو دیوی چاڵێکی ڕەشەوە بێت، یاخۆ بڵقێک لە بڵقەکانێ ژمارەیەکی بێکۆتا لە گەردوونەکان بێت، یانیش لە بۆشایی و هیچێکی کوانتەمییەوە دەستی پێکرد بێت. ئەوا لە گشت بارێکدا گەردوونەکەمان لە نەبوونایەتییەکی ڕەهاوە نەهاتووە، بەڵکوو لە شتێکەوە هاتووە، ئەو شتەش بە شێوەیەک لە شێوەکانی وزە زیاتر، هیچ پێناسەیەکی دیکەی نییە. وزە هەرهەبووە، شتێکیش کە هەرهەبوو بوو، واتە دروست نەکراوە.
………………

سەرچاوە:

کورتکراوەی چەند بابەتێکی پێشوومانە، لە بابەتەکاندا گشت سەرچاوەکان ئاماژەیان پێکراوە.