باڵاپۆشی (حیجاب)، بەردی ڕەش و کەعبە و حەج لە مێژوودا! (بەشی یەکەم)

Wednesday, 06/07/2022, 8:54

8572 بینراوە


 سەردێڕ:

مێژووی مرۆڤایەتی تەنیا گێڕانەوەی ڕابردوویەک نییە کە کۆتایی هاتبێت، لەگەڵ کاتدا گیانی لەدەستدابێت و فەرامۆش نەکردنی کوشتنی کات بێت. ئەو واقیعەی کە ئەمڕۆ مرۆڤایەتی پێیدا تێدەپەڕێت، بەرهەم و ئەنجامی جۆری مامەڵەکردنی نەوەکانی ڕابردووە لەگەڵ هەموو بوارەکانی ژیاندا بگرە لە بواری پزیشکی، تەکنەلۆژیا، سروشت، فەلەکناسی، زانست، سیاسەت، ئابووری، جەنگ، دابونەریت و کولتووری گەلان، ئاین و تا دەگات بە بواری کۆمەڵایەتی و هیتر، لۆیە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە واقیعی ئەو ساتە،  پلاندانان بۆ داهاتوو لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتەییدا بگەڕێینەوە بۆ تێگەیشتن لە مێژوو.
باڵاپۆشی (حجاب)، بەردی ڕەش و کەعبە وەک هەر بابەتێکی دی زانستی خاون مێژوویەکی دوور و درێژن، لەگەڵ گۆڕانی قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤایەتییدا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. لەنێو زۆرینەی سادەی گەلانی دنیادا و کۆمەڵگەی موسڵماندا بەتایبەتی لەنێو کۆمەڵگەی کوردەوارییدا ئەمانە هەمووی بە هێمای ئاینی ئیسلام ناسراون، بەڵام لە ڕاستیدا بەهەزاران بەڵگەی مێژووی هەیە کە دەیسەلمێنیت کە مێژووی بوونی ئەمانە زۆر لە مێژووی ئاینی ئیسلام کۆنترە. ئەم ڕاستییە بۆ مێژوونووسان و ڕۆشەنبیرانی بواری ئاینی بەتایبەتی پیاوانی ئاینی زانکۆی ئەزهەری میسری نامۆ نییە، بەڵام بۆ زۆرینەی سادەی گەلانی موسڵمان نامۆیە و بابەتێکی بڤەیە بۆ دەستبردن بۆی.  

باڵاپۆشی (حیجاب):  

دوای زاڵبوونی کۆمەڵگەی پیاوسالاری بەسەر گشت میللەتانی دنیادا، مەسەلەی باڵاپۆشی بۆ ژنان وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سەریهەڵداوە، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژووی ئەوروپای کۆن بۆمان دەردەکەوێت کە باڵاپۆشی بۆ ژنان وەک نەریتێک لەو کۆمەڵگەیەدا هەبووە. لە پەرتووکە مێژوویەکان و کاری پەیکەرتاشەکانی سەدەکانی ڕابردوو کە لە مۆزەخانەکانی دنیادا پارێزگاری کراوە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن.
وێنەی دوو ژن لەسەر مەڕمەڕ هەڵکێنراوە لە ساڵی ٤٧٠-٤٦٠ زاینی و لە مۆزەخانەی لوڤەری فرەنسا

باڵاپۆشی پێش ئاینی جو، فەڵە و  ئیسلام و هاتنە خوارەوەی پەرتووکە ئاسمانییەکان سەریهەڵداوە.  کورنیلوس نیبوس، نووسەر و شاعیر و  مێژوونووسی ڕۆم، هەمیشە لە نووسینەکانیدا ژیانامەی ناودارانی نەتەوەکەی نووسیووە، بۆ ئەوەی وەک زانیاریی بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێنێتەوە کە ئەوان خاوەنی کەسیاتی بەهێز بوونە لە بوارەکانی ژیاندا، هەروها کلتوور و دابونەریتی کۆمەڵایەتی ڕۆمی ئەوکاتی بە کلتوور و دابونەریتی گەلانی دی بەتایبەتی بە هی یۆنانی بەراورد کردوە، لە سەدەی یەکەمی پێش زاینی سەردانی یۆنان دەکات و دەنووسێت:
باڵاپۆشی ژنانی ئەوروپای کۆن

" زۆر دابونەریتی ڕۆمەکان  هەیە کە خۆیان شانازیی پێوە دەکەن، بەڵام یۆنانییەکان ئەوانەیان پێ بێ ڕەوشتییە. ئایا هیچ ڕۆمێک هەیە شەرم  لەوە بکات کە هاوسەرەکەی بۆ بانگێشتی نانخواردن لەگەڵ خۆی ببات؟ ژنە ڕۆمەکان باشترین و بەرچاوترین ژووریان لەنێو خانووی ماڵەکەیان بەردەکەوێت،  پێشوازیی لە میوان و ناسیاویان دەکەن، بەڵام لای یۆناییەکان بە پێچەوانەیە، ژنەکانیان لەگەل پیاوان لەسەر مێزی نانخواردن دانانیشن، تەنیا لەگەڵ کەسوکاریان نەبێت. ئەوان لە ماڵەکانیاندا ژوورەکانیان لە شوێنی شاراوەیە و قەدەغەیە بۆ هیچ پیاوێک لەو شوێنە نزیک بێتەوە کە ئەوانی لێن، تەنیا ئەو پیاوانە نەبێت کە کەسوکاری خۆیانن".
ژنانی فەڵە

دواتر  ئاینی جو، فەڵە پێش ئاینی ئیسلام کە سەریانهەڵداوە، هانی مانەوەی ئەو نەریتەیان داوە، ئینجا دوای سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتی ڕێبەرانی ئەو ئاینە وەک ڕێبەرانی ئاینی جو و فەڵە هانی مانەوەی ئەو دیاردەیان داوە، واتە باڵاپۆشی ژنان (حجاب) پەیوەست نەبووە بە ئاین یان بەهاتنە خوارەوەی کتێبە ئاسمانیەکان و فەرزکردنی بەسەر ژنان کە دەبێت باڵاپۆش بن لەبەرئەوەی خوا وای گوتوە، ئەوەندەی پەیوەست بووە بە کولتوور و دابونەریتی کۆمەڵایەتی و پێش بوونی (قورئان) ئەو نەریتە کۆمەڵایەتییە باوی هەبووە هەتا ئەو ژنانەی کە بڕوایان بە بوونی خواش نەبووە باڵاپۆش بوونە واتە ئەوە خواستی پیاوە ئاینییەکان بووە. 
ژنێکی ئەوروپی سەدەکانی ڕابردوو

باڵاپۆشی بۆ ژنان بۆ مەسەلەی بازرگانیش سوودی هەبووە، ژنە دەوڵەمەندەکانی سەدەکانی ڕابردوو بۆ خۆ جیاکردنەوە لە ژنانی چینی هەژار، هەمیشە هەوڵیانداوە قوماشی گرانبەهای وەک حەریر و فەروی ئەسڵ بەکاربهێنن بۆ جلوبەرگەکانیان و زۆرترین قوماش پڕ بەباڵایان بۆ بدورێت و بەرگەکانیان تێروپڕ بێت. ژنە ئورۆستۆقراتەکان و چینی ناوەندی نێو کۆمەڵگە لە سەدەکانی ڕابردوودا، سەرپۆشەکانیان لە جۆری دوران و شێوەیان، جیاوازی هەبووە لەگەڵ ژنانی چینی هەژاری نێو کۆمەڵگە، سەرپۆش و کڵاوەکانیان هەمیشە بە ئاوریشم و ئەڵماس و یاقوت و زیر ڕازاوەتەوە، ئەم دیاردەیەش لە مێژوو و وێنەکانی ئەو سەدانە، کە تا ئێستا لە مۆزەخانەکانی دنیا پارێزگاری لێکراوە بە ڕوونی دیارە.  
سەرپۆش بەگوێرەی گۆڕانی قۆناغەکانی کۆمەڵگە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بەگوێرەی مودیل گۆڕاوە، لە هەندێک سەدەدا سەرپۆش بووە بە کڵاو یان بووە بە شەپقە.   
ماری یەکەم، مەلیکەی بریتانیا سەدەی ١٥
باری ئابووریی، بەهێزی جەستەی پیاو لە سروشتدا بە بەراورد کردن بە جەستەی ئافرەت، جەنگ و سیاسەت و ململانێ لەسەر دابەشکردنی زەویوزاری گۆی زەویی و سەرچاوە سروشتییەکان، سیاسەت دەیان هەزار هۆی دی کاردانەوەیان هەبووە لەسەر دۆخی ژن بە بەراورد بە دۆخی پیاو لەنێو کۆمەڵگەدا، کە ئەنجامەکەی گەیشتووە بەوەی پێگەی پیاو لەنێو هەموو کایاکانی ژیاندا بەگوێرەی قۆناغەکان پتەوتر بێت لە پێگەی ژن لەنێو کۆمەڵگە.
 ئەو ئاینانەی کە هاتوون لەسەر ئەو ئەرزیە کلتوور و دابونەریتی ئاینییان داڕشتووە، هاندەری کۆمەڵگەی پیاوسالاری بوونە. ئەم ڕاستییانە تەنیا لە کۆمەڵگەی ئیسلامیی و فەڵە و جودا نییە، ئەڵبەتە لەنێو کۆمەڵگەکانی دیش بە پلەی جیاوازدا هەن بۆ نمونە هیندستان خاوەن هەزاران هەزار ئاین و بیروباوەڕی جیاوازە بەڵام ژنەکانیان بەرگی هیندی دەپۆشن، وەک لای خۆمان چارۆگە لەسەر دەکەن. کەواتە باڵاپۆشی (حجاب) پەیوەندیی بە ئاینەکانەوە نییە، یەک بەڵگەش نییە لە پەڕتوکە ئاینییەکان هاتبێت کە بیسەلمێنێت کە حەوا باڵاپۆش بووە یان قژی بەدەرەوە نەبووە. ئەوەی بەسەر ژندا دەسەپێندرێت دابونەریتی کۆمەڵایەتی دواکەوتووە بەناوی ئاینەوە، پیاوە ئاینییەکان بەکاریان دەهێنن، بازرگانی ئابووریی و سیاسیی، ئاینی و کۆمەڵایەتییان پێوە دەکەن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە