سڵاوێکی کوردستانی، دیووەکەی ترم

Friday, 09.30.2022, 22:38

1113 بینراوە


ژینا، وەک ژن و ژیان و ئازادی، مەشخەڵێکی داگیرساوی تێکۆشانێکی ئازادیخوازانەی کوردستانیی نەتەوەکەمانە، نرخێکی فرە گران و شیرینە و ئەویش وەک خوشکەکانی لە لوتکەی چیا و پێدەشت و نزار و شار و تەنانەت ناو پەرلەمانی فاشییەکاندا،  پەرلەمانی دەوڵەتانی کۆلۆنیالیستی بەشێک لە نیشتمانی ئێمەدا، بوویە دڵیپڕ لە کوڵی کوردستانیان.
ئەو و تێکۆشانی کوردستانیی ژنانی کورد، قۆناغێکی نوێی تێکۆشانی نەتەوەیەکن، سەرچاوەی ھێزی خۆیان لەوبڕوا بەخۆبوون و بڕوا بە ڕەوایی مەسەلە نەتەوەییەوە دێنن، کە قەدەم خێرانی ئەم نەتەوەیەی لە مێژووی خەباتمانداکردە سەرکردە و ڕێبەری تێکۆشان بۆ ڕزگاریی و بەرھەمھێنانی ئازادی.
مەرگی خوشکەکانمان لە پێناوی ئازادی نەتەوەکەماندا، نرخێکی فرە گرانە، بەڵام نرخ و بەھایەکی تری بەخشی بەخەباتی کوردستانی نەتەوەکەمان.
ساڵانێکی زۆر زۆر بوو، چەرخی ئەم تێکۆشانە نەتەوەییە، دەسوڕایەوە و دەسوڕایەوە، ئاشبەتاڵ، سی و یەکی ئاب،
شەڕی کورد بەکورد، کونەماسی، بەکرەجۆ، داخستنی پەرلەمان، فرۆشتنی زەوییەکانی نیشتمان و لە کۆتایشیاندا بوونە کەواسووریی بەر لەشکری دوژمنانی کوردی بەرھەم ھێنا، ئەمە بوو دەستکەوتەکانی سەرکردەیەتی پیاوانەی کورد!!.
بەڵام کاتێک، کە ژنی کورد، پیاوانی ڕاستەقینە و دڵسۆزی کورد، بە مێژووی خەباتی نەتەوەکەدا چوونەوە، ھەستیان بەو کەلێنە دەسکردە کرد کە خیانەتمەندانی کورد و دوژمنانی دێرینەی کورد ھەموو ھەوڵیان بۆ ھێشتنەوە و فراوانکردنی بوو.

ئەو کەلێنە، لە ماڵەوە ھێشتنەوەی دایک، پوور، خاڵۆژن، خوشک، براژن و ژنەکانی ھاوسا و گەڕەک و شارەکانی نیشتمان بوو، کاتێک ئێمە لە گەڵ ژنێکی گونددا دەدواین، ھەستمان بە ئیرادە و بڕوابەخۆ بوون و ماکەکانی ڕێبەریی کردن دەکرد، ئەمە نیشانەیە بۆ بوونی ڕەگێکی قووڵی ئازاد بوون، لە ڕۆحی ژنانی کوردا.
" گوڵم دڵم پڕ لە دەرد و کوڵ
  ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
  ئەڵێم بڕۆمە دێ
 تا بزێتە ناو بزەم مانگە شەو
 تا بە جامێ ئاوی کانیاوی دێیەکەم
 عیلاجی کەم کوڵی دڵ پڕ لە دەردی
ئینتیزارەکەت"*
ئینتزاری خەبات و تێکۆشانت بۆ ئازادی نیشتمان، چوونکە: 
" چۆن بژیم لە شارەکەت
  لە شاری تۆ
 لە شاری قاتلی ھەژار
کێ گوێ ئەداتە ئایەتی
پەڕاوی دڵ"**
ئەو شارانەی بە دەست سەرکردەیەتی پیاوانی کوردەوە، وەک لەشکری جێبەجێکاری پشتەوەی سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان، بوونە شانۆی لەبەرڕۆشتنی خوێنی کورد بەدەستی کورد، بۆ خەنی کردنی داخوازییە پیسە دەروونییەکانی سەرکردەیەتی پیاوانەی کورد.
سەرکردەیەتی پیاوانەی کورد ئەم ھێزەی لە کوێوە ھێنا؟
لەو گرێبەستانەی کە جارێک لە بەغدا و جارێک لە تاران و لە کۆتایشیاندا لە ئەنکارا لەگەڵ دەوڵەتانی کۆلۆنیالیستی بەشێک لە نیشتمانی کورد، واژۆدەکران/ واژۆ دەکرێن.
لەو سۆزە بێگەردە بێپایانەی نەوتەوەکەوە، کە ھەرچی ھەبوو و نەبوو، بە گیانی ئازیزانیشییەوە، خستی یەبەردەم سەرکردەیەتی پیاوانەی کورد.
لەو فێڵ و چاوبەستەگی و تەفرەدانەی سەرکردەیەتی پیاوانەی کورد، بە ناوی کوردایەتییەوە بە نەتەوەکەی فرۆشتەوە، کە لە کۆتایدا بوویە ھۆی بەتاڵکردنەوەی ( بیری کوردایەتی) لە ناوەرۆک و بەھا نەتەوەیەکەی.
لەو ڕێبازە ساختەیەوە کە بۆ بنەماڵە و کەسی بنەماڵە و مێژووی بنەماڵەیان ھەڵبەست.
لەو دەنگە ساختانەی بە پارە، ترساندن، مووچە بڕین، ساخەتەچێتی، ژن فڕاندن، سۆران کوشتن، شیروان بەندکردن و تیرۆری ئازادیی بە دەستیان ھێنان و لە کۆتایشدا بەھەموو سەرکردەیەتی پیاوانەی کورد ٪‏٢٥ئەو بەشە لە نەتەوەکە دەنگی پێدان، لەژێر ترس و پرس و ڕاوناندا!!.
لەو دەنگە زڕانەی مەلا و پیاوانی ئاینی، ئەوانەیان کە دینیان دەفرۆشن بۆ دنیا، داعشانی نووستووی ناوحیزبە ئیسلامییەکان، ئەوانەی فەرمان لە ئۆردوگان وەردەگرن و بە ناوی ( خوا) وە فتوای کوشتن و بەزیندوویی 
بەردبارانکردنی تۆ دەدەن!!.

کە منداڵ بووم، بوومەڵێڵی ئێوارانێک لە سلێمانی، چەند مانگ جارێک، کەسانێک دەبوون بە میوانمان، پیاوانێک بوون، پڕپڕ لە سۆز، خۆشەویستی و میھرەبانی، بە ھیواشی لە دەرگایان دەدا، ئەو ئێوارانە دایکم دەرگای حەوشەی کڵۆم نەدەکرد، بەڵکو ئەوەی لە سلێمانی پێی دەڵێن: دەرگا پێوەدان.
ئەوڕۆژە دایکم چەند جار دەیناردم: جارێ دۆشاوی تەماتەی مارکەی تاوسەکە، جارێکی دی لە باخەکەی مام عەوڵا
سەوزەی تازە، لە نانەواخانەکەی کاک حەمە شەریف نانی گەرمی کونجیدار، پێی دەووتم ڕۆڵە با سەوزە و نانەکە تازە و گەرم بن، میوانمان دێ لەو (دیوو)ەوە.

لە باوکم دەپرسی 
باوکە ئەم پیاوانە کێن؟
دەیووت: کوڕم خزمانی ئازیزی ئەو (دیوو) ن.
کە گەورە بووم، تێگەیشتم، بەشێک لە ژیان، لە مێژوو، لە جوانییەکان، لە خوێن، لە ھەناسە و چارەنووسم لە بەشی ڕۆژھەڵاتی نیشتمانە داگیرکراوەکەم دەژین، ئەو پیاوە میھرەبانانەش، ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوەیی ژ. ک بوون. 
گفتیان فرە شیرین بوو، تامێکی تری زمانی کوردی دەدا، دەنگیان خۆش بوو، جار و بار گۆرانی خۆشیان دەوت، شیعری خۆشیان دەخوێندەوە و باسی قەڵای مەریوان و ئاویەر و قەتارچیانیان دەکرد: ئێستایش ئەو دەنگەخۆشەی 
یەکێکیانم وەک خۆی لە ڕۆحمدا ھەرماوە: 
" ڕۆژی جەژنە چاوەکەم مەوسمی ئازادییە"

دیوەکەی من، ڕۆحە بەرزەفڕەکەی ئاویەری من، تۆ دەزانی کاتێ جەلال ھیواکەی بۆ کاوەی کوڕی خواست:
" ئاخۆ ئەو ڕۆژە بێ
  کاوەی کوڕم
 جانتای سەفەر کاتە شانی
دەڵاڵانی بەر گەراژی سنە
ھاوار بکەن
سلێمانی سلێمانی"***
ھەر ئەو ڕۆژە لە سلێمانی، ھەزاران چاو، ھەزاران دڵ، ھەزاران پەنجەی تێک ئاڵاو، 
چاوەڕێ بوون، کاوەکان لەو دیوو، لە ئاویەر و مەریوان و سەقز و سنە و سابڵاغەوە بێن بەم دیوا و ئەم شیعرەیان 
پڕبە گەروویان دەووتەوە:
" ئەمن فاشیست و بەدخوای خەڵکی تر نیم
موبارەک بێت لە ھەرکەس نیشتمانی
بەڵام بۆ من ھەموو ئێران بە موڵکی
فیدای ( وێڵە) و ( مەسناو) ی جوانی"****

ئەو دیوی من، منی ئەم دیووت ھەرگیز ھەرگیز، بە تەنیا جێت ناھێڵم، تەماشام کە، پیرەمەگروونی خۆشویستنی تۆم ببینە، دەرگاکانم دانەخراون، پەنجەرەکانم کراوەن، شەقامەکانم گوڵڕێژن بۆ ھاتنت
ماڵەکانم چراخانی زەماوەندی 
شۆڕشەکەت دەگێڕین، 
لەگەڵ لەچکەکەتدا، وێنەی پیاوەکانی سەری ڕەش و دەباشنیش بسووتێنە.
ئەوان من نین
ئەوان من نین
ئەوان من نین
من دڵی ھەر چوارتانم، 
ھەناسەی گەرمی، خەباتتان.
من ژینا گەورەکەی ئێوەم
دەنگدانەوەی تێکۆشانە
کوردستانییەکەی
بێریتان.
———————
*،**سوارەی ئیلخانی زادە
***جەلال مەلەکشا
****بیرمەندی نەتەوەیمان و ڕووە گەشەکەی ژیانی مەعنەویمان کاک ئەحمەدی موفتی زادە.