راستییەکی تاڵ

Tuesday, 18/10/2022, 22:52

7091 بینراوە


دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر قسەکردنیێکی زۆر لەگەڵ کەسایەتیە سیاسیە نێونەتەوەیەکان هاتمە ئەو باوەڕە کە لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم و دابەشکرانی کوردستان بە پێنج بەش، هەر شۆڕش و راپەرینێک بەرانبەر بەو پێنج دەوڵەتە ( عێراق، ئێران، تورکیا، سوریاو ئازرباینجان) کرابێ، کارێکی هەڵە بووەو بە پێی یاسای نێونەتەوەیی، مادام ئەو دەوڵەتانە بەشیوەیەکی یاسای ناسراون لەناو کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، هەر کەسێک یان هەر کۆمەڵێک یان هەر حیزبیک پەنا بۆ ئاڵۆزی و شەڕی چەکداری بەرێ، لەلایەن یاسای کۆمەڵگای نیونەتەوەیەوە بە یاخی بوو لە یاسا تەماشا دەکرێ، هەر ئەوەشە کە لەماوەی سەد ساڵی رابردوو راپەرین و شۆڕشەکان بێ پشت و پەنای نێونەتەوەیی مانەوەو یەک بە یەک تواونەوە.
ئێمە وەک کوردێکی نەتەوەیی کە بەدوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو جوغرافیایەن و داوامان یەکگرتنەوی کوردستانی گەورەو سەربەخۆییە، لە پەیوەندیەکانمان دا کە ئەو داوایانەمان خستۆتە بەردەم کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی، ئەوان بە منیان گوت: پڕۆژەو داواکەت وەردەگرین، بەڵام هیچ ناکرێت تا کۆمەڵگای نێونەتەوەی بریاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو جوگرافیایە نەدات و دەوڵەتێک بۆ کورد دروست نەکات، یان دەبێ دەوڵەت بە دەوڵەت باری یاسایی بۆ ببینینەوەو بە پێ یاسا ئەو دەوڵەتە هەڵبوەشێنین.
لە سەردەمی بەدیهاتنی پڕۆژەی نەوتی کوردستان دا لە کۆتای ١٩٩١ دا، دۆستەکانم رۆیشتنە ناو ئەرکیفی نەتەوە یەکگرتوەکان و بەدوای ئەڕکیفی دروستبوونی دەولەتی عێراقیدا گەڕان، توانیان ئەڕکیفەکە بدۆزنەوەو کە لە سەردەمی عەصبەت والامم چۆن دەوڵەتی عێراق دروست بووەو چ یاسایەکی تێدایە کە بتوانرێ بەکار بهێنرێ بۆ هەڵوەشاندنی دەوڵەتی عێراق و سەربەخۆی ئەو بەشەی کوردستان، دۆستەکان ئاهەنگێکی نان خواردنیان لە هوتێل هڵتنی جنیف پێکهێناو بەمنیان گووت ئەمڕۆ تۆ نانی سەربەخۆیی کوردستان بخۆ، وتیان دوای ئەوەی کە بەوردی تەماشای ئەڕکیفی دروست بوونی عیراقمان کرد کە لە سێ ویلایەت پێکهاتوە (ویلایەتی موصڵ و ویلایەتی بەغداو ویلایەتی بەسرە)، دیتمان دروست بوونی عێراق پابەندە بە رازی بوونی کوردەکان، ئەگەر دەوڵەتی عێراق زۆر بەباشی کوردەکان رازی نەکات، کوردەکان مافی داوای جیابوونەوەیان هەیە کە خاوەنی ویلایەتی موصڵن.
بەراستی ئەوەندە خۆشحاڵ بووم، لەخۆشیاندا پارووم بۆ قوت نەدەدرا، پێیان گوتم ئێمە پڕۆژەیەک دروست دەکەین بەناوی (پڕۆژەی ویلایەتی موصڵ)، کلێشەی پڕۆژەکەت دەدینێ و کە گەرایتەوە کوردستان بیدە بە سەرانی حیزبەکان و زانکۆ و کەسایەتیە ناسراوەکانی کورد بۆ ئەوەی پشتگیریت بکەن بۆ بەرەو پێش بردنی پڕۆژەی ویلایەتی موصڵ بۆ سەربەخۆیی ئەو بەشەی کوردستان.
 
کڵێشەی پڕۆژەکەیان دروست کردو نزیکەی پەنجا دانیەکیان بۆ چاپ کردم و دایانمی کە لەگەڵ خۆمی بەرمەوە بۆ خواروی کوردستان، کاتێک کە چرای سەوزیان بۆ کۆمپانیای ئۆکسدنتەڵ هەڵکردو کۆمپانیای ئۆکسدەندتەڵ نوێنەری خۆی لەگەڵ ناردم بۆ کوردستان لەسەردەمێ هەڵبژاردنەکەی ١٩٩٢، دوو کڵێشەی تایبەتی ویلایەی موصڵ و نامەیەکی کراوی تایبەتیان دایەدەست نوێنەرەکەی کۆمپانیای ئۆکسدەندتەڵ بۆ ئەوەی بەدەستی خۆی بیداتە مام جەلال و کاک مەسعود، لە نامەکەدا داوایان لێ کردبوون کە دەوڵەتێکی سێ قۆڵی دروست بکەن، (مام جەلال، کاک مەسعودو من) بەڵام دەبێ پڕۆژەی نەوتەکەو پڕۆژەی ویلایەتی موصڵ سەردار پشدەری بەرێوەی بەرێ، لە پێشەوە لە سلەیمانی کاک مەسعودمان بینێ و نوێنەرەکەی کۆمپانیای ئۆکسدەندتەڵ کڵێشەکەی پڕۆژەی ویلایەتی موصڵ و نامە تایبەتیەکەی دایە کاک مەسعودو بە دەمیش هەندێک باسی پڕۆژەکان و نامە تایبەتیەکەی بۆ کرد، کاک مەسعود لەو سەردەمەدا ئینگلیزی نە دەزانی و دوای لەمن کرد کە بۆی باس بکەم کە چی دەڵێ، بۆم باس کردو زۆر دڵخۆش بوو، پێی وتم پێی بڵێ: وا خەریکیو هەڵبژاردنین و کە ئەنجامەکەی دەرچوو ئێمە رٶڵی تایبەتیمان دەبێت و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی کاک سەردار دەکەین، قسە لەگەڵ مام جەلالیش دەکەم و داوای پشتیوانی لە ئەویش دەکەم، لەو کاتە نان ئامادە کرابوو بە تێکڕا رۆیشتین بۆ نان خواردن، نانمان خواردو رۆیشتین بۆ ئەوەی مام جەلال پەیدا بکەین و بیبینین، بەڵام دیار بوو لەو ماوەدا کاک مەسعود بەتەلەفۆن پەیوەندی بە مام جەلالەوە کردبوو و هەموو شتێکی بە مام جەلال گوتبوو، مام جەلالیش بۆ خۆدزینەوە لەوەرگرتنی کڵێشەی پرۆژەکان و نامە تایبەتیەکەو دیتنی نوێنەری کۆمپانیەکە، خۆی دزیەوەو خۆی نیشانی ئێمە نەدا، ئەوەش خۆی لە خۆیدا رەت کردنەوەی پڕۆژەکان و نامەکە بوو.
ئێمە لەو ماوەیەدا کە بەدوای مام جەلال دا دەگەراین، سەردانی کاک رەسول مامەندو کاک حەمەی حاجی مەحمودمان کرد کە لەو سەردەمەدا بەرپرسی بەرەی کوردستانی بوون، نوێنەرەکەی کۆمپانیای ئۆکسدەندتەڵ کڵێشەکەی پڕۆژەی ویلایەتی موصڵ و نامە تایبەتیەکەی دایە ئەوانیش بە دەمیش هەندێک باسی پڕۆژەکان و نامە تایبەتیەکەی بۆ کردن، هەردوک لایان خۆشحاڵ بوون پشتیوانی خۆیان دەربڕی، بەهەمان شێوە چەند مامۆستایەکی زانکۆ و هەندێ ئەندازیاریشمان بینی وێنەی كلێشەکانی پڕۆژەکان و نامە تایبەتیەکانمان دایە ئەوانیش.
ماوەی سێ حەفتە بەدوای مام جەلال دا دەسوڕاینەوەو خۆی نیشان نەدەدا، هەڵبژاردن تەواو بوو، کاک مەسعودو مام جەلال بایەخیان بە نامە تایبەتیەکەو دەنگی جەماوەر نەداو دوو بەدوو رێک کەوتن بە ٥١ بە ٤٩ و دروستکردنی دەوڵەت و پەرلەمان، دوای ئەوە چەند جارێک مام جەلالم بینی و پێم گووت کارێکی هەڵەت کرد کە نوێنەرەکەی کۆمپانیای ئۆکسدەندتەڵت نەبینی و نامەکانت لەدەستی خۆی وەرنەگرت، وەتی ئێمە نامانەوە لە عێراق جیا ببینەوە، بەهەمان شێوە چەند جارێکی تریش کاک مەسعودیشم بینی و ئەویش لە پشتیوانی کردنەکە پەشیمان بوو بۆوەو بە منی گووت ئێمە نامانەوێ لە عێراق جیا ببینەوەو سەبەخۆیمان ناوێ.
 
لێرەوە تێگەیشم کە ئەوان هیچ شتێکیان ناوێ کە لە رێگای خۆیان نەبێت، ئەوەش خۆی لە خۆیدا لە گۆڕنانی پڕۆژەکانی من و نێونەتەوەی بوو و شانیان تۆند کردەوە لە عێراق و عیراقچیەتی، بەناوی دەوڵەت و پەرلەمانی کوردستانەوە دەستیان کرد بە پڕۆپاگندە بۆ بەهێز کردنەوەی عێراق و دژی سەربەخۆی کوردستان راوەستان.
منیش هەموو شتێکم وەک خۆی بۆ دۆستە نێونەتەوەییەکانم باس کردو ئەوانیش بە منیان گووت تۆ خۆت بپارێزەو بخەوە تا بەخەبەرت دەهێنین و ئەوانیش بە هیچ شوێنێک ناگەن.
وا سی ساڵ تێپەری و دەیان دەردەسەریان بەسەر کورد هێناو بەپێی یاسا هیچ دەستکەوتێکی سیاسیان لە عێراق دەست نەکەوت بێجگە لەباخەڵ پڕکردن بەدزی و گەندەڵی، منیش خوتوم و خۆم پاک خاوێن راگرتوە بۆ پاراستنی دەنگ و داوای نەتەوەی کورد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە