گەشتکردن بە ژیاندا (بەشی پێنجەم)

Sunday, 21/05/2023, 20:16

4583 بینراوە


هەمیشە بڕوام وابووە، کە چەند باش دەبوو ئەگەر مرۆڤ نمونەیەکی بەرز بدۆزێتەوە و بیکاتە تاکە ئامانجی بەهای بوونی خۆی، ئینجا لەوێوە کارەکانی دەبوونە نمونەیەک بۆ بەردەوامی ژیان و ژیانیش مانایەکی دەبوو، مردنیش نەمری پێدەپەخشی، کام ناوی پیرۆزیش بوو لە دوای نەمانی خۆی لێی دەنرا، گرنگی ئەمانەش یەک شتە ئەویش ئەوەیە کە بڕوات پێی بێت و لەپێناویدا کاری بۆ بکەیت، قوربانی بۆ بدەیت. فەرموون لەگەڵ وەڵامی پرسیارەکانی کاک (کەمال جەمال موختار) لە بەشی پێنجەمی گەشکەمان بەژیاندا بخوێنەرەوە، کە بەشێک لەو لێکچوونەی تێدایە هەرچەندە ئەم بەشە کەمێک درێژ و کاتی زۆری خایاند، بەڵام پێموابێت ئەوە دەهێنێت، کاتێکی بۆ تەرخان بکەیت و بیخوێنیتەوە. (رزگار)

پرسیار:
لە نێوەندی فەلسەفەدا مشتومڕی زۆر لەسەر پێناسەی (موراڵ) دەکرێت، تا ئەمڕۆش بەردەوامییان هەیە، ئایا ئەو دیاردانەی خوارەوە لە کوێی دەرەوەی هەڵسوکەوتی موڕاڵییدا خۆیان دەبیننەوە، بە تایبەتی لە کوردستان، کە دیاردەی زۆربوونی خانەی لەشفرۆشیی، خاکفرۆشی و خیانەتکردن لە نیشتیمان زیادی کردووە؟! بەشێک لەو دیاردانە ئیسلامی سیاسیی لەگەڵ دەسەڵاتدا ئاڕاستەی دەکەن، وەک کارکردن لەسەر گۆڕینی دابونەریت و سڕینەوەی ناسنامەی کوردیی؟ ئایا جیاوازی، یان یەکچوونیان لەگەڵ یەکتردا چییە، بەتایبەتی پیاوە ئاینییەکان، کە رەوتێکی سیاسییان هەیە، لە کاتێکدا داوا لە کچان و ژنان دەکەن سەرپۆش و حیجاب ببۆشن، بەڵام بە پێچەوانەوە لەبەرامبەر دیاردەی قومارخانە و شوێنی رابواردن و خانەی لەشفرۆشییدا بێدەنگن، ئێوە چۆن ئەمە هەڵدەسەنگێنن!؟


کەمال:

لە ناو ئەو پرسیارانەدا، کۆمەڵێک پرسی زۆر گرنگی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ورژێنراون، کە لە (لێکۆڵینەوە زانستی و فەلسەفییەکان)دا هەر یەک لەو پرسانە (گرنگیی و تایبەتمەندیی) خۆی هەیە. بۆ ئەوەی لەو پرسە فەلسەفییە گرنگەش بەباشی تێیبگەین و تێگەیشتنمان بۆ بەهاکانی موڕڵ هەبێت. بە پێویستی دەزانم کە سەرەتا و بە کورتی پێناسەیەکی موڕاڵ بکەین، لەوێوە بچینە سەر وەڵامی پرسیارەکە.
موڕاڵ بریتییە لە مانای هەڵسوکەوتی باش لە هەموو کردار و هەڵوێست و بەرەوڕووبوونەوەکانمان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ شتەکانی دەوروبەرماندا، بەڵام دەبێت ئاگاداربین، کە لە سەردەم و لە شوێنە جیاوازەکاندا، چەمکی (باش) و واتای باش، جیاوازییان هەیە. (باش)یش هەیە، کە لە هەموو کات و سەردەم و هەموو شوێنێکدا هەر باشە، بەڵام لەسەر تێگەیشتن لەسەر دیاردەکانی موراڵ ئەمەیان بەردەوام مشتومڕی زۆری لەسەر دەکرێت و لێکۆڵینەوەکان تا ئەم سەردەمەش بەردەوامن. لەو لیکۆڵینەوانەشدا، داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو واقیعەی کۆمەڵگای پێدا دەڕوات، دەبنە بەشێک لە دیاردەکانی هەڵسوکەوت و پەرەسەندنی ئەرێنی و نەرێنی موڕاڵ. ئەگەر ئێمە هەموو ئەمانە باس بکەین، ئەوا بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسانەش، پێویستمان بە نمونەی زۆر دەبێت، تا بتوانین وەڵامی دروستیان بدەینەوە، باسەکەش لق و پۆپی زۆری لێدەبێتەوە، لەمەوە ناچار دەبین قسەش لەسەر (ئەتیک) واتا فەلسەفەی موراڵیش بکەین، چونکە (ئەتیک) بە وردی رۆشنایی دەدات بە تێڕوانینی خۆمان لەسەر موڕاڵ و چۆنێتی هەڵبژاردەکانی نێوەندی موڕاڵ، رێگاکانمان پیشان دەدات، بەوەی کام بیرکردنەوە و بڕیاڕ لەسەر هەڵبژاردەیکە راستە؟ بە داخەوە ئەو وشە و تێرمە فەلسەفیی و زانستیانەش ناتوانرێن وەربگێردرێنە سەر زمانی کوردیی، ئەگەر کراش تام و مانا رەسەنەکەی خۆی لەدەست دەدات، بۆیە کاری شیکردنەوە و لێدوان لەسەریان زەحمەت دەبێت، لەبەر ئەوە باشترە لێگەڕێین بە کوردی هەروەک هەموو زمانە زیندووکانی دیکە بیهێڵینەوە.
- جگە لەو پێناسەیەی سەرەوە جارێکی دیکە بۆ تێگەیشتن و پێناسەکردنی(ئەتیک و موڕاڵ) بە شێوەیەکی ئاسانتر ئەوەش دەخەینە بەر چاو کە لە بەرنامەکانی خوێندنی فەلسەفە لە قوتابخانەکانی ئامادەیی ئەوروپادا بەتایبەتی لە سوید، بەم شێوەی خوارەوەش پێناسەیەکی ئاسانی بۆ کراوە، منیش بە گونجاوم زانی ئاماژە بەوەش بدەم، کە دەڵێت:
1- (موڕاڵ، واتا ئەو کار و بیرکردارانەی خۆمان کە لەسەرەنجامی (داب و نەریت و خووپێوەگرتن)ەوە وەرمان گرتووە و لەسەری راهاتووین، ئەمەش دەبێتە تێڕوانینی کەسێتی خۆمان، لەسەر بڕیاڕدان و هەڵبژاردن. دیسان موڕاڵ بە واتای کرداریش دێت).
2- (ئەتیک)یش، کە فەلسەفەی موڕاڵە، واتای بیرکردنەوە دەگەیەنێت پێش بڕیاردان و هەنگاونان بۆ کارەکە، تاوەک هەڵبژاردەیەک لە نێوان باشە و خراپەدا بکەین.
لەم دوو نمونەیەی خوارەوەدا زیاتر روونکاری دەکەین:
1- کاتی تاقیکردنەوەیە، ماوەیەکە قوتابییەک زۆر خۆی ماندوو کردووە و خەریکی خوێندنەوە و سەعیکردنە. رۆژی تاقیکردنەوە، پرسیارەکان زۆر قورس دەبن، ئەم ناتوانێت وەڵامی راستیی پرسیارەکان بداتەوە، سەیر دەکات یەکێک لەولاوە خەریکی قۆپیکردنە و دڵی خۆشە، کە هەموو وەڵامەکانی بە راستی نووسیوە، دوایی بە دزییەوە بەم دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت وەڵامەکانت بدەمێ؟! 
ئەو کەسە چی بکات؟ 
- ئایا وەلامەکانی لێوەربگرێت، تا وەکو ئەو قۆپی بکات و دەربچێت؟ 
- یان بڵێت: سوپاس، نامەوێت بە قۆپیکردن دەربچم؟ ! ویژدانیشم قبوڵ ناکات، کە بە فێل و ساختە دەربچم،
- بە چاودێرەکە بڵێیت کەوا ئەو کەسە بە ساختە و فێڵ وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە؟ 
- بێدەنگ بێت و هیچ نەکات؟!

2- کوڕێک جاشێک و پیاوخراپێک دەکوژێت، کە کاتی خۆی باوکی ئەمی کوشتووە. پۆلیس و پیاوەکانی دەسەڵات بە دوایدا دەگەڕێن، ئەویش رادەکات، تا خۆی دەکات بە ماڵێکدا و دەپاڕێتەوە و داوا دەکات، رێگای بدەن خۆی بیشارنەوە. خاوەن ماڵ دەبێت چی بکات و هەڵوێستی چۆن بێت؟ 
- لە ترسی گیانی خۆی، بە کوڕەکە بڵێت ناتوانم بتهێنمە ژوورێ و داڵدەدت بدەم؟ 
- بیهێنێتە ژوورێ، بەڵام کاتێک سەرباز و چەکدارەکان دێن، یەکسەر تەسلیمیان بکات؟
- بیهێنێتە ژوورێ و نەترسێت، هەموو مەترسییەک بخاتە ئەستۆی خۆی؟
نمونەی دیکە زۆرن، کە وەڵامەکان وەک ئەو دوو نمونەیەی سەرەوە بە (ئەتیک) رێگاکان دەخاتە بەردەممان، تا هەڵبژاردەی موڕاڵی یان بێموراڵی خۆمانی لەسەر بکەین.

 ئیسلامییەکان و دەسەڵاتدارانی پارتەکان لە باشوور هەرچەندە دوو ئاڕاستەی جیاوازن، بەڵام دژی یەکتر نیین، بۆ دوژمنان و نەمانی کورد کار دەکەن

ئەو بەشەی وەک لە پرسیارەکەدا هاتووە، کە پەیوەستە بە دیاردەی خاکفرۆشیی و لەشفرۆشی و دیاردەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگای کوردیی، بە لای منەوە پێویست بە هەڵبژاردەی (ئەتیکی موڕاڵی) ناکات، تا پرسیار بۆ پێشهات و لێکدانەوەکان بکەین، چونکە دیاردەکان وەکو بەڵگە ئەو راستییانە دەسەلمێنن، خراونەتە بەردەممان بە ئاسانی دەتوانین بڕیاری لەسەر بدەین، کەسێکی خاوەن موراڵ و خاوەن ویژدان کە خاک و گەلی خۆی خۆش بوێت، دەزانێت لە کوێدا بە ئەرکی موڕاڵی خۆی هەڵدەسێت، بە تایبەتی ئەگەر پەروەردەی موراڵییمان ئاستی ویژدانی بەرزکردبینەوە، جیاوازیی لە نێوان خیانەت و نیشتیمانپەروەرییدا بە ئاسانی دەکەین، لە وشیاری خۆماندا هەڵبژاردەیەکی دروستمان دەبێت و دەتوانین کام هەڵبژاردە بەجێهێنانی ئەرکی موڕاڵییە، لەگەڵ ئەوەشدا و بۆ وەڵامی ئەو بەشەی پرسیارەکە، ئەوا سەرەتا دەبێت ئاگاداری مێژووەکە بین، زانیاریی تەواومان هەبێت و بەتایبەتی هەڵسوکەوتی ئیسلامییەکان و دەسەڵاتدارانی پارتەکان، وەکو یەک بەراوردیان نەکەین، هەرچەندە ئیسلامییەکان و دەسەڵاتدارانی پارتەکان وەک دوو ئاڕاستەی جیاواز لە ناو کۆمەڵگای کوردییدا کار دەکەن، من پێم وایە ئەو دوو ئاڕاستەیەش هەرچەندە دوو ئاڕاستەی جیاوازن، بەڵام دژ بە یەکتر نیین، چونکە مەبەستێکی سیاسیی و خراپ لە پشتیانەوە هاندەرە و کاریان پێدەکات، ئەویش تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگای کوردییە، مەبەستەکەش ترسناکە! چونکە زۆربەی کەسایەتیی سیاسیی و پیاوە ئاینییەکانی ئەمڕۆی باشووری کوردستان یەک رۆڵیان هەیە، ئەویش پەیامی خراپەکارییە و کارەکانیان سیخوڕیی و خیانەتکردنە لە کورد و نیشتیمانەکەی. ئەم قسەیەی من وەک بڕیاری دادگا ئاماژەی پێنادەم، نامەوێت رۆڵی دادوەرێک ببینم، بەڵکو وەک شایەتحاڵیک قسە لەسەر مێژووەکەیان دەکەم، ئەویش ئاشکرایە ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن تەنیا لە خزمەتی داگیرکەران و دوژمنانی کوردایە، هەر یەکەیان رۆڵی دیارییکراوی خۆیان پێسپێردراوە، کە لە ناو کۆمەڵگایەکی وشیاردا دەچێتە خانەی خیانەتی گەورەی نیشتیمانیی و نەتەوەییەوە.
ئەم هەڵسوکەوت و دیاردانەش لە رووی موڕاڵیی و لە رووی یاساییەوە جیاوازی زۆریان هەیە، بە نمونە لەشفرۆشیی، ئەگەر مەبەست لە (سێکس فرۆشتن)بێت، ئەوە باری جیاوازی خۆی هەیە، چونکە لە بارێکدا تەنیا پەیوەندی بە فرۆشیار و کڕیارەوە هەیە، بەڵام ئەگەر بکەوێتە باری (خراپ بەکارهێنان) وەک ئەوەی کەسەکان و گرووپی تری مافیایی و هاوشێوەکانیان، بۆ دەستکەوتی مادیی و ئابوریی هاتبنە ناو کاری سێکسفرۆشییەوە و کۆنتڕۆڵیان کردبێت، ئەوە دەچێتە خانەی ئەوپەڕی ناموڕاڵیی.
بۆ پرسی (خیانەت)یش دەتوانین بڵێین، ئاستی خیانەت پلەی زۆر جیاوازی هەیە، وەک خیانەتکردن لە نێوان دوو کەسدا، تا دەگاتە ئاستی خیانەت لە نیشتیمان و لە نەتەوە، بە گشتی بۆ هەموو جۆرە خیانەتێک دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ بکەرەکەیدا بکرێت، بەتایبەتی ئەوەیان کە دەکەوێتە ئاستی بەرزترین پلەی خیانەت. 
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تێگەیشتن لەسەر دیاردەی (ناموڕاڵی)یش دەبێت راستەوخۆش دەست بۆ بکەرانی هەڵسوکەوتی ناموڕاڵیی رابکێشین و نمونەکان بخەینە پێش چاو، زیاتر قسە لەسەر دەسەڵاتدارانی سیاسیی و پیاوە ئاینییەکانی کورد بکەین، بەتایبەتی لە دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، چونکە ئەمانە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا هەبووە، بەم چەند نمونەیەی خوارەوە دەست پێدەکەین، کە ئەو بەرپرسە حیزبی و دەسەڵاتدارانە هەرچییەکیان کردووە و ئەنجامیان داوە، وەکو بەڵگەی مێژوویی دەنووسرێنەوە و لەو پەڕی تۆپکی ناموڕاڵی و خیانەتی گەورەی نیشتیمانیی و نەتەوەییدا کردویانە:
1- پارتی و یەکێتیی هاتنەوە ناو شارەکان، دەرفەتیان بە ئیسلامی سیاسیی دا، ئەوەی لێکەوتەوە، کە ئەمڕۆ دەیبینین.
2- شەڕی ناوخۆیان لەگەڵ یەکتردا هەڵگیرساند، باشووریان کرد بە دۆزەخ و بە هەزاران قوربانی لێکەوتەوە.
3- دزیی و کوشتن و ئاودیوکردنی سامان و فرۆشتنی نەوتی کوردستان کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، توانییان کۆمەڵگای کوردی لەوە خراپتر لێبکەن کە حکومەتی بەعس بیری لێنەکردبووەوە، ئەمان لە بری دوژمن هەرچی خراپ بوو بە کورد و نیشتیماکەیان کردوویانە.
4- لە بواری خوێندندا لە بری زمانێکی یەکگرتوو، خوێندنی قوتابخانەکانیان کردە چەند زاراوەی جیاواز، وەکو سۆرانی و بادینانی، ئیستا وەک دوو زمانی جیاواز لە قوتابخانەکاندا دەخوێنرێت، ئەمە گەورەترین خیانەتی نەتەوەییە کە ئەو دوو بنەماڵەیە لە باشوور کردیان.
5- فیربوونی زمانی دووەم وەکو زمانی عەرەبی، ئینگلیزی و هەر زمانێکی دیکە لە هەموو روویەکەوە هەنگاوێکی باشە، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی و زانستیی و تێگەیشتن و کرانەوە، بەڵام نابێت زمانی دایک فەرامۆش بکرێت و لە پێش هەموو زمانەکانی دیکەوە بایەخی پێ بدرێت. زمانی دایک دەبێت زمانی سەرەکی خوێندن بێت. دەسەلاتی پارتەکانی باشوور، زمانی کوردیان فەرامۆش کردووە، ئەمڕۆ نەوەیەکیان بەرهەم هێناوە، نووسین و خوێندەوەی زمانی کوردییان زۆر لاوازە، بە پێچەوانەوە زۆربەی قوتابیان باشتر دەتوانن بە زمانی تورکی و ئینگلیزی قسە بکەن و بنووسن.
6- بەشێکی زۆری قوتابخانەکان ناوەکانیان کوردی نییە هەروەک ناوی دوکان و بازاڕەکان، کە لە هەستیی سوکایەتیی و کەمزانینی خۆیان، ئەوانەیان کردۆتە کردۆتە زمانی عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی. خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی نزمدایە، زۆربەی قوتابخانەکان داڕوخاو و نوێژەن ناکرێنەوە، لە زستاندا سارد و لە هاوێندا گەرمن.
7- قوتابخانەی ئەهلی و حکومی لە یەکتر جیاکراوەنەتەوە، قوتابخانە ئەهلییەکان کە زۆربەی بەرپرسەکان خاوەندارێتی دەکەن و پارەی پێوەردەگرن، بایەخی باشتریان پێ دەدرێت و شوێنی خوێندن و ئیمتیازاتی باشتریان هەیە، منداڵی بەرپرسەکان زۆربەیان لەو شوێنانە دەخوێنن، کە دەریشچوون منداڵەکانی خۆیان دادەمەزرێنن و ئەوانی دیکە بێکار دەمێننەوە.
8- ئاستی خوێندن هاتۆتە خوارێ و دەرچووی قوتابخانەکان و زانکۆکان ئاستێکی زۆر نزمیان هەیە.
9- دەرچووی زانکۆکان دوای تەواوبوونیان هیچ کارێکیان پێ نادرێت و دەکەونە سەرجادە و کۆڵان و شەقامەکان، فێری دەرمانخواردن و خواردنەوە دەبن، یان کەسوکاریان یارمەتیان دەدەن، ئەویش کە هاتە دەرێ شوێنی رابواردن و قومارخانەی بەرپرسەکانیان پێ نیشان دەدرێت، تا لەوێدا پارەکانیان بە یاریی و قومارکردن و مادی هۆشبەر بدەن و بدۆڕێنن.
10- زۆر لە دەرچووی زانکۆ و قوتابخانەکان، دەبنە عەڕەبانەگێڕ و فرۆشیاری سەرجادەکان، یان دەبنە پیاوکوژی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی دەسەڵات وەکو دژە تیرۆر و پاراستن و ئاسایش.
11- زۆرێک لەوانەی خوێندنیان تەواو کردووە و بێکارن فێری دەرمانخواردن بوون، ئەوانەی فیری ئەو کارەش دەبن، کەسێتی خۆیان لەدەست دەدەن و موراڵیان نامێنێت کە پارێزگاری لە شەرەف و ناموسی خۆیان بکەن، بۆیە دەستدەدەنە کاری لەشفرۆشی، بە تایبەتی ژمارەیەکی زۆر لە کچان، هەروەها دەسەڵاتی پارتەکان بوونەتە هاندەر بۆ دیاردەی لەشفرۆشی کوڕانیش، دیاردەی لەشفرۆشی کوڕانیش سەرچاوەی ئەو بێکاریی و بەرەڵاییەی دەسەڵاتی پارتەکانە، جگە لەو کچانەش کە بە ناوی مۆدێل و هونەرەوە دەسەڵاتداران و پارەدارەکان بۆ لای خۆیانیان دەبەن، نیشتیمانیان کردۆتە زۆرترین خانەی لەشفرۆشی و خۆفرۆشی.
12- لە باشووری کوردستان بە پلان هێندەی قوتابخانە و زانکۆ هەیە، لەبەرامبەرەوە زیاتر قوتابخانەی ئیسلامی و حوجرە و زانکۆی ئیسلامی و تورکیی کراونەتەوە و برەوی پێدەدەن، بڕوانە ئەم ئامارانەی خوارەوە کە راگەیاندنەکانی دەسەڵات خۆیان ئاماژەیان پێداون:
- بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای دهۆک دەڵێ: لە دهۆک هەزار و 100 مزگەوتمان هەیە.
- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، کە لە ساڵێکدا 100 مزگەوتی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروستکراون. هەروەها ئاشکرای دەکات، لە 10ـی تەممووزی 2019 و تائێستا زیاتر لە 400 مزگەوت لە هەرێمی کوردستان دروستکراون. بەمەش ژمارەی مزگەوتەکان دەبێتە 5820 مزگەوت. واتا ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، کە وەک دەسەڵاتی هەرێم خەمڵاندوویەتی ژمارەیان دەگاتە پێنج ملیۆن، کەسی موسوڵمان و ئاینە جیاوازەکانی تر بێ بڕواکان و هەموویان هەر مزگەوتێک 859 کەس مزگەوتێکیان بەردەکەوێت لە (بە منداڵی ساوا و کوڕ و کچ و ژن و پیاو و کەسی بەساڵاچوو و پیرونەخۆش). لە بەرامبەر ئەم هەموو مزگەوتە زۆرەدا، تەنیا 6758 قوتابخانە و پەیمانگە هەن. کە ژمارەیەکی زۆر لەو قوتابخانانە قوتابخانە و پەیمانگەی ئاینییەکانیشن. (لە خوارەوە لینکەکان دانراون.).

 دروستکردنی شوقەی زۆری بەرپرسەکان، کە هانی خەڵکی ئەدەن خانووەکانیان بفرۆشن و بچنە ناو ئەو شوقانەوە، عەرەبیش دێن و خانووەکان دەکڕن، سەرەنجامەکەی بەوە دەشکێتەوە، کە کورد دەبێتە کرێچی ناو وڵاتی خۆی و نیشتیمانی نامێنێت

13- ترسناکترین و سامناکترین کار، داگیرکەرانی کوردستان لە رێگای پارتیی و یەکێتییەوە لە باشوودار دەیکەن و تا ئیستا باسی لێوەنەکراوە، ئەمەشیانە، کە دەستیان گرتووە بەسەر زۆربەی موڵک و خاک و زەوی کوردستاندا، کردوویانە بە بینا و شوقەی گەورە و بازاڕ و مۆڵ، هەرچی خزمەتگوزاریی وەکو غاز و ئاو و کارەبا بۆیان راکێشاوە، بە پێچەوانەوە ئەوانەی خانووی ئاساییان هەیە، بە زەحمەت ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریی تریان بۆ دەچێت، ئەمەش بۆ ئەوەی خەڵکیی بیر لە فرۆشتنی خانووەکانیان بکەن و دەستبەرداری ماڵەکانیان ببن، ناچاربن بیر لەوە بکەنەوە بچن شوقەکانی ئەمانی بکڕن، هەندێک لەو خانووانە و شوقەکانیش عەرەبی تیا نیشتەجێ دەبێت، چونکە ئیستا عەرەبەکان موچە و پارەی دوو قاتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە. سەرەنجامی ئەم دیاردەیە لە دەستدانی ماڵ و مورکی کورد لە باشوور و چۆڵکردن و کەمبوونەوەی کوردە. ئەو شوقانەش کۆمپانیا تورکییەکان دروستیان دەکەن، ئەو شوقانەش، کە ئەندازیارە تورکییەکان نەخشە و شوێنەکەی دەستنیشان دەکەن، ئەو شوقانەش هەر لەو شێوەیانەی تورکیان کە بەرگەی بومەلەرزەکەی نەکرد و بە هەزاران کەس بوونە قوربانی.
 14- نمونەی دیکەش زۆرن کە لە خزمەتگوزاری تەندروستیی و داودەرمان و خواردنی ئێکسپایەر کۆمەڵێک شتی دیکە، وای کردووە باشووری کوردستان بەرەو رووی کارەساتی خراپ بۆتەوە، زیاتر لە کتێبەکەدا باسیان دەکەین.

پرسیار: ئاستی وشیاری کۆمەڵگا لە کوێ بەرەنگاربوونەوەی ناموڕاڵیدا خۆی دەبینێتەوە؟ 

کەمال:

وەڵام: کۆمەڵگا پێویستی بە وشیارییە، تا بتوانێت کۆدی هەڵسوکەوتەکان بخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا نەکەونە نێو کرداری ناموڕاڵییەوە. دەبێت لەناو سیستەمێکی سیاسیی و ئیدارییدا دەسەڵاتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی رۆڵی خۆی لە پەروەردەی کۆمەڵگادا ببینێت، پێش هەموو شتێک ئاین لە سیاسەت دوور بخاتەوە.
عەقڵی هۆشیار دەتوانێت شتە سادەکان وەک هۆکار و کاریگەری بەیەکەوە ببەستێتەوە. وشیاری وامان لێدەکات لەسەر بنەمای موڕاڵیی بڕیار لەسەر دیاردە و ڕەفتارەکان بدەین. ئەم هۆشیارییە زۆرجار پەیوەستە بەوەی، کە ئێمە چەند بەرامبەر بە خۆمان و دەوروبەرمان هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەین. ئەرکی دەسەڵاتێکی سیاسیی و ئیداریش ئەوەیە، کە کۆمەڵگا بگەیەنێتە ئاستی وشیاری، هەروەها ئەو توێژە کۆمەڵەی، کە پێی دەڵێن روناکبیر و خوێندەوار و کەسانی دڵسۆز، لە جێبەجێکردنی پەروەردە و راهێنانی تاکەکانی کۆمەڵگادا ئەرکی خۆیان ببینن. ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان، پیاوە ئاین و سیاسیی و بەناو روناکبیرەکان، یەک ئەرکیان پێسپێردراوە، هەموویان بۆ مانەوەی یەکتر کار دەکەن، داگیرکەرانیش ئەمانەیان دروستکردووە و دەیانهێڵنەوە، چونکە دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور بۆ داگیرکەران کار دەکەن. زۆربەی سیخوڕ و دوژمنەکانی کورد بریتیین لەو مەلا و نووسەر و پیاوەئاین و روناکبیرانەی باشوور، ژمارەیان زۆرە، ئەم هەموو خائینانە لە ناو خۆیاندا یەکگرتوون، بەپێچەوانەوە خەڵکیش پەرتەوازە و ناکۆکن، لە ئاستیی ئەوەدا نیین، بەرەو رووی ئەو سێ هێزەی بەرەی دوژمن ببنەوە، کە خەریکی هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی کوردن.
پیاوە ئاینییەکان رۆڵی خراپیان هەیە لە تێکدانی دابونەرێت و رەوشتی کۆمەڵگا، رۆڵێکی نەڕینییان هەیە لە دابەزینی ئاستی وشیاریی، زۆربەی ئەندامانی ئەم حیزبە ئیسلامییە کوردانە، لەگەڵ ئەندامانی پارتیی و یەکێتیی، پەساپۆرت و ناسنامەی تورکییان هەیە و کاری سیخوری بۆ میت دەکەن. لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی تورکیا ئەو راستییە دەرکەوت. 

پرسیار: تێگەیشتنتان بۆ هۆمۆ و جەندەر چۆنە، بەتایبەتی، کە ئیستا قسەی زۆری لەسەر دەکرێ، لە کوێی پێناسەی موڕاڵدا خۆیان دەبیننەوە؟

 کەمال:

(هۆمۆ) وشەیەکی لاتینییە، بەکوردی دەبێتە واتای مرۆڤ. ئەم وشەیە هەموو جۆرە مرۆڤەکان دەگرێتەوە، هەر لە (هۆمۆ هابیلیس)ـەوە تا دەگاتە (هۆمۆ ساپیان)، کە ئەم جۆرەی ئیستای ئێمەیە لە جیهاندا ماوین. 
ئەگەر وشەی (هۆمۆ) پێش و پاشی هەندێک وشەش بکەوێت، ئەوا واتای تایبەت بە خۆی دەگەیەنێت، وەک (هۆمۆ ساپیان)، (هۆمۆ نێدەرتاڵ)، هەروەها (هۆمۆ سێکشوڵ)یش کە، واتاکەی دەگۆڕێت و دەبێتە پێناسەیەک بۆ ئەو کەسانەی لە رووی (رۆمانسی) و (سێکسی)یەوە ئارەزووی رەگەزی خۆیان دەکەن؛ واتا ئەگەر کەسەکە نێر بێت ئارەزووی نێر دەکات، یان مێ بێت ئارەزووی مێ دەکات... هەندێک جاریش (هۆمۆ) وەک کورتکراوەی (هۆمۆ سێکشوڵ) بەکار دەهێنرێت.
(هۆمۆ سێکشواڵ) و (جێندەر) بەتەواویی لە رووی واتاوە زۆر لە یەکتر جیاوازن، جێندەر لە رووی واتاییەوە هەموو جۆرە جیاوازەکانی مرۆڤ لە رووی دەرکەوتەی سروشتی سێکسیی و هەستی سێکسییەوە دەگرێتە خۆی، بەتایبەتی ئەو پەیوەندییەی هەیانە هەمان پەیوەندییە لەنێوان (نێر و جێندەر)، (مێ و جێندەر) و جۆرەکانی تری مرۆڤ لەگەڵ جێندەردا، کە مەبەست لەو جۆرە مرۆڤانەیە لە رووی (رۆمانسی) و (سێکسی)یەوە، نەک لە رووی بایۆلۆژییەوە، چونکە مرۆڤ وەک لەکۆندا دەزانرا، تەنیا لە دوو (جنس)ی سێکسی جیاوازی (نێر و مێ) پێک نەهاتووە، ئەو زانینە کۆن و هەڵەیە، بۆ ئەمەش هۆکار زۆرە و لە هەموو روویەکەوە شاردراوەتەوە، لە روویەکی تریشەوە کراوەتە تابوو. بۆیە ئەمڕۆ لە نێو زۆربەی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا ئەو تابووە شکێندراوە و بۆتە دیاردەیەکی فەرمی. ئەم گۆڕانکارییەش؛ یەکەم بەڵگەی زانستی و دووەم پاراستنی مافەکانی مرۆڤیان لەپشتە. بۆیە ئێمەی مرۆڤ، کە جگە لە پێکهاتەی ئەندامەکانی لەشمان وەک (نێر) و (مێ)، کە لە یەکتریان جیاکردووینەتەوە، لە هەمانکاتدا مرۆڤ بریتییە لە چەندین جۆری هەستی سێکسی جیاوازیش، لە خوارەوە بە ژمارە هەندێکیان دەخەینە روو:
یەکەم: نێر، دەرکەوتەی نێرینەیە و هەستی نێرینەیی هەیە.
دووەم: مێ، دەرکەوتەکەی مێینەیە و هەستی مێیینەیی هەیە.
سێیەم: دەرکەوتەکەی مێینە و نێرینەیی پێوەیە و هەستێکی جیاوازی سێکسی هەیە.
چوارەم: دەرکەوتەکەی نێرینەیە و هەستی مێینەی هەیە. (واتا لە ناخدا خۆی بە مێ دەزانێت).
پێنجەم: دەرکەوتەکەی مێینەیە و هەستی نێرینەی هەیە. (واتا لەناخدا خۆی بە نێر دەزانێت).
شەشەم: دەرکەوتەکەی نێرینەیە و هیچ هەستێکی بۆ کاری سێکسکردن نییە.
حەوتەم: دەرکەوتەکەی مێینەیە و هیچ هەستێکی بۆ کاری سێکسکردن نییە.
ئەوەی سەرەوە بەشێکە لەو جیاوازییە سێکسییانەی، کە ئێمەی مرۆڤیان لە جیهاندا پێکهێناوە. جێندەریش وشەیەکە، هەموو ئەو بەشانە دەگرێتە خۆی. بڕوای وایە هەموو ئەوانە مافی خۆیانە بەو هەستە سروشتییەی خۆیان، کەسێتییان بناسرێت و لە رووی کۆمەڵایەتی و یاساییەوە، جیاوازییان لەگەڵدا نەکرێت، هیچ جۆرێک لەم جۆرە جیاوازانە بەهۆی بیروباوەڕی جیاوازی خۆیانەوە، کە سەر بەو جۆرە هەستە رۆمانسی و سێکسییەی خۆیانن سوکایەتیان پێ نەکرێت.

پێشتر و لە رابردوودا:

- لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکان، بەتایبەتی ئەمەریکا، هەموو جۆرە پەیوەندییەکی سێکسی جیاواز جگە لە (نێر و مێ) بە پێی یاسا وەک نەخۆشی دەرونی سەیر دەکرا، تەنانەت ئەمریکا لە ساڵی 1952 یاسایەکی دەرکردبوو، بەوەی کە هاوڕەگەزەکانی بە "تێکچونی کەسایەتی سۆسیۆپاتیک" پێناسە کردبوو، بەپێی ئەو یاسایە هاوڕەگەزخوازەکانیان دەخستە ژێر چاودێری چڕی پزیشکییەوە، وەکو شێت مێشکیان لە کارەبا دەدان، لە فەرمانگە و کارگە و شوێنی کار ئەگەر ئاشکرابونایە، دەردەکران، ئەمە درێژەی کێشا تاکو ساڵی 1973 بە دوایدا پەیمانگەی دەرونناسی ئەمەریکی دژی ناساندنی هاوڕەگەزخوازان بە نەخۆشی دەروونی، بڕیارێکی دەرکرد ئیتر ئەو یاسایە لەسەر هاوڕەگەزخوازان هەڵگیرا و بە دوایدا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپیش چاویان لە ئەمەریکا کرد، ئەمڕۆ پرسی هاوڕەگەزخوازان گەیشتۆتە ئاستێک تەنانەت دەتوانن وەکو خێزانێکی ئاسایی هاوسەرگیرییش بکەن.
- ئەمڕۆ لە زۆربەی قوتابخانە ناوەندیی و ئامادەییەکانی وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپی، بە فەرمی باسی مافی هاوڕەگەزخوازان دەکرێت، بۆ قوتابیانیش باسدەکەن کە هاوڕەگەزخوازیی ئاسایی و سروشتییە، تا لە قوتاباخانەکان ئەگەر دوو رەگەزی لەیەکچوو پێکەوە ببینرێن کەس گاڵتەیان پێ نەکات.

ئاژەڵبازیی:

- لە دەرەوەی کاری سێکسکردنی لەو حەوت جۆرەی سەرەوە، کە ناومان هێنان، پەڕلەمانی ئیسپانیا یاسایەکی نوێی لە رۆژی 2023/02/09 پەسەند کرد، کە لاقەکردن و جوتبوون لەگەڵ ئاژەڵاندا بە تاوان دانانرێت، بە مەرجێک هیچ توندوتیژیی و برینداربوونێک بە ئاژەڵەکەوە دیار نەبێت. وەزیری مافە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسپانیاش پشتگیری لەو بڕیارەی پەڕەلەمان کرد و لە کارنامەی ساڵی ٢٠٣٠ی ئیسپانیا پەسەندی کرد.

دژە هاوڕەگەزخوازەکان:

هاوڕەگەزخوازی لەلایەن هەندێک لە وڵاتانی وەکو روسیا بە کارێکی نەشیاو دادەنرێت و بە گژیدا دەچنەوە، بەوەش پێناسەی دەکەن، کە ئەمە پلانێکە بۆ تێکەدان و هەڵوەشاندەنەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی، لەو بارەیەوە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا هێرشێکی توندی کردە سەر "لیبرالیزمی ڕۆژئاوایی" و ڕەخنەی لە بانگخوازە رۆژئاواییەکان گرت، کە چۆن هانی بەرەوپێشبردنی مافەکانی هاوڕەگەزخوازان و ڕەگەزگۆڕاوەکان دەدەن، وتی دەبێت ئێمە پابەند بین بە "بەها رەوانییەکان (ڕۆحییەکان) و نەریتە مێژووییەکان، پێویستە ئێمە لەو " ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییانە"ی ڕۆژئاوا دوورکەوینەوە. ".

بۆ وەڵامی ئەو بەشەی کە ئایا ئەمانە وەک لە پرسیارەکەدا هاتووە، لە کوێی موڕاڵدا جێگەیان دەبێتەوە؟

هەڵبەت ئەو هەڵسوکەوتەی کە لەکۆمەڵگەیەکدا باشە، پەیوەندی بە پەروەردەی نێو ئەو ژینگەوە هەیە، کە تاکەکانی کۆمەڵگا تێیدا دروست دەبن، چاویان تێدا دەکەنەوە و ژیانیان تێدا بەسەردەبەن، ئەو ژینگەکۆمەڵایەتییە بریتییە لە کۆمەڵێک یاسا و رێسا، بەشیکیان لە کولتور و پەروەردەی تاکەکانیەوە سەرچاوەیان وەرگرتووە و کاریگەرێتی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەخاتە سەر هزر و هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەیان. بۆیە لەرێی پەروەردەی تاکەکانی کۆمەڵگەشەوە باش و خراپ پێناسەیەکی تایبەت بە خۆی وەردەگرێت و پێی دەناسرێتەوە. واتا مەرج نییە ئەوەی لە کۆمەڵگایەکدا کە پێوەریی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ چاکە و خراپە، بە هەمان شێوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر و بە هەمان پێوەر لە کۆمەڵگایەکی دیکەدا بەو شیوەیە رەچاوبکرێت. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە جیاوازی نێوان کۆمەڵگەکان پێش هەموو شتێک بەستراوە بە کولتورەکەیانەوە، ئەمەش بۆتە بنەمایەکی پتەوی پەروەردە و وایکردووە کۆمەڵگاکان لە یەکترجیا بکرێتەوە، بۆیە موڕاڵی هەر یەکەی کۆمەڵگاکان لەگەڵ یەکتردا جیاوازیان دەبێت، ئەوەی بۆ کۆمەڵگای کوردیی کە پێویستە پەیڕەوی بکات ئەو (باشیانەیە) کە لە هەموو ڕوویەکی پێکەوە ژیانکردندا دەبێتە (موڕاڵ) بوون، پێچەوانەکەشی دەبێتە (ناموڕاڵی).

هاوڕەگەزخوازیی لە ناو کۆمەڵگای کوردییدا

جا لێرەدا بە پێی ئەو لێکدانەوەیەی سەرەوە، دەمەوێت ئاماژە بە دیاردەی (هۆمۆ سێکشوڵ) و وشەی (جێندەر)یش بدەم، کە لە کۆمەڵگای کوردەواری ئێمەدا و بەپێی ئەو پێوەرە ئاینی و کۆمەڵایەتییەی بۆمان دانراوە، بۆتە کەلتور و پەروەردەی موڕاڵی، دەبێتە رەوشتێکی جوان، یان ناشرین، بە پێچەوانەی کۆمەڵگایەکی وەکو ئەوروپیی، بۆیە ئیتر دەکەوینە دژایەتیکردنی هەموو ئەوانەی کە لەگەڵ پێوەرە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکەی خۆماندا نامۆن و بە ئاسانی لەنێوماندا جێگەیان نابێتەوە.
تا کۆمەڵگایەک وشیار بێت، ئەو جیاوازییە بە ئاسایی وەردەگرێت، هەڵبەت ئەگەر ئەرێنی بێت، هەوڵی گۆڕانکاریی ئەمەی لای خۆی دەدات، بۆیە پێویستە ئاستی وشیاریی بەرەو ئاڕاستەیەک هەنگاو بنێت، ئەو وشیارییە بیگەیەنێتە ئاستێک، کە هەست بە جیاوازیی چاک و خراپەکان بکات و گۆڕانکاری بە سەردا بهێنێت.
ئەمەی سەرەوە لێکدانەوەیەکی زانستیانە و فەلسەفیانەیە بۆ هۆمۆ سێکشوڵ و جێندەر، کە من لە خوارەوە رای خۆم لەو بارەیەوە و بەپێی پەروەردەی موڕاڵی و بۆچوونی خۆم، دەدەم، هەوڵ دەدەم بە شیوەیەکی زانستیانەش سەبارەت بەو گۆڕانکارییانە بۆ کۆمەڵگای کوردیی قسە بکەم.
لە هەموو کۆمەڵگایەکدا بەتایبەتی لە نێو کۆمەڵگای کوردییدا هۆمۆسێکسواڵ، کە سێکسکردنە لەگەڵ هاوڕەکەزی خۆیدا، کە سێکس کردنی نێرە لەگەڵ نێردا، ئەمە لە ناو کورددا کارێک و دیاردەیەکی نامۆ نییە، بە تایبەتی لەناو ئاینی ئیسلامدا، لە دەیان ئایەت و حەدیسدا باسی (غوڵام) و (یتیم) هاتووە، مەبەستەکەش بۆ کاری سێکسیکردنە. وەک نمونە ئەگەر (رشتەی مراوری)ی عەلادین سوجادی بخوێنیتەوە، بە سەدان نوکتە و رووداوی مەلا و فەقێ و پیاوە ئاینییەکانی تێدایە، کە چۆن لاقەی منداڵ و کوڕیان کردووە. زۆر لە مەلا و پیاوە ئاینییەکان لە ژێرەوە هاوڕەگەزخواز بوون. لە یەکێک لەو نوکتانەدا باسی کەسێکی دەکات، کە ویستوویەتی بۆ حەج بچێت، لەگەڵ خۆیدا ئەو کوڕەی بردووە، وتویەتی ئۆقرە ناگرم، لە رێگا دەبێت سێکسی لەگەڵدا بکەم.
مستەفا بەگی کوردیی شاعیر، گوایا لە ساڵی 1782 لە دایک بووە، هەموو هۆنراوە دڵدارییەکانی لەسەر کەسێک بووە، بە ناوی (قادر)، پاش ئەو ماوە زۆرە، کە لە ناو خەڵکیدا شیعرەکانی ناوبانگێکی زۆری دەرکردووە، تەنانەت کاتێک قادر بەرەو سنە دەچێت، مستەفا بەگی کوردی پێش قافڵەکە دەکەوێت دەگاتە سنە.
ساڵی 1930 بۆ یەکەمجار کاتێک دیوانەکەی بڵاوکراوەتەوە، لەناو ئەو کۆمەڵگا داخراوە ئیسلامییەی ئەو سەردەمەدا کەسێک راست نەبووەوە، قسەی پێ بڵێت، هەموو بە ئاسایی وەریان گرت و فەتوایەک نەدراوە، تا شیعرەکانی قەدەغە بکرێت و سانسۆر بکرێت. عەلادین سوجادی کە لە زانکۆی بەغدا مامۆستامان بوو، بە ئاشکرا دانی بەوەدا دەنا، کە مستەفا بەگی کوردی شیعرەکانی بەسەر قادردا هەڵداوە، عیزەدین مستەفا رەسوڵ، مارف خەزنەدار و د. ئیحسان فوئادیش پشتڕاستیان دەکردەوە ، کەچی لەو دواییەدا و لە ساڵی 2010دا کاتێک دیوانەکەی بۆ جارێکی دیکە چاپکرایەوە، (محەمەد مستەفا حەمەبۆر)، لە پێشەکییەکەیدا پاکانەی بۆ دەکات و دەڵێت: ئەمە راست نییە و مەبەست لەو کوڕە نەبووە کە ناوی (قادر) بووە، بەڵکو لە تەریقەتی قادری بووە.
لە قورعان و کتێبە ئاینییەکاندا بە ئاشکرا باس لە سێکسککردن کراوە لەگەڵ منداڵدا، واتە ئەوانەی کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە، زۆربەی ئەوانەی دەستدرێژیان کردۆتە سەر منداڵان لە دنیای مۆدێرندا بە (پۆدۆفیل) ناو دەبرێت، وەک تاوانێکی گەورە سزای بکەرانی دەکرێت، چونکە لەو تەمەنەدا منداڵ چ کوڕ بێت، یان کچ، مێشکی کراوە نییە تا خۆی بڕیاری ئەوە بدات بە رەزامەندی خۆی سەرجێی و سێکس بکات.
بەهەرحاڵ ئەوەی لێرەدا پێویستە قسەی لەسەر بکەین، ئەوەشیانە، کە رێکخراوە سیاسییەکان و پیاوە ئاینییەکانی کورد کاتێک ئەم باسانە لە ناویاندا دەکەنە مایەی مشتومڕ و قسە و باس، بە توندی بەرەنگاری دیاردەی هاوڕەگەزخوازیی و جێندەر دەبنەوە، لە کاتێکدا زۆربەی مەلا و پیاوە ئاینەییەکان بۆ خۆیان نمونەی فەسادی و بەدەڕەوشتیین، بەڵام هەر یەکەیان بە شێوەیەک لە ژێر پەردەی ئاین و سیاسەتی حیزبە کوردییەکانی باشووردا پاساوی بۆ دەهێننەوە، یان نووسەرە دەربارەکانی سەر بە دەسەڵات پەردەپۆشی دەکەن، لێرەدا وەکو بەڵگە چەند نمونەیەک دەهێنمەوە، کە چۆن لە قورعان و شەریعەت و ئاینی ئیسلامدا رێگا بە فرەژنی دراوە، تەنانەت ئەگەر منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵەش بهێنیت و لاقەی منداڵانیش بکەیت، واتا هەموو موسوڵمانێک دەتوانێت تا چوار ژن بهێنێت، گرنگ نییە تەمەنی لە خوار 18 ساڵیشەوە بێت، هەر وەک لە قورعاندا باسی لێوەدەکات لەو دنیا ئەوانەی دەچنە بەهەشت دەتوانن لەگەڵ (غولماندا) سەرجێیش بکەن، زۆربەی پیاوە ئاینییەکان ومەلاکان چاوەڕێی فریشتە و غوڵامەکانی ئەو دنیا ناکەن، بۆیە لەم دنیا لەگەڵ نێرینەشدا سێکس دەکەن، ئیستا لە ئەفغانستان بەشێک لە چالاکی پیاوە ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکان رابواردنە لەگەڵ (غوڵام)دا، خەریکی بەچەبازیین و شوێنی رابوردنیان هەیە، جلی کچانە لەبەر منداڵی نێرینە دەکەن، دانسیان پێ دەکەن تا زەوقیان هەڵدەستێت، لای پیاوە موسوڵمانە کورد و مەلاکانیش لە حوجرە و شوێنی خوێندندا لاقەی کوڕی جوانکیلە کراوە، ئەگەر لە ئەمڕۆدا ئەوە بە ئاشکرا ناکرێت، بەڵام لە رابردوودا ئەوە کراوە.
لە زمانی فارسی و ئەفغانیدا وشەی (بچەبازی) بە واتای لاقەکردنی منداڵی نیرینەی خوار تەمەن 18 ساڵانە دێت، کورد بەمە دەڵێت: (هەتیوبازی). لە کوردیدا (هەتیو) بە منداڵێک دەگوترێت کە دایک و باوکی یان یەکێکیانی نەمابێت، بەتایبەتی (باوک)، کە لە هەژاریدا ئەو منداڵە کەوتبێتە سەر جادە و کۆڵان، نێرباز و پۆدۆفیل و سەرسەرییەکان، بە بیانووی پێدانی خواردن و پارەوە، یان هەڕەشە و ترسەوە دەرفەتیان لێهێناون و دەستدرێژییان کردوونەتە سەریان، ئەم دیاردەیە باو بووە، بۆیە لەناو کورددا لە بری (منداڵباز) ناویان ناون (هەتیوباز). بەمە دوو جار ئازاری بەدەنی و دەروونی ئەو هەتیوانە دراون.
بەشێک لە دیاردەی منداڵبازیی و دەستدرێژی کردنە سەر منداڵ و کوڕی بێدەسەڵات، دەگەڕێتەوە بۆ کار و پیشەی مەلا و پیاوە ئاینییەکان، ئینجا رێکخراوە سیاسییەکانی کورد، نمونە و رووداو زۆرن،
- کاتی خۆی لە چەند نووسیندا گێڕاومەتەوە، کە کوڕێکی برادەرم بۆی گێڕامەوە و وتی: منداڵ بووم برا گەورەکەم کە شیوعی بوو لە سلێمانی هانی من و برادەرە هاوتەمەنەکانی خۆمی دەدا و دەیگوت، بچنە گەڕەکی (عەقاری) کە گەڕەکێک بوو زۆربەی ماڵە دەولەمەندەکانی ئەو سەردەمەی لێبوو، وتی بڕۆن منداڵەکانیان (حیز) بکەن.
- لەدوای نەمانی رژێمی پادشایی لە عێراق، لە بیرمە ئەندامانی حیزبی شیوعی و پارتییەکان زۆر جار شەڕە جنێو و ناوناتۆرەی ناشرینیان بە یەکتر دەدا، رێگایان لە یەکتر دەگرت و دەستدرێژیان دەکردە سەر منداڵانی خزم و کەسی یەکتر،  ئەمە بوو بە چالاکی سیاسیی و کەلتوری حیزبی. تا سەردەمانێک پارتیی و یەکێتیی بە ئیستاشەوە بوختانی جنسیی و جنێوی ناشرینیان بە ئەندامەکانی یەکتر دەدا.
- بەشێک لە چالاکییەکانی دەزگای پاراستنی پارتیی تا ئەمڕۆش بەو شێوەیە رەفتار لەگەڵ نەیارانیاندا دەکەن، بە پلان پڕوپاگەندەی ئەخلاقی دەخەنە پاڵیان، وەک چەکێک بەکاری دەهێنن، مەلا مستەفای بارزانی، کە بەردەوام جنێوی جنسیی ناشرین و ناوناتۆرەی بەسەر ناحەزەکانیدا هەڵداوە، بۆ خۆی مەلا و مامۆستای ئەو خووە ناشرینە بووە.
- لە دوای ئاشبەتاڵ، کاتێک بەرپرسەکان و کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامانی پارتی چوونە ئێران، پاش ماوەیەک چەند کەسێک لەو پارتیانە ویستیان ئێران بەجێ بهێڵن و بچنە دەرەوە، بە فەرمانی (ئیدریس و مەسعود بارزانی)، فرانسۆ حەریری ئەو ئەرکەی پێ سپێدرا، کە بە زۆر دەیانبردن لاقەیان دەکردن و بە ڤیدیۆش تۆماریان دەکرد، پێیان دەگوتن، ئەگەر ببیستینەوە کە قسەتان پێ وتین، ئەم ڤیدیۆیانە بڵاودەکەینەوە.

رای خۆم لەسەر جێندەر و هاوڕەگەزخوازیی

گەلی کورد، وەکو نەتەوەیەکی ژێردەستەی (تورک و فارس و عەرەب)، هەروەها بندەستی ئەو پارتانەی کە بە ناوی کوردەوە، بەشێکی بچوک لە نیشتیمانەکەی بەڕیوەدەبەن. مافی مرۆڤبوونی لێسەندراوەتەوە، زەحمەتە بتوانێت لەبەرامبەر ئەو هەموو کێشە و گرفتە ئاڵۆزانەدا وەکو کۆمەڵگایەکی ئەوروپیی، کە خاوەنی کەسایەتیی و ئازادیی خۆیانن، کوردیش وەک ئەوان بتوانێت بەرەو رووی مەسەلەی هاوڕەگەزخوازیی و جێندەر بێتەوە. کۆمەڵگای کوردیی کۆمەڵگایەکی ناوشیاری عەشایریی و ئاینیی داخراوی دواکەوتووە، کەسەکان ئازاد نیین، ناتوانرێت لە نێو ئەو ژێردەستەییەدا ئازادییان بۆ یەکتر لێ داوا بکرێت، ئازادی سەرچاوەکەی فیکر و هزر و وشیارییە، کورد وەکو مرۆڤ کەسایەتییەکی تێکشکاوە و بە مافی مرۆڤبوونیشەوە هەموو شتێکی لێسەندراوەتەوە، ئەوەی هەیەتی ئازادییەکی کەمە لەناو ماڵ و خێزانی خۆیدا، کە بەشی ئەو هەموو ئازادییە گەورەیە ناکات، تا وەک ئەوروپییەک لە مەسەلەی جێندەر و هاوڕەگەزخوازی بگات، نەزانین مێشکی تاک بەتاکی خێزانیشی گرتۆتەوە و بە شیوەیەکی زانستیانە لە مەسەلەی هاوڕەگەزخوازیی و جێندەر تێناگات. ئەم راستییە نەک تەنیا لە ناو کورددا، بەڵکو بۆ ئەو وڵاتە ئیسلامیانەی ناوچەکەش تا رادەیەک هەر وایە.
سەرە رای ئەو هەموو جۆرە هەستە جنسیی و رۆمانسیانەی کە لە سەرەوە ناومان هێناون، من بڕوام وایە، کە بە شێوەیەکی سروشتی ئەندامەکانی نێو خێزانی هەر کۆمەڵگایەک بریتییە لە رەگەزی (نێر و مێ و ئەو منداڵانەی پێکەوە دەیخەنەوە)، ئەرکی ئەو ژن و پیاوە، بە پێی حاڵەتە سروشتییەکەی خۆیان سێکسکردنە بە مەبەستی چێژوەرگرتن لەیەکتر و دووەم خستنەوەی وەچە لە دوای خۆیان. ئەوانەی پێچەوانەی ئەمە لێکدانەوەیان بۆ سیستەمی خێزان هەیە، وەک هاوڕەگەزخوازەکان، من ناتوانم دژیان بم، دەبێت مافی سروشتی خۆیان پێبدرێت و سوکایەتییان پێ نەکرێت، بە مەرجێک دەستێکی دەرەکی کەیسەکەیان بە سیاسەت نەکات و گاریگەری نەبێت بۆ تێکدانی سەرجەمی سیستەمی خێزان و کۆمەڵگای کوردی. کێشەی هاوڕەگەزخوازان و جێندەر، کێشەیەکی ناوخۆی هەموو میللەتێکە، نابێت بە مەبەستێکی سیاسیی و گوماناوی دەستی دەرەکی خۆی لە کێشەکەدا هەڵبقورتێنێت و گومانی لێکترازان و هەڵوەشاندنەوەی پیرۆزییەکانی کۆمەڵگای تێدا نەمێنێت. 
ئەو دیاردەیەی، کە من ئەمڕۆ لە باشووردا هەیە و بەدەست پارتەکانی دەسەڵاتەوە دەیبینم، بە ناسروشتی دەزانم، دەسەڵات و ئیسلامییەکان کێشەی هاوڕەگەزبایی و جێندەریان بە سیاسەت کردووە، تا لەو رێگایەشەوە کۆمەڵگای کوردی پێ هەڵوەشێنن.
زیاتر لە پێنج ملیۆن کورد لەو بەشە لەتکراوەی باشووردا کە ناوی هەرێمە، تێیدا دەژی، هەر رۆژەی بەرەو رووی دەیان کارەسات و کێشە و تەنگەشە دەکرێتەوە، بوونی رێکخراوێکی وەک (ڕێکخراوی جەندەر و گەشەپێدان)، کە وڵاتانی ئەوروپیی دەستی یارمەتی بۆ درێژ کردووە، زیاتر من لە قسەکانی پوتین سەرۆکی ڕوسیا نزیک دەکاتەوە، کە پێی وایە "لیبرالیزمی ڕۆژئاوایی" هانی بەرەوپێشبردنی مافەکانی هاوڕەگەزخوازان و ڕەگەزگۆڕاوەکان دەدەن، تا لە "بەها رەوانییەکان و نەریتە مێژووییەکانی کۆمەڵگا بدەن، ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی و کولتوورییان خستۆتە نێو هەموو کۆمەڵگاکانەوە. هەموو ئەمانە دوورن لە ئازادی مافەکانی هاوڕەگەزخوازان.
لای منیش جێگای گومانە، کە بۆچی هێندە بایەخ بەو جێندەر و هاوڕەگەزخوازانەی کورد دەدرێت و یارمەتی ئەو رێکخراوانە دەدەن لە کاتێکدا ئازادیی بۆ گەلێکی ژێردەستە، کە هەموو رۆژێک داگیرکەرێکی ناوچەکە زۆرلەوە خراپتر و نامرۆڤانەتر بە کورد دەکەن، ئەوان بێدەنگن، بەڵام بە ناوی ئازادییەوە بۆ هاوڕەگەزخوازان پشتگیری مادییان دەکەن و بۆ ئازادی نەتەوەیەکی ژێر دەستە بێدەنگن؟
ئازادی گەلێک لە هەموو ئازادییەکانی دیکە لە پێشترە.
لەسەر ئەمە زیاتر لە کتێبەکەدا درێژەی پێدەدەین.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە