ئەوەی کورد بۆ ئەردۆغانی کرد و ئەوەی ئەردۆغان بە کوردی کرد

Friday, 19/05/2023, 0:03

1558 بینراوە


به‌ختیار عه‌لی لە وتاری (ئۆردوگانیستە کوردەکان)  دەڵێت: "لە چەند ساڵی‌ ڕابوردوو دا، ئەفسانەی ئۆردوگانیزم بۆتە یەکێکە لە ئەفسانە گەورە‌ و ترسناك و بەربڵاوەکانی خۆرهەڵات. ئەم پیاوە ناسیونالیستییە پیاوکوژ‌ و جەلادە، کە خۆی لە تورکیادا بەجۆرێکی نوێ‌ و دیماگۆگی درێژە بە سیاسەتی ناسیونالیستیانەی تورکی دەدات، جۆرە فۆرمێکی نوێی کەمالیزم پیادەدەکات کە لەبری ئەوەی‌ ڕوو لە خۆرئاوا بێت،‌ ڕووی لە ئیسلامە، لە ناوەوە دەست لە هیچ کوشتن و بڕییەک ناپارێزێت دەرهەق بە ئەتنییەت و نەتەوەکانی تر، بۆ دەرەوەش دەموچاوێکی ئاشتیخواز‌ و مرۆڤدۆست‌ و مافدۆست دەردەخات... خۆی لە ناوەوە قەسابخانەی وەک شیرناخ دروستدەکات، لەدەرەوەش ڕوو لە بەشار ئەسەد دەکات و دەڵێت «میللەتی خۆت مەکوژە».
مەریوان وریا قانع دەڵێت: " ئەردۆگان وەک سەرۆک وەزیرانی تورکیا (٢٠٠٣-٢٠١٥) کەسایەتییەکی ترە و دیدو روانینەکانی گۆڕانی هەمەجۆریان بەسەردادێت. لەوانە بۆ نموونە لەباتی وێناکردنی خۆرئاوا وەک شەیتان، هەموو هەوڵی خۆی تەرخاندەکات بۆ نزیکبوونەوە لە خۆرئاوا بەگشتیی و بوون بە ئەندام لەناو یەکێتی ئەوروپادا. لەم قۆناغەدا خۆی وەک پردێک نمایشدەکات لەنێوان خۆرئاوا وجیهانی ئیسلامی دا و کۆمەڵێک چاکسازیی گرنگ لەناو دەوڵەتی تورکیاشدا ئەنجامئەدات. لەوانە بۆ نموونە، دەسەڵاتی سوپا و دەستێوەردانی لە سیاسەتەوە سنوردار دەکات، بە فەرمی باس لە مەسەلەی کورد دەکات و هەنگاوی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی دەنێت، گەشەیەکی بەرچاو بە ئابوریی تورکیا دەدات و بڕو رادەی گەندەڵیی لە وڵاتەکەدا کەمدەکاتەوە. 
ئەردۆغان، بەڵام دوای نائومێدبوونی تەواوەتی لەوەی تورکیا ببێت بە ئەندام لە ئەوروپای یەکگرتوو دا و دوای هاتنەکایەی رووداوەکانی بەهاری عەرەبیی ساڵی 2011 کە سەرتا لە ووڵاتی (تونس)ەوە دەستیپێکرد، گۆڕانێکی تازە و گەورە بەسەر دیدگاو روانینەکانی ئەردۆگاندا دێت.
لە دوای بەهاری عەرەبییەوە ئەردۆگان هەوڵئەدات ببێتە نوێنەرو سەرکردەی وڵاتە موسڵمانە سونییەکان کە ئیخوان تێیاندا هەژموونی هەیە. بەهاری عەرەبیی، کە لە ساڵانی سەرەتایدا بەهاری ئیخوانی موسلیمین بوو، دواتریش هاتنەکایەی جەنگی ناوخۆی سوریا لە 2011 و ئامادەگیی بەهێزی هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و هێزە جیهادیستەکان لەناویدا، وادەکات ئەردۆگان خەیاڵی ئەوەی تیادا دروستببێت ئەنقەرە بکاتە پایتەختی ئیسلامی سونیی لە جیهاندا.
لە دوای بەهاری عەرەبییەوە ئیسلام دەبێتە بنەمای سەرەکیی ئەو شوناسەی ئەردۆگان بۆ تورکیا پێشنیاریدەکات. ئەمە وادەکات لەدوای ٢٠١١ گوتاری سەرەکیی ئەردۆگان دەبێت بە گوتاری «عوسمانیزمی نوێ» کە تیایدا تورکیا خەون بەوەوە دەبینێت ببێت بە سەرۆکی هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کۆی وڵاتە ئیسلامییە سونییەکان، ببێت بە سێنتەری سیاسیی و کولتوریی هەموو جیهانی موسڵمانان.  
هەرچی ئەردۆگانە وەک سەرۆکی تورکیا و گۆڕینی سیستمە سیاسییەکەی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتیی، ئەردۆغانی ساڵی (٢٠١٧) لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێکەوە سیستمی ووڵاتی بە قازانجی دەسەڵاتی خۆی و پارتەکەی لە پەڕلەمانییەوە گۆڕی بۆ سەرۆکایەتی، کورد لە ڕێگەی (هەدەپە)وە بایکۆتی ئەو ڕیفراندۆمەی کرد.
ئەردۆغان دوای ئەوەی بوو بە سەرۆک کۆمار لە نێوان ساڵانی (٢٠١٧- ٢٠٢٣)، کۆتایی بە بەشی هەرەزۆری ئەو رەهەندە پۆزەتیڤانە هێنا کە ئەزموونی ئاکەپە لە دە ساڵی یەکەمیدا هەڵیگرتبوو. لە قۆناغی سەرۆکایەتیدا ئەردۆگان دەبێتە سەرۆکێکی ستەمگەر و تاکدەسەلات، دەسەڵات لە ولاتەکەدا بە شێوەیەکی ترسناک بە مەرکەزیی دەکات و کۆڵەکە سەرەکییەکانیشی بە کەسایەتیی خۆیەوە و کەسە نزیکەکانی خۆیەوە، گرێئەدات. لەم قۆناغەدا بە شێوەیەکی سیستماتیک لە سەرجەمی نەیار و رەخنەگرەکانی خۆی ئەدات، کودەتای ساختە رێکدەخات، سەرۆک شارەوانییە ھەڵبژێراوەکان لادەبات و زیندان دەکات، میدیای وڵاتەکە کۆنترڵ و ئاراستە دەکات، سیستمی داوەریی دەستکاریکرد، پەلاماری وڵاتەکانی دەوروبەری دەدا. لە بەرانبەر دا ئابوری تورکیا تووشی داڕوخانێکی گەورە ببوو، بەهای لیرەی تورکی بەجۆرێک دابەزی بوو لە مێژوو دا وێنەی نەبووە. پەیوەندی تورکیا لەگەڵ زۆر لە ووڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی به دۆخێکی خراپ دا دەڕۆیشت.
ئەردۆغان دوای زیاد لە بیست ساڵ حوکمڕانیکردن، دەگۆڕێت بۆ یەکێک لە سەرکردە ستەمگەر و دەسەڵاتگەرە ھەرە ترسناکەکانی ناوچەکە. تا دێت زیاتر و زیاتر گەشە بە گوتارە دینییەکەشی دەدات و خۆی وەک سەرکردەی هەموو جیهانی ئیسلامی پێشنیاردەکات. بەناوی دروستکردنی سیستمێکی سیاسیی چالاک و کاریگەرەوە شوێنێک بۆ جیاوازیی سیاسیی، چ لەناو تورکیا خۆیدا و چ لەناو پارتەکەی خۆیشیدا ناهێلێتەوە. کەسە نزیەکەکانی یەکە بە یەکە لێی دوردەکەونەوە، یان ئەو خۆی قاویان ئەدات و وایان لێدەکات دووربکەونەوە و وازبهێنن. لەم قۆناغەدا زیاتر و زیاتر خۆرئاوا وەک شەیتان وێنادەکات و بەگژ هەموو دەنگێک دا دەچێتەوە نەچێتە ژێر ئەمر و نەهیی و خواست و خەونەکانی ئەوەوە".
ئەردۆغان بە دەنگی کورد لە هەموو هەڵبژاردنەکانی (پەڕلەمان، شارەوانی، سەرۆکایەتی) دا سەردەکەوت، کەچی بەرامبەر بە کورد تا دێت جەلادتر و خوێن ڕێژتر و ستەمگەرتر و ترسناکتر و تاکڕە و دیکتاتۆرتر دەبوو (ئەوەی تورک و سوپایی تورک ئەردۆغان دەیکوژێت لای من گرنگ نییە، پەکەکە، ئیسلامی، یەکێتی، پارتییە، داخەکە بۆ من ئەوەیە کورد دەکوژێت، ئیدی هەر ڕەنگێک بێت!)، پەلاماری هەموو بوونێکی کورد دەدات، کورد بە کۆسپی گەورەی بەردەم خەونەکانی دەبینێت، پێی وایە تاکو کورد بێ کاریگەر نەکرێت ناتوانێت خەونە فراوانخوازییەکەی بەدی بێنێت. لە باکور پارتەی کوردی یاساغ دەکات، سەرۆک شارەوانییە کوردییە هەڵبژێردراوەکان دەگۆڕێت بەقەیوم، زیندانەکان پڕ دەکات لە جەوان و سیاسەتمدارانی کورد، سەڵاحەدین دەمیرتاش زیندانی دەکات، ئۆپەراسیۆنی سەربازی وشکانی و ئاسمانی، لە دژی باشور و خۆرئاوای کوردستان ئەنجامدەدات، بە تەواوی توانایەوە دژی ڕیفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٧ باشوری کوردستان دەوەستێتەوە، ئاسمان بە ڕووی هەرێم بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی دادەخات. سیاسی و تێکۆشەری کورد تیرۆر دەکات.  هەر گروپ و دەوڵەتێکی دژایەتی کورد بکات دۆستی ئەردۆغانە، چەک لە دنیا دەکڕێت دژی کورد، کورد کۆمەڵکوژ دەکات بە ناوی ئایینەوە، گروپی تیرۆرستی پڕچەک و ماددە دەکات دژی کورد، هاوپەیمان و دۆستی داعشە دژی کورد، جەبهەی نوسرە و ئەحراری شام و داعش و سوپای سوریای ئازاد و ئیخوان... تاد دژی کورد پڕ چەک دەکات. دەڵێت دژی کیانی کوردیان گەر چادرێک لە ئەفریقا بەو ناوەوە هەبێت. ئەمە و زیاتر ڕەفتارەکانی ئەردۆغانە بەرامبەر بە کورد، بەڵام هێشتا لە باکور پێگەیەکی بەهێزی هەیە! پارتێکی وەکو (هوداپار) هاوپەیمانێتی و لە ٪٣ دەنگی کوردی پێدەدات. لە باشور ئیسلامییەکان و پارتی و یەکێتی گرێدراوین.
لێرەدا تەواوی بەشێکی کارە تیرۆرستی و دوژمنکاری و داگیرکارییەکانی شرۆڤە دەکەین. پاشان باس لە مەلا ئیدریسەکانی سەردەم (چ لە شێوەی تاک یان گروپ و پارت دا)، هێڵی گرێدراوی کورد بە ئەردۆغانەوە دەکەین.

مێژووی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی سوپایی تورکیا لە سەردەمی ئەردۆغان دا

لە ماوەی ساڵانی (٢٠٠٠ - ٢٠٠٧) ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنور ڕاگیران، بەڵام لە (٢٠٠٧) و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئاکەپەدا دووبارە هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە ڕێگەی فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئەمەریکی دەستیانپێکردەوە، لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ تا ٢٠٠٨ تورکیا هێرش و ئۆپەراسیۆنی زەمینی بەرفراوانی بۆسەر ناوچەی خواکورک و هەرێمی زاپ ئەنجامداوە.
لە ساڵی ٢٠١٢دا لە چوارچێوەی دەستپێکی پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان، پەلامار و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تا ڕادەیەک خاوبوونەوە و پارتی (کرێکارانی کوردستان-پەکەکە) ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا دەوڵەتی تورکیا ئاگربەستی شکاند و دەستیکردەوە بە هێرشی ئاسمانی و ئەمجارە هەرێمەکانی (قەندیل، مەتینا، هەفتانین، ئاڤاشین، خواکورک، خنێرە، زاپ و گارە)ی بە (٥٠) فرۆکە بۆردومانکرد، ئەم هێرشە هاوکات بوو لەگەڵ هێرش و پاکتاوی سیاسی لە باکوری کوردستان و بە هەزاران کەس کرانە زیندانەکان.
لە ساڵی (٢٠١٧)ەوە زیاتر لە (٣٠)کم تورکیا لە خاکی هەرێمدایە، لە ٢٠١٧ لە ناوچەی شمزینانی جۆلەمێرگەوە بە کۆپتەر ژمارەیەکى زۆر سەربازی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکانى (گەلیی رەش، چیای سیرۆ، چیای ئەڤدۆلکۆفی، ئاڤا حاجی بەگ) دابەزێندران و بە قوڵایی (٣٠)کم هاتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لە ناوچەی (لێلکان، چیادێڵ) و چەند شوێنێکى تر بنکەى نوێی سەربازیی دروستکرا.
تورکیا بەردەوام بوو لە ئۆپەراسیۆنەکانی و لە (٢٧ی ئایاری ٢٠١٩) ئۆپەراسیۆنی "چنگ"ی لە ڕێگەی فرۆکەی جەنگییەوە دەستپێکرد، ئۆپەراسیۆنەکانی چنگی یەک و چنگی دوو بەڕێوەچوون، دوای ساڵێک ئۆپەراسیۆنی (چنگی هەڵۆ و چنگی پڵنگی) ڕاگەیاند بۆ ناوچەی (هەفتانین) لە سنوری زاخۆ، هەر بە ناوی (چنگی هەڵۆ)وە لە شوباتی (٢٠٢١)دا هێرشیان کردەسەر (چیایی گارە) و لە ماوەی هەفتەیەکدا ئاهەنگی تێکشکاندنی ئۆپەراسیۆنەکە و سەرکەوتنی بەرخۆدانی گەریلاکانی کوردستان گێڕدرا.
دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا ئەو شکستە گەورەیەی پێ هەزم نەکرا، لە (٢٣ نیسانی ٢٠٢١) هێرشی داگیرکاری بۆ سەر چیاکانی (مەتینا، ئاڤاشین و زاپ) دەستپێکرد و زیاتر لە سێ مانگ بەردەوام بوو، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و ئاماژەیە بوترێت، لە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیادا کە ئامانج لێی داگیرکردنی باشوری کوردستانە، بەهۆی هێزی بەرخۆدانی گەریلاکانی پەکەکە، هیچ یەکێک لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا نەچووەتە سەر و هەمیشە بە شکستی ئەو دەوڵەتەی ئەندامی ناتۆ شەڕەکان شکاوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە تەواوی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیادا پارتی دیموکراتی کوردستان و ماڵباتی بارزانی پاڵپشت و هاوکاری سوپایی تورکیا بوون.
سوپایی تورکیا لە دوای هەر ئۆپەراسیۆنێکی شکست خواردوو، ئۆپەراسیۆنێکی دیکە بەڕێوەدەبرد، لە (١٧ی نیسانی ٢٠٢٢)دا ئۆپەراسیۆنی (چنگی کلیل)ی دەستپێکرد و هێرشی کردە سەر ناوچەکانی (شیلادزێ، دیرەلوک، ئامێدی، و زاپ و چیای کورەژارۆ)، لە (١٥ی نیسانەوە تا ١٧ی نیسان) زیاتر لە (١٤٧) جار هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە، لە کۆی (٧) ڕۆژ شەڕی سەخت لەو ناوچانەدا سوپای تورکیا نەیتوانی هیچ بەشێک کۆنترۆڵ بکات و گەریلاکانی پەکەکە گورزی گەورەیان داوە لە سوپاکەی ئەردۆغان.
ئۆپەراسیۆنی (چڕنوک قوفڵ)، چڕنوکی قوفڵکردن یان شەڕی تورکیا و پەکەکە لە نیسانی ٢٠٢٢  هێرشێکی ئاسمانی و زەمینی هێزە چەکدارەکانی تورکیا بوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان و چیای گارە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و بنکەکانیان لەو ناوچانە. ڕۆژی ٢٠٢٢/٤/١٨ خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە ئۆپەراسۆسیۆنی "کلیل چنگ" یان "چڕنووک-قوفڵ"ـی بۆ سەر ئامانجەکانی پەکەکە لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤەشین- باسیان دەستی پێکردووە. هەروەها هێزەکانیان پێگەکانی پەکەکەیان لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین-باسیان کردووەتە ئامانج، کە ژمارەیەک حەشارگە، ئەشکەوت، تونێل، کۆگای جبەخانەی پەکەکەیان تێدا بووە. 
هێرشەکە ڕووبەری (٧,٠٠٠)کم چوارگۆشە لەخۆی دەگرێت و بە قووڵی (٢٥ بۆ ٣٠)کم هاتە نێو خاکی هەرێم. لە یەکەم هێرشدا هێزی کۆماندۆ بە پاڵپشتی ھێلیکۆپتەرەکانی جۆری "ATAK"، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکھەڵگر چوونە ناوچەکە.
تورکیا چەندین جار لە ساڵانی پێشووتردا هێرشی ئاسمانی و زەمینیشی کردبووە سەر ناوچەکانی هەرێم و ئەو ناوچانەی پارتی کرێکاران تێیدا باڵادەستە. ئەم ئۆپەراسیۆنەش لەدوای ئۆپەراسیۆنەکانی "چنگی پڵنگ" و "چنگی هەڵۆ" دێت کە لە ساڵی ٢٠٢٠ تورکیا لە هەرێم ئەنجامی دان.

* داگیركارییەكانی توركیا لە خۆرئاوایی كوردستان

لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەستێوەردانی دەرەكی لە ساڵی (2011) دا، كورد توانی لە خۆرئاوای كوردستان خاكی خۆی ڕزگاربكات. كورد پێیان وابوو كە ڕاستر وایە لە جێگای ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆی ڕژێم، سەرەتا دامودەزگاكانی گەل ڕێكبخرێن و ئامادەكاری بكرێت، لەو ڕوانگەیەوە لە ساڵی 2011 بناغەی یەكینەكانی پاراستنی گەل، یەكینەكانی پاراستنی ژن واتە (YPG،YPJ) و كۆمەڵێك دەزگای تریان دانا.
پاشان سیستمی كانتۆنی دابمەزرێنێ، و ئەزموونێكی جوانی دیموكراسی و پێكەوەژیان، لە ناو گێژاوی تیرۆر و كاولكاری سوریادا پێشكەش بكات. ئەردۆغان ئەمەی پێ ئەزم نەدەكرا، بەردەوام پیلانی لە دژی خۆرئاوای كوردستان دادەڕشت، هەر سەرەتا لە ڕێگەی چەتەكانی جەبهەتولنوسڕە و داعش و گروپە گرێدراوەكانی دیكەوە، هێرشیان كردە سەر گرێ سپی و سەرێكانی، بەڵام کورد بە سیاسەتی بەرگری ڕەوا و دژە پیلان توانیان خۆڕاگرانە تێكۆشان بكەن و بمێننەوە.
لە ساڵی 2014 دا، توركیا بۆ جارێكی دیكە لەڕێگەی چەتەكانی داعشەوە هێرشێكی وەحشیانەی كاولكارییان كردە سەر (كانتۆنی كۆبانێ)، توركیا بە هەموو ئیمكانیەتێكی سەربازی و سیخوری یارمەتی چەتەكانی داعشی دەدا. ئەردۆغان: دەیگوت هاکا کۆبانێ کەوت. بەڵام تێكۆشانی شەڕڤانان ئەو پیلانەشی تێكشكاند، و دوای دوومانگ بەرگری توانیان سەرنجی دنیا بەلای خۆیاندا ڕابكێشن، و هاوكاری نێودەوڵەتی و ئەمریكیش بەدەست بێنن، و قۆناغی فیرار و كۆڕەو و ئاشبەتاڵ لە مێژووی هاوچەرخی كورد دا كۆتایی پێبێنن، و سیاسەتی بەرگری ڕەوا و دژە پیلان پەیڕەو بكەن و کۆبانێ سەرکەوت. ئەوکات ئەردۆغان وتی: بۆچی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەس باسی کۆبانێ دەکەن.

* هێرشی داگیرکاری بۆ سەر کانتۆنی عەفرین

هێرشی توركیا لە 21/1/2018 بە ناوی ئۆپەڕاسیۆنی (چڵە زەیتون)دەستیپێكرد. توركیای دووەم هێزی ناتۆ دوای یەك ساڵ لە هەڕەشە و پیلانگێڕی و ڕێكەوتن لەگەڵ ئێران و سوریا و ڕووسیا و هێڵی خیانەتی ناو كورد (ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سوریا - ئەنەكەسە) پاشان هێرشی كردە سەر (كانتۆنی عەفرین). بە شەڕڤان و هاوڵاتی مەدەنییەوە نزیكەی (2) هەزار كەس شەهیدبوون. بەرخۆدانی عەفرین بە بەرخۆدانی سەردەم ناسرا. پاش داگیركارییەكەی توركیا دانیشتوانی عەفرین ئاوارەی هەرێمی (شەهبا)ن و لەوێ كەمپیان بۆكراوەیەوە. پاش (58) ڕۆژ لە جەنگێكی نابەرامبەر لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە توركیا ڕووبەڕووی بەرگرییەكی بێ وێنە بۆوە.

*داگیرکاری تورکیا بۆ سەر تەواوی خۆرئاوای کوردستان

ڕۆژی 9/10/2019 سوپایی توركیا بە هاوپەیمانی گروپە تیرۆرستییە عارەبییە سونییەكان و ئیخوان موسلیمنی سوری دەستی كرد بە داگیركاری خۆرئاوای كوردستان بە ناوی ئۆپەڕاسیۆنی "كانی ئاشتی". ئامانج لەو داگیركارییە لەلایەك داگیركردنی خۆرئاوای كوردستان و لە ناوبردنی خۆبەڕێوەبەری و فیدڕاڵیەتی خۆرئاوا بوو، لە لایەكی دیكەوە گۆڕینی دیمۆگرافیایی خۆرئاوا بوو، هەر وەكو "ئەردۆغان" چەندین جار ئاماژەی بەوە كرد كە دەیەوێت ناوچەیەكی ئارام بە قوڵایی (30كم) دروست بكات و هەموو ئەو ئاوارە عارەبە سوریانەی لە توركیان كە نزیكە (3) ملیۆن كەسن لە خۆرئاوای كوردستان لە سەر ماڵ و زێدی كورد نیشتەجێ بكات و كورد لە سەر خاكی خۆی دەرپەڕێنێت و ئاوارەیان بكات بە ناوی ئۆپەڕاسیۆنی "كانی ئاشتی".
ئەمە لە كاتێكدا (هەسەدە _ هێزەكانی سوریایی دیموكرات) لەگەڵ توركیا بە ناوبژیوانی ئەمریكا ڕێكەوتن بە قوڵایی 10كم بكشێنەوە بەبێ شەڕ بەو مەرجەی توركیا هیچ دەستدرێژییەك نەكات. توركیا لە كاتی داگیركارییەكەیدا سورەتی "فتح"ی بەكارهێنا و موفتی توركیاش جیهادی ڕاگەیاند و لە (90) هەزار مزگەوتی توركیاوە سورەتی فتح خوێندرایەوە دژی خۆرئاوای كوردستان. لەم داگیركارییەی توركیا دا شارەكانی گرێ سپی و سەرێكانی داگیركران، (ئەنەكەس) كە ئەنجومەنەكە  پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕابەری مەسعود بارزانی دروستیان كردوە گرێدراوی و چاوساغی توركیا بوون. هەروەها ئیسلامی و ئیخوانەکانی باشور لە تەواوی داگیرکارییەکانی تورکیادا هاوسۆزی ئەردۆغان بوون بە ناوی ئایینەوە.

*پیلانی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی پەکەکە

بەفەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی (هاکان فیدان) ڕاوێژکاری دەزگای میتی تورکیا سەرپەرشتی کراوە، هاکان فیدان ماوەیەک بەر لە پیلانە هاتووەتە باشووری کوردستان و لە هەولێر و سلێمانی بۆ ئەنجامدانی کارەکەیان لەئاستی باڵادا لەگەڵ پارتی کۆبووەتەوە و لەگەڵ چەند کەسێکی یەکێتیش گفتوگۆی کردووە، بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکەشیان هەشت گروپیان پەروردە و ئامادەکردووە کە لە نێوان (سلێمانی – ڕانیە – قەندیل) بۆ ئەو مەبەستە بەجێ بکرێن، چونکە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکەیان (رانیە، قەڵادزێ و سەنگەسەر) بووە، بەڵام هەواڵگری پەکەکە لە ڕێگەی چەند کەسێکی پلە باڵای یەکێتییەوە لە پیلانەکە ئاگادار دەکرێنەوە، لەبەرئەوە پەکەکە بڕیاری ناردنی جەمیل بایک بۆ سلێمانی دەگۆڕن و لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەدەوروبەری شارۆچکە (دووکان) دوو کەس کە سەرپەرشتیارانی سەرەکی ئەو پیلانە و ئەندامانی باڵایی دەزگایی میتی تورک بوون دەستگیر دەکات، بەدەستگیرکردنی ئەو دوو کەسەش تەواوی پیلانەکە پوچەڵ دەبێتەوە.
ڕۆژی 3ی ئاب ئەردۆغان و هاکانفیدان چاوەڕێی بیستنی هەواڵی ئەنجامی پیلانی تیرۆرکردنی بەڕێوەبەرانی پەکەکە بوون، بەڵام لە بری ئەو هەواڵە گوێبیستی هەواڵێکی بەدیلگرتنی بەڕێوەبەرانی میت بوون. پاش ڕۆژێک بەرێوەبەرانی میت لەگەڵ بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە دانیشتن، گەڵاڵی ئەو بابەتەی گواستەوە بۆ سەرانی یەکێتی لە سلێمانی و ڕایگەیاند، کە دوو ئەندامی میت لەلایەن پەکەکەوە بەدیلگیراون و میت داوادەکات ئەو ئەندامانەی ئازادبکرێن.
تورکیا یەكێتی بە هۆکاری فەشەلهێنانی پیلانەکەیان تۆمەتبارکرد و پێی گوتن هەرچیەکیان کردبێت دەبێت ئەو دوو کەسەیان بەزوترین کات بۆ ئازاد بکەن، لە دیداری 23ی ئاب ی ئوتێل دیوانی هەولێر لە نێوان مەولود چاوش ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندام سەرکردایەتی یەکێتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، چاوش ئۆغڵوو بەزمانێکی هەڕەشەئامێز قسەی لەگەڵ کرد بوو و چەند کاتژمێرێک بۆ یەکێتی دانا بوو کە ئەو دوو کەسەیان بۆ ئازاد بکەن، لەبەرئەوە دوای دیدارەکەیان نوێنەرایەتی یەکێتییان لە ئەنقەرە داخست، بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەکێتیان ناردەوە بۆ سلێمانی. دواتر توركیا دەرگای گەشتی ئاسمانی بەسەر سلێمانیدا داخست، كۆتایی 2018 بەرپرسانی یەكێتی پەیوەندییەكانیان ئاسایی كردەوە‌ و گەشتە ئاسمانییەكان دەستیان پێكردەوە.
یەکێتی داخوازییەکەی تورکیا گەیاندە قەندیل بەڵام پەکەکە ڕەتیکردەوە بەئاسانی ئەو دوو ئەندامەی میت ئازاد بکات، چونکە یەک لەو دوو کەسە بەرپرسی دۆسیەیی پەکەکەیە لە دەزگایی میت و ئەوی دیکەشیان بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنووری هەمان دەزگایە، لە بەرامبەردا یەکێتی وەک کاردانەوەیەک داوای کشانەوەی هێزەکانی پەکەکەی لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا کرد بوو. دواتر پەکەکە ڤیدیۆی دانپێدانانەکانی ئەو دوو ئەندامەی میتی بڵاوکردەوە.
بەڵام دیسان تورکیا لە ڕێگەی سیخوڕ و هەواڵ دزەکانییەوە هەواڵی ئەوەی هەبوو کە دیلەکانی لە چ ناوچە و ئەشکەوتێک دا زیندانن، لەبەرئەوە لە ئۆپەڕاسیۆنی (چنگ - هەڵۆ)ی ساڵی 2020 دا لە ڕێگەی فڕۆکەکانییەوە ئەو ئەشکەوتەی کیمیابارانکرد و ئەو ئەندامانەی خۆی کوشت کە لای پەکەکە دیل بوون.
٭ کوشتنی ئەفسەری هەواڵگری میت لە ریستۆرانتی "هۆقەباز" لە شاری هەولێر لە رۆژی 17ی تەموزی 2019دا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دەستگیركرد‌ و رایگەیاند (پەكەكە) لە پشت هێرشەكەوە بووە، بەڵام (پەكەكە) نكوڵی لەوە کرد رۆڵی لەو هێرشەدا هەبووبێت‌، جەمیل بایك هاوسەرۆكی (كەجەكە) وتی:" ڕوداوەكە پەیوەندی بە ململانێی نێوان ئێران‌ و توركیاوە هەبووە".

*تیرۆری كۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە لە باشور!

سەرباری هێرشی ئاسمانی‌ و زەمینی، لەم ساڵانەی دوایدا تۆڕێكی سیخوڕی میت لە هەرێـمی کوردستاندا فراوان کراوە و نزیکەی (20) بنکەیان لە  پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی هەیە. لەڕێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە سەركردەكانی (پەكەكە) د‌وزیوەتەوە‌و بە ئامانجی گرتوون:
• 15ی ئابی 2018، زەكی شەنگالی یەكێكە لە فەرماندە باڵاكانی (پەكەكە)و ئەندامێكی كۆنسەی بەڕێوەبردنی (كەجەكە) لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا لە شەنگال تیرۆركرا.
•21ی ئازاری 2019، سەرحەد ڤارتۆ (ئەمروڵڵا دورسون) ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیادا تیرۆركرا.
• 5ی تەموزی 2019، دیار غەریب ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتیی (كەجەكە) لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیادا لە قەندیل تیرۆركرا.
• 15ی ئۆكتۆبەری 2019، دەمهات عەگید بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (كەجەكە) لە چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا تیرۆركرا.
• 15ی ئۆكتۆبەری 2019، جەمیل ئامەد (كەجەكە) لە چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فرۆكەوانەكانی توركیادا تیرۆركرا.
٭ تورکیا و دەزگا هەواڵگیرییەکانی کۆمەڵێ کاری تیرۆرستیانەی لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە قووڵایی باشور کوردستانی(لە گەرمیان و ناوچەکانی کەرکوکەوە، بۆ پێنجوێن و شارباژێر) وێڕای باڵەکایەتیی و ناوچەکانی بادینان، چەندیین بۆردومانیان بە درۆن کردووە و لە نێویشیاندا چەندین بوونەتە قوربانیی.
بەهۆی وابەستەیی و پیلانگێڕی پارتی و یەکێتیەوە تورکیا تۆڕێکی گەورەی جاشایەتی لە ڕێگەی میتەوە لە باشوری کوردستان دا دروستکردوە، ئەوەی کارەساتە ئەوەیە کورد هەرگیز جاشی لێنابڕێت. ڕۆژی 17/5/2022 زەکی محەمەد چەلەبی، پەنابەری سیاسیی  باکووری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، لە ساڵی 2011وە ساڵانێکە نیشتەجێی سلێمانییە، دەسڕێژی گوللـەی لێکرا و بەسەختی بریندار کرا، پاش ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەک بۆی لە نەخۆشخانەی شار، گیانی لەدەستدا.
بەرەبەیانی ڕۆژی 21/5/2033 فڕۆكە بێفڕۆکەوانەکانی توركیا هەردوو گوندو جەلەمۆرد و توتەقەڵی بناری خاڵخاڵان لە سنوری ناحیەی ئاغجەلەری سنوری قەزای چەمچەماڵ، فڕۆكەكانی توركیا بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێكێكیان كرد كە سێ گەریلای پەكەكەی تێدابووە، خەڵكی گوندەكانیش بە هانای بۆردومانەكەوە چوون لە رێگا فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان جارێكی تر بۆردومانی ئۆتۆمبێلێكیان كردووە كە بۆ بەهاناوە چوونی بۆردومانەكە رۆیشتوون. کوێخای گوندەكە "ئارام حەمەد خان" و زاوایەكەی كە لە ھەمانكاتدا خالۆزاشیەتی بەناوی "ئیسماعیل مەمەند" دەچن بۆ شوێنی ڕووداوەكە و دەبینن سێ گەریلای پارتی كرێكارانی كوردستان گیانیان لەدەستداوە، ئارام حەمەد خان كە موختاری گوندەكەیە ھەر سێ گەریلاكە دەخاتە سەیارەكەیەوە بەمەبەستی گەیاندنیان بە بنكەی تەندروستی ئاغجەلەر، بەڵام لە كاتژمێر 9:35 خولەكدا فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا ئۆتۆمبێلەكەی ئەوانیش بۆردوومان دەكەن و لە ئەنجامدا دوو ھاوڵاتییە مەدەنیەكەش گیان لەدەستدەدەن.
هاوكات له‌گه‌ڵ بۆردومانى سنورى چه‌مچه‌ماڵ له‌پارێزگاى سلێمانى، فڕۆكه‌كانى توركیا بۆردومانى كه‌مپى په‌نابه‌رانى شه‌هید ڕۆسته‌م جودیشیان له‌قه‌زاى مه‌خمور كرد و گەنجێک بریندار بوو.
پێنجشەممە 26ی ئایاری 2022، فڕۆکەکانی تورکیا گوندی ئەرەدنای سەر بە ناحیەی بامەڕنێی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆکی بۆردومان کرد، لە ئەنجڵمدا (3)کەس شەهید بوون کە دووانیان منداڵ بوون، دوو هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.
لە دوای بۆردومانەکە تورکیا بۆ سەر گوندێکی بامەڕنێ، شایەتحاڵەکان، بەرپرسانی خۆجێیی و بەرپرسانی ئەوروپی و تەنانەت باوکی یەکێک لە منداڵە شەهیدکراوەکانیش باسیان لەوەکرد کە بۆردومانەکە لەلایەن تورکیاوە بووە، بەڵام هەر زوو (بارەگای بارزانی - مەسعود بارزانی) پەکەکەی تۆمەتبارکرد  و (دژە تیرۆری پارتی)یش بە راگەیەندراوێک پەکەکەی بەو هێرشە تۆمەتبار کرد و لە ڕاگەیانراوەکە دا نوسیبوویی "تیرۆریستانی پەکەکە دوو مووشەک ئاراستەی گوندی ئەرەدنای سەر بە ناحیەی بامەڕنێی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک دەکەن و، بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی شەهید بوونە و دوو هاووڵاتیی دیکەش بریندارن".
لەبەرامبەر دا ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕاگەیاندراوێکی لە دژی پیلانگێڕی تورکیا و چەواشەکاری پارتی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: " 26ی ئایار لە دەوروبەری ناحیەی بامەرنێی ئامێدی، دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر خەڵكی ئێمە لە باشوری کوردستان کە لە سەیران بوون و لە ئەنجامدا 3 کەس شەهیدکران کە دووانیان منداڵ بوون.

شوكر سەرحەد لە رۆژی 17/9/2021 لە گەڕەكی چوارچرای شاری سلێمانی تیرۆركرا.

ڕۆژی 17/6/2022 لە نزیك كەلار فڕۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێکی جۆری (جیپ لاریدۆ)ـی لە نێوان گوندی (بەرلوت) و (قاسم ئاغا)ی کەلار لە رێگایەکی خاکی كردە ئامانج كە (5) كەسی تێدابوو، (3) ژن و (2) پیاو، چواریان كوژران و یەكێكیشیان بە سەختی  بریندارە. لەناو كوژراوەكاندا هەریەك لە: (خاتوو هەڤاڵ راپەڕین) ئەندامی كۆنگرەی گەلی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان و (فەرهاد دێرك) ئەندامی سەركردایەتی تەڤدەمی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان تێد بوو، لەگەڵ دوو خاتوونی تر كە هاورێیەتی خاتو (هەڤاڵ راپەڕین)یان كردووە، درۆنەكەی توركیا سێ جار بۆردومانی ئۆتۆمبێلەكەی كردووە، تاوەكو بەتەواوی ئامانجەكەی پێكاوە. ئەو كەسانە  چەند رۆژێكە لە خۆرئاوای كوردستانەوە هاتونەتە هەرێمی باشوری كوردستان و ماوەی دوو رۆژە لە شاری كەلار بوون. 
پاش یەک ڕۆژ سەرکردایەتی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆسەری باکور و خۆرئاوای سوریا سەبارەت بە ھێرشەكەی تورکیا لە شاری كەلار ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد ئۆتۆمبیلێکی سڤیل لەلایەن درۆنی تورکیەوە لە پارێزگای سلێمانی (كەلار) ھێرشی کرایەسەر و (فەرھاد شبلی) ناسراو بە (فەرهاد دێرك) جێگری ھاوسەرۆکی ئیدارەی خۆسەری لە ھێرشەکەدا شەھید بوو، کە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی سەردانی سلێمانی کردووە. داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێم کرد بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ و ھەڵوێستیان لەم کارە تیرۆریستیە روونبکەنەوە. هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سنورێک بۆ ھێرشەکانی تورکیا و شکاندنی سەروەری وڵاتانی تری سەربەخۆ دابنێ.
٭ بێریڤان زەلان لە 28/7/2022 لە كەمپێكی نزیك شاری سلێمانی تیرۆركرا.
٭ سوهەیل خورشید مێژوونووس و نوسەری نزیک لە پەکەکە لە 28/8/2022 لە قەزای كفری لەلایەن میتەوە تیرۆركرا.
٭ ڕۆژی سێ شەممە 4/10/2022 (ناگەهان ئاكارسەل)  لە گەڕ‌كی بەختیاری شاری سلێمانی درایە بە دەست ڕێژی گوللە و تیرۆركرا.
(ناگەهان ئاكارسەر)، ناسرا بوو بە ( ھەڤاڵ زیلان ) و تەمەنی 45 ساڵە، ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیای لێكۆڵینەوەی ژنۆلۆژیه‌ و چالاكوانی بواری ژنان‌ و ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری (ژنۆ لۆژی)و ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیی ژنۆلۆژی نزیک لە پەکەکە بوو، خەڵكی شاری كۆنیای تورکیایە و بەڕەچەڵەك كوردە.
٭ ڕۆژی 20/10/2022 لە سلێمانی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تویۆتا فۆرچنەرە لە نزیك بارەگای پەیوەندییەكانی توركیا تەقیەوە، لە ڕاستیدا بارەگای میتی تورکیا بوو، تەنها بە ناو بارەگای پەیوەندی بوو، ئەو بارەگای میتە لە نێوان گردی عەلی ناجی و گەڕەكی ئاشتی دایە. 
دوایمتەقینەوەکە ئاسایشی سلێمانی لە ئۆپەراسیۆنیکدا (8) هاوڵاتی باکوری کوردستانی دەستگیركرد، كە سەرجەمیان  بەهۆی گوشاری دەوڵەتی تورک لە سلیمانی نیشتەجێ ببوون.
ئەو کەسانەی دەستگیرکراون سەرجەمیان بە هۆی گوشاری دەوڵەتی تورک لە باکوری کوردستان ئاوارەبوون و ڕویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
لەم بارەیەوە ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا و نوێنەرایەتی(پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە) لە سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیادا دەڵێن: "ئەمڕۆ کاتژمێر سێی دوای نیوەرۆ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی چوار ئەندامی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا و پێنج هاورێی دیکەمانیان دەستگیرکردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکرد بوو چوار ئەندامی ڕێکخراوەکە بە ناوەکانی (موشرق چفتچی و ئەرسۆی یەڵماز و شەفیق یڵدرم و حەسەن کاجار) جگە لەوانیش پینج  هاوری دیکەیان دەستگیرکراون بە ناوەکانی (محەممەد سۆیلەر و موراد تورک) لە دوکانەکەیاندا دەستگیرکراون و (سەروەت ئاکدەنیز)یش لە ماڵەوە و (دکتۆر سەبری تۆرپاک و ئیسماعیل عەلی) دەستگیرکراون. بەبیریان هێناوەتەوە ئەو کەسانە، بەهۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورک و کەیسە سیاسییەکانییەوە ناچاربوون ڕوو لە هەرێمی کوردستان  بکەن و لێرە نیشتەجێ ببن و سەرجەمیان بەهۆی دۆسیەی کوردەوە لە تورکیا و باکوری کوردستان لە زیندان دا ماونەتەوە و سزادراون، بەڵام دوای هاتنیان بۆ باشووری کوردستان لە فشار و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک ڕزگاریان نەبووە، چەندین جارلە هەرێمی کوردستان هێرشیان کراوەتە سەر و هەڕەشەیان لێکراوە.
هەڤاڵانمان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سلێمانی دەستگیرکراون بەبێ ئەوەی هۆکاری ئەو کارە ئاشکرا بکەن تا ئێستا نازانین بۆچی ئەو هاوڕێیانەمان دەستگیرکراون و هیچ لێدوانێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەو بارەیەوە نەدراوە.
نوێنەرایەتی هەدەپە لە سلێمانی و ڕیکخراوی میزۆپۆتامیا دەشڵێن: حەسەن کاجار و ئەرسۆی یەڵماز و شەفیق یڵدرم نەخۆشیی جدییان هەیە بۆیە بەرپرسیارێتی تەندروستی و ژیانیان لە ئەستۆی ئاسایشی سلێمانیدایە. داوایان لە ئیدارەی سلێمانی و ئاسایشی سلێمانی کردووە کە هاورێکانیان ئازاد بکەن و داوا لەنوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن ڕێگری بکات لەپێشێلکاری دژ بە پەنابەرانی سیاسی".

*توركیا لە هەرێمی باشوری كوردستان

لەگەڵ بەردەوامی هێرش و لەشكركێشیەكانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، رۆژ لە دوای رۆژیش بنكە سەربازی‌ و هەواڵگرییەكانی توركیا لەسەر خاكی هەرێم زیاتر دەبن. بە پێی نەخشەیەكی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، لەناو خاكی هەرێم (37) بنەكەی سەربازی هەواڵگری توركی هەیە، هەزاران سەرباز و سەدان تانك و تۆپ و چەكی قورسی لەناو خاكی هەرێمدایە، لە پاڵ بنكە سەربازیەكان توركیا بەردەوام ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات و بۆردومانی فڕۆكە و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و تۆپبارانیش بونی هەیە.
توركیا دەیان بنكە و بارەگای لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە، لەدوای هاتنی "داعش"، بە بیانوی رزگاركردنی موسڵ، لە مانگی كانوونی یەكەمی 2015دا توركیا هێزێكی گەورەی هێنایە باشیكی نزیك موسڵ كە نزیكەی (900 سەرباز)و (16 تانك)‌و (20 زرێپۆش) بوون، بیانوی توركیا بۆ هێنانی ئەو هێزە،
شەڕی روبەڕووبونەوەی "داعش" بوو، بەڵام لەماوەی ساڵی 2015 دا لە كۆی (300) هێرش‌ و ئۆپەراسیونی ئاسمانی سوپای توركیا، تەنها (3) هێرشیان بۆسەر "داعش" بوو، لەبەرامبەردا (297) هێرشی بۆ سەر بنكە و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (پەكەكە) بوو، واتا بەڕێژەی 1%ی هێرشەكانی توركیا بۆسەر "داعش"‌و 99%ی هێرشەكان بۆ سەر (پەكەكە) بووە.
ئەمە لەكاتێكدایە توركیا لە هەرێمی كوردستان چەندین بنكەی سەربازی دیكەی هەیە، بەتایبەتیش لەدوای شەڕی ناوخۆوە بەرەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستان‌ و لەچوارچێوەی هێزی "ئاشتیپارێز" هێزێكی گەورەی توركیا لە 1997 لە بامەڕنێی سەربە قەزای ئامێدی جێگیر بووە، كە لە فڕۆكەخانەیەكی سەربازی‌و (38 دەبابە)و (738 سەرباز) پێكهاتووە.
هەر لە ساڵی 1997دا توركیا سێ بنكەی دیكەی سەربازی لە ناحیەی دێرەلوكی سەر بە قەزای ئامێدی كە 40 كم دەكەوێتە باكوری ئەو قەزایەوە كردەوە، هەمان ساڵ بنكەیەكی دیكەی سەربازی لە ناحیەی كانی ماسی سەر بە قەزای ئامێدی‌ و لە گوندی سێرسی كە 30كم باكوری شاری زاخۆیە، بنكەیەكی دیكەی سەربازی جێگیركرد.
تەواوی بنكە سەربازییەكانی سوپای توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان، لە نزیكی سنوری نێوان ناوچەی جێنفوزی (پەكەكە)و (پارتی)دان.
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015 بڵاوبوەتەوە، ژمارەی هێزەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (3 هەزارو 235) ئەفسەر و سەرباز و جەندرمەی سوپای توركیایە لەگەڵ چەندین جۆر چەك‌ و تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا  (58) تانك، (37) زرێپۆش، (31) تۆپ‌و (26) هاوەن، (17) ئاڕبیجی‌و (10) دۆشكە، (40) ئۆتۆمبیلی سەربازیی.
بەپێی راپۆرتەكە، سوپای توركیا و دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (16) بنكە و بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازییەكاندا بەشی هەواڵگریی هەیە:
1.گەورەترین بنكەو بارەگای سەربازی توركیا لە ڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (580) سەرباز و (91) ئەفسەر و (240) جەندرمە و (340) هێزی لێدان هەیە.
2. گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ‌ناحیەی بامەڕنی‌. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (30) تانك، (8) زرێپۆش، (6) هاوەن، (6) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن.
3.سەربازگەی باتوفا سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (20) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگرییە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (400) سەرباز و (6) تانك و (21) زرێپۆش و (14) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە.
4. بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (414) سەرباز، (6) تانك، (15) ئاڕبیجی، (2) دۆشكە، (6) زرێپۆش، (11) تۆپ، (14) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی لێیە.
5. سەربازگەی (سینكی) (80) سەرباز و تۆپێكی (120) ملمی تێدایە.
5. سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدییە، (75) سەرباز، (6) تانك، سێ دۆشكا، (6) هاوەن، (4) زرێپۆش هەیە.
6. سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (130) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك.
7. سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا (70) سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
8. سەربازگەی كوخی سپی (70) سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
9. سەربازگەی دەرەی داواتیا لە هەفتانین (70) سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
10. سەربازگەی (سەری زیری)، (60) سەربازی جێگیركردووە.
11. سەربازگەی گەلی زاخۆ (34) سەربازی جێگیركردووە.
12. سەربازگەی ئامێدی (45) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە جێگیركراون.
13. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی قەزای ئامێدییە.
14. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی ناحیەی باتوفە.
15. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری.
16. بارەگای دەزگای سیخوڕی میت لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی.

* بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك

بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی "داعش" بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لەكاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیە و توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری "داعش" بدات.
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی (BBC)، توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (27) بنكەی سەرباری هەیە، هەندێك سەرچاوەی زانیاری باس لەوە دەكەن ئێستا ئەو ژمارەیە زیادی كردووە بۆ (32) بنكە.
ئامانجی سەرەكی توركیا لە دروستكردنی بنكەی سەربازی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش لەناوچەكانی باتۆفان‌ و بامەڕنی‌ و ئامێدی، كۆنتڕۆڵكردنی هەردوو ناوچەی "هەفتانین‌ و مەتینا"یە كە هەردوكیان بە بەدوو ناوچەی ستراتیژی دادەنرێن بۆ جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە داهاتوودا دژ بە پەكەكە.
رۆژی چوارشەمە 20ی تەموزی 2022 توركیا تۆپبارانی  ناوچەی گەشتیاریی (پەرەخ)ێ سنوری قەزای زاخۆی كردو، بووە هۆی كوژرانی (10) هاوڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە (20) كەسی تر كە هەموویان گەشتیاری عەرەب بوون، كاردانەوەكانی لەناوخۆی هەرێمەوە گواستەوە بۆ شەقامی عێراقی، كاردانەوەكان بۆ دەركردنی سوپای توركیا لەناو خاكی عێراق زیاتربوون، چونكە ئەو رووداوانە دەیانجار دووبارە بوونەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە خەمبارییەوە بەشداری لە مەراسیمی بەڕێكردنی تەرمی كوژراوانی هێرشەكەی توركیا لە زاخۆ كرد كە سەرجەمیان گەشتیاری عەرەبی بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق بوون.
دوای تۆپبارانی  ناوچەی گەشتیاریی (پەرەخێ) سنوری قەزای زاخۆی، کاردانەوەکانی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق فراوان بوون و خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر چەند ناوەندی پێدانی ڤیزای تورکیا و ئاڵای تورکیایان سوتاند و ناوەندەکەیان داخست، چەندین بنکەی سوپایی تورکیا لەلایەن میلیشیا شیعییەکانی حەشدی شیعییەوە تۆپبارانکران. هەر لەو بارەیەوە (عەبدولئەمیر یارەڵڵا) سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق لەبارەی ھێزەکانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، لە پەڕلەمانی عێراق دا وتی: "(5) بنکەی سەرەکی سوپای تورکیا لە باکوری عێراق دا ھەن. زیاتر لە (4)هەزار سەربازی تورکیا لەو پێنج بنکەدا ھەن. تورکیا (100) بنکەی سەربازی لەناو خاکی ئێمەدا ھەیە کە دەکەونە دووری کەمەوە لە زاخۆو ئاکرێ و دھۆک. ئێمە وەکو وەزارەتی بەرگریی عێراق بەرپرسیار نین لەو ناوچانەی کە سوپای تورکیای تێدان لە سنوری ھەرێمی کوردستان و ھیچ سەربازێکمان لەو ناوچەیەدا نییە. تەنیا ھێزی سنورمان لەو ناوچەیە ھەیە کە ھێزی شەڕکەر نین.. دەبێت ھێزی فیدراڵی و ھێزی پێشمەرگە بنێرین بۆ ئەو ناوچانە".
بەپێی ئاماری رێكخراوی تیمی كوردستانی عێراقی (CPT) لە 2015 تا مانگی (7) ی 2022  (138) هاوڵاتی هەرێمی كوردستان بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە كوژراون و (204) هاوڵاتی برینداری بوون، (600) گوندیش لە هەرێمی کوردستان بەهۆی داگیرکاری سوپای تورکیا لەژێر هەڕەشەی چۆڵ بووندان. هەروەها سوپای تورک لە هەولێر  14 بارەگا و لە دهۆک 41 بارەگای پڕ چەکیان هەیە.
حكومەتی هەرێم و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان هیچ مەراسیمێكیان بۆ ئەو كوژراوانە نەكردووە.

٭ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن سوپایی تورکیاوە

دەوڵەتی تورک  لە ئۆپەراسیۆنەکانی دا بەچڕی بە چەکی کیمیایی گەریلا بۆردومان دەکرد، بە جۆرە چەکێکی کیمیایی کە بەرکەوتووانی توشی هەڵسوکەوتی نائاسایی و پێکەنین و لەدەستدان بیرەوەرییەکان دەکات و ئەو مرۆڤانە دوای ماوەیەکی کەم گیانیان لەدەست دەدەن. سوپای تورکیا وەک شێوازێکی نوێ نزیکەی ساڵێکە دەیان جۆری چەکی کیمایی دژی گەریلا بەکاردەهێنا. سوپای تورکیا بە شێوازی جۆراوجۆر بە چەکی کیمیایی دژی گەریلا بەکار دەهێنا و لەو شوێنانەشی سەربازەکان نەیاندەتوانی لێی نزیک ببنەوە بە بۆری و بتڵ و چەند رێگەیەکی دیکە، غازی کیمایی دژی گەریلا بەکاردەهێنا.
غازەکانی تابون، سۆمان و سارین، غازی بیبەر و چەندجۆرێکی دیکەی غازی بۆندار و بێ بۆن لە دژی گەریلا بەکار دەهێنا کە زۆر مەترسیدارن و لە جیهان قەدەغە کراون.
فورات نیوز، میدیایی پەکەکە، بڵاوی کردەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022، یەکێتی پزیشکانی نێونەتەوەیی دژ بە جەنگی ئەتۆمی (IPPNW) رایانگەیاند، بەڵگەیان دەستکەوتوە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن تورکیاوە و داوایان کرد، لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەست پێبکرێت.
لەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیای فاشیست بۆ سەر باشووری کوردستان، لە 14ی نیسان هەتا 14ی ئۆکتۆبەری 2022، دەوڵەتی تورک (2467) جار بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی بەکارهێناوە و لەو هێرشانەدا (27) گەریلا شەهیدبوون، کە پێشتر ناسنامەکانیان بڵاوکراوەتەوە. لەو هێرشانەی مانگی 10ی 2022 دا دا (17) گەریلا بە هەمان چەک شەهیدبوون.
هەروەها هەپەگە باڵی سەربازی پەکەکە ڕایگەیاند: "دوو شاندی جیا ویستیانە بێنە ناوچەکە و دەربارەی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لێکۆڵینەوە بکەن، بەڵام لەلایەن (پارتی دیموکراتی کوردستان)ەوە ڕێگرییان لێکراوە.
موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی (ناوەندی پاراستنی گەل- نەپەگە)، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، تیشکی خستە سەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکەوە و ڕایگەیاند: گەل، دۆستەکانمان، خاوەن ویژدان و لایەنگرانی مافی مرۆڤ، دەبێت زۆر دڵنیابن لەوەی، هێزی چەکداری تورک لەسەر خاکی باشووری کوردستان بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی بەکاردێنێت. ئەگەر سوپای تورکیا پاکە، وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن، با ڕێگا بدەن شاندێکی سەربەخۆ بێتە شوێنی ڕووداوەکان و لێکۆڵینەوە بکات، ئەگەر درۆ ناکەن، ڕێگریی لە شاندی سەربەخۆ مەکەن و گەرەنتی پاراستنی ئاسایشیان بکەن.
ئێستا لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا، سوپای تورک شەڕی هەرە زۆر بە هێزی ئاسمانیی، چەکی کیمیایی و بۆمبی قەدەغەکراو ئەنجام دەدات، بەڵام بیریان لەوە نەکردووەتەوە، کە گەریلا بە تاکتیکی ژیرانە و ئافرێنەر، هێرشی دووژمن پوچەڵ دەکاتەوە، بە جەسارەتێکی مەزن، بەرخۆدانییەکی بێ ئوێنە ئەنجام دەدات.
تیمەکانی گەریلا خاوەن هێزی شەڕی ڕیکخراون، لەسەر بنەمای پسپۆریی و بەکارهێنانی تونێلی ژێر زەوی لەکاتی شەڕدا، هەم لەسەر زەوی و لە گۆڕەپانەکان بڵاوبوونەتەوە، هەمیشە لەژێر زەویدا دەتوانن شەڕ بکەن، بەرخۆدانی ئێمە لەسەر بنەمای لەناوبردنی داگیرکارییە لەسەر کوردستان.
هەروەها وتی: ئەو ماسکانە لەلایەن دۆستەکانمان لە ئەوروپا بۆ کوردستان نێردرا، بەڵام (پارتی دیموکراتی کڕدستان - پەدەکە) دەستی بەسەردا گرت و وەکو ئەوەی کارێکی گرنگی ئەنجامدابێت، هەواڵەکەی بڵاوکردەوە.
ئەو دۆستانەیان لە ماوەی ڕابردوودا هەڵمەتیان بۆ دژی بەکارهێنانی چەکی میمیایی ئەنجامدابوو لەبەر ئەوەی نەیانزانی بوو چۆن بیگەیەننە دەستی گەریلا ناردویانەتە ڕۆژئاوای کوردستان کاتێک هەوڵدراوە بیگەڕیننەوە بۆ گەریلا پەدەکە دەستی بەسەرداگرتووە. 
لەم قۆناغەدا هێزێک کە بە خۆی دەڵێت، من کوردم، لەگەڵ ئەوان بێت، شەرمهێنەرە، چۆن وەڵامی مێژوو دەدەنەوە؟ تێگەیشتنێک هەیە دەیەوێت هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناوببات، لە بەرامبەردا بەرخۆدانی مێژوویی گەریلا هەیە، ئەوانەی ئەمە نابینن و چەواشەکاریی دەکەن، سبەی ئازارەکەشی دەکێشن.  

٭ کەوتنەخوارەوەی دوو هەلیکۆپتەری هەسەدە

ڕۆژی 15/3/2023 لە دهۆک دوو هەلیکۆپتەری هێزەکانی دژە تیرۆری خۆرئاوای کوردستان بەهۆی خراپی کەش و هەواوە کەوتنەخوارەوە. لەوبارەیەوە
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئێوارەی ڕۆژی 15ی 3ی 2023 دوو هەلیکۆپتەر کە (9) ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆری خۆرئاوای کوردستانی تێدابوە بەهۆی خراپی کەشوهەواوە لە دهۆک کەوتونەتەخوارەوە و لە ئەنجامدا نۆ ئەندامی دژەتیرۆر گیانیان لەدەستداوە. هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وتیان: لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تایبەت بە روبەڕوبونەوەی داعش و هەماهەنگییان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزمون و زانیاری، رۆژی 15ی 3ی 2023 ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆری رۆژئاڤا (YAT) بە دوو هەلیکۆپتەر ویستویانە بەرەو شاری سلێمانی بڕۆن لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەرێگەی گەشتەکەیاندا لە دهۆک هەر دوو هەلیکۆپتەرەکە بەهۆی خراپی کەشوهەواوە کەوتونەتەخوارەوە و لە ئەنجامدا نۆ ئەندامی دژەتیرۆر گیانیان لەدەستداوە، یەکێک لەوانەشی شەهید بووە (شەرڤان کۆبانێ)، فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر بوو. هێزەکانی دژەتیرۆری رۆژئاڤا (YAT) رۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لە شەڕی دژی داعش لە کۆبانێ، رەققە و دێرەزور و هاوبەشی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین لە دژی داعش، لەبەرئەوە بەردەوام هەوڵیان داوە ئاڵوگۆڕی ئەزمون و زانیارییان لەگەڵ سەرجەم هێزەکانی دژەتیرۆری ناوچەکە دا هەبێت.
هەر لەو کاتەدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆیەوە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەو هەلیکۆپتەرانەی دابێت بە هێزەکانی سوریایی دیموکرات، چونکە هەر لە سەرەتایی شۆڕشی خۆرئاواوە یەکێتی پاڵپشتییەکی باشی ماددی و کەرەستەی سەربازی و لۆجستی و میدیایی خۆرئاوای کوردستانی کرد (یەکێتی خۆیشی ئەو دەنگۆیەیی ڕەتنەکردەوە و بەڵکو چەند سەرکردەیەکیان وەکو شانازی باسیان کرد). بەڵام سەرانی ماڵباتی بارزانی و پارتی و میدیایی پارتی بە جۆرێک باسی کەوتنەخوارەوە ئەو دوو هەلیکۆپتەرەیان دەکرد وەکو ئەوەی پەکەکە و هەسەدە ناپاییەکی گەورەی نەتەوەیی و نیشتیمانیان ئەنجامدابێت! ئەمە لە کاتێک دا دەستگەیشتنی کورد بە هێزی ئاسمانی دەستکەوتێکی مەزنی مێژووییە. لەبەرانبەر دا تورکیا بەهۆیی جموجۆڵە سیاسییەکانی هێزەکانی باکور و خۆرئاوای کوردستانەوە لە سنوری زۆنی سەوز ئاسمانی تورکیایان بە ڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دا داخست.

٭هەوڵی تیرۆرکردنی مەزڵوم کۆبانێ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

دوای سێ رۆژ لە راگرتنی ئاسمانی خۆی بەڕووی سلێمانی دا، ڕۆژی ٧ی٤ی٢٠٢٣ توركیا لەرێگەی (درۆن)ێك‌ و لە كاتی گەڕانەوەی مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی (هەسەدە) و (ئیلهام ئەحمەد) سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری مەجلیسی سوریایی دیموکرات، لە سلێمانییەوە بۆ خۆرئاوای کوردستان هێرشێكی لەنزیك فڕۆكەخانەی سلێمانی ئەنجامدا. هێرشەكە لەنزیك كارگۆی فڕۆكەخانە روویداوە، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان (درۆن) موشەكێكی ئاڕاستەی شوێنەكە كرد. دواتر مەزڵوم کۆبانێ و ئیلهام ئەحمەد بە فڕۆكەیەكی ئەمریكییەكان گەڕانەو خۆرئاوای کوردستان.
هێرشەكەی تورکیا تەنیا وەكو پەیامێک لێکدرایەوە بۆ ئەوەی توركیا ئاگاداری سەردانی بەرپرسە باڵاکانی خۆرئاوای كوردستانە بۆ شاری سلێمانی، بەڵام بەهۆی ئەمریكییەكانەوە نەیانویستوە بیكەن بە ئامانجی هێرشەكە، بەڵام گەورەترین کێشە ئەوە هێڵە خیانەتەیە لە ناوچەکەدا کە ئەو هەواڵەی دزەپێکردوە بۆ تورکیا.
دواتر مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا وردەكانی هێرشەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانی باسکرد و وتی:
"له‌دوای ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان له‌ شه‌ڕی دژی داعش له‌ شاری سلێمانی به‌كۆتاهێنا، له‌دوای نیوه‌ڕۆ كاتێك ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌، ئه‌و كاروانه‌ی ئێمه‌ی تێدابوو، هاوبه‌شه‌ ئه‌مریكییه‌كانمان و هێزی دژه‌تیرۆریشی تێدابوو. ئه‌وكاته‌ درۆنی چاودێریی توركیا هاتنه‌ شوێنه‌كه‌ و هێرشه‌كه‌یان بێ ئه‌نجام بوو و شكستی هێنا. ده‌وڵه‌تی توركیا به‌م هێرشانه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م شه‌ڕه‌ هاوبه‌شه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان ده‌یكه‌ین، چ هاوبه‌شه‌ هه‌رێمییه‌كانمان، هێزه‌ كوردستانییه‌كان، ده‌وڵه‌تی عێراق بێت، یانیش هاوبه‌شه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانمان بێت، شكست به‌م تێكۆشانه‌ بهێنێت. ده‌وڵه‌تی توركیا به‌و شه‌ڕه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌دژی داعش ده‌یكه‌ین، رازی نییه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی گورزی لێ بووه‌شێنێت و ئاسته‌نگی بۆ دروستبكات، هه‌ر شتێك له‌ ده‌ستی بێت، ده‌یكات. توركیا به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردستانییه‌كان سه‌غڵه‌ت بووه‌. هه‌ر شتێكیش كه‌ له‌ده‌ستی بێت، ده‌یكات بۆ ئه‌وه‌ی گورز له‌م په‌یوه‌ندییانه‌ بدات و نه‌یهێڵێت، به‌تایبه‌تیش بۆ پچڕاندنی په‌یوه‌ندیی نێوان گه‌لی رۆژئاڤا له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌، له‌ شاری سلێمانی كاروانی ئێمه‌یان به‌ ئامانج گرت. ئامانجێكی دیكه‌ی ئه‌م هێرشه‌، پرسی هه‌ڵبژاردنی توركیا بوو و به‌و پرسه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌. ئه‌ردۆغان و داروده‌سته‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا (ساڵی ٢٠٢٣) سه‌ربكه‌ون، هه‌رچییه‌كی له‌ده‌ستیان بێت، ده‌كه‌ن لەبەرئەوە هه‌وڵده‌ده‌ن له‌سه‌ر حیسابی خوێنی كورد، به‌ ئامانجگرتنی كورد سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن و له‌ توركیا وه‌كو كارتێك له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا به‌كاری بێنن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ربكه‌ون. ده‌وڵه‌تی توركیا و حكومه‌تی ئه‌ردۆغان به‌م هێرشانه‌ ئامانجه‌كانی نه‌پێكا. ئه‌م هێرشه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری هه‌بوو و ناڕازیبوونێكی گه‌وره‌ی له‌دژی هه‌بوو، جارێكی دیكه‌ دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌م هێرشه‌ ئامانجه‌كانی ناپێكێت. ئه‌مه‌ جاری یه‌كه‌م نییه‌ توركیا به‌ ئامانجمان ده‌گرێت و، ده‌شزانیین كه‌ ئه‌مه‌ دواجاریش نابێت. لەبەرئەوە به‌ گه‌له‌كه‌مان و دۆسته‌كانمان راده‌گه‌یه‌نین؛ تێكۆشانمان بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕشی رۆژئاڤا-باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا رژدتر ده‌بێت. هه‌رگیز هێرشی له‌مجۆره‌ نابنه‌ هۆی وه‌ستاندنی ئه‌م تێكۆشانه‌مان و هه‌ڵوێستی ئێمه‌ بۆ یه‌كێتیی گه‌لی كورد به‌شێوه‌یه‌كی رژدتر له‌ پێشتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌چێت".

* هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا ١٤/٥/٢٠٢٣

لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی دا چەندین پارت و لیست و هاوپەیمانی و کەسایەتی سەربەخۆ بەشداریان کرد، لەگەڵ چوار کاندیدی سەرۆکایەتی، ئەگەرچی لە ساتەکانی کۆتایی دا (موحەڕەم ئینجە) کشایەوە. گرنگترین هاوپەیمانییەکان ئەم سێ هاوپەیمانییە بوو:
* هاوپەیمانییەکان
١. هاوپەیمانی جمهور: ئاکپارتی، مەهەپە، سەرلەنوێ رەفاهـ و پارتی یەکێتی گەورە.
هاوپەيمانیی جمهور کە دوو هێزی سەرەکی تيایە ئاکپارتی و مەهەپە و ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات. ئاکپارتی دوو بنەمای هەیە ناسيوناليزم و ئيسلاميزم. لە سياسەتی تورکيا و ئەردۆگان لە ساڵانی ڕابردوو دا بەڕوونی ديارە ناسيوناليزم و تورکبوون لە پێش ئيسلاميبوونە، ئيسلام هيچ نييە جگە لە ئامرازێکی کارا بۆ هەژموونی تورک. مەهەپەش پارتێکی ناسيوناليستە. یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئاکپارتی و مەهەپە کە بووە هۆکاری ئەوەی ئەم هاوپەيمانييە پێکبهێنن، برتييە لە دژایەتی کردنی دۆزی کورد، بە تايبەت لە خۆرئاوای کوردستان.
٢. هاوپەیمانی میللەت، پێکهاتبوون لە شەش پارت: تەمەل کاراومۆڵا ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت، کەمال کلچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە، عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیڤا، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و گولتەکین ئویسال، سەرۆکی پارتی دیموکرات، مۆڕاڵ ئاکشنەر سەرۆکی ئیی پارتی.
هاوپەيمانیی ميللەت، کلچدار ئۆغلۆی کەماليست و ميرال ئاکشناری ناسيوناليست و هاوڕێ کۆنەکانی ئەردۆگانی وەک (داود ئۆغلۆ و عەلی باباجان)، کە هەر وەک ئەردۆگان ديین دەکەنە خزمەتکاری ناسيوناليزمی تورکی.
یەکێک لە خاڵە ناکۆکيەکانی نێوان مەهەپە و هاوپەيمانیی ميللەت هەر پرسی کورد بوو، کە پێيانوابوو هاوپەیمانیی ميللەت هەدەپە پشتگيری دەکات و ئەوانيش سەر بە پەکەکەن. کەواتە خاڵێکی هاوبەشی نێوان ئەردۆگان و مەهەپە دژایەتی کردنی کوردە، نەک پاڵنەری ئايینی.
٣. هاوپەیمانی رەنج و ئازادی: پارتی چەپی سەوز-یەسەپە، پارتی چەپ و پارتی کرێکارانی تورکیا.
(هەدەپە - پارتی دیموکراتی گەلان)، ئەردۆغان پارتەکەی بە بیانووی نزیکی هەدەپە لە پەکەکەوە بەردەوام لە ڕێگەی دادگاوە هەوڵی داخستنیان دەدا، هەدەپە ترسی ئەوەی هەبوو پێش هەڵبژاردن ئەردۆغان یاساغی بکات و لە هەڵبژاردنی بێ بەشی بکات، لەبەرئەوە لە ڕێگەی سیاسەتێکی ژیرانەوە پێش هەڵبژاردن لە ژێر چەتری (پارتی چەپی سەوز - یەسەپە) بەشداریکرد.
هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی، وەکو لیستێکی کوردی دەناسرا کاندیدی بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا نەبوو، بەڵکو لە دژی سیاسەتەکانی ئەردۆغان و بۆ خستنی ئەو دەنگیان دا بە کەمال کڵچدار ئۆغڵو.
لە حاڵەتی ئەوە (پارتی چەپی سەوز -یەسەپە) کاندیدی سەربەخۆی هەبوایە، یاخود بێلایەن بوایە، یان بایکۆتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکردایە، ئەوە ئەردۆغان لە خولی یەکەم دا سەرکەوتوو دەبوو. چونکە کاندیدە سەربەخۆکەی یەسەپە دەنگی پێویستی نەدەهێنا بۆ سەرۆک کۆماری، لەلایەکی دیکەوە دەنگەکانی کەمال کڵچدار و هاوپەیمانی میللەت هاوشانی دەنگەکانی ئەردۆغان نەبوو، بەڵکو بەهۆی دەنگی (یەسەپە)وە توانی هاوشانی ئەردۆغان ببێت و ڕکابەری بکات. یەسەپە ئەردۆغانی دووچاری شەرمەزارییەکی گەورە کرد کە نەیتوانی لە خولی یەکەم دا سەرکەوتوو بێت، پەیامی ئەوەیان پێدا ئەگەر ڕۆژگارێک بەدەنگی کورد سەرکەوتوو بوویت و دواتر پشتت لە بەڵێنەکانت کرد، ئەوە هەر کوردیش دەتوانێت زەبرێت لێبدات و کۆتایی بە دەسەڵاتە خوێن ڕێژی و جەلادیەکەت بهێنێت سوڵتانی چنگ بە خوێن.
* عوسمانییەکان مەزهەبی (حەنەفی)یان بۆ سەڵتەنەکەیان هەڵبژارد. چونکە لەناو هەر چوار مەزهەبەکە دا تەنیا حەنەفییەکان پێیان وابوو مەرج نییە کە کەسی خەلیفە لە نەوەی هاشمیەکان بێت.
حەنەفییەکان شەرعییەتیان دەدا بە غەیرە عەرەب و غەیرە قورەیشی و غەیرە هاشمی وەکو ڕەچەڵەکی تۆرانی ببن بە خەلیفەی موسڵمانان. ئاک پارتییەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حەنەفی تورکی بە هەمان ڕێڕەوی عوسمانییەکان لە هەوڵی هەژموونی تورکی دان، سەرەتا کوردیان بە ئامانج گرت. بەر لەوەی دەستەڵاتیش لە تورکیا بگرنە دەست لە ڕێگای پەیوەندیان بە ئیخوانی کوردیەوە لەناو کورد دا بڵاوبوونەوە. لە ناوخۆی تورکیا دا ئیخوانی حەنەفی تورکی کە ئەردۆغان ڕابەرایەتی دەکات بووە هاوپەیمانی فاشیستی تورکی (مەهەپە) پێکەوە ستراتیژێکی نوێیان بۆ حەنەفیەتی تورکی داڕشت کە بریتی یە لە فراوانکردنی جیوگرافیای تورکی لە ڕێگای ئایینی ئیسلامەوە کە تەواو ئایدیۆلۆجیای ئیمپریالیزمی عوسمانیەکانە بەناوی بڵاوکردنەوەی ئایین و سەرکردایەتی ئەردۆغان لەناو گەلانی ناوچەکەدا، بەتایبەتی کورد کە ساڵانێکی زۆرە سەرپەرشتی ئیخوانی کوردی دەکەن بۆ گەیشتن بەو خواستە.
بەختیار عەلی دەڵێت: "گومان لەوەدا نییە کە بارودۆخی کورد لە ئێستادا بارودۆخی سەردەمی کەنعان ئیڤرین نییە، بەڵام ئەوەی ئەم گۆڕانکارییە بە دەستکەوتی ئۆردوگان بزانێت، نەوەک هەڵەیە، بەڵکو تێنەگەیشتنە لە کۆی ئەو پرۆسە گەورەیەی گۆڕانکاری کە لە دونیادا هەیە، کە لەسەروو هەموویانەوە گۆڕانکاریی سیستمی میدیا‌ و پەیوەندییە کە وادەکەن چیتر جێگایەک بۆ گەمژەیی شۆڤێنزمی تورکی نەبێت و گووتارە تەقلیدییەکانی کەمالییەت بە فۆرمە دێرینەکەی نەتوانێت بژی، هەڵبەت لە پاڵ دەیەها هۆکاری گەورە‌ و کاریگەری دیکە.
ئەوەی لای من هەمیشە جێگای سەرەنج بووە، لەدایکبوونی نەوەیەکە لە ئۆردوگانیستی کورد کە بەجۆرێک قسە لە مۆدێلی تورکی دەکەن، وەک‌ ڕێگا چارەیەک بۆ قەیرانەکانی خۆرهەڵات، وەک موعجیزەیەکی ئایدیۆلۆژی و ئابووری و سیاسی. ئەم سەرسامییە بە ئۆردوگانیزم بەر لە هەر کەس پارتی و یەکێتی‌ ڕەواجیان دایە... هیچ کەسێک نییە‌ ڕۆڵی ئەم دوو حیزبە لە جوانکردنی ڕوخساری ئەمجۆرە لە کەمالیزمی نوێ فەرامۆشبکات.
ئەو سەرمایەی بازرگانەکانی کورد‌ و تورکی پێکەوە دەبەستەوە، بووە هاوپەیمانییەکی ئایدیۆلۆژیش کە سیاسییەکانی کورد‌ و تورکی پێکەوە گرێدەدا... بەجۆرێک هەموو ئەو‌ ڕاستییە لە بیرکرا کە ئۆردوگانیزم هیچ نییە جگە لە فۆرمێکی نوێی کەمالیزم لە سەردەمێکی تر‌ و لە ساتێکی تری قەیراندا، وە هێشتا عەقڵی شۆڤێنی تورکی لەبری پێویستی بەستایش و پیاهەڵدان بێت، پێویستی بە سەرزەنشت و بەرابەر وەستان هەیە. ئەوە بوو تەواوی پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا لەسەر فەرامۆشکردن و بیرنەکردنەوە‌ و هەوڵنەدان بۆ تێگەیشتنی جەوهەری ئۆردوگانیزم داڕێژرا.
هەڵبەت سیاسییە کوردییەکان کە لە قوتابخانەی فیکری ناسیونالیستی کوردیدا گەورەبووبن و ئەم قوتابخانەیە جگە لە مۆراڵی بچوکی و لاوازیی هیچی دیکەی تێدا نەچاندبوون، نەخۆشییەکانیان بەرجەستەبوونی هەموو نەخۆشییە تەمەندارەکانی عەقڵییەتی ناسیونالیستی بوو کە یان کۆیلە دروستدەکات یان ئاغا، لە هاوکێشە ئیقلیمییەکەدا نوێنەری بەری کۆیلە‌ و هەڵگری مۆراڵی کۆیلە بوون. وەک هەمیشە ئاسایی بوو، سڵاوی جەلاد بە مەرحەمەتێکی خودایی بزانن و زەردەخەنەی ئۆردوگان بەسەرەتای سەردەمێکی نوێ لەقەڵەمبدەن و ئەوەی شۆڤینیزمی تورکی بە جینۆساید بۆی نەکراوە، لە بە تورکاندنی عەقڵییەت و شێوازی ژیان و زەوقماندا، وەک کاڵایەکی گرانبەها‌ و بە پارە لێیبکڕنەوە.
دیارە پارتی‌ و یەکێتی تەنیا پێشەنگانی ئەم سەرسامییە بە ئۆردوگانیزم نەبوون، ڕاستە ئەوان ئابووریی کوردستانیان بە جۆرێکی نابەرابەر‌ و بێ هیچ سیاسەتێکی پەرێزدار‌ و‌ ڕۆشن بەستەوە بە بازاڕی تورکیاوە،‌ ڕاستە‌ ڕاگەیاندنی ئەم دوو حیزبە نەوەک هەر ستایشی ئۆردوگانیزمیان دەکرد‌ و لە دەموچاوە فاشییستییەکەی بێدەنگبوون، بەڵکو هەر عەقڵییەت و زەوقیشیان کۆپی مۆدێلی ڕاگەیاندنی تورکی بوو،‌ ڕاستە سوودێکی گەورەیان لە وانەکانی میتی کەمالی وەرگرت لە ترساندن و تۆقاندن و هەڕەشەکردن و لە ناوبردنی نەیاراندا.. بەڵام ئەوان تەنیا هاوڕێ و بانگەشەکاری ئوردوگانیزم لە کوردستاندا نەبوون".
لە تەواوی سیاسەت و بانگەشەی هەڵبژاردنی ئاکەپە دا ماڵباتی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و ئیسلامییەکانی باشور بە تایبەتی یەکگرتویی ئیسلامی کوردستان تەواوی توانا میدیایی و سیاسییەکەی خۆیان خستۆتە خزمەتی سەرخستنی ئەردۆغان و سیاسەتەکەیەوە. ڕۆژی شەممە ١٦ی ١١ی ٢٠١٣ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی و سەرۆکی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری هونەرمەند شڤان پەروەر گەیشتە شاری ئامەد لەسەر داوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک وەزیری تورکیا . هاوکات لەو ڕۆژەدا (٣٦٠) بوک و زاوا لە شارە تورکنشینەکانەوە بۆ ئاهەنگ گێڕان چوونە شاری ئامەد و هەریەک لە ئیبراهیم تاتڵساز و شڤان پەروەر بەڕێوەبەری ئاهەنگەکان بوون. ئەم سەردانەی بارزانی بە تەواوی مانا بانگەشە بوو بۆ ئەردۆغان، ئەمە لە کاتێکدا پێشتر پارتی و ماڵباتی بارزانی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی سیاسی و سەربازی و هەوڵگیری و ئابوری و بازرگانیان لەگەڵ تورکیا و ماڵباتی ئەردۆغان و حزبی ئاکەپە دا هەبوو، ڕێکەوتنی پەنجا ساڵەی نەوتیان لە نێوان ماڵباتی بارزانی و ئەردۆغان دا هەبوو، جگە لەو دوو ماڵباتە هیچ کەس ئاگاداری ئەو ڕێکەوتنە نەبوو، ئەمە جگە لەوەی لە ڕێگەی نەوتی هەرێمەوە ئەردۆغان و پارت و ماڵباتەکەی ببونە خاوەن ئابورییەکی گەورە و قەبە کە کاریگەری گەورەی لە سەر پێگە سیاسییەکەی ئەردۆغان هەبوو.
لەسەر ئەو بنەمایە ساڵی ٢٠١٤ ئەردۆغان  سەرۆك وەزیرانی ئەو کاتی توركیا و سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی لە شاری ئۆرفا، لە میانی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردندا گوتارێكی پێشكەش بە خەڵك كرد و گوتی: رۆژی ١٦ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بە بەشداری مەسعوود بارزانی، هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیسەس و هونەرمەند شڤان پەروەر كە ماوەی (٣٨) ساڵە لە وڵاتی خۆی دووربوو، لە دیاربەكر كۆبوونەوەیەكی مێژووییمان ئەنجام دا".
بەختیار عەلی دەڵێت: "بەرەی دووەم لە ئۆردوگانیستە کوردەکان، ئەو شەپۆلە دینیانەن کە دەیانەوێت لەسەر حیسابی هەر شتێک بێت بڵێن دەسەڵاتی دینی لە عەلمانی باشترە. ئەمانە بەراوردکردنی نێوان کەنعان ئیڤرین و ئۆردوگان دەگۆڕن بۆ بەراوردکردنی مۆدێلی عەلمانی و مۆدێلی دینی، کە نەوەک بەراوردێکی شیاو نییە، بەڵکو نوکتەیەکی فیکری و زانستی و ئەخلاقیشە".
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا لە ڕۆژی (١٤ی٥ی٢٠٢٣)، ئیسلامییەکان و بە تایبەتی یەکگرتویی ئیخوانی تەواوی میدیا و سۆشیال میدیا و کەسایەتییە ناودارەکانی خۆی خستەکار بۆ خزمەتی ئەردۆغان و ئەجندا سیاسییەکەی ئەردۆغان دوو لەو کەسایەتیانە: د. عەلی قەرەداغی سەرۆکی یەکێتی زانایانی (ئیخوان) ئیسلامی جیهان و د. سەید ئەحمەد پێنجوێنی بەرپرسی یەكێتی جيهانى زانایانی موسڵمان لە هەرێمی كوردستان، پیاوی ئایینی یەکگرتویی ئیسلامی کوردستان لە بەیاننامەیەكدا لەگەڵ (66) كارەكتەرو كەسایەتی ئایینی جیهانی داوایان کرد دەنگ بە ئەردۆغان بدەن. لەو بەیاننامەیە دا د. عەلی قەرەداغی و د. سەید ئەحمەد وتیان: لەبەر ئەوەی سیاسەتی توركیا لەسەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغان دا سودی زۆری بە موسڵمانان گەیاندوە و ئازادی و ئاساییشی بۆ هەموان دابین كردوە، توركیا لەسەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغان دا گەشەی ئابوری زۆری بەخۆوە بینیوە لە ڕووی هێزی سەربازیی و دروستكردنی چەكی زرێپۆش و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان گەشەی بەرچاوی بەخۆی بینیوە. توركیا لەسەردەمی ئەردۆغان دا بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ هەموو ئەو كەسانەی لە وڵاتەكانی خۆیان توشی نادادی دەبنەوە. توركیا لە سەردەمی ئەردۆغان دا دەستوەردانی لە زۆرێك لە وڵاتان كردوە لەبەرژەوەندی موسڵمانان، بەتایبەت لە لیبیاو باكوری سوریا. لەبەرئەو داوا دەکەین ئەو موسڵمانانەی مافی دەنگدانیان هەیە بچنە سەرسندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان. ئەو كەسانەشی مافی دەنگدانیان نییە، پشتگیری براكانیان بكەن بەهاوكاری سیاسی یان دارایی بۆ سەرخستنی  رەجەب تەیب ئەردۆغان و دوعای خێری بۆ بكەن".

* ئەنجامی بەرایی دەنگەکانی هەڵبژاردن

دەنگی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی لە خولی یەکەم دا.
1. رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانی جمهور 49.35% ژمارەی دەنگ (26 ملیۆن و 621 هەزار).
2. کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانی میللەت : 45% کە نیوەی دەنگەکانی هی پارتی چەپی سەوز بوو.
ژمارەی دەنگ ( 24 ملیۆن و 277 هەزار).
3. سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا 5.22%
4. موحەرەم ئینجە، بەربژێری پارتی مەملەکەت کە سێ رۆژ بەر لە دەنگدان کشایەوە، 0.43%ی دەنگی بەدەستهێناوە.

* دەنگی هاوپەیمانەکانی پەڕلەمان
1.هاوپەیمانی جمهور بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 322 کورسی: ئاکپارتی، مەهەپە، سەرلەنوێ رەفاهـ و پارتی یەکێتی گەورە، بەرێژەی 49%.
2.هاوپەیمانی میللەت بە سەرۆکایەتی کەمال کڵچدار ئۆغڵۆ 213 کورسی: جەهەپە، ئی پارتی، سەعادەت، پارتی دیڤا، پارتی ئایندە، پارتی دیموکرات، ئی پارتی بەرێژەی  35% .
3. هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش  66 کورسی: پارتی چەپی سەوز-یەسەپە، پارتی چەپ و پارتی کرێکارانی تورکیا بەڕێژەیی 10.5%.

هەدەپە یان پارتی چەپی سەوز، لە دژی سیاسەتەکانی ئەردۆغان و بۆ خستنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دا دەنگیان دا بە کەمال کڵچدار ئۆغڵۆ. کەمال کڵچدار یەکێک لە دروشمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەوە بوو کە سیستمی سەرۆکایەتی دەگۆڕێتەوە بۆ پەڕلەمانی و کێشەی کوردیش دەباتە پەڕلەمان. بەڵام لە ئەگەری سەرکەوتنی دا لە سەرۆکایەتی ئەوە هاوپەیمانییەتیەکەی نەدەبوو بە زۆرینەی پەڕلەمان تاکو کار لە سەر جێبەجێکردنی دروشمەکانی بکات، چونکە هاوپەیمانی جمهور دەبوونە بەربەستی گەورە لە بەردەم پڕۆژەکانی دا، ئەمە جگە لەوەی تەواوی پەڕلەمانی تورکیا و خودی هاوپەیمانی میللەتیش  پڕیەتی لە خەڵکانی ئیسلامی و کەمالیستی و نەتەوەپەرست و فاشستی دژە کورد. لەگەڵ ئەوەش دا ئەم سیاسەتەی (یەسەپە) بووە هۆی کاریگەر بوونی دەنگ و هێزی مەدەنی و سیاسی کورد لە ململانێی سیاسییەکان دا، جگە لەوەی زەبرێکی کوشندە بوو لە پێگە سیاسییەکەی ئەردۆغان و زەبرێک بوو دژی کوردکوژی و ستەمگەرییەکەی ئەردۆغان و ئاکپارتی.
سەرەڕای ئەو هەموو فشار و تاوانەی بەرامبەر (هەدەپە، یەسەپە) کرا لە لایەن ئەردۆگانەوە، لەگەڵ ئەوەی زۆربەيان لە زيندانن و ڕێگەی بانگەشە و کار و چالاکی سياسيان تەواو سنوردار کراوە... لەگەڵ ئەوەی کە ئەردۆگان هەموو توانای ميديایی و ئابووری و سياسی و سەربازی و ئەمنی تورکيای لە ژێر دەستە و، هاوکات بەکارهێنانی ئيسلام وەک چەکێک بۆ پروپاگەندە و چەواشەکاری بۆ کوردانی باکوور و تورکيا.  بەڕوونی دەرکەوت، کورد توانی ئەردۆگان بخات لە باکوری کوردستان و جياوازی دەنگدەرانی یەسەپە و ئەردۆگان هەر مایەیی بەراوردکردن نیين.
ئەو دەنگە کەمەی کە ئەردۆگان هێناویەتی لە شارەکانی باکور، ئەوا زۆربەی دەنگی تورک و عەرەب و ئازەر و نەتەوەکانی تری ناو باکووری کوردستانە، نەک هەر ئەوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و لەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەش دا کورد لە ئەستەمبوڵ ئەردۆغانی دووچاری شکستی گەورە کرد.
هەموو ئەمە لە کاتێکدایە کە هەدەپە نە ئايین وەک ئامراز بەکاردەهێنێت، نە حيزبێکی ناسيوناليستييە. (هەدەپە - یەسەپە) حيزبێکی تورکياییە وەکو چەتێک وایە بۆ کۆکردنەوەی گەلانی تورکیا، کار لە سەر ماف و ئازادی گەلانی تورکیا دەکات. ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام و لایەنگرانی کورد نيین. دروشم و ئايدۆلۆژیایی هەدەپە، ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی کۆمەڵگەی کوردی نييە، هێشتا دەتوانێت لە  باکور و تورکيا لە ئەردۆگان بباتەوە کە هەموو چەواشەکاری و هێز و توانایەکی سەربازی و سياسی و ميديایی و ئابووری بەکاردەهێنێت.

هۆکاری پاڵپشتی ماڵباتی بارزانی و پارتی دیارە کە بەرژەوەندی سیاسیی و سەربازی و هەواڵگیرییە بۆ دژایەتیکردنی هەژموون و پێگەی سیاسی پەکەکە، لەگەڵ بەرژەوەندی ئابوری و بازرگانی کە پەیوەندییەکی گەورە و قازانجداریان هەیە، سەدان کۆمپانیایی تورکی لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دا کار دەکەن و کاریگەری گەورەیان لەسەر قەبەبوونی ئابوری پارتی هەیە.
هۆکاری پشتیوانی ئیسلامییەکانی باشور بە تایبەتی یەکگرتویی ئیسلامی بۆ ئاکپارتی و ئەردۆغان هۆکاری ئایدۆلۆژی و ئایینی بوو. دوای ئەوەی لە بەهاری عارەبی دا لە ساڵی ٢٠١١ دا ئیخوان لە میسڕ بوونە دەسەڵات و دواتر لە ڕێگەی کودەتا و پیلانگێڕی دەوڵەتی ئیمارات و خۆرئاواوە ئیخوان لە دەسەڵات دوورخرانەوە و (محمد مورسی) کرایە زیندانەوە، لە (تونس)یش لە گەمەیەکی دیموکراسی ئیخوان لە دەسەڵات دوورخرایەوە، لە (لیبی و یەمەن)یش خاوەن پێگە و هەژموونێکی کاریگەر نیین، لە سوریاش خەریکی تیرۆر و تۆقاند بوون و لە خۆرئاوای کوردستانیش (هێزەکانی سوریایی دیموکرات - هەسەدە) خاوەن پێگە و دەسەڵاتن و ڕێگەی گەورەبوونیان لێگرتن، ئیدی ئیخوانەکانی دونیا و باشوری کوردستان تەنها لە تورکیا لە ڕێگەی ئاکپارتی و ئەردۆغانەوە خاوەن دەسەڵاتن، لەبەرئەوە بە قەڵای خۆیانیان دەزانن و لە هەموو ڕوویەکەوە بەرگری لێدەکەن. پشتیوانی یەکگرتویی ئیسلام لە ئەردۆغان لە تەواوی ڕووداوە سیاسیەکانی تورکیا دا تەنها لەم ڕوانگەیەوە دوور لە ئینتیمای نەتەوەیی بۆ کوردی باکوری کوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە