یاداشتەکانی ڕۆژ(سەرابی سەرکەوتن!)

Friday, 19/05/2023, 0:11

2865 بینراوە


هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە تورکیا نەتەنها کوردی باکووری کرد بە دوو بەرەیی دژبە یەك، بەڵکە کاریگەری ئەو لەتبوونە پارچەکانی تریشی گرتەوە. بە سەرنجدانێکی کورتی میدیا و سۆشیاڵمیدایی کوردی ئەم ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت. کورد جارێکی تریش لە گەرمەی ڕووداوە گرنگە مێژوویەکاندا نەك هەر نەیتوانی یاریزانێکی گۆڕەپانەکەبێت ، نەك هەر یەك دەنگ نەبوو، بەڵکە بێ نوێنەریش دەرکەوت!
با بە کورتیشبێت ئاماژە بۆ چەند خاڵێك بکەم:
- ئومێد بە وەلانانی دەسەڵاتی سولتانی نوێی تورکیا ، ئومێد بە لەناوچوونی فاشیزمی ئیسلامی حاکم لە تورکیادا ، ئومێدێکی پیرۆز، ڕەوا و ئازادی خوازانەیە. 
- ئومێد بە هاتنە سەرکاری کلیچداروغڵو، کە بتوانێت کێشەیەکی ئەو وڵاتە هەرچەندە بچوکیشبێت چارەسەربکات ، جگە لە خۆشخەیاڵیەکی منداڵانە هیچی تر نیە. بەبێ بوونی بەدیلێکی ئازادیخواز و سۆشیالیست ، بەبێ بوونی پڕۆژەیەکی پتە و تۆکمە کە بتوانێت دەستبخاتە سەر برینە قوڵەکانی ئەو وڵاتە و بتوانێت تورکیا و خەڵکەکەی لەگەڵ خۆی ودەوورو بەریدا ، ئاشتبکاتەوە ،وە بەبێ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێرانە کە بتوانێت وەڵامی بنەڕەتی کێشە قوڵە سیاسی، ئابووری ، کۆمەڵایەتی ، دەستوری و بونیادیەکانی ئەو وڵاتە بداتەوە، هیچ کاتێك ملشکانی ملهوڕێك وەك ئۆردۆگان ، ناتوانێت مایەیی دڵخۆشیبێت!
- حیزبەکەی کلیچدارئوغڵو "جەھەپە"یە ، حیزبەکەی ئەتاتورکە، دەستوری تورکیا کە لەسەر بناغەیی ئینکارکردنی کورد بنیات نراوە ، هەڵهێنجراوی ئایدیۆلۆژی ئەوانە. بە درێژایی سەدەی ڕابردوو ، چەند ڕەشەکوژی و کۆمەڵکوژی و تاوان لەو وڵاتەدا ڕوویانداوە، ئەوان لێپرسراوی ڕاستەو خۆی ئەو تاوانانەن.
- "هەدەپە" وەك ئەوەی کاندیدی سەربەخۆی نەبوو کە بویە هۆکاری سەرەکی دوو لەتبوونی دەنگی کورد ، هاوکات دەیتوانی هەموو هێلکەکانی نەکردایەتە سەبەتەی خولی یەکەمی هەڵبژادنەکەوە و پلانی " بی" هەبووایە. بۆ خولی دووەم دەنگی کورد کارتێکی بەهێزی دانوسانەکان دەبوو ، بە دەستیەوە .
- لە سەد ساڵی ڕابردوودا سیاسەت و دەوڵەتداری لە تورکیادا ، لە سەر بناغەیی سەرکوت، کۆمەڵکوژیو جینۆسایدی ئێمە بنیاد نراوە، جا حکومەتەکەی ئەو ولاتە سۆشیالدیموکرات بوبێت یان نەتەوەیی، ئیسلامی بوبێت یان لیبڕاڵی . ئاخر دەوڵەتی قوڵی ئەو وڵاتە کە کۆمبارسەکانی لە چەشنی ( ئۆردۆگان و کلیچدار) نوێنەرایەتی دەکەن ، نەك هەر دان بە مافە سروشتی و یاسایەکانی کوردا نانێن و هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەری ئەو پرسە نانێن ، بەڵکە ئەوان هەر لە بنەڕەتەوە دان بە بوونی نەتەوەیەکی ،لانی کەم ٥٠ ملیۆنیدا نانێن!
بەلای منەوە سەرنجڕاکێشترین دیاردەی سیاسی لە کۆمەڵگەی مەدا، هەڵوێستی ئیسلامیەکان بوو. لەم هەڵبژاردنەی تورکیادا، ئیسلامیەکان وەك دوکانێکی سیاسی ئۆردۆگان خۆیان نمایشکرد. ئیسلامیەکان بەگشتی و ئەوانەیی باشوور بەتایبەتی سەلماندیان جگەلە " تابوری پێنج" ناکرێ هیچ ناوێکی تریان لێبنێین! ئەوان هیزگەلێکی دوژمنی نیشتمان و نەتەوەن . ڕاستە بەکرێگیراوی و جاشایەتی مێژوویەکی کۆنی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە ، بەڵام جیاوازی بەکرێگیراوە کۆنەکان لەگەڵ ئەمانەدا ئەوەیە: 
لە ڕابردوودا هەموو جاش و بەکرێگیراوەکان لە پێناو بەرژەوەندیەکی مادیدا ئەو خیانەتەیان ئەنجامدەدا، هەرچی ئیسلامیەکانن وەك کۆمەڵێک بەکرێگیراوی عەقیدەتی، خۆبەخشانە نۆکەرایەتی داگیرکەران و ئامانجەکانیان دەکەن ! ئەمانە دوور و نزیك هیچ خەونێکی نیشتمانی هاوبەشیان لەگەڵ ئەم خەڵکەی ئێمەدا نییە! 
ماوەتەوە بڵێم دۆڕاوی سەرەکی لەم هەڵبژاردنەدا کورد بوو، چونکە بە ئاسانی دەیتوانی ئیرادە و دەنگی خۆی بە هەمووان بسەلمێنێت ، بە پێچەوانەی ئەمڕۆوە کە خەریکە ئاو بە ئاشی دوژمنە سەرسەختەکانیا دەکات!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە