پەچەکەی "پشکۆ" کەوت و "خۆڵەمێش" دەرکەوت

Friday, 19/05/2023, 14:35

2935 بینراوە


برادەرێکم هەموو جارێک ئەیووت ئەوانەی ناویان علوجە هەچ رۆژێک بێ ڕووی ڕاستیان وەک ناوی خۆیان ئەکەوێتە ڕوو.


ئەم قسەیە بێ یەک و دوو کردن لە بێ کەسایەتی "زین الدین نجم الدین"کە خۆی ناو ناوە "پشکۆ" ڕەنگ ئەداتەوە ، چونکە ئەم هەلپەرستی پارەپەرستە چەندین ساڵ توانی بووی لە ژێر پەچەی چەپ و چەپخوازی و ئازادی ئینسان و دژایەتی دەرەبەگایەتی و کۆیلایەتی خۆی حەشار بدات، لە پەناشەوە خەریکی هەموو ڕەفتارێک بوو دژ بەو پرنسیپانەی چەند ساڵێک لای جەلالییەکان شەقی لەسەر خوارد و پارە و دەستکەوتی ناموڕاڵانە خەمی یەکەمی بوو، تا کاتی ئەوە هات ئیتر پێویستی بەو دوو دەم و چاوییە نەما و پشکۆی علوجی فڕێدا و خۆڵەمێشەکە "زین الدین " کەوتە ڕوو،  یەکەم هەنگاویشی بۆ سەلماندنی علوج بوونی پرینسیپەکانی "پەچەکەی" وەک زەلیلێک و وەک کاسەلێسێکی دەربار بە یاوەری پاراستنێک خۆی گەیاندە گۆڕەکەی مەلا مستەفا و ڕایگەیاند کە قۆناغی پشکۆی علوج تەواو و قۆناغی ڕووە ڕاستەقینەکەی"زین الدین" بۆ جاری دووەم دەست پێ ئەکاتەوە، لەبەر لافاوی خۆ لەدەستدان و کۆیلایەتی پشکۆ کە کوژایەوە و بوو بە خۆڵەمێش.
- ئاخۆ چەند ساڵە کار بۆ ئەم گۆڕانکارییە ئەکات تا بە ئاشکرا بڵێ من کۆیلەکی بنەماڵەی بارزانیم و هەرچیەکم لەپای کۆیلایەتی و بەیعەت هێنان هەقی خۆمە و خۆ فرۆشتن بێ بەرابەر مانای نیە...
- ئاخۆ چەند پێشمەرگەی ئاڵای شۆڕش بە دەستی جەلالییەکان شەهید بوون کە لەسەر دەستی ئەم خۆڵەمێشە وا پەروەردە کرابوون، کە دژایەتی دەرەبەگایەتی و کۆیلایەتی ئەرکی سەرشانی ئازادیخواز و چەپ و هەژار و ستەم لێکراوەکانی کوردە؟
ئەم خۆڵەمێشە کە تەنانەت یەکێتیشی بە پارێزەری هەژاران نە ئەبینی و لەگەڵ مارکسیەکەی خانەقین بوو بە ئاڵای شۆڕش، بەڵام هەر زوو دوای گرتنەکەی پشکۆکەی لەسەر دەم و چاوی لابرد و بە پاکانە و ئیعترافەکانی خۆی بە تفی دۆڕاندن پشکۆکەی کوژاندەوە و ئیتر ڕۆحی خۆڵەمێشی کەوتە گیانییەوە.
ئاخۆ کاتێ فاتیحای لەسەر گۆڕی مەلا مستەفا خوێند داوای لێبوردنی لێکرد،  کە چۆن ساڵی1979 کاتێک بنەماڵە ویستیان لە"شنۆ"بینێژن، ئەم یەکێک بوو لەو فەرماندانەی بە سەرپەرشتی "مەلا بەختیار" یەکێتی دروستی  کرد تا بە هاوکاری کۆمەڵەی ئامۆزایان  بچن لە ڕێ و ڕەسمی ناشتنەکادا تەقە بکەن و نەهێڵن لەوێ بنێژرێت..؟ یان داوای لێبوردنی کرد لەوەی کە دیلی پارتی (م.ش) بە زیندووی لە شاخی سورێن بە دەستی ئەم پشکۆی ڕابردوو و خۆڵەمێشەی ئێستا فڕێ درایە خوارەوە ؟
هەرچەندە ئەمە بەلای پارتییەوە گرنگ نیە، پارتی و بنەماڵە پەچەکەیان پێ لابرد و وەک خۆڵەمێشێک پیشانی خەڵکیاندا و ووتیان ئەمە ئەو کەسەیە دژایەتی کردووین سەیرکەن لەبەردەم پارە و بێ موراڵیدا چەند زەلیل و بچووکە، بە ئۆتۆمبیلێک و شوققەیەک و مووچەیەکی لابەلا چۆن وەک تەیرێک ئاوەڕووتمان کرد، بزانن لەبەردەم پارەدا کە علوج بوویت نابیت بە پشکۆ و بەیەک فووی ساردی خۆدۆڕاندن ڕووە ڕاستەقینەکەت، زین الدین ئەچێتەوە سەر ڕێڕەوە سروشتییەکەی خۆی کە کۆیلایەتیە لە کەسایەتی و لە هەڵوێستیشدا ، بەڵام ئاخۆ سەدان دەفتەر دۆلار ئەتوانێت سومعە و موراڵ بگەڕێنێتەوە بۆ خۆڵەمێشێک، کە پشکۆی کردبوو بە لەچکی هەل و پارەپەرستی؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە