نەوەیەک خاڵی خاڵی لە خەون و لە وزە

Wednesday, 24/05/2023, 0:27

6253 بینراوە


نێچیرڤان و مناڵەکانی بە کۆپتەر چوون بۆ بارزان  بۆ ڤیستڤاڵی مەیانەکەی ماڵی بارزانی . پشکۆ نەجمەدینیش بە دوای پیکاب چووبوو بۆ سەر قەبرەکەی مەلا مستەفا بۆ فاتیحە!
لە ڕاستییدا بۆ من جیاوازییەک نییە لەوەی پیاوی لاهور بیت یان مەسرور، پیاوی بافڵ بیت، یان نێچیر، یاخود ئیسلامی بیت یان مارکسی، قەومی ،  لیبراڵ، هەروەها چالاکوان، ڕەخنەگر، نووسەر، یان شاعیر و شایەر بیت … تۆ مادام بە ویستی خۆت بویتەتە بەشێک لە سیستەمەکە و بەرگری لێدەکەیت و دڵت بە ئەزموونەکە خۆشە و ئاغاکەت ئامادەیە چەکی بۆ هەڵگرێ، باشترین و ڕاستگۆیانەترین ڕێگا، فاتیحەیەکە لەسەر ئەو وشکە کەڵەکەی ناویان ناوە مەزاری نەمران .
ئەم نووسینە دەیەوێت بە کورتی ئەوە بڵێت (هەموو ئاکشنێک دژی پارتی لەناو سیستمەکەدا، دواجار بە سوود و دۆلار و کرێدیت بۆ ماڵی بارزانی دەگەڕێتەوە).

بڵێ چۆن؟

پارتی و ماڵی بارزانی بەوە توانیویانە ئەو هەموو ساڵە بەو هەموو تاوان و تاڵانی و خیانەت و بێئەخلاقیەوە بمێننەوە، کە سیستمێک بەڕێوە دەبەن ڕەنگاوڕەنگە! پڕە لە حیزبی دژ، پڕە لە ڕێکخراوی مەدەنی، پڕە لە ڕۆژنامە و میدیا، پڕە لە نەوەکانی قانع و هەردی و دەیانی وەک ئەو ڕەحمان غەریبە تەرەسە.  پڕە لە ڕەخنەگر، پڕە لە مەلا و پڕە لە ئوستاز و پڕە ئەهلی جێندەر و فەیمنیزم… هەرهەموو ئەمانە بەیەکەوە هەیکەلی ئەو بسنسەیان پێک هێناوە کە ماڵی بارزانی خاوەندارێتی دەکەن و بە قازانجەکەی تەیارە و ئەسپ و مارسیدس و قەسر و قەمەرە و لەشی ژنی پێ دەکڕن بۆ خۆیان.
هەتاکو ئەم دیوەخانە گەورەیەی ناوی قەوارەی هەرێمە پڕبێ لەو هەموو پڕ پڕە فەرمی و ئازاد و بلۆکە ی سەرەوە، مناڵەکانی ماڵی بارزانی بە کۆپتەر هاتوچۆی گوندەکەیان دەکەن و پشکۆ نەجمەدینەکانیش بە گاگۆڵکێ دەچنە سەر تڕەکەڵەکەکە! 
تاکە چارەسەر ئەوەیە دەبێت وەک لیبیا و تونس و عێراقی سەدام و سوریای ئەسەد و یەمەن و ئەوانی تر، سیستمەکە بە یەکجاری جێبهێڵی بۆ ماڵی بارزانی و پیاوەکانیان. هەتا جیهان و مرۆڤایەتی و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی زلهێز و کێ و کێ ببینن کە ئەم یاریە چۆن دەسوڕێت. ئەوسا نەوەیەکی نوێتر پێدەگات کە سەرقاڵ نەکراوە بە تروهاتی دیموکراسی و ململانێی درۆینە و کاس و گێژ نەکراوە بە هاتوهاواری بێ پڕۆژە و بەتاڵ. 
لە کۆتاییدا هەر ئەوەندە دەڵێم (پشکۆ نەجمەدین پیاوی مەلا بەختیارە، مەلا بەختیاریش بۆخۆی تاکێک پێڵاوی ماڵی بارزانیە، ئیتر ئەبێ چاوەڕێی چی لە کەڵتە کۆنێکی وا بکەین؟ ئەمانە هەتا زووتر ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆیان دەربخەن باشترە).
هەموو ئەم وێرانکارییە لە کۆمەڵگا و لە بونیادی فکری و پەروەردەی ئینسانی ئێمەدا بۆشایی گەورە و زیان بەخش لە هزری تاکەکانی کۆمەڵگادا دروست دەکەن. جوان دیارە! حاڵی حازر نەوەیەک دروست بووە بە کەسایەتیەکی تێکشکاو و بێهیوا و بە لاتی چاوەڕێ دەکات زوو گەورە ببێت و زوو تێپەڕێت. نەوەیەک خاڵی لە خەونی مەزن و خاڵی لە فکر و خاڵی لە ئومێد.. نەوەیەک تەمەڵ و تەوەزەل و خاڵی خاڵی لە وزە .
جێگای غەمێکی قووڵ قووڵە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە