ئایا زەوی تەختە، یان گۆیی، بەڵگە زانستییەکان چیمان پێ دەڵێن؟

Wednesday, 31/05/2023, 8:10

3934 بینراوە


نیڵ دیگراس تایسن: "بە ڕای من بوژانەوەی بیرۆکەی زەوی تەخت بەڵگەیە بۆ بوونی دوو شت، یەکەمیان ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین ئازادی دەربڕینی بیروڕای تێدا پارێزراوە، دووەمیش ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین بەدەست سیستەمێکی فێرکردنی شکستخواردوو دەناڵێنێت"


 بەشی یەکەم: بیروڕا و بۆچوونی لایەنگرانی زەوی تەخت

دەڵێن، ئایا دەزانن ئێمە زۆر لەمێژە هەڵ خەڵەتێنراوین بەوەی کە زەوی گۆیییە، کەچی لەڕاستیدا تەختە؟ بەکورتی ئێمە چەندین سەدەیە فڕوفێڵمان لەگەڵدا دەکرێت، هەتا ئەمڕۆکەش ئەو چەواشەکاری و فریودانەی زۆربەی زاناکان بۆ شاردنەوەی شێوەی ڕاستەقینەی زەوی بەردەوامە. ئاژانسی ئەمریکایی بۆشایی ئاسمان ناسا NASA))، بە هاوبەشی لەگەڵ حوکمەتی ئەمریکا پیلانگێڕی سەرەکی ئەم بابەتەن و گەلەک لە وڵاتانی زلهێزی جیهانیش لەم پیلانەدا بەشدارن، دروستکردنی ناسا هەر لە بنچینەوە بۆ شاردنەوەی ڕاستی تەختی زەوییە. ناسا هەرگیز گەشتی بۆ دەرەوەی زەوی نەکردووە، وێنەکانی زەوی و مانگە دەستکردەکان، کەشتییە ئاسمانییەکان و دابەزینی مرۆڤ لەسەر مانگ درۆیەکی گەورەیە و جگە لە فلمێکی سینەمایی بەرهەمهێنراوی هۆلیۆد هیچی دیکە نییە.
ئەمەی سەرەوە گوتەی لایەنگرانی زەوی تەختە، ئەوانەی متمانەیان بە زاناکان نییە و گومانیان لە بەشێکی زۆری زانستی فیزیا و گەردوونناسی و چەندان بابەتی زانستەکانی دیکە هەیە. بوونی ئەو هەموو ملیار گەلەستێرەیە و ئەستێرە و هەسارانەی بە ملیۆنان ساڵی تیشک لێمانەوە دوورن لەلای ئەواندا هیچیان ڕاست نین و بێ بەڵگەن. دەبێژن، ئەگەر ئەو ملیاران ئەستێرەیە هەن، ئەی بۆ لە شەودا ئاسمان ڕووناک ناکەنەوە؟ 
هەرچەندە مەرج نییە تێکڕای باوەڕداران بە تەختی زەوی لە ڕوانگەیەکی ئاینییەوە بۆ بابەتەکە بچن، بەڵام ئایندارانیان گەلەک جار پشت دەبەستن بە لێکدانەوەی دەقە ئاینییەکانیان، پێیان وایە زۆرینەی زانیاری بوارە زانستییەکان هەڵبەستراون و مەبەستیان دژایەتیکردنی ئاینەکانە، بەتایبەتیش لەلای موسڵماناندا پیلانەکان پتر پێوەندییان هەیە بە زایۆنیزمی جیهانی و وڵاتە داگیرکەرەکان.
کاتێک لەسەر ئەم پرسە لە ئەنتەرنێتدا دەگەڕێین و سەرنج دەدەینە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڤیدیۆکانی یوتوب، دەبینین بەبەردەوامی ژمارەیەکی یەکجار زۆر بابەت دەربارەی تەختی زەوی بە کتێب و فلم بڵاو دەکرێتەوە، ڕاپرسییەکانی ئەم دواییانە بەڕوونی زێدەبوونی لایەنگرانیان دەسەلمێنن. بە ملیۆنان کەس لە جیهاندا ئەم بۆچوونەیان هەیە نەک تەنیا لە وڵاتانی ئێمە و هاوشێوەکانی، بگرە لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی وەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوو. 
پێش ئەوەی ئاماژە بە بەڵگەکانی لایەنگرانی هەردوو بیردۆزەکەی تەختی و گۆیی زەوی بدەین دەڵێین، هەر یەکێک لە ئێمە ئەگەر خۆی بە زانستخواز بزانێت پێویستە بەرانبەر بە گشت بۆچوونێک کراوە بێت، لەبەرئەوەی هیچ بیروباوەرێک نییە ئەگەری هەڵەبوونی نەبێت. لێرەدا دەبێ سەرلەبەری ئەو زانیارییانەی لە پێشوودا هەمانە دەربارەی گۆیییەتی زەوی بۆ چەند ساتێک بەلاوە بنێین، بەچاکی گوێ لە لایەنگرانی زەوی تەخت بگرین و لە بیروڕا و بۆچوونەکانیان تێ بگەین، تا بزانین چی جۆرە ڕاڤەیەکیان هەیە بۆ ڕووداو و دیاردەکانی سروشت، بەڵگەکانیان چین و تا چی ئاستێک لەگەڵ لۆژیک و زانستدا دەگونجێن؟

 کورتەیەکی مێژوویی بیرۆکەی زەوی تەخت

هەر لە کۆنەوە مرۆڤ هەستی بەوە کردووە کە زەوی تەختە، لەبەرئەوەی ئاسانترین بەڵگەیان بۆ ئەوە چاویان بووە، زۆربەی هەرە زۆریشیان لەو باوەڕەدا بوونە زەوی چەقی گەردوونە و هەموو ئەستێرەکان و خۆر و مانگ و تەنەکانی ئاسمان بەدەوری زەویدا دەسووڕێنەوە. ئەوەی جێی سەرنجە لەو دەمانەدا کێشە و مشتومڕی لەسەر بابەتی چەقایەتی زەوی بۆ گەردوون تووندتر و گەورەتر بوو لە شێوەی زەوی.
بیرۆکەی زەوی تەخت چەمکێکی کۆنە بۆ زەوی لە شێوەی ڕووێکی تەخت، یان پەپکەیەکی سەرئاوکەتوو لە زەریایەکی مەزندا، ئەم تێڕوانینە لەلای زۆرێک لە شارستانییەتە کۆنەکانی ڕۆژهەڵات لە نموونەی سۆمەری و بابلییەکان و گریکییەکان بوونی هەبووە. گەلەک لە فەیلەسووفانی پێش سوکرات وەک، تالیس و لیوکیپۆس و دیمۆکریتوس وای بۆ دەچوون زەوی تەختە و کەوتۆتە سەر ئاو، ئاسمانیش هاوشێوەی گومەزێکە. ئەم بیروباوەڕە بۆ تەختی زەوی لەو دەمانەدا گەلانی ئەوروپای نموونەی ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیشی دەگرتەوە. 
تەختی زەوی لە ئاینی جووەکانی سەردەمی بوونی تەورات و پاشان لە ئاینی کرستییانەکان جێی باوەڕ بووە، هاوکات ئاینی هیندییەکان دەبێژێ زەوی پەپکەیەکە و چوار کیشوەر لەخۆ دەگرێت. لە ئاینی بودایی زۆرینەی بەشەکانی پەپکەی زەوی لە زەریا فرە گەورەکان پێک دێت، ژاپۆنییەکان و چینییە کۆنەکانیش کۆک بوون لەسەر تەختی زەوی. 
لەم چەند سەدەیەی دوایی، مشتومڕی دەربارەی شێوەی زەوی لە نێوان لایەنگرانی تەخت و گۆیی بە شێوەیەکی ئاشکرا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمەوە سەری هەڵدا. نووسەری ئینگلیزی سامیول ڕۆوبۆسم (Samuel Rowbotham) بە ڕابەر و داهێنەری بیرۆکەی زەوی تەختە دەژمێردرێ لە مێژووی هاوچەرخدا، یەکەمین کەس بوو لەو دەمەدا بە ئەزموون بۆ بابەتی تەختی بچێت و داکۆکییەکی تووندی لێ بکات. ئەوە بوو لە ساڵی 1838دا هەڵ دەستێت بەئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەک لە کەناڵی بێدفورد (Bedford Level experiment) بەدرێژایییەکی نێزیکەی 10 کیلۆمەتر بۆ بینینی چەمانەوەی زەوی. ڕۆوبۆسم لەم ئەزموونەدا تەلسکۆپێک لە بەرزایی 20 سانتیمەتر لە ئاستی ڕووی زەوی دادەنێ، پاشان دەست دەکات بە چاودێریکردنی دوورکەوتنەوەی بەلەمێکی بچووک کە ئاڵایەکی هەڵگرتووە بە بەرزی 1.5 مەتر، تا دەگاتە ئەو پردەی 9.7 کیلۆمەتر لێیەوە دوور بوو. ڕۆوبۆسم گوتی: "بەلەمەکەم بەتەواوی لێ دیار بوو هەتا گەیشتە کۆتایی کەناڵەکە، ئەمەش بەڵگەیە کە هیچ چەمانەوەیەک لەسەر ڕووی زەویدا نابیندرێت". دەبێ بڵێین کە لە بەشەکانی دیکەدا دێینەوە سەر ئەم بابەتەی وننەبوونی تەواوی بەلەمەکەی ڕۆوبۆسم و چەندان ڕووداوی هاوشێوە، لە هەمووشیان ناسراوتر دەرکەوتنی وێنەی شاری شیکاگۆ بوو، لە دەریاچەی میشیگان کە پتر لە 80 کیلۆمەتر لێک دوورن.
ڕۆوبۆسم دوای ئەزموونەکەی کتێبێک دەنووسێت بەناوی زەوی گۆیی نییە (Earth Not a Globe - 1849)، تێیدا بەرگری لە بیردۆزەکەی دەکات، پاشان لە ساڵی 1883 دامەزراوەی زیتیکی (Zetetic Society) بۆ تەختی زەوی لە ئینگلستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕا دەگەینێت. ئەوەی پێویستی بە ئاماژە پێکردنە، زۆربەی بیروڕاکانی لایەنگرانی زەوی تەخت لە شێوەکەی، هەڵکەوتنی دوو جەوسەرەکەی زەوی، قەبارەی خۆر و مانگ و دوورییان لەزەوییەوە، هەروەها سەرچاوەی چەندان زانیاری و ڕاڤەی دیاردە سروشتییەکان، بۆ بیرۆکە و بۆچوونەکانی ڕۆوبۆسم دەگەڕێنەوە. 
پاش ئەمەیان ئیلیزابێت بلۆنت (Lady Elizabeth Blount)، تاقیکردنەوەکەی ڕۆوبۆسم ئەنجام دەدات و دەگات هەمان دەرەنجام، لە ساڵی 1893دا کۆمەڵەی زەوی تەختی جیهانیی (The Universal Zetetic Society) دادەمزرێنێت و زۆر بەچالاکیی بەردەوام دەبێ لەسەر کارەکەی، گۆڤاری زەوی تەخت بڵاو دەکاتەوە (1901 - 1904). ئەم خانمە زیاتر لەبەر پاشخانی ئاینی ببووە خاوەن ئەو جۆرە بیرۆکەیە، پێی وا بوو ئینجیل بواری گفتوگۆی تێدا نییە دەربارەی سروشت، هەر کەسێکیش خۆی بە کرستییان دابنێ نابێ باوەڕ بە گۆیی زەوی بهێنێت. 
لە ساڵی 1956دا سامویل شینتۆن (Samuel Shenton) کۆمەڵەی زەوی تەختی نێودەوڵەتی دروست دەکات وەک جێگرەوەیەک بۆ کۆمەڵەی زیتیکی، دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵەکە تا ساڵی مردنی لە 1971دا، چارڵز جۆنسن (Charles K. Johnson) شوێنی دەگرێتەوە تا ساڵی 2001، لەو دەمانەدا چەند هەزار لایەنگرێک پەیدا دەکەن.
بە هاتنی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لایەنگرانی تەختی زەوی بە شێوەیەکی تووندتر و بەگوڕتر دەستیان بەکارەکانیان کرد، بەمە دانیل شینتۆن (Daniel Shenton) (پێوەندی بە سامویل شینتۆنەوە نییە) لە 2004 کۆمەڵەی زەوی تەختی بە بەرگێکی نوێ ژیاندەوە. شینتۆن لە ساڵی 2009دا ماڵپەڕێکی نوێ دادەنێت بە کۆمەڵێک کتێب و سەرچاوە لەسەر تەختی زەوی، لەگەڵ یانەیەک بۆ گفتوگۆ، تا گەیشتە ئەو ئاستەی لە ساڵی 2014وە ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی لایەنگر لەخۆی کۆ بکاتەوە لە هەموو لایەکانی جیهان. 
لەبەر زۆربوونی تەکنەلۆژیای پێوەندیکردن و هۆ و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن هاوشێوەی یوتوب و فێیسبووک و تویتەر و هی دیکە، ئاسانکارییەکی تەواو هاتە بەردەمی کەسانی ناسراو و ئاسایی بۆ بڵاوکردنەوەی بیروڕاکانیان و ڕاکێشانی خەڵکانی دی بۆ بۆچوونەکانیان. ئەمەش باشترین هەل بوو بۆ لایەنگرانی زەوی تەخت کە توانیان لە ساڵی 2017دا کۆمەڵەی فێیسبووکی زەوی تەخت (Flat Earth - No Trolls) بەدەیان هەزار لایەنگرانەوە دابمەزرێنن.
کەسایەتییەکانی ئەمڕۆکە ڕابەرایەتی بیرۆکەی تەختی زەوی دەکەن بەناوبانگترینیان ئەمانەن، بۆب نۆدڵ (Bob Knodel)، مارک سارجنت (Mark Sargent)، پاتریسیا ستیر (Patricia Steere)، جیرن کامپەنێلا (Jeran Campanella).

بیروبۆچوونە سەرەکییەکانی لایەنگرانی زەوی تەخت

لەڕاستیدا لایەنگرانی بیرۆکەی زەوی تەخت، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە بیروڕا و بۆچوونی جۆراوجۆریان هەیە بۆ شێوەی زەوی و تەنەکانی ئاسمان و ڕاڤەی ڕووداو و دیاردە سروشتییەکان. چەندانێکیان لە بەشەکانی دیکەدا لە کاتی بەراوردکردن و ڕوونکردنەوەی بابەتەکان لێیان دەدوێین، بەڵام لێرەدا بەکورتی تەنیا چەند دانەیەکی سەرەکی و ناسراویان دەستنیشان دەکەین؛ 

- شێوەی زەوی:

لایەنگرانیان، زەوی وەک پەپکەیەک دەبینن و نەخشەیەکیان بۆی داناوە، لە ناوەڕاستی نەخشەکەدا جەوسەری باکووری سەهۆڵبەندان هەیە، هەموو کیشوەرەکان دابەش کراون لەسەر پەپکەکەدا. جەوسەری باشوور بە شێوەی دیوارێکی 45 مەتر بەرزی سەهۆڵینە بە چیوەی ئەو پەپکەیە کە ناهێڵێت ئاوی زەریاکان دزە بکەن و دەرباز بن. دەڵێن، ناسا و سوپای چەند وڵاتێکی زلهێز بەبەردەوامیی پاساوانی لەو دیوارە دەکەن، تا کەس نێزیک نەبێتەوە لێی و فڕوفێڵی گۆیییەتی زەوییان بۆ بچێتە سەر.
گشتیان هاوڕا نین دەربارەی بەشی ژێرەوەی زەوی چۆنە و چی لێیە، هەندێکیان وای بۆ دەچن تەنیا لە چینێکی بەردنیی ڕەق پێک هاتبێت. گەلەک ڕای جیاجیا هەن و بەتەواوەتی کۆک نین لەسەر قەبارە و ڕووبەری پەپکەکە، بەشێکیان دەڵێن زەوی لێواری هەیە و دیوارەکە سنووریەتی، هەندێکیان دەبێژن تا ئێستە کەس نازانێ لە پشت لێوارەکەدا چی هەیە، چەندانێکیش وای دەبینن کە زەوی بێکۆتا درێژ دەبێتەوە و ئەو ناوچە دوورانە نە خۆریان لێ هەڵ دێت و نە هیچ ڕووناکییەکیشیان پێ دەگات.
تیرەی زەوی نێزیکەی 5 هەزار کیلۆمەترە، بەمەش چیوەکەی خۆی لە 18 هەزار کیلۆمەتر دەدات، لێرەشدا هەندێکیان چیوەی یەکسان دەکەن بەوەی زەوی گۆیی کە دەکاتە نێزیکەی 40 هەزار کیلۆمەتر.
بۆ بابەتی جووڵەش دوو ڕای جیاواز هەیە، یەکیان دەڵێت زەوی دەخوولێتەوە و ئەوەی دیکە پێی وایە جێگیر و چەسپاوە.

- خۆر و مانگ:

لایەنگرانی زەوی تەخت هیچ کێشەیەکیان نییە ئەگەر هەموو هەسارەکان و مانگ و خۆر گۆیی بن، تەنیا زەوی نەبێ. خۆر و مانگ هەردووکیان هاوقەبارەن و یەکجار بچووکن بە بەراورد بە قەبارەی زەوی، تیرەکەیان نێزیکەی 50 کیلۆمەترە و لە بەرزایی نێزیکەی 5.000 کیلۆمەتر لەناو ئەو گومەزەی کە بەرزاییەکەی تۆزێک بەرزترە لەوەی خۆر و مانگ، بە خوولگەیەکی بازنەیی بە دەوری چەقی بازنەی زەوی کە جەوسەری باکوورە دەسووڕێنەوە.
خۆر وەک لایتێکی دەستییە و شوێنەکانی خۆریان بەسەرەوە بێت ڕووناک دەبنەوە و ڕۆژە لەلایان و شوێنەکانی دی شەون، واتە خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون لای ئەوان هیچ مانایەکی نییە. خۆر و مانگ زۆر دوور نین، چونکە پێیان وایە ئەستەمە تیشکی خۆر ملیۆنان کیلۆمەتر ببڕێت و پەرتوبڵاو نەبێتەوە، بەڕای ئەوان هیچ لایتێک بە تیشکی لەیزەرەوەش ناتوانێت سەدان کیلۆمەتر ببڕێت.
زۆربەی لایەنگران کۆکن لەسەر ئەوەی بەرزی و نزمی خۆر و مانگ و سووڕانەوەیان بە شێوەیەکی بازنەیی کە بەگوێرەی کات دەگوێزرێنەوە بۆ خوولگەی دیکە هۆکارن بۆ دروستکردنی وەرزەکان، واتە لە هاویندا بەرەبەرە خوولگەی خۆر بچووکتر دەبێتەوە بەرەو باکووری هێڵی کەمەرەی زەوی، گەورەتریش دەبن لە وەرزی زستان چەندەی بەرەو باشووری هێڵی کەمەرە بچین. لەبەرئەوەی درێژی یەک ڕۆژ 24 کاژێرە، بۆیە دەڵێن خۆر لە خوولگە بچووکەکان خێرایی کەم دەبێتەوە، کاتێکیش لە خوولگەکانی باشوورە خێرایی پتر دەبێت.
خۆر سەرچاوەی گەرمی زەوی نییە، بەڵکوو شتێک هەیە پێی دەگوترێت هەناسەی گەردوونیی (cosmic breath)، ئەوەی گەرمی دەنێرێت بۆ زەوی لە هاوینان و ساردی لە زستاناندا، ئەم گەرمی و ساردییە بەندن تەنیا بە جووڵەی خۆر.
خۆر و مانگ گیرانیش بەهۆکاری بوونی دوو تەنی شاراوە و تاریک ڕوو دەدەن بەناوی دژەخۆر (anti-sun) و دژە مانگ (anti-moon).

- خوولانەوەی زەوی:

نەک تەنیا گۆیەتی زەوی، بگرە زۆرینە خوولانەوەی زەوی بەدەوری تەوەرەی خۆی و سووڕانەوەی بەدەوری خۆر ڕەت دەکەنەوە، بۆ ئەمەش چەند پرسێک دەوروژێنن بۆ نموونە:
ئەگەر زەوی بەدەوری خۆر و بەدەوری خۆی بخوولێتەوە بەو خێرایییە یەکجار زۆرانە، بۆچی ئێمە هەستی پێناکەین؟
ئەگەر زەوی گۆیی بووایە، ئەوا ڕێڕەوی ئاوی ڕووبارەکان هەروەک ئاراستەی خوولانەوەی زەوی دەبوو، بەڵام ئاشکرایە ئاوی ڕووبارەکان بە هەموو لایەکانەوە دەڕۆن.
ئەگەر زەوی بەتەوەرەکەی خۆی دەخوولێتەوە، بۆچی کاتێک تەنێک بۆ بەرزایی هەڵ دەدەین، دەکەوێتەوە هەمان شوێنی هەڵدانەکەی و ناکەوێتە شوێنێکی دیکە؟
ئەگەر زەوی بەدەوری خۆر بسووڕێتەوە، دەبێ هەموو ئاوی زەریاکان لەبەشی دوواوەی زەوی کۆ ببێتەوە.

- هێزی کێشکردن:

بڕوایان بە هێزی کێشکردن نییە، زۆربەیان پێیان وایە زەوی بە بوونی هێزێکی نادیاری وەک هێزی ماددەی تاریک، یان وزەی تاریک بەرەو سەرەوە دەڕوات بەخێراتربوونێکی یەکسان بە تاودانی زەوی کە دەکاتە 9.8 مەتر لە چرکە دووجا. گشتیان هاودەنگ نین لەم بابەتەی هێزی کێشکردن کە ئایا بیردۆزەکەی ئەینشتاین ڕێ دەدات زەوی خێرایی تیشک تێ بپەڕێنێت، لە کاتێکدا زەوی لە چوونی بەرەو سەرەوە خێراییەکەی بەرەو پتربوون بێت؟ 
دەبێژن، ئەگەر هێزی کێشکردن هەیە چۆن ئاوی ڕووبارەکان بەرەو سەرەوەی زەوی ڕێ دەکەن؟ یاخۆ بە بوونی کێشکردن چۆن هەور دەتوانێت قورسایی ئەو هەموو ئاو و بەفر و تەزرەیە هەڵ بگرێت؟

چەند بیروڕایەکی دیکەی جۆراوجۆ

ئەمەش ڕیزبەندی کورتەی چەند بۆچوونێکی جیاجیای لایەنگرانی زەوی تەخت؛
- لەناو فڕۆکەکانەوە زەوی گۆیی دەردەکەوێت، لەبەر ئەستووری شووشەی فڕۆکەکە کە دەبێتە هۆی فریودانی چاو، لە گشت وێنەکاندا هاوێنەیەک بەکار دەهێندرێت بۆ چەمانەوەی دیمەنەکان (هاوێنەی چاوە ماسی)، چەندەی چەمانەوەکە پتر بێت هێندە وێنەکان بە گۆیییەکی تەواو دەبیندرێن.
- ئاسمان هەمیشە لە سەرەوەمانە نەک لە دەوروبەرمان بێت.
- ئەگەر زەوی گۆیی بووایە بۆ لە بەشی ژێرەوەی زەوی ئاوی دەریاکان ناڕژێن، یان چۆن مرۆڤ لەوێدا دەتوانن ڕێ بکات و لەشی سەراوژێرە؟
- ئەگەر گۆشەی زەوی بەرانبەر بە خۆر 23 پلە بێت، بۆچی چیا و باڵەخانە و تاوەرە بەرزەکانیش بەهەمان گۆشە لار نابنەوە؟
- باران لە هەور نایەتە خوارەوە، بگرە لە کونەکانی گومەزی زەوی دادەبەزن، سەرچاوەکەشیان ئەو ئاوەیە لە دەوری گومەزەکەدایە، بروسکیش لەناو هەوردا ڕوونادات و شوێنەکەی لەناو گومەزەکەیە.
- مانگە دەستکردەکان بوونیان نییە، تێکڕای خزمەتگوزارییەکان لەڕێی تاوەرە بەرزەکانەوە کاری خۆیان دەکەن، نەبوون و پچڕانی تۆڕی تەلەفۆنی مۆبایل لە شوێنە بیابانییەکان و چیا و ئاو و تونێڵەکان، باشترین بەڵگەن بۆ بەکارهێنانی شەپۆلە ڕادیۆیییەکان.
- کاری گی.پی.ئێس (GPS) بۆ هەڵخەڵەتاندنی فڕۆکەوانەکانە، تا وا بزانن بە هێڵێکی ڕاست لەسەر گۆیەک دەفڕن، کەچی بە دەوری زەوییەکی تەختی بازنەییدا دەسووڕێنەوە.
- هەور هەمیشە لەژێرەوەیدا بە تەختی دەیبینین و هەرگیز لەگەڵ زەویدا ناچەمێتەوە.
- تەنەکشاوەکانی دەیان بینین دیاردەیەکەن بە هۆکاری تیشکەکانی سەرووی گومەزی زەوییەوە ڕوو دەدەن.
- ڕووبەرێکی مەزن لە ئاو وەک ئاوی دەریاچەیەک پێویستە ڕووەکەی چەماوە بێت، بەڵام لەڕاستیدا وا نییە و تەختە.
- ونبوونی کەشتییەکانی سەر ڕووی دەریا لە ئاسۆدا، دەکرێ بەگوێرەی یاساکانی ڕوانین بۆ چاوی مرۆڤ ڕاڤە بکرێن.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا دەڵێین، هەرچەندە هەتا ئێستە کۆدەنگییەک نییە لەلای بڕواداران و لاینەگرانی زەوی تەخت بۆ مەبەست و هۆی شاردەنەوەی شێوەی ڕاستەقینەی زەوی، بەڵام بەگشتی ئەوان بۆ دوو خاڵی سەرەکی دەیان گەڕێننەوە، یەکەمیان بۆ سەردەمی شەڕی سارد و کێبڕکێی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت، دووەمیشیان بۆ هەوڵی ئاژانسە ئاسمانییەکان لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتانی جیهان و بەدەستهێنانی پشتیوانی و دابینکردنی بودجەیەکی یەکجار زۆر لەلایەن وڵاتەکانیانەوە بۆ پڕۆژە ساختەکانیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە