لە ڕوانگەی زانستەوە: ئایا مرۆڤ خاوەنی ویستێکی ئازادە، یان هەموو شتێکی بەسەردا سەپێندراوە؟

Friday, 31/03/2023, 17:40

5894 بینراوە


زانای دەمارناسی سام هاریس: ویستی ئازاد جگە لە وڕێنەیەک پتر هیچی دیکە نییە، بیرۆکە و ئارەزووەکانمان هۆکاری شاراوەیان هەیە و کۆنتڕۆڵێکی هۆشیارانەمان بەسەریاندا نییە، ئێمە ئازاد نین وەک ئەوەی باوەڕمان پێی هەیە.


  بەشی یەکەم: چەمکی ویستی ئازاد و زەبرگەرایی

پێناسەی ویستی ئازاد
زۆرانبازی و ململانێی نێوان ویستی ئازاد، یان سەربەستگەرایی (حریة الارادة - Free will) و دیارکردنەکیی، یاخۆ زەبرگەرایی (الحتمیة – Determinisme) بۆ مێژوویەکی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە، زۆربەی مشتومڕییەکان دەربارەی ئەم پرسە ئاینی و فەلەسەفەیین. سەربەستگەرایییەکان پێیان وایە مرۆڤ خاوەنی ویستێکی تەواو ئازادە لە بژاردەکانی ژیانیدا، بە بۆچوونی زەبرگەرایییەکانیش مرۆڤ پڕۆگرام کراوە و بەرەو چارەنووسێکی سەپێنراو هەنگاو دەنێت و هەموو کار و کردەوەکانی لە پێشووەوە دیار کراون.
ئێستە تۆ ژیانێک بەسەر دەبەی و هەست دەکەیت خۆت بەرپرسیاریت لە گشت وردەکارییەکان، واتە تێکڕای کاروباری ژیانت لە ڕابردوودا بڕیارت لەسەری داوە، هەر لە هەڵبژاردنی خانووەکەتەوە بگرە، تا دەگەیتە ئەو پیشەیەی ئێستەت کە پێت باشتر بووە لە چەندانی دیکە. دەشێ بپرسیت، ئایا هەر خۆم ئەو بڕیارانەم داوە، یان دەرەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری دیارکراوی یەک بەدوای یەک بووە؟
بەشێکیان دەتواندرێ دەستنیشانیان بکەین، هی واش هەبووە خۆبەخۆ ئەنجام دراوە، وەک ئەوەی ئەندامەکانی لەشم هەریەکەیان کاری خۆیان بەڕێوە دەبەن بەبێ ئەوەی من دەسەڵاتم بەسەریاندا بشکێت، هەناسەدان و لێدانی دڵم هیچیان بە ویستی من ناکرێن. لەسەرەتاوە بوونمان بەدەست خۆمان نەبووە و کەسمان دایک و باوکمان، باڵا و ڕەنگی پێستی، نیشتمان و کۆمەڵگەکەی خۆی هەڵ نەبژاردووە. بە بیرکردنەوەمان لەم بابەتە، ژمارەیەک پرسیار دروست دەبن وەڵامدانەوەیان گەلەک سەخت و دژوارە. 
تێگەیشتن لە چەمکی ویستی ئازاد یەکێکە لە گرینگترین پرسەکانی مرۆڤ لە ژیانی تاکایەتی و کۆمەڵایەتیدا، بەوەی لە ژیانی هەر تاکێکدا ئەگەر باوەڕدار بێت ئەوا ویستی ئازاد بنچینەی باوەڕە ئاینییەکەیەتی، چونکە خواکەی دەبێ بیکاتە خاوەن ویستێکی ئازاد، تا بشێت پاداشت، یان سزای بدات لە دواڕۆژ. لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا ویستی ئازاد بنەمایەکی سەرەکییە بۆ سیستەمی دادگە و دادپەروەری، لەبەرئەوەی کاتێک مرۆڤ ئازاد نەبێت، نابێ بەرپرسیار بێت لە کاروکردەوەکانی، کەسیش بۆی نییە سزای بدات بۆ ئەنجامدانی تاوانێت کە بە ویستی خۆی نەبووە.
دەربارەی ئەم پرسە زۆرینەی فەیلەسووفانی پێشوو تێڕوانینێکی زەبرگەراییان هەبوو بۆ ژیان و چارەنووسی مرۆڤ. ئەفسانەی ئۆدیپ لەلای گریکییە کۆنەکاندا، زۆر بەچاکی ئەم چەمکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. 
لە ئەفسانەکەدا هاتووە، کاتێک ئۆدیپ لەدایک بووە، پێشبینییەک هەبووە سەبارەت بەوەی ئۆدیپ باوکی خۆی دەکوژێت و هاوسەرگیری لەگەڵ دایکی دەکات. لەبەر ئەوە باوکی هەڵ دەستێت ئۆدیپ فڕێ دەداتە ناو دارستانێک، بەمەبەستی ئەوەی لەوێدا بمرێت و پێشبینییەکە نەیەتە دی، کەچی خێزانێک ئۆدیپ دەدۆزنەوە و بەخێوی دەکەن. ئەو دەمەی ئۆدیپ گەورە دەبێ و گوێی لە پێشبینییەکە دەبێت، هەوڵ دەدات بچێتە شوێنێکی دوور لەو دایک و باوکەی کە لەخۆیان گرتبوو (ئاگاداری بابەتی لەخۆگرتنەکە نەبوو)، بەو هیوایەی پێشبینییەکە ڕوو نەدات. لە گەشتەکەیدا ئۆدیپ دووچاری شەڕێک دەبێتەوە لەگەڵ کەسێکی نەناسراو و دەیکوژێت، پاشان ژنی کوژراوەکەش دەکاتە هاوسەری خۆی، دواجار بۆی بەدەر دەکەوێت کە کوژراوەکە و ژنەکەی، دایک و باوکی ڕاستەقینەی خۆی بوونە و پێی نەزانیووە.
بێگومان هەریەکێک بێ دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بۆی بکرێ تووشی ئەو چارەنووسە نەبێت، بەڵام ئەم چیرۆکە هێمایەکە بۆ هەموومان کە ناتوانین خۆمان لادەین لە چارەنووسمان.
لەم نموونانەوە تێ دەگەین لە کۆندا پرسەکە بەند بوو بە هۆکارە باوەڕداری و بابەتگەلە ئەودیو سروشتییەکان (میتافیزیکییەکان)، بەمەش دەزانین کە ئەمڕۆکە تەنیا بە ئاین و فەلسەفە هەرگیز ناگەینە وەڵام و ڕاڤەیەکی گونجاو، بۆیە دەبێ پەنا ببەینە بەر زانست و تۆژینەوەکانی، بەتایبەتیش ئەوانەی لەسەر مێشکی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن. هەرچەندە ئەمەشیان ئاسان نییە، چونکە مێشک ئاڵۆزترین ئەندامە لە لەشی مرۆڤدا و زانست هێشتا لە گەلەک لایەنەوە لە نهێنییەکانی مێشک تێ نەگەیشتووە.
بۆ ڕوونکردنەوەیەکی چاکتر دەکرێ پێناسەی ویستی ئازاد بەبوونی سێ مەرجەوە گرێ بدەین؛
- توانای ئەنجامدانی شتانێکی دیکە: ئەم چەمکە بەڵگەنەویستە، لەبەرئەوەی هەتا ئازاد بیت، پێویستە بەلایەنی کەمەوە دوو بژاردەت لەبەردەستدا بێت بۆ هەڵبژاردنی یەکێکیان، وەک ئەوەی بتوانیت دزی بکەیت، یان دزی نەکەیت، نوێژ بکەیت، یان نوێژ نەکەیت.
- زاڵبوون بەسەر بژاردەکان: دەبێ ئەو کەسەی ڕەفتارێک دەکات، دەبێ خۆیشی بڕیاردەرەکە بێت، واتە ئەو مرۆڤەی ویستێکی ئازادی پێ دەدرێت، پێویستە خۆی خاوەنی هەڵبژاردنەکانی بێ، بەبێ سەپاندن و دەستێوەردانی کەسانی دی.
- وەڵامدانەوەی هۆکارەکان: هیچ بڕیارێک ئازادانە نابێت ئەگەر دەرەنجامی هەڵبژاردنێکی هەڕەمەکی بێت، بەڵکوو پێویستە پاڵنەرێکی هۆشمەندانە لەپشت ئەو بڕیارەدا هەبێت. ئەو دەمەی زارێک هەڵ دەدەیت بۆ هاوسەرگیریی کردن، یان نەکردن لەگەڵ یەکێک، ناکرێ ناو بنرێت بە بژاردەیەکی ئازاد. بەپێچەوانەوە بە هەڵبژاردنت بۆ هاوسەرەکەت لەسەر بنچینەی خۆشویستن و گونجانی بیروڕاکانی لەگەڵ ئەوەی تۆ، ئەوا دەکارین بڵێین بژاردەکەت بە ویستێکی ئازادەوە ئەنجام داوە.
کەواتە هەر کاتێک بمانەوێت لە کردەوەیەک بکۆڵینەوە بۆ زانینی بوونی ویستی ئازاد، پێویستە بپرسین ئایا ئەم مەرجانەی تێدا هەیە، یاخۆ نا؟

ویستی ئازاد تەنیا وڕێنەیەکە

ژمارەیەکی زۆر لە زاناکانیش، بەتایبەتی زاناکانی بایۆلۆژی و دەمارناسی لەم بابەتەدا لایەنگری بیرۆکەی زەبرگەرایین و لەو باوەڕەن، مرۆڤ تەنیا ئامێرێکی پڕۆگرامکراو، یاخۆ ڕۆبۆتێکە پێکهاتووە لە کۆمەڵە گەردیلەیەک کە بەگوێرەی یاساکانی سروشت بەڕێوە دەچێت، هاوشێوەی دیاردەکانی گەردوون لە نموونەی باران و جووڵەی هەسارەکان. کەواتە لێرەدا مەرجی دووەم نەهاتە دی، چونکە لەم ڕوانگەیەوە وەک زانای دەمارناسی ناودار سام هاریس (Sam Harris) دەڵێت: ئێمەی مرۆڤ خۆمان زاڵ نین بەسەر بڕیار و ڕەفتارەکانمان، بەڵکوو چەند کردارێکی دەمارەکیین لە مێشکماندا بۆ دیارکردنی هەڵسوکەوتەکانمان، لەبەرئەوەش توانامان ناشکێت بەسەر ئەو ڕووداوە دەمارەکییانە، بۆیە هەستکردن بەوەی خاوەنی ویستێکی ئازادین، جگە لە وڕێنەیەک و هەستێکی ساختەی ناڕاستەقینە هیچی دیکە نییە. 
گەلەک جار ئاماژە دەدرێت بە تۆژینەوە زانستییەکانی بواری دەمارناسی، بۆ سەلماندنی ئەوەی چالاکییە دەمارەکییەکانی مێشک پێش بڕیارە ئاگا و هۆشمەندییەکان دەکەون و بەرلەوەی خۆت ئاگاداری ئەو بڕیارانە ببیت، واتە دەتواندرێت پێشبینی بڕیارەکانت بکرێ بە پشتبەستن بە چالاکییەکانی مێشک.
یەکەمین ئەزموون لە بارەی ئەو پرسیارەی ئایا ئێمە خاوەنی ویستێکی ئازادین؟ ئەوە بوو زانای ناوداری فیزیۆلۆژیای دەمارەکی بێنجامین لیبێت (Benjamin Libet) ئەنجامی دا و لە گۆڤاری مێشک (Brain) بڵاوی کردەوە.
لیبێت کۆمەڵێک بەشداربووی کۆ کردەوە و داوای لێیان کرد، بە کارێکی خۆویست هەڵ بستن وەک دەست بەرزکردنەوە و داگرتنی دوگمەیەک، بەڵام بە مەرجێک زۆر بەچاکی و بەوردیی بیریان لەلای ئەوە بێت کەی و لە کامە چرکەسات ئەو شتە دەکەن، هاوکات مێشکی بەشداریکەران بە ئامێری کارەبایی هێڵکاری مێشک (EEG) دەبەستێت. ئەو دەمەی دەست بە ئەزموونەکە دەکەن، ئامێرەکە جۆرێک لە چالاکییە کارەبایییەکان تۆمار دەکات، ئەوانەی لە مێشکدا دروست دەبن پێش جووڵە خۆویستەکان کە پێیان دەگوترێت توانای ئامادەیی (Readiness potential)، ئەو شتە کەمتر لە چرکەیەک ڕووی دەدا بەر لە بڕیارە ئاگایییەکانیان و جووڵەکردنیان. ئەمەش بەکورتی بەرەو ئەوەمان دەبات ببێژین، مێشک بڕیاری دا دەبێ چی بکرێت، پێش ئەوەی بەشداریکەران خۆیان پێی بزانن.
ئەم جۆرە ئەزموونانە چەندان جار لەلایەن کۆمەڵێک زانا و پسپۆڕی جیاجیا ئەنجام دراون، هەمووشیان گەیشتنە هەمان دەرەنجام، بگرە لە هەندێکیاندا دەرکەوت کە دەتواندرێ پێشبینی بڕیارە هۆشەکییەکانی داهاتووشت بکرێت بە چالاکییەکانی پێشووی مێشکەکەت. یەکێک لە گرینگترین ئەو تۆژینەوانە لە گۆڤاری بەناوبانگی سروشت بۆ دەمارناسی (Nature Neuroscience) بڵاو کرایەوە، داوا لە بەشداریکەران دەکەن بە ئارەزووی خۆیان پەنجە بنێنە دوگمەیەک چی بە دەستی ڕاست بێت، یان دەستی چەپ. واتە ئازاد بوون لە بڕیاردان هەر دەمێک دەیان ویست، بەڵام دیسانەوە دەبووایە لەبیریان بێت لەچی کاتێکدا هەستیان بە بڕیاردان کردووە، بۆ ئەمە کاتژمێریکیان لەبەردەمیان دانابوو بۆ زانینی کاتی داگرتنی دوگمە و بوونی ئارەزوو لەلایاندا بۆ داگرتنی دوگمە، بۆ ئەوەش بووە بزاندرێ چی ڕوو دەدات لە مێشکیاندا پێش ئەوەی کەسەکان هەست بە بڕیارەکانیان بکەن.
ئەو دەمەشی تۆژەرەکان ئامێری وێنەگرتنی زرنگانەوەی موگناتیسی MRI) ) گەلەک هەستیار و پێشکەوتوویان بەکارهێنا، بۆیان ڕوون بووەوە کە بە نیشانەکانی مێشک دەینێرێت دەتواندرێ پێشبینی بژاردەی کەسانی بەشداربوو بکرێت، زۆر زووتر لە ئەزموونەکانی دیکە تا ئاستی نێزیکەی حەفت بۆ دە چرکەش بەر لە بڕیاری داگرتنی دوگمەکە. سەرەڕای ئەوە پێشبینی جووڵە خۆویستەکان و نیازیان بۆ ئەنجامدانی کارێک بە چالاکییە پێشترەکانی مێشک کرا، بەوردییەک کە خۆی لە 80% دەدا.
هەندێ لە پەشێوی و نەخۆشییە دەمارەکییەکان دەکارن یارمەتیدەرمان بن بۆ تێگەیشتن لە چۆنەتی کارکردنی ویستی ئازاد و کردارە خۆیەکییەکان، وەک ئەوەی کەسانی تووشبوو بەو نەخۆشییەی ناسراوە بە (نەخۆشی سەماکردن)، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تووشبوونیان هەست بە جووڵە خۆنەویستەکان لە لەشیاندا ناکەن، بە بوونی هۆکارێکی نادیار پێیان وایە جووڵەی خۆویستن و بە بڕیاری خۆیان ئەنجامیان داوە. نەخۆشیش هەیە دەبینێت دەستی کەوتووەتە جووڵە بەبێ ئەوەی خۆی بیەوێت، ئەو جووڵانە هەندێکیان سادەن، بەڵام هەندێ جاریش گەلەک ئاڵۆز و مەبەستدارن.
ئەوانەشی پەلێکیان بڕاوەتەوە تا ماوەیەکی زۆر هەست بە بوونی دەکەن و وای بۆ دەچن دەتوانن بیجووڵێنن، هەرچەندە دەشزانن ئەو پەلەیان نەماوە، ئەمەش ناو دەنرێت بە پەلە نەبینراو، یاخۆ وڕێنەیییەکان.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت، هەندێ نەخۆش هەن کەوتوونەتە ژێر کاریگەری وڕێنەی زاڵبووان و وا دەزانن لەشیان لەلایەن (بوونەوەرە ئاسمانییەکان) کۆنتڕۆڵ کراوە و ئەوان جووڵە و هەڵسوکەوتەکانیان بەڕێوە دەبەن، بەڵام لەڕاستیدا جووڵەی سروشتین و فەرمانی مێشکی خۆیانە و پێی نازانن. 
لە گشت ئەوانە گرنگتر و سەرنجڕاکێشتر، تۆژینەوە هەیە لەسەر نەشتەرگەری مێشک بۆ ئەوانە هەندێ جار ئاگایان لەخۆیە کە نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت، ئەو دەمەی تەزووی کارەبایی دەکێشن بە شوێنی تایبەتی بۆ ئەوەی بزانن نەخۆشەکە هەست بەچی دەکات، بۆ نموونە وایان کردووە کەسەکە لێوی بجووڵێ و شتێک بڵێت. واتە کارەبا وای لە نەخۆشەکە کردووە ویستی بۆ ئەنجامدانی کارێک پەیدا ببێت، کاتێکیش کارەبای بەهێزتریان پێ دەدا نەخۆشەکە دەیگوت من چیم گوت؟ شوێنی دیکەش هەیە لە مێشک کارەبای لێ بدرێ، ئەوا کەسەکە دەستی دەجووڵێت، بەبێ ئەوەی خۆی هەستی پێ بکات و پێی بزانێت.
دوای هەموو ئەوانەش، نەخۆش هەیە گرێ لە مێشکیدا بووەتە هۆکاری ئەنجامدانی تاوان، بە چارەسەری و لابردنی گرێیەکە کەسەکە گەڕاوەتەوە دۆخی جاران و بووە بە مرۆڤێکی ئاسایی بەبێ کێشە.

  ویستی ئازاد و بۆماوەزانی

زانای زیندەوەرزانی پەرەسەندنەکی ڕیچارد دۆکینز (Richard Dawkins) دەڵێت: "ئێمە تەنیا ئامێریکین بۆ مانەوە، کوێرانە پڕۆگرام کراوین بۆ پاراستنی جینە خۆویستەکانمان، ئەم ڕاستییە هەتا ئێستەش سەرسامم دەکات."
یەکەمین زەبری بەهێز لە چەمکی ویستی ئازاد درا، لەڕێی بڵاوکردنەوەی شاکاری (بنەچەی جۆرەکان)ی زانای فرە بەناوبانگ چاڕڵز داروین بوو، ئەوەی پێی گوتین: ئێمەی مرۆڤ هەر هەموومان دەرەنجامی پەرەسەندنێکی بەردەوامی پێکهاتە بۆماوەییەکانین.
گریمانەی بوونی ویستی ئازاد وامان لێ دەکات خۆمان جیا بکەینەوە لە بوونەوەرە زیندووەکانی دیکە، بەوەی ئێمە خاوەنی شتێکی ناسروشتین و وەک ئاژەڵان نین، بەڵام ئەمە ڕاست نییە و ئێمەی مرۆڤ هاوشێوەی ئاژەڵەکانین و بەتەواوی دەکەوینە ژێر کاریگەری میکانیزمەکانی پەرەسەندن و ژینگە و سروشتی دەوروبەرمان. 
ئەگەر فیزیا و گەردوونناسی و ماتماتیک بتوانن پێشبینی خۆر و مانگ گیران بکەن بە شێوەیەکی یەکجار ورد، ئەوا زیندەوەرزانی، بۆماوەزانی، کۆمەڵناسی و دەروونناسی دەکارن پێشبینی هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی مرۆڤ بکەن، بەڵام بە وردایەتییەکی کەمتر. ئەوەش لەبەرئەوە نییە ئێمەی زیندوو بوونەوەرێکی تایبەت بین، بگرە ئامێرە بیۆکیمیاییەکان پتر هەڕەمەکیی (ئینترۆپی) بەرهەم دەهێنن لە ئامێرە فیزیاییەکانی کە لە پێکهاتەدا سادەترن.
ئەوانەی بە پاڵپشتی هۆکارە بۆماوەیییەکان لە بابەتی ویستی ئازاد دەڕوانن و دەبێژن، ئێمە زۆربەی ڕەفتار و تایبەتمەندییەکانمان لە باوانمانەوە وەردەگرین، لە خواردن و ئارەزووی سێکس و خۆشەویستی منداڵەکانمان، لە پابەندبوونمان بە یاسا و ڕێساکان، لە ترس و ئامادەییمان بۆ گەڕان و ڕووبەڕوو بوونەوە بەرانبەر بە شتگەلە مەترسیدارەکان و ئەو شتانەی لە بەرژەوەندی مانەوەمانن.
دەگوترێ کە ڕەفتارەکان بەشێوەیەکی سەرەکی بەندن بە بڕیاری کەسایەتی و هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و هۆکارە ژینگەییەکان، بەڵام چەند تۆژینەوەیەکی هاوچەرخ گەیشتنە ئەوەی ڕەفتار و هەڵسوکەوتە زاوزێیەکییەکان بنچینەیەکی بایۆلۆژییان هەیە. ئەم بیروڕایە پاڵپشتی لێ کرا لە یەکێک لە ناسراوترین تۆژینەوەی پتر لە 250 پسپۆڕی کۆمەڵناسی، کارئەندامزانی و بۆماوەزانی سەربە کۆمەڵێک لە ئامۆژگە و دامەزراوەی جیاجیای زانستی جیهانی و لە گۆڤاری سروشتدا بۆ بابەتی جینەکی (Nature genetics) بڵاو کرایەوە. 
ئەوەی جێی تێڕامانە، بۆچوونێکی لەم شێوەیە لەلای ژمارەیەک لە شارەزایانی ئەو بوارە بووە جێی گومان، لەبەرئەوەی شتێکی ئاسان نییە، بڕوا بە بوونی پێکهاتە بایۆلۆژییە نائاگاکان بکەین کە زاڵن بەسەر گشت بیروباوەڕ و ڕەفتارەکانمان، هەموو ئەوانەش لەناو خانەکانی لەشمان گل درابن کاتێک زیندەوەرانێکی گەلەک سادە و بچووک بووینە.

ڕەخنە و بیروڕا پێچەوانەکان

پێویستە ئاماژە بەوە بدەین ژمارەیەکی زۆر ڕەخنەش لەو جۆرە تۆژینەوانە گیراون لەلایەن گەلەک لە فەیلەسووف و زاناکان. 
ناسراوترین ڕەخنە لە ئەزموونەکانی لیبێت و هاوشێوەکانی ئەوانەن کە دەڵێن، ئەوەی پێی وایە چالاکییەکانی مێشک هۆکاری بڕیاردانە پێش پێزانینی خودی کەسەکان، ناتوانن بۆمان بسەلمێنن کە چالاکییەکانی مێشک هۆکاری ڕاستەقینەی بڕیارەکانمانن. لەبەرئەوەی چەندان ئەزموون هەن دەریان خست، ئەو چالاکییانە بوونیان هەیە بەبێ ئەوەی کەسەکان هەر لە بنچینەوە بیانەوێت بڕیارێکی هۆشمەندانە بدەن. 
لە لێکۆڵینەوەیەکی بەناوبانگی گۆڤاری نێودەوڵەتی فیزیۆلۆژیای دەروونی (The International Journal of Psychophysiology) ، تۆژەرەکان چەند کەسێکیان لەبەردەم شاشەیەک دانا و هەندێ شێوەی ئەندازەییان نیشان دان وەک، سێگۆشە، چوارگۆشە، بازنە و شەشپاڵوو، پێیان گوترا دەست بنێنە دوگمەیەک تەنیا ئەو دەمەی وێنەی شەشپاڵوویەک دەبینن. ئەوە بوو هاوشێوەی ئەزموونەکەی لێبیت توانای ئامادەیییان لەلادا بەدەر دەکەوێت پێش دوگمە داگرتن، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو چالاکییە دەمارەکییەکە تۆمار کرا هەتا پێش ئەوەی وێنەی شەشپاڵووەکەش بێتە سەر شاشەکە. ئەمەش بەڵگەیە کە نابێ چالاکییەکەی مێشک هۆکاری بڕیاری پاڵنانی دوگمەکە بووبێ لەلایاندا. چەندان تۆژینەوەی دیکە لەم بارەیەوە کراون، ژمارەیەکی زۆریان سەلماندییان ئەو چالاکییانەی مێشک هۆکاری ویست و ئارەزووی کەسەکان نین بۆ داگرتنی دوگمەکە، لەبەرئەوەی چالاکییەکە لە مێشکدا بوونی هەیە بە داگرتن، یاخۆ دانەگرتنی دوگمەکە.
ڕەخنەیەکی گرینگی دی لەو ئەزموونانە، بەڕاست نەزانینی دیارکردنی کاتی تەواو و وردی هەستپێکردنی بەشداریکەرەکان بوو، بەو پێیەی کە پێزانین شتێکی دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ نییە، بگرە کردارێکی بەرەبەرەیییە و پێویستی بە بنیاتنانێکی پێشووە لەناو مێشکدا. واتە بەشداریکەر پێش چرکەساتی سەرهەڵدانی ویستەکەی بۆ گەیشتن بە بڕیاری داگرتنی دوگمەکە، بێگومان دەبێ چەند کردارێکی دیکەی هۆشمەندانە ئەنجام درابن، هاوشێوەی هەڵسەنگاندنی ئامانجەکە، پاشان پێکەوەنانی ئارەزوو بەرەو ئەو ئامانجە. بەو واتایەیە بوونی ئاگایی بۆ کردنی کارێک قۆناغ بە قۆناغ دروست دەبێت، نەک پاش چالاکییەکانی مێشک بێتە کایەوە.
دەربارەی ئەزموون و تۆژینەوەکانی پێمان دەڵێن بە چالاکییەکانی مێشک دەتوانین پێشبینی بڕیاری کەسەکان بکەین، لەلای ڕەخنەگراندا سەلمێنەری هیچ شتێک نییە. بۆ نموونە، لە تۆژینەوەکانی پێشتر لێیان دواین، ڕێژەی وردایەتی پێشبینییەکان نێزیکەی %60 دەبوو، هەتا ڕادەی 80%ش دیسانەوە بە پێشبینییە ئەگەرەکی و ڕێکەوتەکان دادەندرێن، چونکە لە هەڵبژاردنەکاندا تەنیا دوو بژاردە هەبوون دەستی ڕاست، یان دەستی چەپ، ئەو ڕێژانەش هیچمان پێ ناڵێن. کەی وردایەتی پێشبینییەکان 100% بوون ئەو دەمە دەتوانین بەتەواوی بڕوامان بەوە هەبێت مرۆڤ ڕۆبۆتێکی بایۆلۆژییە و تێکڕای ڕەفتار و بڕیارەکانی دەرەنجامی ڕووداوە دەمارەکییەکانی ناو مێشکن. بە پشتبەستن بە ڕێژە کەمەکانی ئەو تۆژینەوانە، دەکرێ بڵێین چالاکییەکانی مێشک وا لە کەسەکان بکات ئارەزووی داگرتنی دەستە ڕاست، یاخۆ چەپ تۆزێک پتر بکات، بەڵام هەرگیز نابێتە بەڵگە بۆ بیرۆکەی ئەوەی بڕیارەکان پێش چەند چرکەیەک دیار دەکرێن.
لە ڕاستیدا ژمارەیەک لە زاناکان پێیان وایە دەمارناسی پتر لە فیزیازانی بواری بوونی ویستی ئازاد دەبەخشێتە مرۆڤ، لەبەرئەوەش بوو خودی لێبیت لەو باوەڕەدا بوو کە هەرچەندە ئێمە بە واتا گشتییەکە بشڵێین ویستی ئازاد بوونی نییە، بەڵام دەشێ مرۆڤ بتوانێت دژی بڕیارەکان بوەستێت، بەو واتایەی مافی ئەوەمان پێ بدات ئەنجامدانی هەندێ لە فەرمانەکان هەڵ نەبژێرین.
لەو دێڕانەی سەرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، ئەو شتانەی بەبێ ویستی ئێمە ڕوو دەدەن گەلەک پترن لە کردارەکانی بە ویستی ئازادانە ئەنجامیان دەدەین. بەڵام ئەگەر ویستی ئازاد ڕێژەشی زۆر نەبێت، ئەوا هیچ لە بایەخ و گرینگییەکەی کەم نابێتەوە. 
لێرەدا نۆرەی ئەوە هاتووە بپرسین، کاتێک ویستی ئازاد بوونی نەبێ بۆچی سزای تاوانباران دەدەین؟
وەڵامی گونجاو ئەوەیە، لەبەرئەوەی ئێمە بوونەوەرێکی خاوەن هۆش و ئاگایین دەزانین چاکە و خراپە چییە. بۆ نموونە، پشیلەیەکم هەبێ هەندێ خواردنی لەپێش دابنێم، ئەوا ئەو ئاژەڵە لە دوو هەڵبژاردە زیاتر نازانێت، بەگوێرەی برسیبوون یان دەیخوات، یانیش نایخوات. کەچی منی مرۆڤ بە مێشکە زلەکەم و ئاڵۆزی کۆئەندامی دەمارەکییەکەم، بژاردەکانم یەکجار زۆرن و بەگوێرەی ئاستی ژیریی و هۆشمەندییەکەم، دەتوانم ڕووبەری بژاردەکانم پتر بکەم بەرانبەر بە سادەترین بابەت. من دەتوانم بیخۆم، یاخۆ نەیخۆم و هەڵی بگرم بۆ کاتێکی دیکە، یان بیبەخشمە کەسێکی برسی، یاخۆ بیری لێ بکەمەوە چۆن دروست کراوە، ئایا خواردنێکی پاکە یان نا؟ هاوکات دەتوانم سوود لە ئەزموون و گوتەی مرۆڤانی دی وەربگرم و بزانم دکتۆرەکەم چۆن ئامۆژگاری کردووم، ئایا بۆ تەندروستی باشە یان نا؟ زۆر بژاردەی دیکەی جۆراوجۆر.
ڕاستە چالاکییەکانی مێشک زاڵە بەسەرمان و زۆربەی ڕەفتارەکانمان خۆیەکی و خۆنەویستن، بەڵام ئەو دەمەی مێشکم پێی گوتم دەستدرێژی سێکسی بکە سەر کەسێک، ئەگەر حەزیشم لێ بێت، ئەوا لە توانامدا هەیە شیکردنەوەیەک ئەنجام بدەم و بیر لە ناڕەوایی و دەرەنجامە خراپەکانی کارەکە بکەمەوە، پاشان دژی ئارەزووی خۆم بوەستم.
دواجار پێویستە لەسەرمان بەچاکی تێ بگەین کە لەگەڵ ئەوەی لێبیت هەڵوێستێکی زۆر تووندی دەربارەی دەرەنجامی تۆژینەوەکانی لەخۆ گرتبوو، کەچی دیسانەوە هەستی دەکرد ئەزموونەکانی بەس نین، بۆ سەلماندنێکی تەواوی بوونی زەبرگەرایی و هەموو ئەو بڕیارانەی کە دەیان دەین بە ویستی ئازادانەی خۆمان نەبن. ئەوەش بوو لە ساڵی 2004دا کتێبیکی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی: بە بوونی گرینگییە یەکجار زۆرەکە و ڕادەی کاریگەری ئەو پرسە لەسەر تێڕوانینمان بۆ خۆمان و جیهانی دەوروبەرمان، بانگەشەکردن بەوەی ویستە ئازادەکەمان تەنیا وڕێنەیەکە، دەبێ پشت بە بەڵگەی ڕاستەوخۆ و یەکلاییکەرەوە ببەستێت، ئەو جۆرە بەڵگەیەش بەداخەوە لەبەر دەستماندا نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە