باسێکی فەلسەفی لە سەر چۆنییەتی درووست بوونی فەرهەنگ! بەشی یەکەم

Tuesday, 24/03/2015, 12:00

2329 بینراوە







پێش لە بۆچوونێك، دەبێ ئەوە ئاشکرا بێت یان بەیان بکرێت کە ؟ " فەرهەنگ " بە هۆێ چییەوە درووست دەبێت؟ یانێ بناخەی فەرهەنگ لە کویێەوە دەست پێ دەکات؟
من لاموایە کە فەرهەنگ بە هۆی فینۆمن یان دیاردەی " پێوەندییەوە" درووست دەبێت. واتە ئەگەر لە نێوان دیاردەکاندا، پێوەندی نەبێت_ یان بڵین پچڕان و جێایی هەبێت، ئیتر ئەو دیاردانە ناتووانن وەکوو پێکهاتەی فەرهەنگ پێناسە بکرێن. فەرهەنگ یان کەلتوور culture لە نێوان دیاردەکاندا، بە خێرایی وتووندی پێك نایەت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە درێژایی کات و زەماندا، فرم ئەگرێت و ئاشکرا دەبێت. مەبەستی ئێمە لەم بەیانە زۆرتر فەرهەنگی کۆمەڵگەیە بەڵام پێش ئەوەی بڕۆینە نێو ناخی ئەم فەلسەفەوە، بە پێویستی دەزانم کە ئیشاراتێك بە فەرهەنگی دیاردەکانی سرووشتیش بکرێت، ئێنجا دینەوە سەر ئەم بابەتە گرینگە کە فەرهەنگی کۆمەڵگە چۆن درووست دەبێت و چۆن پەرە دەستێنێ و هەر وەها فەرگەنگەکان کامەن و چ کاریگەرییەکیان لە سەر تاك و تەواوی کۆمەڵگە هەیە؟!
وتمان کە ناخی فینۆمنی فەرهەنگ، دیاردەی " پێوەندی"ە. ئەگەر وورد بڕوانینە نێو دیاردەکانی تەواوی سرووشت و گەردوون، چۆنییەتی هەبوونی پێوەندی لە نێوان دیاردەکان دەر دەکەون. وەکوو پێوەندی ئاو تەك خاک. کە لە هەردووکیاندا ئەتۆمی هاوبەش بەدی دەکرێت، یان پێوەندی نێوان ئاو تەك گیانلەبەران یان هەوا، کە بازەم خاڵی هاوبەشیان هەیە، یانێ ئەتۆمی هەرکامیان لەویتریشدا بەدی دەکرێت. بەمجۆرە ئەتووانین بڵین کە لە پێوەندی نێوان دیاردەکانی سەرەوە، جۆرێك سەنتەزی(ئاکامی) تازە پێك دێت کە خۆی بە تەنیایی خاوەنی مانایەکی تایبەتە! ئێمە دەزانین کە سێ لە چوواری لەشی مرۆڤ، لە ئاو پێك هاتووە؛ تینوویەتی مرۆڤیش بەم بابەتەوە پابەندە. واتە ئەمە خۆێ جۆرێک فەرهەنگی سرووشتییە کە لە نێوان مرۆڤ و ئاودا، پێك هاتووە. ئێنجا خاڵی سەرەکی دووهەم لەم بەشە لە باسەکە ئەوەیە کە ئەم فەرهەنگە پێکهاتووە خۆی خاوەنی کارکردێکە. کارکرد بە مانای زات یان بڵین تأسیر_ بۆ وێنە دەڵین کارکرد یان زاتی چەقۆ، بڕیینە. ئەگەر چەقۆ ئەو کارکرد و تأسیرە لە دەست بدات، ئیتر چەقۆ نییە.
ئاێا بەمجۆرە نییە کە کۆمەڵگەی جیهانی مرۆڤانە، لە سەر ئاووی ڕووبار و دەریاکان کارکردی هەیە؟ یان بە گشتی بڵین ئایا کۆمەڵگەی جیهانی لە سەر خۆدی سرووشت کاریگەری نییە؟ من بۆ ئەم ووشە دەگەڕام " کاریگەری ". ئەم ووشەیە دەرخەری چۆنییەتی فەرهەنگەکان و چۆنییەتی دیاردەکانە. ئێنجا ئەوەش ئیزافە کەین کە تەنیا مرۆڤ نییە کە لە سەر سرووشت کاریگەری هەیە(هەڵبەت کاریگەریەکی زۆر خراپی هەبووە) بەڵکوو سرووشتیش لە نۆرەی خۆێدا لە سەر مرۆڤ و تەواوی کۆمەڵگەی جیهانی کاریگەری هەبووە و هەیە. زمانی سرووشت بەرەو ڕووی مرۆڤی جیهانی سۆنامی و گۆلۆبالایزشن یان توواندنی سەهۆڵە جەمسەرییەکانە کە بێ گۆمان لە سەر مرۆڤ و گیانلەبەرانیتریش کاریگەری هەیە...
تاکوو ئێرە لە فەرهەنگێکی سرووشتی، ئەویش زۆر بە خێرایی باسمان کردووە و لاموایە ئێستە دەتووانین بڕۆینە سەر چۆنییەتی درووست بوونی فەرهەنگ و بەشەکانیتری ئەم بابەتە.
بە واتەی سەرەوە، چۆن مرۆڤ ها لە پێوەندی تەك مرۆڤیتردا، فەرهەنگ درووست دەبێت! خۆ ئەوەش ئاشکرایە کە هۆی بناخەیی خۆدی " پێوەندی" چییە! لاێ من گرینگترین خاڵی سەرەکی هۆی پێوەندی نێوان مرۆڤەکان، " پێویست "ە. یانێ ئەگەر پێویست نەبێ، پێوەندیش نابێ! هەروا کە ئینسان پێویستی بە ئاوە، بە هەوایە بە زمان و زۆر شتیترە...
بۆیە لێرەدا دەبینین کە لە ئاکامی پێوەندی نێوان مرۆڤەکان لە لەشی تەواوی کۆمەڵگەدا، فەرهەنگەکان درووست دەبن. ئایا بنەمای درووست بوونی فەرهەنگ، دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگە چکۆلەکانی زۆر کۆن (کۆمۆن)ەکان؟ من لاموایە کە دەبێ وەها بێت؛ بەڵام ئەو فەرهەنگە زۆر کۆن و مێژووییانە هێشتا بە هۆێ لاواز و فەقیر بوونی فیکر و زمان دیاردەی فەرهەنگییەکی بە هێزیان لە خۆ بە جێ نەهێشتووە_ ئەمە زۆر دوواترە کە زمان پێك دێت و ئاواکان (هیجا) دیاری دەکرێن و هەر وەها ووشە و دێرەکان پێك دێن کە دەبێتە هۆی پێوەندی قووڵتری نێوان کۆمۆنە ئەوەڵەکان و دوواتر عەشیرەتەکان. لەم خاڵەدایە کە جێ پێڵاوەکانی جادووگەران و بە ڕیوەبەرانی عەشیرەتەکان دەر دەکەون... هەر ئەوانیش بوونە هۆی پەرە سەندنی فیکری میتافیزیکی لە نێو جەماعەتە چکۆلەکاند.
ئەوەی سەرەوە باسێکی زۆر قووڵ و درێژە و لەم کاتەدا من ناڕۆمە سەر شی کردنی چۆنییەتی و کاریگەری جادووگەران لە سەر کۆمۆنەکان و چۆنییەتی و بناخەی بە دوونیا هاتنی عەقڵی دینی و باوەڕە ئایدیالیستیەکان.
کۆی خاڵەکەکان تاکوو ئیستە ئەمانەن: پێویست _ پێوەندی _ زمان.
دیارە زمان لە گەشە سەندنی فەرهەنگ، زۆرترین کاریگەری هەبووە. بەمواتایە دەبێ بڵین کە بە دووای پێوەندی نێو مرۆڤەکان؛ " زمان " گرینگترین خاڵی سەرەکی فەرهەنگە. ئەو کۆمەڵگەیە کە خاوەنی زمانی دەوڵەمەند و کارایە، پێداویستیە-کانی کۆمەڵگە زۆر باشتر دەباتە سەرەوە. یانێ هەر چی زمان بە هێزتر بێت، کۆمەڵگەی خاوەنی ئەو زمانە؛ بە فەرهەنگی تایبەتی خۆیەوە لە سەر ئەوانیتر کاریگەری قووڵتر و بەهێزتری دەبێت. چوونکە ئەمە زمانە کە دەرخەری چۆنییەتی فەرهەنگە. ئێنجا من لاموایە کە زمان خۆی تەك " کردەوە " دا، پێوەندیەکی دیاری هەیە. ئێمە دەبینین کە گیانلەبەرەکانیش زمانی تایبەتی خۆیان هەیە و بە کردەوەی خۆیان کە لە پێویستەوە سەرچاوە دەگرێ؛ فەرهەنگی تایبەتی خۆیان پیشان دەدەن. وەکوو بنەماڵەی ماسیەکانی نێو دەریاکان. وەکوو جانەوەرە دڕەندەکان. ئەوان لە تەك یەکدا وەکوو مرۆڤ قسان ناکەن؛ بە چەند هیجا و دەنگی زۆر کەم بەڵام تێکەڵاو بە کردەوەیەکی تایبەت؛ چۆنییەتی فینۆمنی خۆیان پیشان دەدەن. واتە کاتێ لە فینۆمنی فەرهەنگی مرۆڤانە قسە دەکەین، لە چەند بۆاری زمانەوانی و کردەوە و چەند دیاردەێتر دەکۆڵینەوە.
لە چۆنییەتی درووست بوونی فەرهەنگ، دیاردەی " کات " یان بڵین زەمانیش زۆر کاریگەرە. هیچ فەرهەنگێك بە دی ناکرێت کە یەك شەوە پێك هاتبێ! ئەوەی لە درێژایی مێژوودا لە سەر ئەو خەڵکە کاریگەری هەبووە؛ وەکوو داتاشین و پێك هاوردنی زمانێك لە کۆمەڵگەیەکدا کە لە درێژەی کاتی سەدان و هەزاران ساڵەدا پێک هاتووە؛ و تەواوی پێداویستییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە و دەیان شتیتر؛ هەموویان لە پێك هاوردنی یەك فەرهەنگ شەریك و دەخیلن. ئێنجا دەبینین کە فەرهەنگی تاکمان هەیە و فەرهەنگی گشتی، یان بڵین تەواوی یەك کۆمەڵگە!
فەرهەنگی تاك یانێ، چۆنییەتی هەڵسووکەوت و زمان و جل و بەرگ و هات و چووی یەك تاك؛ کە نموونەیکە لە زۆربەی یەك کۆمەڵگە. پرسیارێك هەیە بەمشێوەیە کە: ئایا یەك تاکی کۆمەڵگەیەك بە ڕاستی پیشاندەری فەرهەنگی یەك کۆمەڵگەیە؟ من ئەتووانم بڵێم ئەرێ و نا.
بۆ نموونە لە کۆمەڵگەی کوردەواری. ئایا کاک مەحموودسەنگاوی، وەکوو تاکێکی کورد؛ پیشاندەری فەرهەنگی تەواوی میللەت و کۆمەڵگەی کوردەواریە؟ ئەگەر وەها تاکێك بڕواتە وەڵاتێکیتر، ئەوانەی هەڵسووکەوت و قسەکانی دەبیسن کە شارەزای زمانی کوردییە؛ لایان وایە کە تەواووی مییلەتی کورد وەها بیر دەکاتەوە، وەها قسان دەکات، وای تێگەیشتووە؟ ئایا هەمووی ئەو خەڵکەش هەر وەهان؟ دەی خۆ ئەگەر ڕاست وێژێك_ فەیلەسۆفێك_ دڵسۆزێکی ڕاستەقینەش بڕواتە وەڵاتێکیتر و بە کوردی قسە بکات و تەنانەت خاوەنی بانگەوازییەکیش بێت؛ ئایا ئەویش نموونەی هەموو کوردە؟
بۆیە نووسیم وەڵامی ئەو پرسیارە هەم ئەرێە، هەم نا. ئەگەر ئەوانەی لەو وەڵاتە پێچەوانەی ئەمە بڵین خۆ حەقی خۆیانە بەڵام قسەکە نەك فەلسەفیە نەك ئەسڵەن تەك زانستدا دێتەوە. واتە یەك تاك ئەتووانێ لە زۆر شتدا، نیشانەی فەرهەنگی یەك کۆمەڵگە بێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت نوێنەری تەواوەتی فەرهەنگی ئەو کۆمەڵگەیە بێت؛ چوونکە تاکەکان خۆیان خاوەنی فەرهەنگێکی تایبەتی خۆیانن؛ هەر چەند دەست بە جێ ناچارین بڵین کە زۆربەی تاکەکان، فەرهەنگی خۆیان لە کۆمەڵگە وەرگرتووە! بو نووسینی ئەم باوەڕە و ئەم ئاکامە بە نیسبەتی فەرهەنگی " تاک "ەوە؛ من خۆم زۆر پەرۆش و زۆر نالەبارم بەڵام ناتووانم لە ڕاستییەکان پشت کەم.
کۆێ باسەکە تاکوو ئێرە بەمواتایە کە: کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی خۆی فەرهەنگێك درووست دەکات و لە ناو خۆێدا، ئەو فەرهەنگە بە تاکەکان دەدات. ڕەنگە ئەم باوەڕەش بێتە ئاراوە کە مادام وەها بێت، واتە بە پێچەوانەی ئەوەی سەرەوە لە سەر فەرهەنگی تاك و پێوەندی نێوان تاك و کۆمەڵگەوە، ناچارەن ئەمە هەر تاکە کە پیشاندەری فەرهەنگی گشتییە! و پێشتر ووتمان ئەمە ناتووانێت درووست بێت. واتە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەگەر وەها نییە؛ کام بۆچوون درووستە؟
وەڵام بەمپرسیارە لاێ من وەهایە کە، فەرهەنگی تاك هاوکات کە لە نێو کۆمەڵگەدا دەژی، لە تەك فەرهەنگی تاکیتردا و خۆدی فەرهەنگی گشتیدا بە هۆێ پێوەندی نێوانیان، هان لە حاڵەتی لە یەك پێداداندا. یانێ هەموو سات و کاتێك ئەم دیاردانە تەك یەکدیدا هان لە کۆنتاکت و خەریکن لە سەر یەکتر کار دەکەن! ئەوەی کە بنەما فەرهەنگیەکەی بە هێزترە، لە سەر ئەویتر کاریگەری دەکات و دەێگۆڕێت. ئەم گۆڕان و پێوەندییەش هەر ساتێك بەردەوامە؛ یانێ تەواو بوونی بۆ نییە چوونکە فەرهەنگەکانیش هەموو کات خەریکن لە خۆیاندا ئاڵ و گۆڕ پێکدێنن و هەموو ڕۆژێک دیاردەیەکی تازەتر دەڕواتە جێ دیاردەیەکی کۆنتر. تەکنۆلۆجیا خۆی یەکێک لەو دیاردانەیە کە لە گۆڕینی فەرهەنگەکان زۆر کاریگەری هەبووە و هەیەتی. تەکنۆلۆجیاش لە ئاسمانەوە نەهاتووە، بەڵکوو بە دەستی مرۆڤ درووست کراوە و هەر ساتیش پەرە دەستێنێ.
دیارە بەم هەموو ئاڵ و گۆڕییەوە، تاك و کۆمەڵگەش گۆڕانکارییان تێدا درووست دەبێت. ئەگەر قووڵتر بڕوانین پێشینەی وەڵاتە ئەرووپییەکان، لە بۆاری ئابووری و تەکنۆجیاوە؛ شتێك زۆر دوور نییە بەڵکوو دەگەڕیتەوە بۆ سەدەکانی هەژدە و نۆزدە. یانێ لاێ ٢٠٠ ساڵە کە بە دووای ڕۆنیسانسەوە، تەکنۆلۆجیابەمجۆرە پەرەی سەندووە و بەم هۆەوە وەڵاتانیتر بە تایبەت ڕۆژهەڵاتییەکانی نێوە ڕاست؛ قەرزداری ئەمانن! بۆ ئەم خاڵەش بازەم پەرۆشو بە داخم؛ چوونکە لەم خاڵەدا و بە هۆی پەرە سەندنی ئابووری و بە تایبەت تەکنۆلۆجیاوە، فەرهەنگەکانیتر لە ڕۆژهەڵات هان لە ژێر کاریگەرییەکی زۆر دژوار و سەختدا کە هەم بەرهەمی باشی هەبووە و هەم بەرهەمی زۆر خراپ. دوو دانە لە بەرهەمە خراپەکانی ئەمانەن ١_ تەکنۆلۆجیا و درووست کردنی تەقەمەنی ئەتۆمی و کیمیاوی (هیرۆشیما_ ناکازاکی_هەڵەبجە) ٢_ هاندەری یان هان داننی ئەو وەڵاتانە بۆ پەرەسەندنی زۆرتری میتافیزیا و فیکری ووشکی ئایینی لە هەموو شاخەکانیدا. ئەم بەشەی ئاخرە هێندە فەرهەنگی ئەو وەڵاتانەی بە دووا کەوتن کێشاوە کە سەرنج ڕاکێشە! چوونکە بڕیار وەها نەبووە کە بە گەشە سەندنی تەکنۆلۆجیا و قەرزدار کردنی مییللەتەکانیتر، باوەڕە ئایدیالیستیکیەکان پەرە بستێنن؛ بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبوایە ئەم فەرهەنگە، کاریگەری پۆزیتیڤی لە سەر ئەوانیتر بکردبایە.
هەڵبەت دەبینین کە لێرەشدا وەکوو هەر شۆێنێکیتر لە گەردوون " هێز " خۆی نوواندووە. واتە ئەمە هێزە کە بە ڕواڵەتەکانی زۆر و جۆراوجۆرەوە، کاریگەری دەکاتە سەر بنەمای هەموو دیاردەکانیتر وەکوو فەرهەنگ. خاوەنی فەرهەنگی ئۆروپی بە هۆی ڕۆنیسانس و گەشە سەندنی تەکنۆلۆجیاوە، ئەو فەرهەنگەکانیتر دەخاتە مەترسیەوە. ئەوەش ئاشکرایە کە خۆی هالە پشت پەردەکەو دەستی ناو خۆیی خەریکی بەڕیوە بردنی پڕۆژەکانی ئەمیترە.
لاموایە بە ڕوونی دیارە کە لێرەدا دیاردەی فەرهەنگی تاك، لە بڕێك شۆێندا چەندە کاریگەری هەیە لە سەر لەشی تەواوی کۆمەڵگە. بۆ نموونە دەتوانین ئیشارە بکەین بە ڕیبەرەکانی کوردستانی گشتی! یان سەرۆک و دەبیری ڕێکخراوە و حیزبەکان_ ئەمانە هەمویان تاکن؛ جا ئەم تاککانەن کە جەماوەرێك وەکوو حیزب و کۆمەڵەیەك دەبەن بەو ڕێبازەی کە لای خۆیان پیرۆزە! بەڵام ئەگەر جووان وورد بیتەوە دەبینی نەك هەر باش نەبووە و نییە؛ بەڵکوو زۆر زۆر کاریگەری خراپی هەبووە و هەیە. بەو دەلیلەی کە پێشتریش پێچەوانەی ئەم خاڵەمان دەر خست کە یەك تاك ناتووانێت بە تەواوی درووست و نوێنەری فەرهەنگێك بێت.
بەڵام لە خاڵی دیاردەی " ڕیبەر "یدا، دەبینین کە یەك تاك بە ناووی ڕێبەر؛ کاریگەری زۆر خراپی هەبووە. ئاخر دەبێت ئەمە فام بکرێت کە کۆمەڵگە نەك مێگەلە نەك وەحشییە کە پێویستی بە شووانێك بێت. ئەم تاکە شووانەش تەنیا فامی خۆی بکاتە ڕیباز بۆ میللەتێك کە لە میلیۆنها تاك پێکهاتووە! زۆر سەیرە کە هێشتا زۆربەی کۆمەڵگەکان تەنانەت لە ئەروپاشدا تووشی ئەم دیاردە وێرانکەرەن هەر چەند ئەمان تۆزێك ڕیفۆرمیان پێک هێناوە کە تا ڕادەیەك بەرگیری دەکات لە تاکە ڕەوی و خۆ بە " گشت " زانین! نەخێر کاکە گیان؛ تۆش تاکی و خۆێنت لە تاکێکیتری ئەم میللەتە سوورتر نییە. تەمام! ئێنجا کێ فەرموویەتی کە جەنابتان نوێنەری فەرهەنگی میللەتێکن؟ ئایا دەتووانیت ئەم ووتە بسەلمێنی؟ ئایا ئەگەر هەر تاکێك چۆن خاوەنی چەك و پێوەندی سیاسی و حیزبی بوو، دەبێت دیاردەی " هێز " وەهای لێکردبێ کە ئیتر فام و فیکری " مرۆڤاییەتی " بە تەواووی لە بیر کردبێ؟ دەی جا وەها تاکێك چۆن ناووی خۆی دەنێ مرۆڤ؟!
لە باسەکە خەریکین دوور دەکەوینەوە چوونکە کەوتووینەتە نێو داوی " ئەخلاقییات " کە من بە بەشی خۆم لێ بیزارم. با بە کورتی ئیشارە بکەین بە چەند دیاردەیتر لە بابەتی فەرهەنگدا.
فەرهەنگەکان وەکوو یەك فەرهەنگ کە هێ میللەتێکە، تەك فەرهەنگەکانیتردا پێوەندییان هەیە_ بە هۆی ئەم پێوەندیەدا ئەم فەرهەنگانە لە سەر یەکتر کاریگەری دەکەن. بۆیە لەم ساڵانەی دووائیدا لەم بۆارەدا دەڵێن: ووتار و پێوەندی فەرهەنگی.
تەواووی فەرهەنگی کۆمەڵگەکان، فەرهەنگی جیهانیان درووست کردووە کە دەتووانین بڵین فەرهەنگی جیهانی مرۆڤاییەتی_ بۆیە ئەگەر لە شۆێنێکدا ڕووداوێك وەکوو بەردباران کردنی ژنێكی ڕەخنەگر لە مەلا؛ لە شاری کابۆل ڕووبدات یان ئەم هەواڵەی بازەم بڵاو بێتەوە کە نەوت دەفرۆشن و کورد خاوەنی ئەو هێزە سرووشتییەیە؛ بەڵام زۆربەی میللەتی کورد هەر فەقیر و چاوەڕوانی مووچەی چەند مانگی پێشوون!! فەرهەنگی جیهانی دێتە دەنگ. بۆ نموونە چۆنییەتی فەرهەنگ و هەڵسووکەوتی هەریم، بۆ بەرگیری کردن لە تەرمی " جۆنستۆن " لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و بە ڕێ تورکیادا چوون بەرەو ئۆسترالیا؛ کە ڕۆژنامەکان لە سەریان نووسی. ئەمانە ڕەنگدانەوەی فەرهەنگی لێ دەکەوێتەوە.
فەرهەنگی چیینایەتی کە کاتی خۆی لە سەردەمەکانی خان و بەگزادە و بە تەواووی فێۆدالی، پەرەیەکی زۆری سەندبوو بەڵام دوواتر کەم ڕەنگ بووەوە. هەر چەند بە ئێسستەشیەوە هەر ئەم دیاردە فەرهەنگییە کاڵفامە تەنانەت لە ئۆروپا ماوەتەوە. چینێک لەم فەرهەنگە بە سەر ئەویتردا خۆی بە باشتر دەزانێت وەکوو هیتلەر؛ کە شەڕی نێو دەوڵەتی لێ بووەوە.
فەرهەنگی دین مەدارانە (ئایینی) کە جەماوەرێکی زۆری لە خۆدا توواندووتەوە. ئەم فەرهەنگە بە درێژایی مێژوودا کەمترین قازانجی نەبووە هیچ، تازە زۆر زۆر کاریگەری هەرە خراپی لە سەر تاك و کۆمەڵگەکان کردووە. شەڕەکانی پێش ڕۆنسانس کە شەڕەکانی کلیساکان و مۆسۆڵمانەکانی لێ بووەوە کە جەنابی سەلاح الدین ئەیوبی کورد؛ نوێنەری فەرهەنگی ئیسلام و شەرکەری کورد بوو کە ئیستەش ئۆروپا باسی دەکات! هەر ئەم فەرهەنگەیە کە هەڵخەری پەتی سیدارەیە بۆ خەڵکی. هەر ئەم فەرهەنگەیە کە زۆرترین درۆەکانی لە ناو خۆدا جێگیر کردووە و ئەوانەی کە خەریکی پەرە پێدانی ئەم فەرهەنگەن، لە ڕاستیدا خەریکی وێران کردنی بایەخە ڕاستەقینەکانی مرۆڤن! ئاکار و کردەوە و کاڵفامی ئەم فەرهەنگەش بە ڕوونی لە وەڵاتەکاندا دیارە.
فەرهەنگی ئابووری یان ئکۆنۆمی تاك و کۆمەڵگە. ئەم فەرهەنگە لە زۆر شۆێندا خۆی نوواندووە. هەر ئێستە وەڵاتی یۆنان کە خۆی خاوەنی ئیرادە و فیکری فەلسەفی هەوەڵجار بووە (هیراکلیتۆس_زینۆفان_دیۆژن_دمۆکریتۆس_اپیکوور_ پرۆتاگۆراس_سوقرات_ئەفلاتوون و ئەرەستوو...) لە باری ئابوورییەوە قەرزداری ئەمانیتر بە تایبەت ئاڵمانە. خۆ دیاریشە فەرهەنگی ئابووری تاکی دەوڵەمەند تەك فەرهەنگی تاکی هەژارێکدا چەندە فەرقیان هەیە! منداڵی تاکی دەوڵەمەند نەك تەنیا لە بابەتی جل و بەرگ و ماشینی ژیر پێ و چۆنییەتی خۆاردنی کە تەنانەت لە جۆری قسە کردنیدا تەك بەرانبەرەکەی کە منداڵێکی هەژارو فەقیرێك بێت؛ زۆر جێاوازە. گەورەش کە دەبن هەڵسووکەوتیان هەر جێاوازە. بەڵام ئەمە دەرخەری ئەوە نیە کە چۆن تاکێکی دەوڵەمەند لە باشترین زانستگاکاندا دەرسی خۆێندووە، لەمیتر رووناکبیرترە! هەزاران جار مێژوو پێچەوانەی ئەمەی پیشان داوە. واتە هیچ کام لەم دیاردانە مۆتڵەق نین! بەڵام چۆنیەتی کاریگەری هەمووی ئەم دیاردانە لە سەر یەکتر نەك هەر گرینگن کە دەرخەری ناوەڕۆکی ئەو فەرهەنگەن.
ئەم بابەتە بۆچوونی زۆر هەڵدەگرێ و ئەمن بە نووسراوەیەکی چەند لاپەڕیی، جێا لە ئیشاراتێکی کورت، کارێکی ئەوتۆم نەکردووە_ بەڵام بە نیسبەتی فەرهەنگی کوردەواری گشتی کورد؛ هیوای ئەوەم هەیە کە هەمووی تاکەکانی پێداچوونەوە بکەن و هەر وا بە کاڵفامی بە سەر دیاردەکاندا نەڕۆن. ئەمە تەنیا داواکاری و هیوای ئەم تاکەیە؛ ئەگەینا باش دەزانم کە فەرهەنگ یەك شەوە پێك نایەت و گۆڕانکاری قووڵ و دیاریکراو لە خۆی پیشان نادات. بەس دەکرێت کە بە وورد بوونەوە لە فینۆمنەکاندا، فەرهەنگێکی باش و ڕواڵەتێکی فەرهەنگی خاس و مرۆڤانە بە کۆمەڵگای جیهانی نیشان بدەین. لە درێژەی ئەم بابەتەوە، دەڕۆمە نێو ناخی چەند دیاردەیەکیتر بە تایبەت شیعر و چیڕۆك و نۆوول؛ یانێ دەرخستنی ناوەڕۆکی شیعرەکان و گۆرانییەکان کە بە داخەوە زۆربەی هەرە زۆریان ڕەنگدانەوەی بە تەواوی ئایدیالیستیە و کاریگەری زۆر خراپی کردووتە سەر فەرهەنگی کۆمەڵگە! لەوێدا چەندین گۆرانی و شیعر دەخەینە ڕوو کە زۆربەی هەرە زۆریان لە باری مووسیقاییەوە زۆر جووان و دڵنشینن؛ بەڵام لە بابەتی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگیدا چ لە تاك؛ چ لە تەواووی فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردەواری، زەرەری هەرە زۆریان داوە و بەداخەوە ئەم ئازارە فەرهەنگیە هێشتا بەردەوامە و کەس بە شێوازێکی زانستیانە نەڕۆیشتووتە ناو هەڵسەنگاندن و دەرخستنی ئەو ڕاستییانەی کە بەو گۆرانی و شیعرانە و بە شێوازی جووان، هەموو جۆرە پیسائیەك دەخاتە ناو فیکری تاك و فەرهەنگی کۆمەڵگەی گشتیەوە!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە