شەش ڕۆژ جەنگ، شەش ڕۆژ پشوو

Sunday, 23/07/2023, 15:44

3096 بینراوە


جەنگێکی شەش ڕۆژی لە نێوان ئیسرائیل و عەرەبدا لەساڵی 1967 ڕوویدا ، کە لە مێژووی جەنگەکانی گەلاندا، بە یەکێك لە کورتترین جەنگ دائەنرێ. لەم جەنگەدا عەرەب تێك شکا و دەوڵەتی ئیسرائیل توانی بەرزاییەکانی جۆلان بخاتە سەر نەخشەی ئیسرائیل.
ئەگەر بێتو پێش دەستپێکردنی ئەو جەنگە بووترایە، کەوا جەنگێك لە نێوان چەند دەوڵەتێکی عەرەبی و جولەکەدا هەڵئەگیرسێت و تەنها ماوەی 6 ڕۆژ دەخایەنێت، عەرەب تێیدا دەشکێت، ئەوا باوەڕکردن بەو ئەنجامە گەلێ سەخت و لە ڕاستیەوە دوور دەبوو، کە کەس بڕوای نەدەکرد. لێ ئەو ئەنجامە ڕوویدا و تەواو.
لە پشووی ئەم ساڵماندا خۆم و هاوژینەکەم سەردانی ووڵاتی سویدمان کرد. پلانێكمان هەبوو  دەبوایە زۆرترین کات بەکاربێنین بۆ ئەوەی زۆر شوێن بەسەر بکەینەوە کە شایستەی پشووەکەمان بێ. وەك ئاشکرایە هاتن لە ئەمریکاوە بۆ سوید بە فڕۆکە 12 کاتژمێرە، ئەمەش بۆ خۆی جۆرێك لە هیلاکی و ماندووبونێکی درێژ خایەن دروست ئەکات، بە تایبەتی ئەگەر بێت و هەمان شت لەماوەی شەش بۆ هەشت ڕۆژ دووبارە بکرێتەوە. بۆیە پێشوەخت خۆمان بۆ ئامادە کردبوو، چونکە چەندین ڤیدۆمان لەسەر شاری ستۆکهۆڵم بینیبوو، بۆئەوەی بزانین چی ئەکەین و چۆن کاتەکان بەسەر دەبەین، بەڵام کێشەکە تەنها لەمەدا کورت نەکرابۆوە ، لەبەرئەوەی ئەبوایە لە کۆی ئەو شەش ڕۆژەدا، دوو ڕۆژی تەرخان بکەین بۆ سەردانی ماڵی ژنبراکەم و ڕۆژەکەی تریشی سەردانی کوردستانپۆستی خۆشەویست و بینینی بەڕێز کاك کەمال.
لە ڕاستیدا ئەو 4 ڕۆژەی شاری ستۆکهۆڵم کە زۆربەری زۆریمان بە پیادە و شێوازەکانی پاس و شەمەندەفەر و میترۆی ژێر زەوی بەکارهێنا گەلێک ئەزموونی نوێ و تازەی فێرکردین، وەک پلانمان بۆی دانابوو توانیمان زۆربەی ئەو شوێنانە بچین و بیبینین، ڕەنگە باشتر بێت هەندێ هۆکار باس بکەم کە یارمەتیدەر بوو بۆمان، ئەوانیش؛
یەکەم: ووڵاتی سوید  خۆ ئەگەر زمانی ئینگلیزی بزانیت، ئەوا ژیانت گەلێ ئاسانە و کارەکانت زۆر بە خێرایی بەڕێوە دەچێت.
دووەم: خەڵکی ئەم ووڵاتە کاتێ پرسیاریان لێ ئەکرێ بەبێ جیاوازی ڕەگەز و هاوڵاتیبوون، یارمەتی و هاوکاری خەڵکی ئەدەن.
سێیەم :سەفەرکردن لەم کاتەدا گەلێ باشترە لە مانگەکانی تر لەبەرئەوەی ڕۆژ درێژترە و کاتت زۆر بەدەستەوە دەبێ بۆ ئەوەی زیاترین شوێن بچیت و  بە ڕووناکی بیبینی.
چوارەم: بەهۆی خۆشی ئاو و هەوا لەم مانگەدا زۆرینە Mood وەیان مەزاجیان باشە و ئیش و کار بەخێرایی جێبەجێ دەکرێ.
پێنجەم: زانین و بەکارهێنانی Google map و خوێندنەوەی ئەو نەخشانەی لەسەر میترۆ و ناوچە جیا جیاکان هەیە ، گەلێک بە کەڵکە و زۆر زوو ئەتوانی فێری ببی.
شەشەم: بوونی ئەو هەموو خواردنگایانەی سەر شەقامەکان و زۆری چێشتخانەکان کاتی زۆرت بۆ ئەگەڕێنێتەوە .
ئەگەر چی بۆ ئێمە یەکەمین جارمان بوو بۆ ئەوروپا، بەڵام هەست ئەکەین کاتێکی گەلێ خۆش و بەکەڵکمان بردە سەر، دوو دڵ نیین لەوەی جارێکی تریش لە داهاتوودا سەردانی بکەینەوە. ئەوەی مەبەستی هاوژینەکەم بوو بینینی براکەی بوو، کە زیاتر لە 13 ساڵ بوو یەکتریان نەبینیبوو، هەروەها بۆ منیش گەلێ خۆش بوو کە چاوم بە ژنبراکەم کەوت و لە نزیکەوە ناسیم.
ئەوەی زیاتر دڵی خۆشکردم و گەلێک تامەزرۆی بووم لەم سەردانەدا بینینی کاك (کەمال جەمال موختار) کە بە ڕاستی بۆ من و هاوژینەکەم کاتێکی گەلێ بە کەڵک و خۆشمان لەگەڵ بەڕێزیدا بەسەر برد. وەك پێش بینم کرد کەسێکی گەلێک سادە و دەست و دەم شیرین و کۆمەڵایەتی، ئەگەرچی تەمەنی لە هەفتاکان بەرەو ژوور هەڵکشاوە، لێ هەتا بڵێی کەسێکی چووست و چالاك و خاوەن ووزەیەکی بێ سنوورە، کەسێك خۆی هات بۆ پێشوازیمان و لەتەك خۆیدا چەندین شوێنی نیشانمان داو و گەلێک ناڕەحەت لەوەی کەوا بۆچی لە ئوتێل دابەزین و لە ماڵی ئەوان نەماینەوە.. بەڕاستی نمونەی میوانداری و کات لەگەڵیدا هەرگیز زۆر نییە.. هەروەها هەروەك چۆن کوردستانپۆست دەرگا و پەنجەرەی نییە بۆ نووسەران و دڵسۆزانی ئەم گەلە، بەهەمان شێوە هەموو کون وقوژبنی ماڵ و ژوورەکەی کوردستانپۆست و پەرتووکخانەکەی خستە بەردەستمان و لە نزیکەوە چۆنێتی کارەکانیمان بینی و چەندین پرسیار و وەڵاممان دەست کەوت.. ئەوەی جێگای سەرسوڕمان و تێبینیمان بوو ئەوەیە کە ئەم کەسایەتیە خاوەنی گەلێ ئەزموون و تەمەنی گەنجی خۆی بۆ خزمەتی گەلەکەی تەرخان کردوە، لەو ماوەیەدا تەنها بۆ یەك جاریش نەمان بینی، باوێشك بدات، یان هیلاك ببێ  وماندووبوونی پێوە دیار نەبوو.
مەبەست لەم نووسینە ئەوەیە کە 6 ڕۆژ دەتوانرێ زۆر شت بکرێ گەر پلان هەبێ و باوەڕت بەخۆت و چواردەورەکەت بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە