پەنجاو چوار ملێۆن خانەی لەشم دادەگیرسێ و هاوار ئەکا

Thursday, 10/08/2023, 0:25

2796 بینراوە


کاتێک پرچی کچێک ڕادەکێشێ
جەندرمەیەک لە مێردین
سی ملێۆن خانەی لەشی من هاوارئەکا
کە مامۆستای وانەی فارسی، لە ڕۆژهەڵات
زلەیەک دەدا لە ڕوومەتی 
قوتابییەکی کورد 
چواردە ملێۆن خانەی ڕوومەتی من
دادەگیرسێ و هاوار ئەکا
کە (شیروان شیروانی) م داگیر دەکات
نوێنەری ( جلخوار) کورد
شەش ملێۆن خانەی ئازادی
لەناو ڕۆحما گەشە ئەکا
کە تۆپێکی کیمیاویی
فاشیزمی تورک
(سارا)ی دڵم 
لە کۆبانێ دەسووتێنێ
چوار ملێۆن خانەی، کچە درەختێک
لەناو دڵما 
گەورە دەبێ و 
چرۆ ئەکا
بۆیە دەمبینی تۆ
من هەمیشە داگیرساوم
وەک دارەکانی کۆساڵان
دەمبینی تۆ
وەک ڕوومەتێکی داگیرساو
هێرش دەبەم
وەک درەختی دلێکی داگیرساو
چرۆ دەکەم
هەروەک پرچی ئازادییەکی بڕاو
درێژ دەبمەوە و دەئاڵێم
بەباڵای نیشتمانەکەمدا 
کوردستان  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە