موعجیزەی قورعان و درۆکانی فەرهاد شاکەلی

Thursday, 24/08/2023, 18:56

9109 بینراوە


لە کەناڵی پەیامی ئیسلامە خائینەکانی کورددا، کە بە پلانی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان رێگایان داوە هەموو مەلا و داعشە سەلەفیانە بیری دواکەوتوانەی ئیسلام لەناو گەنج و کەسانی ساویلکەی کورددا بڵاوبکەنەوە، وا بکەن کورد لە کوردبوونی خۆی دوور بخەنەوە، سەرەنجامەکەی هەروەکو ئەبوبەکر کاروانی لێ دەربچێت و بڵێت : (کورد نەتەوە نییە).
 لەو کەناڵە ئیسلامییەوە، فەرهاد شاکەلی کۆنە مارکسی و سۆسیالیست و یەکێتییش دەردەکەوێت، کە ئیستا دەست و موچی لەگەڵ پارتیی و ئیسلامییەکاندا گەرم کردووە، بۆ رازی کردنی ئەمانیش بۆ ئەوەی پێیان بڵێت منیش لە ئاین و تەسەوف و ئەم هەموو شتانە دەزانم، ئەوەتا لە قورعاندا بۆ یەکەمجار دۆزیومەتەوە، کە نووسراوە پەنجەمۆری هیچ کەسێک لەوی تر ناچێت.
با سەرەتا کاک فەرهاد شاکەلیتان پێ بناسێنم:

 فەرهاد شاکەلی کێیە؟

- فەرهاد شاکەلی زیاد لە 40 ساڵ دەبێت چۆتە سوید و لەوێ دادەنیشێت، پێم وابێت ئیستا خانەنشینە و جارجار لە زانکۆی ئۆپسالا گوایا وانەی کوردی بەوانە دەڵێتەوە، کە دەیانەوێت کاری تەرجومانی بکەن.
- فەرهاد شاکەلی دکتۆرای نییە، لە رابردوودا چەند جارێک هەوڵی داوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. (ئەگەر ئەو زانیارییانەم راست نیین، بە داوای لێبوردنەوە داوا دەکەم، بۆم راست بکاتەوە).
- فەرهاد شاکەلی لە هەرەتی لاویدا مارکسیانە و سۆشیالیستانە و چەپانە بیری کردۆتەوە، هەواداری شەهید ئارام بووە. دوای ئەوە بۆتە جەلالی و لە نەوشیروان مستەفاوە نزیک بووە و دەچێتە شام، وەک دەگێڕنەوە جارێک پارچە هۆنراوەیەکی خۆی دەباتە لای نەوشیروان مستەفا تا بزانێت رای لەسەری چۆنە، ئەویش پێێ دەڵێت بە رای من دەکەیت واز لە شیعر نووسین بهێنە. لەمەوە فەرهاد شاکەلی واز لە یەکێتیی و جەلالی و نەوشیروانی دەهێنێت و لێیان هەڵدەگەڕێتەوە.
کە دەچێتە سوید ئیتر دەبێتە پارتیی. چەند جارێک چۆتە لای مەسعود بارزانی و وەکو خۆی لە چەند بۆنەیەکدا گێڕاویەتەوە تا درەنگانێک لەگەڵ مەسعوددا دانیشتووە و گفتوگۆی تەریقەتی نەقشبەندیی و ئەو شتانەیان کردووە.
- فەرهاد شاکەلی لە زۆربەی بۆنەکانی پارتییدا بانگ کراوە و داوەتنامەی بۆ چووە، بە خۆشییەوە لە شەقەی باڵی داوە و خۆی گەیاندۆتە هەولێر، دوایین چوونی بۆ مۆنێمێنتەکەی مەلا مستەفا دەبێت، ئەو وێنەیە ببینە، زیاتر قسەی لەسەر ناکەم. (دیسان ئەگەر ئەو زانیارییانەم راست نیین، بە داوای لێبوردنەوە داوا دەکەم، بۆم راست بکاتەوە).
حەمەی حاجی مەحمود، فەرهاد شاکەلی، سەلام محەمەد، فریاد فازیل
پاش ئەم هەموو شتانە دەبێت منیش بڵێم: من لەناخەوە دڵگرانم لەسەر قسەکانی فەرهاد شاکەلی کە لەو کەناڵەدا کردوویەتی و منی ناچارکرد بەم زمانە زبرە ڕەخنەی لێبگرم، چونکە کاتێک هەڵویستی خراپی نووسەر و کەسانی دیکە، دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوە و نیشتیمان، ئیتر نابێت ئێمە بسڵەمیینەوە، دەبێت بەرگری لێبکەین، چونکە لینین واتەنی (سەربازێکی خائین تەنیا کەسێک یان دوانی بۆ دەکوژرێت، بەڵام نووسەر و ڕۆشنبیرێک ئەگەر خیانەتی کرد، دەتوانێت نەتەوەیەک بکوژێت و لە ناوی بەرێت). ئەو دەرکەوتنەی فەرهاد شاکەلی لەو کەناڵە کە باس لە موعجزەی (پەنجەمۆر) دەکات، بۆ خۆی خیانەتە، چونکە بە دەرکەوتنی ئەم جۆرە کەسانە، کە خۆیان بە نووسەر و شاعیر و ئەکادیمی دەزانن، شەحنی ئیسلامی سەلەفیی و خائینەکانی کوردی پێدەکەن، ورەیان زیاتر بەرزدەکەنەوە. ئەو رۆڵەی کە بە ئیسلامی سیاسیی و سەلەفیی سپێراوە، لە تەفرەدان و بەرەو جەهالەت و نەزانین، کۆمەڵگای نەگبەتی کوردیی، بەرەو تیاچوون دەبات، ئەم جۆرە کەسانەش زیاتر یارمەتییان دەدەن. جگە لەوە ئەوەی فەرهاد شاکەلی باسی دەکات وا پیشان دەدات، خۆشی یەکەم موسڵمانە ئەم نهێنیەی ئاشکرا کردووە گوایا موعجیزەیەکی تری قورعانی بۆ کەشفکردووین.
دیسان ئەوەی لە ناو هەموو باسەکەدا گرنگترینیانە، ئەو خەڵکە بێئاگا و نەزانانەیە، کە هەمیشە وەک تفەنگی غەدارەی جاران دێنە سەرپێ بەبێ ئەوەی ئەلفێکی لێ تێبگەن لەخۆیانەوە، وەک دەبینن بەدیان کەس بۆیان نووسیوە (سوبحان الله!).
بۆیە منیش سەرەتا لە فەرهاد شاکەلی دەپرسم: لە کاتێکدا قورئان باس لە عەرەبی نەزان دەکات، ئایا دەچێتە عەقڵەوە، کە خودا کتێبێکی ڕێنمایی بۆ گەڵێکی نەخوێندەوار و نەزان بنێرێت، ئەو سەردەمەش تەنانەت ڕێنووسێکیان نەبووە بۆ نووسین؟! ئەم ڕێنوسەی ئەمڕۆ کە کوردی باشور و ڕۆژهەڵاتیش بەکاری دەهێنین عەرەبی نییە، بەڵکو ئارامیە،  ئیتر چۆن دەبێت خوا بەو زمانە باسی نهێییەکان بۆ گەلێکی نەزان و نەخوێندەوار بکات، یان بۆچی دەبێت قورئان تەنها کتێبێک بێت و هەزران موفەسیریشی هەبێت، لە کاتێکدا تەفسیری راست تەنیا دەبێت یەک دانە بێت، کەچی ئەمەی ئیسلامیەکان تا ئیستا بە سەدان تەفسیر دەکرێت و هەر یەکە بەشێوەیەک قسەی لەسەر دەکات و هێشتاش لێی تێنەگەیشتوون؟!
جگە لەوە وەکو یەکێک لە فەیسبوکدا بۆ فەرهادی نووسیوە و دەڵێت: (دەبێ هەموومان بزانین کە قورئان کتێبێکی زانستی نییە، بەڵکوو کتێبی دینە و هیچی تر. تێکەڵکردنی دین و زانست هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە ڕێبازی زانست لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوە و سەلماندن و شیتەڵسازییە، لە کاتێکدا دین نەگۆڕە و ناخرێتە ژێر تاقیکردنەوەی زانستییەوە.)
ئینجا با جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ لای کاک فەرهاد و پێش هەموو شتێک با بزانین ئایا فەرهاد شاکەلی یەکەم کەسە، پەی بەم نهێنییە بردووە، کە قورئانی موسڵمانان باسی " بنانە " دەکات، چونکە لە (ئیسلام وێب)دا بیست ساڵ لەمەو پێش ئەم باسە وروژێنراوە، ئەمەش دەقی فەتواکەیە لە ژێر ژمارەی ٢٩٩٥٩ لە مێژووی ٢٠٠٣.
جگە لەمە ئێمە بەڵگەشمان هەیە، کە زانای چیکی " جان ئیڤان " کە ساڵی ١٧٨٧ تا ساڵی١٨٦٩ ژیاوە، دەیسەلمێنێت، پەنجەمۆری هیچ کەسێک لە کەسێکی دیکە ناچێت.
کلیکی ئەو دوو لینکەی خوارەوەش بکە، هەروەها لە گوگڵیشدا بۆ ئەو باسە بگەڕێ، بە دەیان باس لەسەر ئەو مەسەلەیە دێنە پێشەوە.
1- https://eajazjo.org

2- https://www.her-news.com/23993
جا پرسیارەکە ئەوەشیانە، کە ئایا هەر بەڕاست قورئان باسی پەنجەمۆری کردووە، ئەگەریش کردویەتی، بۆ لە ماوەی ئەو ١٤٠٠ ساڵەی رابردوودا هیچ کەسێک لەو دەقەی قورئان تێنەگەیشت و کاریان پێنەکرد؟ جا ئەگەر ئەوە راست بێت و قورئان باسی پەنجەمۆری کردووە، بۆچی یەک ملیار و نیو مرۆڤ تا ئیستا نەیانتوانی لە نهێنی قورئان تێبگەن (سبحانه الله)؟! ئەوەتا تەبەری و قورتوبی، کە باوەڕ پێکراوترین سەرچاوەی ئیسلامین ئەڵێن " بنان " ئێسقانە بچکۆلەی پەنجەی ئاماژەکردنە.


جا لێرەدا واز لە تەبەری و بوخاریش دەهێنن، بزانین ئایا موحەمەد پێغەمبەری ئیسلامەکان لە قورئاندا پەڕجوو "معجزة"ی هەبووە؟
بە پێی بەڵگەکانی قورئان باس لەمە دەکەین، وەک بۆ نموونە لە قورئان نوسیویە لە سورەی اسرا ژمارە ٩٠ تا ٩٣، گوایە بێباوەڕەکان لە محمەدیان داوا کردووە، تا باوەڕی پێ بکەن، ئایا دەتوانیت کانیەک ئاومان بۆ بتەقێنیتەوە، لەگەڵ باخێک لە خورما و تڕی و ئاو؟ هەمان داواکاری، چەند بارە دەبێتەوە، لە هەمان سورە ٩٤، هەروەها سورەی نازعاتی ژمارە٤٣،٤٤،٤٥، هەروەها سورەی ئەنعام١١١، هەمان داواکاری کراوە و باسکراوە، کە بە بۆچوونی قورئان کافرەکان داوای پەڕجوو (موعجیزە) یان کردووە،.....هتد، بەڵام محەمەد کوڕی عەبدوڵا، بەزەقی لە سورەی کهف ژمارە١١٠، ئەڵێ منیش مرۆڤێکم وەک ئێوە، ڕەوانەکراوی خودام، بۆ خۆم هیچ موعجیزەم پێ نیە، هەر هیچیش ئاگادار نیم، واتا محەمەد بەدەقی قورئان پێمان ئەڵێ هیچ معجزەیەکم پێنیە.
با لێرەشدا بێینەوە سەر لایەکی تری باسەکە و بزانین ئایا پێش قورئانەکەی کاک فەرهاد شاکەلی هیچ لایەنێک و دەسەڵاتێک باسی نهێنی پەنجە مرۆری کردووە!؟ لە وەڵامدا دەڵێم بەڵێ بابلیەکان، چینیەکان، بەپێی ویکیپیدیای ئازاد، تەنانەت بەشە عەرەبیەکەشی باسی ئەمە دەکات، کە لە پێش٢٠٠٠ ساڵەوە، چینیەکان و بابلیەکان، بۆ ناسینەوە و کڕین و فرۆشتنی بازرگانی پەنجەمۆریان بەکار هێناوە.
هەروەها ویکی پیدیای زمانەکانی دیکە، بەهەمان شێوە جەخت لەوە دەکەنەوە، کە مێژووی بەکار هێنانی پەنجەمۆر لە٢٠٠٠ ساڵی ڕابردوەوە بەکارهێنراوە. 
ئێستا بە بەرچاومانەوە ئێوە ئەو هەڵەیە دەکەن، با وا بڵێین ئەی سەدان ساڵێ پێشووچی؟
ئەوەتا ئەرۆغانی فاشست، لە پێش چاوی هەزران هەزار تورکدا ووتی: ئەوە ئێمەی تورک بووین، کە پێش سێ سەد ساڵ پێش (NASA) تورک لەسەر مانگ دابەزی، بۆیە بە گاڵتەوە بۆیان نووسیبوو، گەر ئەمە راستە ئەی بۆ لەو جێگایەی کە کەشتیە ئاسمانیە تورکیەکە دابەزی، بڕیاریاریان نەدا، لەو جێگایە مزگەوتێک دروست بکەن؟.
ئەوەی راستیشە لەسەر قورعان ئەوەشیانە کە قورئان کتێبێکە، کەس نازانێت کێ نوسیوێتی و کەی نوسراوە، لە کوێش نوسراوە، سەراپای قورئان لە ئەفسانە زیاتر هیچی تێدا نییە، وەک هێڵی شەمەنەفەر لەگەڵ زانستدا هەرگیز بەیەک ناگەن، بگرە دژ بە یەکتریشن، هەرە بچکوترین نموونەش قەدەغەکردنی گۆشتی بەرازە کە تاقیگەکان دەیسەلمێنن گۆشتی بەراز، لەهەر هەموو گیاندارەکانی تر پاکترە و بەسودترە، چونکە ڕێژەی " کۆلۆکسیدی" کەمترە، ئەمەش ئەنجامی تاقیگەکانی پەیمانگای سوید سەلماندوویەتی.
دەبێت ئەوەش بڵێین: ئەوا گریمان ڕاستە قورئان باسی پەنجە مۆری کردووە، ئەی بۆ لە ماوەی ئەو هەموو١٤٠٠ ساڵەدا کەڵکی لێوەرنەگیراوە، بۆ بە نهێنی ماوەتەوە و کەسێک پەی پێ نەبردووە و بۆمان باس بکات؟

بەنانە واتا ئێسقانە هەرە بچکۆلەکەی دەست نەک پێستی پەنجەمۆر

https://www.islamweb.net/ar/fatwa/39959
لە کۆتاییدا داوای لێبوردنی لێدەکەمەوە کە بەو زمانە پێی بڵێم، برای بەڕێز کەمێک بەزەیتان بەو گەلە نەگەبەتەدا بێتەوە. هیوادارم پەشیمان بیتەوە و چیتر خۆت نەخەیتە ناو ئەو گەمە بۆخڵانەی سەلەفی و ئیسلامییە سیاسییەکانی ئەمڕۆی کوردستانەوە.داواشت لێدەکەم، کە لە ڕای خوا واز لەو خەڵکە هەژارە بهێنن، کە وەک بێژنگ هەزران، هەزار کونڕێژکراوە، بڕۆ دوو بابەتی زانستی وەربگێڕە و بۆگەلەکەتی بکەرە کوردی. ئێمە گەڵێکین هەرە چەوساوەترین مرۆڤەکانی سەر ئەم گۆی زەوییەین، دەستی هاوزمانەکەت بگرە، لە ناو دەریای جەهالەت دەریان بهێننە، رێگای زانست و هونەریان پیشان بدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە