هۆکاری بوونی هونەر لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە

Thursday, 24/08/2023, 20:55

3048 بینراوە


هونەر شێوازێکە لە داهێنان، مرۆڤ لەوەتەی هەیە بەبەرهەمی دەهێنێت و بووەتە بەشێکی گرینگ لە کلتوور و باری ڕۆشنبیری تێکرای مرۆڤایەتی. شارستانییەتە سەرەتایییەکان زۆر بەڵگەمان پێ دەدەن لەسەر ئەوەی حەز و ئارەزوو بۆ پەیکەرتاشی و وێنەکێشان و چەند کارێکی دیکەی هونەری، ڕەفتار و هەڵسوکەوتێکی گەلەک کۆنینەی مرۆڤە.
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، چۆن و کەی ئەو حەزە لەلاماندا سەری هەڵداوە؟ لەوەش گرینگتر، بۆچی ئارەزوومان بۆ هونەر بوونی هەیە؟ ئایا ئەمە بەشێکە لە پێکهاتە بۆماوەیییەکەمان، یاخۆ هۆکارەکەی ژینگەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی جۆراوجۆرە؟ بەدەربڕینێکی دیکە ئایا هونەر دیاریی سروشتە بۆمان، یانیش دەرەنجامی پەروەردەیە؟
پێش ئەوەی لە سەرچاوە و هۆکاری بوونی هونەر بدوێین، پێویستە بزانین، ئەو دەمەی ناوی هونەر دەهێنین، مەبەستمان هەموو چالاکییەکانە بۆ گەیشتن بە چێژ و خۆشی، واتە هونەر گشت داهێنانە دیتەنییەکان (نیگارکێشان و پەیکەرتاشی و هی دیکە)، تێکڕای چالاکییە خاوەن ئاواز و ڕیتمەکان (سەماکردن و گۆرانی و موزیک)، ئەندێشەیییەکان (چیرۆک و ڕۆمان و ئەدەب و ...هتد.) دەگرێتەوە.
پسپۆڕ و شارەزایان دەبێژن، سەرهەڵدانی هونەر بۆ مێژوەکی دوور دەگەڕێتەوە، زۆربەیان چاخی بەردینیی بە سەرەتا دادەنێن. ژمارەیەکی زۆر لە شێوە هونەرییە کۆنینەکانی وەک، وێنەکێشان و ڕازاندنەوە و کاری پەیکەرتاشی دۆزراونەتەوە کە هەندێکیان بۆ پتر لە 100 هەزار ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێنەوە، ئەمانەش بەڵگەن بۆ ئەوەی مرۆڤە سەرەتایییەکان خاوەن بیرکردنەوە و داهێنانی هێمایی بوونە لە دەربڕینی ئەوەی لەناخیاندا هەستیان پێ کردووە. مێژووی جۆرە نەخشاندنێکی سەر توێکڵی هێلکەی وشترمرخێک لە باشوری ئەفریکا خۆی لە نێزیکەی 75 هەزار ساڵ دەدات. بۆ بوونی موزیکیش دەگوترێ کە پێش توانای مرۆڤ دەکەوێت بۆ ئاخاوتن و زمان، دووزەلە کۆنترین ئامێرە مرۆڤ دای هێنابێ، دانەیەک دۆزاریەوە بە مێژووەکی کۆنتر لە 40 هەزار ساڵ.
ماوەیەکی دوورودرێژ لێکۆڵینەوە لە پرسی هونەر کاری فەیلەسووفان بووە، بەڵام لەم چەند ساڵەدا بووەتە جێی بایەخی زانستە بایۆلۆژی و دەروونییەکان. لەو زانستە هاوچەرخەی ناو دەنرێت بە دەروونناسی پەرەسەندنەکی (Evolutionary Psychology)، زاناکان بە تۆژینەوەکانیان هەوڵ دەدن بە گرێدانی زانستی دەروونی و پەرسەندن، بگەنە ڕاڤەیەک بۆ سەرچاوە و هۆکاری گشت هەڵسوکەوت و ڕەفتار و شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ*.
بەگوێرەی بیردۆزی پەرەسەندن (داروین)، زانراوە کە پەرەسەندن دەوەستێتە سەر دوو میکانیزمی هەرە بنەڕەتی ئەوانیش: هەڵبژاردنی سروشتی (Natural selection) و هەڵبژاردنی زایەندی، یاخۆ سێکسی (Sexual selection). هەڵبژاردنی سروشتی دەبێتە هۆی گوێزانەوەی ئەو تایبەتمەندییانەی وا لە بوونەوەرە زیندووەکان دەکەن ئەگەری مانەوەیان لەژیاندا پتر ببێ بۆ تێپەڕاندنی جینەکانیان بۆ نەوەی داهاتوو. هەڵبژاردنی زایەندیش هەوڵ دەدات بۆ پەرەپێدان و گواستنەوەی جۆرە تایبەتمەندییەک کە یارمەتی زیندەوەران بدات لە زاوزێکردن و بەردەوامبوونی نەوەنانەوەیەکی سەرکەوتوو و چالاک.
میکانیزمی هەڵبژاردنی زایەندی پێوەندییەکی پتەوی هەیە بە تێگەیشتن لە سەرچاوەی هونەر بۆ نموونە، کلکە درێژ و ڕەنگاوڕەنگە جوانەکەی تاوس و خوێندن و سەماکردنی باڵندە نێرەکان بۆ مانەوە پەرەیان نەسەندووە، بەڵکوو ئامرازێکن بۆ سەرنجڕاکێشانی مێیینەکان بە مەبەستی زاوزێکردن. واتە ئێمە پێش هەزاران ساڵ حەزمان لە چەندان هونەری جۆراوجۆر کردووە، چاکیش هەستمان بە بوونی گرینگییەکەی کردووە بۆ مانەوەمان.

هۆکاری بایەخدانمان بە هونەرەکان چییە؟

بۆچی گرینگی دەدەین بە ژمارەیەک لە چالاکی جۆراوجۆر کە هەست ناکەین هیچ پێوەندییەکیان هەبێ بە نەوەنانەوە و مانەوە؟ بۆچی مرۆڤ کاتێکی زۆری ژیانی ڕۆژانەی خۆی تەرخان دەکات بۆ ئەدەب، وێنەکێشان، پەیکەرتاشی، سەماکردن، موزیک و چەندان هونەری دیکە؟ ئەو ئارەزوو و خولیایە (بێمانا و پڕوپووچانە) تەواوی ژیانی زۆربەمانی داگیر کردووە، بۆیە پێویستی بە ڕاڤەیەکی گونجاوە بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی.
زاناکانی دەروونناسی پەرەسەندنەکی بۆ وەڵامی ئەو پرسیار و مەتەڵانە لە دوو بیروڕادا چڕ دەکرێنەوە؛
یەکەمیان ناو دەنرێت بە گریمانەی شانازیکردن، بەگوێرەی ئەم بۆچوونە کولتوور، یان فەرهەنگ دەرەنجامی کێبڕکێی سێکسی نێوان کۆمەڵێک لە تاکەکانە کە چەند ڕێکارێکی جیاجیا دەگرنە بەر لە خۆنێزیک کردنەوە لە ڕەگەزەکەی دیکە. ژمارەیەک لە پیاوان گرینگی دەدەن بە هونەر و موزیک وەک خۆنوواند و خۆنیشاندانێک بە مەبەستی گەیشتن بە ژنان. ئەمە هەموو هەرزەکارێک دەیزانێت، هەرچەندە هەندێک لە زاناکانی دەروونناسی لەبیری دەکەن، چونکە خۆنوواندنی نێرینە لە بوارە ڕۆشنبیرییەکان هەلی نێزیکبوونەوەیان لە ژنان پتر دەکات. ئەم خۆنوواندە دەتوانێ ڕاڤەی گەلەک دیاردە بکات، وەک ئەو جیاوازییەی دەبیندرێ لەنێوان ڕەگەزەکان بۆ بەرهەمە ڕۆشنبیرییەکان، بەوەی بەدرێژایی مێژوو لە زۆرینەی کۆمەڵگەکانی جیهاندا، پیاوان زیاتر لە ژنان خاوەنی داهێنانن لە هونەر و موزیک و ئەدەب، ئەمەش بەندە بەوەی ژنان هێندەی بایەخ بە ژیانی هاوسەرگیری و بەخێوکردنی منداڵەکانیان دەدەن، ئەوەندە بە سێکسی کاتی نادەن. گریمانەی خۆنوواندن و خۆدەرخستن دەکارێت ڕێژەی دابەشبوونی تەمەنیشمان بۆ ڕوون بکاتەوە، لەبەرئەوەی تۆژینەوەکان دەڵێن، کار و بەرهەمی ناوداران گەلەکیان لەلایەن ئەو پیاوانە هاتوونەتە بەرهەم کە لە سەرەتای پێگەیشتن بوونە، لە تەمەنی کێبڕکێی تووندی نێوان نێرینەکان.
لەڕاستیدا سەختە ئەم گریمانەیە ڕاڤەیەکی گونجاو و متمانەدارمان پێ بدات، دەربارەی ئەوەی بۆچی گۆرانی هەیە هەستی هەندێ کەس تەواو دەوروژێنت، بەڵام ئەوانەی دیکە هیچ نییە و گوێی لێ ناگرن؟ بۆ کۆمەڵێک جۆرە بەرهەمێکی شانۆییان پێ جوانە و ئەوانەی دی بە بێزارکەری دادەنێن؟ بۆچی فلمێکی سینەمایی بە ملیۆنان بینەری هەبووە، کەچی ژمارەیەکیش کەس گوێی لە ناویشیان نابێ؟
لە بیروڕای دووەمدا زاناکان پێیان وایە، هونەر و ئەدەب تەنیا لە خۆگونجانەکاندا بەدەر ناکەون، بەڵکوو لە میکانیزمەکانی هزر و هۆشێکی پەرەسەندوودا دەبیندرێن بۆ چێژوەرگرتن لە شێوەی شتەکان، ڕەنگەکان، دەنگەکان، پەند و بەسەرهاتی خۆش و چیرۆکە ئەفسانەییەکان. بۆ ڕەنگەکان هاوشێوەی ناسینەوەی شوێنی بەرە پێگەیشتووەکان، وەک چێژوەرگرتن لە تابلۆیەک کاتێک ئەم نموونانەیان تێدایە.
دەتواندرێ سوود لە نیشانە پەسندکراوە سێکسییەکان و ئاستی پیتداری ڕەگەزی مێینە وەربگیرێت لە نیگارکێشان، دیمەنە سینەماییەکان و گۆڤاری وێنە ڕووتەکان، بە مەبەستی چێژوەرگرتن لە لاساییکردنەوەی شتگەلە خوازراوە ڕاستەقینەکان، وەک چۆن ماددە هۆشبەر و سڕکەرە دەستکردەکان دروست دەکرێن بۆ جووڵاندنی نێوەندەکانی هەستکردن بە چێژ و خۆشی.
کەواتە مرۆڤ فێر بووە چۆن بە دەستکرد میکانیزمەکان چالاک بکات، لەڕێی داهێنانی بەرهەمە فەرهەنگییەکان بۆ لاساییکردنەوەی ئەو شتانەی ئارەزوو دەوروژێنن، ئەوانەی هۆکاری ڕاستەقینەی بوونی میکانیزمەکانن. بەکورتی ئەو چالاکییە ڕۆشنبیرییانە لەخودی خۆیاندا خۆگونجان نین، بگرە بەرهەمە لاوەکییەکانن لەگەڵ خۆگونجانەکانەوە هاتوون.
کاتێک گوێ لە موزیک دەگرین، یاخۆ وشەکانی شیعرێکی جوانی گۆرانییەک دەبیستین، هەست بە چێژێک دەکەین لە گوێچکەماندا، وەک ئەوەی پارچە شیرینییەک بە یەکە هەستیارەکانی ناو هزر و هۆشمان بدرێت. شیکردنەوەی دیمەنە دەنگییەکان و جیاکردنەوەی دەنگێکی تایبەت لە نێوان کۆمەڵێک سەرچاوەی جۆراوجۆر، هاوشێوەی ناسینەوەی بانگکردنی ئاژەڵێکە بۆ ڕەگەزەکەی دیکە لە دارستانێکی پڕ لە دەنگەدەنگ، یاخۆ بانگکردن و دەربڕین بۆ نیشاندانی هەڵچوونەکانی وەک، هاوار و گریان، دەنگی تلانەوە و ئازارکێشان، ئەوانەی هێمایەکن بۆ ئاواز و کارە موزیکییەکان. یان لە هەڵبژاردنی شوێنی گونجاو بۆ نیشتەجێبوون لە، نیشانەکانی هەورەبروسکە و خوڕەی ئاو و دەنگی شەپۆل بۆ دیارکردنی ئارامی و مەترسیداری ژینگەکان. بەپێی ئەم بۆچوونە هەموو موزیکە چێژبەخشەکانی هەستێکی خۆشمان پێ دەدەن، ئەوانەن کە لاسایی شتگەلە سروشتییە پەسند و جوانەکان دەکەنەوە.
لەسەر بنچینەی ئەم چەمک و بنەمایە دەکرێ لە چیرۆک و ڕۆمان و فلمەکان تێ بگەین، بەوەی وشە و ڕستەکانی بابەتی سەرەکیی هەر کارێکی ئەدەبی، لە چیرۆکەکانی پێکەنین و کۆمیدیا، یاخۆ ئەوانەی کارەسات و بەسەرهاتێک نیشان دەدەن، دەبنە وروژاندن و چالاککردنی هەستەکانمان و وەرگرتنی چێژ و خۆشی بەهۆی کۆمەڵێک لە میکانیزمەکانی پەرەسەندن. لەبەرئەوەشە بەرهەمە هەرە سەرکەوتوو و ناوازەکانی ڕۆمان و فلمەکان (تایتانیک و لەگەڵ بادا ڕۆیشت)، چیرۆکەکەیان تێکەڵەیەکە لە کێبڕکێ نێوان پیاوان بۆ گەیشتن بە ژنان، خۆشەویستی و هەڵبژاردنی هاوسەر، ڕووبەڕووبوونەوە بەرانبەر بە هێزە دوژمنکارەکانی کە هەرەشە لە ژیان دەکەن. ئەوەشە بەئاشکرا دەیبینین کاتێک بەپەرۆشەوە خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکین، یان سەیری فلمێک دەکەین، هەردەم سەرنج دەدەینە سروشت و دیمەنە جوان و دڵفڕێنەکان، هاوسۆزی دەنووێنین بۆ کەسانی گرنگ و پایەدار، پیاوی ئازا و چاونەترس و ژنی جوانمان خۆش دەوێ، سەرسام دەبین بە پیاوەکانی کە ئازیزەکانیان دەپارێزن و دەگەنە ئامانجە ئەستەمەکان و دوژمنە دڕندەکان دەبەزێنن، بەو ژنانەشی دڵسۆزن و ناپاکی لە خۆشەویستەکانیان ناکەن. بەدەستهێنانی ئەو هەموو چێژ و خۆشییە بەرانبەر بە چەند دۆلارێکی کەم، هیچ نییە و زۆر هەرزانە!
پاش شیکردنەوەی 36 چیرۆکی سەرەکیی باوی کارە هونەرییە مەزنەکان، لەم چوار بابەتە تێناپەڕێت: خۆشەویستی، سێکس، بوونی مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکان، هەرەشەکردن لە کەسوکاری پاڵەوانی چیرۆکەکان.

...................................... 

*تێبینی: ئەم بابەتەش بە بەشێکی دیکە دەژمێردرێت لە بابەتە سەرەکییەکەمان بە ناوی دەروونناسی پەرەسەندنەکی: سەرچاوە و هۆکاری شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی مرۆڤ (لە کوردستانپۆستدا هەموو بەشەکان بڵاو کراوەتەوە)

سەرچاوەکان؛


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە