کلکی ئەوانەتان لێدیارە؟

Monday, 28/08/2023, 22:33

2536 بینراوە


ترامپ لە ئیدارەی ئەمەریکا ولەوێشەوە بۆ هەموو جیهان، دەیگوت: ئەردۆگان دەیەوێت کورد کۆمەڵکوژ بکات.. جێمیس ماتێس وەزیری بەرگرییەکەی ئەویش لە کتێبەکەی پۆمپیو ئاماژە بەوە دەکات ئەردۆگان ورژێمەکەی دەیانەوێت کورد پاکتاو بکەن.
لەبەرامبەردا دەبینرێت ئەمینداری یەکگرتوو و ئەو کەسانەی لەگەڵیدان لە باشور بەهەڵەداوان دەچن بۆ ئەنقەرە دەستدەخەنە دەست گەورەترین تیرۆریست، کە سلێمان سۆیلۆیە. ئەو سۆیلۆیە سەرباری ئەوەی تیرۆریست و نەژادپەرستە، باندگەلێکی مافیایی مەوادی موخەدیر بەڕێوە دەبات، ئەوە قسەی من نییە قسەی سادات پەکەرە کە یەکێ لە مافیاکانی تورکیایە و ئێستا لە تورکیا هەڵاتووە.
سولەیمان سۆیلۆ لەسەرسەخترین نەژادپەرستی تورکانە دژی کورد، خۆ هەموومان ئەو گرتە ڤیدیۆیەمان بینی چۆن لە پەرلەمان لەکاتی دەنگدان لەسەر بودجەی تورکیا، دژی کورد دەدەوێت.
دوژمنی سەرسەختی گەریلایە، نایشارێتەوە هەر جارێ باسی گەریلا دەکات، هاوسەنگی تێکدەچێت و دەبێتە درندەو کۆنترۆڵی لەسەر خۆ نامێنێت.
ئەگەر ئەوە باکگراواندی کەسێکی وا بێت، سەرانی ئیخوانییەکانی باشور چی دەکەن لەلای؟
یا دەبێت بۆ بازرگانیکردن مامەڵەکردن بەمەوادی موخەدیر بێت، یا دەبێت بۆ تیرۆری کوردان بێت و هاوکاری دەزگای جاسوسی میت بکەن بۆ کۆمەڵکوژیی وڵاتپارێزان لە باشور.
ئەو کۆمەڵە کلکدارە، ڤیدیۆی گیان لەدەستدانی دوو گەریلایان بینی کە بەچەکی کیمیاوی سۆیلۆ ورژێمەکەی، لە بەرەڤانیکردن لە خاکی کوردستان، شەهید بوون؟
یەکگرتوو بەو سەردانەی دووپاتیکردەوە کە لە دژی کوردی بەناموس و بەکەرامەتە و، هەڵوێستی هیچی کەمتر نییە لە هەڵوێست وکەسێتی سۆیلۆ و، دەبێت وەک ئەو ببینرێت لە بواری پاکتاوی کوردان و تیرۆر.

بۆچی ئەردۆگان و چاویشئۆغلو بە کتێبەکەی پۆمپیو تووڕەن؟

پۆمپیۆ هەندێ نهێنی لە کتێبەکەیدا دەدرکێنێت.. دوان لێرە باس دەکەم.
پێشتر هاوڕێ کەمال چۆمانی باسی لە بەشێکی کتێبەکەی مایک پۆمپیو(Never Give an Inch: Fighting for the America I Love) کرد و بڵاویکردەوە، لێرەدا زۆر بە کورتی باس لە دوو بابەتی سەرنجراکێش دەکەم:
- باس لە بابەتێکی گرنگ دەکات سەبارەت بە هیچبوونی سوپای تورکیا و ئامانجەکانی رژێمی تورکیا بۆ کۆمەڵکوژیی کوردان.. دەلێت: ئەو سەردانەی ماتێس وەک وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە زەمەنی ترامپ بۆ تورکیا بۆ نرخاندنی ئامادەیی هێزەکانی تورکیا بۆ شەڕی داعش لە ٢٠١٧دا روویدا. چونکە تورکیا پێشنیاری کرد بوو ، با ئەمەریکا واز لە قەسەدە بهێنێت، ئێمە داعش لەناو دەبەین. نرخاندنی ماتێس دوای بینینی سوپای تورکیا، کە بۆ ئەو ئەرکە ئامادەکرابوو، نرخاندنێکی نێگەتیڤ بوو، بۆیە لە کاتی گەڕانەوەیدا، بە ترامپی راگەیاند کە تورکیا ئەو هێزەی نییە شەڕی داعش بکات. دەڵێت: لەگەڵ بوونی هۆکاری ئەوەی کە نیەتەکانی تورکیامان دەزانی دەیویست کورد کۆمەڵکوژ بکات بەبیانوی شەڕی داعش، بۆیە بڕیاردا بەردەوام بین لە پشتیوانی قەسەدە، دەشلێت: لەوەدا کارێکی راستمان کرد. نەمانویست ببین بە شەریکی ئەو تاوانە دژی کوردان.
ئەم داننانە بەو راستیە، رژێمی ئەردۆگانی توڕەکردووە، تەنانەت جاویش ئۆغلو دەڵێت: کتێبەکە هەمووی درۆیە. 
من بۆ باسی ئەو خاڵەم کرد، ئەمەریکییەکان هێز و توانای قەسەدەیان زۆر بە گەورەتر و بە دسپلینتر لە دووەمی سوپای ناتۆ بینی، لەوەشدا نرخاندنەکەی ماتێس راست بوو، بەڵگەش بۆ ئەوەی ئەوەتا بەبەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ناتۆ و بەکاربردنی چەکی کیمیاوی و بۆمبی ئەتۆمی تەکتیکی لە مەتینا وزاپ وئاڤاشین لەبەردەم گەریلا سوپای تورکیا خۆی نەگرت و هەڵات و، ئەوەی ماوەش دەبێت چاوەڕێی زەربەی کوشندەی گەریلا بکات.
- بابەتێکی دیکە، سەبارەت بە دیدی کۆمارییەکان دەرهەق بە ئیخوان.
کاتێ باس لە کوشتنی جەمال خاشوقچی لە باڵوێزخانەی سعودیە دەکات و، بە تاوانێکی دڕندانەی دادەنێت، دەڵێت: هەرچەند باس دەکرێت کە رۆژنامەوان بووە، بەڵام لە بنەڕەتدا رۆژنامەوان نەبووە بەڵکو سیاسەتوان بووە دەیویست کۆدەتایەک لە ناو رژێمی پاشایەتی سعودیە بکات. بۆیەش بە رۆژنامەوانی دانانێت، دەڵێت: چونکە وتاری وەک هەموو سیاسەتوانێک دەنوسی وبڵاویدەکردەوە. دەڵێت: پەیوەندی لەگەڵ ئیخوان هەبوو و، ئیخوانیش رێکخراوێکی تیرۆریستین، هەر ئەوەندەش نا بەڵکو جەمال خاشوقچی بە ئاشکرا نارەحەتی خۆی نیشاندا بۆ کوشتنی ئوسامە بن لادن.
- کتێبەکە من نەمخوێندۆتەوە، لێ چەند ڤیدیۆکم بینی سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتیبەکە . بە کورتی ئەوەی بەلامەوە گرنگ بوو لێرە خستمەڕوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە